Skip to Content

مایە پوچی چەپی ئەمریکی … نووسینی: مستەر فیش*

مایە پوچی چەپی ئەمریکی … نووسینی: مستەر فیش*

Closed
by نیسان 22, 2018 General, Marxism, Opinion, Slider

وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

——————

دادپەروەری ئابوری و سیاسی بۆ هەژاران یان ڕەشپێست و ژنان و کرێکاران نایەتە دی لە چوار چێوەی سیستمی جیهانی سەرمایەداریدا. کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری ( corporate capitalism ) کە لەسەر بنەمای سیاسەتی شوناس و فرەکەلتوری و دادپەروەرییەکی ڕەگەزپەرستانە سیاسەتەکانی خۆی دەشارێتەوە، هەرگیز وچان نادات لە فراوانکردنی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و بە سەربازیکردنی بێ سنوور و نەهێشتنی ئازادییە مەدەنێکان و زیادکردنی دامودەزگاکانی چاودێری.

کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری قابیل بە ڕیفۆرم نییە، لەگەڵ جێگۆڕکێی بەردەوامی خۆیدا. تا زیاتر لیبراڵیزم بە جێگاو ڕێگای چینایەتی خۆی ئاشنا دەبێت، هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو سیستمە کاربکات کە فەیلەسوفی سیاسی شیڵدن ولین ناوی لێناوە ” تۆتالیتاریزمی ئاوەژو inverted totalitarism- “، ئەوا زیاتر تەنگ بە ژیانی ئێمە هەڵدەچنرێت. ئەگەر هەوڵنەدرێت دامودەزگا حکومێکان گشتی بکرێنەوە کە پێک دێت لە بانقەکان و سەرچاوە سروشتێکان و کارگەکانی چەک درووستکردن، ئەوا بە دڵنیاییەوە قوربانییەکی بەردەوامی ئەم دۆخە دەبین.

کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری سەرو نیشتمانین، هیچ دڵسۆزی و لایەنگریەکی بۆ هیچ دەوڵەت نەتەوەیەک نییە. ئەم سیستمە بەهرەمەندە لە هێزی سەربازی ئەمریکا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورێکانی خۆیدا. لە هەمان کاتدا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زەرەر مەند دەبێت و دام و دەزگا دیموکراتێکانی لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە، وە ڕێگا بە بنەما ئابورێکانی دەدات کە کۆچ بکەن بۆ ئەو شوێنانەی کە کرێکار وەک کۆیلە بەکار دەهێنرێن.

دەبێت بەرەنگار بوونەوە بەرانبەر بەم کەمینە بازرگانە چەتانە لە ئاستێکی نێونەتەوەیدابێت. دەبێت هاوپەیمانی ساز بکرێت لەگەڵ کرێکارانی سەرتاسەری جیهاندا. دەبێت دژایەتی دامەزراوە لیبراڵێکان بکرێت، بەهەمان شێوە پارتی دیموکرات کە خیانەت لە کرێکاران دەکات. ئەم خیانەتکردنە بوو وای لە فاشیستەکانی ئەوروپا و شوێنەکانی تر کرد کە بجوڵێن. دۆناڵد ترامپ هەرگیز هەڵنەدەبژێردرا ئەگەر ئەم خیانەتە نەبوایە. دەبێت بزوتنەوەیەکی جیهانی بەهێز درووستبکەین بۆ ڕوخاندنی کەمپانیا گەورەکانی سەرمایەداری یان ئەوەتا تۆتالیتاریزمی ئاوەژوو زیاتر گەشەدەکات.

چەپی گومڕا، خۆی خەریککردووە بە شەڕی کەلتوری و سیاسەتی شوناسەوە. تا ئاستێکی زۆر بێئاگایە یان پشتگوێی خستووە ئەولەویەتەکانی سەرمایەداری و خەباتی چینایەتی. تا ئەو کاتەی سەرمایەداری دەسەڵاتدارە، هەموو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، ئابوری، سیاسی و فەرهەنگێکان ڕووکەشانە دەبێت.
سەرمایەداری، لەناوەڕۆکی خۆیدا بە دوای بە کاڵاکردنەوەی ئینسانەکان و سروشتەوەیە بۆ وەدەستهێنانی قازانج. هەمیشە لە هەوڵی کەمکردنەوەی تێچوی کرێکاردایە، وە لەناوبردنی هەموو ئەو یاسایانەی کە لە پێناو سودی گشتیدایە. بەڵام لەگەڵ وێرانکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، خۆشی دەکەوێت وەکوو هەر مشەخۆرێک کە لەوێوە ژیان دەکات. ئەوەی سەرچاوەی نەهامەتییە، ناتوانێت ئەو پەرۆشیەی نێوان خەڵک بۆ لە ناوبردنی سەرمایەداری لە ناوبەرێت.

“دەیڤد نۆر‌ث” سەرۆکی گشتی پارتی سۆشیالیستی یەکسانی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لەو کاتەی لە نیۆرک قسەمان دەکرد پێکەوە وتی: ” ئەم قەیرانە ڕەهەندێکی جیهانی هەیە، ئەم قەیرانە زاڵە بەسەر بەشێکی گرنگی سیاسەتمەدارانی ئەمریکادا. ئەو کاردانەوانەی کە دەیبینین، گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەرانەیە لە دەسەڵاتدارێتی وڵاتدا، لە گۆڕانکارێکانی ژیانی سیاسەتمەداراندا، لە خیتابی سیاسی لاواز و خاڵی لە فیکر، ئەمە لە خۆیدا دەربڕی دۆخی ئڵیتی دەسەڵاتدارە”.

هەروەها وتی: ” دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کەوا تەقینەوەیەکی چینایەتی گەورە لە ئەمریکا بە ڕێوەیە. بڕوام وایە ئەم وڵاتە بەرمیلێکە لە بارودی کۆمەڵایەتی، توڕەبونێکی زۆر هەیە لە بارەی بارودۆخی کار و نایەکسانی کۆمەڵایەتییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت زۆرێک لە پرسیارەکان تێکەڵاو بکرێت، کرێکار لەم وڵاتە بڕوایەکی قوڵی بە مافە دیموکراسییەکان هەیە. ئێمە بە تەواوی ئەو چیرۆکە بە پوچ دەزانین کە پێی وایە کرێکاران ڕەگەزپەرستن. بڕوادەکەم ئەم چیرۆکە لەلایەن پرۆ چەپەکانی چینی ناوەندەوە هۆنرابێتەوە کە سەرخۆشن بە سیاسەتی شوناس، ئەمانە بەرژەوەندییان لەپەرت پەرتکردنی خەڵکدایە لە ڕیزە چینایەتییەکەی خۆی لەسەر بنەمای نەژاد و ڕەگەز و پەسەندکردنی ڕەگەزێک بەسەر ئەوی تردا. ئەم دیدە ناتوانێت چارەسەری کێشە سەرەکێکان بکات.”

دەیڤد نۆرث بە شێوەیەکی درووست ئەوەمان پێدەڵێت کەوا سەرمایەداری بە سروشتی خۆی لە قەیرانێکەوە دەچێت بۆ قەیرانێکی تر، وەهەر ئەمە وا دەکات ئاستەنگێکانی ئەمڕۆمان هاوشێوەی ئەوانەی ڕابردوبێت.
دەیڤد وتی: ” هەموو پرسیارە بێ وەڵامەکانی سەدەی بیست لە چەشنی دەوڵەت نەتەوە، موڵکییەتی تایبەتی و ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هێزی سەرمایە، هەموو ئەمانە سەرچاوەی شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی بون و ئێستاش ئامادەییان هەیە سەرباری فاشیزمیش.”

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ” ئێمە ژیان لە چوار چێوەی یەک ئابوری جیهانی دەکەین کە پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لەگەڵ یەکتردا هەیە، پرۆسەی جیهانگیری بەرهەمێنان، سیستەمی مالی. چینی دەسەڵاتدار یەک سیاسەتی نێونەتەوەیی هەیە، وە هەر لە ئاستی نێودەوڵاتیشدا خۆیان ڕێکدەخەن. لە بەرانبەریشدا کرێکاران لە ئاستی نیشتمانی خۆیان ڕێکخراو دەکەن، بۆیە بێ توانایە لە وەڵامدانەوە بە [ سیاسەتەکانی چینی دەسەڵاتدار] . هەر بۆیە دەکەوێتە پشتیوانیکردن لە بەرنامەگەلێکی نیشتمانی و سەندیکا کرێکارێکانیش دەچنە پشتی ترامپ.”

هەر لە نیۆرک لەگەڵ زانای کۆمەڵناس چارڵز دێربەر قسەم کرد، ئەویش هاوڕای دەیڤد نۆرث بوو.
دێربەر وتی: ” لە ڕاستیدا ئێمە چەپمان نییە، هەر بۆیە لەسەر سەرمایەداری قسەناکەین. چەند جار دەتوانیت بچیتە سەر چەناڵی هەواڵەکانی CNN و گوێت لە گفتووگۆبێت سەبارەت بە سەرمایەداری؟

بیرنی ساندەرز یەک کاری کرد، خۆی وەکو “سۆشیال دیموکراتێک” ناساند. ئەوە لە خۆیدا گۆڕانێکی نەوعی بوو لە وتاردان. دەڵێت شتێکی تریش هەیە بە جیاواز لە سەرمایەداری با گفتوگۆی لەسەر بکەین.

سەرمایەداری لەگەڵ بەجیهانیبونی خۆیدا زیاتر و زیاتر پەرت پەرتکردن” intersectional” دەگرێتە بەر، بۆیە بۆ ئێمە گرنگە شەڕی ئەم پەرت پەرتکردنە بکەین. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، ئەوکاتانەی فێرخوازێکی سیاسی بووم و ڕەهەندە جیهانێکانی چەپ ڕوو لەسەر بوو، کەچی ئەم ڕەهەندە لە شەستەکان داکەوت.
ژنان هەستیان دەکرد کێشەکانیان چارەسەر نەکراوەو لەلایەن پیاوانی سپیی و سەرکردە قوتابێکانەوە مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرا. تیمی پڵینگە ڕەشەکان هەستیان دەکرد ئیتر سپێکان لەگەڵیاندا باس لە پێشبڕكێ ناکەن. هەر لایەو ڕێکخراوەی خۆیان پێکهێنا، چونکە چەپ خەسڵەتە جیهانێکەی خۆی لەدەستدا.

چەپ هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەم پەرتەوازەکردنەدا لەچوارچێوەی ئیمپراتۆریەت و عەسکەرتارییەتی ئەمریکاو باڵادەستی سەرمایەداریدا نەدەکرد، بەڵکو وەکوو کێشەو شوناسی گروپێک تەماشای دەکرد. ئەمە بۆ ژنان و ڕەشپێستەکان و هاوڕەگەزەکانیش هەروابوو.
زیانەکانی ئەم پەرت پەرتکردنە مەرگ هێنەرە. لە جیاتی جەختکردنەوە لەسەر مەینەتی زوڵملێکراوان، کەچی چەوساوەکان کۆمەڵ کۆمەڵ لە هەوڵی ئەوەدان نوێنەریان هەبێت لە ناو هەیکەلەکانی “structures سەرمایەداریدا.”

دێربەر لە درێژەی قسەکانیدا نمونەیەکی هێنایەوە: ” لێگەڕێن با ڤێرژنێکی مۆدرێنتان بە نمونە بۆ بێنمەوە “Sheryl Sandberg” سەرۆکی کارگێڕی فەیسبوک، شەپۆلی سێیەمی فیمینیزمی هێنایە دەرەوە. ئەو دەڵێ ” وەرە پێشێ ” ئەم سیاسەتکردنە لەسەر شوناس بۆتە زەهر بۆ چەپ. ” وەرە پێشێ ” چی دەگەیەنێت”؟ مانای ئەوەیە ژنان وەرنە پێشێ و تا ئەوپەڕی توانییتان بڕۆن و وەک ئەو لە کەمپانیایەکی زەبەلاحدا بەڕێوەبەرایەتی بگرنە دەست و دەوڵەمەندبن. هەرکاتێک فیمینیزم بەو بارە بچێتە پێشەوە، ئەمە لە خۆیدا شەرعیەت دانە بە سیستمێک کە لە خۆیدا بەدوای قازانج درووستکردنەوەیە. فیمینیستەکان پێشتر بە ئاشکرا سۆشیالیست بوون وەکوو [مارتن لوثر کینگ]، بەڵام هەموو ئەوانە ڕەشبونەوە.

چەپ لە دۆخێکی ناڕۆشندایەو کۆمەڵێک شتی هەڵبژێردراو لە هەگبەکەیدایە، ئەمەش زیاتر پەیوەندی بە لایەنی پاکی مۆراڵتییەوە هەیە. تۆ نیگەرانی لە چونە پێشەوەت لەگەڵ سیستەمی مەوجود. پێشبڕکێی ئەوانی تر دەکەیت لەناو هەمان سیستەم. هەموو کەسێک مافی تایبەتی خۆی هەیە، نیگەرانی تۆ بۆ بەشداریکردنێکی دادپەروەرانەیە.
خەڵکی ناو بزوتنەوەکان دەرهاویشتەی هەمان ئەو سیستمەن کە شەڕی دەکەن، ئێمە هەمومان لە ناو فەرهەنگی سەرمایەداری و تاکگەرایی و خۆپەرستی گەورە بوینە، بۆیە پێت سەیر نەبێ. دەبێت بە ئاگاییەوە بیناسیت و خەباتی لەدژ بکەیت. هەموو کەسێک لەم بارو دۆخەدا گەورە بووە، هەر ئەمەشە کاریگەری لەسەر گۆڕینی ستراکچەری چەپ داناوە.

لە بەرانبەریشدا چەپ ڕەخنەیەکی گشتگیرانە لە ئابوری سیاسی سەرمایەداری پێشکەشناکات، تا ڕادەیەکی زۆر ئەمیش خەریکی سیاسەتکردنی شوناسە، زیاتر جەخت دەکاتەوە لەسە ڕیفۆرم بۆ ڕەش پێستەکان و ژنان و تاد… بەڵام هەرگیز لێکۆڵینەوەیەک ناکات بۆ ئەم کێشانە لە چوار چێوەی سیستمی سەرمایەداری.”
دێربەر بە هامان شێوەی نۆرث پێیوایە ئەوە سیاسەتەکانی چەپ بووە ڕێگای بۆ بزوتنەوە ڕاستەکان و فاشیستەکان لەسەرتاسەری جیهاندا ئاواڵە کردووە، هەر بۆیە کەسایەتییەکی وەکوو ترامپ سەردەکەوێت.

هەروەها وتی: ” ئەو کاتانەی بە سانایی شان دەدەیتە بەر سیاسەتێک بۆ وەدەستهێنانی پارچە پسکیتێک بۆ کۆمەڵەکەت، کەواتە تۆ شیکارێیە گشتییەکانت لەدەست داوە، تۆ پارچە پارچەی و هیچ پەیوەندی و هاوپشتییەکت لەگەڵ کۆمەڵەکانی تردا نییە. تۆ چوار چێوە گشتییە گەورەکە نابینی. بۆ نمونە وەک هاوڕەگەزبازێک داوا دەکەیت بچیتە ڕیزی سوپاوە، لە ڕاستیدا ئەمە گاڵتە جاڕییە و ڕەوایەتی دانە بە ئیمپراتۆرییەتی ئەمریکا. ئەگەر لە ئەڵمانیایی نازی بژێی، ئەرێ دەڵێی دەمەوێت وەک هاوڕەگەزبازێک لە ڕیزەکانی سوپادا بجەنگم؟”
من ناڵێم دەبێت هەموو سیاسەتێکی شوناس وەلابنرێت، بەڵام دەبێت شوناس لە چوار چێوەی تێگەیشتنێکی ئابوری سیاسی فراواندا مانا وەرگرێت. ئەمەیان فرێدراوەتە دوورەوەو هیچ لێکۆڵینەوەیەکی قوڵ پەیدا نابێت سەبارەت بە سەرمایەداری و سەرمایەداری سەربازی. ئەم باسانە وەلانراون بۆیە ترامپ دێتە سەرەوە. ئەم هاتنەی وای کرد شوناسێکی سیاسی بە هێز بدات بە باڵی ڕاست کە خۆی بنیات دەنێت لەسەر نەتەوەپەرستی و عەسکەرتارییەت، ئەوەی کە ئیمپراتۆریەتی ئەمریکا لێی بەهرەمەندە.”

دێربەر وتی: ” سیاسەتی شوناس تا ڕادەیەکی زۆر وتاری ڕاستەکانە، زیاتریش تیشک دەخاتە سەر خێڵ و پەیوەستکردنی بە نەتەوەوە لە سەردەمی مۆدێرنەتەدا و ئاوێزانکردنی بە ملیتاریزم. کاتێک چەپ شکست دێنێت لەم سیاسەتە نادیارە کە لە چوار چێوەی خۆیدا دانانرێت. لێرەوە بە ئاسانی لەم دۆگمە فەندەمینتاڵییە تێدەگەین. سیاسەتی شوناس لای چەپ وەبەرهێنانەوەیەکی کۆمەڵایەتی خراپتر لە داهاتودا لە کۆی گشتی سیستمەکە درووست دەکات. ئەمە جێگای ترسە.”

پرسیاری کرد: ” چەند لە چەپەکان هەمان ئەو شتانە وەبەر دێننەوە کە ئێستا لە کۆمەڵگەدا شەڕیان دەکەین؟”

21 Apr,2018
———————————

ژێدەر:
* مستەر فیش بە ناوی “دوواین بۆث”یشەوە دەناسرێتەوە هونەرمەندێکی کاریکاتێریستە و بەبەردەوام بۆ
www.truthdig.com و www.harpers.com
کاردەکات. لە شاری فیڵۆدۆڵفیای بەنسەلڤانیا ژیان دەکات.
———————————–

سەرچاوە:
https://www.truthdig.com/articles/bankruptcy-american-left/

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish