Skip to Content

کارڵ مارکس پاش ٢٠٠ ساڵ: پێنج ئایدیای بنەڕەتی

کارڵ مارکس پاش ٢٠٠ ساڵ: پێنج ئایدیای بنەڕەتی

Closed
by ئایار 28, 2018 General, Marxism, Opinion, Slider

 

نووسینی: ئاژانسی فرانس پرێس
وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

—————————————-

 

لەدیدی خەڵکانێکەوە ڕێبازێکی دادپەروەرانەیە بۆ کۆمەڵگە، لە ڕوانگەی خەڵکانێکی تریشەوە بنەمای دەرکەوتنی ڕژێمە تۆتالیتارەکانە. مارکسیزم بە ڕۆشنی خۆی بەیان کردووە لە لە مانیفێستی کۆمۆنیست و هەر سێ بەشەکەی کاپیتالدا.

گرنگ بەلای” کارڵ مارکس”ەوە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسی بوو لەلایەن کرێکارانەوە

بیرمەند و سیاسەتمەداری فەرەنسی ڕایموند ئارون نووسیتی: ” دەکرێت شرۆڤەی کارەکانی کارڵ مارکس بکرێت لە پێنج خولەک، پێنج کاتژمێر، پێنج ساڵ یان نیو سەدەدا”
لێرەدا هەر پێنج کاکڵە فکرێکەی بیرمەندی کاریگەری ئەڵمانی دەخەینە ڕوو لە یادی دووسەد ساڵەی لە دایکبونیدا.

” خەباتی چینایەتی”

لە مانیفێستی کۆمۆنیست هاتووە، کەلەگەڵ ئەنگڵز لە ١٨٤٨ نووسیویانە: ” مێژوی کۆمەڵگە، مێژوی خەباتی چینایەتی بووە.”
مارکس بڕوای وابوو خەباتی بنەڕەتی لە نێوان بەشەرەکان خەباتە لە دژی دەسەڵات کەلەلایەن بۆرژوازییەوە بەڕێوەدەبرێت و دەستی گرتووە بەسەر هۆکارەکانی بەرهەمهێناندا وەکوو کارگەکان و کێڵگەکان و کانزاکاندا، چینی کرێکار یان پرۆلیتاریا ناچارە بە فرۆشتنی هێزی کاری.
لە دیدی مارکسدا ئەم ململانێیەی نێوجەرگەی سەرمایەداری – کۆیلە دژ خاوەن کۆیلە، جوتیار دژ بەدەرەبەگ و کرێکار دژ بە خاوەنکار بەناچاری ئەم سیستمە لە ناودەچێت و بەدوای خۆیدا سۆشیالیزم وەدی دێنێت و لە کۆتایشدا کۆمۆنیزم جێکەوتە دەبێت.

” دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا”

ئەم فکرەیە لە داهێنانی سۆشیالیستی شۆڕشگێڕ ” جۆزێف وایدەمایەر” بوو کە پاشتر مارکس و ئینجڵز تەبەنییان کرد کە ئامانج لێی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسییە لەلایەن چینی کرێکارەوە.
قۆناغێکە تێیدا گوزەر دەکرێت لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم کە هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە بواری تایبەتەوە دەگۆڕدرێت بۆ بواری گشتی، بەڵام هێشتا دەوڵەت هەرماوە . واتە سەرکوتکردنی “بەرەی دژە شۆڕش” وەک ئەوەی بەلشەفێکانی ڕووس پێی هەستان لە ١٩١٨.
لینین لەو بارەوە نووسیتی: ” پارێزگاریکردن و زەمانەتکردنی سەرکەوتنەکان لە ڕێی توندو تیژییەوە” هەر بۆیە پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ دەسەڵات بەئاراستەی سەرکوتکردندا ڕۆشت.

“کۆمۆنیزم”

مارکس و ئەنجڵز پێکەوە لە ساڵی ١٨٤٨مانیفێستی کۆمۆنیستیان نووسی، لە کاتی وروژانی شۆڕشەکانی ئەوروپا.
لە ١٨٧٢ بەشێوەیەکی بەربڵاو کەوتە بەردەستی خوێنەران و لە سەدەی بیستیشدا وەکوو کانونی سۆڤیاتاتەکان پەیڕەوکرا.
ئامانج بە لای مارکسەوە بەدەستەوە گرتنی دەسەڵاتی سیاسیە لەلایەن چینی کرێکارەوە و نەهێشتنی موڵکدارێتی تایبەت وە لەکۆتاییدا بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستی بێ چین.
بەپێی تیۆری ماتریالیزمی مێژویی مارکس، کۆمەڵگا بە شەش قۆناخداتێدەپەڕێ: کۆمۆنەی سەرەتایی، کۆیلایەتی، دەرەبەگایەتی، سەرمایەداری، سۆشیالیستی لە کۆتایشدا کۆمۆنیزمی زانستی بێ دەوڵەت.
لەڕاستیدا، نەهێشتنی موڵکدارێتی تایبەت و دەستگرتن بەسەر زەوییە کشتوکاڵێکاندا بوو بە هۆکاری مردنی ملیۆنەها کەس، بەتایبەت لەسەردەمی دەسەڵاتی جۆزێف ستالین لە ڕوسیاو ماوتسی تۆنگ لە چاینە.

“نێونەتەوەیی – ئینتەرناسیۆنالیزم”

” کرێکارانی جیهان یەکگرن” بەناوبنگترین و پڕکۆدەنگترین هاوارە، کە لە کۆتایی مانیفێستدا بانگەواز دەکات بۆ بنیات نانی سیستمێکی سیاسی کە سنوورە نەتەوەییەکان ببەزێنێ.
ئەم بیرۆکەیە لەناو جەرگەی ئینتەرناسیۆناڵی سۆڤیەتدا توانی پەل بهاوێ بۆ دوورترین وڵاتەکان لە ڕووی جۆگرافیاوەو چارەنووسیان لەیەک گرێبدات وەکوو: یەکێتی سۆڤیەت، ڤێتنام و کوبا، هەروەها هێزە چەکدارە شۆڕشگێرەکانی کۆلۆمبیا ( FARC ) یان پارتی کرێکارانی کوردستان ( PKK ) هەروەها بزووتنەوەکانی دژی عەولەمە – anti-globalization movements- .

” تلیاکی گەلان “

مارکس پێی وابوو ئاین وەکوو تلیاکە، یارمەتی چەوساوەکان دەدات بۆ تەحەمولکردنی هەژاری و نەهامەتێکانیان لە بەرانبەر خەونێکی جواندا.
ئەم وتەیە کە بەزۆری دەوترێتەوە ” ئاین تلیاکی گەلانە” لە بنەڕەتدا لە پێشەکی کتێبێکی مارکسدا هاتووە بە ناوی: ” بەشدارییەکی ڕەخنەگرانە لە فەلسەفەی هیگل بۆ حەق “.
وتەکە بەتەواوی لێرەدا دەنووسین: ” ئاین هەناسەی خەڵکی چەوساوەیە، دڵی دونیایەکی بێ دڵە، ڕۆحی بارودۆخێکی بێ ڕۆحە، ئاین تلیاکی گەلانە”.
ئەم ئایدیایە وەک بیانویەک زۆر دڕندانە بەکار هێنرا دژی ئاینەکان لە ڕوسیا و چاینە و ئەوروپای ڕۆژهەڵات.
بەشێک لە خەڵکی سێکیولار ئاماژە بەوەدەکەن کەوا مارکس پێیوابووە ئاین یەکێکە لە هۆکارەکانی کۆیلایەتی پرۆلیتاریا، ڕەنگە مارکس سەری لەوە سوڕبمێنێ کە چۆن ئاتەئیزمی ڕادیکاڵ بۆتە پرەنسیپێکی بنەڕەتی لە ڕژێمە کۆمۆنیستێکاندا.

مەی ١٠، ٢٠١٨
سەرچاوە:

https://www.ndtv.com/world-news/karl-marx-200-years-on-five-core-ideas-1847487

ئەم بابەتە لە ژمارەی 1128 ی ٢٢ی ئەیاری ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان بڵاوبۆتەوە.

mm

نووسەر و رۆژنامەنووس نەوزاد مدحت ناسراو بە (گۆران عەبدوڵڵا) لە شاری کەرکوک لە دایک بووە خوێندنی لە( ئامادەیی ثورە) تەواو کردووە، دوواتر لە پەیمانگای هونەری موسڵ بەشی موحاسەبە وەرگیراوە. بەهۆکاری نەچوونە جەیشی شەعبی لە دووا قۆناغ فەسڵکرا. وەک کەسێکی سیاسی و ناڕازی درێژەی بە کاری سیاسی خۆی دا، لە پاش ڕاپەڕین لە شاری هەولێر یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکاران و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی( دەنگی بێکاران) بووە تا ناوەڕاستی ساڵی ١٩٩٥. لە ١٩٩٦ ەوە نیشتە جێی وڵاتی کەنەدایە. لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ وە ماڵپەڕی دەنگەکانی(www.dengekan.com) وەک رۆژنامەیەکی ئەلیکترۆنی رۆژانە دامەزراندووە وە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ٢٠٠٥ بەشی وێب پەیج دیزاینی لە (Durham computer & Business college) تەواوکردووە. لە درێژەی کارە رۆژنامەوانێکەیدا سەرباری بڵاوکردنەوەی بابەتە سیاسی و ئەدەبی و کەلتورێکان چەندین مەلەفی جۆراو جۆری کردۆتەوە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە بوارەکانی دیموکراتی، ژنان، گەندەڵی و ئازادیدا وە چەندین چاوپێکەوتن و گفتوگۆو کۆڕی وەک ماڵپەڕی دەنگەکان ئەنجام داوە. وە بەشێک لە لەو چاوپێکەوتنانە لە شێوەی کتێب چاپکراون وەکو: مارکس لەمڕۆدا، بەزمانی کوردی، بزووتنەوەی سۆشیالیستی لە کەنەدا بە زمانی ئینگلیزی سەرباری کاری رۆژنامەوانی بەشداربووە لە دامەزراندنی رێکخراوەی (پەیوەندی کوردی دژی جینۆساید) کە هەستان بە رێکخستنی چەندین بۆنە لە شاری تۆرۆنتۆ و دەوروبەری لە پێناو ناساندنی جینۆسایدی گەلی کورد بە دەوڵەتی کەنەدا.

Previous
Next
Kurdish