Skip to Content

چیرۆک\ ئاوماڵک.. عومەر سەید

چیرۆک\ ئاوماڵک.. عومەر سەید

Closed
by نیسان 10, 2024 General, Literature


بە پێی گێڕانەوەی بنەماڵەکەمان، باپیرە هەرە گەورەمان، یەکێک بووە لە دوانزە سوارەی مەریوان. نازانم ئەمە تا چەند ڕاستە! بەڵام بە دڵنیاییەوە دەزانم باپیرەم، یەکێک بووە لە سوارچاکانی هاوڵی شێخ. لە شەڕی ئاوباریکدا، هێندە قارەمانانە بە پێوە جەنگاوە. فیشەکێک بنا گوێی دەسمێ و تا مردن بێ ئەوەی لە پرسیاری بەرامبەرەکەی تێبگات، بە سەعات وەڵامی داوەتەوە. باوکم کە خۆم شاهیدم، بەشداربووە لە هەموو شۆڕشەکانی ڕۆژگاری خۆی. خۆم سێ چوار جار بینەری ڕەو و ماڵ سووتان و کۆمەڵکوژیم. نیوەی ئەوانەی دەمناسین، گۆڕغەریبن و نیوەکەی تریشیان بۆ ئەو نیوەیە دەگریان و ئازاریان دەچەشت. لە سەرجەرەی بنەماڵەکەمدا نزیک بە پێنج سەد ساڵی، هەر جەنگ و ململانێی خوێناوییە. تیایدا، دەیان باوک، شەهیدە. سەرجەلەیەکە گەر بە خەیاڵ وێنایی بکەیت و لەو هەموو ناوە سەیر سەیرەی پیاوانی سمێڵ بابڕ چاو دابخەیت. یەک پارچە، ژنانی گرینۆک و ڕەشپۆشی وێرانەحاڵت بۆ دەردەکەوێت.
بە کۆی گشتی، هەموو ژنان، هەموو دایکەکان، ڕەشپۆشن. وەک چۆن هەموو ساڵەکان بە سووتانی گوندەکان ڕەشن.
تایبەتمەندییەکی تری بنەماڵەکەمان، ڕۆیشتنە بەدەم خەوەوە! یەکێ لە گەریدەکان کە وابزانم ناوی ڕیچە، دەڵێت: یەکێک لەو دوانزە سوارە، پەرەجۆیەک بوو بۆ خۆی! بەسەر ئەسپەکەیەوە، وەک ئەوەی لە خەودا بوبێت. بە هەر چوار لادا شمشێر و ڕمی دەوەشان و دۆژمنی دەخستە ژێر چوار پەلی ئەسپەکەیەوە. بە دڵنیاییەوە ئەو سوارەییەیان، کە ڕەنگە یەکەم یان دەیەمییان بووبێت. باپیرەگەورەی من بووە. نەک ئەوەی وەک لە خەودا بووبێت، بەڵکوو هەر بە ڕاستی لە خەودا بووە و هەر بەدەم خەوەوە ئەو قارەمانییتیەی بۆ مێژوو تۆمار کردووە.
من هەمیشە بەدەم خەوەوە دەڕۆیشتم. برا و خوشکەکانیشم. باوکە پیرەکەم، دوای ئەو هەموو خەباتەی کە هەمیشە وەک حیکاتخوانێک، نەبەردییەکانی خۆیی و هاوڕێیەکانی تیادا دەگێڕایەوە. یەکەم جار بەدەم خەوەوە. چوو بە گژ براکەیدا و شار بە دەری کرد.
هەموو نیوە شەوانیک بەدەم خەوەوە دەچووە نێو ئاوایی و لە دەرگای ماڵانی دەدا و لە خۆڕا خەڵکی بێزار دەکرد. دەچووە نێو باخەکان و ڕێڕەوی جۆگەلە ئاوەکانی دەگۆڕی! بەری میوەکانی دەڕنی کە هێشتا کاڵ بوون! دەرگای گەوەڕ و پەچەکانی دەخستە سەر پشت! تا بەرەبەیان، نێو ئاوایی دەبووە حەشر لە دەنگگەلی مێگەلدا! بە دەنگ و ڕیتمێکی سەیر، ورچەکانی بانگێشتی سەر کورەی هەنگی دەرودراوسێ دەکرد. ڕەنجی ساڵێکی هەنگەکان و خاوەنەکانیانی دەساوییە لچی ئەستور و زمانی درێژیان. ڕەمەزانان، بە دزی مجێوەرەکەوە دەچوە ماڵی خوداوە و سەعاتێک بەر لە بانگی بەیانی، بانگی دەدا. ژن و پیاوان پێکهەڵدەپژان، دەبووە شەڕیان. بێ پارشێو نییەتی ڕۆژوویان دەگرت.
هەموو خەڵکی ئاوایی ڕەزالەتیان بوو بە دەست کۆنە خەباتگێڕەوە.
بە تەنها دایکم ئەم خووەی ئێمەی نەبوو. ئەو لە نەسەبێکی تر بوو، بۆ نەگبەتی کەوتبووە لای باوکمەوە و تووشی ببوو بە تووشی ماڵباتێکی خەوڕەوەوە. شەوان کە ئێمە کۆمپلیت بە دەم خەوەوە کەتنمان دەنایەوە! ئەو دەبوایە هەرگیز بێ خەم نەنوێت و هەمیشە ئێشکگری ئێمە بێت. داماوە هەموو نیوەشەوانێک، بە دیار ئاگردانەکەوە، یان لە موبەقەکەدا، بە ئاستەم چاوی دەچووە خەو و تا بەرەبەیان وەنەوزی ئەدا.
هەندێ شەو، من و براکانم لەسەر جێگاکانمانەوە بەرزە پێ ڕادەوەستاین و وەک ئەوەی لە ژێر کاریگەری جادوویەکی سەیردا بین. وەک ئەوەی دوژمنی باوەکوشتەی یەکتربین، بێ ئاگا و گێژ، تاوێک لە یەکمان دەڕوانی و پاشان وەک گای هار تێکبەردەبووین و هەموو سەروگوێلاکی یەکمان خەڵتانی خوێن دەکرد! شەویش بووە، خوشکەکانمان، چنگیان لە پرچی یەک گیر کردووە و پڕ بە ماڵەکە و پڕ بە گوندەکە زریکاندویانە! لە هەموومان شێت تر، برا بچووکەکەمان بوو! بە ڕۆژ تا ئێوارە بە دارلاستیکێکەوە ڕاوە چۆلەکەی دەکرد و دەیکوشتن. دەیکوشتن و هەر بە دەست، ڕووە و قیبلە ملی هەڵدەکێشان و هاواری دەکرد. بە نییەتی چەقۆ خودایە! شەوانیش بەدەم خەوەوە، لە عەمبارەکەی باوکم، بە جاغ گەنمی دەدزی و دەیبرد و ڕۆیی دەکردە ژێر درەختەکان. پڕ بە شەوەکەش هاواری دەکرد. باڵندەکان فریشتەی خودان.
بە درێژایی شەو پڕ ئاشوب بووین. بەیانیانی زووش، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت! پێکەوە لەسەر سفرە، بەرچاییمان دەکرد و خەونەکانی شەوێمان بۆ یەک دەگێڕایەوە! کە خەون نەبوون و ڕاستی بوون. برا هەرە چکۆڵە هەرە لاسارەکەشمان، ئەوی هەمیشە شقارتەیەکی لە گیرفاندا بوو. بەدەم خەوەوە دەچووە نێو باخ و باخاتی خەڵکەوە و هەرزاڵی باخەوانەکانی دەسووتان! تا بەرەبەیان بە دەوری گڕی دار و قامیش و گەڵایی وشکدا، بەدەم خەو و هەڵپەڕکێی سێ پێییەوە، هاواری دەکرد. جەژنە، جەژنە، جەژنی ئازادی…
ئەو بەرەبەیانییەی بە دەم خەوەوە کەوتە نێو کێڵگەی مینەوە و هەپرون بە هەپروون بوو، هێشتا بۆنی شیری خاوی لێدەهات. خوشکێکم، بە دەم خەوەوە و لە ڕێی کانی زگەکەیی دانا کە کچۆڵەیەکی خرپن و سپی، ناونرا کانی، بەڵام ساڵێکی نەبرد بۆ ئەبەد وشکی کرد.
لە هەمووی سەیرتر، مامە شەلەکەم بوو! بە ڕۆژ لە دیوەخانەکاندا سوڵحی عەشایەری دەکرد. بە دەنگی بەرز بە پیاو ماقوڵانی گوندی دەگووت، بەسە ئیتر من قسەم تیادا کردوە و عەیبە… کەچی بە شەوان، بەدەم خەوەوە، بە دزییەوە کلکی ماکەرەکانی دەقرتان و ئاگری بەردەدایە عەمبارە پڕ گەنم و زەخیرەکان! دەرپێی سەر تەنافی ژنە ڕەسەنەکانی دەدزی و فڕێیدەدایە حەوشەی بێوەپیاوەکانەوە. ئەتواری قۆڕی مامم، هەمیشە دەیان کێشە و گۆبەندی دەبردە دیوەخانی ڕیش سپێیکان و هەر خۆیشی چارەسەری دەکرد.
لەویش سەیرتر، ئامۆزا کەرەکەم بوو! بە ڕۆژ تا ئێوارە، باسی مێژووی سەروەری تیرە و تایفەکەمانی دەکرد. بەرۆکی بە ڕێبواران دەگرت و هەمیشە و هەزار جار دەیوت ئێمە. کەچی شەوان بەدەم خەوەوە. ژمارەی باخ و خاوەنەکانیان، ژمارەی سەر مەڕ و خاوەنەکانیان. تەنانەت ژمارەی شارە مێرولەی سەر ڕێگاکانیشی لە ڕاپۆرتی شێوە خشتەییدا، دەبرد بۆ مۆڵگەی دوژمنی دیار ئاوایی.
شەوێکیش برا ناوەنجێکەم، هەر بەدەم خەوەوە. هەڵدەکوتێتە سەر کوونە گورگێک و بێ ترس، هەر چوار بەچکەی گورگ دێنێتەوە ناو ئاوایی! بۆ شەوی دواتر گەلەگورگ دەدەن بەسەر ئاواییدا و زیاد لە سەد و هەشتا سەر مەڕ و بەرخۆلە مردار دەکەنەوە.
هەر ئەو شەوە ئەنگوستەچاوە، هەورێکی چڵکن لایی باشورەوە هات و دایکردە شەستەباران. هێندە توند و لەپڕ بوو بە لافاو، کەس فریایی نەک ماڵوحاڵ، تەنانەت خۆیشی نەکەوت! بارانێکی سوورباوی بە بۆن، بۆنی مەرگ و بارووت. لرفە و هاژەی، سێڵاوی بە تەوژم، بۆنی تیژی بارووت، باهۆزێک بە گڤەگڤ و وژەوژ، هەموومانی ڕاپێچ کرد. بەدەم خەوەوە و بێ ئاگا، خێرا و تەپاوتل دەیبردین. وەک چیلکەو چاڵ، پەڕۆوپاتاڵ، تا ئێرەی هێناین.
بیرم نەچێ ئێستا کە ئەم وردە چیرۆکانەتان بۆ دەگێڕمەوە. مردوویەکم و لە گۆڕەکەم هاتوومەتە دەرەوە. هەر بەدەم خەوەوە ڕاپێچی ئێرە کراین و لم دایپۆشین.
ئێستا دایکیشم هەر وەک ئێمە، بەدەم مەرگەوە دێت و دەچێت! هەموو شەوێک، سێ پای مەشکەکەی دەخاتە سەر شان و دەگەڕێت. بستێ زەوی ڕەقەڵەی دەستناکەوێت تا سێ پاکەی لەسەر گیربکات و مەشکەدۆی خۆی بژەنێت. بەردەوام دەڵێت. قوڕم پێوەدا، ئەمە کەی مەملەکەتە! هەر لم و بۆشاییە، بستێ زەوی ڕەقەڵە نادۆزیتەوە!
باوکم هەردوو دەستی خستۆتە پشتی و مات و توڕە، پشت کوڕ و شان داتەپیو، ورد ورد بەسەر لمەکەدا هەنگاو دەنێت و جگە لە شوێن پێیەکانی، هێڵێکی سەیریش لە گڵۆڵە بچوکەکەی تەسبیحە شۆڕەکەی بە دوای خۆیدا بە جێدێڵێت کە بەسەر لمەکەدا دەخشێت. باوکم بەردەوام دەڵێت. تف لەو ژیانەی ئێمە ژییاین، تف لەم مردنەی ئێمە مردین…
خوشکەکانیشم بەدەم مەرگەوە، دەستەکانیان هەڵبڕیوەتە سەر سەریان بە وێنایی هەڵگرتنی گۆزەیەک! بەردەوام بە بیابانەکەدا، بە دوای کانییدا دەگەڕێن.
شەوێک بڕیارمدا بەدەم مەرگەوە، ملی ڕێی دوور بگرم و بگەڕێمەوە ئاواییەکەی خۆمان. باوکم وتی نەکەی ڕۆڵە، دوورە و هەرگیز ناگەیت. دایکم وتی، ڕۆڵە تۆ شارەزای ڕێگاکە نیت، بەدەم مەرگەوە زەحمەتە و خۆت بە فەتارەت مەدە! وتم بە شوێن پێی لافاوەکەدا هەنگاو هەڵدێنم، بە هەمان ڕێڕەوی ئەودا دەگەڕێمەوە، هەر دەڕۆم. یا دەگەم یان بەدەم مەرگەوە دووبارە دەمرم.
مەغریبێک، دەستی ماڵئاوایم هەڵبڕی و کەوتمەڕێ. هێشتا گەورەکچانی گۆڕغەریب بێدارنەبوبوونەوە. لە دوامەوە زۆرێک لە تیرە و تایفەکەم، لە گۆڕە بە کۆمەڵەکەوە هەستابوونە سەرپێی و تەماشایان دەکردم. هەموو پێکەوە بانگیان دەکردم و ڕاز و نیازییان هەبوو. تا لە چاویان بزر بووم، دەنگەلی ئەوان لە گوێیەکانمدا دەزرنگایەوە. سەرێ بکە بە حەوشەی ماڵەکەمدا، بزانە چی ماوە لە عەمباری گەنم و چی ماوە لە کای ناو کادان؟ لەبری من بچۆرە سەر کانی چاوقرژاڵ و بە خەیاڵی منەوە دوو گوێل ئاو بخۆرەوە تا من لێرەوە سوکنایی و فێنکایی بێتە ڕۆحمەوە. دەنگێک دەیوت، لە ئاوایی بچۆرە دیار پەنجەرەی ماڵەکەم و لێی بدە. بزانە دوای ویشومەی لافاو، ئاوەدانە؟ دەنگێکی تر هاواری دەکرد. کەس لە دوایی ئێمە جێماوە؟ گەر هەن، هەر بە دەم خەوەوە ژیان دەکەن؟ وەک ئێمە کە بەدەم مەرگەوەوە و لە نێو لمدا ژیان دەکەین! ئەی ئەوان بە دەم ژیانەوە چۆن چۆنی دەژیین؟ دوا سەدا، پیرە خوشکە بێوەژنەکەم بوو. نوزەڵەی کزی بە بیابانەکەدا، خاو و بە ئاستەم دەهاتە گوێم. هێندەی نێو لەپێ، قەتماغەی هیزی بن سەقفی تەنوربانەکەم لەگەڵ خۆتا بە دیاری بۆ بهێنەرەوە. ئەم گەورەخوشکەم، بە ڕۆژ پیاوەکەی دارکاری دەکرد و بە شەوانیش، بەدەم خەوەوە، لە تەنوربانەکەدا بە دەرزییەک، دەکەوتە سیمای تەڵخی خۆی و خاڵی شێوە سەیری لە ڕوومەت و چەناگەیدا دەکووتی.
هەموو دەنگەکان، تێکڕا دەیانوت، ئێمە لێرەین، ئەوان لەوێ چۆن دەکەن ژیان؟ هەر بە دەم خەوەوەن؟
بیابانم بڕی، بە دەشت و هەردەی فراواندا هەنگاوم هەڵهێنا. بە زنجیرە تەپۆڵکەی پڕ کەندڕ و پێچەڵ پێچەڵدا هەڵزنام، بە چەمی بەردەڵاندا ڕێگەم دایەبەر. تا گەیشتمە چەم و چیایی هەزار بە هەزار، بناری ڕەوەزی سەخت و باخ و باخاتی سووتاو. دڵ و دەرونم پڕ بووەوە لە هەوای پاکی نیشتمان، جێنزرگەی باووباپیران. توولەڕێی بنارم گرتەبەر و پاش سێ ڕۆژی مەرگڕەوی. گەیشتمەوە شوێنەواری خاپور و سووتاوی گوند.
بە یاڵی گردە سورکەڵەدا، کە دەڕوانێتە سەر ئاوایی داگەڕام. گەیشتمە نێو داروپەردووی سووتماک. خاپوور و وێرانە جێنزرگەی باووباپیران! تۆپەڵی خانووی توواوە، داروپەردووی ڕەشداگەڕاوی سەقف و ڕاجەی بە خەڵوزبوو! گەڕام و چاوم گێڕا. هیچ شتێک سەرنجی ڕانەکێشام، هیچ شتێک وەک خۆیی نەمابوو! هەرگیز لەوە ناچێ لێرەدا مرۆڤ ژیابێت! هەڵکشام بەرەو ڕیزە تاوێرەبەردی سەرووی ئاوایی. تەنها ئەو تاوێرانە وەک خۆیان مابوون. بەرد بە ئاسانی لەبەین ناچێت. ئەوان تۆماری هەموو مێژون. ناوی خۆم و هاوئاواییەکانم، وەک خۆیان ماوەن. ئەمە ناوی خۆمە کە بۆ یادگاری لە کەرتە شاخەکە هەڵمکۆڵییوە. ئەمەش جێ پەنجەی هاوڕێکەمە، وەک خۆیی ماوەوە و هەر دەڵێی ئەمڕۆ نووسراوە. لە مێژووی مرۆڤەکانی ئەم گوندە، تەنها ئەم نووسینە خواروخێچانە ماوە! ئەم یادگارییە کرچوکاڵانە کە زەمەن بۆیی نەسڕاونەتەوە! کوا دەنگگەلی مەڕوماڵات. کوا سەدایی بانگی مەلا، کە پڕ بە ئاوایی هاواری دەکرد، حەییە عەلەل فەلاح. کوا فەلاح و کوا خاکی بە پیت!؟
داگەڕامە نێو داروپەردووی تێکڵڕژاو. تەپوڵکەی ئێرەو و ئەوێی دیوەخان و حەسار و عەمبارەکان، بە گیاکەڵە و دڕکوداڵ داپۆشراون. ڕێگەی پێچەڵپێچەڵی نێو گوند، بە خۆڵ و خاشاک هێندەی بزنە ڕێیەکی لێ ماوەتەوە. پێچاوپێچ هەنگاو هەڵدێنم و دەڕوانم. دەگەمە ژێر دارتووە زەبەلاحەکەی بەردەم مزگەوت. ئەوەی ماوەتەوە، تەنها کۆتەرەیەکی سووتاوە، لە هەموو ماڵی خوداش، تەپۆڵکەیەک خشتی سووتاو کە تیایدا دەمی ژەنگگرتووی ئەو موکەبەرەییە دیارە کە پێنج فەرزە دەنگی “اللە اکبری” ی لێبەرز دەبووەوە.
لە لاپاڵێکی ئەولاتریش، بە ڕێکەوت چاوم چووە سەر تاوێرەبەردێکی ئاشنا! بە شێوە لاکێشەییەکەیدا ناسیمەوە. هەمان ئەو بەردەیە کە بە بەرزکردنەوەی خۆمان پێوە هەڵدەکێشا. ئێوارن لە ژێر سێبەری دار تووەکەدا، کوڕوکاڵ کۆدەبووینەوە و لە نێوان خۆماندا، پێشبڕکێی بەهێزی و خۆڕاگریمان لە ڕێگەی برزکردنەوەی چەندجارەی ئەم بەردە بۆ سەر سەرمان و ماوەیی خۆڕاگریمان لە ژێریدا، بۆ یەک دەنواند. تاقە ڕێگەی خۆهەڵکێشان و شانازیمان، تاقە ڕێگای سەرنجڕاکێشانی کیژانی گوند، هەر ئەم بەردە بوو. مێژووی هەموومان لەم بەردەدایە، جێ پەنجە و نێولەپمان، توێژاڵی عەرەق و قەتماغەی خوێنی سەری ئەوانەی لەژێریدا خۆیان بۆ ڕانەدەگیرا و بەسەریاندا دەکەوت و برینداری دەکردن. هەناسەی توندی هەناومان، ئەو کاتی لە ژێر قورساییەکەیدا هەموو جەستەمان دەلەرزی. هەمووی لەم بەردە پیرۆزەدایە. کەوا لێرە بێ ناز کەوتووە! دانەویمەوە و هەردوودەستم دایە و بە نیازی بەرزکرنەوەی. لەگەڵ بەرکەوتنی پەنجەکانم بە ڕەقی و زبرێکەی. تەزوویەکی سەیر بە ڕۆحمدا گەڕا و بەرچاوانم ڵێڵ هەڵگەڕا! هەستم بە گێژی کرد و هەموو دنیا بە دەورمدا دەخولایەوە، یان من بە دەوری بەردەکەدا دەخولامەوە. دەخولامەوە و لەگەڵمدا، زەمەن دەگەڕایەوە. کۆتەرەدارەکە چرۆی کرد. بە جوڵەی خێرا هەڵکشا و پەلوپۆی هاویشت! تا بووەوە دار تووە زەبەلاحەکە. خشتی توواوەی مزگەوتەکە خۆبەخۆ دەجمان و هەڵدەکشانە سەر یەک و بوونەوە بە مزگەوت. حەوزەکە خۆڕەیی ئاوی تێگەڕایەوە. لە هێکڕا و هاوکات هەرچی داروپەردوو هەبوو. کەوتنە جووڵە و گوند بە هەموو جوانی و وردەکارییەکانییەوە خوڵقایەوە! وەک ئەوەی هێزێک وتبێتی ببنەوە، هەموو شتێک وەک جاری جاران بووەوە. بوونێک پڕ پڕ لە دەنگی پاساری و مەڕوماڵات، پڕ دەنگگەلی مرۆڤ. من دەخولامەوە و بە بەرچاومەوە، سەدان دار و درەخت بە خێرایی چاو تروکانێک هەڵدەچوون و باڵا باڵا دەشەکانەوە. دەخولامەوە و بە هەر چوارلامدا، لە هەموو لایەکەوە، خشت دەچووە سەر خشت و هەڵدەکشان و دەبوونەوە خانوو. خانوویەلێک پڕ لەو بەرهەیوان و سەربانە فراوانانەی کە ژنانی چارۆکە لە کۆڵ، بە سەرییەوە جلیان بە تەنافەکاندا هەڵدەواسی.
دەشتی سووتاو و ڕەشداگەڕاو، لە هێکڕا هەڵدەگەڕایەوە و دەبووەوە کێڵگەی گەنم و فەریکەنۆک.
لەو چەند ساتە کورتەدا، خەڵکی ئاواییم بینی بە دەم خەوەوە، مژۆڵی کار بوون. یەک درەوی دەکرد و یەک گوێسەبانەی سواغدەدا.
کاتێکیش دەستم لە بەردەکە بەردا. سروشت گەڕایەوە شێوە ڕاستەقینەکەی خۆی. بە بەرچاومەوە، هەمو شتێک دادەروخا و دەسووتا. خشت لە خشت دەترازا، درەختەکان بە باڵای بەرزیان گڕ و ئاگر هەڵیدەلۆشین!
گەڕامەوە نێو داروپەردووی گوندێکی خاپورکراو. جارێکی تر دەستم دایەوە بەردەکە. دیسانەوە کەوتمەوە نێو گێژاوەوە! سەرلەنوێ دنیا نوێ دەبووەوە و هەموو جووڵەیەک ڕووە و ئاوەدانی دەبزوا. دیسانەوە داروپەردوو دەبوونەوە باڵەخانە و درەخت باڵایان دەکرد. هەر کە دەستیشم دەکێشایەوە. هەموو شت دەبووەوە خۆڵەمێش. هەر زوو تێگەیشتم ئەم بەردە، مێژووی هەموو ئێمەی لە خۆیدا تۆمار کردووە و ئاسایی نییە. وەک چۆن کێلەکەی حەموڕابی، تۆماری ئەبەدی یاسا و ڕێساکانێتی. ئەم کێلەبەردەش مێژووی هەموو ئێمە و ئاوایی و دار و درەختی لە ناو ڕەقی و زەمەنبڕی خۆیدا هەڵگرتووە. بیرم کردەوە لەگەڵ خۆمدا بیبەمەوە بۆ بیابان. بۆ لای هاوزمانە زیندەبەچاڵ کراوەکانم، ئەوانی بەدەم مەرگەوە دەجوڵێن. بەڵام هەرچەندم کرد بە ئاستەمیش بۆم نەبزوا، سەیرە! من کە بە دەم خەوەوە دەمتوانی سووک و ئاسان تا سەر سەرم بەرزیبکەمەوە بۆ تاوێکی باشیش بێ ماندوبوون و هەڵلەرزین لە ژێریدا خۆم ڕابگرم. کەچی بەدەم مەرگەوە ناتوانم بە ئاستەمیش بیجوڵێنم!
باشتر وایە ئەم کێلەبەردە، هەر لێرە بێت. تا بۆ ئەبەدییەت خەواڵویی و سووتان و مەرگەساتەکانمان بگێڕێتەوە. بۆ هەتاهەتایە، سەبوری ڕۆحی ژاکاومان بێت. ئەم کێلەبەردە، نە دەنوێت و نە دەمرێت، هەر هەبووە و هەر دەبێت.


تێبینی: وێنەکە “ئەسغەر لەتیف” ی پاڵەوانی ئەنفالکراوی چیرۆکەکەیە، لە ساتی بەرزکردنەوەی بەردەکەدا.

عومەر سەید

Previous
Next
Kurdish