Skip to Content

زمانی دایک و پرۆسەی فێربوون!  چەند بڕگەیەک لە سەر زمان و فێربوون! … برایم فەڕشی

زمانی دایک و پرۆسەی فێربوون! چەند بڕگەیەک لە سەر زمان و فێربوون! … برایم فەڕشی

Closed
by ئازار 1, 2019 General, زمان

I
لە هیندی کۆنەوە، هەتا سەردەمی ئەنتیک، لە سەردەمی ڕۆشەنگریی هەتا ئێستا، فەیلەسووفان و بیرمەندان، بیریان لە زمان کردۆتەوە و بە زمان باسیان لە زمان کردووە. بەرچاوترین تێگەیشتنی گشتی فیلسووفانی کۆن ئەوە بوو، “زمان، مرۆڤ لە زیندەوەرانی تر جیا دەکاتەوە”، هەر ئەوان گووتویانە ” ئیمکانی بە ئینسانبوون، لە زماندا کۆ بۆتەوە”، هەروەها گوتراوە “حەقیقەت لە ڕێگای زمانەوە دەردەکەوێ”، ئەوەش گوتراوە کە درۆکردن تەنیا لە ڕێگای زمانەوە، مێسەر دەبێ. زمان پرسیاری فەیلەسووفان بووە و فەیلەسووفانی سەردەمی نوێ، “هەبوون و دەرکەوتنی بوون، لە بوونی زماندا دەبینن” و پێناسەی دەکەن.

لە لایەنی بیۆلۆژیی، ئینسان و زیندەوەرانی تر زۆر لە یەک جیاواز نیین، جیاوازی لە بیرکردنەوە، تاقیکردنەوە و ڕاگوێستنی تاقیکردنەوەکانە، کە لە ڕێگای زمانەوە سەر دەگرێ. تاقیکردنەوە و بەکارهێنانی تاقیکردنەوە، لە لای زیندەوەرانی جگە لە مرۆڤیش هەیە، بەڵام نازاندرێ کە ڕاگوێستنی تاقیکردنەوە لە ناو ئەواندا، لە تاکەوە بۆ تاک، چۆن سەر دەگرێ؟!

هەبوون، ” دا- بوون”، کەسایەتی، پێناسە و ناسنامەی مرۆڤ، بە بوونی زمانەوە بەستراوەتەوە، زمان کەسایەتی، پێناسە، ناسنامە، دەردەخات! بەم پێیە، هەبوونی مرۆڤ لە بوونی زماندا خۆی دەنوێنێ!
II
فێربوون (Learn, Lernen ) پرۆسەیەکی سرووشتی یە و بە بوون، دەست پێدەکا و گرێدراوی بوونی زمانە. مەبەست لە زمان، دیاردەیەکی ئەوپەڕی “مادە”یە، کە گرێدراو لە گەڵ مێشک لە ڕێگای دەنگ، پەیڤ، ڕستە و سیستەمی نیشانەکان، مانا بە “شتەکان” و “ناشتەکان” واتە مادە و نامادە، دەبخشێ! مێشک دەوری سەرەکی لە هەردوو پرۆسەی فێربوون و پرۆسەی پێکهاتنی زمان و مانابەخشین بە نیشانەکان، دەگێڕێ. سیستەمی نیشانەکان، پەیڤ، گووتن، دەربڕین، بەرهەمی بیرکردنەوەیە، کە سەرئەنجامی کاری هاوبەشی لایەنەکانی مێشکی ئینسانە و پرۆسەی بە ملیۆن ساڵانی لە پشتە.
ئینسان بۆی ڕوون نەبۆتەوە کە، ئەو کەی و چۆن “زمانی ئاخاڤتنی” دۆزیوەتەوە. بەڵام ڕوونە کە دوازدە هەزار ساڵ بەر لە ئێستا یەکەم نیشانەکانی نووسین دۆزراونەتەوە و لە سەر خشتی گڵ نەخشێندراوە کە لە مێزۆپۆتامیا( ناوچۆمان) دیتراوەتەوە!
III
بنەچەکی کورد هەر ناوێکیان بووبێ، یەک لە خەڵکانی ناوچۆمان( مێزۆپۆتامیا) ویەک لەو گرووپە گەڕۆکانەی نیشتەجێبووی ئەو دەوەرە بوون. زمانی ئەوان ڕەنگدانەوەی سرشتی خۆیان و سرووشتی ژینگەیان بووە و چۆنیەتی ژیان، پیشە، ئەرک، هەست و تێگەیشتنی ئەوان و بۆچوونیان لە ژیان و جیهان و کائینات و دەرەوەی جیهانی مادی، دەردەخات، کە لە دەنگ، پەیڤ و ڕستەی زمانی ئەواندا خۆی نوواندووە.

دێمۆکریتی یۆنانی “زمان، لە پێوەندی دەنگ و شت دا دەبینێ”. بەرد، دار، ئاسمان، زەوی، گوڵ، گیا، ناوگەلی کوردین، کە پێوەندی دەنگ و شتەکان دەردەخەن. ناوهێنانی هەر کام لەو وشانە، مانا و حاڵەت لە مێشکی بیسەری زمانەکدا، پێک دەهێنێ. قورسکە قوروسک، لوورە لوور، هاسکە هاسک، نوزە نوزە، جوجکەجوک، قوولە قول تەنیا وێنەیەکی گچکەیە لە ڕەنگدانەوەی دەنگ، حاڵەت و سرووشت لە زمانی کوردی-دا.
IV
زمان تەنیا کەرەسەی پەیڤینی نێوان مرۆڤەکان و کەرەسەی کۆمۆنیکاسیۆن نییە. سرووشت بە گشتی و پارەکانی سرووشت، بوونی خۆیان لە ڕێگای دەنگەکانیانەوە دەردەخەن. زمانی ئێمەی ئینسان، تەنیا چەشنێکە لە کۆمەڵەی زمانە نەناسراوەکانی باقی زیندەوەران. دەنگ و زمانی سرووشت و پێکاتەکانی، بۆ ئێمە نەناسراو ماوەتەوە، سرووشت دایکە و زمانی دایک و بوونی زمانی دایک، زمانی سرووشتی و سرشتی هەر ئینسانێکە.
مرۆڤ زمانی دایک فێر دەبێ و ئاوێتەی گیان و هەست و تێگەیشتن و سرشت و سرووشتی دەبێ، وەک زمانی باڵندەکان، دۆلفینەکان و هەر گیاندارێکی تر، وەک زمانی ئاو، با، وەرینی گەڵای دار.
هەرگەڵایێ کە لە دارێ دەوەرێ
نووسراوێکە بە ناخۆش خەوەرێ
تاو هەناوی نییە وا مات و پەشێو
لەشی زاماری دەکێشێتە نشێو
ڕۆژپەڕە ساردە کزەی بای زریان
کاتە بۆ ژینی لە دەسچوو گریان

زمان تەنیا یەک چەشنی نییە و زیندەوەران و گوڵ وگیا هەر کام بە پێی چۆنیەتی بوونیان دەدوێن. وەرینی گەڵا ناخۆش خەبەرە و دەرکەوتنی لە وەرزی بەهار خۆش خەبەرە. خەبەر لە ڕێگای زمانەوە دێت و دەچێ. گەڵا بە دەرکەوتنی لە وەرزی بەهار خەبەرێک و وەرینی لە وەرزی پاییز خەبەرێکی ترە.
V
زمان بە بێ مێشک کوتە گۆشتێکە لە ناو زار، دەزگایەکی دەنگدەرهێنانە لە ناو قوڕگ. زمان ناسێنەر و مایەی بوونی هەر تاکێک و هەر کۆمەڵە کەسێکە. منی تاک لە ڕێگای زمانەوە بوونم دەنوێنم، گەر زمانی گووتنم نەبێ، بە زمانی لەش، جەستە، حاڵەت و ڕواڵەت خۆم دەنوێنم، خۆم دەردەخەم. زمانی جەستە، زمانی گووتن، زمانی دەربڕین، ئیمەی مرۆڤ دەناسینن. میاو میاوی زیندەوەرێکی وەک پشیلە مانای ئەوەیە کە من هەم، من لێرەم، من بوونم هەیە! بوونی زمان، نیشانەی بوون و هەبوون و دابوونە!

مێشک تەنیا ئەندامی ناو جەستەی زیندەوەرانە کە بوون وەک زیندەوەر دەگەیینێت، کە مێشک پرۆسەی بوونی خۆی لە ناو منداڵدانی زیندەوەران بە ئینسانەوە بردە سەر، جەستە گیانی وەبەر دێ، بە کامڵبوونی مێشک، دەنگ، پەیڤ لە تەمەنی حەوت مانگان لە ناو منداڵدان دەگاتە گوێ و مێشکی منداڵ، واتە بەر لەوەی منداڵ لە دایک ببێ دەنگی دایک دەگاتە منداڵ و لە گەڵی ڕادێ و خووی پێدەگرێ و ئەوەی دەیبیستێ لە مێشکیدا تۆمار دەکرێ و دەبێتە بنەمای زمان، کە بە زمانی دایک پیناسە کراوە. زمانی دایک، هەمان “ناوەندی زمانە” کە لە مێشکدا شکڵ دگرێ و بە ناوەندی زمان لە ناو مێشکدا ناسراوە. زمانی دایک گرێدراوی بوونی دایک و منداڵە، کە پاش لە دایکبوون بەردەوام دەبێ و دەربڕیی هەست و نەست و بیروهزری زیندەوەرێکە بەناوی مرۆڤ.

VI
دابڕان لەو پرۆسەیە، بێ بەریکردنی منداڵ لەو پرۆسەیە، بە هەر هۆیەک و جێگرکردنی زمانێکی تر بە جێگای زمانی دایک، شوێنی زمانی دایک کە بەر لە هەر شت گرێدراوی هەست و نەستی دایک و منداڵەکەیە، پڕ ناکاتەوە، هەرچەند ڕەنگە ئەو منداڵە گەلێک زمان جگە لە زمانی دایک فێرببێ.
ئەم دابڕانە بە دەگمەن لە ناو زیندەوەرانی دیکەدا ڕوودەدا و بگرە ڕوو نادا، هیچ باڵندەیەک بە دەنگ و نەوایەک جگە لە دەنگ و نەوای خۆی نادوێ. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە سیستەمی دەنگی گەلێک لە زیندەوەرانی جگە لە ئینسان، لە چەشنی خۆیدا زمانی ئاخافتنە.

زمانی دایک بۆ فێربوونی زمان بنەما و بەیسی سەرەکییە. لە ناو مێشکی ئینسان تەنیا یەک ناوەندی زمان هەیە و بۆ هەر زمانێک ناوەندێک نییە و ستروکتوری سەرەکی زمان یەکە و زمانەکان کە لە پەیڤ و دەنگ و ڕستە پێکهاتوون لەو ستروکتورەدا جێدەکرێنەوە، کە جیاوازی لە کودی زمانەکان و دەنگ و چۆنیەتی داڕشتن و بەکارهێنان و هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان وەک پلە گۆشت، قوڕگ، ژییەکان و ورگ دایە، نەک لە جیاوازی ناوەندی زمان لە ناو مێشک.

نووسەری ئەم دێڕانە کە بەساڵان لە گەڵ دەنگ، زمان و ڕاهێنانی دەنگ و چۆنیەتی دەنگ و بەکارهێنانی، پیشەیی مامەڵەی کردوە، ئەوە دەسەلمێنێ کە جیاوازی کود و دەنگ و شێوەی بەکارهێنانی قورگ و ژییەکان و ورگ لە کاتی پەیڤین بە هەر زمانێ، گرێدراوی زمانی دایکە، واتە کارتێکردنی زمانی دایک تەنیا لایەنی هەست و تێگەیشتن و دەربڕیین نییە و لە سەر پەیڤین بە زمانەکانی تریش کارلێتێکردنی دەمێنێ، مەگەر ئەوەی بۆ بێڕەنگکردنی کارتێکردنی زمانی دایک لە سەر پەیڤیین بە زمانی تر، تەکنیکی ڕاهێنان بەکاربهێندرێ و ئاگایانە مامەڵە لە گەڵ بەکارهێنانی زمان بکرێ.

پێچەوانەی ئەم مامەڵەکردنە لە گەڵ زمانی دایک، کە منداڵ لێی بێبەری کرابێ، بە هەمان شێوە دەمێنێ، واتە گەر منداڵێکی کورد پاش لە دایکبوون، لە گووتن و پەیڤین بە زمانی دایک بێبەری کرابێ و زمانی فارسی و ترکی و عاڕەبی و هەر زمانێکی تر، جێگەی زمانی دایکی گرتبێتەوە و دواتر بگەڕێتەوە سەر فێربوونی زمانی دایک، جگە لە نووقسانی لایەنەکانی دەروونی، پەیڤین و گووتن و بەکارهێنانی زمانی دایک، کارتێکردنی زمانی بێگانە بە سەر ئاخافتن و تێگەیشتن و دەربڕینی هەست و بۆچوونیدا، دەمێنێ.

زمانی دایک کە ڕەنگدانەوەی کەسایەتی، هەست و نەست و فەرهەنگی هەر منداڵێکە، دەوری سەرەکی لە پرۆسەی گەشەساندن و دەرکەوتنی لێهاتوویی منداڵ و پرۆسەی فێربوون دەگێڕێ. ئەو منداڵەی کە لە کاتی چوون بۆ باخچەی منداڵان و خوێندنگە لە زمانی دایک جیا دەکرێتەوە و بێ بەری دەکرێ لە گرنگترین تاقیکردنەوەی ژیان، واتە دەربڕینی هەست و تێگەیشتن و خۆدەرخستنی “خۆ” لە ڕێگای زمانی دایک، دووچاریی گرفتی شاراوە دەکرێ، کە لە کەسایەتی کەسەکەدا ڕەنگدەداتەوە و دەور دەگێڕێ!
لە کوردستان و ئەو شوێنانەی زمانی ترکی و فارسی و عاڕەبی لە باخچەی منداڵان و خوێندنگە بە سەر منداڵی سێ ساڵان و شەش ساڵان، داسەپێندراوە و زمانی دایک یاساخ کراوە، منداڵ نە تەنیا بەرەو چەشنێک لە خۆبێگانەبوون دەبردرێ، بەڵکوو بەرەو تێکدان و بریندارکردنی هەست و ڕەوان دەکێشرێ، بە بێ ئەوەی منداڵ خۆی هەست بەو کێشە بکات.
منداڵ لەو بارودۆخەدا لە لایەن بنەماڵە و لە لایەن دەرسوێژ و سیستەمی بەناو”پەروەردە” دەکەوێتە ژێر زەخت و تەوژم، بۆ ئەوەی ئەو زمانانە بە باشی فێرببێ، بەشکم ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ناو سیستەمی ئەو وڵاتانە، داهاتووی دڵخواز پەیدا بکات. ئەم پرۆسەیە لە لایەن سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتانە و تەنانەت بنەماڵەکان ئاسایی وەرگیراوە. ئەوەش سیاسەتێکە کە سەت ساڵە پەیڕەو دەکرێ و لە لاێکی تر “بارودۆخێکە” کە هەرکام لە ئێمە خۆمان لە گەڵی ڕاهێناوە!

ئەو پرۆسەیە کە بە هیچ لەونێک ئاسایی نەبووە، بەرهەمهێنەری” ترسە”، کە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای باخچەی منداڵان و خوێندنگە لە گەڵ منداڵەکە، گەورە دەبێ، هەمیسان بە بێ ئەوەی منداڵ هەست بەو گرفتە بکات. ئەو ترسە پێش بە فێربوون و هەست بەئازادیکردن بۆ فێربوون، دەگرێ. ئەم ترسە بە شێوەی شاراوە عەمەل دەکات و دەبێتە هۆی پێکهاتنی “بلۆک” لە مێشکدا و بلۆکەبوونی مێشک، مانای داپچڕانی پێوەندی دوو لایەنی ڕاست و چەپی مێشکە، کە بۆ فێربوون لە هەر مرۆڤێکدا پێویستە. ئەو منداڵە و ئەو بنەماڵانەی کە بەرهەمی ئەو سیستەمانن، ناتوانن مرۆڤگەلێکی ئازاد بن. ئازادی مرۆڤ لە ئاخافتن بە زمانی دایکەوە دەست پێدەکات، گەر ئەو ئازادییە وەرگیرا، دەکرێ باس لە زەوتکردنی کەسایەتیش بکرێ!

برایم فەڕشی
ڕەشەممەی 2019

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish