Skip to Content

120 Views

دەریاس و لاشەكان، دەریاس و موقەدەسەكان … نەبەز گۆران

دەریاس و لاشەكان، دەریاس و موقەدەسەكان … نەبەز گۆران

Be First!
by March 1, 2019 General, Literature, Slider
image_print

 تەواوی كارەكتەرەكانی ناو فەزاكە لە بازنەیەكدا خولدەخۆنەوە بازنەكەش هیچ بەرهەمێكی نابێت، جگە لە ونكردن و نادیاری دروستكردن.       

راستەوخۆ دەچمە ناو فەزای دەقەكە، مەبەستمە دەق و فەزاگشتییەكەی ناو دەق بنەمای خوێندنەوەكەم بن، نەك بەراوردكاری لەگەڵ واقیعدا. ئەگەر لە شوێنێكدا فەزای دەق و فەزای واقیع بكەمە بنەمایەك بۆ خوێندنەوە، مەبەستم نییە بەراوردی دەق و واقیع بكەم، مەبەستمە درزێك بۆ خۆم بدۆزمەوە تا لە رێگەی ئەو درزەوە، باشتر پەی بەو چەمكانە ببەم لەناو دەقەكەدا بنەوانی ئیشكردنن و دەق بكەمە دەلاقەیەك بۆ خوێندنەوەی واقیع. یانی مامەڵەكردن لەگەڵ خودی فەزای رۆمان و فەزای دەق، نەك مامەڵەكردنێك رۆمان نەناسانە بۆ یارمەتیدانی خۆم، واقیع بكەمە كەرەستەیەك تا لەوێوە دیدە تایبەتییەكانی خۆم لەسەر فەزای ناو دەق بدەم. (دونیای رۆمان، دونیایەكە لەگەڵ واقیع بەراورد ناكرێت.)


لەم رۆمانەدا سێ‌ چەمكی گرنگ شوێنی ئیشكردنی دەقەكەن. (وەهم، شۆڕش، موقەدەس) هەر سێ‌ چەمكەكە بەشێوەیەكی رژد كاریان لەسەر كراوە و، لەرێگەی فەزای گشتی رۆمانەكە و، زمانی كارەكتەرەكانەوە، بەوردی رەهەندەكانی هەرسێ‌ چەمكەكە بۆ خوێنەری دەق روندەبنەوە.
بەرلەوەی قسە لەسەر سێ‌ چەمكەكە بكەین، پرسیار لە فەزای گشتی رۆمانەكە دەكەین، كە چ جۆرە فەزایەكە و لەم فەزایەدا ئێمەی خوێنەر چیدەبینین؟ بۆ ئەوەی فەزای گشتی دەقەكە بناسین گرنگە بەشوێن ناوێكدا بگەڕێین لە فەزا گشتییەكەی بنێین، ئەشێت كارێكی خراپم نەكردبێت، فەزای گشتی ناو رۆمانەكە ناو بنێم،(فەزای سەرابی، یان فەزای تراویلكەیی) ئەو فەزایەی لە هەموو بەشەكانی ناو دەقەكەدا بوونی هەیە ، فەزایەكی تراویلكەییە، فەزایەكە هەموو كارەكتەرەكان تێیكەوتوون و هیچ كام لەو كارەكتەرانەش بە تەواوەتی تەفسیرێكی روونی بۆ فەزاكە گشتییەكە نییە.


بەشێك لە كارەكتەرەكانی ناو فەزا تراویلكەییەكە باس لە ئومێد دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی بزانن ئەم ئومێدە لە چیدایە و چۆن بەرهەم دێت و لە كوێدا بیدۆزنەوە! بەشێكیان باس لە شۆڕشدەكەن، بەبێ‌ بوونی كردەیەكی راستەقینەی شۆڕشگێرانە! بەشێكیان بێباكن و بێباكی و نائومێدییەكەیان هیچ هوشیارییەك و دونیابینیەكی لەگەڵدا نییە و، جۆرێك لە تراویلكەیی كە بوەتە مێژووی شوێنەكە سەرتاپای ژیانی ناو دەقەكەی داگیركردووە.


سەراب، یان تراویلكە، نادیاری تەنها نەبەستراوەتەوە بەژیانی ئەو كارەكتەرەكانەوە بێباكن و بەردەمی خۆیان نابینن و لەناو نیادیارییەكدا دەیگوزەرێنن، بەڵكو بەستراوە بە ژیانی ئەو كارەكتەرە حەماسیانەشەوە بە رژدی باس لە شۆڕش و كردەی بەرگریدەكەن.


بۆ یارمەتیدانی خۆمان، ئەكرێت لە فەزای لەم جۆرەدا باس لەو فەزا واقیعییە بكەین، لە ئێستادا، یان لە زۆر وێستگەی جیاجیادا لەناو واقیعی كۆمەڵگەی ئێمەدا ئامادەیی هەیە. مێژووی حوكومرانی نادروست هەمیشە بەشێك لەو فەزایەی دروستیدەكات فەزای تراویلكەییە. ئەو جۆرە لە فەزایە بەردەمی خۆت وەك سەرابێك بۆ دیاریدەكات و وێناكە جۆرێكە لە فێڵ لە بینین و لە هوشیاریت، ئەم فێڵی وێناكردنە دەتخاتە ناو دۆخێكەوە ئیدی تۆ لەناو خودی فەزاكەدایت، بەبێ‌ ئەوەی بەردەمت یان دواوەت لێوە دیاربێت! لە چوارچێوەیەكی سنوورداردا كە نەبینراوە ژیانت دەسوڕێتەوە و هەمیشە دەتەوێت ئەم نەبینراوە ببینی و لەو دۆخە دەرچیت تێیكەوتویت، بەڵام لە هەر گۆشە نیگایەكەوە لێبڕوانیت دێتەوە ناو هەمان فەزا.


هەمیشە دەرك بەوە دەكەیت شتێكی گەورە لە ئارادایە، رووداوێك دێتە پێش و ئاڵوگۆڕێك دروستدەبێت، ئەما هیچ رووداوێك لە ئارادانییە و هیچ گۆڕانكارییەكیش لە ئارادا نییە. ئەو فەزا تراویلكەییە یاریی بە بینین و هوشیاریتدەكات و دەتخاتە ناو ئەو دۆخەوە ئەو دەرككردنەت بۆ دروستبێت، دەككردنەكەت بچوكترین گۆڕانكاری دورستناكات و، بەردەوامیش وەهمی گۆڕانكاری دەبێتە بەشێك لە رووبەری خەیاڵ و بیركردنەوەت. ئەم تایپەی فەزای تراویلكەیی یەكێكە لەو فەزا ترسناكانەی كارەكتەری ناو فەزاكە دەخاتە دۆخێكەوە سیمایەكی راستەقینەی نەبێت و، زوو زوو سیماكان و برواكانی خۆی بگۆڕێت تا لەناو فەزا تراویلكەییەكەدا بێتە دەرەوە و بەرچاو رونییەكی هەبێت. خودی فەزاكە ناچارییەك دروستبكات لە یەك چركەساتدا وەهمی شۆڕشت هەبێت و، لە هەمان چركەساتدا بێباكی و نائومێدی ببێتە بەشێكی ژیانت و لە هەمان كاتیشدا گەڕانەوە بۆ مێژوو و بۆ ناو دۆخی جەماوەریبوون، دیوێكی دیكەی بوونت داگیربكات و بتكاتە بەشێك لەو ئەوەی، كە تۆ نیت.

فێڵی پیشاندانی ئومێدی گەورە، شۆڕشی راستەقینە، گۆرانكاری بنەرەتی، ئەو فێڵە تراویلكەییە كە دەقی رۆمانەكە بەوردی لەگەڵ درێژكردنەوەی ئەم فەزایەدا دەروات و كارەكتەر و مەخلوقەكانی ناو دەقەكە دەكات بە كۆمەڵێك بەشەوە و هەر بەشەو لەو فەزایەدا بەرگری لەو بروایەی خۆیدەكات، كە ئایدۆلۆژیای باڵا بۆ فەزا گشتییەكە دروستیكردوە.


هونەری دروستكردنی فەزایەكی لەم جۆرە بۆ نووسەر، یارمەتیدەر دەبێت تا لەناو ئەم فەزا نادیارەدا بتوانێت ئەو چەمكانەی دەبنە بنەوانی كارەكەی بە باشی ئیشیان لەسەر بكات. فەزای تراویلكەیی فەزایەكی بێ سیمایە، سیمایەكی راستەقینەی نییە تا لەناو ئەو سیما راستەقینەدا كار لەسەر ئەو بروایە بكەیت جوڵەیەك، یان گۆڕانكارییەك دروستدەكات، بە پێچەوانەوە فەزایەكە هەموو جوڵە و كاركردنێك و كردەیەك لەناو خۆیدا وندەكات و لە كۆتاییدا دەیخاتە خزمەتی ئایدۆلۆژیا باڵاكەوە.


لەم تایپەی فەزادا ژیانێكی بەبەردبووی ترسناكمان پیشان نادات، كە ئەو ژیانە بەبەردبووە ببێتە هەڕەشە لەسەر ژیانی تایبەت و كوشتنی روون و مەرگی دەستەجەمعی لەگەڵ خۆی بهێنێت. ژیانێكی نەرمی ئاسایشمان پیشان نادات، ببێتە دینەمۆیەك بۆ خەونی زیاتر و بەرهەمهێنانی ئایدیای زیاتر. لەنێوان هەردوو تایپەكەی ژیاندا، ژیانێك دەخاتە ناو دەقەوە، شتەكان بوونیان هەیە، بەڵام لەناو بوونەكەی خۆیاندا بەنادیاری و مەحوبوو دەمێننەوە. هەمووشتێك تا ئەو شوێنە بوونی هەیە دەچیتە ناوییەوە، كە دەچیتە ناوییەوە بوونەكەی نامێنێت و چەشنی سەرابێك لە دورەوە دیارەو لە نزیكەوە نادیار و ونبوو.


گوێمان لە كردەی شۆڕشدەبێت، كەچی كردەی شۆڕشەكە كردەیەكە تەنها گوێمان لێیدەبێت و بوونێكی راستەقینە و جوڵەیەكی راستەقینەی نییە، هاژەهاژێكە لەناو فەزای تراویلكەیدا نوقم دەبێت. وەهمەكان و موقەدەسەكان ئامادەییەكی گەورەیان هەیە، نە وەهمەكان و نە موقەدەسەكان ناتوانن لەناو فەزا تراویلەكییەكەدا جوڵەیەكی راستەقینە بكەن و هەریەكەیان لە شوێنی خۆی مانای هەیە و، لە دەرەوەی خۆی بێمانا دەبێت.


تەواوی كارەكتەرەكانی ناو فەزاكە لە بازنەیەكدا خولدەخۆنەوە بازنەكەش هیچ بەرهەمێكی نابێت، جگە لە ونكردن و نادیاری دروستكردن. بێباكییەكی گەورە ئامادەیی هەیە، ئەما ئەم بێباكییە لە جەوهەری خۆیدا خەمێكی گەورەی هەڵگرتوە و بەهۆی فەزا تراویلكەییەكەوە خەمەكە بووە بە بێباكی. دونیایەك دروستبووە، دونیاكە چ جەوهەرەكەیە و چ رووكەشەكەی بەباشی دیارن و خۆیان دەنوێنن، بەڵام ئەوەی كێشەی گەورەیە دیاربوون و خۆ نوێنییەكەیان، دیاربوون خۆنوێنییەكی نادیار و ونبووە، نە ئەوەیە دیارییەكە ببێتە جوڵەیەك بە تەواوەتی مانایەك بەبوونی دیاری خۆی بدات، نە ئەوەیە نادیارییەكەی كۆتایی بێت و، دیارێكی دیكە بێتە شوێنی. دونیایەكی تراویلكەیی كە هەموو ئەوانەی لەناویدا دەژین بەجۆرێك لە جۆرەكان لە دۆخی ونبووندان و ئاڵوگۆڕێك بەسەر ئەم تراویلكەیی بوونەدا نایەت.

یەكێك لە ترسناكترین دەقەكانی بەختیار عەلی ئەم دەقەیەتی. ترسناك بەو واتایەی توانیویەتی ئەو فەزا تراویلكەییە دروستبكات و لەناو ئەو فەزایەدا هەموو ئەو چەمكانەی بەستراون بە ژیانی گشتی و ژیانی تایبەتی كارەكتەرەكانەوە هەم بوونیان هەبێت، هەم ونببن و بتوێنەوە. دەرككردن بەم جۆرە لە فەزا و خولقاندنی لەناو دەقدا، ئیشی نووسەرانێكە بتوانن لەرێگەی هونەری وشەوە فەزای لەو جۆرە بەرهەم بێنن.


لە واقیعی ژیانی گشتیدا هەمیشە ئەم جۆرە لە فەزا لەژێر سیستەمی فاشیدا دروستدەكرێت و لەناو خۆیدا ئومێدەكان، برواكان، نائومێدەكان، بێباكەكان..هتد دەخاتە ناو بازنەیەك و رووبەری یەكدیاندەكاتەوە و لەناو فەزاكەشدا ونیاندەكات. هەمان فەزا واقیعەكە لەشوێنێكی دیكە و بە دونیابینییەكی دیكە و لە جیهانی رۆماندا، لە دەقەكەكا بە باشی وێناكراوە. لێ‌ وێناكردنێك هەرگیز ناتوانیت لەگەڵ واقیعدا بەراوردی بكەیت و، دەبێت دەق بكەیت بە دەلاقەیەك تا لەوێوە جارێكی دیكە بۆ واقیع بروانیت.


لەگەڵ سەرەتای رۆمانەكەدا فەزای تراویلكەیی دەستپێدەكات و راستەوخۆ بەر موقەدەس دەكەوین. بە موقەدەسكردنی حیزب و ئایدۆلۆژیا و سەركردە، سەردەمێك دێتە پێش ئیدی ئەو سەردەمە دەبێتە سەردەمی بە موقەدەس كردن. هەموو موقەدەسێك كە دروستدەكرێت پرسیار و گومان و عەقڵ دەكوژێت. هەمیشە موقەدەس لە شوێنێكدا بوونی هەیە، ئەو شوێنە لە غیابی عەقڵدا دەژیت.


لەو شوێنەی عەقڵ و پرسیار و گومان بوونیان هەبێت، لەو شوێنەدا موقەدەس بوونی نییە. كە موقەدەسیش هات ئیدی عەقڵ باردەكات و لەشوێنی ئەو موقەدەس دەبێتە شوێنگرەوە. ئیدی ئەوە ئایین و نەریت نییە موقەدەسە بەرهەم دەهێنێت، لەبری ئەوان حیزب و ئایدۆلۆژیا وەك مەكینەیەكی گەورەی بەرهەمهێنانی موقەدەس، بەردەوام سەركردە لە چوارچێوەیەكی موقەدەسبوودا وێنادەكرێت و ئەهلی حیزبیش لەگەڵ ئەم نەریتەدا ژیانیان بە موقەدەسی حیزبی گەمارۆ دەدرێت. لەگەڵ هێنانەوەی تەرمی موقەدەسدا حەشاماتی موقەدەس پەرست دەكەونە شوێن ئەو تەرمەی هیچ دونیایەكی نوێ و هیچ ئایدیاییەكی نوێی لەگەڵ خۆی نەهێناوە، لەبری ئەوە وەك موقەدەسێك بەبێ‌ بوونی پرسیارێك لەسەر بەرهەمەكەی، بەبێ‌ بوونی پرسیارێك لەسەر دونیابینی و ئەو جیهانەی دروستیكردوە، لەشكری موقەدەس پەرست دەكەونە ستایشكردن و شیوەنگێڕان بۆی. لەو فەزا كەرنەڤاڵییە موقەدەسییەدا، سەرەتایەكی ترسناك بۆ شار و بۆ ژیانی گشتی دەردەكەوێت. ” ئەو باڵندە دڕو بێباكانەی بەسەر تەرمەكەدا دەفڕین، هێندەی سەیری ئێمەیاندەكرد و تەماحیان بۆ گۆشتی ئێمەبوو، مەیلیان بۆ ئێسكوپروسكی كۆنی ئەو مردوە نەبوو.”


باڵندەكان هەمان ئەو لەشكرەن لە پێناو دونیای ئایدۆلۆژیا و كۆنترۆڵكردندا، بە دەوری تەرمی موقەدەسدا دەسوڕێنەوە، هەمان ئەو جەماوەرەن لەژێر هەیمەنەی حیزب و ئایدۆلۆژیادا موقەدەس قبوڵدەكەن و، لە پەنای ئەو رازیبوونەدا بەشێك لەو ژیانە بەچێژەیان دەوێت لەو فەزایەدا دەستیان دەكەوێت. ئەوان بەرگری لە تەرمەكە ناكەن تالەوەزیاتر نەرزێت، ئەوان وەك پاسەوانێك لەو دونیایە تەماحیانە لەپشت ئەو فەزا موقەدەسەوە دەست بۆ ژیانی ئەوانی تر ببەن.


گۆشتی ئێمە بۆ باڵندەكان، هەمان خوانە لەناو دونیای ئایدۆلۆژیای بارگاوی بە موقەدەسدا رووبەرێكی فراوان داگیردەكات و كەسی پاسەوان بە وێنەی باڵندەكان لەسەر ژیانی ئێمە دەژیت و، ئەو ژیانەی كە هی خۆیی نییە لە رێگەی پاسەوانیكردنی موقەدەسەوە بەریدەكەوێت. ئیدی ژیانی تایبەتی كۆتایی دێت و، ژیانی بە جەماوەری بوون شوێنی دەگرێتەوە. بە جەماوەری بوون ئەو فەزا دروستكراوەیە ئایدۆلۆژیا لەرێگەی گوتارەكان و لە رێگەی بەرهەمهێنانی موقەدەسەوە دەیخولقێنێت، تا بتوانێت كۆی رەنگەكان لەناو رەنگێكدا ونبكات. ئەو پاسەوانانەی لە دەوری سەركردەی حیزبی و كارەكتەری موقەدەسدا پاسەوانی دەكەن، یان ئەو پاسەوانانەی مەزارە پیرۆزەكان دەپارێزن، ئەو لەشكرەی لەخوارەوە ستایشی موقەدەس و حیزب دەكات، هەمان ئەو باڵندە گۆشتخۆرانەن لەگەڵ تەرمی موقەدەستدا دێنەوە بۆ نیشتیمان و ئیدی لە رێگەی هێنانەوەی تەرمێكی موقەدەسكراوی حیزبیدا، مێژووێك لە موقەدەسی دیكە دروستدەبن و بەشوێنیدا چەندین موقەدەسی تر دێن. (لە فەزای رۆمانەكەدا،هەموو لاشەیەكی نوێ‌ موقەدەسێكی نوێیە.)
لەگەڵ هاتنەوەی تەرمێكی بە موقەدەسكراوی حیزبیدا، كۆمەڵگە دابەشدەبێت بەسەر كۆمەڵێك رەنگی ئایدۆلۆژیدا. هەریەك لەو رەنگە ئایدۆلۆژیانە بەشوێن دروستكردنی موقەدەسی خۆیدا دەگەڕێت. لەناو فەزا تراویكەیەكەدا دابەشوبوونە ئایدۆلۆژییەكان زۆر بەریتمێكی عادەتی بەرێوە دەچن و، هەر تایپ و رەنگێكی ئایدۆلۆژی و گروپێك سەرقاڵی دروستكردنی موقەدەسێكە بۆخۆی و، كاتێك دەزانی كۆی فەزای ژیانی گشتی گەمارۆ دراوە بە كۆمەڵێك كارەكتەری بە موقەدەسكراو، كە هیچ كات ناتوانی بیرلە كردەكانیان و رەخنە لە كردەكانیان و جوڵەكانیان بگریت.


هەر ئەو تایپانەی لەو شوێنەی بەدوای خەونی شۆڕشدا دەگەڕێن، لەهەمان شوێندا خۆیان دینەمۆیەكن بۆ دروستكردنی موقەدەسێك، بەبێ‌ ئەوەی دەرك بەوە بكەن، ئەم موقەدەسەی دروستیدەكەن جیاوازییەكی لەگەڵ موقەدەسەكەی دیكەدا نییە و هەر هەمان كارەكتەر ئەشێت هەمان فەزای ژیانی تایپە ئایدۆلۆژییەكانی دیكە دروستبكاتەوە و، موقەدەس بوونەكەی خۆی بكاتە دینەمۆیەك بۆ كوشتنی ئەو ئازادییەی لەناو جەوهەری شۆڕشدا هەیە. كاتێك فەزای بە موقەدەسكردنی سەركردەكان دەبێتە رۆتینێكی ئاسایی حیزب و ژیانی گشتی ، ئیدی بیر لەوە دەكەنەوە هەر موقەدەسێك پێویستە شوێنێكی بەرزی هەبێت لەو شوێنەوە بۆ دونیا و خەڵك بروانێت.


” لەو رۆژەوە دەبوو هەندێ‌ لە سەرۆكە ئەفسانەییەكانمان لەسەر گردی بەرز بژین و بنێژرێن.” ئەم رستەیە سەرتایەكە بۆ جیهانێكی دیكە، جیهانێك كۆی گشتی كۆمەڵگە لەناو دەقەكەدا بەوە رازین سەرۆكی حیزبەكان ئەفسانەن و موقەدەسن، نەك هەر ژیانیان، پێویستە مەرگیشیان جیابكرێتەوە و تێكەڵ بە مەرگی ئەوانی تر نەكرێت. موقەدەس بوونەكە دەگاتە ئاستێك هەریەكەو پێویستە لەسەر گردێك بژیت و لەسەر گردێك بنێژرێت. بۆ ئەوەی لەو بەرزاییەوە شكۆی دەركەوێت و تەرمەكەی و ژیانە تایبەتییەكەی تێكەڵ بە ژیانە گشتییەكە و گۆرستانە گشتییەكان نەكرێت.


ئەم جیاكردنەوەی سەركردەی موقەدەس و ئەفسانەیی حیزبی، دروستكردنی كۆمەڵگەیەكە لە دەرەوەی عەقڵ و بیركردنەوە و دەورەدراو بە كۆمەڵێك موقەدەس، كە لە جەوهەردا هیچ كام لەو سەركردە حیزبیانە نە ژیانێكی نوێ‌ و نە دونیایەكی نوێیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، لەبری ئەوە مێژووێكی پڕ لە وەهمی موقەدەسكراو دەگوازنەوە بۆناو شارەكان و، چینەكانی ناو كۆمەڵگە دابەشدەكەن بەسەر رەنگە ئایدۆلۆژییەكان و، لەناو فەزای تراویلكەیدا خۆیان دەكەنە موقەدەس و كۆمەڵگەش بەریەك دەكەوێت. لە بەریەكەوتنەكاندا تەنها وەهمەكانن كۆمەڵگە بەرێوە دەبن و واقیعی ژیان دەگۆڕێت بۆ وەهمی ژیان.


لە كەوانەیەكدا ( لێرەدا لە دەق دێمە دەرەوە و دەق دەكەمە دەلاقەیەك بۆ بینینی واقیعە گشتییەكەی كۆمەڵگە. دەتوانین زۆر بە ئاسانی دیمەنەكانی ناو دەقەكە دەرك بكەین و جارێكی دیكە خوێندنەوە بۆ ئەو واقیعە بكەینەوە، دەقەكە لێیەوە دەروانێت. واقیعی سیاسیی و كۆمەڵایەتی ئێمە، واقیعێكی نادروستە. واقیعێكە هەرچۆن لە دەقەكەدا فەزای تراویلكەیی هەیە، لەناو واقیعەكەشدا ئەو فەزا تراویلكەییە هەیە. هەرچۆن لە دەقەكەدا سەرەتای هێنانەوەی تەرمێك دەبێتە سەرەتایەك بۆ دروستكردنی دونیایەك لە موقەدەسی دیكە و كۆمەڵگە دابەشدەبێت بەسەر موقەدەسە حیزبییەكاندا، كە خودی كۆمەڵگە دروستیكردوون، لەناو واقیعەكەشدا بەر هەمان دۆخ دەكەوینەوە.


ئەو پیرۆزیی و موقەدەسانەی حیزب و ئایدۆلۆژیاو دەسەڵات دروستیاندەكات، لە غیابی عەقڵ و هوشیاریدا دروستدەبن و، فەزایەك دروستكراو لەم فەزا ناروونەدا، لە غیابی عەقڵ و هوشیاریدا، هەمیشە پیرۆزی نوێ‌ و موقەدەسی نوێ‌ بەرهەم دەهێنرێت. هیچ كام لەو پیرۆزی و موقەدەسانەش ناتوان ژیانێكی نوێ‌ دروستبكەن و دونیابینییەكی نوێ‌ بخەنە ناو كۆمەڵگەوە. لەبری ئەوە پاسەوانی مەزارە پیرۆزەكان، لە پاسەوانی مەزارەكانەوە دەبنە پاسەوانی ژیانی ئەویتر. دۆخێكی فاشییانە دروستبووە، لەرێگەی زمانی دەمامكەكانی ناو دونیای شاشەكانەوە، هەموو ئەویترێكی دەرەوەی حیزب دەكەوێتە بەرنەفرەت. هەرحیزب و ئایدۆلۆژیاییەك دونیایەكی تایبەتی بۆ خۆی دروستكردوە، ئەو دونیاتایبەتییەی بریتییە لەوەی: ئەوەی لەگەڵم نەبوو، ئیدی نەفرەت لێكراوە. لەناو دونیا تایبەتییەكەی خۆشیدا موقەدەسێكی دروستكردوە، قسەكردن و رەخنەگرتن لەو موقەدەسە دەبێتە بنەمایەك بۆ نەفرەتكردن لە كەسی رەخنەگرت و گومانكەر. فەزای نا عەقڵانی فەزای گشتی دەقەكە و فەزای گشتی واقیعەكەشە. نووسەر لە رێگەی ئەم رۆمانەوە دێت هەموو ئەو دیمەنانەمان بۆ روندەكاتەوە كە ئەشێت ئێمە لە واقیعدا دەركی بكەین، یان بەری بكەوین، بەڵام دەقێك دێت ئەم دەرككردن و بەركەوتنە پیشاندەداتەوە و مانایەكی دیكەی پێدەدات.)
لەپشت ئەم موقەدەسانەوە، دونیایەك لە وەهم ئامادەیی هەیە. وەهم بە رەنگی جیاواز و شێوەی جیاواز، وەهم بە گوتاری جیاواز و دەنگی جیاواز، وەهم بە گشتی و وەهم بەتایبەتی، وەهم بەهەموو تایپەكانییەوە. وەهمێك كۆمەڵێك كەسی ناو فەزا گشتییەكە لەگەڵ خۆیاندا هەڵیانگرتووە و دەیگوازنەوە بۆ شوێنەكان و بۆ كارەكتەرەكانی دیكە. ئەم وەهمە لە شوێنێكدا وەهمی شۆڕشە و لە شوێنێكدا دەهمی دژە شۆرش.


بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا وەهمە. وەهمی پاڵەوانی ناو رۆمانەكە، لەو چركەساتەوە دەستپێدەكات نازانێت ئەوەی دەیبنێت واقیعە، یان راستی. نازانێت ئەوەی بەریدەكەوێت بوونی هەیە، یاخود تەنها وەهمێكی لەناو خەیال و بیركردنەوەی خۆیدا دروستیكردوە. خودی پاڵەوان وەهمناسێكە و توشی وەهم دەبێت! فەزا گشتییەكە بە جۆرێك كردەكان و جوڵەكان و دیمەنەكان دروستدەكات، ئیدی وەهمناس خۆی دەبێتە كارەكتەرێكی وەهمی و گومان لە واقیعی بوونی خۆی بكات. ئەم وەهمانە وەهمی گشتی نین بە واتایەك یەك جۆر وەهمبێت.


هەر گروپە و تایپ و ئایدۆلۆژیاییەك وەهمی تایبەت بەخۆی هەیە و شوێن وەهمەكانی خۆی دەكەوێت. تەنانەت كارەكتەرە بێباكەكانیش وەهمێكی بێباكانەیان دەرهەق بە دونیا و ژیان بۆ دروستبووە. بۆ ئەوەی نمونەیەك بهێنمەوە زیاتر دەقەكە ئاسانبكات، نمونەی شاشەیی دەهێنمەوە، ئەو نمونانەی ئەكرێت هەریەك لە ئێمە رۆژانە بەریبكەوین.( لەپشت شاشەكانەوە كۆمەڵێك كارەكتەرمان هەیە، هەمانە لە دونیای دەرەوە دەژیت و هەزاران فرسەخ لە نیشتیمانەوە دورەوە و، داوای شۆڕشدەكات بۆ هەموومان، دەیەوێت لە رێگەی شاشەكانەوە شۆرشێك بەرپابكرێت، بەبێ‌ ئەوەی خۆی ئامادەیی هەبێت لە كردەكە و لە واقیعەكە، شاشە بۆ ئەو وەهمێكە بتوانێت شۆڕشی تیابەرپابكات، یان وەهمی شۆڕش بڵاودەكاتەوە و خۆشی لێدەبێتە پێشرەوێكی ناو وەهمەكە.


یاخود كارەكتەرمان هەیە لەوەهمی چەقبەستویدا، كە پێی وایە هەرگیز هیچ گۆڕانكارییەكی رادیكاڵانە لەناو كۆمەڵگە دروست نابێت و دەبێت بێباكانە سەیری هەموو ئەو رووداو قۆناغانە بكەین بەسەر ژیاندا تیدەپەڕن.) ئەم دوو نمونەیە دوو لە نمونە وەهمییەكانن، لەناو دەقەكەدا چەندین نمونەی لەم جۆرە بوونی هەیە. كارەكتەری دەلاكەكە، كاتێك دەركدەكات هێزی شۆڕش چوەتە ناو ناخییەوە، ئیدی پێیوایە لە كارەكتەرێكی ئاسایی خێزانییەوە گۆڕاوە بۆ كارەكتەرێكی گشتی.


تەنانەت لە ناشتنی دایكیشیدا ئامادەیی نابێت، چونكە وەهمێكی بۆ خۆی دروستكردوە كەرنەڤاڵی ناشتنی سەكردەی موقەدەسی لا گرنگترە لە ناشتنی دایكی. ئەو وەهمەی كە لەخۆی دەریچاندووە و جۆرێك لە بەپرسیارییەتی بۆ دروستكردوە، كە كارەكتەری شۆڕشگێڕ بە تەواوەتی گۆڕانكاری بەسەر خۆی و دونیاكەیدا دێت، وەهمێكە زۆرێك لە كارەكتەرەكانی دەوری گوتاری شۆڕش لەناو دەقەكەدا توشی بوون.


لە و وەهمە كۆمیدی تر ئەوەیە، شۆڕش لەناو فەزای رۆمانەكەدا، تەنها گوتارێكی بڵاوە دەنگە دەنگ و باسكردنێكە و هوشیارییەك و جوڵەیەكی راستەقینەی لەگەڵدا نییە. بەشێكی زۆری ئەو كارەكتەرانەی لەدەوری ئەو گوتارە وەهمییە كۆبوونەتەوە زۆر بێئاگان و هوشیارییەكیان لەسەر كردەی شۆڕش نییە. تەنها دەزانن كارەكتەرێكی موقەدەس هاتووە و دەیەوێت هەمووشتێك كۆتایی پێبهێنێت و ئەو ویستانە بەرهەمبهێنێت، لەناو وەهمی شۆڕشگێرە وەهمییەكاندا دروستبووە. كاتێكیش كارەكتەری موقەدەس دەمرێت، هەموو شوێنكەوتوانی شوێن وەهمێك دەكەون، هەرگیز ئەو وەهمەیان بۆ تەحقیق ناكرێت و لە ناو دونیاكەی خۆشیاندا پێیانوایە كاری زۆر گەورە و مەزنیان كردوە و چاوەرێی كاری گەورەتر لەخۆیان دەكەن و كارەكەشیان كار نییە، وەهمە لەناو فەزای تراویلكەیی.


لەتەنیشت ئەم وەهمی شۆڕشەوە، وەهمی دونیای چەقبەستوو، رازیبوو بە رابردوو، رازیبوو بە مێژووی كۆن و، درێژكردنەوەی ژیان لەسەر حیكایەتە كۆنەكان، فەزای بەشێكی ژیانی ئەوانی ترە. هەرسی تایپەكە، سێ‌ تایپن لەناو خۆیاندا دونیایەكی وەهمیان دروستكردوە. بەشێكیان لەگەڵ موقەدەس و مێژوودا رەوتی ژیانی خۆیان دەڕۆن و ئامادەنین هیچ گۆڕانكارییەك لە ژیاندا دروستبكەن و خەمی گەورەیان ئەوەیە، گۆڕانكاری لەو مۆدێلەی ژیانیاندا دروستبێت. بەشێكیان بەرگری لەو مێژووە دەكەن بە سەروەری دەزانن و پیرۆزیان كردوە و پێیانوایە ئەو سەروەریانەی مێژوو بەسە بۆ ئەوەی تا هەتایە لەژێریدا بژین.


بەشی سێهەم لەناو وەهمی شۆڕشدا بە دەوری دووبارەكردنەوەی مێژووێكدا دەسوڕێنەوە.، كە ئەو دووبارە كردنەوەی مێژووە وەهمەكان و موقەدەسەكانی ترسناكترن لە وەهمی دوو تایپەكەی دیكە. لە كۆتایی هەر سێ‌ وەهمەكەدا، ئەوەی باڵادەستە فەزا تراویلكەیەكەیە، كە دەتوانێت هەرسێ‌ ئایدۆلۆژیاكە بە وەهمەكانییانەوە لەناو خۆیدا ونبكات و فەزایان بۆ دروستبكات لەو فەزا دروستكراوەدا، رووبەری وەهەمەكانی خۆیان فراوانبكەن و لەناو ئەو رووبەرە وەهمیەدا مێژووێكی پڕ لەوەهم بنووسنەوە. لەیەك كاتدا وەهم و شۆڕش و موقەدەس، رووبەرێكی فراوانی دەقەكە داگیردەكەن و، لە هەمان كاتیشدا فەزای گشتی رۆمانەكە، چونكە فەزایەكی تراویلكەییە هەرسێ‌ چەمكەكە لەناو خۆیدا وندەكات و وەك یارییەكی سەرابی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. هونەری گەورەی ئەم رۆمانە لەو فەزا تراویلكەییەدایە كە نووسەر توانیویەتی دروستبیبكات و دونیایەكی تایبەت دروستبكات، كە لەو دونیا تایبەتییەدا بەر كۆمەڵێك چەمك دەكەوین، بەبێ‌ ئەوەی ئەو چەمكانە مانای خۆیان بەتەواوەتی تەحقیق بكەن و مانای خۆشیان ونبكەن!

ئەكرێت لە كۆتایی ئەم سەرنجەدا بڵێم: ئەمە تەنها وەك سەرنجێك لێم وەربگرن. نەهاتووم لیكۆڵینەوە بكەم تا لە هەموو گۆشە نیگایەكەوە دەقەكە بخوێنمەوە. بەڵكو بەشێوەیەكی گشتی سەرنجم لەسەر فەزای دەق و سێ‌ چەمك خستوەتە روو.

                                                                                        نەبەز گۆران 

تێبینی:
ئەو رستانەی لەناو وێرگوڵدان”..” رستەی ناو رۆمانەكەن.

Previous
Next

Leave a Reply