ده‌نگ و ڕه‌نگ

تزیانۆ تیرزانی

گه‌ریده‌یه‌ک دژ گه‌نده‌ڵی له‌ دونیا

دیدار مه‌سیفی  

dmasifi289@yahoo.ca

 

ئه‌و پیاوه پیره‌ ئه‌فلاتونیه‌ به‌ر له‌وه‌ی سه‌رتاپا سپی بێت، گه‌نجێکی سه‌ر و سمێڵ ره‌شی فلۆره‌نسایی بوو، زۆر قۆزتر له‌ هاوته‌مه‌نه‌ ئیتالیه‌کانی ئه‌وانه‌ی خه‌ونه‌کانیان دوور به‌ره‌و وولاتی دۆلار و هۆلیود فڕاندنی. به‌ره‌و شوێنێک که‌ دروست له‌ ئاراسته‌ و مه‌به‌ستدا پێچه‌وانه‌ بوو له‌ گه‌شته‌کانی ئه‌و گه‌ڕیده‌یه‌ نورانیه‌ سپییه‌. ئه‌و پیاوه‌ی که‌ وه‌ک سیندبادێکی ئه‌وروپایی ، یان مارکۆ پۆلۆیێکی مۆدیرن بوو به‌ ئه‌وینداری گه‌ڕان و  کیشوه‌ره‌کانی له‌ ئه‌م سه‌ره‌وه‌  بۆ ئه‌وسه‌ر بڕی، به‌ر له‌وه‌ی دواجار عه‌شقی گه‌وره‌یی خۆی له‌گه‌ڵ کیشوه‌ری ئاسیادا بکات به‌ دوا قۆناغ و له‌ پاڵ ‌هیمالایا دواهه‌ناسه‌ بدات.

گه‌شته‌ سیحراییه‌کانی ئه‌و پیاوه‌ پڕن له‌ شت بۆ رامان و فێربوون، کتێبن به‌رده‌وام به‌ که‌لکن بۆ خوێندنه‌وه‌. ئه‌م پیاوه‌ سپییه پێش ئه‌وه‌ی‌ ببێت به‌ گه‌شتیار، له‌ گه‌نجیدا به‌ دیار مناره‌ی پیزا وه‌ستابوو و بیری له‌ له‌نگی دونیا ده‌کرده‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ خێرایی وه‌ک پیشه‌ی دواڕۆژ هه‌ڵیبژارد بریتی بوو له‌ خوێندنی یاسا. به‌ڵام ئه‌و دواتر له‌ نێو هۆڵه‌کانی خوێندن بیری له‌ یاسایه‌ک ده‌کرده‌وه‌ که‌ سیحراوی و ئایدیالتر بێت له‌م ووشکییه‌ی که‌ له‌ سه‌ر رووپه‌ڕی کتێبه‌کاندا نووسرابوو‌، یاسایه‌ک وه‌ک ئه‌و نهێنیه‌ وا بێت که‌ چه‌ندین ساڵه‌ مناره‌ی لاری پیزای راست راگرتووه،. نه‌وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ هه‌زاران ساڵه‌ گه‌نده‌لی و کوشت و بڕ ده‌کاته‌ میدالیا و له‌ به‌رؤکی ئینسانی ده‌دات.               

 ئه‌و پیره‌ سپی پۆشه‌ ناوی تیزیانۆ تیرزانییه‌ و به‌ر له‌وه‌ی خوێندنی یاسا به‌ یه‌کجاری وێڵ بکات، له‌گه‌ڵ جولیانۆ ئه‌ماتۆ دا له‌یه‌ک ژوور ده‌ژیا و زۆر جار پێکه‌وه‌ باسی راستی و له‌نگی یاسایان ده‌کرد و خه‌ونیان به‌ یۆتۆپیایێک ده‌بینی که‌ تێیدا مرۆڤ پێویستی به‌ هیچ یاسایێک نه‌بێت تا راسته‌ رێ ی بکات. به‌ڵآم که‌ ئه‌و بریاریدا له‌ راستیشدا به‌ دوای ئه‌و یۆتۆپیاییه‌دا بگه‌ڕێت که‌ وونه‌، جۆلیانۆی هاورێ و هاوژوور و هاوبیری له‌ شوێنه‌که‌ی خۆی نه‌جوولا و به‌رده‌وام بوو له‌ خوێندن. تا ئه‌و‌ رۆژه‌ی له‌ داهاتوودا ده‌بیته‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیتالیا. که‌چی تیزیانۆ به‌ ته‌واوی پشتی له‌ یاسا و سیسته‌می رۆژئاوا و دونیای ماتریال ده‌کات و ده‌چێت له‌ رۆژهه‌ڵات وه‌ک سۆفیێکی ‌گه‌ڕۆک کون به‌ کون به‌ دوای راستی و جه‌وهه‌ری وون بووی ئینساندا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌و ساڵانێکی درێژ په‌یامنێری رۆژنامه‌ی {دیرشبیگل}ی ئه‌لمانی بوو، وه‌ بۆ چه‌ندین رۆژنامه‌ی به‌ناوبانگی ئیتالی به‌رده‌وام ووتاری ده‌نووسی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناوبانگی تیرزانی به‌ دونیا گه‌یاند، کتێبیه‌کانیه‌تی که‌ بریتین له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی بۆچوونی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ ره‌وتی گۆران له‌ دونیا. ئه‌و له‌ گه‌راندا زۆر شتی له‌ نزیکه‌وه‌ بینیبوو و له‌گه‌ڵ مانا قووڵه‌کانایاندا هه‌ڵوه‌سته‌ی کردبوو.          

له‌ کتێبی {شه‌وت باش مسته‌ر لینین} باس له‌ رووداو و به‌سه‌رهاته‌کانی ناو کۆماره‌کانی یه‌کیێتی سۆڤیه‌ت ده‌کات و به‌ هۆی گه‌شته‌که‌یه‌وه‌ له‌ ئه‌مسه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ری ئه‌و ئیمپراتۆره‌یه‌ته‌ زه‌به‌لاحه‌ له‌ نزیکه‌وه‌ باس له‌ ده‌رد و ئازه‌ره‌کانی مرۆڤ ده‌کات به‌ ده‌ست ئایدۆلۆژیاوه‌، به‌ڵآم له‌ کتێبه‌که‌یدا هه‌رگیز سیسته‌می ماتیریالیزمی رۆژئاووایی به‌ شتێکی پوخت و باشتر نازانێت بۆ ئه‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ی که‌ ووڵاتانی سۆڤێه‌تی جاران و ته‌واوی کیشوه‌ری ئاسیا به‌ ده‌ستیان ده‌ناڵێنێت.           

 ‌ کتێبی {به‌ختگره‌وه‌که‌ وای پێگووتم} بریتیه‌ له‌ گه‌شت و ناوی کتێبێکی دیکه‌ی ئه‌و پیره‌ ماندوونه‌ناسه که‌ نزیکه‌ی چل ساڵ له‌ ته‌مه‌نی خۆی بۆ خۆشه‌ویستی کیشوه‌ری ئاسیا ته‌رخان کرد و تا مرد له‌گه‌ڵ کێشه‌ و ئازه‌ره‌کنیدا ژیا. له‌م کتێبه‌ و ته‌واوی کتێبه‌کانی دیکه‌یدا، دژ بوون به‌ شه‌ڕ، ئه‌ڤین بۆ سروشت و که‌لتوره‌ ره‌نگاوره‌نگه‌کانی میلله‌تان،وه‌ گه‌ڕان به‌ دوای نهێنیه‌ شاراوه‌کانی ئه‌زه‌ل چوار بواری سه‌ره‌کی و هه‌میشه‌یین که‌ تیزیانۆ تیرزانی ته‌واوی لێکدانه‌وه‌ و بیروراکانی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند ‌کردووه‌  و له‌ کتێبه‌کانیدا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه. ‌بۆیه‌ ئه‌و هێشتا زۆری پێمابوو تا بیڵێت به‌ر له‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ له‌ شه‌ست و حه‌فت ساڵیدا بیکوژێت، کاتێک دوا ماڵ و وێستگه‌ی ژیانی له‌ گوندێکی قه‌د پاڵی چیای هیمالایا دانابوو و خه‌ریکی رامان بوو له‌ دونیا.       

 دوو ساڵ پاش مه‌رگی تیزیانۆ کوڕه‌که‌ی ته‌واوی کاره‌ ته‌واو نه‌کراو و چاپنه‌کراوه‌کانی له‌ کتێبێکدا کۆ ده‌کاته‌وه‌ به‌ ناوی {کۆتایی ده‌ستپێکردنم} که‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن دانه‌ی ته‌نها له‌ ئه‌وروپا فرۆشرا. تیزیانۆ ته‌واوی ره‌خنه‌کانی له‌ سیسته‌می ژیان له‌ رۆژئاووا بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م به‌شه‌ پێشڕه‌فته‌ی دونیادا زۆرترین خوێنه‌ری هه‌یه‌. ده‌ڵیێت رۆژئاوواش خه‌ریکه‌ له‌ گه‌شت و کتێبه‌کانی گشت تیزیانۆکان فێری ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ ئاورێک بۆ دواوه‌ بداته‌وه‌، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک بکات ، کۆتایی ده‌ستپێکردنی خۆی رابگه‌یه‌نێت!