Skip to Content

72 Views

ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا – 2- …     ناڵە حەسەن

ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا – 2- … ناڵە حەسەن

Be First!
by March 1, 2019 General, Literature
image_print

بەشی دووەم

ئایدیۆلۆژیا و بوون
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و لەنێو کۆمەڵدا لەگەڵ کەساینیتر ژیان بەسەر دەبات ، کێشە و ململانێکانیش هەر لێرەوە سەرچاوە دەگرن ، تەنانەت مرۆڤ بۆ ئەوەی هەست بەبوونی خۆی بکات و یان لە هەوڵی سەڵماندنی بوونی خۆی دابێت ، وا پێویست دەکات لە نێو ژیان و لەنێو کۆمەڵدا بێت ، لەگەڵ ئەویتردا بێت و لە کێشە و گرفتەکان بەشداری بکات ، ئەمەش بنەمایەکە لە داکۆکیکردن لە بوونێکی ئازاد و ژیانێکی تەندروست هەروەک لە کتێبی ( ئەنتۆلۆجی بنەرەتی و بوونی مرۆڤ ) دا کە لە نووسینی ( د. محەمەد کەمال )دا هاتووە ، ( بوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا پێشمەرجی ئۆنتۆلۆجییە ، بۆ بوونی مرۆڤ کە دەمانگەیەنێتە سنووری ئەودیو گومانکارییەوە ، ڕەتی ئەو کێشەیە دەکاتەوە کە بوونی کەسانی دیکە لەسەر ئەم زەمینە ئەپسمۆلۆجییەکە دەکاتە گرفتێکی فەلسەفی دژوار ) .

نووسەریش وەک هەر کەسێکی دی لەنێو ئەم هاوکێشەییەی ژیاندا کاریگەری و بوونی هەیە ، لە ڕێگای ئەدەبەکەی هەوڵدەدات مانایەک بەبوونی ببەخشێت . چونکە بە پێی فەلسەفەی بوونگەرایی ( مرۆڤەکان یان بوون بە ناتەواوی هاتۆتە بوون ، دەبێت مرۆڤەکان لەنێو ژیاندا لە هەوڵی تەواوکردنی بوونی خۆیان دابن ..) نووسەرەکان ، نووسین و داهێنانەکانییان وەک پڕۆژەیەکە بۆ تەواوکردنی بوونییان ، لای ( نێچە )ی فەیلەسووف ( بۆ ئەوەی ببی بە کەسێکی داهێنەر ، بۆ ئەوەی ببی بە خۆت ، دەبێ هەموو شتە میراتییەکان تووڕ هەڵبدەی ، خۆت بەهاو نەریت و ڕەفتار بۆخۆت دابتاشی ..) یان نێچە لە نێو فەلسەفەکەی خۆیدا ، هەمیشە تەرکیزی کردۆتە سەر بەدیهاتنی مرۆڤی باڵا .. لای نێچە مرۆڤی باڵا ئەو کەسەیە ، کە خاوەن ئەو هێزە بیت کە خۆی بێت و ئەویتر نەبێت ..! هەر بۆیە بە نێچەیان گوتووە ( فەیلەسوفی هێز ) چونکە لەلای ئەو / مرۆڤ ئەوکاتانە دەگاتە پایەی ئەو هێزە ، کە وەک مرۆڤێکی یاخی هەموو بەهاکانی بۆی داتاشراوە فڕێداتە پشتەوە ، چونکە لەگەڵ هەر جووڵەیەکی یاخیبووندا جۆرێک لە ئاگایی و وشیاری سەرهەڵدەدا.

بەتایبەت بۆ نووسەر ، بەها مرۆییەکان لەسەرووی هەموو بەهاکانن ، ئەدەبیش لە ریگەی ئیشکردن لەسەر ئەم بەها مرۆییانە مانا بنەڕەتییەکەی بەدەستدەهێنێ . ( هێز و بوونێکی باڵا ) بنەمایەک بووە نێچە ئیشی لەسەر کردووە ، پێیوابووە کەسی ( لاواز و بێهێز ) زەلیلانە دەژی و ناتوانێ مانایەک بەبوونی خۆی بدات ، نووسەرانیش گەر بەهێز نەبن و خودان بوونێکی باڵا نەبن ناتوانن داهێنان بکەن ، چونکە کەسی لاواز قسەی ئەوانیتر دەکاتەوە ..! لەلای بوونگەراکانیش مرۆڤی باڵا و خاوەن هێز ، ئەوکەسانەن ڕێگەنادەن کەسانیتر بوونییان داگیر بکەن ، هەروەک ( د. محەمەد کەمال ) لە کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفە ) دا باسدەکات و دەڵێت ،( ڕەسەنی و نارەسەنی پەیوەندی بە خۆشگوزەرانییەوە نییە ، مرۆڤی ڕەسەن شێوازی بوونێکی سەربەستی هەیە و ڕێگەی بە ئەوان نەداوە بوونی داگیر بکەن یان ببن بە دۆزەخ بۆ ئەو .. ) دیارە لێرەدا دۆزەخ بەو مانایە دێت ، کە کەسانیتر بوونت داگیر بکەن و سەربەستیت لێ زەوت بکەن ، ئەگەر ئەدەب و نووسین پڕۆژەیەک بێت بۆ مانا بەخشین بە بوون یان تەواوبوونی بوون .

وا پێویست دەکات ، نووسەر خودان ئەو هێزە بێت بوونی خۆی بپارێزت و ڕێگە نەدات ، هیچ کەسێک یان لایەنێک و هێزێکی دەرەکی بوونی داگیر بکەن ، وا پێویست دەکات ، لەنێو نووسینەکانیدا ، خۆی بێت و حەز و ئارەزووەکانی خۆی بیجووڵێنێت ، نەک هیچ هێزێکی دەرەوەی خۆی . چونکە ئەوانەی دەستەمۆی هێزێکی دەرەکی دەبن جا ئەو هێزە دەسەڵات یان کەلتوور یان ئایین یان هەر ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بێت ، ئەوا ئەو کەسە لە ئاست رووداوە گرینگ و چارەنووسسازەکانی ژیانی بێ دەسەڵاتە و ئەوەی ڕوودەدات بەسەریدا دەسەپێنن و ئەویش کەسێکی ملکەچ و دەستەمۆ دەبێ ..! نووسەرە ملکەچ و دەستەمۆکانیش ، قسەی نێو نووسینەکانیان قسەی خۆیان نین چونکە ، لە بنەڕەتدا هێزێکی دەرەکی دەیانجووڵێنن . هەموو ئەو نووسەرانەی خاوەن بوونی خۆیان نین کەسانی نامۆن ، لە هەمانکات ڕەشبینن ، چونکە کەسانی ( نامۆ و ڕەشبین ) ئەو کەسانەن / کە خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان نین و ناتوانن مانایەک بەبوونی خۆیان ببەخشن . هێزە دەرەکییەکان بە تایبەت ئایدیۆلۆژیا ، یان باوەڕییتر ، ( بێگومان مرۆڤ لە هەڵبژاردنی بڕوا ئازادە ، بەڵام کاتێک دەبێ بە بڕواکەر سەربەستییەکەی لەناودەچێت ..! ) .

ئایدیۆلۆژیا وەک هێزێک لە سەرووی دەسەڵاتەکانی مرۆڤ خۆی بەسەر مرۆڤ و بەسەر بیرکردنەوە و بەسەر بوونی مرۆڤەکان دەسەپێنێت ، هەموو نووسەرە ئایدیۆلۆژیستەکان لە بنەڕەتدا کەسی نامۆ و رەشبینن ، چونکە لەنێو نووسین و بیرکردنەوەکانییان ، لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودایە و ناتوانن لەو بازنەیە دەرچن کە ، بەرنامە و ئایدیلۆژییەکەیان بۆیانی دیاریکردووە ، نووسەرانی ئایدیۆلۆژیست ئەو نووسەرانەن ، خاوەن بوونێکی لاواز و ناڕەسەنن ، لە نێو ژیان و نووسینەکانییان ناتوانن داهێنانی گەورە بکەن ، چونکە / کەسایەتییەک یان بوونێکی لاواز و دەستەمۆیان هەیە و لە چاوی کەسانیترەوە دەڕواننە ژیان و بە مێشکی ئەوانیتر بیر دەکەنەوە ..! ( دەبن بە کۆپییەک لەوان و خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆیان لەدەست دەدەن ..! ) دەبێ ئەوەش بزانین لاساییکردنەوە ئەوەیە کە پەنابردنە بەر ستایل و فۆڕم و زمانی کەسانیترەوە ، خەفەکردنی توانا و دەسەڵاتەکانی خودی خۆتە ، کاتێک خاوەنی بوونی خۆت نەبووی واتە ، ناڕەسەنی تواناکانی مرۆڤ کەمدەکاتەوە و کارتێکردنی نالەباری لەسەر تێگەیشتن و توانای بیرکردنەوە و مەعریفەی کەسەکان دەبێت ، ئەمجۆرە نووسەرانە نووسەری نامۆن و تایبەتمەندیەکانی خۆیان شێواندووە بەتایبەت / سەربەستی و ئازادی خۆیان لەدەست داوە ، مرۆڤی نامۆ و ڕەشبینیش بەدوای دۆزینەوەی ڕاستییەکان ناگەڕێن چونکە / چاوەڕێی کەسانیترن کە ڕاستییان پێ نیشان بدەن ..! وا پێویست دەکات ئەو ڕاستییەشمان لەبەرچاو بێت ، جا چ نووسەر بیت یان کەسی ئاسایی ، لە نێو ژیان یان لەنێو نووسین و ئەدەب ، ( ئازادی بەمانای بوونی مرۆڤ دێت ) هەرکاتێک / مرۆڤ ڕێگە بدات کەسانیتر یان هێزە دەرەکییەکان / ئازادی و بوونی داگیر بکەن ئەوا ، ئەو کەسە کەسێکە بە ژیانی کۆیلایەتی ڕازییە واتە ، بە خواستی خۆی ژیانی کۆیلایەتی هەڵبژاردووە چونکە ، ڕیگەی بەوەداوە لەنێو کۆمەڵدا بخریتە پەراوێزەوە و لە نێو بازنەکانی ئایدیۆلۆژیا و کەلتوورەکان بەها و نەریتێک بەسەریدا سەپێندراوە ، ئەم بەسەر سەپاندن و دەستەمۆکردنەش هۆکارێکە بۆ دەستبەسەراگرتنی ئازادی و ڕەسەنێتی بوونی ئەوتاکە ، ئێمە پێمانوایە / ئایدیۆلۆژیا لەبەرامبەر داگیرکردنی ئازادی بوونی کەسەکان ، ئەو ڕۆلە نێگەتیفە دەگێڕێ ، بەبڕوای نێچەش ( مەترسیدارترین وەهمی زاتی و گەورەترین خورافەی بۆ ماوەیی کە لەگەڵ واقیعدا تێکبگیرێ و لەگەڵ بابەتیبووندا پێکدا بپژێت ئەوە ( ئایینە ) .. ) ، لەلای نێچە ( ئایین ) یەکێک لە سەرچاوەکانی کزۆڵبوون و لاوازکردنی مرۆڤ ، ئەو لاوازییەی کە وا لە مرۆڤ دەکات تەسلیم بە وەهمێک بێت و ڕاستییە بابەتییەکان بۆ ژیان و بوون ونبکات ، دیارە ئەوانەی بوونی مرۆڤ داگیردەکەن ، چ لە ڕێگەی دەسەڵات بێت یان ئایین یان ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە ( هەر مرۆڤەکان خۆیانن دەیانەوێت بڕیار لەسەر پڕۆژەکانی بوونی ئەوانیتر بدەن ، دەیانەوێت ئەوانیتر وەک ئەو بیر بکەنەوە و شوێن باوەڕ و بەهاکانییان بکەون ، خاوەنی هەڵبژاردەی خۆیان نەبن ..! ) .

هەوڵی نووسەر لەنێو نووسین و ئەدەبەکەی ، کۆششێکی بەردەوام و داهێنەرانەیە بۆ گەیشتن بە دامەزراندنی پڕۆژەکان بە تایبەت پڕۆژەی مانابەخشین بەبوونی خۆی ، هەروەها نووسەر لەنێو ( نووسین و کتێبەکانی نەمری بە بیرکردنەوەکانی خۆی دەدات ) ، چونکە ئەدەب / جۆرێکە لە ئیشکردن بە ئاراستەی ( نەبوون بەرەو بوون ) بەڵام ( ئایین و ئایدیۆلۆژییاکان و هێز و بەها دەرەکییەکان ) جۆرە ئیشکردنێکە بە ئاراستەی ( بوون بەرەو نەبوون ) ڕێک بە پێچەوانەی ئەدەب و نووسین . چونکە ئایین و هەموو ئایدیۆلۆژییاکان لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراودا سەروەری و بەهای پیرۆز بە مردن دەبەخشن . ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا لەبەرامبەر چەمکی مردن ، لەگەڵ یەکتریدا ناتەبا و دژ دێنەوە ، چونکە لەنێو ئەدەب و ژیاندا ، بوون لەگەڵ ئەوانیتر مانایەکی هەیە بەڵام ، لەنێو ئایدیۆلۆژییاکاندا ، مردن لە پێناو ئامانجە دیاریکراوەکان سەروەرییەکە و مانا و مانەوەیەکی ئەبەدی هەیە ، بە تایبەت بە لێکدانەوەی ئایینەکان / مانەوەی ئەبەدیی لەدوای مردنەوەیە ، بەڵام لە بنەڕەتدا ، مردن کۆتایی بە هەموو پڕۆژەکانی بوون دەهێنێت و داهاتوو دەکۆژێت ، واتە ( مردن دوا پڕۆژەی بوونە ..! ) مرۆڤ کاتێک دەمرێت لەنێو ئیستا و داهاتوو نامێنێت ، دەبێت بەشێک لە ڕابردوو ، بۆیە لەنێو ئەدەبدا بەهاو سەروەری مرۆڤ لەوەدایە بمێنێتەوەو بژی ( ژیانیش هەمیشە لە مردن جوانترە ..! ) ، واتە لەپێناو ژیاندا بژی نەک مردن ، چونکە مرۆڤ تابژی دەتوانێت داهێنان بکات ، دەتوانێ ژیان بگۆڕێت و سەروەری و بەها بەبوونی خۆی ببەخشێت ، مرۆڤ تا مردن بوونێکی نیگەرانە و لەسەر ئەگەرەکان ئیشدەکات ، هەڵبژاردنی ئەگەرەکانیش ئاراستە وەرگرتنێکە بۆ بەردەوامبوون بەرەو ئایندە ، بەتایبەت ئەو مرۆڤانەی خاوەن بوونی خۆیانن واتە لەژێر ئایدیۆلۆژیا و کاریگەرە دەرەکییەکان نین ، دەتوانن ئەگەرێک هەڵبژێرن و بیکەن بە بنەمایەک بۆ پڕۆژەکانیان ، لەدواجار ئاکامەکەش بەدەستبهێنن .

ئەو نووسەرە دەستەمۆیانەی ، ئەوانەی رێگەیان بە کەسانیتر داوە بوونییان داگیر بکەن لە ئەگەرەکان ڕادەکەن و تەنانەت ، واز لە پڕۆژەی تەواوکردنی بوونی خۆشیان دەهێنن . ئایدیۆلۆژییاکان ، هەموو ئەدەبێک و فەلسەفەیەک و بیرکردنەوەیەکی دەرەوەی بازنەی بیرکردنەوەکانی خۆیان ڕەتدەکەنەوە و بێبەها سەیرییان دەکەن ، بۆ نموونە ( سارتەر)ییان بە سیخوڕی ئیسرائیل و ( جۆرج لۆکاش)ییان بە سیخوڕی ئەمریکا و (هایدگەر )یان بە لایەنگر لە فاشییەکان ناودەنا ، یان فەلسەفەی بوونگەرایان بە فەلسەفەیەکی ڕەشبین و بێبنەما دادەنا ، چونکە / ئایین و ئایدیۆلۆژییاکان ئیش لەسەر بە ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ دەکەن ، هەروەها ئایدیۆلۆژییاکان هەریەکە و پێویستییان بە حزبێکە ، حزبیش وەک سەرچاوەی هێز ، هێزێک لەسەرووی دەسەڵات و هێزی مرۆڤەکانەوە بێت ، کەسانێکیش لەسەرووی هەرەمی ئەم هێزەوە بە ناوی ( خودا ، سەرۆک ، پێشەوا ) دەبێت قسەکانییان بگوترێتەوە و فەرمانەکانییان جێبەجێبکرێن ، ئیتر بە پێی فەلسەفەی ئەم میکانیزمە چ بەهایەک و ڕەسەنایەتییەک بۆ بوونی کەسەکان و نووسەرەکان دەمێنێتەوە ، داهێنان جگە لەلاسایی کردنەوەو دووبارەکردنەوەی قسەی کەسانیتر چ مانایەکی دەبێت ؟ بە دیوێکیتر ، هەموو ئایدیۆلۆژییاکان ، چ ئایینی یان مارکسییستی یان ناسیۆنالیستیی ، کاتێک بە دەسەڵات دەگەن و دەوڵەتی خۆیان پێکدەهێنن ، جا دەوڵەتەکە ئیسلامی یان نەتەوەیی یان کۆمۆنیستی بێت ، بەمانای داگیرکردنی بوونی کەسانێک لەلایەن کەسانیترەوە دێت ، چونکە بەبڕوای ( لینین ) ، ( پێکهێنانی دەوڵەت بەمانای سەپاندنی دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە دێت ..! ) بەمانای لە هەموو کۆمەڵێک و دەسەڵاتێکدا ، مرۆڤەکان بە دوو فۆرم ژیان بەسەر دەبەن ،


یەکەم / بڕواکردنە بە بوون و سەربەستی یەکتری و ڕێزگرتنە لە مافی یەکدی .
دووەم / داگیرکردنی بوون و سەربەستی یەکدی .. ! )
بە بروای ئێمەش ئەدەب لەسەر فۆرمی یەکەم ئیشدەکات و ئایدیۆلۆژیاکانیش لەسەر فۆرمی دووەم ..! کەواتە لەهەموو بارەکاندا ، ئایدیۆلۆژیاکان چ لە چوارچێوەی ئیشکردنییان بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتەکانییان و چ لە کاتی گەیشتن و پێکهێنانی دەوڵەتەکانییان ، لەسەر ئەوە ئیشدەکەن کە کەسەکان / دەستەمۆ بکەن و بوون و ئازادییان داگیر بکەن . بەڵام بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیاکان ، ئەدەب ئامانجی جوانکردنی ژیان و ڕیگەدانی مرۆڤە کە / لەنێو نووسینەکان مومارەسەی ئازادی خۆی بکات و لە ڕێگەی داهێنانەکانی ، لە هەوڵی سەڵماندنی بوونی خۆیان بن و خاوەنی بوونی خۆیان بن ، واتە جووڵەکانییان لەژێر کاریگەری حەز و ئارەزوو و خەونەکانییان ئاراستە وەربگرن . چونکە تا مرۆڤەکان ئازاد و سەربەست نەبن و خاوەن بوونی خۆیان نەبن ، هێز و توانای زاڵبوونیان بەسەر حەز و ئارەزووەکانیاندا نابێت و دەبن بە دەستەمۆ و کۆیلەی ئەوانیتر .

ئایدیۆلۆژیا و گوتاری ئەدەبی


ئەدەب ئەو شوێنەیە کە نووسەر تیایدا خۆی دەنووسێتەوە و گوزارشت لە خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئارەزووەکانی دەکات . یان بوخچەی خەم و خەون و هەست و حەزەکانی خۆی تیا دەکاتەوە . بینینەکانی خۆی بۆ ناوەوەی خۆی و بۆ دەرەوەی خۆی دەنووسێتەوە ، نووسین پردێکە لەنێوان خودی نووسەر بە دنیای دەرەوە ، لەهەمانکات / زمان دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ بینینی دیوە شاراوەکانی نووسەر ، چ لەباری دەروونی یان بیرکردنەوەکانی ، دواجار لەنێو هەر نووسینێکدا / قسەی جۆراوجۆر و گۆشەنیگا و وێنەی جۆراوجۆر دەبیستین و دەبینین . بەو مانایەی هەموو دەقێکی ئەدەبی گوتارێکی ئەدەبی لەخۆیدا گرتووە . گوتاری ئەدەبیش بەشێوەیەکی گشتی / خوڵانەوەیە بە دەوری مرۆڤ و بەها مرۆییەکان ، گوزارشتە لە چەمکەکانی عەشق و خۆشەویستی و ئارامی و پێکەوە ژیان . هەوڵدانە بۆ گەشکردنەوەی چرا خامۆشەکان و ڕووناک پێشاندانی کۆڵانە تاریکەکان . دواجار هەموو دیوە شاراوەکانی گوتاری ئەدەبی ، بە رەشبینی و گەشبینییەکانیەوە ، بە تاریکی ڕووناکییەکانیەوە ، بە نائومێدی و ئومێدەکانییەوە هەمووی لە پنتێک یەکدەگرنەوە ئەویش ، بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی بوونی مرۆڤە یان بۆ جوانکردن و سەوزڕاگرتنی باخچەکانی ژیانە .

لەنێو دەقە ناوازەکانی نووسەرە گەورەکاندا ، ئەو ڕاستییەی گوتاری ئەدەبی دەبینین و وەک مانگ دەدرەوشێنەوە . ئەگەر سەیرکەین ، ڕۆماننووسێکی وەک ( کاولۆ پۆلۆ ) لەنێو زۆربەی ڕۆمانەکانی بە تایبەت ، ( کیمیاگەر و یازدە خولەک و زاهید .. ) دەبینن ، ئیش لە سەر هێڵێکی ڕاست دەکات ئەویش ، ( هۆشیارکردنەوە و هاندانی مرۆڤەکانە بۆ گەیشتنییان بە خەون و ئومێدە گەورەکانیان ) واتە بە مرۆڤ دەڵێت ( دەست بە ژیانەوە بگرە و لە هەوڵەکانت بەردەوامبە ، دواجار بە ئومێد و خەونەکانت دەگەی ..! ) ، چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی وشیارە ، نابێت لە ژیان کۆڵبدات و دەرگاو پەنجەرەکان بە ڕووی ئومێدەکانی دابخات ، یان گەورە نووسەرێکی وەک ( ئۆکتاڤیۆپاز ) لە چاوپێکەوتنێک ، لە بەرامبەر جەنگ و بیرکردنەوە و هەستی ئەم مرۆڤە ، بۆ خۆشەویستی و بەرزڕاگرتنی بوون و سەروەری مرۆڤ بە دوژمنەکانیشییەوە ، لێی دەپرسن .

ئایا ئەمە کاری لە تواناکانت کرد لە ڕقلێبوونەوە لە دوژمنەکانت . ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت ( بەڵێ من دەستمکرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە ڕەنگە ئەم جەنگە شتکی قێزەوەن بێت بەڵام ، بە دڵنیاییەوە نەمدەتوانی ئەوە بەکەسانیتر بڵێم ڕەنگە وایان لێکبدایەتەوە من ناپاکم ، کە من لەو کاتەدا ئەوە تێنەدەگەیشتم ، دواتر لەوە تێگەیشتم لەوەی کە برایەتی ڕاستەقینە ئەوەیە کە دەبێت / ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکەین کە دوژمنەکەشت مرۆڤە ..! ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت ، ببیتە هاوڕێی دوژمنەکەت .

نەخێر ، بەڵام بە جیاوازییەکانەوە ڕێی تێدەچێ پێکەوە بژین .. ! ) بەمانای ئەوانیتر و بە دوژمنەکانیشتەوە وەک مرۆڤ چاو لێبکەی ، ناوەڕۆکی ئەم قسەیە ، پەیامێکی مرۆڤدۆستی و خۆشەویستییەکی گەورەیە بۆ ئاشتەوایی و بۆ پێکەوە ژیان . یان لەنێو دەقە شیعرییەکانی ( شێرکۆ بێکەس ) بە تایبەت ، لە قەسیدەی ( گۆڕستانی چراکان ) ، کە هاوارێکە بە ڕووی ژیاندا ، لە سەر جەستەی مردن ئایکۆنەکانی ترس یان مانەوە و ئازادی دەنووسێتەوە …! بە دیوێکیتر ، لە پەیوەند بە ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ، کە بابەتی سەرەکی ئێمەیە ، هەموو ئایدیۆلۆژیستەکان ، بە ڕەنگ و مەیلە جۆراوجۆرەکانەوە ، لە هەموو هەلومەرجێک و قۆناغەکاندا ، هەوڵییانداوە مەوداکانی ئەدەب و ڕەوتی مێژوویی و واقیعیەتە کۆمەڵایەتییەکان لە یەکتری نزیکبکەنەوە ، بەمانای / پەیوەندی و پەیوەستبوونی ئەدەب بە ئایدیۆلۆژیا و ململانێیکان تۆختر بکەنەوە ، ( مارکس و ئەنجلس ) لە کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) و لە زۆر شوێنیتر ، ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە ( هەر دەسەڵاتێک و لایەنێک کە خاوەنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان بن لە هەمانکات ، خاوەنی ئامرازەکانی فکریش دەبن ..) هەروەها ( لیۆن ترۆسکی )ش لەسەر ڕۆشنایی بنەماکانی ئەم بیرکردنەوەیە لە کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) ، گرینگی بە بەهای ئایدیۆلۆژیا و شۆڕش دەدات لە کاری ئەدەبی و هونەریدا ، ئەو پێیوایە ، مرۆڤ لە کۆمەڵی سەرەتاییەوە ، لەوکاتەوەی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان لە گشتییەوە گۆڕاوە بۆ تاک لەوێوە ، چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەک مرۆڤەکان دەستی پێکردووە و خاوندارێتی تایبەت و چینە جیاوازەکان دروستبوون ، بۆیە لە ئەدەب و شۆڕش دا دەڵێ ، ( لەهەر قوناغێکی مێژوویی ، هەر لە کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەدارییەوە ، خواپێداوەکان و دەسەڵاتداران خاوەن ئەدەب و ڕۆشنبیری خۆیان بوون ، ئەدەب و ڕۆشنبیرییەک بەرگری لە مانەوە و دەسەڵاتی ئەوان بکات ، بۆیە پڕۆلیتاریاش دەبێ خاوەن ئەدەب و ڕۆشنبیری خۆی بێت . ) دیسانەوە لەسەرەتا و بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا دەڵێ ،( شۆڕشی بەلشەفیک لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ دا ، نەبووە هۆی ڕووخاندنی دەسەڵاتی حکومەتی ( کیرینسکی ) بە تەنیا بەڵکو ، بووە هۆی ڕووخاندنی هەموو سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت بنیادنرابوو ، بە ڕۆشنبیری و ئەدەبەکەشیەوە ، بەتایبەت ڕووخانی ئەدەبی بەر لە شۆڕش … ) لەم تێڕوانینانەی ترۆتسکی بە ئاشکرا وابەستەبوونی ئەدەب و ڕۆشنبیریی بە شۆڕش و چینەکان و دەسەڵاتەکان دەبیندرێ و هاوکات ، بەشداری کردنی ئەدەبە لە ململانێیە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکاندا .

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و بیروڕاکانی بیرمەندانی ئەم ڕەوتە بە تایبەت ( لینین و ترۆتسکی ) ، زۆرێک لە فەیلەسوفەکان و نووسەرەکان و قوتابخانە ئەدەبییەکان ، کەوتنە ژێرکاریگەری بیری سۆشیالیستی بیرمەندەکانییەوە ، یەکێک لەوانە سوریالیستەکان ، ئەوەتا لە کتێبی ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) دا هاتووە ، ( لە ساڵی ١٩٣٨ کاتێک ترۆتسکی لە مەکسیک دەبێت ( ئەندرێ بریتۆن ) سەردانی دەکات و لەویدا لەگەڵ ئەو بە ئیمزای ( دیاگۆ ڕیڤێرا ) مانیفێستێک بە هاوبەشی دەنووسنەوە بەناوی ( بەرەو هونەری شۆڕشگێڕی ) لە روانگەی کۆمۆنیستییەوە بنەماکانی هونەری شۆڕشگێڕی دادەڕێژن ، لەم مانیفێستە هەوڵدەدەن بەڕوونی ئەوە بەرچاو بخەن کەوا ، لە دنیای پڕ کێشمەکێشی سەرمایەداریدا سروشتی حەز و ئارەزووەکانی ناوەوەی تاکی هونەرمەند ، ناکۆکە لەگەڵ سروشتی دەرەوەی واقیعی خود ..! ) ، ترۆتسکی لە بەشێکیتری کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) دا ، باس لە گەورە شاعیری سومبولیستی ڕووسی ( ئەلیکساندەر بلۆک ) دەکات و ڕەخنە لە فۆڕم و زمان و ستایلی ئەم شاعیرە دەگرێت ، لەوەی کە / بەشداری شۆڕشی نەکردووە و بە توندی لەژیر کاریگەری تەسەوف دایە ، بە شاعیرێکی ڕەمزی و لیریکی و ڕۆمانتیکی ناوی دەبات و پێی وایە ئەدەبەکەی ئەلیکساندەر بلۆک لەدەرەوەی ژیاندایە …! دیارە ئەوە بەر لەهەرشتێک تێنەگەیشتنە بۆ ئەدەب و شیعر و بەهاکانی زمان ، دواجاریش بێبەهاکردنی نوێخوازییە لە ئەدەب و شیعردا .

ئێمە لەو ڕوانگەیەوە ڕەخنە لە ترۆتسکی و ئایدیۆلۆژیستەکان دەگرین کە ، لە ئەدەبدا گرینگیەکی ئەوتۆ بە زمان و ستایل و جوانی نادەن ، تەنها لایەنی ئایدیۆلۆژی و شۆڕشیان بۆ گرینگە ، وەک ئەوەی ئەدەب و هونەر ئۆرگانێکی حزبی بن ، بۆیە وەک هۆکارێک بەکاریان دەهێنن بەڵام ، پیویستە ئەدەب لەنێو کایە و ڕووبەرە مرۆییەکەی خۆی بمێنێتەوە و سەربەخۆیی و بەهاکانی خۆی لە دەست نەدات . بە دیوێکیتر ، ئایدیۆلۆژیا هەوڵی شێواندنی گوتاری ئەدەبی دەدات ، چونکە گوتاری ئایدیۆلۆژی بە پێچەوانەی ئەدەب لەنێو خۆیدا هەڵگری ( ترس و تۆقاندن و جەنگ و ویرانکردن )ە ، هەموو ئایدیۆلۆژیاکان لە هەوڵی بەدیهێنانی گۆڕانن لە کۆمەڵدا بە ئاراستەی بەرنامە و ئامانجە دیاریکراوەکەی خۆیان . لەم ڕیگەیەوە پەنایان بۆ ململانێ و شۆڕش و جەنگ و خوێن بردووە . ئایینەکان بۆ بڵاوبوونەوەی ئایین و بیربڕواکەیان و سایەکردن بەسەر تەواوی کۆمەڵدا ، دەستییان گرتووە بە چیڕۆکە خورافی و وەهمییەکانەوە ، بە دروستکردنی ( بەهەشت و دۆزەخێک ) لەو دنیا و بەخشینی هەموو دەسەڵاتێک بە خودا .

بەڵام ، دەسەڵاتێکی ترسناک و تۆقێنەر ، بەو مانایەی هەر بڕواکارێک کە پەیامەکانی خودا جێجەجێ نەکات ئیتر ، لەودنیا بە ئاگری دۆزەخ دەسووتێت ، کتێبە ئاسمانییەکان پڕن لەم گوتارە ترسناکانە ، کە یەکێکن لە سەرچاوە بنەڕەتییەکان کە ترس و توندوتیژی بەرهەمدەهێنن ، د. محەمەد کەمال لە کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفەدا ) باس لە ترسی منداڵی خۆی دەکات ، لە ( ئایین و خودا ) دا دەڵێ ( من لە منداڵییەوە گوێم لە سزادانی نێو گۆڕ و دۆزەخ دەگرت و ترسێکی گەورە لە خوا کەوتە نێو دڵمەوە . وەکو منداڵێک لە خوا دەترسام و نەمدەتوانی ، وەکو هێزێکی میهرەبان و پڕ بەزەیی بیناسم . ) لە شوێنێکیتری هەمان کتێب دەڵێت ،( من خوام لە ڕێگەی ئایینەکانەوە دەناسی و لێی دەترسام ، لە منداڵییەوە کێشەی خوا بۆ من کێشەیەکی گەورە بوو . بەردەوام وەک دەسەڵاتێکی هەڕەشەکەر دەهاتە پێشچاوم . ) ، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کەمنین شەڕو ململانێی / نێوان خێلەکان و ئایینەکان و نەتەوەکان و چینەکان ، مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە ڕووباری خوێنی پیا ڕۆشتووە ، هەمیشە ململانێکان بە جەنگ و توندوتیژی و بە کوشتنی ئەویتر یەکلایی بۆتەوە ،( مارکس و ئەنجلس ) لە کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) دا ، ڕەخنە لە فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمە و لە هیگلییە لاوەکان دەگرن و دەڵێن ( لەوێوە کە بەگوێرەی خەیاڵاتی ( هیگلییە لاوەکان ) پەیوەندی ئینسانەکان و سەرجەم کارەکانییان ، کۆتوبەندەکان و ڕێگرییەکانی ئەوان ، بەرهەمی هەستی ئەوانە ، هەربۆیە ئەوان مەنتقیانە ئەم حوکمە ئەخلاقییە دەخەنە بەردەم ئینسانەکان کە هۆشیاری ئێستایان بە هۆشیارییەکی ئینسانی ، ڕەخنەگرانە یان خۆیەتی بگۆڕنەوە ، تا لەم ڕێگایەوە ڕێگرییەکانیان لابەرن ..) یان لە هەمان کتێب دەڵێن ( ئەم خواستی گۆڕینی وشیارییە بەمانای خواستی لێکدانەوەیەکی جیاوازە لەو دنیایەی کە هەیە ، واتە بە رەسمی ناسینی ئەم دنیاییە لە ڕێگای لێکدانەوەی جیاوازەوە …) ، بە کورتییەکەی ڕەخنەی مارکس و ئەنجلس لە هیگلییە لاوەکان ئەوەبوو / کە ئەوان لە دژی ئەم دنیا واقیعییەی کە هەیە ناجەنگن و دەیانەوێت لە ڕێگای تەفسیرکردن و لە رێگای پەرەدان بە وشیاری کۆمەڵگە گۆڕانگاری بەدەست بهێنن و بەربەست و ڕێگرییەکان لە بەردەمیان لابەرن ، کە بەبڕوای ئەوان ئەمجۆرە هەوڵ و بیرکردنەوانەش بەرگریکردنە لەو سیستەمە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە هەیە . بۆیە مارکس پێیوایە / فەیلەسوفەکان هەر نابێت تەفسیری دنیا بکەن و بەڵکو دەبێت هەوڵی گۆڕینیشی بدەن .

بەلای مارکسیش گۆڕین دەبێ لە ڕێگای شۆڕشی پڕۆلیتاریاوە بێت و سیستەم و دەسەڵاتی مەوجود لاببرێ و لە جێگایدا سیستەمێکی نوێ دابمەزرێت کە ، لەسەر بنەمای وەڵامدانەوە بە کێشەی ( کار و سەرمایە ) و واتە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتییەوە سەرچاوە بگرێت . ئیدی ئەم شۆڕشە جینایەتییەش دواجار دەستبردنە بۆ جەنگ ، جەنگیش زۆربەیکات ، جگە لە کاوڵکاری و بەرهەمهێنانی ترس و توندوتیژی هیچ مانایەکیتری نییە و هیچ بەرهەمێکیتری نابێت . دواجاریش / کێشە و ململانێ و جیاوازییەکانیش هەر لەشوێن خۆیان دەمێننەوە ، ئیتر بینیمان ، نە جەنگی نێوان تایفەکان و خێلەکان و نەتەوەکان و چینەکان ، یان نە جەنگە جیهانییەکان ، هیچکام لەم جەنگانە نەیانتوانی خۆشبەختی و ژیانێکی باشتر بۆ مرۆڤەکان بەرهەمبهێنن ، جگە لە ترس وێرانکردنی شارستانییەت و خوڵقاندنی حەمامی خوێن و کوشتنی ژیان ، هیچیتری لێوە بەرهەم نەهات . لە ڕاستای بیرکردنەوە لە جەنگ و گاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ( ئەلبێرت ئەنیشتاین ) لە ساڵی ١٩٣٢ دا ، نامەیەک بۆ( سیگمۆند فرۆید ) دەنووسێت ، دواتر نامەکەی ئەنیشتاین و وەڵامەکەی فرۆید لە کتێبێک چاپدەکرێ بە ناوی ( پاڵنەرەکانی جەنگ ) ، پوختەی پرسیارەکەی ئەنیشتاین ئەوەیە ( ئایا لە بەرامبەر کارەساتی شوومی شەڕدا ، ڕێگایەکی ڕزگاری هەیە بۆ مرۆڤایەتی ؟ ) هەرچەندە خۆی زۆر نائومێدە لە وەرگرتنەوەی وەڵامێکی ئیجابی بەڵام زێتر مەبەستیەتی لەوە تێبگات کەوا ، لەباری دەروونیەوە ، ئایا دەکرێت کار لە مرۆڤ بکرێت مەیلی بۆ جەنگ و وێرانکاری کەمبکرێتەوە..!؟ چونکە خۆی تا ئاستێک لەوە گەیشت بوو کە ، مرۆڤ لەباری دەروونییەوە مەیلێکی بۆ جەنگ و ویرانکردن هەیە ، یان لەنێو نامەکەیدا دەڵێ / ( هیچ شتێک ناتوانێت شەڕ لەناوبەرێت مەگەر ئەوەی مرۆڤەکان خۆیان نەڕۆنە بەرەکانی جەنگ ..! ) ، ( فرۆید )یش بەدرێژی وەڵامی ( ئەنیشتاین ) دەداتەوە و لە سەر زۆرێک بڕگە و لایەنی جیاوازی نامەکە قسە دەکات ، فرۆید لە وەڵامەکەی باسی جەنگ دەکات ، مێژووی جەنگ دەبەستێتەوە بە مێژووی دەسەڵات و سەرمایە ، کە پێیوایە ، دەسەڵات و سەرمایە ، شوێن بە هەر غەریزەو بیرکردنەوەیەکی ئینسانی چۆڵ دەکەن . جەنگ و وێنکاری هۆکارەکانییان هەرچییەک بن بەڵام ، بەدیوێکدا پەیوەندی بەباری دەروونی مرۆڤەکانەوە هەیە چونکە ، بە شێوەیەکی گشتی مرۆڤ لەژێر پاڵنەری ئەم دوو غەریزەیە ئیش دەکات ئەوانیش ،

یەکەم / مەیلی عەشق و خۆشەویستی ، کە پارێزگاری لە ژیان و لە نەفس و ئارەزووە ئیرۆتیکەکان دەکات ، ئەم غەریزەیەی بە ( ئیرۆس ) یان ( عەشقی ) ناوبردووە .

دووەم / ئەم غەریزانەی لەناوبردن و مردنیان دەوێت ، یان غەریزەی جەنگ و وێرانکردن ، دواتر بە( ساناتۆس ) یان بە غەریزەی ( مەرگ ) ناوی بردووە .
مێژووی ئەم دوو چەمکەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەی یۆنانی ، کە لەوێدا ( ئیرۆس خوای خۆشەویستییە و کوڕی ئەفرۆدیتەیە ، کە ئەمیش خوای بەزم و ئارەزووە زایەندییەکان بووە .. ساناتۆسیش خودای مردنە ، لە نەوەی خوداوەندەکانی شەو بووە ) . فرۆید لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی لە بارە ناڕێکەکانی پەیوەندییە ناتەندروستییەکانی نێوان مرۆڤەکان ، ئەم دوو چەمکەی بەکارهێناوە ، هەرەها هەر یەکێک لەم غەریزانەش ناتوانن بە تەنیا و بە بێ ئەویدی چاڵاکی بکات و هەریەکەیان تا ڕادەیەک هاوتەریب و لە هاوکێشەیەکی هاوسەنگدا دەبن ، چونکە لە بنەڕەتدا / مرۆڤ پێکهاتەیەکی ئاڵۆزە بە شێوەیەکی خۆڕسک زۆرێک لە کار و ڕەفتارەکانی لە ژێر کاریگەری ئەم دوو غەریزەیە دەبێت ، واتە غەریزەی ( عەشق و وێرانگردن یان ژیان و مەرگ ) . فرۆید لە ئاکامی توێژینەوەکانی گەیشتۆتە ئەو ئاکامەی / غەریزەی جەنگ و وێرانکردن غەریزەیەکە لە ناخی هەر بوونەوەرێکی زیندوو ئیش دەکات ، تا ئاستی وێرانکردن و گەیاندنی بە توخمێکی بێگیان ، مرۆڤ کاتێک پەنا بۆ کوشتنی ئەویتر دەبات ، ئەگەر ئەم کرداری کوشتنە هەر هۆکار و ئامانجێکی لە پشت بێت بەڵام ، بەدیوێکیتر / هەوڵدانێکە بۆ تێربونی غەریزەکانی خودی مرۆڤ خۆی .

مەیلی جەنگ و شەڕانگێزی یان غەریزەی مەرگ ، ( کاتێک دەبێتە غەریزەیەکی وێرانکەر کە بەیارمەتی ئەندامێکی تایبەت لە بەرامبەر شتێکی دەرەکیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت ) بە مانای / ئەم غەریزەی مردنە کاتێک مەترسیدار و ترسناکە ئەوکاتەی دەگوازرێتە دەرەوە بۆ نێو کایەی سیاسەت و ململانێکان . هەرچەندە فرۆید پێیوایە گەر مرۆڤ هەوڵدا دەتوانێت کایەی عەشق و خۆشەویستی بە هێزتر بکات لە کایەی جەنگ و وێرانکاری ، ئەویش بەوەی / سەرکەوتن بەسەر زۆری تاکەکەسیدا لە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ کۆمەڵەیەکی گەورە ممکین دەبێت ، کۆمەڵگەیەک کە یەکگرتنی ئیحساسی ئەندامەکانی دەبێتە گرەنتی مانەوە و بەردەوامبوونی ، یاسای ئەم کۆمەڵەیە ئازادیی تاکەکەسیەکانە ، تا لەسەر ئەم بنەمایە پێکەوە ژیانی تاکەکان بە شێوەیەکی ئارام دابین و مسۆگەر بێت .. ) بەڵام فرۆید ئاسایشێکی لەم چەشنە بە شتێکی وەهمی دادەنێ و پێیوایە تەنها لە دنیای تیۆریدا وێنا دەکرێت . چونکە لە بنەڕەتەوە کۆمەڵگە خاوەن تاکگەڵێکە بە دەسەڵات و توانای جیاواز و نایەکسانیەوە ..! هەر بۆیە بیرۆکەی جەنگیش بە تەواو ڕەت ناکاتەوەو دەڵێ ، ( ناکرێت لە بنەرەتەوە هەموو شەڕەکان مەحکوم بکرێن تا ئەوکاتەی ئیمبراتۆریەتەکان و دەسەڵاتەکان و نەتەوەگەڵیک بوونیان هەیە کە بێبەزەییانە ئامادەی لەناوبردنی ئەوانیدیکەن ، ئەوانیدیش دەبێت خۆیان بۆ شەڕ پڕ چەک بکەن …! ) بەڵام لە هەمانکات باوەڕی وابووە کەوا / هەموو ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی پەیوەندی و لێکنزیکبوونەوەی هەستی نێوان مرۆڤەکان ، دەبێت لە ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ شەڕدا بەکار ببرێن ، بەمانای ئەوانیتریش وەک مرۆڤ سەیر بکرێن .

ئەم تێڕوانینە مرۆییەی فرۆید زێتر هاوتەریب دێتەوە لەگەڵ ئەدەب و گوتاری ئەدەبی ، لە ڕوانگەی ئەم بیرکردنەوانە ڕەخنەش لە بەلشەفیکەکان دەگرێت دەڵێت ( بەلشەفیکەکانیش هیوادارن لە ڕێگەی بە دەستهێنان و دابینکردن و زەمانەتکردنی پێویستییە مادییەکان و هەرەها دروستکردنی یەکسانی لە نێو ئەندامانی کۆمەڵگەدا ، شەڕەنگێزی لەنێو مرۆڤەکاندا لەناوبەرن بەبۆچوونی من هیوایەکی پووچ و خەیاڵێکی لاوازە . ) یان دەڵێت ( ئەوان لە ئێستا تا ڕادەیەکی باش چەکیان لەبەر دەستدایە و تەنانەت زەحمەتی نادەن بەخۆیان ، کە پەیڕەوانی خۆیان لە ڕقەبەرایەتی و نەفرەت ، بەرامبەر ئەوانیدی بگێڕنەوە ..) لێرەدا بەم ڕاستییە دەگەین کەوا قووڵایی و ناوەڕۆکی هەموو ئایدۆلۆژیایەک بریتییە لە / پاساو هێنانەوەیەکی لۆجیکییانە بۆ کوشتنی ئەویتر ، لەپێناو ئامانجێکدا کە لە ئایندەدا دیتە دی ..! بەلشەفیکەکان بەم هەموو بانگەشە و دروشمانەوە کە بۆ یەکسانی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەها مرۆییەکانیان هەبوو کەچی ، کاتێک گەیشتن بە دەسەڵات نەک هەر نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن و ئازادی و یەکسانی بۆ تاکەکان مسۆگەر بکەن بەڵکو ، گۆڕستان و قەسابخانەیان بۆ ڕکابەر و نەیارەکانیان خوڵقاند ، نەیانتوانی ڕق و نەفرەتەکانییان بەرامبەر ئەوانیدی کەمبکەنەوە ، ئەم سەرکوتکردن و مەیلی شەڕانگێزییەش لەپاش مەرگی ( لینین ) واتە ، لەسەردەمی ( ستالین ) گەیشتە لوتکە ، ئەوەتا ( ترۆتسکی ) بە ناچاری ڕوسیا جێدەێڵێ و ڕوو لە هەندەران دەکات ، لە غوربەتدا درێژە بە کاروچاڵاکییەکان و نووسینەکانی دەدات ، لەگەڵ ئەوەش ، ترۆتسکی یەکێک بووە لە بیرمەند و کەسایەتییە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ، لێرەدا دووبارەی دەکەمەوە ، لەم وتارەمان مەبەستمان ئەوە نییە دژایەتی ئایدیۆلۆژییاکان بکەین ، بە تایبەت مارکسیزم ، چ وەک ئایدیۆلۆژیا چ وەک فەلسەفە ، من پێموایە / تا ململانێی چینەکان و چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤ و تا کێشەی کار و سەرمایە مابێت ، مرۆڤایەتی پێویستی بە مارکس و مارکسیزم دەبێت ، بە بڕوای من ئەوە مرۆڤەکانن نەیانتوانیوە مارکس وەکو خۆی بخوێننەوە ، یان لە کایەی ئابووری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بە شیوەیەکی دروست بەکاری بهێنن ، لە دواجاردا / ئەوەی مەبەستی ئێمەیە پەیوەندی ئایدیۆلۆژیا و ئەدەب و هەروەها گوتاری ئەدەبییە ، بەو مانایەی / ئەدەب نابێت ببێتە هۆکار بۆ هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بە مارکسیزمیشەوە ، بۆیە دەبێ لەوە تێبگەین بۆ بەردەوامبوون و گەشە و پێشکەوتن ، ژیان پێویستی بە جیاوازییەکانە ، واتە جیاوازییەکان ببنە سەرچاوەی گەشە و خێرا خوڵاندنەوەی ڕەوتی ژیان ، نەک جەنگ و وێرانکردن ، ئێمە لە چوارچێوەی گوتاری ئەدەبی باسمان لەوە کرد کەوا / مرۆڤەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە دەتوانن لەگەڵ یەکدا بژین .

بەڵام ئایدیۆلۆژیا و گوتاری ئایدیۆلۆژی ناتوانێ لەسەر ئەم مەیلە ژیاندۆستییە ئیشبکات و خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەکان بەرهەمبهێنێ . بەمانایەکیتر ، ئەویدی لەنێو گوتاری ئایدیۆلۆژی بوونێکی ئازاد و سەربەخۆی نییە ، چونکە ئایدیۆلۆژیا لە بنەرەتەوە ، بە ڕێگایەکدا دەڕوات لەدواجاردا ، ئامانجی گەیشتنە بە دەسەڵات . گەیشتن بە دەسەڵاتیش بەمانای ، بەرپاکردنی شۆڕش و جەنگ ، یانی / خوڵقاندنی ڕووباری خوێن و پەڕینەوە بەسەر لاشەی مرۆڤەکان ..! ئیتر گەر چاوێک بە مێژووی مرۆڤایەتی و بەتایبەت ئایدیۆلۆژییاکان بخشێنینەوە دەبینن ، ( کۆمۆنیزم ستالین و ، نەتەوەپەرستیش هیتلەر و مۆسۆلینی ، ئیسلامیش بنلادن و ئەبوبەکر بەغدادی ..! ) بەرهەمهێنا ، ئەدەبیش / شکسپیر و تۆلستۆ و دەستۆفسکی و هەمەنگوای و کامۆ و کافکا و نەجیب مەحفوز و ئەرزا پاوەند و نیرۆدا و ناڵی و … ، لە دواجاردا بەوە دەگەین کە گوتاری ئەدەبی / لەسەر غەریزەی ژیاندۆستی ئیش دەکات ، واتە پڕاوپڕە لە عەشق و خۆشەویستی و ئاشتەوایی و ڕێزگرتن لە ماف و ئازادی تاکەکان . بەڵام ، گوتاری ئایدیۆلۆژی لەسەر غەریزەی مەرگ ئیشدەکات ، واتە جەنگ و وێرانکردن و پێشێلکردنی ماف و ئازادی و کوشتنی ئەوانیتر …! فێبروەری ٢٠١٩

بۆ ئەم بەشەش سوودمان لەم سەرچاوانە وەرگرتووە .

کتێبی ( ئەنتۆلۆژی بنەڕەتی و بوونی مرۆڤ ) .. نووسینی د. محەمەد کەمال

کتێبی ( نیشتیمانی فەلسەفە ) گەشتێک لەگەڵ دکتۆر محەمەد کەمالدا / هەرێم عوسمان

کتێبی ( نێچە فەیلەسوفێکی بەرزەفڕ ) .. وەرگێڕانی حەیدەر عەبدڵا

کتێبی ( ئایدیۆلۆژی ئەلمانی ) .. ( مارکس و ئەنجلس ) ، وەرگێڕانی ( سەلام مارف )

کتێبی ( ئەدەب و شۆڕش ) لیۆن ترۆتسکی

( Litreture and Revolution ) .. Leon Trotsky

کتێبی ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) .. ناڵە حەسەن

کتێبی ( پاڵنەرەکانی جەنگ ) .. ئەنیشتاین و فرۆید ، وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی

چاوپێکەتن لەگەڵ نوسەر و شاعیری مەکسیک ( ئۆکتاڤیۆپاز ) ..
وەرگێڕانی سۆران محەمەد / ژمارە ٢٩٨ی ( ڕۆژنامەی هەولێر )

Previous
Next

Leave a Reply