Skip to Content

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن …  چوارەم …  ئەمجەد شاکەلی

خۆرەگەلێک، جڤاکی کوردستان بنکۆڵ دەکەن … چوارەم … ئەمجەد شاکەلی

Closed
by شوبات 26, 2019 General, Opinion, Slider

باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە.


چوارەم ….
ئەمجەد شاکەلی

-کەرتی تایبەت-


ئەو بەشەی باشووری کوردستان، کە پێی دەگوترێ هەرێم، تا ساڵی 1991، لە هەموو ڕوویەکەوە، بەشێک بوو لە عیراق و تەواوی قانوونەکانی عیراقی تێدا پێڕۆ دەکران. دیارە ئێستاش هەر بەشێکە لە عیراق، لێ بڕێک جیاوازیی لەنێوان ئەو هەرێمە و عیراقدا هەیە، چون هەرێم، لە هەندەک بواردا، جۆرێک سەربەخۆیی هەیە. ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم، بواری ئابوورییە. ئابووریی عیراق و کوردستانیش ئەمڕۆ، لەسەر بنەمای “ئابووریی ئازاد، ئابووریی بازاڕ، بازاڕی ئازاد”، دامەزراوە و ئەوەی بۆ کراوە بە بناخەی ئابووری. ئابووریی بازاڕ، لە هەموو جیهاندا پشت بە کەرتی تایبەت دەبەستێ و پشت دەکاتە کەرتی گشتی. وەها ئابوورییەک، دەکاتە: سەرمایەداری.
کەرتی تایبەت، پێچەوانەی کەرتی گشتییە. کۆمپانیا، ئیدی گەورە یا گچکە، لە کەرتی تایبەتدا، کەسێکی تایبەت، خێزانیک، یا چەند کەسانێکی تایبەت، یا چەند خێزانێک، خاوەنداریەتی دەکەن، لێ لە کەرتی گشتیدا، دەوڵەت، کارگێڕییە گشتییەکان، ئوستانداری یا شارەداری، خاوەنداریەتی دەکەن. وەک نموونە، لە سوێد کۆمپانیاکانی ئیکییا(Ikea)، ڤۆڵڤۆ (Volvo)، هۆئێم (H&M) و کۆمپانیا گچکە ئاساییەکان، هەموو کەرتی تایبەت خاوەنیانن. کۆمپانیای وزە(ئەلەکتریک) و تاڤگەکان، دوو کۆمپانیان، سەدلەسەد سەربە کەرتی گشتین و لەلایەن دەوڵەتی سوێدەوە خاوەنداریەتی دەکرێن. کۆمپانیای دیکەش هەن، وەک کۆمپانیای خانووبەرە، لەلایەن هەموو شارەدارییەکانەوە خاوەنداریەتی دەکرێن، ئەوانەش هەر سەر بە کەرتی گشتین. کەرتی تایبەت، بەگوێرەی پێناسەکەی، هی کەسانێکی تایبەت یا خێزانگەلێک یا کۆمەڵە و ڕێکخراوگەلێکی پێکهاتوو لە کەسانێکی قازانجخواز، کە لە چوارچێوەیەکدا خڕدەبنەوە، هەموو ئەمانە وەدووی دەسکەوتی ئابووری و قازانجدا وێڵن. هەندێ جار لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا، کەرتێکی دیکە هەیە، کەرتی سێیەمی پێ دەگوترێ، یا کەرتی خێرخوازی و کاری جڤاکی و کاری هەرەوەزی و خانەی هزر و ئەو جۆرانە، کە نە هی دەوڵەتن و نە هی کەسی تایبەت، بەڵکە خەڵکانێک پێکەوە خاوەنداریەتی دەکەن، هێندە وەدووی قازانجەوە نین. ئەو جۆرە کۆمپانیانەی کەرتی سێیەمە، هەندێ جار دەخرێنە خانەی ڕێکخراوەیل و کۆمپانیایەیلی ناحوکوومەتییەوە، کە(NGO)یشیان پێ دەگوترێن.


سەرمایەداری، بە دابەشکردنێکی نادادوەرانە و پشتگوێخستنی زۆرینەی نەداران و پشتبەستن بە چینە باڵا دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕەکان و دەسەڵاتەوە، گرێدراوە. سەرمایەداری پاماڵی بازاڕ دەکات و ئەوەیشی ئەو پاماڵ و داگیرکارییە دەکات، کەمینەیەکی نێو جڤاک و وەڵاتە، کە تەنانەت حوکوومەتیش دەگرێتەوە و وەها حوکوومەتێکیش دەبێتە حوکوومەتی کەمینە، کە لە بازاڕی سیاسەتدا، حوکوومەتی ئۆلیگارکی (Oligarchy) پێ دەگوترێ. وەها حوکوومەت و دەسەڵاتێک، خەڵکانێک دەستی بەسەردا دەگرن، کە: پایەی باڵای چینایەتییان هەبێت، وەک ئەوەی سەربە چینێکی ئەریستۆکرات و ناسراو بن، ساماندار و دارا بن، ڕایەڵە و پێوەندێکی خێزانی توندوتۆڵ و خزمایەتی و خوێن لەنێوانیاندا هەبێت، خوێندەواری بەرز و خاوەن بڕوانامەی باڵا بن، خاوەنی کۆمپانیای مەزن و سەرمایە بن، ڕوومەتێکی ئایینی بن و دەسەڵاتێکی ئایینییان هەبێت، پلەوپایەیەکی سیاسییان هەبێت، خاوەنی هێزی چەکدار بن یا خەڵکیان، ئیدی بە هەر هۆیەکەوە، وەدووکەوتبن. ئەو جۆرە خەڵکانە، کە کەمینەشن، هەم پاماڵی بازاڕ(ئابووری) و هەم پاماڵی دەسەڵات (سیاسەت) دەکەن، ئیدی بەو دووە، کە لفانەی یەکدین، گەل، وەڵات، زۆرینەی ڕەهای خەڵک و هەرچی بوارێکی ژیانە، دەیخەنە بندەستی خۆیانەوە. وەها هەژموون و دەسەڵاتێک، هەندێ جار لەنێو خێزانەکاندا، وەک بۆماوەیی، نەوە لە دوای نەوە دەمێنێتەوە و گەلێ جاریش، بۆماوەیی، مەرج نییە بۆ گەیشتن و بوون و پاراستنی وەها دەسەڵاتێک!


سیستمی سیاسی و ئابووریی سەرمایەداری، خاوەنداریەتی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی و پێشەسازی، دەداتە دەست تاک و کۆمپانیا تایبەتەکان، کە تەنیا ئامانجیان قازانجە و هیج دەرفەتێک بۆ حوکوومەت ناهێڵرێتەوە و بنەما و پایەکانی ئەو ئابوورییە، موڵکییەتی تایبەت، کەڵەکەکردنی سەرمایە، هەڵپەی قازانج و بازاڕی ڕکابەرییە. بۆشایی نێوان موڵکدار و موڵکنەدار، دارا و نەداران، بە هۆی دابەشکردنی ناڕەوای داهاتەوە، هەمیشە فراوانتر دەبێت. سەرمایەداری مافی تاکی بۆ گرنگە، کە دەتوانێ هەڵبژێری، کاڵا، ماددە، خوێندنگە، نەخۆشخانە، ئۆتۆمۆبیل، شەمەندەفەر، خواردنگە، قاوەخانە، مەیخانە، جل و پۆشاک، خواردنەوە، جگەرە، گەشت، ئامێر، تەکنۆلۆگی، بازاڕ و فرۆشگە و هەزاران شتی دیکە هەڵبژێرێ، لێ کێن ئەوانەی هەڵدەبژێرن؟ باشترینی ئەو کاڵا و خزمەتانە، ئەو تاکانە هەڵیاندەبژێرن، کە دەستڕۆیشتوو و گیرفانپڕن و خاوەن پارەوپووڵن، هەژاران توانستی هەڵبژاردنیان نییە و هەمیشە لەو هەڵبژاردنانەدا مایەپووچ و بێبەش دەبن و هیچیان دەستناکەوێت. سەرمایەداران دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان کاریگەر بن لە بڕیاردان بەسەر نرخ و بازاڕدا و لەبەر دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ دەسەڵاتدا، یا لەبەر ئەوەی ئەوان خۆیان دەسەڵاتن و دەسەڵاتیش ئەوانە، چ ڕێگرییەکیان لێ ناکرێ، تەنانەت ئەگەر بڕیارەکان بە زیانی زۆرینەی خەڵک و وەڵاتییانیش بگەڕێنەوە، کە لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە. سەرمایەداران، تەنانەت کەونەکۆمۆنیستەکانیانیش، کە ئیدی بوون بە سەرمایەدار و کە شارەزایی و پسپۆرییەکی باشیان لە ئابووری بازاڕ و ڕکابەری بازاڕ و نێونەتەوەییدا هەیە، تەنانەت ئەو کۆمۆنیستانەشیان، هەرگیز وێژدانیان نابزوێ و تێرکردنی زگێکی برسی و پۆشتەکردنەوەی ڕووتێکی سەرمابردەڵە و تیمارکردنی نەخۆشێکی گیرفانبەتاڵ، بەخێوکردن و گرتنەخۆی زارۆکێکی بێ سەرپەرشت، بەبێ بەرانبەر و مفت، بە دواکەوتوویی و بێمێشکی و لەدەستدانی ئاوەز، دەزانن.


ئەوەی سەرێ، کە تا هەنووکە گوترا، ڕێک ئەو ڕەوش و واقیعەیە، کە لە کوردستاندا پیادە دەکرێ.
ئەمڕۆ لە کوردستان، تەندروستی، نەخۆشخانە، دەرمان و هەموو ئەو شتانەی بەندن بەو بوارەوە، بە زۆریی کەوتوونەتە بندەستی کەرتی تایبەت. سەدان نەخۆشخانەی گەورەی بواری جیاواز، سەدان تاقیگە و دەرمانخانە و کارگەی دەرمانسازی، هی سەرمایەداران و لەنێویشیاندا بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات، کە ئەوانیش هەر سەرمایەدارن. بژیشک، کە لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کار دەکات، دوای یەک دوو ساڵێک لەوەی خوێندن تەواو دەکات و پسپۆریی لە بەشێکی تەندروستیدا وەردەگرێ، ئیدی دەتوانێت خاوەنی کلینیکی خۆی بێت و کارەکەی لە نەخۆشخانە دەوڵەتییەکەشدا هەر هەبێت و مووچەی ئەویش وەرگرێت. لە سوێد، بژیشک ئەگەر لە نەخۆشخانەی دەوڵەتیدا کاری کرد، ناتوانێت و بۆی نییە، کلینیکی خۆی هەبێت.

ئەو بژیشکەی کوردستان، کە خاوەنی کلینیکی خۆیەتی و لە نەخۆشخانەی گشتیی دەوڵەتدا کار دەکات، نەخۆشەکانی، ئەگەر نەخۆشییەکیان هەبێت لەو بوار و بەشەیدا، کە کاکی بژیشک پسپۆریەتی، لە نەخۆشخانەگشتییەکە چارەسەریان ناکات و کلیاندەکات بۆ کلینیکەکەی خۆی، بۆوەی بە پارە تیماریان بکات و دوو سێ کیلۆ دەرمانیان بۆ بنووسێت و بیاننێرێ بۆ ئەو دەرمانخانەیەیشی، کە هی خۆیەتی یا هاوبەشە لەگەڵ کەسێکدا تێیدا، بۆ کرینی دەرمان. ئەو نەخۆشخانە تایبەتانە، کە هی کەرتی تایبەتن، پارەی خەیاڵیی لە نەخۆش وەردەگرن بۆ چارەسەرییەکی تەنانەت گچکەیش.

لەو نەخۆشخانانەدا بۆ نەشتەرگەرییەک، باس لە چەندین هەزار دۆلار دەکرێ. ئێستا لە کوردستان، وەک بڵێی بەشێکە لە ئەمەریکا، کە باس لە پارە دەکرێ، خەڵک بە دۆلار قسە دەکات، تەنێ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەمەریکادا ئەوەیە، لە کوردستان بۆ دۆلار، زمانی گەڵا و دەفتەر و بلۆک بەکاردەهێنرێت. بەرپرسان و سەرمایەداران، کە ئەو هەموو بەڵایەیان بۆ خەڵکە هەژارەکە ساز کردووە، بۆ خۆیان، بۆ چارەسەر و تیماری نەخۆشییەکانیان، دەچنە دەرێی وەڵات. ژمارەی نەخۆشخانەی تایبەت لە باژێڕەکانی کوردستاندا، تا دێ لە زیادبووندایە. بێجگە لە بەرپرس و سەرمایەداری کوردستان، دەیان نەخۆشخانەی وەڵاتانی دەوروبەری کوردستان و دەرەکی، کە ئەوانیش هەر هی سەرمایەدارانی ئەو وەڵاتانەن، لە کوردستان هەن. بە پارەی زۆر و خەیاڵیی، سەرمایەداران لە ڕێگەی بەڵێندەر و ئۆفیسی تایبەتەوە، گەشتی بژیشکی و تیماری نەخۆش بۆ دەرێی کوردستان، بۆ تورکیا، ئێران، هیندوستان و ئەوروپا، ڕێکدەخەن.

شەل و کوێر و کەڕ و لاڵ و سەقەتکردنی نەخۆش، گەلێ جاران، لەو نەخۆشخانە تایبەتانەی کوردستاندا ڕوودەدەن و کەس خۆی لێ ناکات بە خاوەن. بژیشکی ئوردونی، ئێرانی، تورکیایی و شوێنانی دیکە، لە ڕێگەی بەڵێندەر و خەڵکانی دیکەوە دەهێرێنە کوردستان و بەسەر خەڵکی هەژار و بەلەنگازی وەڵاتدا دەیانکەن بە جالینۆس و ئیبنولهەیسەم(إبن الهیثم) و ئیبنوننەفیس(إبن النفیس) و ئەلکیندی(الکندي) و بە ماوەی چەند ڕۆژێکی مانەوەیان لە کوردستان، هێندەی ساڵێکی وەڵاتی خۆیان پارە خڕدەکەنەوە و بە گیرفانی هەڵتۆبزاوەوە دەگەڕێنەوە ماڵی خۆیان و ئەوەیشی هێناونی بۆ کوردستان، ئەویش لەو ئاهەنگی ڕووتاندنەوەی هەژاراندا، پارووی چەوری خۆی دەگلێنێ. هاوردنی دەرمان، لە دەرێ ڕا، کە ئەویش بازرگانییەکە بیلیۆنان دۆلاری تێدا قازانج دەکرێ، لەنێویاندا سەدان جۆری خراپ و بێکەڵک و کاتبەسەرچوو و زیانبەخش هەن، کە لە هەموو قوژبنێکی ئەم دنیایەوە، بێ گوێدانە هیچ مەرجێک بێجگە لە قازانج، وەک ژار و دەرد، دەرخواردی نەخۆشی کوردستان دەدرێن، تەواوی ئەمانە ڕووتاندنەوەی خەڵکە هەژارەکە و کوشتنیان و هەڵئاوسانی گیرفانی سەرمایەدارانی کوردستانە.


بواری خوێندن و خوێندنگە و زانستگە، بوارێکی دیکەی بازاڕی کەرتی تایبەتە. باژێڕ و شارۆکە نییە لە کوردستاندا، زانستگە و لەتەزانستگە و شتێکی لەو جۆرەی تێدا نەبێت. دەیان زانستگەی بیانی، تورکی، لبنانی، ئەمەریکایی، ئینگلستانی، فرانسی و شوێنانی دیکە کراونەوە و خوێندکار بە پارە تێیاندا دەخوێنێت. دیارە ئەو خوێندکارە بێچووە دەوڵەمەندانەی، لە زانستگە دەوڵەتییەکاندا بەهۆی کەمیی نمرەوە وەرناگیرێن، لە زانستگە تایبەتییەکاندا بە پارە جێگەیان دەکرێتەوە و دوای چەند ساڵێک، بە هەر شێوەیەک بێت، خوێندنی خۆیان تەواو دەکەن و ڕکابەری خوێندکارانی زانستگە دەوڵەتییەکان دەکەن و لەبەر ئەوەی لە بنەمادا بۆ خۆیان بەچکە دەوڵەمەندن، بواری وەرگرتنی کار بۆ ئەوان نەک هەر ئاسانترە، بەڵکە تا ڕادەیەک مسۆگەریشە. تەنێ زانستگەی تایبەت نییە، کە لە کوردستان پەرەی پێ درابێ و زۆر بن، بەڵکە خوێندنگەی تایبەتیش هەموو ئەو وڵاتەی تەنیوەتەوە.

لە دایەنگە و باخچەی زارۆکان و سەرەتاییەوە تێیدایە تا دەگاتە ئامادەیی و دواتر. ئەو خوێندنگە تایبەتانە و ئەو زانستگە تایبەتانە، بێجگە لەوەی دامەزراوەیلێکن بۆ قازانج و خڕکردنەوەی پارە کراونەوە، بەشێکیشیان، لە پەنای کارەکانیاندا، کاری مسیۆنەری و بڵاوکردنەوەی ئایینی عیسایی دەکەن و مێشکی زارۆک و خوێندکاری کوردستان دەئەوروپایێنن و دەخۆراوایێنن. خوێندن لەو خوێندنگە و زانستگە تایبەتانەدا، بە زمانی ئینگلیزییە، وەک بڵێی کوردستان بەشێک بێت لە وڵاتانی کۆمنوێڵس و بەشێک بێت لە ئەمەریکا، ئینگلستان یا ئەوسترالیا. خێزانی کورد وای لێهاتووە شانازی بەوەوە دەکات، کە منداڵەکەی وا لە خوێندنگەی سەرەتایی، ناوەندی، ئامادەییە تایبەتەکاندا دەخوێنێ، هەموو وانەکانی بە زمانی ئینگلیزییە و کوردی نازانێ! ئەوانەیشی منداڵیان لە زانستگە تایبەتەکاندا دەخوێنن، ئەوانیش گەلێکیان پێ باشە، لەو زانستگەیە زمانی خوێندن ئینگلیزییە! کورد، کە لە زمانەکەی زیاتر هیچی دیکەی نییە و تەنێ زمانەکەیشیەتی لە تواندنەوە دەیپارێزێ.

شاعیری عەرەب مەحموود دەرویش(محمود درویش)، لە شیعرێکیدا بە ناوی “کورد بێجگە لە با هیچی تری نییە”، دەڵێ:”سێبەری سەر ناسنامەکەی دەتەکێنێت: ناسنامەکەم زمانەکەمە. من..و من. من زمانەکەمم. من دوورخراوەی نێو زمانەکەمم” . کورد، دەبوو کوردینەزانین و کوردینەخوێندنی پێ شەرم بووایە. دەبوو تەواوی بابەتەکانی بە زمانی کوردی بخوێندایە و کە کوردییەکەی ڕەوانکرد، ئەودەمی لە زمانە بیانییەکاندا، زمانی عەرەبی بە پلەی یەکەم، ئەوجا زمانی فارسی و ئەوجا زمانی تورکی خوێندبا و فێربووایە، چون ئەو سێ زمانە هێ سێ نەتەوە و چوار دەوڵەتن، دەوری کوردستانیان داوە و کوردستان و ئەو دەوڵەتانە لە یەک جیۆگرافیادا دەژین.

کوردستان نە لە ئەوروپایە، نە لە ئەفریقا و ئەمریکای سەروو و خواروو! بە گوێرەی هەندەک ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، لە هەرێمى کوردستان 16 زانکۆ (زانستگە، ڕاستترە لە زانکۆ)ى حکوومەتى هەن، کە بەسەر شارەکانى کوردستاندا دابەش بوون، لێ هەر بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، 19 زانستگە و لقەزانستگەی تایبەت و 14 پەیمانگەی تایبەت، کە دەبنە 33 زانستگە و پەیمانگەی کەرتی تایبەت و ئەهلی، لە شار و شارۆکەکانی هەرێمدا هەن. واتە ژمارەی زانستگە دەوڵەتی و حوکوومەتییەکان لە کوردستان لە نیوەی ژمارەی زانستگە و پەیمانگە تایبەت و ئەهلی و نادەوڵەتی و ناحوکوومەتییەکان، کە تەواویان هی کەرتی تایبەتن، کەمترن. تێکڕای زانستگە و پەیمانگە دەوڵەتی و نادەوڵەتی و تایبەتەکان دەکەنە 49دانە. ئەوە تەنێ زانستگە، خۆ ئەگەر تەماشایەکی ژمارەی دایەنگە، باخچەی زارۆکان، خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی بکەین، ئەوا سەیروسەمەرەی زیاتر دەبینین.


دانیشتووانی سوێد، سەرووی دە(10) میلیۆن کەسن و دوو هێندە و بڕێکیش زیاترن لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، کە بڕێک لە پێنج (5)میلیۆن زیاترن. بە گوێرەی ئامارەکان، لە سوێد 48 زانستگە و خوێندنگەی باڵا هەن و 36 لەوانە حوکوومەتین و سەر بە دەوڵەتن و 12یشیان نادەوڵەتین و سەربە کەرتی تایبەتن، لە کاتێکدا ژمارەی زانستگە و پەیمانگە لە کوردستان زیاترن لە سوێد و ژمارەی زانستگە و پەیمانگەی تایبەت و نادەوڵەتی لە کوردستان دوو هێندەی ئەوانەی سوێدن. سوێد یەک هەزار ساڵ دەبێت وەک قەوارەیەک، وەک دەوڵەتێک، هەبووە. کوردستان نە دەوڵەت بووە نە ئێستاش دەوڵەتە. سیستمی سیاسی و ئابووریی لە سوێد، سەرمایەدارییە، لێ سەرمایەدارییەکی مەرجدار و تایبەت بۆ سوێد خۆی. بە بەراورد لەتەک وەڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکای سەرمایەداریدا، سوێد تا ڕادەیەک بڕێک بنەمای سۆسیالیستی و دادپەروەری و یەکسانی تێدایە. کوردستان لاسایی سوێد و وەڵاتێن مانەندی ئەو ناکاتەوە، بەڵکە لاسایی ئەمەریکا دەکاتەوە!


لە وەڵاتێکی وەک ئینگلستان، کە وەک بنگەی سەرمایەداری و دیموکراتی و لیبرالیزم، سەیردەکرێت، لە وتارێکدا لە 12 فێبریوەری 2019دا، لە ڕۆژنامەی گاردیان(The Guardian)ی لەندەنیدا، خوێندنگە تایبەتییەکان بە “مۆتۆری نادادی” یا “بزوێنەری نادادی” ناو دەبات و پێیوایە، ئەو خوێندنگەیانە ،جیاوازیی لەنێوان خوێندکاراندا چێدەکەن و دەبنە کارگەی بەرهەمهێنانی ڕێبەر و کارگێڕ و میدیاکار و هونەرمەند و پەرلەمانتار و سیاسی و دادوەر و وەرزشکار و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو و بەوە، خوێندکارانی خوێندنگە دەوڵەتییەکان، پشتگوێ دەخرێن و دوا دەکەون. خوێندنگە تایبەتییەکان لە ئینگلستان 6%ی ژمارەی خوێندکارانی ئەو وەڵاتە فێردەکەن و باردەهێنن، کە دەکەنە625000 شاگرد و بەسەر 2600 خوێندنگەدا دابەش دەبن. ئەوە لە ئینگلستان، خەڵکی بەتەنگەوەهاتووی وڵات و مرۆڤی ئەوێ بەو جۆرە دەنۆڕنە ئەو مژارە، لێ لە کوردستانە تا بیناقاقا لە گەندەڵیدا چەقیو و خنکاوەکەی لەمەڕ خۆمان، هەرگیز باسێک لەو بابەتە نییە و هەرگیز کەس بەلای ئەوەدا ناچێت، کە پلەوپایەی جڤاکی و دەسەڵات و هەژموونی مرۆڤێک، بۆماوەیی سامان و دەوڵەمەندی، لە باوکودایک و باوانەوە دیاری دەکات و هەمیشە ئەو خێزانە دارایانە دەبنە خودانی دەسەڵات و هەژموون و پایە و خێزانە هەژارەکانیش وەک پاشکۆ دەمێننەوە .


بواری گوازتنەوە، یەکێکە لە کارەساتاویترین بوارەکانی ژیان لە کوردستان، کە هەر هەمووی کەرتی تایبەت داگیری کردووە. هاتوچۆی نێو شارەکان، هاتوچۆی نێوان شارەکان و دەرێی شارەکان، هاتۆچۆی دەرێی کوردستان، هەمووی کەرتی تایبەت ئەنجامی دەدات. ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمۆبیل دەهاوردرێن بۆ هەرێمی كوردستان، بێ ئەوەی یەک گەردیلە بیر لە ژینگە، شەقام، ڕێگەوبان، ڕووداوی ناخۆش و زیانی گیانی و ماددی بکرێتەوە. لەبری سەدان هەزار تاکسی و مینیبووس و ئەوانەی کەرتی تایبەت، کە بۆ هاتوچۆی خەڵک، لەسەر جادەکانن، دەشێ حوکوومەت، نەک کەرتی تایبەت، بە یەک لە سەدی1%ی ئەو ژمارەیە، ماشێنی گەورە، بووس، مینیبووس، ترام و هی دیکە، بخاتە بواری هاتوچۆی خەڵکەوە و ژمارەی ئۆتۆمۆبیل لەو وەڵاتەدا بهێنێتە سەر نیوە و چواریەک و ژیانی هەزاران خەڵک بپارێزرێ و ژینگە پاکژتر بێت. دەگوترێ، کە تەنێ لە شاری هەولێردا نزیکەی یەک میلیۆن ماشێنی تایبەت هەن و ڕۆژانە بەسەر ئەو شەقامانەدا دەخولێنەوە، ئەوجا لەوە گەڕێ، کە چەندی هی حوکوومەت و چەند تاکسی و هی دیکەش هەن. دیارە لە باژێڕەکانی دیکەش حاڵ لەوە باشتر نییە.


بواری کشتوکاڵ لە کوردستان، دەکرێتە قوربانی بەرهەمی کشتوکاڵی وەڵاتانی دەوروبەر. هەموو بەرهەمێکی کشتوکاڵیی تەنانەت ئەوانەیشی لە کوردستان فرەن، بازرگانان بێ گوێدانە ئەوە هەر دەیانهێنن. زەوی کشتوکاڵ و کێلگە دەکرێنە خانوو و دەفرۆشرێن. گوڵ لە هۆڵاند و کینیاوە، مریشک لە برازیلەوە، هێلکە و ساوەر لە تورکیاوە، گوشتی مەڕ لە نیوزیلاندەوە، ڕانکوچۆغەی دووراو لە چینەوە و لە هەموو دنیاوە، بازرگانانی کورد دەیانهێن، بێ ئەوەی بیرێک لە وەرزێر و جووتیار و ئاژەڵدارانی کوردستان بکرێتەوە. پێستی ئاژەڵ، کە دەشێ دەیان شتی لێ دروستبکرێ، دوای سەربڕینی ئاژەڵەکە و خواردنی گۆشتەکەی، فڕێدەدرێ! خوری مەڕ و مووی بزن، کە جاران دەڕێسران و جاجم و خورج و کڵاش و هۆڕ و نەوو و فەرەنجی و کەڕەک و دەیان شتی دیکەیان لێ دروستدەکران، ئێستا لە کوردستان دەسووتێنرێن! هەرچی کاڵایە، تەنانەت ئەو کاڵایانەیشی کوردستان بۆ خۆی بەرهەمی دەهێنێت، لە دەرێ ڕا دەهاوردرێن. ئەوە هیچ لە تورکیا و ئێران و سووریا و عیراقەوە، لە چین و ئەڵمانیا و برازیل و ئەمەریکا و نیوزیلاندەوە تا دەگاتە بنی دونیا بازاڕەکانی کوردستانیان لێ پڕ دەکرێن. تەواوی ئەو ماڵوێرانییەیە بە پێزانینی حوکوومەت و بە بەشداریی سەرمایەدارانی حیزب و ئەوانی دیکە دەکرێ.


لە هەموو جیهاندا، باس لە خراپی و زیانی جگەرە دەکرێ و لە زۆرێک لە وەڵاتانی جیهانێ، لە شوێن و جێگە گشتییەکاندا، تەنانەت لە ڕیستۆرانت و مەیخانەکانیشدا، سیغارکێشان قەدەغەدەکرێت، کەچی لە کوردستان، بازرگانیکردن بە جگەرەوە دەگاتە ترۆپکی برەو. کوردستان، جاران بۆ خۆی گارگەی جگەرەدروستکردنی لە هەولێر و لە سلێمانیش هەبوون و تووتنی خۆماڵیی لەو کارگانەدا بەکاردەبران. ئێستا و ساڵانێکە، لەودەمەوە، کە ئیدی هەرێم هەیە، بازرگانی کوردستان، لەوپەڕی دنیاوە جگەرە دێنێتە نێو کوردستانەوە و لەوێشەوە بۆ قازانج دەینێرێتە هەندەران. بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی حوكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سێ ساڵی ڕابردوودا بایی نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار جگەرە هاوردراوەتە هەرێمی كوردستان. هاوردەی جگەرەش ساڵ بەساڵ زیادی كردووە، بەجۆرێك ساڵی ڕابردوو بە بەراورد بە ساڵی پێشتر 51% زیادی كردووە.

هەر بەپێی ئامارەکان نزیكەی 170 ماركە و جۆری جگەرە لە 42 وڵاتەوە دەهاورێنە کوردستان. هەندەک جۆری جگەرە لە کوردستان بەرچاو دەکەون، لە هیچ جێیەکی دنیادا نابینرێن. هەرێمی كوردستان بووەتە ناوەندێك بۆ هەناردنی جگەرە بۆ وڵاتانی دەوروبەر، مانگانە پتر لە 100 هەزار كارتۆن جگەرە بە هەموو جۆرەكانییەوە لە هەرێمی كوردستانەوە دەهەناردرێت بۆ ئێران و توركیا و سووریا و عیراق. بازرگانی کورد، فەرهەنگی نێرگەلەکێشانیانیشیان هێناوەتە کوردستانەوە و بە سەدان نێرگەلەخانە لە کوردستان پەیدابوون.

جگەرە و نێرگەلە ئێستاکە کلاسیکن، دەرمان و حەبی مەستبوون و گێژبوون و ماددەی هۆشبەر و بەنگکێشانیش کوردستانی تەنیوەتەوە و هەڕەشەیەکی گەلێ گەورە لە دانیشتووانی وەڵاتەکە دەکات. تەنێ جگەرە و نێرگەلە و ماددەی هۆشبەر نییە، کە بازرگانانی کوردستان، کوردستان و وەڵاتانی دەوروبەریشیان لێ پڕ کردووە، خواردنەوە ئەلکهوولییەکانیش بە هەموو جۆرەکانییەوە، لە کوردستان بازاڕیان گەرمە و لە کوردستانەوە ئاوەودیوی ئێران دەکرێن، چون ئێران بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەلکهوول تێیدا قەدەغەیە. ئەو کۆڵبەرە کوردانەی لەنێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا، ئەمدیو و ئەودیو دەکەن و هەر بەینێ جارێک بڕێکیان لێ دەبنە قوربانی، بەشێکیان خواردنەوە ئەلکهوولییەکان دەگوێزنەوە. زۆرینەمان فیلمی”ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان”ی بەهمەنی قوبادیمان دێتەوە یاد، کە باس لەو کۆڵەبەرانە و باری ئەسپ و هێسترەکانیان دەکات.


لە سوێد، کە بە وەڵاتێکی گەلی لیبرالی ئەوروپا دەژمێردرێت و لە هەرە پێشکەوتووەکانیشیەتی، کڕین و فرۆشتن و تەواوی وردەکارییەکانی پێوەنددار بە ئەلکهوولەوە، بە کۆمپانیایەکەوە گرێدراوە، سەر بە دەوڵەتە. ئەو کۆمپانیایە، کە پێی دەگوترێ سیستێم بوڵاگێت (Systembolaget)، لە ساڵی 1955ەوە دامەزراوە، خاوەنی سەرمایەیەکە، کە نزیکەی 31 بیلیۆن کرۆنی سوێدییە و دەکاتە نزیکەی سێ بلیۆن و سێسەدوسی میلیۆن (3330000000 دۆلاری ئەمەریکی و نزیکەی 3500کەس کاری تێدا دەکەن. بێجگە لە ئەلکهوول(بە هەموو جۆرەکانییەوە، سووک و قورس و مەی و بیرە)، ئەو کۆمپانیایە کار لە کڕین و فرۆشتنی وردەواڵەی دیکەشدا دەکات. لە ساڵی 1994دا بۆ ئەوەی سوێد ببێتە ئەندامی یەکیەتیی ئەوروپا یا نەبێت، دەنگدان کرا و بە زۆرینەی دەنگی دانیشتووانی سوێد، دەنگ بە چوونە نێو یەکیەتیی ئەوروپا درا. لە یەکیەتیی ئەوروپادا ئەلکهوول لە بازاڕدا و لە هەموو فرۆشگەیەکدا ئازادانە وەک کۆکاکۆلا و ئاوی خواردنەوە و جاجکە و ڕۆژنامە و هەموو شتێکی دیکە دەفرۆشرێت، لێ سوێد ئەوەی قەبووڵ نەکرد و سستێم بۆڵاگەکەی خۆی پاراست و هێشتەوە و تەواوی قانوونگەلێکی پێوەندداری بە ئەلکهوول و خواردنەوەی و کڕین و فرۆشتنییەوە و تەواوی بازرگانی و چالاکییەکانی ئەو بوارە و ئەو کۆمپانیایە لە دەستی دەوڵەتدا هێشتەوە.


بوارێکی دیکەی کەرتی تایبەت لە کوردستان، بازرگانیکردنە بە نەفتەوە. لەو خاڵەسنوورییانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ئێرانێدا، بە پێی ئامارگەلێک، کە کەسانێکی شارەزا و زیتەڵە و وریای دانیشتووانی ئەو خاڵەسنوورییانەی پەروێزخان و باشماخ و حاجی ئۆمەران، دەیگێڕنەوە، ڕۆژانە نزیکەی 900 تانکەر نەوتی ڕەشی پاشماوەی پاڵاوتەکان، کە “نەفتا”یشی پێ دەگوترێ، دەبرێنە دیوی ئێرانەوە و لەوێوە ڕەوانەی بەندەر ئیمام، بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە پەروێزخانەوە، ڕۆژانە 700 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئیمام دەکرێن. لە پێنجوێن و باشماخەوە ڕۆژانە 25 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. لە حاجی ئۆمەرانەوە ڕۆژانە 150 تانکەر ڕەوانەی بەندەر ئەنزڵی و زەریای خەزەر دەکرێن. هەر یەک تانکەر لەوانە 25 تەن(تۆن) نەفت دەگرێ. هەر یەک تەن لەو نەفتە بە 600 دۆلارێک دەفرۆشرێت. ئەو نەفتەی دەنێردرێتە بەندەر ئیمام، بە کۆمپانیای بیانی دەفرۆشرێت، چون ئێران ئەو بەرهەمانە ناکڕێ. ئەگەر داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە بژمێرین، دەگەینە ئەم ئەنجامانەی خوارێ:


لە پەروێزخانەوە هەر ڕۆژەی 700 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەر یەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دەمیلیۆن و پێنجسەدهەزار( 10500000) دۆلار.
لە پێنجوێن و باشماخەوە هەر ڕۆژەی 25 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: سێسەدوحفتاوپێنج هەزار(375000)دۆلار.
لە حاجی ئۆمەرانەوە هەر ڕۆژەی 150 تانکەر دەڕوات، کە هەریەکەو هەڵگری 25 تۆن نەفتە و هەریەک تۆنی بە 600 دۆلار دەفرۆشرێ، پارەکەی دەکاتە: دوومیلیۆن و دووسەدوپەنجا هەزار(2250000) دۆلار.
سەرجەمی داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی ئەو نەفتە لەو سێ خاڵە سنوورییەوە، دەکاتە: سێزدەمیلیۆن و سەدوبیستوپێنج هەزار (13125000) دۆلار. تەواوی ئەو بازرگانییەی ئەو نەفتە ڕەوانەکردن و فرۆشتن و پارەوەرگرتنە هی دوو کۆمپانیان: کۆمپانیای”قەیوان/ Qaiwan Group” کە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەنیەتی و کۆمپانیای “عیراق ئۆیڵ/Iraq Oil” کە پارتیی دیموکراتی کوردستان خاوەنیەتی. کۆمپانیای قەیوان، نەفتەکەی خۆی لە ڕێگەی پەروێزخان و باشماخەوە ڕەوانە دەکات، هەرچی عیراق ئۆیڵە لە حاجی ئۆمەران و جارجار کەمێکیش لە باشماخ و پەرێزخانەوە دەنێرێت. ئەو دوو کۆمپانیایە، دوو کۆمپانیای کەرتی تایبەتن، چون حیزب خاوەنیانە، نەک دەوڵەت و حوکوومەت. تەواوی ئەو داهاتانەش دەگەڕێتەوە بۆ حیزب.


کەرتی تایبەت، لەم ساڵانەدا گرنگییەکی فرە بە کردنەوە و دامەزراندنی بازاڕی یەکجار مەزن دەدات، کە (مۆڵ)یان پێ دەگوترێن. ئەم مۆڵانە، بازاڕەیلێکن، هەرچی کاڵایە تێیاندا، لەهەندەرانەوە هاوردراون. کاڵاگەلێکی تێیاندا دەفرۆشرێت، لە بازاڕەکانی سوێددا، گەلێک لەو نرخانەی کوردستان هەرزانترن. مۆڵ، دەکاتە لەنێوبردنی فرۆشگە و دوکانی گچکەی خۆماڵی و نەریتی. مۆڵ، تەنێ خزمەت بە چینە دارا و بەرکپڕەکان دەکات.
سەرمایەداری کوردستان، وڵاتەکەی پڕکردووە لە مەساجخانە، کە هەموو شتێکی دیکەیە، بێجگە لە مەساج. هەزاران ژنی نیپالی، ئەفریقایی، تایلاندی و شوێنانی دیکە، لە لایەن بەڵێندەر و سەرمایەدارانەوە، دەهێنڕینە کوردستان، بۆ کارکردن لە ماڵە دەوڵەمەندەکاندا، بۆ کارکردن لەمەساجخانەدا، بۆ کارکردن لە بواری ئاوڕووبەری دیکەدا، کە تەواوی ئەوانە سووکایەتیکردنە بە مرۆڤ و بە ژنان بە تایبەت. ڕێکخستنی هەڵبژاردنی شاجوان، لە کوردستان بووەتە نەریتێک، کە لە مۆڵەکاندا دەکرێ و سەرمایەداران بە میلیۆنان دۆلاری تێدا خەرج دەکەن. بانگهێشتنی چەندین سترانبێژ و بەناو هونەرمەندی وەڵاتێن عەرەب، تورکیا و شوێنانی دیکە، بووەتە ئامرازێکی دیکەی تێکدانی جڤاک و خڕکردنەوەی پارە.


بەرێوەبەریەتی گشتیی كۆمپانیاكان لە کوردستان. لە ساڵی 2017دا، باس لە بوونی21000 كۆمپانیای ناوخۆیی و3100كۆمپانیای بیانی لە کوردستان دەکات، کە تێکڕا دەکەنە 24100 کۆمپانیای تایبەت، ئەهلی، ناحوکوومەتی سەربە کەرتی تایبەت.
فیدێل کاسترۆ(Fidel Castro ،13/08/1926-25/11/2016)ی شۆڕشگێڕی ڕێبەری شۆڕشی کووبا، لە 25ی نۆڤەمبەری 2016دا، لە تەمەنی 90 ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد. لاشەکەی سووتێنرا و خۆڵەکوو(خۆڵەمێش)ەکەی لە هاڤانای پێتەختی کووباوە بە کەژاوە و کاروانی هەزاران مرۆڤ و ماشێنەوە، بە هەمان ڕێگەی کە لە جەنیوەری 1959دا، کاروانی ئازادی، شۆڕشگێڕانی کووبای، بە ڕێبەریی کاسترۆ، پێدا هاتبوون بۆ هاڤانای پێتەخت و جاڕی ڕزگاری و سەرکەوتنی شۆڕشیان بەسەر ڕێژیمی باتیستا(Fulgencio Batista)دا، دا و کاسترۆ و هاوڕێیانی دەسەڵاتیان گرتەدەست، بە درێژایی 900 کم خۆڵەکووەکەی کاسترۆ، بەنێو باژێڕ و ئاوایی و جەماوەری خەڵکدا، برایەوە بۆ سانتیاگۆ دی کووبا (Santiago de Cuba)، ئەو باژێڕەی کاسترۆ تێیدا هاتبووە دنیاوە و لەوێ لە گۆڕستانی سانتا ئیفگێنیا (Santa Ifigenia Cemetery)، دوای 9 ڕۆژان لە تازیەباری، بە خاک سپێردرا.

هاوڕێیەکم، کە لە سوێد دەژی، لەو کاتەدا لە کووبا بوو و لەگەڵ ڕەوتی کەژاوەی گێڕانەوەی خۆڵەکەوەی لاشەسووتێنراوەکەی کاسترۆدا ڕۆیشتبوو و هەموو ئەو ڕۆژانەی تازیەبارییەکە بەشداریی کردبوو، تا بەخاکسپاردنی. هاوڕێیەکەم گێڕایەوە و گوتی:”کاسترۆ، ماوەیەک پێش مردنی، کە نە لە دەسەڵات و نە لە ڕێبەریی حیزب مابوو، لەگەڵ ڕێبەرایەتی حیزبی کۆمۆنیست و ڕێبەرانی دەوڵەتدا،کۆبووبووەوە و پێێ گوتبوون، من دەزانم جیهان لە گۆڕاندایە و ئەمەریکا و ڕۆژاوا، لە دوای سەردانەکەی ئۆباما(Obama)وە بۆ کووبا، ئیدی هاتوونەتە نێو کووباوە و هەژموونی خۆیان لەم وڵاتەدا دەبێ و ڕەنگە ئیدی نەکرێ بەریان پێ بگیرێت.

ئەوەی من داواتان لێ دەکەم، ئەگەر دەسبەرداری تەواوی بەها و دەسکەوتەکانمان دەبن و ئابووری و شێوازی ژیان و کارگێڕی دەگۆڕن و دەسکاری دەکەن، هەرچەندە من حەز ناکەم و لەگەڵی نیم، لێ گرنگ نییە بەلامەوە چ دەگۆڕن، ئەوەی بۆ من گرنگە، دوو شتە، هەردوو کەرت و بواری تەندروستی و خوێندنە. ئەو دوو بوارە، کە بوارەیلێکن پێوەندیان بە ژیانی خەڵکەوەیە، جەماوەرەکە، خەڵکە فراوانەکە، ئێمە لە کووبادا تێیاندا سەرکەوتوو بووین و لە هەردوویاندا خەڵک، هەموو خەڵک، سوودمەند بوون و نموونەیەکی ڕەنگینمان بە مرۆڤایەتی پێشانداوە، داواتان لێ دەکەم هەرگیز مەیانگۆڕن و دەسکارییان مەکەن و وەک خۆیان بیانهێڵنەوە”.


باشووری کوردستان، زۆرینەی ڕەهای خەڵکەکەی، جڤاکەکەی، بێجگە لەوانەی حیزب و دەسەڵات و نانخۆری سەر خوانی ئەوان، لە ڕەوشێکی ئابووری پڕ لە نایەکسانی و نادادیدا دەژین. نایەکسانی ئابووری، بەرهەم و دەستکردی، ئابووری بازاڕ و ئابووری ئازاد و کەرتی تایبەت و سەرمایەدارییە.

حوکوومەت و دەوڵەت، ئەگەر بۆخۆی موڵکی حیزب نەبێت و حیزبیش کەرتی تایبەت و سەرمایەدار نەبێت، بەرپرسە لە سنووردانان بۆ ئەو نایەکسانی و نادادییە و دەتوانێت لە ڕێگەی نەخشە و بەرنامەگەلێکەوە، کە بۆ هەژاران سوودبەخش بن، بەرنامەگەلێکی وەک: خوێندنی بەخۆڕایی، خزمەتی تەندروستی و لەشساغی و دەرمان و نەخۆشخانە بە خۆڕایی، کۆمەکی جڤاکی و بیمەی ژیان بە پەککەوتە و پیران و نەداران، وەرگرتنی ڕێژەیەکی بەرزتری باج لە دەوڵەمەندان، دابینکردنی جێگەی ژیان و خانوو و ماڵ بە مفت یا بە نرخێکی هەرزان بۆ دەستکورتان، هاتوچۆکردنی بە خۆڕایی یا هەرزان، بە ئامرازەکانی گوازتنەوە بۆ نەداران، کورتکردنەوەی دەستی کەرتی تایبەت و ڕادەستکردنی هەموو بوارە گرنگەکانی، کە پێوەندن بە ژیانی خەڵک و داهاتوویانەوە بە کەرتی گشتی و بە دەوڵەتیکردنیان و زۆری دیکە، لەسەر بنەمای نەخشەدانانی ئابووری ناوەندەکییەوە، کە یەکسانی دێنێتە گۆڕی و هانی یەک جۆرە دەرفەت بۆ هەمووان دەدات، دەتوانێت چارەسەری ئەو ماڵوێرانییە بکات و هەژموونی چینی سەرمایەدار نەهێڵێت. ئەگەر وا نەبێت و بەو جۆرە نەبێت، چ تام و چێژ و خۆشی و ئۆمێدێک لەو نیشتمانەدا هەیە؟
سوارەی ئێلخانیزادەی شاعیر (1937-1976)، له‌ شيعرى “شار” دا، کە يه‌كێكه‌ له‌ به‌ناوبانگترين شيعره‌كانى و بۆ خۆشەویستەکەی نووسیوە و من لێرەدا تەنێ یەک دوو کۆپلەیەکی دەگوێزمەوە، دەڵێ:


گوڵم!
دڵم پڕە لە دەرد و کوڵ
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
چلۆن بژیم لە شارەکەت
کە پڕبەدڵ دژی گزەم؟!
لە شارەکەت زەلیلە شێر،
باوی ڕێوییە
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت
گوڵم، ھەرێمی زۆنگ و زەل
چلۆن ئەبێتە جاڕەگوڵ
لە شاری تۆ، لە بانی عەرشە قۆنەرەی دراو
شارەکەت
ئاسکە جوانەکەم!
تەسکە بۆ ئەوین و بۆ خەفەت ھەراو
کێ لە شاری تۆ، لە شاری قاتڵی ھەژار
گوێ ئەداتە ئایەتی پەڕاوی دڵ؟
ئەڵێم بڕۆم لە شارەکەت گوڵم


لە نیشتمانێکدا، کە بەدەست کەرتی تایبەت و بەرپرسی سەرمایەدار و سەرمایەداری مەعموولییەوە، پڕ بێ لە گزی و باوی ڕێوی بێت و شێر تێیدا زەلیل، دەڤەرێک بێت بۆ زۆنگ و زەل، کەوشی پارەوپووڵ لە بانی عەرش بێت و هەژارکوژ بێت، دەبێ ژیان بۆ نەداران و چینەکانی خوارێی پلیکانێی جڤاک ج واتایەکی هەبێت؟
فیلۆسۆف و دەوڵەتمەداری ئایرلەندی ئێدمۆند بورک(Edmund Burke)/ 1797-1729)، کە لەلایەن زۆرێکەوە بە دامەزرێنەری بیری کۆنسێرڤاتیزم دادەنرێ، دەڵێ:”بۆ ئەوەی نیشتمانمان خۆش گەرەک بێت، دەبێ شتگەلێک لە نیشتماندا هەبن پاڵمان پێوە بنێن بۆ خۆشویستنی. ئەگەر لە نیشتماندا، ئەو شتگەلە پاڵنەرانەی، کە وامان لێ دەکەن خۆشیمان بووێت و هەست بە ئینتیما بکەین بۆی، نەبن، ئەوا ئەوەی ناوی نیشتمانی لێ دەنێین درۆیەکەی گەورەیە”.


2019-02-19

پەراوێزەکان:

شیعرەکەی (مەحموود دەرویش)، بە عەرەبی ناوی”لیس للکرد إلا الریح”ە و بە (سەلیم بەرەکات) پێشکەش کراوە.
https://www.theguardian.com/commentisfree/2019/feb/12/the-guardian-view-on-private-schools-motors-of-unfairness

Previous
Next
Kurdish