Skip to Content

168 Views

ڕۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كانی به‌ختیار عه‌لی ….یاسین له‌تف

ڕۆمانی ده‌ریاس و لاشه‌كانی به‌ختیار عه‌لی ….یاسین له‌تف

Be First!
by March 1, 2019 General, Literature, Slider
image_print

ٍ
كۆنتێكستێك گوزارشته‌ له‌ پرۆژه‌ی فه‌لسه‌فی فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵات


دوا ڕۆمانی به‌ختیار عه‌لی ((ده‌ریاس و لاشه‌كان)) تێكستێكی ئه‌ده‌بیه‌ بۆ ڕه‌خنه‌ گردن له‌ چه‌مك و ئه‌كتی شۆڕش كه‌ كاره‌كته‌ری فاشیزم به‌رهه‌م دێنێت, چه‌مكی شۆڕش له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌ ڕوانگه‌ی به‌ختیار عه‌لیه‌وه‌ دونیایه‌ك ده‌خوڵقێنێت پڕ له‌ نه‌هامه‌تی ، مێژوویه‌ك پڕ له‌ خوێن و كوشت و كوشتار ، ئه‌و پێیوایه‌ فێگه‌ری شۆڕشگێڕ له‌ ڕۆژهه‌ڵات به‌ ئیمانێك گۆش كراوه‌ هاو شێوه‌ی ڕاهبێك كه‌ هه‌میشه‌ بۆ ئیمان و دینه‌كه‌ی به‌ندایه‌تی خۆی ڕا ده‌گه‌یه‌نێت .


لای تاكی ڕۆژهه‌ڵاتی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسه‌ت بریتیه‌ له‌ پوچێتی ، گه‌مه‌ی سیاسه‌ت لای مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی هونه‌رو زانست نییه‌ بۆ كارگێڕی و به‌ڕێوه‌ بردن و زانستی گه‌شه‌پێدانی وڵات و ڕه‌فاهیه‌تی ژیان و ئازادی ئینسان ، چونكه‌ سایكۆلۆژی تاكه‌كان به‌ چه‌شنێك په‌روه‌رده‌ كراوه‌ به‌ لایه‌وه‌ سیاسه‌ت بریتیه‌ له‌ درۆ كردن وه‌كو هه‌موو ئه‌و درۆكانی تر كه‌ ڕۆژانه‌ ده‌رخواردی ده‌درێت له‌ نێو خێزان و په‌ره‌ستگاو كۆمه‌ڵگاو قوتابخانه‌و ته‌نانه‌ت له‌ زانكۆش ! خودی كایه‌ی سیاسه‌ت له‌و به‌هایانه‌ داماڵێنراوه‌ كه‌ ئامانجی خزمه‌ت كردنه‌ به‌ ئینسان ، سیاسه‌ت بووه‌ به‌ بزنزی ئیمان و دینداری بۆ فریودان و گه‌وجاندن ، هه‌روه‌ها له‌ نێو سیاسه‌تیشدا خودایه‌ك دروست ده‌كه‌ن وه‌كو فریاد ڕه‌سێك ده‌یپه‌ره‌ستن ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خودا ئینسانه‌یان خواسته‌كانیان بهێنێته‌ دی پابه‌ند ده‌بن به‌ فه‌رمان و بڕیاره‌كانیه‌وه‌ ، هه‌میشه‌ مل كه‌چ و زه‌لیلی گوتارو ئامۆژگاریه‌كانی ئه‌و بته‌ سیاسیه‌ن كه‌ كردویانه‌ به‌ خودای خۆیان ،مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی خۆی ده‌كاته‌ قوربانی بۆخودای سیاسه‌ت ، لێره‌دا مه‌به‌ست خودای ئاسمان نییه‌ به‌ڵكو نزیك كردنه‌وه‌ی ئینسانی سیاسی موقه‌ده‌س و خودایه‌ له‌ یه‌كتر ، بۆیه‌ له‌ پره‌گرافێك له‌ ڕۆمانه‌كه‌ ده‌ڵێت : ــ ((هه‌ر كه‌سێك له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ ده‌چێته‌ سیاسه‌ته‌وه‌ ،له‌ یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ فێر ده‌كرێت ئاماده‌ی شه‌هید بوون بێت ، ئه‌گه‌ر چی سیاسه‌ت به‌ گشتی له‌ سه‌ر درۆ بونیاد نراوه‌ ، به‌ڵام په‌روه‌رده‌ كردنی مرۆڤه‌كان بۆ شهاده‌ت هه‌م توندگیرانه‌و هه‌م حه‌قیقه‌ته‌ ، شه‌هید بوون ئه‌و سحره‌یه‌ كه‌ به‌رگی حه‌قیقه‌ت ده‌كات به‌ به‌ری هه‌موو درۆكانی سیاسه‌تدا ،شه‌هید ئه‌و تارماییه‌ سیحراوییه‌ سه‌یره‌یه‌ كه‌ كه‌س نازانێت چییه‌ و كێیه‌ ، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ هه‌موو شاده‌ماره‌كانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌جوڵێنێت ، تا ئه‌م ساته‌ ئه‌و دڵی مێژوو له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ ده‌خاته‌ له‌رزه‌ ،هه‌موو خه‌ریكی ستایشی شه‌هیده‌كانیانن ، هه‌تا شه‌یتانه‌كانیش به‌ بێ‌ شهاده‌ت و شه‌هید بوون ناتوانن ئاڵای خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌ ..)) له‌ ڕۆژ هه‌ڵات فاشیزم ئینسان وه‌كو ئامێرێكی شه‌ڕ ده‌بینێت بۆ ئه‌وه‌ی بكوژێت و بكوژرێت له‌ پێناوی كه‌ڵكه‌ڵه‌ مه‌رگ دۆستیه‌كانی ڕابه‌ره‌ به‌ خودا كراوه‌كان ، تا شه‌هید زۆر تر بێت ماشینی جه‌نگه‌كان و ته‌مه‌نی فاشیزم درێژ تر ده‌بێت .


((یه‌كێك بۆی گێڕامه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ شه‌ڕه‌ ناوخۆكانی كوردستان له‌ نێوان دوو میلیشیای تفه‌نگچی به‌ شه‌ڕ هاتوو كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ردوولا كوژرل بوون ، یه‌كێك له‌ سیاسیه‌ به‌ خودا بووه‌كانی هێزێكیان سه‌ردانی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كات و ده‌بینێت شه‌هیدیان كه‌مه‌و كادره‌ سیاسیه‌كان لێیان شه‌هید نه‌بووه‌ توڕه‌ ده‌بێت و ده‌شیڕێنێت و ده‌ڵێت بۆ شه‌هیدتان كه‌مه‌و كادره‌كان لێیان شه‌هید نه‌بووه‌ !!)) ئه‌وه‌یه‌ فاشیسزم چه‌نده‌ تینووی خوێن و لاشه‌ی كوژراوه‌ .. ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار عه‌لی ((ده‌ریاس و لاشه‌كان))له‌ گه‌ڵ تێكستی ((هه‌وره‌كانی دانیال)) گوزارشته‌ له‌ پرۆژه‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی به‌ ناوی ((فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌وه‌)) من پێموایه‌ لۆژیكی بیر كردنه‌وه‌و ئایدیای هه‌ر بیرمه‌ندێك پتر له‌ كۆنتێكسته‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی ڕه‌نگده‌داته‌وه‌و بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ داهێنه‌ری چ جۆره‌ چه‌مكێكی فه‌لسه‌فیه‌ دۆلۆز واته‌نی .


فاشیزم و فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتی و ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی دوو به‌رهه‌می ناوازه‌ی فه‌لسه‌فی به‌ختیار عه‌لین كه‌ ڕیوایه‌تی مێژووی سته‌مكاری و خوێناوی ڕۆژهه‌ڵاتمان بۆ ده‌گێڕته‌وه‌ له‌ سیاقو متنی پرۆژه‌و چه‌مكی فه‌لسه‌فی به‌ ناوی فاشیزمی ڕ‌وژهه‌ڵات ، ئه‌م سه‌ر بورده‌یه‌ مێژووی ئه‌و چركه‌ ساته‌یه‌ كه‌ فاشیزم له‌ نێو ڕۆحی ئیمانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێت و خۆی له‌ نێو دونیای سیاسه‌تدا مانفێست ده‌كات و ده‌بێته‌ ده‌عه‌جانێكی حه‌وت سه‌ر و ته‌ڕو وشك پێكه‌وه‌ ده‌سوتێنێت و هه‌وڵی له‌ ناوبردنی شارستانیه‌ته‌كان ده‌دات ، به‌ڵام ده‌ریاس و لاشه‌كان تێكستێكی ئه‌ده‌بیه‌ بۆ ئه‌نالیزه‌ كردن و قوڵ بوونه‌وه‌ بۆ نێو كێشه‌ سیاسیه‌كانی دونیای ئێمه‌ و ئاشكرا كردنیان و ده‌ست خستنه‌ سه‌ر برینه‌كان و گرێدانی ته‌نگو چه‌ڵه‌مه‌كانه‌ به‌ چه‌مكی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌ سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشانه‌ بدۆزینه‌وه‌ ، ئه‌م ڕۆمانه‌ پێمان ده‌ڵێت ئیمانی قوڵی تاكی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌ خورافه‌و هێزێكی متافیزیك بووه‌ته‌ حه‌قیقه‌تێكی ره‌ها و موقه‌ده‌س بۆیه‌ هه‌میشه‌و له‌ هه‌موو قۆناغه‌كان به‌ شوێن ئه‌و هێزه‌ وون بووه‌دا ده‌گه‌ڕێت و سه‌ر ئه‌نجام له‌ فێگه‌رێكی كارێزمادا به‌رجه‌سته‌ی ده‌كات و ده‌یكاته‌ ڕابه‌رو سه‌ر كرده‌ی خۆی و وه‌كو خودایه‌كی ئینسانی ده‌یپه‌ره‌ستێت و ته‌نانه‌ت به‌ مردوویش مل كه‌چی ئه‌و گوفتارانه‌شی ده‌بن كه‌ پێشتر وه‌كو ڕێچكه‌یه‌ك پێی ئالوده‌ بوو بوون .. كاره‌كته‌ری نێو ڕۆمانه‌كه‌ ((ده‌ریاس و ئه‌لیاس)) دوو بران ،به‌ڵام بیر كردنه‌وه‌و دونیا بینیان بۆ ده‌ورو به‌ره‌كه‌یان و تێگه‌یشتن بۆ گۆڕانكاری زۆر جێوازه‌ ، شوناسی ئه‌لیاس فێگه‌رێكی شۆڕشگێڕ و توندو تیژ به‌ڵام كۆیلایه‌تی خۆی بۆ سه‌ركرده‌ی كارێزما ڕا ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ ئیماندارێكی به‌ وه‌فای ئایدۆلۆژی حیزب و به‌ ناو شۆڕش ، ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ی شۆڕش له‌ نێو خوێن و كوشت و كوشتار دا هه‌میشه‌ خولیای ته‌قدیس كردنی ژنراڵی سه‌ر كرده‌یه‌ وه‌كو خودایه‌كی سه‌ر زه‌وی ئه‌گه‌ر چی سه‌ركرده‌كه‌ی ده‌مرێت ئه‌و ده‌بێته‌ پاسه‌وانێكی به‌ وه‌فای گڵكۆكه‌ی وه‌كو په‌ره‌ستگایه‌كی موقه‌ده‌س ده‌یپارێزێت و ئێشكی بۆ ده‌گرێت .


به‌ڵام ده‌ریاس شوناسێكی ئارام و سایكۆلۆژیایه‌كی نه‌رم و نیان كه‌ بێزی له‌ توندو تیژی و خوێن ڕشتن ده‌بێته‌وه‌ ئه‌م دۆخه‌ سایكۆلۆژیایه‌ی ده‌ریاس له‌په‌روه‌رده‌ و كولتورێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گردووه‌ كه‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌ له‌ كاتی خوێندن به‌ ده‌ستی هێناوه‌ .ده‌ریاس مێژووی ئه‌م ولاتانه‌ ده‌پشكنێت سه‌ری له‌ نێو په‌رتوك و به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فاكته‌ره‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و سایكۆـ سۆسۆلۆژیانه‌ بزانێت كه‌ تاكی ڕۆژهه‌ڵاتی ئاراسته‌ ده‌كه‌ن و ده‌یكه‌نه‌ ئامێرێكی گوێڕایه‌ڵی خودا سیاسیه‌كان ، ده‌ریاس به‌ شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت بزانێت تاكی ڕۆژهه‌ڵاتی بۆ هه‌میشه‌ خه‌ون و خولیای دروست كردنی ئینسانی دكتاتۆرو خوێن ڕێژو درۆزنی سیاسیه‌ به‌ ناوی سه‌ركرده‌و فریاد ڕه‌سه‌وه‌ .


ڕاستیه‌ك هه‌یه‌ نابێت خۆمانی لێ‌ بدزینه‌وه‌ ئاین و ئیمان وه‌كو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه‌ عه‌قڵی مرۆڤی ڕۆژهه‌ڵاتی ته‌نیوه‌ ، مرۆڤی ئێمه‌ هێشتا نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و ته‌ونه‌ ونجرَ ونجڕ بكات و خۆی له‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه‌ ڕاپسكێنێت و ڕزگاری ببێت له‌ دونیای جهل و خورافه‌و ئه‌فسانه‌ . مرۆڤی ئێمه‌ دژه‌ عه‌قڵه‌ و عه‌قڵی ناكاته‌ پێوه‌ر بۆ وورد بوونه‌وه‌ و شرۆڤه‌ كردن و لێكدانه‌وه‌ و تێگه‌یشتن له‌ ڕوداوو پێشهات و گۆڕانكاریه‌كانی ده‌وروبه‌رمان ، ئیمان و ئاین و مه‌زهه‌ب سه‌نتێزه‌ بۆ تێگه‌یشتن و ڕامان و بیر كرنه‌وه‌ له‌ دونیاو ده‌ورو به‌ر .


مرۆڤی ئێمه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگاوه‌ له‌ ڕوانگه‌ی به‌ر ته‌سكی ئاین و مه‌زهه‌به‌وه‌ پێناسه‌ ده‌كرێت و شوناسی پێ ده‌به‌خشرێت وئه‌خلاقی بۆ دیاری ده‌كرێت ، له‌ دونیای ئێمه‌دا چاكه‌و خراپه‌ی ئینسان و مۆراڵ به‌ پێوه‌ری ئاین ده‌پێورێت ، بۆیه‌ به‌ختیار عه‌لی له‌م ڕۆمانه‌ی دا ئاین و سیاسه‌ت و حیزب و شۆڕش وه‌كو فاكته‌رگه‌لێك ده‌بینێت بۆ به‌ كۆیله‌ كردن و ڕام كردنی ئینسانی ئێمه‌ ، هه‌روه‌ها به‌ ده‌وری خۆی ڕام كراوو كۆیله‌كانیش مرۆڤی فریاد ڕه‌س و ئه‌فسانه‌و هه‌ژمونگه‌را و سیسته‌می سه‌رتاپاگیر به‌رهه‌م دێنن كه‌ جۆرێكه‌ له‌ فاشیزم .
بۆیه‌ زۆربه‌ی كات فاشیزم و كاره‌كته‌ری فاشیزم له‌ دوو توێی ئیمان و ئاینه‌وه‌ سه‌ر ده‌ر دێنێت .
قه‌ده‌ری مێژووی كۆمه‌ڵگاكان و دورگه‌ی ڕۆژهه‌ڵات وا بووه‌ كه‌ ته‌واوی ئاینه‌ سه‌ماویه‌كان ((یه‌هودی ، كریستانی ، ئیسلام )) و هه‌روه‌ها ئاینه‌ زه‌ویه‌كانی وه‌كو ((زه‌رده‌شتی ، بوزی ، كۆنفۆشیزم)) لێره‌ سه‌ر هه‌ڵبده‌ن و ببنه‌ به‌ڵایه‌ك و له‌ گه‌ردن و عه‌قڵی ئینسانی ئێمه‌ بئاڵێن و ببنه‌ به‌ر به‌ستێك بۆ دابڕان و كرانه‌وه‌و گواستنه‌وه‌ له‌م قۆناغه‌ چه‌ق به‌ستووه‌ به‌ره‌و قۆناغێكی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی نوێ‌ كه‌ تێیدا له‌ جیاتی توندو تیژی و شه‌ڕو خوێن ڕشتن ، یه‌كتر قبوڵ كردن و پێكه‌وه‌ ژیان و خۆشه‌ویستی ببێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ژیان و جوان كردنی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی . پاش كوشتنی ژنراڵ بیلال له‌ لایه‌ن نۆباری ئه‌شكزاده‌وه‌ كه‌ كاتی خه‌مڵینی ڕاگه‌یاندنی شۆڕش هاتووه‌ خه‌ڵك به‌ لێشاو به‌ چه‌كه‌وه‌ ده‌ڕژینه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و خوێن ڕشتن ده‌ست پێده‌كات، ئه‌و وه‌سێته‌ی كه‌ پێشتر ژنراڵ بیلال كرد بووی كه‌ لاشه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن ده‌ریاسه‌وه‌ بنێژرێت ده‌ریاس فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌ جێی ده‌كات و هاو كاری ئه‌رشه‌د ساحیب ده‌كات له‌ شاردنه‌وه‌ی لاشه‌كه‌ی ژنراڵ بیلال دا .


ژنراڵ پێیوابوو ده‌ریاس ئه‌و ڕۆشنبیره‌یه‌ هه‌رگیز ناچێته‌ ڕیزی حوكمڕانیه‌كانه‌وه‌ زۆر بیزی له‌ جه‌نگو كوشتو كوشتار دێته‌وه‌ ، هه‌میشه‌ خولیای ئه‌وه‌یه‌ دونیا ترسناك تر نه‌بێت ، زۆر متمانه‌ی به‌ ده‌رساس بوو ، ده‌یزانی ده‌ریاس خه‌ون و خولیای ئه‌وه‌یه‌ مانای ژیان له‌ هه‌موو شوێنێكی دونیا هه‌ره‌س نه‌هێنێت ، له‌كۆتایدا كاتێك ده‌ریاس حه‌قیقه‌تی شاردنه‌وه‌ی لاشه‌كه‌ی ژنراڵ بیلالی بۆ ده‌ر ده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌رشه‌د ساحیب چیرۆكه‌كه‌ی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ستێكی سه‌یری لا دروست ده‌بێت كه‌ كه‌وتۆته‌ نێو ته‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌وه‌ و فریوی خواردووه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی خۆی پێی بزانێت ، وه‌كو ئه‌كته‌ر نمایشی پێكراوه‌ هاو شێوه‌ی ئینسانه‌ ساده‌كانی نێو شار كه‌ به‌ر بوونه‌ته‌ كوشتنی یه‌كتر به‌ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان ، هه‌ستی كرد كه‌وتۆته‌ نێو ته‌ڵه‌زگه‌ی ئه‌و پیلانه‌وه‌ كه‌ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵه‌كان بۆیان داڕشتووه‌ .


پاش ئاشكرا بوونی ئه‌و ڕوداوه‌ قێزه‌نه‌ كه‌ بۆ ده‌ریاسیان دا ڕشت بوو سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت و كه‌س نازانێت ده‌ریاس بۆ كوێ‌ چوو ، ڕه‌نگه‌ پاش نائومێد بوونی له‌ نێو جه‌نگو كوشتاردا ده‌ریاس گه‌ڕا بێته‌وه‌ بۆ ئۆرپا.. به‌ڵام وێنای ستاتیكای ڕوداوه‌كانی كۆنتێكستی ئه‌م ڕۆمانه‌ی به‌ختیار وه‌كو به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی بۆ گوزارشت كردن و درێَژه‌ پێدان و شرۆڤه‌ كردنی پرۆژه‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌یه‌تی به‌ ناوی ((فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵات)) هاو شێوه‌ی جان پۆڵ سارته‌ر وه‌كو نمونه‌یه‌كی زیندوو ئه‌و چۆن به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی پتر پرۆژه‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی به‌ ناوی ((بونگه‌رایه‌وه‌)) ڕوون ده‌كاته‌وه‌ .


به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی شانۆنامه‌ی ((زیندانه‌كانی ئاڵتونا)) و هه‌روه‌ها ڕۆمانه‌كانی ((ڕاگردنی جێبه‌جێ كردن)) و ((ساڵی پێگه‌یشتن)) ئه‌و شاكارانه‌ن كه‌ سارته‌ر تێیدا پرۆژه‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی به‌ ناوی بونگه‌رایه‌وه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ گوزارشت كردنه‌ له‌ ئازادی ئینسان ، پێموایه‌ وه‌رگر پتر ده‌توانێت له‌ ڕێگای شاكاره‌ ئه‌ده‌بیه‌كانه‌وه‌ له‌ ئایدیاو فه‌لسه‌فه‌ی سارته‌ر تێبگات . ته‌نانه‌ت په‌رتوكه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌ ناوی ((بوون و نه‌بوون)) هێنده‌ی شاكاره‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی نه‌یتوانیوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی چڕو پڕ كۆی بیر كردنه‌وه‌ی سارته‌رو پرۆژه‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌یمانی پێ بناسێنێت . كه‌واته‌ تێكستی ده‌ریاس و لاشه‌كان وه‌كو شاكارێكی ئه‌ده‌بی بۆ شرۆڤه‌ كردنی چه‌مكی فه‌لسه‌فی فاشیزمی ڕۆژهه‌ڵاتیه‌ ..

Previous
Next

Leave a Reply