Skip to Content

چیرۆک\ ئەو رۆژەی دەبوایە بەر چەقۆ بدرێم… ئەدیب نادر

چیرۆک\ ئەو رۆژەی دەبوایە بەر چەقۆ بدرێم… ئەدیب نادر

Closed
by تشرینی دووه‌م 30, 2023 General, Literature

ئەوەتا گەیشتمە ئێرە، بەڵام چۆن و بۆ ئێرە؟ نازانم!. ئەی تۆ بڵێی لەبەر ئەوە بووبێ لەگەڵ مستەفا گەرمیانیدا دەچووینە ئەوێ؟ ئێ خۆ ئەو قەتاوقەت دەمەونیوەڕۆ لێرە نەدەبوو، ئای چ سەبوورییەکە.. چ بەخت یارییەکە! لێرەیە.. بەخت یاریی! دەبێ بەخۆم پێبکەنم وەختێ وشەی بەخت بەکار دەهێنم.. جلوبەرگی ئیشم لەبەر بوو، ئاخر من مانگەکانی هاوین ئیشم دەکرد.
لەسەر خەیاڵ نیم چەند ڕامکرد، چەند سەیری پشتەوەی خۆم کرد، چەند بەر خەڵك و ستوونەکانی کارەبا کەوتم و چەندیش قۆرت و کۆسپ و لەمپەری ڕێگا دوورودرێژەکە تووشی هەڵەنگوتنیان کردم..هەر کە نیگام بە سیمایدا هەڵشاخا، دەمم بە: تۆ خدری زیندەیت پشکوت.. بەبێ ویستی خۆم وام وت، نازانم بۆ، ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەی لەوێ بوو سەبوورییم پێیدا هاتەوە و وەك فریادڕەسێك هاتە بەرچاوم بۆیە.. کە بەو شێوەوەسفهەڵنەگرە کەوتمە بەرچاوی، پێکەنی: ئەوە چییە؟ بۆ ڕەنگوڕووت وا بزڕکاوە، دەڵێی ژان ڤاڵژانی و قۆشەنێك بە پاژنەتەوەیە، هاکا گەیشتنە سەرت و پشتملیان گرتی، دانیشە، تۆزێك هێوور بەرەوە، چایەك…
نەمتوانی هێوور بمەوە، دەتگۆ تازە ئارەقە لەگەڵ لەشم ئاشنایەتی پەیدا کردووە، شەڵاڵ ببووم، گازینۆکەی مەجیدییە، کە شوێنی بەیەكگەیشتنمان بوو، وەك هەمیشە جمەی دەهات، پەرداخێ، دوان، سیان..ئاوم هەڵقووڕاند کەچی هێشتایش چەندین فرسەخ لە هەدادانەوە دوور بووم.. و چاویشم هەر لە دەرگاکە بوو، کە ئاسایییانە پێشوازی لە هاتووەکان دەکرد و کەمتەرخەمانەیش دەرچووەکانی هەڵدەهێنایەوە، وەك بڵێی چاوەکانم لێڵ بووبێت، هەر کەسێ دەهاتە ژوورێ هەڵدەستامە سەرپێ، وام دەزانی بەکرە، یان عەباسە، ساتناساتێکیش بەخۆم دەگوت: ئێستا نا، دەمێکی دی بە هەڵەداوان و شێتگیرانە دێنە ژوورەوە، دێن و لەشم دەکەنە کێالنێکی کاتیی و دانیشتووەکانیش، وەك بڵێی مێشێکی ناچیزەیش میوانیان نەبێ خۆیان لە نەبانیی دەدەن!..هەر چۆنێك بووە زۆرەکییانە کاژی پەشۆکاوییە ناهەموارەکەی خۆم فڕێدا و گوێم لە دەنگی خۆم بوو: تۆ بەختت لەوەدا نییە کە مستەفا گەرمیانی لێرەیە، بەڵکولەوەدایە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، لەگەڵ نەزەر کاکەیی و کوڕە هەرزەکارەکەی بۆ ئیش نەڕۆیشتی، چونکە، گەر بڕۆیشتبایتایە ئەوا تا نووکە زیندوو نەدەبوویت..نەیسە، شانس شتێکی ئەوتۆی هاویشتە سەر ڕێت دوابکەویت و تاکو چێشتەنگاو سەرقاڵ بیت، وەختێ گەیشتیتە سەر سیلەی کۆڵانی ماڵەکەیش، کوڕە هەرزەکارەکەی خاڵەنەزەر لە پێچەکەدا چاوەڕێی دەکردیت.. بە پڕتاویی و شپرزەیییەکی بەرجەستەوە بەرەو ڕووم هات و وتی: نەڕۆی دەتکوژن..
وەك ئەوەی کوتەکێك بکێشن بەسەرمدا، نازانم وڕوکاس بووم، یانێخۆ شڵەژام!..
ئاخر هیچ هەڵەیەکم لە خۆمشك نەدەبرد، ئیدی بۆ دەمکوژن؟ نەمتوانی بیربکەمەوە، بەڵام بۆ؟ یەك دەرپەڕی؟ باوکم بە بیانووی شت کڕینەوە دوو سەعاتە پێیان دەڵێت ئاتاجمان بە هەندێ شتە و ڕێگە نادەن بمنێرێ تا پێت بڵێم چی لەوێدا دەگوزەرێ..پاش بێئومێد بوون لە چاوەڕوانی و ئیش لە مۆڵەق مان و بەگومان بوون لە هاتنت، ئینجا هێشتیان بێمەدەرێ.. سوپاس بۆ مەولا، کە پێم ڕاگەیاندیت و ئیتربڕۆ، نەیەی، ببەرە تۆز، ببەرە شەبەنگ..ئا پێش ئەوەی لە فکریشم بچێت، دەڵێن لەژێرعەرزیشدا بیت دەتهێننە سەر عەرز و تینوێتی چەقۆکانی خۆیان بە خوێنەکەت دەشکێنن.. بەم قسانە چەخماخەیەك بە ناخمدا ختوورەی کرد و شتێك تیامدا هەڵکڕووزا، بەڵام چی بوو؟
تەنها دەکرێ بڵێم کڵوکۆدامرکانی ئەو ئۆخژنە کاتییە بوو کە خۆمم پێ خۆشنوود کردبوو، ئەو ئۆخژنەی کەوا ئیتر کەسێك هەیە، کەسێك لە ڕەگەزەکەی دی، هەر تەنها بە یەکەم بینین و یەکەم بیستنی دەنگم گرەویدەم بووە، کەڵکەڵەشم ناگەهان بە شامی شەریف بوونی سەردەمەکە باوەڕی هێناوە و هەورەکان لەژێر پێیەکانمدان لە بەرزایییەکاندا دێم و دەچم و نیگای باڵندانە دەگرمە ژیان.. ژیانێك، وێڕای ئەوەی گەنجیش بووم، کەچی زۆر چاك دەمزانی سەرشارە لە کۆسپ و تەگەرە، لێوانلێوە لە بەرزیی و نزمیی و پڕپڕیشە لە گوڵی دڕکاویی..هەرچۆنێك بێت، هەندێك خۆم خواردەوە و پێم وت:
ئێ چی ڕوویدا؟ چۆن…؟
پاش ئەوەی پەلی گرتم و لە سەری کۆڵانەکە دووری خستمەوە وتی:
کاتێ تەمارا، پێرێ، چایەکانی بۆمان هێنا، ئێمە لە ژوورەکەی ئەوبەر سەرقاڵ بووین، بینیم کاغەزێکی قەدکراوی لەژێر پیاڵەیەکیاندا دانا و ئیشارەتی کرد، منیش زانیم ئەوە بۆ تۆیە..
تەمارا..ئاخ تەمارا… زۆر شتمان بە یەك دەچوو، دەنگ و ڕەنگمان، دنیامان، بەڵام شتێكی گرنگ کۆیدەکردینەوە لە هەموو ئەمانە بەهێزتر بوو. لێ ئێرە، هەمیشە چەقۆکان تێیدا تینوون، تینوون بۆ ڕەنگ و تەڕایی دەمارەکان و وایش لە مرۆڤ دەکەن سازش لەسەر گشت شتێکی خۆی بکات، دەنا دەبێ بۆ هەتاهەتایە ڕابکات، مافەکانی جێبهێڵێ و هەڵبێت، هەڵبێت و هەست بە بوونێکی ڕمووزن بکات، بوونێك مرۆڤانە نەبێت..
ئەو ئاخە درێژەی هەڵمکێشا بەو ڕستەیە ئاوێتە بوو کە وتی: وابزانم دوێنێ شەو تەمارا ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری پێگەیشتووە، ئەم بەیانییە دوور بە دوور پەییم بە شینومۆر هەڵگەڕاویی دەموچاوی برد، گەرچی بە کزیی، بەڵام گوێم هەر لە نووزە و ناڵە ناڵی بوو، ناڵە ناڵی بە سوێی، تا بڵێی بە سوێی.. ئاخر.. سێ ڕۆژە، وەك بڵێی سێ سەردەم بێت، تێدەفکرم، بە خۆم دەڵێم چۆن بە نیگایەك، بە دەنگ بەر گوێ کەوتنێك، بە نامەیەكی چەند وشەیی، کەسێك خۆی تووش دەکات؟ پرسیارێك وەك ئەوەی سکڵ بێت زمانم بە پەلەپڕووزێ لە خۆی تەکاندییەوە:
چۆن پێیان زانی؟
تازە خەتی دابوو، ڕوخسارێکی خۆرانگازانەی ڕەنگپەڕیووی هەبوو، پەڵە پەڵەی دزێو و بۆری ڕیش لەلای گووپ و چەناگە و لاجانگەکانی سەریان دەرهێنابوو، وتی:
وەختێ تۆ دوێنێ دزدەکییانە نامەکەت دابووە دەستی، لەیسی مێردمنداڵ بینیبووی، من گوێم لێ نەبوو، بەڵام بێگومان تەمارا بەڵێنی ئەوەی پێداوە ئەگەر هیچ نەدرکێنێت، ئەوا کۆتر و شتی خۆشی بۆ بکڕێ، کەچی..پێموابێ ئەو بە بەرتیل ڕازی نەبووە و ئێوارێ بە بەکری باوکی و عەباسی مامی گوتووە، ئەوانیش… دوای شینومۆرکردنی تەمارا، ئەمڕۆ چاولەڕێی تۆ بوون.. چاولەڕێ بوون تۆ بکەن بە نێچیر..
تەمارا، تەمارا.. ئاخر هێشتا پەنجەم نەگوشیووی، بۆنی پەرچەم و زوڵفم نەکردووی، دەنگت پەردەی گوێی ڕانەمووسیووم، هێشتا سیمفۆنیای هەناسەت ڕۆحیان نەکردۆتە بەر ئۆرکێسترای خەیاڵم.. هێشتا، هێشتا..
باوکم وتی با نەیەت، خەمیشی نەبێت، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ پارەی ئەو چەند ڕۆژەی بۆ دەنێرم.. بەڵام بۆ خاتری مەولا خۆت دەرنەخەیت، بزر بە، بزر..
ئەو قسانە هێشتا تەواو نەببوون، بەبێ تێفکرین قاچەکانم ئەوێیان بەجێهێشت، وەك بڵێی لە ماراسۆندان، ئەگەرچی دنیا گەرمیش بوو، مووچڕکەیەکی ساردم پێداهات، پەییم بە قارسییەکی تووش برد و تێمتەقاند، تا گەیشتمە ئەوێ، ئەوێ، گازینۆکەی مەجیدییەی تەنیشت ئوتێلی قەسر..
دوای خواردنەوەی چەند پەرداخێك ئاو و تێفکرینێکی کورت ویستم بزانم بە چ پەرجوویەك لە باشووری شارەوە، ئەو ڕێگا دوورودرێژەم داوەتەبەر و لەوێ، لە پاڵ مستەفا گەرمیانی دانیشتووم و ئەبڵەق ئەبڵەق دەڕوانمە دەوروبەر و لەویش بترازێ کەس سەرنجی لەسەرم نییە.. وەڵام هەر ترس بوو.. دەستم بۆ پیاڵەکەی بەردەمم برد، چایەکەم هەڵقوڕاند، ئەو هەموو شەکرەی تێمکردبوو تامی پێنەبەخشیبوو.. بەبێ ئەوەی مستەفا ورتەی لێوە بێت، کەوتمە چنینی حیکایەتێك، لە زمانی خۆم بەولاوە زمان نەبوو بتوانێ بیچنێت، بە فیلمێك دەچوو دەرهێنەرەکەی مێژوو بێت، ڕەنگە کەس بەو ساناییە بڕوای پێنەکات، بەڵام ئەو، ئەوینگەستە بوو، زەمانێكیش بوو ئەشق بەرەو دوورگەکانی خۆی هەڵیگرتبوو، بۆیە لە کەڵکەڵەکانم دەگەیشت. کاتێکیش گوتم: من دەبێ لێرە نەمێنم، بڕۆم.. بەڵام نازانم بۆ کوێ؟
تابڵێی جوامێرانە پێکەنی، پێکەنی و ئاماژەی هێنانی چای دیکەی بە چایچییەکە دا..خەندە لە لێوەکانی نەدەژاکی و نەرم و لەسەرخۆ وتی:
هەڵاتن نییە کە دەبێ پەنای بەریتە بەر، چونکە ئازاری هەڵاتن لە ئازاری چەقۆ کاریی ترە، بەڵکو داکۆکییە، داکۆکییە لەو مافەی شایستەی ئەوت دەکات، بە سازشیش لەسەر ئەمە، ئیدی خودی ژیان خۆی دەبێتە سازشێکی بەردەوام، ئەمەیش یەك مانا لەخۆ دەگرێ، ئەویش لەدەستدانی شتێك، شتێکی چارەنووسساز، کە خۆتی..! لەبەر ئەوە دەبێ بیر لە برین نەکەیتەوە، لەناو چەقۆکانەوە هەنگاو بنێیت و هەوڵی دەستەبەرکردنی تەمارا بدەیت، تەمارا بۆ تۆ سازشنەکردنە، مانایە، مانای ڕاستەقینەی ژیانە.. ژیانێکی سازشهەڵنەگر..
ئەو گەنجێکی ناسکی ئاسۆ فراوان بوو، هەردەم چوون سێبەری یەکدی بووین و لە نێوانماندا شتێك نەبوو ناوی ڕازونهێنی بێت، زۆری بە دەست دڵەوە چەشتبوو، ئامادەبوو زۆری تریش بچێژێت، چونکە سڵی لەوە نەدەکردەوە داکۆکی لەو شتانە بکات کە بە ڕاستی بەرکەماڵییان پێدەبەخشی و بە بێ ئەوانەیش، زۆرجار دەیگوت، نابێتە خاوەنی خۆی.. گەرچی لە ڕاستیدا ئەو قسانەی بە وەعز دەچوون و منیش کەیفم بە وەعز دادان نەدەهات و پێیشیان نەکرا ترس و دڵەڕاوکەکەم بڕەوێننەوە، لێ ئەو ڕۆژە،
ئەو ڕۆژەی دەبوایە بەر چەقۆ بدرێم، شتێکیان پێبەخشیم، شتێك ناودێرکردنی ئەستەمە، بەڵام هەست پێکردنی سانایە، شتێك وای لێکردم پێیە ڕاکردووەکانم لە ماراسۆنی هەڵاتن بە یەکجاریی بهێنمە دەرەوە و ڕژدییەکی ئەوتۆ ژیانم ڕەنگڕێژ بکات کە بە ڕوونی بزانم چۆن خۆم لە خەمی چەقۆ تیژەکان بڕەخسێنم و پێت بگەم تەمارا، پێت بگەم و بەیەکجاریی ناوت بگۆڕم.

کۆتایی ئۆگستۆسی ٢٠٢٣ـ لەندەن

لە ژمارە ١٢ی گۆڤاری وانەر بڵاوبۆتەوە..

Previous
Next
Kurdish