Skip to Content

115 Views

ئینسایکلۆپیدیا، پوختەی عەقڵانییەتی مۆدێڕن…. کاوان محەمەدپوور

ئینسایکلۆپیدیا، پوختەی عەقڵانییەتی مۆدێڕن…. کاوان محەمەدپوور

Be First!
by February 20, 2019 General, Literature
image_print

سەبارەت بە زەروورەتی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بۆ کورد

ئەگەر ئاوڕێکی خێرایی لە سەردەمی ڕووناکبیری ئۆرووپا بدەینەوە، یەکێ لەو بەرهەمانەی –کە ڕەنگە زیاتر لەوانی تر- دێتە بەر چاومان و بەهیچ روو ناتوانین کاریگەری ئەو بەرهەمە لەسەر ڕۆشنگەری چ وەک ڕەوت و چ وەکوو ئاگاییکەرەوەی کۆمەڵگا پشت گوێ بخەین، (ئینسایکلۆپیدیای زانست، هونەر و پیشەکان)ی فەیلەسووفی فڕانسی (دەنی دیدرۆ)یە. ئەم بەرهەمە وەکوو یەکەم ئینسایکلۆپیدیا(Encyclopedia) گشتی لە زانستدا ناودێر دەکرێت. دەنی دیدرۆ بیست و شەش ساڵ لەتەمەنی خۆی بۆ ئەم بەرهەمە بیست و هەشت بەرگییە تەرخان کرد. کۆبەندێک لە زانست و دەستکردەکانی مرۆڤ کە ئاست و پلەی هۆشیاری و ڕەخنەی مرۆڤ لەمەڕ ئۆتۆریتە(هێز)ی کلیسا و ناعەقڵانی مرۆڤ دەباتە سەر.

 ئەوەی کە لە سەرەتای ئەم یادداشتەدا ئاماژەم بە سەردەمی ڕووناکبیری و نووسین و سەرپەرەشتیاری دەنی دیدرۆ بۆ ئینسایکلۆپیدیا کرد تەنیا یەک مەبەستی تێدایە، ئەویش کاریگەری ئینسایکلۆپیدیا لەسەر زانستی گشتی کۆمەڵگا و تێکشکاندنی ئۆتۆریتەی زاڵی، جیا لە عەقڵانییەت مرۆڤ. ئەم بەشە ڕێک پێوەندی بە ڕەوتی ڕۆشنبیری و ڕووناکبیری کوردی ئێمەوە هەیە و زەروورەتی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا لە مێژووی کورددا دیاری دەکات. هەڵبەت بە هیچ ڕوو نە لە توانایی زانستی من دایە و نە ئەم کورتە یادداشتە دەیهەوێت شێوە و مێتۆدی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا نیشان بدات. ئەم یادداشتە تەنیا دەیهەوێت بە ئاوڕدانەوەیەکی  مێژوویی لە ڕەوتی ڕووناکبیری ئۆرووپا، گرنگی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بۆ کۆمەڵگا باس بکات. بۆ ئەو مەبەستە ئاوڕێکی خێرایی لە مێژوویی ڕووناکبیری ئۆرووپی دەدەمەوە و پاشان پێداویستییەکانی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بە پێی مێژووی ئەزموون کرا و هاو مژاری ڕەوتی زانستی کوردی باس دەکم. دیارە مێژوویی زانستی و مەعریفی ئۆرووپا هەڵگری نووسین و باسکردنی زۆرە و من لێردا بە پێی پێوسیت و مەودای ئەم وتارە، تەنیا بەشێکی زۆر کورت، کە بە واتایەک بۆ ناسینی هۆی نووسینی یەکەم ئینسایکلۆپیدیا زەروورەتی هەیە باس دەکم.

سەردەمی ڕووناکبیری و نووسینی یەکەمین ئینسایکلۆپیدیا

هیچ بەرهەم و زانستێکی جیهانی بێ پاشخان بەدی نایەت. تەنانەت ئەگەر وەکوو واڵتەر بنیامین فەلسەفەی مێژووی خۆمان لەسەر چەمکی (دابڕان)یش بوەستێنین و پێمان وابێت بە پێچەوانەی هێگێلەوە مێژوو هەمیشە بەرەو پێشکەوتن ناچێت و ناتوانین پێشکەوتن وەکوو بەرجەستە بوونەوەی مادییانەی عەقڵ پێناسەبکەین، بەڵکوو دروست بوونی سەرتا نوێکانی مێژوو لە دابڕان لە ڕەوتی پێشینەی مێژوو دایە، دابڕان وەکوو ساتەوەختێک وایە کە مێژوو چیتر ناتوانێت خۆی دووپات بکاتەوە. بە وتەی بنیامین ئەم دابڕانە شتێکی سانا و ئاسایی نییە و هەمیشە لەگەڵ خۆی وێرانکاری و توندوتیژ و تێشکانی پێیە. واتە بە چەشنێک تێکشکان و وێرانی مێژووی پێشوویە. ئەمە بەو مانایەیە کە تەنانەت لە چەمکی دابڕانیشدا پاشخانی مێژوو و کۆبەندێک لە پێش مەرج بۆ دابڕانی مێژوویی هەیە. واتە ڕەوت و مێژوویی تایبەت، دوخێکی تایبەت بەرهەم دێنن کە ساتەوەختی دابڕان لەودا بقەومێت.

 یەکێ لە گرنگترین ساتەوەختەکانی دابڕان لە مێژوویی ئۆرووپا، تێکشکان و وێران کردنی ئۆتۆریتە(هێز)ی کلیسا لە لایەن عەقڵانییەتی مرۆڤە. لە سەدەکانی ناویندا(Middle Ages) گشت زانست و زانیاری لە ژێر چاوەدێری کلیسای کاتۆلیکدا پەروەردە دەبوو، گوتاری زاڵ، گوتاری زانستی کلیسا بوو. بە دەستەواژەی میشێل فۆکۆیی، لەو سەردەمەدا حەقیقەت یان زانست و مەعریفە، ئەو چەمکە بوو کە کلیسا پێناسەی دەکرد، ئۆتۆریتەی کلیسا لە گشت لق و پۆ فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگادا گەریانی هەبوو و تەنانەت کێشە لەگەڵ ئەم ئۆتۆریتەیە ئەگەری گیان لە دەست دانی لێدەکەوتەوە. بەڵام ئەگەر لە خوێندنەوەیەکی مێژوویدا (ڕێنێ دێکارت) وەکوو باوکی سەردەمی عەقڵانییەت و یەکێ لە باوکانی سەردەمی ڕووناکبیری ئۆرووپا بزانین کە لەمەڕ ئۆتۆریتەی کلیسا ڕادەوەستێت و بە جێگەی وتەکانی پاپ و کلیسا عەقڵی پەتی دەکاتە تەنیا سەرچاوەی زانستی بەشەری، بۆمان دەردەکەوێت کە پێش ئەو، نووسەرانی تر وەکوو (دانتێ ئەلیگیێری) و (جووانی بوکاچیۆ) بە نووسینی چیرۆک-هەڵبەت نە بەمانا مۆدێڕنەکەی-ڕێگە خۆشکەری گوتاری نوێ، واتە عەقڵانییەتی مۆدێڕنن بۆ دێکارت. لەم تاقمە نووسەرانە بە وتەی کۆندرا بە هیچ روو ناکرێت سێروانتێس (نووسەری دۆنکیشۆت) بسڕێنەوە. بەڵام دانتێ وەکوو پێشەنگی بەرهەم هێنانی یەکەمین بەرهەمی داستانی کە خوڵقێنەری (خودی نووسەر)ە، نە داستان و وتە ئۆستوورەیی و مەزهەبییەکان، خۆی وەکوو (دابڕان)ێکی مێژووی پێناسە دەکا. (کۆمێدیای یەزدانی) بەرهەمی جیهانی زەهنی نووسەرەکەی، واتە دانتێ ئەلیگیێرییە. لێردا دانتێ و لە پاشان بوکاچیۆ (نووسەری دێکامێرۆن) و سێروانتێس (نووسەری دۆنکیشۆت)، بۆ یەکەمین ڕا لە مێژووی ئۆرووپا نووسەر یان (ئۆرتۆر) بەدیدێنن. بەر لەم نووسەرانە هەرچی بەناوی چیرۆک و ڕۆمانسەوە لە ئۆرووپا نووسراوە، گێڕانەوەیی پاتەکراوی کتێبی پیرۆز و ئۆستوورەکان بووە.

ئەگەر جیهانی واقیع خوڵقاوی خواوەندە، جیهانی چیرۆک نووس، خوڵقاوی نووسەرە. بە چەشنی ئیستعاری نووسەر لەمەڕ بەرهەمەکەی وەکوو خوایەک وایە کە جیهان پێکدێنێت و سەرو سامانی دەدات، واتە ئۆتۆریتەی نووسەر بە دەقی بەرهەم هاتوو بەدی دێت. لێردایە کە وردە وردە ئۆتۆریتەی کلیسا و شرۆڤەی کلیسا لە کتێبی پیرۆز و ئاکاری مرۆڤ و جیهان دەکەوێت ژێر تیشکی ڕەخنەوە. بەدی هاتنی نووسەر وەکوو کەسایەتییەک کە بۆ پێکهێنانی جیهانی نوێ لە ژێر ئۆتۆریتەی کلیسا و پاپ دا نییە و خۆی بە خەیاڵی خۆی بەرهەم هێنەری جیهانێکی نوێیە. بەگشتی لەم سەردەمەدا خولقاوەکان/بەرهەمەکان-ئەوانەی ئاوێنەی ئۆتۆریتەی نووسەرن-، بە چیرۆک دێنە ئەژمار، واتە بەرهەم یان دەستکردێکی زانستی بە چەشنێکی شیاو بوونی نییە. لە سەدەکانی دواییدایە شرۆڤەی نوێی (مارتین لۆتێر) و(جان کالڤین) لە کتێبی پیرۆز و هاتنەکایەیی چاکسازیی پرۆتیستانتی، ڕێگەیەکی بەربڵاوتر بۆ بەدی هاتنی عەقڵانییەتی دێکارتی دەکاتەوە. دێکارت وەکوو نوێنەری عەقڵانییەتی مۆدێڕن، تەنیا ئەو دەستکەوتە بە شیاوی زانست و مەعریفە دەزانێت کە بەرهەم هاتوویی عەقڵی پەتی مرۆڤ بێت و لە ژێر سێبەری گومانەوە پێناسە کرابێت. بە ڕوانگەیەک عەقڵانییەتی مۆدێڕن هەنگاوێک ئۆتۆریتەی خولقێنەر دەباتە پێش. ئەگەر سەرەتای تێکشکانی ئۆتۆریتەی کلیسا بە نووسینی چیرۆک بزانین، بە عەقڵانییەتی دێکارتەوە، فەلسەفە و ماتماتیک(بیرکاری) و زانستی سروشتیش دەگرێتەوە. ئەم پاشخان و دابڕانە مێژوویە لە دەیەکانی دوواییدا سەردەمێک لە ئۆرووپا پێکدێنێت کە بە ناوی سەردەمی ڕووناکبیری یان سەردەمی ڕۆشنگەری (Age of Enlightenment) دەناسرێت. سەردەمی ڕوشنگەری پەروەردەی پاشخانی مێژوویی تایبەتی ئۆرووپا و کۆیەک لە نووسەر و فەیلەسووفی وەکوو دێنی دیدرۆ، ئێمانۆیل کانت، ڕۆسۆ، مارکی دۆساد، مۆتێسکیۆ، فرانسیس بەیکن و …هتدە. گشت ئەم فەیلەسووفانە بە چەشنێک درێژەدەری عەقڵانییەتی مۆدێڕنن کە بە شێوەی فەلسەفی لەلایەن دێکارتەوە دێتە پانتای مەعریفی جیهانەوە. دیارە هەر کام لەم فەیلەسووفانە، ئەم عەقڵانییەتە بە چەشنێکی تایبەت پێناسە دەکەن و زۆربەیان لەگەڵ دەسکەوتە فەلسەفییەکانی دێکارت کێشەیان هەیە، بەڵام لە چەمکی بەنەڕەتیدا لەگەڵ ئەو هاوڕان، ئەویش بەکار هێنانی عەقڵی مرۆڤ لەمەڕ پێناسەکردنی جیهان و دژایەتی لەگەڵ ئۆتۆریتەی کلیسایە، ڕەخنەی ڕۆشنگەری لە بۆچوونەکانی کلیسا و پێناسەکردنی مرۆڤ وەکوو وێنایەک لە گۆشت و پێست و خوێن، مرۆڤ لە بازنەی یەزدانیدا دەکێشێتە دەرێ و وێنایەکی زەوینی پێ دەبەخشێت. مرۆڤی ئەم سەردەمە، مرۆڤی تەنیا و وێڵ لە پانتای بەربڵاوی بوون دایە، لێرەدا هیچ ئۆستوورە و قارەمان و خودایەک بۆ مرۆڤ بووونی نییە کە لە تاریکستانی ژیاندا فریای بکەوێت و ڕزگاری بکا، هەر بۆیە تەنیا خۆی دەبێت بە فریایی خۆی بکەوێت. کە واتە بە وتەی سەردەمی ڕۆشنگەری، هیچ دەرەتانێک بۆ ڕزگاری مرۆڤ جگە لە بەکار هێنانی عەقڵ نییە.

عەقڵانییەتی ڕۆشنگەری بە دابەزانی مرۆڤ بۆ سەر زەوی بوو بە هۆی بەدی هاتنی زانستگەلی نوێ. مرۆڤێکی وێڵ و تەنیا لە پانتای ژیاندا بێگومان بۆ ناسین و تەحەمول کردنی ژیان، پێویستی بە ناسینی جیهان هەیە. ئەم مرۆڤە خاوەن دەروون و مێشکە، خاوەن شار و کۆمەڵگایە، بەرەوڕوویی نەخۆشی دەبێتەوە، دژواری لە ژیانی کۆمەڵایەتی بۆ دێتە پێش. بیرکردنەوە لەم چەشنە مرۆڤە و بێکەسی ئەو لە پانتای بووندا، بوو بە هۆی بەدی هاتنی زانستگەلی جیاوازی مرۆڤ. دەروونناسیی و کۆمەڵناسیی پێکدێت، شارسازی و ئەندازیاری بەشێوەی زانستی بەرهەم دێت، پزشکی پێش دەکەوێت و دەستووری پەروەردەیی مناڵ و کۆمەڵگا دێت ئاراوە، شێوەی سیاسەتی مۆدێڕن و جیاکردنەوەی هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ نەزم و ڕێسایی کۆمەڵایەتی دروست دەبن. دەیان دەستکەوت و دەستکردی هونەر و زانستی لە ژێر سێبەر بەکار هێنانی عەقڵی بەشەر و تێکشکانی ئۆتۆریتەی کلیسا بەرهەم دێت. هەر لەم گەریانەدایە کە (دەنی دیدرۆ) و هاوکارەکانی پرۆژەیەکی زانستی بە ناوی (ئینسایکلۆپیدیای زانست، هونەر و پیشەکان) دەست پێدەکەن، هۆی نووسینی ئەم پرۆژیە پۆلێن کردنی زانستەکانی مرۆڤ بوو. ئەوەی کە هەم کۆمەڵگا و هەم بیرمەندەکان ئاگاداری دەستکەوتەکانی مرۆڤ ببنیەوە. بە چەشنێک پێناسەی ئەوەی بکرێت عەقڵانییەتی مرۆڤ چ دەستکەوتێکی هەبووە کە کلیسا و دەستووراتی کلیسا لە پاش چەندین سەدە نەیانتوانیەوە بەرهەمی بێنن. ئینسایکلۆپیدیا، ناسین و پۆلێنکردنی زانستی مرۆڤە، بۆ پێشکەوتنی زیاترو ناسینی ئەو چەمک و ئاستەی کە بیرمەندەکان دەبێت کاری تێدا بکەن و بیناسن. بە نووسینی ئینسایکلۆپیدیای زانست، هونەر و پیشەکان، ڕۆشنگەری هەنگاوێکی تر دەچێتە پێش. ئەم هەنگاوە ڕێک لەمەڕ کۆمەڵگادا مانا دەبێتەوە. مرۆڤی کۆمەڵگا لەگەڵ بەشێکی زۆر لە زانستەکانی جیهانی ئاشنا دەبێت و شێوەی بیر و بۆچوونیان تا ڕادەیەک فێر دەبێت، ئەو جار خۆیی خۆ، بۆ زانستی نوێ پەروەردە دەکات. لێردایە کە ئینسایکلۆپیدیا، ڕۆڵی بەخشینی زانست بە کۆمەڵگا کایە دەکات و ئیتر عەقڵانییەتی ڕۆشنگەری پێی وانییە کە زانست چەمکێکی قەتیس ماو لە ناو بیرمەندان و فەیلەسووفان دایە، بەڵکوو زانست و هونەر، بە گشت چەمک و لق وپۆیەکانی دەبێت بێتە ناو پانتای بیری کۆمەڵایەتی و مرۆڤەکانی کۆمەڵگا لە زانیاری و زانست بەهرەمەند بن. ئەم بەهرەمەندییە خۆی پەرەوەردە کردنی کۆمەڵگا و ڕێگەخۆشکەری پرس و ڕووناکبیری نوێ بە دەستکەوتی نوێیە. بەم پێیە یەکێ لە گرنگترین دەستکەوتەکانی عەقڵانییەتی مۆدێڕن کە لە جەستەی ئینسایکلۆپیدیای سەردەمی ڕۆشنگەریدا خۆ دەنوێنێت، “بەخشینی زانیاری و پەروەردەکردن و هاودەنگ کردنی کۆمەڵگا بە زانستی مۆدێڕن”ە.

زەروورەتی نووسینی ئینسایکلۆپیدیا بە زمانی کوردی

بە پێی دەرەنجامی سەرەوە، نووسینی ئینسایکلۆپیدیا لە زمانی کوردی دا بە چەند هۆوە پێویست دەنوێنێت. ئەگەر بە پێی پێناسەی ئەمڕۆیی ئینسایکلۆپیدیا(زانیارینامە)، کۆمەڵە نووسراوەیەکی بەربڵاو و گشتگیر بزانین کە لە ھەموو زانستەکان یان زانستێکی تایبەتی بەشێوەی پوخت و ھەڵبژاردە تێدایە و پێکهاتوویە لە کۆمەڵێ وتاری زانستی تایبەت، ئەوە دەبێت ئەم چەشنە بەرهەمە بەجۆرێک سەرچاوەی زانستی دابنێین کە بەگشتی توانستی ئەوەمان پێدەدات هەم هەنگاوی زانستی‌تر هەڵبهێنینەوە و هەمیش خۆمان زیاتر بە نەتەوەکانی تر بناسێنین.

بێ‌گومان مێژووی ئێمەی کورد، دەستکەوتێکی وەها شیاوی زانستی تێدانییە کە بتوانین پێی بەشداری گەشەی زانستی جیهانی بین.-هۆی نەبوونی ئەم دەستکەوتەش لق و پۆیی زۆری لێدەبێتەوە کە ئەم وتارە بە هیچ ڕوو مەبەستی تاوتوێ کردنی نییە-. بەڵام ئەوەی دیارە بەشە هەر گرنگی زانستی جیهانی بە زمانەکانی (ئینگلیسی و ئاڵمانی و فڕانسی و چینی) نووسراوە. پێویستی ئێمەیە  ئەم زانستە لە ڕێگەی وەرگێڕان بۆ کۆمەڵگای خۆمان هەناردە بکەین، جیا لە وەرگێڕانی کتێب و وتاری زانستی بەشێک لە وەرگێڕانی ئینسایکلۆپیدیاکانی زانستی جیهان وەکوو پێویستی پەروەردە کردنی زمانی زانستی کوردی زەرووری دەنوێنێت. هەڵبەت نەتەنیا وەرگێڕان بەڵکوو خۆی نووسینی ئینسایکلۆپیدیای کوردی کە لەوەدا باس لە کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵناسیی کورد و دەستکردەکانی کورد دەکا وەکوو پێویست دەبێت هەبێ. بەڵام باسەکەی من زیاتر دێتە ئەو چەشنە لە زانست کە بۆ کورد و زۆربەی گەلەکانی جیهان بوونی نییە و ناچارن لە ڕێگەی وەرگێڕان ئەم زانستانە فێر بن. خۆی وەرگێڕانی ئینسایکلۆپیدیاکانی زانستی جیهان بە چەشنێک پەروەردەکردنی زمانی کوردی لەمەڕ زانستە نوێیەکانە. ڕەنگە ئەو ڕستەی کە “ئێمەی کورد دەستەواژەی زۆر شیاومان بۆ زانستگەلی وەکوو شیمی و فیزیک و زمانناسی و فەلسەفی مۆدێڕن و…هتد نییە”، پاتەکردنەوەی دەیان جار بێت. بەڵام بێ‌گومان ئەم (بێ زمانییە!)، چ هەنووکە و چ لە داهاتوودا وەکوو خەسارێکی زانستی گەورە خۆ دەنوێنێت کە ئەمڕۆکە بەتەواوی هەستی پێدەکرێت. تەواو لەگەڵ ئەمە هاوڕام کە بەپێی دەستکەوتەکانی زمانناسیی کەس بۆی نییە بڵێت فڵانە زمان لە زات و سروشتی خۆیدا لاوازە، تەنیا ئەگەر زمانێک-بۆ نموونە کوردی- توانستی نووسینەوەی زانستێک وەکوو فیزیک یان شیمی بە شێوەی شیاو نییە و ناچارە لە زمانەکانی تر کەڵک بگرێت، هۆیەکەی ئەوەیە کە لەم پانتایەدا گەمەی زانستی پێنەکراوە، دیارە کاتێکیش زمان لە شێوەی دەربڕین و وشەسازیی تایبەتەوە دور دەکەوێتەوە هیچ کات شتێکی شیاوەی تەنانەت بە شێوەی لاسایی کردنەوەش بۆ جیهان پێی نییە.

 بەرهەم هێنانی ئەم زمانە بێ‌گومان ڕێگەی زانستی زۆری هەیە کە یەکێکیان نووسینی ئینسایکلۆپیدیای زانستییە، جا چ بە شێوەی وەرگێڕان چ بەشێوەی نووسین بێت-هەڵبەت نووسین لەو بەشانەی کە توانستمان هەیە-. بێ‌گومان بەخشینی زانیاری نوێ لە جەستەی کۆبەندێک وەکوو ئینسایکلۆپیدیا چ بۆ بیرمەندان و چ بۆ جیلی نوێ شێوەیەکی ساناترە، چوون لە تووێی چەند بەرگ‌دا بەشێکی زۆر لە پێشەکی زانستی ئەتوانین هەناردە بکەین. ئینسایکلۆپیدیا دەتوانێت سەرچاوەیەکی زانستی چ لە بواری وشە و ڕستەسازی بێت، چ لە بواری بەرهەم هێنانی عەقڵانییەتی نوێ. ئەمڕۆکە بەدڵخۆشییەوە پرسی نوێ –بە گشت کەم و کۆڕیەکانی مێتۆد و گریمانەوە-لە ناو کۆمەڵگادا بوونی هەیە، ئەم پرسە خۆی خەریکی ئامادەکردنی خۆیەتی بۆ زانست و مەعریفەی نوێ، کەواتە نووسینەوە و بەرهەم هێنانی ئینسایکلۆپیدیا لە چەشنی زانستی ئەتوانێت ڕێگە خۆشکەر و مژدەدەری جیلی زاناتر بە پرسیاری شیاوتر بێتەوە. وێدەچێت هەنووکە لە کوردستاندا تەنیا یەک ئینسایکلۆپیدیا هەبێت کە خەریکی نووسینەوەی بین، ئەوەیش (ئینسایکلۆپیدیای کوردستانیکا)یەکە بە پێی پێناسەی دەستەی نووسەرانی : “پوختەی هەموو زانیارییەكان لەبارەی كورد و كوردستانەوە بەپێی بابەت، ناونیشان، ڕوودا، دیاردە و ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و ڕۆشنبیری لە خۆیدا كۆدەكاتەوە”. ئەم چەشنە لە ئینسایکلۆپیدیا بێ‌گومان زەروورەتی زۆری هەیە، بەڵام بە هیچ ڕوو نە تەواوکەری پڕۆژەی نووسین ئینسایکلۆپیدیایە و نە ئەو بەشە کە لەم وتارە مەبەستمانە دەگرێتەوە. بێ‌گومانی نووسینی وەها بەرهەمێک پێویستە، بەڵام ئەوەی کە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ ئەم بەرهەمە بنووسرێت/وەرگێڕێتەوە، ئینسایکلۆپیدیای لە چەشنی هونەر، مێژوو و زانستە. وەها دەنوێنێت دورکەوتنەوە لە شێوە نوێیەکانی بەرهەمی جیهانی-کە هەڵبەت بۆ کورد نوێیە- جگە لە دواکەوتن هیچی تری بۆ نەتەوەکان لێنەبێتەوە. ئەم دوا کەوتنە نە تەنیا لە ئاستی جیهانیدا خۆی وەکوو خەسارێکی گەورە وایە، بەڵکوو شێوە و ئاکاری تایبەتیشی لێدەبێتەوە، ئەم ئاکارە تایبەتە کە بۆ ئێمەی کورد پاساوەکەی بۆتە (بە مل داکردنی ئەویتر)، تەنیا دەبێتە گلەیی و گازەند و چاو لە دەستی نەتەوەکانی‌تر بین کە بزانین چ بە کورد دەڵێن کە ئەوکات لە چەشنی قارەمانێکی زانستی بێین وڵامیان بدەینەوە، دیارە وەها وڵامێک نە زانستی پێوەیە نە بە سەر مێژووی خۆیدا دەڕوات. بە وتەی بیرمەندانی دژە پۆست کۆلۆنیالیزم ئەم ئاکارە بەچەشێکی‌تر کەوتنە ژێر گوتار و هێژمۆنیایی ئەویترە، چوون ئەم وڵام و پاساوە، هۆی پرسیاری زانستی نییە بەڵکوو هۆیەکەی دەگەرێتەوە سەر ڕوانگەی چەوسێنەرانی ئەویتر، کە واتە تۆ خۆت دووبارە پرسیاری خۆت هەڵنابژێری.

Previous
Next

Leave a Reply