Skip to Content

42 Views

جۆگه‌ی زام نیگای ئه‌شكه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

جۆگه‌ی زام نیگای ئه‌شكه‌ … ستار ئه‌حمه‌د

Be First!
by March 1, 2019 General, Poems
image_print

له‌نجه‌ی گوڵ نیگای چۆله‌كه‌یه‌كی سه‌ربڕاو
له‌ ئه‌شكی سوورما ده‌نێته‌ جۆگه‌ی زام
قووڵ وه‌كو عه‌شقی نالی بۆ حه‌بیبه‌
بێگه‌رد به‌ پاكیزه‌یی گۆشه‌ی دڵی زارۆكه‌كان
له‌ بره‌وی ئه‌و شه‌ونمه‌ ئاڵانه‌ی
له‌ برۆی بێئاكامی چڵه‌كاندا ده‌بینرێ
هێلانه‌ بابرده‌كان له‌ رۆخی تاڤگه‌یه‌كا گلده‌داته‌وه‌
ده‌م له‌سه‌ر په‌یڤی شیرینت داده‌نێم
رسته‌ ته‌نراوه‌كان عومری نائومێدیت ده‌ژمێرن
ناونیشانه‌ ترسناكه‌كان تافی كچێنیت ده‌خه‌نه‌ گۆڕ
فرمێسكێ داگیرساوم له‌ دیده‌ی خاكه‌وه‌
ده‌رژێمه‌ سێبه‌ری به‌ردێكی خوێناوی
به‌ په‌نجه‌ی تۆ سوور بووه‌
تابلۆی بوونت له‌گه‌ردنیا نه‌خشێنراوه‌
عه‌شقێكم له‌ فه‌رهه‌نگی بێزاره‌كان ده‌گه‌ڕێم
له‌ كۆشی نورانیتدا ورده‌ به‌زه‌یی دانه‌ی ره‌حمه‌ته‌
بارانێك له‌ گوڵه‌ ئه‌سرین
گه‌ردانه‌یه‌كی نامورادی ده‌هۆننه‌وه‌
به‌قه‌د ساڵانی ته‌نیاییم.. له‌ سیمات ورده‌بمه‌وه‌
دڵم ناسك.. ته‌مه‌نم گچكه‌
ئه‌وینم ده‌بێته‌ دورگه‌یه‌كی سوتێنراو
به‌ دوای خۆزگه‌كاندا هه‌ڵدێم
له‌ سێبه‌رم بترازێ.. ئاوڕدانه‌وه‌م گڵكۆی حه‌سره‌ته‌
له‌پاڵ نیازه‌كانما پرشنگی پرچت
به‌روارێكی نوێم بیرده‌خه‌نه‌وه‌
چاوه‌كانت دیوانێكی سه‌ربڕاوه‌
كه‌س نایانخوێنێته‌وه‌
له‌ خاڵێكی شه‌ونمه‌ رازێكدا گرمۆڵه‌ ده‌بم
چه‌پكێ له‌ گوڵه‌ شیعر ده‌مبه‌نه‌وه‌ دونیای جاویدانی
برینه‌كانم شۆسته‌ی مه‌رگن
ده‌روازه‌ی روانگه‌ت ئاسۆی كامه‌رانی
ئه‌وه‌ی له‌من بێزاره‌ په‌یوه‌ست‌و
په‌نجه‌ره‌ی ئاگرین
شۆسته‌ی گڕاوی
كڕێوه‌ی به‌فری كه‌ژاوه‌ی برین
دیواره‌كان ده‌ست ده‌گرن به‌ساوای حه‌زمه‌وه‌
لانكی بێداریم له‌ته‌م دروست ده‌كه‌ن
چاوه‌كانت داده‌گیرسێن
ده‌سخه‌ڕۆ پرسه‌یه‌ك ده‌گێڕم
بۆ مه‌رگی شیعر
جوانڕۆیی خامه‌
شه‌هید بوونی تۆ
دیلیی خۆم
بۆ نه‌دارانی شه‌قامه‌كان‌و
قه‌تماغه‌ی زامه‌كان

ستار ئه‌حمه‌د

Previous
Next

Leave a Reply