Skip to Content

تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.. وەرگێڕانی بۆ کوردی:کاوە عومەر

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 22, 2022 General, Opinion

دیمانەی خەلیل کەیوان لەگەڵ حەمید تەقوایی

باسێک دەربارەی پێکهاتەی دانیشتوانی و نموونەی شۆڕشی ئێستا
بە پشتبەستن بە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵ جەدید ئامادەکرواوە
خەلیل کەیوان: پێکهاتەی دیمۆگرافیای شۆڕشی ئێستا چییە؟ ئامادەبوونی جۆش و خرۆشی گەنجان و خێندکاران و قوتابیان چ خەسڵەتێکی پێدەبەخشێت؟ ئایا ئەمە شۆڕشی گەنجانە؟ پێگەی دیار و بەرچاوی ژنان لە شۆڕشدا چییە؟ تەوەر و داواکارییەکانی شۆڕش چین؟ سەرکەوتنەکەی مانای چییە؟ ئاکامی جیهانی شۆڕش چی دەبێت؟ ئەم پرسیارانە و پرسیاری زیاتر لە بەرنامەی وەڵامدانەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ حەمید تەقوایی تاوتوێ دەکەین.
حەمید تەقوایی، هەموو شۆڕشێک لەسەر چوارچێوەی هەندێک بەستێنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئابووری پێکهاتووە و تایبەتمەندی ناوازەی هەیە. پرسیاری یەکەمم ئەوەیە کە تایبەتمەندییە دیمۆگرافییەکانی شۆڕشی ئێستا چین؟ دەڵێن ئەمە شۆڕشی گەنجانە. ئایا زۆر گوێت لە ڕۆڵی خوێندکار دەبێت بەتایبەتی لە ساڵانی هەشتاکان؟ باسی ڕەنگی ژنانەی شۆڕش دەکەن. پەیوەندی چینە کۆمەڵایەتییەکان و کەسانی بەتەمەن لەگەڵ شۆڕش چییە؟
حەمید تەقوایی: ڕوونە کە تایبەتمەندی ژنانەی ئەم شۆڕشە، کە بە یەکەمین شۆڕشی ژنان لە مێژوودا ناسراوە، لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە یەکێک لە ئامانج و داخوازییە سەرەکی و گرنگەکانی ئەم شۆڕشەوە هەیە، کە ڕزگاری ژنانە، یەکسانی تەواوەتی ژن و پیاو، هەڵوەشاندنەوەی ئاپارتایدی جێندەری تەواو کە لە ئێراندا هەیە، و لابردنی هەڵاواردنی گەورە لە دژی ژنان.
شۆڕش لە مەسەلەی حیجابەوە دەستی پێکرد، حیجاب نەک وەک بەرگێکی سادە بەڵکو وەک دیوارێکی ئاپارتایدی جێندەری و وەک قەفەسێکی جووڵاو بۆ ژنان! ساڵانێکە لە بانگەشە و ئەدەبیاتی حیزبیدا هەمیشە ناڕەزایەتیمان بەرامبەر حیجاب بەو شێوەیە هەبووە و کاتێک ئەم شۆڕشە ڕوویدا، یەکەمین ناڕەزایەتی و زەمینەی سەرهەڵدانی دژایەتی حیجابی ئیسلامی و حیجابی ناچاری بوو. ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حیجاب بە مانای ناڕەزایەتی کۆمەڵگایە بەرامبەر بە هەموو ئەو هەڵاواردنانەی کە لەم چوار دەیەیەدا بەسەر ژناندا جێبەجێ کراوە. لە ڕاستیدا کۆمەڵگا لەبەرانبەر بێ مافی بچوکردنەوە و سوکایەتیەکان بەژناندا ئارامی لەبەر بڕابوو. لە سەدا پەنجای کۆمەڵگا و هاوشان لەگەڵ ئەواندا زۆرێک لە پیاوە ئازادیخوازەکان دەیانویست هەموو ئەو پەیوەندی و یاسا دژی ژنانانەی کە ئەم جیاکارییەیان و دەبێ بگوترێ سووکایەتی و بێڕیزیان بەسەر ژناندا سەپاندبوو ، تێکبشکێنن.
ژنانە بوونی شۆڕش پێش هەموو شتێک مانای ئەمەیە. سروشتییە کاتێک بابەتەکە مافەکانی ژنان بێت، ژنان لە پێشەوەن وهەر بەو شێوەیەش ڕوویدا. تا ئەمڕۆش ژنان لە ڕیزی پێشەوەن لە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ڕێپێوان و تەنانەت لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان لە پێشەوەن.
ڕۆڵی چالاک و شەڕانگێزانەی گەنجان و خوێندکاران لە شۆڕشی ئێستاشدا ڕاستییەکە. لەم حاڵەتەدا پێویستە دوو خاڵ ئاماژەی پێبدرێت. یەکەم: لە هەر شۆڕشێکدا گەنج ڕۆڵێکی کارا دەبینێت. بەتایبەت لە ڕۆژانی سەرەتای شۆڕش و لە یەکەم تەقینەوەکاندا گەنجان لە پێشەنگی خۆپیشاندانەکان، لە ململانێ لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان و ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە گشتییەی کە لە نێوان هێزەکانی سەرکوتکاری حکومەت و شۆڕشدا ڕوودەدات. لە ڕاپەڕینی ساڵانی ١٣٩٨ و ١٣٩٦دا هەمان شت بوو و لە هەموو شۆڕشەکانیشدا هەمان شتە.
ئەم ڕاستییە بەو مانایە نییە کە ئەم شۆڕشە تەنیا هی نەوەی گەنجە یان هەشتاکانە، وەک دەوترێت. تەنانەت دەوترێت ئەم نەوەیە پەیوەندییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ نەوەی پێشوودا نییە، لە زمانی یەکتر تێناگەن، ئارەزووی جیاوازیان هەیە و هتد. ئەمانە بەڕای من ڕاست نین. گەنجان نوێنەرایەتی خواست و ئارەزوەکانی هەموو کۆمەڵگە دەکەن. جێی باوەڕ نیە، بۆ نمونە خوێندکارانی ساڵانی هەشتاکان بێنە سەر شەقامەکان، بەڵام دایک و باوکیان دژی ئەوەن، و نایانەوێت منداڵەکانیان ناڕەزایەتی دەرببڕن، یان خواستیان جیاوازە و گوایە ئەوان داواکاریەکیان هەبێت و خوێندکارەکان داواکاری جیاوازتریان هەبێت! ئەمانە بێمانان. دیارە کاتێک خوێندکارێک هاوار دەکات کە ئێمە کۆماری ئیسلامیمان ناوێت یان بمرێ خامنەیی و هەر دروشمێکی ڕادیکاڵ کە دژی هەموو سیستەمەکە دەیڵێنەوە، قسەی دڵی هەموو نەوەکانە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە بەتەواوەتی هەڵەیە کە جیاوازی لە نێوان داواکاری و دروشمی نەوەی گەنج و نەوەکانی پێشوو بکەین و بڵێین جیاوازن. ئەمە بە هیچ شێوەیەک وا نییە. ئەگەر جیاواز بووایە حکومەت بە ئاسانی دەیتوانی سەرکوتی بکات و خێزانەکان خۆیان دژی ئەم هەنگاوە دەوەستانەوە، لەکاتێکدا دەبینین تەواو پێچەوانەکەیە.
خاڵی دواتر ئەوەیە کە شۆڕش تەنها لە خوێندکاردا سنوردار نییە و تا زیاتر بڕینە پێشەوە دەبینین کە چین و توێژەکان لە دانیشتووان زیاتر دەچنە پاڵی. بۆ نموونە دەبینیت هەزاران کەس لە یاد و مەراسیمەکانی ناشتنی گیانبەختکردوانی ئەم شۆڕشەدا دێنە سەر شەقامەکان، نەک تەنها گەنجان، بەڵکو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا. بۆ نموونه ، چله مین ڕێوڕه سمی مه هسا که له شاری سه قز شاهیدی بووین چه ند دە هه زار که س به شدار بوون و ته نانه ت جه ماوه رییه کی زۆر له بوکانه وه به ره و سه قز ده ستیان به ڕێپێوان کرد. لە شارەکانی تریشدا ئەم بزووتنەوە بەربڵاوە دەبینین. لە بانگەوازەکانی ڕێپێوان لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ و ١٦ی ئازەردا دیسانەوە دەبینین کە جەماوەرێکی زۆر هاتنە سەر شەقامەکان. دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەوە ڕاست نییە تەنها گەنجان لەسەر شەقامن. وا نییە. بەتایبەت لەگەڵ پێشکەوتنی شۆڕشدا، شاهیدی ئەوە دەبین کە خەڵکی زیاتر دەچنە ناو شۆڕشەوە.
لە کۆتاییدا پرسیارت لە سیمای چینایەتیی شۆڕش کرد. بەڕای من ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تەوەرەی شۆڕشەوە هەیە و بە تایبەتیش بەوەوە کە شۆڕش بەدوای چ ئامانجێکدا دەگەڕێت.
پێش هەموو شتێک، ڕۆحی پێکهێنانی شۆڕشێک لەسەر بنەمای ئامانج و ئایدیاڵێکی ڕەواو ئینسانی، مۆری چینێکی دیاریکراو لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت. ئەو هەستەی کە ئێمە شاهیدی شۆڕشێک دەبین بۆ گۆڕینی ڕیشەیی دۆخەکە و نەک ئەو سیناریۆیانەی کە پێشتر هێزە ڕاستڕەوەکان پێشنیاریان دەکرد، وەک ڕژێمی چنچ، یان ڕیفراندۆم، یان لە سەرەوە دەگۆڕێت و هتد، ئەو هەستەی کە شۆڕشێک بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە دروست بووە، ئەمەش بە واتای داواکاری چینی کرێکار! ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەو چینەی کە داواکاری بنەڕەتی هەیە، دەیەوێت لە ڕیشەی ستەم، ڕیشەی چەوسانەوە، ڕەگی هەژاری بدات، کەشێکی ناڕەزایی دروستکردووە و ڕەخنە و هەڵوێستەکەی دیار و چارەنووسساز بووە.
کاتێک شۆڕشێک ڕوودەدات، پێت خۆش بێت یان نا لەڕەگ دەدات و زیاتر وزیاتر ڕادیکاڵتر دەبێت. ئەم شۆڕشەش هەر هەمان شتە. هەناسەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، ئەگەر بە وردی سەیری بکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە لە ڕاستیدا پەیوەندی بە کەرامەتی مرۆڤ و ڕزگاری و ڕێزگرتن لە ژیان و مرۆڤایەتییەوە هەیە و بە سروشتیش باس لە یەکسانی ژن و پیاو دەکات، کە ئەو کۆمەڵگا دەبێت هەژموونی دژە ژنی ئایین لاببات.و بخاتەلاوە، قسە لێ دەکات. ئەکەسانەی کە لە سیستەمی بەهاکانیاندا ئەمانەیان زۆر بەلاوە لاوەکی بووە یان ئەمڕۆ ڕەزامەندی خۆیان بۆی داوە، بەڵام لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە بەهای دیکەی وەک پیرۆزی سنوور و خاک، ڕێزگرتن لە کوروش و باوباپیران، ڕەسەن، دەخەنە ڕوو کولتوور، پەرستنی خاک، یەکپارچەیی خاک و هتد. لەگەڵ ژن ژیان ئازادیدا، لاپەڕەیەکی هاوبەش نادۆزنەوە. ڕاستە و زۆر باشە کە ئێستا هەموو هێزەکان پشتیوانی شۆڕش دەکەن، بەڵام ئەگەر دروشم و بەهاکانی خۆیان لەبەرچاویان بگرن، پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە نیە. شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” ئاڵای چینی کرێکار بەرزدەکاتەوە، چونکە تاکە چینە کە لەڕووی سیاسی، ستراتیژییەوە، لەڕووی پێگەی بابەتیی و ڕاستەقینەی خۆیەوە لەکۆمەڵگەدا، هیچ بەرژەوەندییەکی لە هەڵاواردنی ڕەگەزی و ژیان لەژێر هێڵی هەژاری وسەرکوتکردنی ئازادییەکاندا نییە، لەگەڵ ڕزگارکردنی هەموو کۆمەڵگەدایە، لەگەڵ زۆرترین ئازادیەکان، زۆرترین خۆشگزەرانی، زۆرترین یەکسانیدایە. لە ڕوانگەی چینایەتییەوە ئەم شۆڕشە سیما و سروشتێکی چەپی هەیە.
خەلیل کەیوان: سەرەڕای بوونی گروپ و چین و توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە شۆڕشدا، هێشتا ڕێژەیەکی کەمی دانیشتوان چالاکانە بەشداری ناڕەزایەتییەکان دەکەن. بێگومان سەدان هەزار کەس بەشداری ناڕەزایەتییەکانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە. چاودێران و شرۆڤەکاران باس لە ناوچەی خۆڵەمێشی دەکەن و باس لەو کەسانە دەکەن کە هێشتا لە ناڕەزایەتییەکاندا ئامادە نین. بەشی خۆڵەمێشی مانای چییە و بۆچی تا ئێستاش لە ناڕەزایەتییەکان ئامادە نین؟
حەمید تەقوایی: سەرەتا دەبێ بڵێم دەستەواژەی ناوچەی خۆڵەمێشی بێ مانایە. ئەمە مەقولەیەکی تەواو بێ مانایە، ئەگەر لایەنگریش نەبێت، کۆتاییەکەی بە قازانجی حکومەت دەبێت چونکە دەیەوێت بڵێت زۆرینە یان بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا لەگەڵ ئەم شۆڕشەدا نییە، خۆڵەمێشییە، وا دیارە کە دوودڵ یان خۆپارێز، پارێزکارە و هتد. من وا بیرناکەمەوە. هەمان ئەو خاڵەی کە وتت کە دەبینیت سەدان هەزار کەس لە دەرەوەی وڵات ناڕەزایەتی دەردەبڕن – ئەگەر ئەو کۆمەڵە وڵاتانی دەرەوە لەبەرچاو بگرین، دەبینین ملیۆنان ئێرانی لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی سێ مانگی ڕابردوودا بەشدار بوون- بەڵام ئێمە ئەمەمان نییە لە وڵاتدا بەم مانایە ئەوەیە کە هێزی سەرکوت و تۆقاندن و کوشتاری کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی کە هێشتا توێژی گەورە نەیەنە سەر شەقامەکان. ئەمە بەو مانایە نییە کە بەشە گەورەکەی دوو دڵە یان خۆڵەمێشی بێت، یان ڕیفۆرمخوازن یان لەگەڵ مانەوەی کۆماری ئیسلامین بە تەنها یەک ڕیفۆرم. ئەمە بە هیچ شێوەیەک وا نییە. پێشتر لەم زنجیرە بەرنامەیەدا ڕوونم کردۆتەوە کە لە هەر شۆڕشێکدا بەشە چالاکەکەی کۆمەڵگا، ڕێژەیەکی کەم لەو کۆمەڵگایە دێتە مەیدان، بەڵام تەنانەت بەو شێوەیەش شۆڕش جەماوەرییە چونکە ئەو بەشە چالاکە دەیەوێت و ئارەزووی دەکات و ناڕەزایەتی بەرامبەری دەردەبڕێت لەدژی ئازار و ناخۆشیەکان نوێنەرایەتی هەموو کۆمەڵگا دەکات، و دەیەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە پەیوەندییان بە ژیانی هەموو مرۆڤەکانەوە هەیە، ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت لەسەدا ٩٩.
ئێمەش لە شۆڕشی ئێستاشدا بەتەواوی هەمان شت دەبینین.کە ئاماژەم پێدا، ئەگەر خوێندکاران هاتنە سەر شەقام، ئەوە مانای ئەوە نییە کە داخوازییەکانی گەنجان بەرز دەکەنەوە، بەڵکو بەڕاستی داواکارییەکانی هەموو کۆمەڵگە بەرز دەکەنەوە، کە لە سەرووی ئەو خوستانەدان، وەک هەر شۆڕشێک ، بۆ ڕووخاندنی ئەو سیستەم و حکومەتەی کە هەیە. ڕزگاربوون لە کۆماری ئیسلامی خواستی هەموو مرۆڤەکانە. ئەگەر هێشتا هەندێک کەس بەشداری نەکەن، پێموایە هاوسەنگی هێز ڕێگە بەم کارە نادات و خۆشبەختانە ئێمە شاهیدی ئەوە دەبین کە لەم سێ مانگەدا لە دوای شۆڕشەوە، ڕۆژانە بەشێکی گەورەتر هاتۆتە سەر شەقامەکان و پێموایە کە ئەمە ڕەوتەکە زیاترو زیاتر دەکات و بەردەوام دەبێت.
خەلیل کەیوان: لە نوسین و گفتوگۆکانتاندا چەندین جار باستان لە کولتوری ناڕەزایەتی کۆمەڵگا کردووە، باسی شوێنی فەزای سیاسی گشتی یان پارادایم لە هەلومەرج و پێشهاتە سیاسییەکاندا کردووە. شۆڕشی ئێستا لە چ پارادایمێکدا ڕوودەدات؟ لەم ڕوانگەیەوە جیاوازیەکان لەگەڵ شۆڕشی ١٣٥٧ و پێشهاتەکانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو و بزووتنەوەی بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوت و شۆڕشی دەستووری چین؟
حەمید تەقوایی: لە هەلومەرجی سیاسی هەر کۆمەڵگایەکدا، و دەکرێ بڵێین تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیشدا، لە هەر قۆناغێکدا ڕووبەڕووی کەشێکی فیکریی دیاریکراو دەبینەوە، کە پێی دەوترێت پارادایم. پارادایم بە واتای کولتوور و بەهاکان و گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی باڵادەست لە فەزای فیکری کۆمەڵگادا.
ئەوەندەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە، ئێمە لەم قۆناغانەدا پارادایمی جیاوازمان هەبوو کە ئێوە باستان کرد. لە شۆڕشی دەستوریدا بنەمای کێشەکە ئەوە بوو کە کۆمەڵگە لەدژی سیستەمی فیۆداڵی سەدەی ناوەڕاستی سەردەمی قاجار ڕاپەڕیبوو و ئەوەی دەیویست دادپەروەری و ئازادی و بەدیلەکەی مۆدێلی ڕۆژئاوا بوو. زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی شۆڕشی دەستووری، ئەوانەی کە بناغە فیکرییەکانی ئەو شۆڕشەیان بنیاتنا، بەرهەمی بیرمەند و نووسەر و فەیلەسوفە پێشەنگەکانی ڕۆژئاوایان وەرگێڕا و لە کۆمەڵگادا بڵاویان کردەوە. داواکاری ئازادی، ئەو داوایەی کە دادگایان هەبێت، ئەو داوایەی کە پەروەردەی مۆدێرنمان هەبێت و ئەو ڕاستییەی کە دەستوور لە دەستووری بەلجیکا وەرگێڕدراوە وەک مۆدێلی خۆیان دایاننا ، هەموو ئەمانە نیشانی دەدەن کە پارادایمی کۆمەڵگاکە لەو سەردەمەدا جۆرێک بوو لە خۆرئاوابوون بە مانایەکی ئەرێنی، وشەکە بە واتای ئاماژەکردنە بۆ بەهاکان، ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنە کولتووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، هونەری، فەلسەفی و زانستییەکانی ڕۆژئاوا.
شۆڕشی دەستووری لەو ژینگەیەدا ڕوویدا. لە ڕاستیدا پارادایمی شۆڕشی دەستووری، پارادایمی مۆدێرنیزم و شارستانیەتی ڕۆژئاوایی لەو قۆناغەدا بوو. ئەوەی کە ئەم شۆڕشە نەگەیشتە ئەنجام و شەرعیەتی شۆڕشەکەی بە نەزۆکی هێشتەوە، بابەتێکی ترە، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بارودۆخی پێشکەوتوویی کولتووری کۆمەڵگا لەو قۆناغەی کۆتایی سەردەمی قاجاردا، ڕووکردن بوو بۆ ڕۆژئاوای پێشەنگ کولتوور و مۆدێرنیزم.
لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا پرسی بە نیشتمانیکردنی پیشەسازی نەوت هاتە ئاراوە. ئەمە میحوەرەکە بوو، بەڵام لە دەوری ئازادییە سیاسییەکان داوای دەکرا. بزووتنەوەی سۆسیالیستی لەو سەردەمەدا لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر خاوەنی شکۆ و کاریگەری و جەماوەری بوو. هەر بۆیەش هێزەکانی چەپ لەو قۆناغەدا چالاک و کاریگەر بوون. هەروەها هەموو خه ڵک ئازادی به مانا لیبراڵه که یان واتای په ڕله مان و دیموکراسی و هتد ده ویست، چونکه له سه رده می ڕه زاشا و کوڕه که یدا هەواڵێک لەئازادی سیاسیەکان نه بوو.
خاڵێکی تر پرسی سەربەخۆیی بوو. پرسی بەنیشتیمانیکردنی پیشەسازی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی بەریتانیا کە لەو ماوەیەدا و لە سەردەمی قاجارەوە دەستی باڵای لە ئێراندا هەبووە و پایەیەکی ڕاپەڕینی سیەکانی سەدەی ڕابردوو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بەریتانیا بوو بەسەر پیشەسازی نەوتدا. بەم شێوەیە سەربەخۆیی و ئازادییە سیاسییەکان دوو پایەی پارادایمی سییەکانی سەدەی ڕابردوو بوون.
لە شۆڕشی ١٣٥٧دا کەش و هەوا تەواو جیاواز بوو. دوای کودەتاکەی ٢٨ی مورداد، کەشی سیاسی و ناڕەزایەتی کۆمەڵگا گۆڕابوو و پارادایمێکی دژە ئیمپریالیستی، دژە ڕۆژئاوایی، دژە بیانی و بە ڕوونی دژە ئەمریکی دروست بووبوو. هۆکاری ئەمەش ڕوون بوو. کودەتای ئەمریکا لە ٢٨ی مورداددا بووە هۆی شکستی بزووتنەوەی سییەکانی سەدەی ڕابردوو و دیکتاتۆرییەکی تەواو لە ئێراندا زاڵ بێت و لە ئەنجامدا هێزە سیاسییە پێشەنگەکان و هونەرمەندان و شاعیر و نووسەرانیش کە دژی حکوومەتی شا شەڕیان کردبوو، خەریکی شەڕ بوون دژی ڕۆژئاوا. ئەوان هەژموونی ئەمریکایان بە هۆکاری دیکتاتۆریەت و هەموو ناڕەحەتیەکان دەزانی و وەک بوکەڵەیەک یان “بەردی زنجیری ئەمریکا” ڕووبەڕووی شا دەبوونەوە.
ئەم فەزا فیکرییە بووە هۆی ئەوەی دژایەتییەکی کۆنەپەرستانە لەگەڵ کولتوور و شارستانیەتی ڕۆژئاوا و دژایەتی پێشکەوتنخوازانە لەگەڵ سیاسەتە هەژموونگەرییەکانی بۆرژوازی ڕۆژئاوا تێکەڵ بەیەکتر ببن. ئەمەی دووهەمیان، واتە ڕەخنەی پێشکەوتنخوازانە و چەپ لە دیکتاتۆریەتی شا و هەژموونی سەرمایەداریی ڕۆژئاوایی، لە دوای کودەتاکەی ٢٨ی موردا لە بارودۆخی دژە ڕۆژئاوادا ڕەنگێکی ناسیۆنالیستی و پۆپۆلیستی و پیشەسازیی وەرگرتبوو. بەڵام کاردانەوەی ئایینی دژە ڕۆژئاوایی لە دژایەتیی نوێنەرانی ڕاشکاوانەدا، کاردانەوەی خۆی هەبوو. چالاکوانانی بزووتنەوەیەکی کۆنەپەرستانە کە دژایەتی ڕۆژئاوایی بوون وەک مۆدێرنیزمی ڕۆژئاوایی و زانست و کولتوور و فەلسەفە کە لە ڕۆژئاواوە سەرچاوەی گرتووە. خومەینی و دارو دەسەتەکەی بەم ڕەگەوە پەیوەست بوون.
یەکەم ناڕەزایەتی خومەینی دوای چاکسازی لە زەویدا ئەوە بوو کە بۆچی مافی دەنگدان بە ژنان دەدەیت! گوتارەکەی ئەوە بوو کە ئەمە ناپاکی بۆ کۆمەڵگا دەهێنێت، ژنان ناپاکمان دەکەن و ئەم جۆرە دەربڕینە قێزەونانە! ئەم هێڵە بەشێک بوو لە ئۆپۆزسیۆن لە بزووتنەوەی دژە ئەمریکی – دژە شاهانەی ئەو قۆناغەدا، کە دواجار باڵا دەستیان دەستکەوت و شۆڕشی ١٣٥٧یان دەست بەسەردا گرت و شکست پێهێنا و ئەم کارەساتەی بەسەر کۆمەڵگەداهێنا کە زیاتر لە ٤٠ ساڵە دەیبینیت .
لە هەر حاڵەتێکدا، ئەوەندەی باسمان لە پارادایمدا هەیە، لە بارودۆخی فیکریی دوای کودەتای ٢٨ی مورداد، پارادایمی دژە ئەمریکی- دژە ڕۆژئاوایی، لە ڕوانگەی چەپەوە، دژە ئیمپریالیزمەوە و لەڕوانگەی ڕەوتە ئیسلامییەکان، دژی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا و مۆدێرنیزم، و وەک دواتر ڕایانگەیاند دژە شەیتانی گەورە دەستی باڵای هەبوو.
ئەم دژە ڕۆژئاواییە تەنانەت لە بەرهەمی نووسەر و شاعیر و هونەرمەنداندا دەبینرێت کە مەرج نییە ئاییندار بن، بۆ نموونە سەعیدی یان ئەلئەحمەد و هتد.
دژایەتیکردنی دەستکەوتە فەلسەفی و زانستییەکانی ڕۆژئاوا و بە بڕوای ئەلئەحمەد دژایەتیکردنی “رۆژئاواییبوون” لایەنێکی ناسیۆنالیستی دیار و بەرچاوی هەبوو و لەگەڵ ئاماژەکردن بە “فەرهەنگی خۆمان” و “بەها نەتەوەیی و کولتوورییەکانی خۆمان” بوو کە لە ڕاستیدا کولتوری خۆمانە جگە لە کولتوری نەتەوەیی باڵادەست هیچی تر نەبوو، لە سەردەمی فیۆداڵیدا ئایینی نەبوو. بەم شێوەیە کەلتوری ئێرانی و فەرهەنگی خۆمان بەشێک لە پارادایمی ئەم قۆناغە و پێشەنگێک بوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مۆدێرنیزم و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و بەم مانایەش، تەنانەت بە مانای ڕاستەوخۆ و دەقاودەقی وشەکە، بە تەواوی کۆنەپەرستانەبوو. تەنانەت بە تەواوی پێچەوانەی بەهاکانی شۆڕشی دەستووریش بوو.
شۆڕشی دەستووری لەسەر بنەمای ڕووکردنە ڕۆژئاوا و بەها و دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا بوو، بەڵام لەم قۆناغەدا ئێمە شاهیدی پێچەوانەکەی بووین، کە لە نووسین و وتارەکانی پێشوودا وەک سەردەمی فەترات باسم کردووە. سەردەمی بێ توانایی سەردەمێک بوو کە کەشی هزری و ڕۆشنفکری کۆمەڵگا بەرەو دواوە دەچوو. میرزا مەلکەم خانەکان و دێهخوداکان بە ئەهلی ئەحمەدە پلاستیکیەکان جێگەیان گرتەوە و ناسیۆنالیزم و ئیسلامی دژە شاهانە پاڵیان پێوەنراوە بۆ پێشەوە.
شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ لە بنەڕەتدا بەهۆی ئەمەوە شکستی هێنا. ئەگەر لە ڕیشە و لەم گۆشەنیگای پارادایمەوە بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت کە باڵی دژە ڕۆژئاوایی و باڵی خومەینی و جۆری ئیسلامی خومەینی دەستی باڵایان لەو شۆڕشەدا دۆزیەوە. ئەگەر ئەم پارادایم و فەزای فیکرییە نەبوایە، ڕەوتی خومەینی پاڵ نەدەدرایە پێشەوە. خومەینی تەنیا بە تەلارسازی میکانیکی نەدەکرا بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێندرێت و لە سەرەوەش ئەم تەلارسازییەیان کرد، بەڵام زەمینەکانی ئەو پارادایمە سیاسییە دژە ڕۆژئاواییە ئایینی- ناسیۆنالیستییە بوو. پێشتریش گوتم خومەینی لە بنەڕەتدا بە دروشمی “مەرگ بۆ ئەمریکا” شۆڕشی تێکشکاند و بە داگیرکردنی باڵیۆزخانەکان و هتد دەسەڵاتی خۆی جێگیر کرد.
توانای کۆماری ئیسلامی بۆ گەیشتن بەم پارادایمە بۆ هەتا هەتایە کۆتایی هات. لە بنەڕەتدا چونکە دژە ڕۆژئاوایی و دژە ئەمریکایی لە ئۆپۆزسیۆنەکانی قۆناغی پێشوودا کردیان بە ئایدۆلۆژیا و گوتاری حکومەت. بۆیە لە شۆڕشی ئەمڕۆدا ئەم فەزا فیکرییە هیچ جێگا و پەیوەندییەکی نییە. بە پێچەوانەوە شۆڕشی ئەمڕۆ جۆرێکە لە گەڕانەوە بۆ پارادایمی قۆناغی دەستووری. بەڵام بە مانای سەدەی بیست و یەک، لە خولگەیەکی زۆر بەرزتر و پێشکەوتووتر و مرۆڤدۆستانەتر و ڕەگداکوتاوتر! کەشوهەوای ناڕەزایەتی ئەمڕۆ لە پارادایمی دەستوریخوازییە، واتە ڕووکردنە زانست، بۆ شارستانیەت، بۆ ئازادی و دوایین دەستکەوتەکانی زانست و کولتوور و هونەر و فەلسەفەی مرۆڤایەتی کە لە ڕۆژئاواوە سەرچاوەی گرتووە لە سەردەمی ئێمەدا. شۆڕشی ئێستا تەنانەت دەیەوێت دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا تێپەڕێنێت. و هەر بۆیەش شۆڕشی ئەمڕۆ سەرنجڕاکێشی جیهانی هەیە. دروشمی ژن و گرێدانی ژن بە ژیان و ئازادییەوە چەمکێکی پێشکەوتنخوازانە و مۆدێرن و ڕادیکاڵە لە هەموو جیهاندا، چونکە چەوساندنەوەی ژنان لە هەموو کۆمەڵگا مرۆڤایەتییەکاندا ئازارێکە. پرسی بێ مافی ژنان کەم تا زۆر لە هەموو شوێنێک بە پلەی جیاواز هەیە. بەڵێ لە کۆماری ئیسلامیدا ئێمە لە بنی کۆنەپەرستی ئایینیداین. دژە ژن ترین حکوومەت کە تا ئێستا جیهان بەخۆیەوە بینیبێتی، لە ئێستادا لە ئێران حوکم دەکات، بەڵام شۆڕشی ئێستا جێگای سەرنجی جیهانە، چونکە هەموو ژنانی جیهان هەست دەکەن خۆیان پەیوەستن بە دۆزی ڕزگاری ژنان لە ئێران، پەیوەستی دەکەن بە ئارەزووی خۆیانەوە و ئاواتی بۆ دەخوازێت و بە شانازییەوە ئەنجامی دەدات.وە شانازی بە یەکەمین شۆڕشی ژنان یان شۆڕشی ژنانە لە مێژوودا ناودەبرێت. پرسی ڕزگاری ژن ببەنە سەر تەوەری مۆدێرنیزم، ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی ئینسانی کە نەوەی گەنج، نەوەی “زێد” یان هەشتاکان دەیانەوێت، بەهای گشتگیرن. سروودەکانی ئەم شۆڕشە بەراورد بکە لەگەڵ سروودەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سەردەمی شادا، دەبینیت چەندە پێشکەوتووتر و مرۆڤدۆستانەتر و پێشکەوتنخوازانەتر و مۆدێرنتر و گشتگیرترە.
بەڕای من شۆڕشی ئێستا، مۆدێرنیزم، ئینسانیەت، یەکسانی، خۆشگوزەرانی و ئازادیی دەوێت لەسەر بنەمای دوایین دەستکەوتەکانی کولتووری مرۆڤایەتی و ئەم دوایین دەستکەوتانەش دەستکەوتی سۆسیالیستین ئەگەر بە یەک وشە بڵێین. واتە دەگەڕێینەوە بۆ سیمای چەپ و چینایەتی شۆڕش. ئەگەر کەسێک بەڕاستی و بە بەردەوامی هەموو ئازادییەکی دەوێت، ئەگەر بەڕاستی هەموو یەکسانی و هەموو خۆشگوزەرانییەکی دەوێت، ئەوا پابەندە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سۆسیالیزم، چونکە تەنها بە بڕینی ڕەگ و ڕیشەی کۆیلایەتی کرێ و ئیستغلالکردن و حوکمڕانی لەسەدا یەک ، ئایا خۆشگوزەرانی بەدی دێت و ئازادی و یەکسانی بە مانای ڕاستەقینە و هەمەلایەنەی وشەکە جێبەجێی کرد و ئەم شۆڕشەش، بە بڕوای من، ئەم ئاراستەیەی هەیە. من پارادایمی ئەمڕۆ بە پارادایمی شۆڕشی سییەکانی سەدەی ڕابردوو یان بە ڕۆژئاواییکردنی شۆڕشی دەستووری و دژە ڕۆژئاوایی شۆڕشی ١٣٥٧ نازانم، بەڵکو بە تێگەیشتن و خواستی ئازادی و یەکسانی و شارستانییەت بە پشتبەستن بە دوایین دەستکەوتەکانی سەدەی بیست و یەکەمی دەزانم .
خەلیل کیوان: شۆڕشەکان بە زاراوەگەلێکی وەک دیموکراسی، سۆسیالیستی، نەتەوەیی، ڕزگاریخواز، دژە کۆلۆنیالیزم، دژە ئیمپریالیزم و هتد ناسێنراون و ناسراون. ناو و بڕوانامەی لەدایک بوونیان هەیە. شۆڕشی ئێستا ناوی چییە؟ ژن، ژیان، ئازادی دروشمی ئەم شۆڕشەیە، هەروەک چۆن دروشمی ئازادی، یەکسانی برایەتی دروشمی شۆڕشی دیموکراسی فەرەنسا بوو، یان دروشمی ئاشتی، نان، خاک لە شۆڕشی سۆسیالیستی ڕووسیادا. ئایا ژن، ژیانی ئازادی دروشمی چەپ و سۆسیالیستییە؟
حەمید تەقوایی: با سەرەتا باسی دابەشبوونی شۆڕشەکان بەسەر دیموکراسی و سۆسیالیستیدا ڕوون بکەمەوە.لە قۆناغێکدا شۆڕشی دیموکراسی جیاواز بوو لە شۆڕشی سۆسیالیستی یان جیاواز بوو. لە ڕوانگەی ئابووری سیاسییەوە مانایەکی بابەتیی هەبوو. چونکە کۆمەڵگە هەبوون کە هێشتا ڕەگ و ڕیشەیان بە سیستەمی فیۆداڵی یان نیمچە فیۆداڵی زاڵ بووە. لە سەردەمی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، کە هەموومان وەک شۆڕشێکی سۆسیالیستی دەیناسین، لە کۆمەڵگەی ڕووسیادا، لە ڕووسیای تزاریدا، هێشتا پەیوەندیی فیۆداڵی باڵادەست بووە و بەم مانایە، داواکاری دیموکراسی بە مانای ئابووری و قووڵی وشەکە، واتە ، خواستی ڕزگاربوون لە هەژموونی ستەمکاری فیۆداڵی، پەیوەندیدار بوون، و حزبە سەرمایەدارییەکان و ئەو بۆرژوازیانەی ئازادییان دەویست و ئامانجەکەیان بنەمایەکی بابەتیی هەبوو، چونکە دەیانویست پەیوەندییە فیۆداڵیەکان فڕێبدەن و پەیوەندیی سەرمایەداری لە شوێنی دابنێن، کە دواجار بوو هەنگاوێک بەرەو پێشەوە بە بەراورد بە فیۆدالیزم. هەرچەندە سیستەمی سەرمایەداری ئیستغلال دەهێنێتەوە و ئەمجارە پرسی نێوان کرێکاران و سەرمایە جەمسەرگیری دەکات، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا شۆڕشی دیموکراسی کۆمەڵگەی مەدەنی و پیشەسازی دەخاتە بەرامبەر کۆمەڵگەی داخراوی ئەرستۆکراتی و فیۆداڵی و ئەمەش هەنگاوێکە بۆ پێشەوە. لەو قۆناغەدا پرسی شۆڕشی دیموکراسی یان شۆڕشی سۆسیالیستی و پەیوەندیی نێوانیان پرسێکی بنەڕەتییە لە چالاکییەکانی چەپی ڕووسیا و لە مشتومڕی نێوان بەلشەفیک و مەنشەفیکەکاندا. مەنشەفییەکان باوەڕیان بە قۆناغبەندیکردنی شۆڕش هەیە و شۆڕشی دیموکراسی وەک سەرکردایەتی بۆرژوازی لێکدەدەنەوە و لینین و بەلشەفییەکان پێیان وایە ئەگەر شۆڕشێکی دیموکراسیش بێت، ئەوان سەرکردەی چینی کرێکار و سۆسیالیستەکانن.
بەڵام ئەمڕۆ بەم مانا ئابووری سیاسیە شۆڕشی دیموکراسی هیچ گرنگیەکی نەماوە. لە جیهاندا هیچ شوێنێک نییە کە سەرمایەداری باڵادەست نەبێت؛ جێگایەک نییە کە ئەم ئەرکە مێژووییە جگە لە چینی کرێکار لەسەر’شانی کەسی تر بێت و ئەمەش هیچ مانایەک و پەیوەندییەکی نییە، بۆ نموونە پێویستە فیۆدالیزم یان ئەرستۆکراسی فڕێبدرێت بۆ ئەوەی پێشکەوتن و گەیشتن بە ئازادی و خۆشگوزەرانی. فیۆدالیزم بەشدار نییە. بە واتایەکی تر، لە ڕوانگەی ئابووری سیاسییەوە، لە ڕوانگەی بابەتییەوە، ئیتر شۆڕشێکی دیموکراسیمان نییە، بەڵکو شۆڕشەکان دەتوانن شۆڕشی سیاسی بن، وەک شۆڕشی دژ بە ئاپارتایدی ڕەگەزی لە باشووری ئەفریقا، وەک شۆڕشی ڕزگاریخوازی شۆڕشەکان لە ڤێتنام، لە چین دژی کۆلۆنیالیزم و دژی ئیمپریالیزم، شۆڕشەکان دەتوانن ئەم مانایانەیان هەبێت دیموکراسی، بەو مانایە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی ئەو وشەیەی کە من ڕوونم کردەوە، سەردەمەکەی بۆ هەمیشە کۆتایی هاتووە. لە نیوەی دووهەمی سەدەی ڕابردووەوە و لە ئێرانیشدا دیارە دوای چاکسازی زەووی، پەیوەندیی فیۆداڵی بوونی نەماوە و سەرمایەداری لە هەموو شوێنێکدا زاڵە. بۆیە ئاڵای بچووکترین گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی خەڵک لە دەستی چینی کرێکاردایە. چینی کرێکار تا چەند ئاگاداری ئەمەیە و ئایا حیزبی ڕاستەقینەی خۆی هەیە و هتد، بابەتێکی ترە، بەڵام لە ڕووی بابەتیی و بابەتییەوە ئەمە ڕاستە. چونکە ئەمڕۆ دەبینین لیبرالیزم لە هەر ناوەڕۆکێکی ڕیفۆرمخوازانە خاڵی بووەتەوە. لیبرالیزم گۆڕاوە بۆ نیولیبرالیزم و نیوکۆنسێرڤاتیزم کە تەواو پێچەوانەی لیبرالیزم و ئایدیالی ئازادییە، تەنانەت بە مانای شۆڕشی گەورەی فەرەنسا.
نیولیبراڵەکان مەبەستیان ئازادییە لە حوکمڕانی “بازاڕی ئازاد” و سەرمایەی بێ سنوور، ئەوان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەموو یاساکانی خۆشگوزەرانین، سەرکوتیان دەوێت، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕێکخراوە کرێکارییەکانن، لەگەڵ پەیڕەوکردنی یاسا کوێرەکانی بازاڕى ئازاد. سەختی ئابووری جێگەی سەرنجی نیولیبرالیزمە. ئەم ڕەوتە کە لە هەموو جیهاندا باڵادەستە، هیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازی و ئازادییەوە نییە. تەنانەت لە ئەوروپاش هیچ پارتێکی تری لیبراڵ نییە کە پێشکەوتنخواز بێت. هەمووان لەگەڵ بازاڕی ئازاد و خۆپارێزی ئابووری و کاری تاقەت پڕوکێنی کرێکارانن.
لەبەر ئەم هۆکارانە شۆڕشی دێموکراتیک لە ئێراندا بێ مانایە. لە کاتی ڕیفۆرمی زەویەوە سەرمایەداری بەتەواوی لە ئێراندا زاڵ بووە و جگە لە دیکتاتۆریەکی ڕووت هیچ شتێکی تر ناتوانێت حوکم بکات. ئەگەر بڕیار بێت سەرمایەداری لە ئێراندا حوکم بکات، ئەوە ئێمە تەنانەت کۆمەڵگایەکی وەک فەرەنسا و ئینگلتەراشمان نابێت، چونکە بارودۆخی ئابووریی و کارکردی سەرمایەی ئێران ڕێگەی پێنادات تەنانەت دیموکراسی پەرلەمانی بە شێوازی ڕۆژئاوایی لە ئێراندا جێبەجێ بکات. دەبێت لە ئێراندا سەرمایەدارییەکی کێبڕکێکارت هەبێت کە بتوانێت ڕکابەری جیهانی ڕۆژئاوا بکات و لەبەرئەوەی تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنان لە ئێراندا وەک ڕۆژئاوا پێشکەوتوو نییە، بۆ ئەوەی قازانج بهێنێت، بۆ ئەوەی کێبڕکێکار بیت، دەبێت پشتێنێک لە چینی کرێکار وەربگریت ، و هەر بەم هۆیەشەوە دیکتاتۆریەت بەشێکی جیانەکراوەیە لە دەسەڵاتی سەرمایە لە ئێراندا.
ئێمە لە شۆڕشی ١٣٥٧ەوە ئەمەمان ڕاگەیاند، ئێستاش بە ڕوونی دەبینین کە ئەمە ڕاستە. بۆیە لە ئێراندا، بە هۆکاری زۆرتر و قووڵتر، شۆڕشی دێموکراتیک ئیتر هیچ مانایەکی نییە. شۆڕشی سەرکەوتوو لە ئێراندا تەنیا دەتوانێت سۆسیالیستی بێت.
ئەمرۆ تەنانەت زیاتر لە ڕابردووش هەموو شتێک ئاماژە بە ئەوەی کە ئەگەر بیرۆکەی سۆسیالیستی و بەها ئینسانیە چەپ و سۆسیالیستیەکان لە شۆڕشی ئێستادا زاڵ نەبێت و بەناو هەژموونی هێزە سۆسیالیستەکان لەم شۆڕشەدا مسۆگەر نەکرێت، تەنانەت بە مانای دیموکراسی پەرلەمانی فەرەنسا لە ئێراندا ئازادیمان نابێت. ئێمە زۆر جار ئەمەمان بینیوە، بەڵام ئەمجارە شتە ئومێدبەخشەکە ئەوەیە کە ئەم شۆڕشە چنگ لە ئاسمان دەدات. نەوەی هەشتاکان کە هاتنە سەر شەقامەکان نە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، نە بە دەسەڵاتی سەروخەڵکی یان هەر جۆرە دەسەڵاتێکی کوێخایەتی ڕازین. بەڵکو دەیانەوێت ئازادی و خۆشگوزەرانی و یەکسانی بە مانای قووڵی وشەکە هەبێت.
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، هەروەک ڕوونم کردۆتەوە، شۆڕشی ئێران چەپ و ڕادیکاڵە، تەنانەت لەو مانا قووڵەی کە لە دروشمی ژن ژیان ئازادیدا شاراوەتەوە، و ئەم ڕادیکالیزمە کە ئێستا لە دڵی کۆمەڵگادایە، دەبێ دۆزینەوەی ناسنامەیەکی سیاسی، ئیرادەی سیاسی، ئیرادەی حزبی.بۆ بدۆزینەوە وە ئەگەر حیزبێک نوێنەرایەتی ئەمە بکات، کە ئێمە هەوڵی ئەوە دەدەین ئەم ڕۆڵە ببینین، ئەوا شۆڕش دەتوانێت ببێتە هۆی ئازادی و ڕزگاری ڕاستەقینە.
خەلیل کەیوان: تایبەتمەندییەکی شۆڕشەکان بریتییە لە ڕوودانی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاری قووڵ و بەرفراوانەکانیانە لە هەموو ئاستەکاندا؛ لە ڕۆحیەتی مرۆڤەکاندا، لە سیاسەت و ئاراستەی حزب و ڕێکخراوە سیاسییەکاندا، جیابوونەوە و یەکگرتنەوە و ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا کە پێش ئەوە باوەڕپێنەکراو دەهاتە بەرچاو. جگە لەوەش شۆڕشەکان گۆڕانکاری و هەڵچوونیان لە جیهاندا هێناوەتە ئاراوە. دوای شۆڕشەکانی فەرەنسا و ڕووسیا، ڕیزبەندی و نەخشەی سیاسی جیهان گۆڕانی بەسەردا هات و تەنانەت شۆڕشەکانی چپن و کوبا و هتد، گۆڕانی گەورەی لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانیاندا بەدوای خۆیدا هێنا. سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران چ گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟ چ گوتارێک دەکاتە گشتگیر؟ چ هێزێک دەخاتە جووڵە؟
حەمید تەقوایی: پێموایە گرنگترین تایبەتمەندی ئەم شۆڕشە لایەنی دژە ئایینی و بێدینییەتی. هۆکارەکەی ڕوونە. زیاتر لە چوار دەیەیە کە حوکمی ئایین کۆمەڵگەی وێران کردووە و هەرچی خەڵک دەیکوژێت لە حکومەتێکی ئایینیەوەیە کە دەیەوێت چەکی ئایین بۆ پاراستنی ئیستغلال و هەژموونی سەرمایەداری و هەمان مافیای ئابووری کە حوکمی کۆمەڵگە دەکات. ئێستاش لە پێناو پێگەی ئابوری و سەروەت و پێگەی سیاسی خۆیدا خەڵک دەکوژێت و لە سێدارە دەدات. هەموو خەڵک ئەمە دەبینن.
ئەمە تەنیا تایبەت نییە بە ئێران. ئێمە دەزانین کە ئیسلامی سیاسی، بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی، بزووتنەوەیەکی سەروو کۆنەپەرستانەیە کە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چالاک بووە، و تا ئێستاش چالاکە و تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش، ئێمە چەندین جار تیرۆریزمی ئیسلامیمان لە وڵاتانی ئەوروپا بینیوە. یەکەم ئەرک و ئامانجی مرۆڤایەتی کە ئەم شۆڕشە بە سەرکەوتنەکەی بەدەستی دەهێنێت، ڕزگارکردنی جیهانە لە خراپەی ئایین و هەژموونی ئایین، بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی نەک تەنها لە ئێران بەڵکو لە یەمەن و سوریا و لە لوبنان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەعێراق و تەنانەت لە تورکیاش و پاشان بۆشکردنی ژێر پێی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسیە لە ئەوروپا و هەموو شوێنێک و تا ئێستاش ئەم کاریگەریانەمان بینیوە.
من تەنها نموونەیەک دەهێنمەوە. پێش ئەم شۆڕشە، تەنانەت فێمینیستە چەپەکانی ڕۆژئاواش لەگەڵ حیجاب بوون. وەک ڕێژەیییەکی کولتووری و وەک ئەوەی کەلتووری ئەوانە، وەک ئەوەی هەڵبژاردنی ژنان بێت لە ئێران و وڵاتانی ئیسلامیدا، پشتیوانی حیجابیان دەکرد. لە مۆنتریال، چەند ساڵێک لەمەوبەر، فێمینیستەکان لە ڕۆژێکی دیاریکراودا حیجابیان لەبەر دەکرد و ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی پشتگیری خۆیان بۆ “ژنانی موسڵمان” نیشان بدەن. تەنانەت ڕۆژی جیهانی بەرگری حیجابیان ڕاگەیاند. بەڵام لەم چارەکەدا پێچەوانەبوونەوەی تەواومان بینی. ئێستا هەمان فێمینیستەکان وەک نیشانەی پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران قژیان دەبڕن، خانمە ئەکتەرەکان، کەسایەتییە ناودارەکان، تەنانەت سیاسەتمەدارانی ناو مەجلیسەکان باس لە شۆڕشی ژنان دەکەن وەک ڕزگاری ژن و سووتاندن و خولاندنەوەی حیجاب لە هەوادا وەک ڕزگاری ژن. واتە چەمکێک کە دەیان ساڵە هاوار دەکەین و وەک وتم ڕەخنە لە حیجاب دەگرین وەک هێمایەک بۆ بێ مافی ژنان، تەنانەت لە شەقامەکانی ئەوروپاش ئاگری تێبەردەکەین. تا ئەمڕۆ کەس سەرنجی نەدەدا، بەڵام ئێستا بە هێزی شۆڕشێکی زەبەلاح لە ئێران ئەو لاپەڕەی هەڵگێڕایەوە. حیجاب لە فەزیلەتەکاندا نەماوە. بەڵکو یەکێکە لە دواکۆنەپەرسترین و دواکەوتووترینەکان و لە سایەی شۆڕشی ئێراندا، ئەمڕۆ فێمینیستەکان، ئەکتەران، شاعیران، شاعیران، گۆرانیبێژان و تەنانەت دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارەکانیش لە سەبارەت بەرگری لە بێ حیجابی قسە دەکەن و نەک هەر حیجابەکانیان لادەبەن، بەڵکو بە حەق حیجاب بە سەپاندنی کۆنەپەرستی بەسەر ژنانی ئێران دەزانن.
ئەگەر قووڵتر ببینەوە، پێموایە بەهۆی شۆڕشی ژنانەوە، ڕوانگەی ڕێژەگەرایی کولتووری، لایەنی کولتووری نیولیبرالیزم کە پێی دەوترێت فرە کولتوری، پاشەکشەی پێدەکرێت. ئەوان دەیانگوت کۆمەڵگای ئێران ئیسلامییە، خەڵک حیجابیان هەڵبژاردووە، پێیان وابوو ئەگەر ئایەتوڵڵاکان لە ئێران حوکم بکەن، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە خەڵک موسڵمانن، باسیان لە دیالۆگی نێوان “ئیسلامی” و شارستانییەتە ڕۆژئاواییەکان دەکرد و هتد. شۆڕشی ئێستا تا ئەم خاڵە هەموو ئەمانەی تێکداوە و بە جۆرێک زەربەی لە فرە کولتوری و ڕێژەگەرایی کولتووری و نیولیبرالیزمی سیاسی و کولتووری داوە. هیوادارم ئەم شۆڕشە بە پێشکەوتن و سەرکەوتنەکەیەوە، بە تەواوی ئەو کەشوهەوای فیکری و پارادایمە جیهانییەی کە لە دەوری سازان لەگەڵ کولتوری ئیسلامی کۆنەپەرستانە و دیالۆگی شارستانیەتەکان و هتد دەسوڕایەوە، بسڕێتەوە و بەرگری جیهانی و بەها مرۆییەکان جیهانیەکان شوێنی بگرێتەوە ؛ بەهاکان نەک لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە و خاک و باوباپیران و هتد. وە لەسەر بنەمای هەمان خواست و ئارەزوی مرۆڤەکان لە سەرتاسەری جیهان بۆ گەیشتن بە خۆشگوزەرانی، بۆ گەیشتن بە ئازادی، بۆ گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی. واتە هەمان ئەو پارادایمەی کە وتم لە شۆڕشی دەستوریدا نیشانەکانیمان بینی، ئێستا لە ئاستێکی زۆر قووڵتر و ڕەگداکوتاوتردا لە هەموو جیهاندا سەرهەڵدەدات بە وەستانەوە دژی فەلسەفە و کولتووری سەروو کۆنەپەرستانەی ڕێژەگەرایی کولتووری و فرە کولتوری. بەڕای من ئەمە ئاڵای شۆڕشی ژنانە لە ئێران و ئەم شۆڕشە بڕیارە ئەم کولتوورە لە ئاستی جیهانیدا بگۆڕێت.
١٦ی دێسەمبەری ٢٠٢٢
سوپاس بۆ ئەمیر تەوەکولی بۆ نوسینەوەی دەقی سەرەتایی ئەم چاوپێکەوتنە.

Previous
Next
Kurdish