Skip to Content

ئەدەب لە پێناوی چی؟ دۆستۆیڤسکی بە نمونە  … پاڤین ڕەمەزان

ئەدەب لە پێناوی چی؟ دۆستۆیڤسکی بە نمونە … پاڤین ڕەمەزان

Closed
by شوبات 15, 2017 General, Literature

_ ڕاستە ، دەکرێت ئێمە بژین بێ ئەوەی ئاگادار بین بە هیچ ڕەگەز و نوسینێکی ئەدەبی . دەکرێت بژین و مامەڵەمان لەگەڵ دەور و بەر هەبێت بێ ئەوەی خوێندنەوەمان بۆ هیچ دەقێکی ئەدەبی هەبێت ، بەڵام لەم بارەدا کە ئێمە نا هۆشیارین بە ئەدەب تەنیا لە خۆماندا دەژین و زۆر هەژارین بە ئەزمون. واتە هەر شتێک ڕوداوێکی ژیانی خۆمان نەبێت ، یا ئازارێکی ژیانی خۆمان نەبێت ، یا شادی یەکی بەرجەستەکراوی ژیانی ڕاستەقینەی خۆمان نەبێت . ناتوانین نە تێگەیشتمان بۆی هەبێت نە هەستی پێ بکەین. کە ئەمەش لە خۆیدا ژیانێکی زۆر چاو بەستانە و کوێرانەیە .

هەر ئەو پێشەکی یە ڕونتر بکەینەوە ، دەکرێت بڵێین کاتێک ئێمە لەگەڵ کاراکتەری ڕۆمانێکدا نە ژیابین ،بۆ نمونە کارەکتەرێکی دز و ناپاک و دڵ ڕەش بێت . ئەی چۆن دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤێکی تاوانبار چۆنە ؟ چۆن لەو فەلسەفەیە تێ دەگەین کە مرۆڤێکی خراپەکار لە ژیانی خۆیدا کاری پێ دەکا و ڕەوایەتی بە خۆی دەدات خراپ بێت ؟
گرنگی ئەدەب لەوەوە سەرچاوە دەگرێت ، ئێمە دەتوانین لە ڕێگای ئەدەبەوە ، پەی بەو بارودۆخانە بەرین کە لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆمان بونیان نیە و لێی بێ بەشین .
واتە کەسێک بە خۆشەویستەکەی خۆی بگات لە ژیانێکی ڕاستەقینەدا بێت لەگەڵی ، بەڵام لە ڕێگای شیعرێک یا غەزەلێک یا هەر دەقێکی ئەدەبیەوە، ئەزمونی خۆشەویستیەکی ناکام و جوادییەکی تا هەتایی بکات . یا بە پێچەوانەوە چەندین میل لە خۆشەویستەکەمان دور بین و لە ڕێگای بەرهەمێکی ئەدەبیەوە ئەزمونی ژوان و دەست گوشینێک بکەین و ئەو کەلێنەی ژیانمان بە پارچە شیعرێک پڕ بکەینەوە، لە درێژەی ئەم بابەتەدا من چەند ڕۆمانێکی دۆستۆیڤسکی بە نمونە دەهێنمەوە .هەرچەندە لێرەدا ناتوانین ماف بە خۆمان بدەین خوێندنەوە بۆ ڕۆمانی کەڵە ئەدیبێکی وا بکەین ، بەڵام تەنیا بۆ ڕون کردنەوەی ناو نیشانی باسەکە قسەی لێوە دەکەین .

کاتێک ئێمە ڕۆمانی (شەوە سپی یەکان) دەخوێنینەوە ، خۆ تەنیا بریتی نیە لە چیرۆکێکی سادەی دوو خۆسەویستی بێ چارە . لە ڕێگای ئەو ڕۆمانەوە دەکرێت ئەزمونی چاوەڕوانی بکەین ، بێ ئەوەی خۆمان چاوەڕوانی کەسێک بین .دەکرێت لە فەلسەفەی نا ئومێدی تێ بگەین بێ ئەوەی ئومێدمان بە کەسێک بنیات نابێت . دەکرێت لە ڕێگای ئەو ڕۆمانەوە هەست بەو شادییە بکەین کە لە دوای نا ئومێدی دێتە پێش و بە کەسێک شاد دەبینەوە.
با هەر کەسێکی گۆشەگیر بین و لە ژیانێکی کۆمەڵایەتی فراواندا نەژین ، بەڵام کاتێک ڕۆمانی (برایانی کارامازۆف) دەخوێنینەوە . بەرجەستەی ژیانێک دەکەین پڕ لە کێشە و بنیات نانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ململانێی ئەو کۆمەڵە کەسەی کە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتیدا دەژین و نوسەر ڕوحی بە بەر کاراکتەرەکانیدا کردوە.

با برسیش نەبین و بە سکێکی تێرەوە ڕۆمانی (هەژاران ) بخوێنینەوە . لە کاتی خوێندنەوەیدا وا هەست ئەکەیت کەسێکی برسیت . ئەو ژیانە هەژارانەیە بەرجەستە دەکەیت ،کە موچەکەت بەشی دەرەتانی خۆت و دیارییەکی جوان ناکات بۆ خۆشەویستەکەتی بنێریت . ناچار دەبیت پەرتوکێکی سوک و چروکی بۆ بکەیت بە دیاری و ئەویش سەرزەنشتی بکات . دیارە نمونەی تر بۆ ئەم مەبەستەی من هێشتا زۆر زۆرن و بە پێویستی نازانم هەموی بخەمە بەر باس.
هەر لە م پێناوەشدا دەتوانین نوسینی ئەدەبی جیا بکەینەوە لە نوسینی بازاڕی و بێ بەها ، واتە ناکرێت ئێمە هەموو نوسینێک بکەین بە بەشێک لە ئەدەب و بە ئەدەبی بدەین لە قەڵەم. کاتێک نوسین ئەدەبێکی ڕەسەنە ، پەیامێکی سەر کەشانە بگەیەنێت و دەکرێت بابەتێکی تەواو خەیاڵیش بێت و هیچ پەیوەندی بە ژیانی ڕاستەقینەوە نەبێت ، ڕەنگە ئەمە بمانگەینێتە ئەو تێ گەیشتنەی هەندێک لە بەرهەمە سینەماییەکانیش دەکرێت بەشێک بن لە ڕەگەزی ئەدەبی بە شێوازێکی بینراو .

لێرەوە دەگەینە ئەوە ئەنجامەی هەر دەقێکی ئەدەبی ، چیرۆک بێت یا شیعر بێت یا ڕۆمان یا وتار یا … هتد. وامان لێ بکات بەرجەستەی ئازارێک، خەمێک، شادی یەک، بکەین بێ ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆماندا بونی هەبێت و بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی باش لە مەڕ ئەو ناوەڕۆکەی لێی دەدوێت .ئەوە دەقێکی ئەدەبی و ڕەسەنە و لە پێناوی ئامانجەکەی خۆیدا لە دایک بووە .

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish