Skip to Content

چەپ و مێژوو لە کوێدان  … نوسینی:- نەجمەدین فارس

چەپ و مێژوو لە کوێدان … نوسینی:- نەجمەدین فارس

Closed
by ئازار 3, 2019 General, Opinion



سەرەتایی مانگی ئازاری ٢٠١٩
چاپی دووەم

چەپ و مێژوو لە کوێدان !
بەشی یەکەم
هەلوو مەرجی جیهان وکاریگەری ڕووداوەکان

 سەرەتا وا باشترە کە ئینسان بۆ لێکدانەوەکانی و لێکۆڵینەوە لە هەر بارێکی ئەزمە گرتوو، لێکدانەوەی دیالێکتیکی بۆ بکرێت . چونکە ئەنجامی ئەو کاریگەریانە لەسەر ئەزمە ئەتوانێت بە تەواوەتی دەست نیشان بکات . 
لێرەدا هەڵوێستەیەک لەسەر مێژووی ئەو ڕووداوانە وەردەگرین و دەچینە سەرلێکدانەوەیان ، بێگومان وا باشترە کە ئێمە لە مێژووی پێش ئێستاوە دەست پێبکەین کە ئەتوانێت ڕەهەندی ئیستای ئەزمەمان بۆ دەست نیشان بکات. لە شەڕی جیهانی یەکەم و دوای ئەو شەڕەو شەڕی جیهانی دووەم و دوای ئەو جەنگە، سۆسیالیزم بوو بووە باسێک یان بوو بووە ڕەهەندێک کە زۆرترین کەس لە دنیادا هیوای خۆی پێوە گرێ دابوو ، بێگومان سۆسیالیزم لەو کاتانەدا بە چەندین جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرا، بەڵام بە هەر هەموویان بێجگە لە ڕەهەندی هزری بەلشەفیزمی ئەو کاتەی لینین، ئەیان ویست لەو ڕەهەندە دەربچن کە سۆسیالیزمی بۆرژوازی بە سۆسیالیزمی زانستی بەیان بکەن . بەڵام ئەو هەوڵە هەر زۆر زوو ئاکامەکانی شکستی پێوە دیار بوو، یان ڕوونتر بڵێین گەرای بۆگەن بووی ناخۆی هەڵگرتبوو. بە هەموو ئەو لێکدانەوانەی کە لە مەڕ سەرمایەداری دەوڵەتی و ئەو تەشکیلەیەی لە پەیوەندی ئابووری صینیدا و ئەو ڕەهەندەی کە ئەووروپای ڕۆژهەڵاتی گرتبوو، ئەمانە بە هەر هەموویان نەیان ئەتوانی لەو ڕاستییە کەم بکەنەوە کە گەواهی ئەوەیان ئەدا ، ئەم مۆدیلە لەگەڵ ئەو مۆدیلەی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بێخەوش نووقمی سەرمایەداری بوو بوون . واتە تەنها جیاوازی لەوەدا هەبوو دەوڵەتی سەرمایەداری ئەیتوانی سەرمایە بۆ کاری بازرگانی و پەیوەندی کارو سەرمایە بەکار بهینێت.
واتە هەوڵدان بۆ دەرچوون لە شکستێک پێویست بە دۆزینەوەی هۆکاری ئەو شکستە دەکات. واتە کاتێک دەتەوێت ئەو هەوڵانە جێ بە جێ بکەیت، دەبێت باش لەوە گەشتبیت کە سەرچاوەکانی لە کوێوە دێتە کایەوە بە هەر حاڵ.......... بە ڕای من ئەم دوو مۆدیلە لە پێک هاتنی نیزامی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهانی و بە ناوی جیاوازەوە مل ملانێیەکی گەورەیان لە نێواندا هەبووە ، واتە هەر ئەو کاتەی کە سەرمایەداری دەوڵەتی دەیویست بە ناوی سۆسیالیزمەوە دەست بە سەر کارتێلەکانی ناو بازاڕی جیهانیدا بگرێت، لە هەمان کاتدا مۆدیلەکەی تری بەربەرەکانێی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت ئەم شێری مەیدان بێت.

هەموو ئەو ئەرکانەی سەرمایەداری پێویستییان بەوە هەبووە زیاتر قوڵ ببنەوە بۆ بەهێز کردنی توانا سەربازییەکان و کۆکردنەوەی گەورەترین بەهای بەرهەم هاتووەکان و قەتیس مانیان لە چوار چێوەی بەرهەم هێنانی سەربازیدا : بە ڕاستی کارەسات لێرەوە دەست پێ ناکات بەڵکو لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە شۆڕشی کرێکاری ڕووسیا لە دوای دەست بەسەردا گرتنی هۆیەکانی بەرهەم هێنان و هەر لەو کاتەشدا گەرای پێچەوانەی ئیش کردن بۆ سۆسیالیزم دەستی پێکردووە . واتە هەر ئەو کاتە لەسەر ئاستی جیهان، هەردوو لا پێویستییان بەوە هەبووە کە هەر یەکە لە لایەن خۆیەوە هاوپەیمان بۆ خۆیان تووندو تۆڵ و تۆکمە دروست بکەن ، لەسەر ئاستی بەکاربردنی ئینسانەکان . ئەمانە هۆکارێک بوون کە ئەیان توانی نفوسی گەورە بۆ خۆیان ڕابکێشن لەسەر ئاستی دەوڵەتان و ئەندامانی ناو دەووڵەتە جیاجیاکان . واتە هەر لایەک بیر کردنەوەیەکی جیاوازی وەردەگرێت لەسەر ئەو دوو مۆدیلە.

ئەو دوو مۆدێلەش پەخشی بەحپ و تێڕوانینەکانی خۆیان دەکرد لە ناو ژهنی ئینسانەکاندا، کە ئەتوانن ئەمەیان بەم ڕێگەیە ئەوی تریان بە ڕێگەی خۆی خۆش گوزەرانی بۆ ئینسانەکان دابین بکەن . کاتێک جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هاتە ناو کایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە و هەردوو مۆدێلەکە مۆری تەئیدی خۆیان لێدا ، کە بەڕاستی داوەریی کار بوو لەسەر بە پیرۆز ڕاگرتنی خاوەندارێتی تایبەتی . واتە ئەم خاوەندارێتییە تایبەتەش لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی خۆیدا بنەڕەتی بێ مافییەکانی ئینسان و نا عەدالەتی و چەوساندنەوەی ئینسان بوو. هەموو ئەمانە و گەلێک لە دیدو بۆچوونەوەکان ولێکدانەوەکان وبەها کۆمەڵایەتییەکانی تر کە چوو بوونە چوار چێوەی بیرکردنەوەی گەلێک لەو کەسانەی کە خۆیان بە ڕەووتی مێژوودا هەڵپەسارد بوو، دەیان ویست  لەو کەناڵانەی خۆیانەوە کە بە باشییان دەزانی کاری شۆڕشگێڕی بە حیسابی خۆیان جێ بە جێ دەکەن . واتە ئەگەر چەند لێکۆڵەرەوەیەک لەسەر ئاستی جیهانی بۆچوونەکانی شیکردبێتەوە ، نەیتوانیوە بەدەر بوو بێت لەو کاریگەرییانەی کە بە بەردەوامی لەسەریان بووە . یان خودی ئینسانی توێژەرەوە خۆی لە بنەڕەتدا بە ناوی اجتهادەوە کاریگەری خراپی لە بنەڕەتی فەلسەفەی سۆسیالیزمی زانستیدا بەجێهێشتووە .  
                                   
ئەمانە بەشێکیان ، خۆیان بە ڕەووتی فکری و سیاسی و ئابووری ئەو کاتەی مۆدێلی سۆڤێتاتەوە گرێ دابوو کە نەی ئەتوانی بە هیچ جۆرێک کاریگەری پۆزەتیڤانەی لەسەر ڕووداوەکان هەبێت و لێکدانەوەکانیان بە پێی هەلوو مەرجێک کە واقع بووە ، بە پێی ئەو واقعەش ڕێگا چارەی ناو لێکدانەوەکانی خۆیان بۆخود هۆشیاری ئینسانەکان پرۆسیس کرد بێت ، یان ئەوانەی بە ناوی اجتهادەوە  شێوانێکی گەورەی لە ڕەهەندی هزری بە ئاکارێکی خراپ ئاڕاستە کردووە . واتە ئەمانە خۆیان دەبوونەوە هۆی تەنگەژە لە لێکدانەوەکان و هەڵوێستەکانی ئینساندا .
 بێجگە لەوەی کە کۆمنترن شکستی خواردو لە جێگای ئەو فدراسیۆنی کرێکاریان کردووە بە ئەلتەرناتیڤ، ئەمانە هەر هەموویان نەیان ئەتوانی ئەلفێک بخەنە سەر هزری ئینسان و ئاڕاستەی بزووتنەوەی چینی کرێکاری پێ دەوڵەمەندوو یەکگرتوو هاو هەڵوێست بکەن . کەواتە پێویست بوو لەو کاتانەدا کار لەسەر ئەوە بکرایە کە کۆمنترن شکست ئەخوات ئەبێت پرۆسیسێک کارامە و شیاو ترو زانستی تر بهاتایەتە پێشەوە لەسەر ئاستی هاوکاری و هاوخەباتی بزووتنەوەی ئەنتەرناسیۆنالیستی چینی کرێکار .

ئەمانە پێویستیان بە تیۆرییەک هەیە کە بتوانێت ئاستی ڕابەریانەی لە کەسێکی تیۆریسەندا بەرجەستە بکات . واتە ئەوەی هەتا ئێستا هەبووە یان پاشکۆی ڕووداوەکان بووە یان بە پێی بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئاوێزان  بووە و بەرژەوەندییەکانی یەک چینی پان و بەرینی خستوەتە چوار چێوەی یەک بەرژەوەندی تەسکی کۆمەڵێک کەسی ترەوە . بەم هۆیەوە کاتێک ئێمە لەگەڵ سیستەمێکی بیرکردنەوەی دیالێکتێکیدا مامەڵەمان دەکەین پێویستە بە دیالێکتێک وەڵام بدەینەوە . بەم پێیە ناکرێت هەموو ئەو خەباتی ڕزگاری نیشتمانییانەی کە لە دەورانی پێشووتردا بە خەباتی سۆسیالیستی و یان بە پێش مەرجی ئەو خەباتە بەیان دەکرا، هەروا سووک و ئاسان بەسەرماندا تێپەڕێت و هیچ قسەیەکیش لە بارەیانەوە نەکرێت ، کە چەندە ئینسانی وابەستەی نیشتمان و هەوڵدان لە چوار چێوەی نیشتماندا دەکرد . 
کاریگەری بزووتنەوەی پەرلەمانتاریستی لە ناوەندی چەپی ئۆپۆزیسیۆندا و بوو بوونە ڕێبازێکی زۆر تازەو شیاوتری بزووتنەوەی چەپ . هەروەها ئەم جۆرە لە بیر کردنەوە بوو بوونە ناوەڕۆکی ئەرکە دەست بە جێکانی چەپ لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهاندا . واتە بەکارهێنانەکان لە دەورانی پێشووتردا ئەوەیان ڕوون دەکردەوە کە ئەزمەکە لە ساتەوەختی خۆیدا گەرای خۆی هەڵگرتووەو هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە . هەموو هەوڵەکان لە دوای کۆلۆنیال کردنەوە سەرچاوەی دەگرت و دەیانویست بە ناوی ئەوەی کە بەشێک لە سۆسیالیزم ، ڕزگاری بۆرژوازی کۆڵۆنیاڵ کراوی خۆ ووڵاتییە ، وە بتوانێت خۆی بە هێزو بازووی چینی کرێکار ڕزگار بکات ، لە دەست ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکاندا دەهات بە پێی ئەو پەیوەندیە جیهانییە سەرمایەداریەی ئیمپریالیزمی جیهانی بەسەر بازاڕی جیهاندا هەیبووە .

هەموو ئەو لێکدانەوانە لە دوای لینینەوە تائێستا هیچ لێکدانەوەیەکی تری بۆ نەکراوە، هەر بۆیە بۆرژوازیش توانیویەتی ئەو کوێرەوەرییانە لە ڕێگەی هۆیەکانی ڕاگەیاندنی خۆیەوە بەشێک لە ژهنی ئینسانی ئەم سەر زەمینە بۆ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات . ئیتر هەموو بزووتنەوەکان لەو چوارچێوەیەدا قەتیس مابوون . واتە ئەوەندەی ڕووداوەکانی جیهان کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکان هەبووە ، ئەوەندە بزووتنەوەکان نەیان توانیوە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو سیستەمە دابنێت و بزووتنەوەی گۆڕانی ئەو سیستەمە بە ئاڕاستەی خۆی تاو بدات . بەم پێیە ئەزمە ئابوورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری بە دوای خۆیدا کۆمەڵێک کاری نەگەتیڤانەی بۆ بزووتنەوەکانی چینی کرێکار بە جێ ئەهێشت ، یان کاریگەریەکانیان دەبوونە هۆی ئەوەی کە هەموو بزووتنەوەکان دۆش دامێنن لە بەرامبەر بێ وەڵامییاندا ، چونکە ناکرێت وەک ئەوەی کە کردیان ، گۆڕان لە شکڵدا بە گۆڕان لە بنەڕەتدا بە حساب بهێنن .
ئەزمەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری کاریگەری بۆ خۆی و بزووتنەوەکانی تری دژی ڕەهەندی سەرمایەداری بە جێ دەهێڵێت، هەر لە ئاستی بیرکردنەوەو تێڕوانیەکان و هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە سەر ئاستی ڕەهەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پلانی بزووتنەوەی کرێکاری جێ بە جێ دەبێت . هەروەها بەرهەم هاتووەکانیان هاوکێشەی تیۆری بۆ بەرهەم هێنانیان ، هاوکێشەی نا یەکسان و نا هاوتای ڕەهەندی واقعی دەبێت .
 واتە نەبوونی پلانی گونجاو لە ناو ئەو بزووتنەوانەی کە لە بەشە جیا جیاکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری لە جیهاندا هەن، تا بتوانێت پلانێکی گونجاو لە پێناو خزمەتێکی گەورەی بزووتنەوەکە بە ئەنجام بگەیەنرێت . ماوئیزم هەرگیز نەبووەتە ئەلتەرناتیڤی گونجاو تروو شیاو ترو زانستی تری ڕەهەندی ئێستاو ئەوسای سۆسیالیزم . وەیان ئانارشیزم و هەروەها ترۆتسکیزم و ئیکۆنۆمیزم و بە گشتی ڕڤیژنیزم ناتوانێت ، هەڵووێستی وەک کۆمۆنیزمی زانستی هەڵوێستێکی گونجاو زانستی بێت لە مەڕ بەرەو پێش چوونی بزووتنەوەی کرێکاری . ئەمانەو هەر هەموویان کە لە دەورانی پێشووتردا کاریگەریان لەسەر ڕەهەندی هزری بزووتنەوەکانی ناو چینی کرێکار هەبووە  ، کاریگەری خراپی لەسەر ژهنی ئەندامانی ناو کۆمەڵ بەجێ هێشتووە .

 ئەوەش بزانین هەوڵدراوە بە حیساب بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارە لە ڕڤیژنیزم لە ناو بزووتنەوەکاندا. بەڵام بە بارێکی تر گوباویانەو میتاڤیزیکانەی ڕڤیژنیزمێکی کۆن و بە مۆدێکی تازە ، هەوڵی بۆ دراوە ، کە ئەنجام هەر هەمان هەڵوێست و هەمان چوار چێوەی سیاسی بۆ بزووتنەوەکە دادەڕێژێت  ، کە لەدەورانی پێشووتردا لە ژیاندا واقع و لە واقعدا بەرجەستە بووە .  کەواتە بۆ هەموو تێپەڕاندنێک لەو ئاستەی پێشووتر دەبێت تێپەڕاندنێکی زانستییانە و هۆشیارانە ئەو هەلومەرجانە تێ پەڕێنین ، واتە مارکسیزم تەنها وەڵامەو تەنها بە دیالێکتێکی خۆی ئەتوانێت لە دیالێکتێکی ئێستادا جێگای بکاتەوە......... بە مەرجێک ئەم دیالێکتیکە بتوانێت بەهای فەلسەفی خۆی بپارێزێت و دیالێکتیکی تیادا تاو بدرێت . واتە هەموو هەوڵەکان هەوڵی پۆزەتیڤانە نین و ناشتوانن ئەو هەلومەرجە لە ژیانی خۆیان جێگیر بکەن ، چونکە تێڕوانینی ماوئیزم ناتوانێت اجتهادێکی گەورەو بچووکی ناو مارکسیزم بێت و هەروەها ناشتوانێت وەڵام دەرەوەی هەلومەرجی ئەزمەی ڕەهەندەی هزری و پراکتیکی ئەو ڕەهەندە بێت ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵێک خەون و خەیاڵ جێ بە جێ بکات .

ئەمانەو هەموو ئەو لایەنانەی کە بە تەنها نین لە کاریگەریەکانیان لەسەر ڕەهەندی سۆسیالیزمی زانستی لەجیهاندا هەیە کە دەتوانن دەورێک بگێڕن و وە ئێمەش لە بەهەند گرتن و لێکدانەوەمان لە سەر ئەزمەی بزووتنەوەی چەپ لە جیهاندا ، بە هەندییان نەگرتن . یان تەنها بە لێکدانەوەیەکی ژهنییانە لەسەر ڕووداوەکان بەکارییان بەرین . واتە ئێمە چەند کاریگەریەکانی لە دەرەوە ببینین  ئەوەندە زیاتر پەیوەندی بە ناوەوەی کاریگەرییەکان هەیە . چونکە ئەو کاریگەریانە قوڵ ترو بە هێزتر دەبن لە سەر ئاستی بزووتنەوەکە .

سەرمایەداری بە سوودی خۆی دەیەویت لە بەرامبەر دووژمەنەکەیدا بە جۆری جیاواز کاریگەری لەسەر بەهای هۆشیاری چینی کرێکاری دابنێت ، کە ئەمانە پاشماوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ لای ئێمەش . واتە ئێمەش بەشێکین لەو گشتە لە جیهاندا کە تایبەت بوونمان لە ڕێگەی پەیوەندی گشتیبوونمانەوە کاریگەری گشتمان لەسەر دەبێت . واتە بەو مانایە ناڵێم کە ئێمە چوارچێوەی تایبەتی بوونمان بە بەردبوو بکەین و لە دەوریدا بسوڕێنیەوە . بەڵکو ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی تایبەتیمان کە گشت بوونمانە بکەینە پەیوەندییەک کە کاریگەری پۆزەتیڤانەی هەبێت لەسەر بزووتنەوەکە . لێرەوە دەردەکەوێت کە بەهای تێڕوانینەکان بۆ بزووتنەوەکانیان ، نەیان توانیوە ئەو کاریگەریانە بە شێوەیەکی هەتاهەتایی بنبڕ بکەن هەرچەندە نەگەتیڤی ئەو کاریگەریانە بە سنووری خۆی ئەمێنیت لە سەرمان . بەڵام ئێمە خوازیارین ئەو کاریگەرییە کاریگەری تا سەر ئیسقانمان نەبێت بەڵکو  ئەگەر کاریگەریشی هەبوو ئەوا زۆرزۆر بێبەها بێت لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەمان .

لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت، کە بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و عێراقیش بێبەش نین لەو بزووتنەوانەی کە لە جهیاندا کاریگەری هەموو دۆخەکانیان لەسەرە ، واتە نەیان توانیوە پەیوەست بن بە میتۆدێکەوە کە هەڵئێنجاوی میتۆدێکی ڕڤیژنیستی نەبێت . هەتا ئێستا چەپ لە مالی خولیایەکی سەرگەردان بوودا سووڕدەخوات ، بێ گومان ئەویش هەروەک بەشەکانی تری جیهان بێ ئاکامی لە هەلومەرجی تیۆریدا هەیەو پاشکۆی ڕەهەندی ناو ڕەهەندەکانی جیهانی سەرمایەدارییە . نەیتوانیوە بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی زانستی هەڵوێستی جیهانی و گونجاو و شیاوی خۆی لە خزمەتی بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی زانستی دا وەربگرێت و پرۆسیسی بکات . ئەم چەپە ئەوەندە بێ توانایە کە خۆی بیر ناکاتەوە........ خۆی نانووسێ....... خۆی هەڵوێست ناگرێت..... خۆی لێکدانەوە ناکات....... ! بیری بۆ دەکەنەوەو بۆی دەنووسن و هەڵوێستی پێدەگرن و بۆی لێکدەدەنەوە...... حیزبی بۆ دروست دەکەن ، بیر کردنەوەیان بۆ میتۆد لێ حەرام دەکەن ، یان خۆشیان لە خۆیان حەرام دەکەن .

 لە گشت ئەم حاڵەتانەدا..... چەپ لە دنیا و لێرەدا نەیتوانیوە اجتهاد بکات ، نەیتوانیوە بە واقعی سەرمایەداری هەڵبسەنگێنێت ، نەی توانیوە ئەو مەرحەلانەی کە تیایدا دەژین چۆن بەکاری بهێنێت . لە لای ئەمانە ڕەهەندێکی میتۆدی زانستی بوونی نییە ، وە جێگاشی نابێتەوە لە لایان . بە هەر حاڵ ئەمانە هەر هەموویان دوگماتیزم پێک دەهێنن ، هەر هەموویان دەبنە لایەنێک کە دیالێکتێک بەکار ناهێنن بۆ لێکدانەوەی مادییانەی پەیوەندییەکانی ئێستاو ئاستی بزووتنەوەکە . لە ڕووی تیۆریشەوە هەر باس ناکرێت کە حاڵ و ئەحواڵیان لە کوێدا ئەگوزەرێت کە چەندە هەژارن لە باری میتۆدییەوە ، چەندە بێ باکن لە ئاستی میتۆدو قۆناغە هزرییەکانی ناو میتۆدی سۆسیالیزم . هەموو هەڵوێستەکانیان هەڵوێستی بێ هەڵوێستن. فەرهەنگەکەیان فەرهەنگی بێ زانستن...... فەرهەنگی داتاشراوی ئەندێشەی ئەندێش مەندێکی بیرکۆڵ و ووردە بۆرژوازیە . بەشێک لە چەپی جیهان کاریگەری جەنگی ساردو جەنگی ئاسمانی یان  جەنگی ئەستێرەکان دەبوونەوە ئەوەی کە هەموو هیواو ئاواتەکانیانی پێوە ببەستنەوە . ئاکامی خراپی لە سەر بیرکردنەوەیان دادەناو لێکدانەوەی جۆر بە جۆریان لەسەر دەکرا کە گوایە بردنەوەی لە ئاسماندا ئەتوانرێت بردنەوە بێت لەسەر زەمین و سۆسیالیزمی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی دابمەزرێنێت . ئەمانە هەر هەموویان کارکردی خراپی کلک بوونی چەپە بە سیاسەتەکانی سەرمایەداری جیهانەوە . هەروەها گومان لەوە ناکرێت کە بەشێکیان بەرژەوەندییان تیایدا هەبوو، بەشەکەی تریشیان بیرکۆڵ بوون .

بەشی دووەم
{یەکێتی سۆڤێت و هەلومەرجی هەڵوەشانەوە}
بێ گومان لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دامەزراندنی دەوڵەتی شوراکانی ڕووسیا ، ئەو قۆناغە ئەوەی سەلماند کە کرێکاران ئەتوانن دیکتاتۆریەتی خۆیان دابمەزرێنن ئەگەر بتوانن بە باشی و بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لە گەڵدا بکەن . بەڵام ئەم دیکتاتۆریەتە نەیتوانی ئەرکە مێژووییەکانی خۆی جێبەجێ بکات . ئەمانەو چەندین هۆکاری تری ناو پەیوەندی یە کۆمەڵایەتی و ئابووری یە دامەزراوەکانییان ، نەیان ئەتوانی تێپەڕی بارێکی سیاسی ناهەمواری ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە دامەزراوەکانییان. نەیان ئەتوانی تێ پەڕی بارێکی سیاسی نا هەمواری ئەو پەیوەندییە سەرمایەدارییە بکەن، بە جۆرێکی تر پرۆسیسی ژیانی خۆی دەکرد کە شیاوو دەقاو دەق لەگەڵ سۆسیالیزمدا نا جۆر جیاواز بوون ئەو دەورانە .
لە لای زۆری لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسۆنەکان ، کە ناوی خۆیان بە سۆسیالیست و کۆمۆنیست لە قەڵەم ئەدا، ئەو بارانەیان لە لا بە دۆزینەوەی کنزێکی ( گەوهەرێکی ) بە نرخ لە قەڵەم ئەدا . واتە هەموو ئەمانە بوو بوونە ئەو سەرچاوەیەیەی کە (مرجع)یان لەو دەوڵەتەوە سەرچاوەی دەگرت ، کە مۆدێلێکی تازەی هێنا بووە ناو گەمەی سیاسی و ئابووری و سیاسەتی سەرمایەداری جیهانی یەوە . واتە لە لای بەشێک لەم ئۆپۆزیسیۆنە داکۆکی لێ دەکراو بەشێکی تریش بە جۆرێکی تر دژایەتی دەکرد ، نەشیان ئەتوانی لە چوارچێوەی سیستەمی بیر کردنەوەی ووردە بۆرژوازی تێپەڕ بکەن . چونکە ئەم مەنهەجانە (میتۆد) لەسەر ئاستی دنیادا ، مەنهەجێکی (میتۆدی) داهێنەرانە نەبوون بۆ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکار، سیستەمی بیرکردنەوەی دۆزەرەوەی ڕێگا چارەکانی تێپەڕاندن نەبوون لەو هەلومەرجە ناهەموارانەی کە دەکەوتنە دوای دیفاع کردن (بەرگریکردن) لە مۆدێلێکی تری سەرمایەداری .


ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندی خۆیان گرێ دابوو بە یەکێتی سۆڤێتەوە هەتا باران بارینی مۆسکۆ کاریگەری لەسەر ئەوە دادەنا لە لای ئەمان چەتر هەڵ بدەن لە ڕۆژانی دەرکەوتنی تیشکی ڕۆژیشدا ، یان جلو بەرگی سیبریا لەبەربکەن . یان بە بەرهەم هێنانێکی تری چەکە سەربازییەکانییان شاگەشکەو شایی و لۆغانی بۆ بکەن . کە گوایە سەرچاوەی میتۆد و ڕابەرایەتی چینایەتی چینی کرێکار لەو دەزگا دەوڵەتیە سەرمایەدارییەدا پێکهاتی خۆی توند و تۆڵ ڕاگرتووە .

ئەو حیزبانەی کە مەرجەعیان سۆڤێتی جاران بوو …. دەرس (وانە) خوێندنیان لەو دەزگایانەی ئەواندا بە سەرچاوەی یارمەتی و کۆمەکی مەعنەوی و تیۆری بەیان کراوە . کە ئەشێت لەم دەزگایانەدا بێجگە لە فێرکردنێکی ووردەبۆرژوازییانەی لێکۆلەرەوەکان ، هیچ مەنهەجێکی مارکسیستی زانستی بەیان نەکرا بێت یان ئەو خەڕەکەی کە ئیشی دەکرد لە سەر بیروبۆچونی ڕزگاری نیشتمانی و سەربەخۆیی ئابووری نیشتمانی و گەلێکی بەختیارو زۆر بابەتی تری لەو تووڕەهاتانە ، ئەو قوتابخانەیە هیچ وانەیەکی تریان تیا نەئەووترایەوە . ئەمانە کاریگەریان لەسەر یەک بە یەکی ئەو لایانانە هەبووە کە پەیوەندی تووندو تۆڵیان لەگەڵ ئەو مەنهەجەدا بەستبوو . واتە کاریگەریەکە لەسەر ئاستی جیهان هەبووە نەوەکو تەنها یەک شوێنی جیا جیای گرتبێتەوە . لە لای ئێمە دەورانی ڕابردوو ئەم کاریگەریانە هەبوون و ئێستاش ئاسەواری کاریگەرییەکانی بەسەر جەستەی فکری ڕەهەندێک لە لای ئێمە بە جێ هێشتووەو خاڵی خاڵ کوتراوی ئەو خاڵانە ئێستاش لەسەر لاشەیان شین دەکاتەوە . لە لایەکی ترەوە ڕەهەندەکانی تری جیاواز بەم مەیل و بۆچوونە لە هەوڵەکانیاندا ئەوەندە سەرکەوتوو نەبوون توانیبێتیان جیاوازییەکی دیارو کاریگەر بۆ هەموو بزووتنەوەکە هەبوو بێت . واتە خاڵی تێپەڕاندنی ئەمان خاڵی جیاوازی ڕیشەیی بۆ دروست نەکردبوون ، بەڵکو تەنها دروست کردنی چوار چێوەیەک بووە بە کۆمەڵێک هەڵوێستی زۆر لاوەکی و بێ کاریگەر، هەوڵەکانی خۆیان بە کاریگەر ڕەچاو کردووە و چواندووە .


بە بڕوای من ئەبێت هەوڵەکان لە جیاوازی بنەڕەتیدا خۆی ببینێتەوە و خوێندنەوەیەکی دیالێکتیکییانەی مارکسیستیانە بۆ هەل و مەرجەکانی گوزەراندنی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی و بزووتنەوەی کرێکاری و اجتهاد کردنێکی زانستییانەی دەوێت کە بتوانێت لە ناوەڕۆکی ماکسیزم و بنەرەتی جیاوازییەکەی خۆی بگات ، لەگەڵ ڕەهەندی جیاجیای دەوروپشت و وە هەروەها خوێندنەوە بۆ واقعی عەینی واقعەکەی خۆی بکات . ئەمانە ئەتوانن کاریگەری ئەو ژوورنالیزمە جیهانیە لەسەر بەهای ڕەهەندی خۆی کەم ڕەنگ بکاتەوە . واتە ئەو هێرشەی کە بە هۆی داڕوخانی سۆڤیەتەوە دەکرایە سەر بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی لەسەر ئاستی جیهاندا ، هەر هەمووی پێویستی بە وەڵامی تیۆری و سیاسی و فکری خۆی هەبووە . کە هەتا ئێستا ئەو وەڵامانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی کە کاریگەری ئەو داروخانە لەسەر ژهنی ئینسان لابەرێت . بێ گومان ئەمانەش پێویستیان بە بەحپ و پلیمیک هەبوو کە نەکراوون لەو ئان و ساتانەدا یان کە کراون بێ کاریگەر بوون لەسەر ژهنی ئینسانەکان (مرۆڤەکان) . واتە بۆ داڕوخانی مۆدێلێکی تری سەرمایەداری ، بوون بە هۆی هێرشێکی گەورە بۆ سەر کۆمۆنیزم بە دروست بوونی حیزب وەڵام نەئەدرایەوە ، کە حیزب نەتوانێت ئەرک و مەهامەکانی خۆی وەک حیزبی چینی کرێکار جێبە جێ بکات . تەنها دروست کردن ناتوانێت کاری جێبەجێ کەری ئەو هەلومەرجانە لە ڕەوینەوەی کاریگەری میدیاکانی جیهاندا بێت لەسەر ژهنی ئینسانەکان .


بە هەر حاڵ حیزب تەنها بە گۆڕانی تیۆری و جۆری ڕێکخستنەکەی و هەوڵی ستراتیژو جۆری ستراتیژەکەی دەتواتێت ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنێت ، کە بێگومان جۆرەکانیان بە پێی دیالێکتێک جیاوازن . بۆ ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤیەت من ناچمە قوڵای باسەکەوە ، چونکە جێگایەکی تر دەخوازێت کە باسی لێوە بکرێت . بەڵام بە هەر حاڵ دەمەوێت ئەوە ڕابگەیەنم کە بۆ لاچوونی کاریگەرییەکانی ئەو داڕووخانە و لاچوونی ئەو فریاد ڕەسەو ئەو ئاواتەی کە هەندێک لە لایەنە جیهانییەکانی بزووتنەوە جیا جیاکان خەونیان پێوە دەبیبێ ، ئەمڕۆکە بووەتە مۆتەکەو لە دەست چوونی ئاواتەکانیان ، یان هەر بێژانێک کە دێتەوە سەر سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزم ئەوان وەڵامت دەدەنەوە کە کۆتایی یەکجارەکی ئەو سیستەمە فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە . بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی و ئابوری کۆتایی پێهات ، یان کۆتایی مێژووە !؟ بەڵام نەیان دەزانی یان دەیانویست لەو ڕێگەیەوە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بخەنە ژێرکاریگەری لێکدانەوەکانی خۆیانەوە ، چونکە ئەم مۆدێلە هەمان ئەو مۆدێلەیە کە لە سەر بنەڕەتی کاری بە کرێ و سەرمایە جێگیر بووە .

هەروەها ناتوانێت تەنها لە شکڵدا نەبێت بانگەواز بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بکات . هەتا ئێستا کاریگەری ئەو شکستە بە شێوەیەکی زانستی بەیان نەکراوە . هەروەها چەپ لە جێگەو ڕێگەی لە پەرلەمانتاریستیدا و یان پیادەکردن و نەگونجاندن لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیەی سەرمایەداریدا . ئیتر لە دوای ئەو حەرەکەتەوە بەهای بوونی چەپ وەک خۆی لە دەستی داوە . لێرەوە دەردەکەوێت کە چەپ بەوە دەناسرێتەوە کە تێکەڵ بە بۆرژوازییە و ناتوانێت جێگەو ڕێگەی خۆی بۆ ناو چینی کرێکار ئاڵوگۆڕ پێ بکات . هەر لێرەوە و لە بەرامبەر ئەو بزووتنەوانەدا ئێمە مارکسیست بوونی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و کرێکاری بە گرنگ و بە بەها دەزانین و هەروەها شیاو ترو گونجاو ترە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئەزمەیە لە سەردەمی ئێستادا ، بۆیە دەبێت چەپ بوون لە حیساباتی ( هەژماری) بۆرژوازیدا جێگایان بۆ بکەینەوە ، نەوەکو پەیوەندی داری بکەین بە بزووتنەوەی کۆمۆنیستی چینی کرێکارەوە . خودی چەپ نەیان توانیوە دەربچن لە چەپ بوونیان و مارکسیستێکی زانستی و واقعی سەردەمەکەی خۆیان بن و کاریگەری ئەو ڕووداوانە لەسەر ژهنی هاوکارو هاوخەبات جەماوەرێکی بەرینی چینی کرێکار لابەرن . ئەوەندەی خەریک بوون بە کاری ڕیفۆرمی ڕۆژانەوە ، ئەوەندە بە ڕۆشن کردنەوەی ژهنی ئینسانەکانەوە تێکەڵ نەدەبوون . هەر بەحپێک کە دەردەچێت ناتوانێت قۆناغی ناهەموواری ئەو کاریگەریانە لەسەر شانی چینی کرێکار بە دروستی هەست پێ بکات . ئەزانێت کە بارێکی گران هەیە بەڵام نازانێت گرانی و چەقی قورساییەکەی لە کوێدایەو چۆن ئەتوانێت ئەو هێزی نوێڵە بە جووڵە بەکار بهێنێت . بە بڕوای من کۆمۆنیزمی زانستی چەندە پەیوەندی بە واقعی پێکهاتووی ئەو پەیوەندیەوە هەیە ، ئەوەندەش پەیوەندی بە ژهن ڕۆشنی ئینسانەکانەوە هەیە . ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە زیاتر ئاکامی شکستەکانی ئەم ڕەهەندە لە دوای جەنگی کەنەداوەوە بەرجەستە و واقع بووە . هەرچەندە ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ پێشووتر ، کە نەتوانراوە لەسەر ئاستی جیهاندا هێزێکی بەرینی هۆشیاری چینایەتی چینی کرێکار پەروەردە و ئامادە بکرێت ، کە گرفتیان نەبێت لە هەلومەرجی داڕوخانی ئەو سیستەمە لە سەرمایەداری . وە مەسەلەی (پرسی) بزووتنەوەی ناو پەرلەمانتاریزم لە لای هەندێک ڕەهەندەی هزری بوو بوونە ئەلتەرناتیڤی ئەزمەکە و دەیان کردە خاڵی دەرچوونیان ، کە ڕەهەندی سۆڤێتاتیش ئەتوانێت بە بەشێک لەو پەرلەمانتاریزمە دابنرێت .


ئەم کاریگەریانە نەیان ئەتوانی کوردستانیش نەگرنەوە ، بەڵکو ئەوانیش بەشێک لەو گشتە لە جیهاندا بوون کە ئەم کاریگەریەیان لەسەر هەبووە ، چونکە کاریگەریەکە زیاتر لەو ناوچانەدا ڕوویاندا کە نزیک بوون ، بێجگە لەوەی کە دووریش بووایە هەروەک ئێستا دەبوو ، لەبەرئەوەی هەر ئەو کاریگەرییە نزیکەی لای ئێمەیە کە کاریگەری لەسەر جیهان هەیە ، لەبەر ئەوەی تێکستەکان لەسەر ئاستی جیهاندا شکست خواردووە . هەروەها لەسەر ئاستی جیهاندا ڕەهەندێکی زانستی بۆ لێکدانەوەی ئەم شکستە ڕێچکەی نەگرتبوو و نەگرتووە ، تا بتوانێت لە لای ئێمەش ئەم ڕەهەندە هەبێت .
ئەوەندەی پاشکۆیەتی چەپی ووردەبۆرژوازی بۆ سیاسەتی بۆرژوازی لە لای ئێمە و لە جیهاندا هەیە ، ئەوەندەش بۆرژوازی بوونی چەپ بەرجەستەیە ، بەو مانایانە نییە کە لە شوێنە جیا جیاکاندا وەک یەک و لە یەک ئاستدا کاریگەرییەکان وەک یەکە ، ئەمەش یەک لایەنی نیسبی هەیە لە ناوچە جیا جیاکانی جیهاندا . بێجگە لەوەی کە هەلومەرجی ناهەمواری ئابووری و دروست بوونەوەی کۆمەڵێک خڵتەو خاڵ و کۆمەڵێک ڕەهەندی کۆنە پارێزی کۆمەڵ و ڕەهەندی ناسیۆنالیستی دواکەوتوو ، هەروەها بێ وەڵامی ڕەهەندی چەپ لە بەرامبەریاندا . چونکە هەموو گفتوگۆیەک ناتوانێت ئامانجی زانستی لێوە سەرچاوە بگرێت یان دروست ببێت . کە ئەمە قۆناغێکی زۆر گرنگ و بەشێکە لەو هەلومەرجەی کە بۆ وەڵام دانەوەی ڕەهەندی ژورنالیزمی جیهانی و هێرشەکانی بۆ سەر سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم قۆناغێکی جیا نەکراوەیە . لێرەدا هەتا ئێستا میتۆدێکی زانستی و سەربەست نی یە . کە توانیبێتی لەو دیاردانە بە ووردی بکۆڵێتەوە ، ئەوەشی هەیە نەیتوانیوە زانستی بێت …. و نەی توانیوە لە خۆ پارێزی ووردە بۆرژوازی دەربچێت.. ئەم هەلومەرجانە بێ ئامانجی داوە بە ڕەهەندی فکری سیاسی و کۆمەڵایەتی بزووتنەوەی چەپ لەم ناوچانەو لە جیهاندا . کە ئەویش داپۆشراوی سەر کاریگەری ئەزمەی سیاسی و کۆمەڵایەتی چەپ خۆیەتی . ئەو کلک بوونەی چەپی ئێرە بۆ چەپی ووردە بۆرژوازی ئێران و ڕەوتی ناسیونالیستی چەکدار و چەکداری ، کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر بەجێ هێشتوون ، کە تا ئاستی گەوجبوون گەوجی کردوون . هەروەها بێ ئیرادەیی لە نێوەندیاندا بووەتە بەشێک لە هەڵسوڕانی سیاسییان کە تەنها بە بەرز کردنەوەی دەماری مل و بێ ووشەی شۆڕشگێڕی و بێ ئەوەی بتوانێت ئەلفێک بخاتە سەر ڕستەی لەوەو پێشی وەرگیراویان ، دەماری ملیانی بۆ فەلەت کردوو .
کەواتە لەم بەشەیاندا هەتا وەکو چەپ لە هەموو ئەو کاریگەریانە ئاگادارو ووریانە بێت و لە ژێر کاریگەریان دەرنەچێت ، ناتوانێت کارێک بۆ ئێستاو ئایندەی کۆمۆنیزم جێبە جێ بکات لە ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا .

بەشی سێیەم

داڕوخانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی


داڕوخانی ژێرخانی کۆمەڵایەتی هەر سیستەمێک پەیوەندی بەوەوە هەیە کە توانای بەرهەم هێنان تیایدا دەبێت بە سفر یان نزیک بە سفر دەبێتەوە . ئەویش لە ڕێگەی بەرهەم هێنانی بەرهەمێکی زۆر و زەبەندی کاڵاییەوە کە لە بازاڕدا زۆرییەکەی بە پێی داواکردن نییە ، واتە ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان پێشاندان یا خستنەڕو و خواست یا داواکردندا هەیە ، پەیوەندییەکەی بە پێی زۆری بەرهەم هێنان داواکردن لەسەریان کەم دەبێتەوە ، یان کاتێک کە کارگەکان لە کار دەکەون لەو ڕێگەیەی پێشووترەوە ، توانای کڕینی کاڵایی توانایەکی لاوازو سست دەبێت بۆ ئینسانی بەکاربەری کاڵاکان . لە لایەکی ترەوە بێ توانایی گەشەی ئاستی بەرهەم هێنان ، بە جۆرێکی تر دەکەوێتە ژێر کاریگەری بەرهەم هاتوویەکی زۆری جیهانی یەوەو هەمان کاری پێشوو لە پەیوەندی یەکانیاندا ڕوو دەداتەوە . واتە کاری بەرهەمهێن بە پێی پلانێک ئەکەوێتە کەنارەوە ، یان هەر هەموویان بەرهەم هێنان تیایدا سفر دەبێت . بۆ داڕوخانی ژێرخانی ئابووری هەر چوارچێوەیەک ، بەهای بازرگانی کەم تا زۆرێک ئەبێتە سەرچاوەی داهات و کۆکردنەوەی قازانجی زیاتر. واتە دەرەوەی ناوچەی ئەزمەگرتوو کاڵای بەرهەم هاتووی ناوچەیەکی ترو گوێزانەوەی و کۆنترۆڵ کردنی بەرهەم هێنانی ناوچەی ئەزمە گرتووی بەرامبەر دەکات و دەبێتە مایەی بێ کارکردن و لە توانای کڕینی ئینسان کەم دەکاتەوە . هەروەها لە ئاستی هەموو جیهانیشدا ، بەشێوەیەکی فراوانتر و کاریگەر تر فشار دەخاتە سەر بژێوی مرۆڤ . کەواتە ئەزمە لە چوار چێوەی ململانێکانی سەرمایەداران و توانای بەرهەم هێناندا بەرجەستە و واقع دەبێت .
ئەزمە حەتمەیەتی مانەوەی پەیوەندییە چینایەتییەکان دەکاتە کەناری پەیوەندییەکانی خۆیەوە ، واتە ئەزمە واقعی پەیوەندییە چینایەتییەکانەو لەهەمانکاتدا دەرخەری لەناوچوونی پەیوەندییە چینایەتییەکانیشە . بەو مانایە نا کە ئەزمە ئەتوانێت لە ساتەوەختی خۆیدا پەیوەندییە چینایەتییەکان لە ناو ببات ، بەڵکو بە پێچەوانەوە بە تەواوی تووندو تیژی دەکاتەوە .
لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە سیستەمێک ژیانی لەگەڵ ئەزمەدا ئاوێزان بێت ، لەبەرئەوەی سیستەمی سەرمایەداری ، لەگەڵ نەخۆشی درێژخایەنی ئەزمە دەرگیرە و دەژی ، دەبێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بێت ، ئینسان لە دواتریدا یان لە ساتە وەختی ئەزمەدا هەوڵی لە پێناوی لە ناوبردنی ئەو پەیوەندییە چینایەتیە دایە . یان دەیەوێت ئەزمەکان نەمێنن و کاریگەریان لەسەر ژیانی ملوێنەها ئینسان بێ بەها بێت . کەواتە سیستەمێک ژیانی هەموو ئەزمە بێت ئەوا ئینسان هەوڵی لە پێناوی ئەوەدا دەبێت کە بتوانێت ژیانێک بە سەر بەرێت کە کاریگەرییەکان و بێ مافییەکانی ژیانیان لەسەر خۆیان لابەرن . ئەزمە بووەتە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری واتە ئەزمە بە مانای سەرمایە داری دێت و سەرمایەداریش ئەزمە ناوەڕۆکی دەبێت . واتە حەتمەیەتی مێژوویی بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم پەیوەندی بە کۆمەڵگای چینایەتی ئێستاوە هەیە ، کە ئەو حەتمیەتە دەبێتە ناوەڕۆکی جوڵانێکی ماددی و دیالێکتێکی مێژوویی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە ئابووریەکان . بەڵام لە لای ئێمە ئەزمە سەرچاوەکەی بە هەمان سەرچاوەوە بەندە کە لە سیستەمێکی پان و بەرینی سەرمایەداریدا ژیانی بەند بووە بە ژیانی بەرهەم هێنانی سەرمایەدارییەوە .

بێجگە لەوەی کە لە پێش جەنگی کەنەداودا سەرتاپای بەرهەم هێنانی سەرمایەداری ڕوو لە ئەزمەیەکی بێ سنوور بوو بوو، چونکە بەرهەم هێنانی کاڵایی لە ڕێگەی تەکنۆلۆجیاوە بەهای کاڵایی دابوو بە هەموو شتەکان و کاڵایەکی بێ شووماری لە بەرهەم هێناندا بەرهەم هێنا بوو . واتە ڕەهەندی گەمارۆی ئابووری ئیمپریالیستی لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و کرێکاران لە عێراقدا ، چڕ بوونەوەی ئەزمەی سەرمایەداری جیهانییە لەو ناوچەیەدا . هەروەها پەیوەندی بەوەشەوە هەیە کە چەکێکی تووندو تۆڵی سەرمایەدارییە ، یان چەکێکی کاریگەرترە لە چەکە کۆکوژەکانی وەک چەکی بایەلۆژی و ئەتۆمی و چەکی هایدرۆجینی کە دەتوانێت پاوانی ناوچەی بەرهەم هێنەری ووڵاتانی تر بکات . یان سەرەڕۆییەکانی سەرمایەداری لە ژێر ڕکێفی هەمان سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستی بخاتە چوارچێوەیەکەوە کە خودی ئەزمە لەسەر خۆی کەم ڕەنگ و بێ بەها بکاتەوە .

واتە لە لایەک ڕەوینەوەی ئەزمە لەسەرخۆی و لە لایەکی تریش پاوان کردنی هەمان سیستەم بۆ خۆی و ئایندەی هەمان سیستەم ، گوێ ڕایەڵ کردنی ئەو چوارچێوەیەیە بۆ سیاسەتی مۆنۆپۆڵی خۆی . لە لایەکی تریش پیشاندانی هەمان ئەو کاریگەریانە لەسەر چینی کرێکار کە دەست نەدەنە هیچ شۆڕش و جوولانەوەیەک ، ئەگینا ژیان لە ژێر کاریگەری گەمارۆی ئابووریدا ژیانێکی مەترسیدارو خنکێنەری بەرەبەرەی پەیوەندیەکان و ژیانی چینەیە . بێجگە لەوەی کە هەر لایەک ڕابەرایەتی ئەو سیاسەتەی کرد ، ئەوا ئەتوانێت ئەوە پیشانی ئەو سیستەمە بدات ، کە سیاسەت و مەنهەجی ئابووری بە پێی پلان و سیاسەتەکانی خۆی دەبرێت بە ڕێوە . هەر وەک ئەوەی کە ئەمریکا بەسەر (UN) و (مجلس أمن) دا سیاسەتی میلتارێتی و ئابووری خۆی لە چوارچێوەی بڕیارنامەکانی خۆیدا سنووردار دەکاتەوە ، ئەو دەیەوێت خۆی بەرهەمهێن و ئەوانی تر بەکاربەر (مستهلک) بن ، واتە دەیەویت شوێنە جیاجیاکانی جیهان ، شوێنی جیاجیای بازاڕی کاڵاکانی ئەو بێت ، زۆرترین وەبەرهێنانی تیادا بکات . ئەم سیاسەتە ناتوانێت لەسەر حسابی گۆشت و ئیسقانی خەڵکی تر پارێزگاری لە کەسانی تر بکات . کەواتە ئەوەی لە عێراقدا ڕووی داوە بە پێی پلانێک ، بۆ پارێزگاری لە کەمێک لە ئینسانەکان بە ڕێژەیەکی زۆر ئینسان دەخاتە ژێر کایگەری و ڕەحمی چەکە پێشکەوتووەکان و تەقینەوە گەورەکانییەوە .

واتە ئەوەش لە پێناو فراوان بوونی هاوپەیمانێتیەکەیدا لە ئەوروپا هەمان سیاسەتی تۆقێنەرانەی داسەپاند بوو بەسەر صربیادا، کە ئەتوانێت بڵێین لێرەدا لە پێناوی ئایندەیەکی بێ ئەزمەی خۆیدا ئەیەوێت ئەو کارە جێ بە جێ بکات . ئەمەش مەحاڵە ، چونکە ناتوانیت ئەزمە و دەرگیریەکانی بۆ هەتا هەتایە لەسەر خۆی کەم بکاتەوە و لەناوببات ، واتە بێجگە لەوەی کە ئەمریکا یان سەرمایەداری جیهانی ڕوو بە ڕووی ئەزمە بوو بوونەوە ، زۆر بە شێوەیەکی سیستماتیک ، ئەو ئەزمەیان ، گوێزایانەوە بۆ ناو عێراق ، ئەمە ناکاتە ئەوەی کە لە دەورانی پێشووتردا ، عێراق ڕووبەڕووی ئەزمە نەبوو بووە ، بەڵکو بە پێچەوانە عێراق سەرتاپای دەرگیری ئەزمە بوو بوو .


بەڵام لێرەدا دەمانەوێت گەمارۆی ئابووری بەچی لێکبدەینەوە ؟ بێ گومان دەبێت ئەوە ڕۆشن بێت کە سیاسەتی گەمارۆی ئابووری چ ئامانجێکی هەیەو دەیەوێت لە پلانی خۆیدا چ هەڵبگرێت ؟! ئەوە ڕۆشنە کە ئەو سیاسەتە دەیەوێت ناوچەیەک بکات بە نفوسێکی بەکاربەر(مستهلک) ، بۆ ئەوەی لەئەنجامدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی بەرهەم هێنانی خۆی بەردەوامیان هەبێت . ئەم سیاسەتە هەتا وەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر ئەو لایەن و بزووتنەوانە هەیە ، کە نەیان توانیوە ئامانجی ئەم سیاسەتە لە بۆچوونەکانی خۆیاندا هەڵ بهێنجێنن ، واتە سیاسەتە کە کاریگەری خراپی داناوە لەسەر بیرو کردەوەکانیان و دەربڕینەکان ، کە بێ گومان لایەنی چەپ زۆر گێلانەو ساوێلکە ئاسا شانی خۆیان لەوە خاڵی کردووەتەوە کە لێکدانەوە لەسەر ئەم ئاستانە بکەن و بتوانن ئەو ئامانجەی کە ئەم سیاسەتە هەیەتی ڕوون بکەنەوە .
کەواتە بەشێکی ئەزمەی چەپ ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خودی چەپ ناتوانێت خۆی لە ناو ئەو کایەدا بدۆزێتەوە ، کە ئەویشی هەڵپێچی سیاسەتەکانی خۆی کردووە . واتە دەبێت تۆ لێکدانەوەیەکی تیۆری زانستی بۆ هەموو ڕووداوەکان بکەیت و دواتریش ڕێگا چارەی دەرچوون هەبێت لە چوارچێوەی سیاسەتێک کە ئیمپریالیزمی جیهانی دەیەوێت جێ بە جێ بکات . بەم پێیە بزانێت ئەرکی ئێستا لەسەر شانی چییە و دەبێت چ کارێک لە خولگەی ئامانجەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکارو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیدا بخوولێتەوە . دەبێت ئەوەندە ڕۆشنیت لەسەر لایەنە جیاجیاکانی ئەم کاریگەریانە هەبێت کە بتوانێت دەوورو پشت بە ئاگا بهێنێتەوە . بە ڕاستی بەیان نامەیەک یان شیعارێک (پلاکارتان) ناتوانێت ئەم ئەرکە جێبە جێ بکات ، بێجگە لەوانەی کە هەمووکارەکانی خۆیان لە چوارچێوەی بۆنەکان و بەیان نامەیەکدا کۆتایی پێدەهێنن . هەتا ئێستا لە ناوەندی چەپی ووردە بۆرژوازیدا کارێک بۆ ئەوە نەکراوە کە بحپێکی تێرو تەسەل لەسەر بەهای کاریگەرییەکانی گەمارۆ و ئەزمە لەسەر بزووتنەوەکەو چینی کرێکار بڕەوێنێتەوە …… واتە کارەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕۆژنامەی خەبەری و بەیان نامەدا جێبەجێ کراوە ، کە ڕەهەندی ئەو ڕەهەندە لە کاریگەرییەکانی بۆرژوازی و ئەزمەی بۆرژوازی دەربچێت . واتە ڕەنگدانەوەی ئەزمەی سەرمایەداری لەسەر چەپ ، دەڵێیت وەک ڕەنگدانەوەیەکە کە لازم و مەلزوومی یەکتری بن . کەواتە ناکرێت ڕەهەندەکانی بۆرژوازی تۆش لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچ بکات . بەڵام ئەمە لە لای چەپ بەو شێوەیەیە کە لە پێشەوە باسم کردن .


هەتا ئێستاش پلانێک لەناو چەپدا نییە ، بۆ دەرچوون لە چوار چێوەی ئەو ئەزمەیەی کە ئەزمەی سەرمایەداری کاریگەری دانەوە لە سەریان . دەرچوون لە ئەزمە میپاق و وحدە عمل و هاوکاری ناتوانێت وەڵامیان پێ بداتەوە ، بەڵکو جیهان بینی چەپ ، کاتێک ئەتوانێت جیهان بینیەکی زانستی بوو وەڵام بە ڕەوینەوەی ئەزمە بداتەوە . بۆ خۆم بە هیچ جۆرێک بڕوام بە هزرو ووتەزای (چەپ) نییە ، چونکە چەپ بەو مانایە دێتە پێش چاوم و دەگرێتەوە ، بە مێژووی لەوەو پێشەوەی چەپی هێگلی دەبینم . بەڵام لە ئێستاشدا چەپ هەر بەو جۆرە پڕاوپڕی دەزگای ئیعلامییەکانی چەپە . چونکە هەتا ئێستاش لە خەوشی هێگڵییەت و بە هەڵگەڕاوەیی دیالێکتێک بینین ، دەربازیان نەبووە و بەشێک لەو میتۆدە سەرچاوەی بیرکردنەوەیانە .

هەتا چەپ نەگۆڕێت بۆ بزووتنەوەیەک کە مارکسیزم چوارچێوەی بیرکردنەوەو میتۆدی هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنەکانی بێت ، بێگومان چەپ هەر بە بەردەوامی دەرگیری ئەزمە دەبێت . ئەوان دەیانەوێت بە سیاسەتێک کار بکەن کە سەرو بەر ئاوێزانی سیاسەت و سیستەمی بیر کردنەوەی ووردە بۆرژوازییەو درۆزنی لە لێکدانەوەکانیاندا و هەوا کردنە ناو پێستی قسەو باسەکانیان و ڕەچاو نەکردنی ئەزمەکانیان و بە چاک لێکدانەوەی هاوکارەکانیان کە لەوانەیە زۆر زۆر کەمیان لەو کارانە جێگای ڕەزامەندی بزووتنەوەیەکی کرێکاری بێت . دامەزراندنی ڕۆژنامەکان ناتوانێت هەوڵێک لەهەوڵەکانی دەرچوون لە ئەزمەی چەپ بێت ، بەڵکو لێکدانەوەکانی ئەو دیفاکتۆیە و پلانەکانیان لەو دیفاکتۆیەدا ، دەتوانێت ئەوەمان پیشان بدات ، کە ئەتوانن دەربچن لە هەموو ئەو ئەزمەیەی کە بەهۆی سەرمایەدارییەوە ڕەنگی داوەتەوە لە سەریان .
بە کورتی چەپ پاش کەوتەی ڕووداوەکانە . نەوەکو لێکدانەوەی ئەوان درکیان لەسەر ئەزمەی ئێستا نییە و وەک خۆی لێکبدەنەوە ، بەڵکو پەشوکانوونی ، شەتەکی داوون بەخۆیەوە . چەپ دڵی بەوە خۆشە ، بە ڕیفۆرمەکان دەتوانێت بزووتنەوەکەی خۆیان ببەنە پێشەوە ، واتە جووڵانێکی خود بە خودی بە هەمو شت دەزانن ، ناتوانن گەشە بکەن بەڵکو وەکو کوتاڵ ئەچنە ئاو .


گەواهی ئەو باسانەی ئێمە بەوەوە گرێ دەدەم ، کە بزووتنەوەی کۆنەپەرستی مەژهەبی بووەتە هێزێک ، کە خەریکە خودی هێزەکانی تری ناو ڕەهەندی ناسیۆنالیستی ئەخوات . ئەمانەش هەموو ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاریگەریانەی کە پەیوەندی بە داروخانی سۆڤیتاتەوە هەبووە و ئەو ئەزمەیەی کە لە عێراقدا هەبووەو هەیە ، واتە جارێکی تر ئینسانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی کە ئامۆژگاری بە پێی سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی دەکرد ، جێگای ئومێدی ڕزگار بوونیان بوون ئێستا بوونی نەماوە ، فریاد ڕەس لە بزووتنەوەی مەژهەبیدا دەبینرێتەوە ، ئیسلامی سیاسی بوونەتە ئەو فریاد ڕەسەی کە هیچ کاتێک فریاد ڕەس نابێت لەم دەردوو مەینەتیە . ئەوان بە پێی ئەوەی لە ناوچەیەکی وەک ئێرەدا ئەتوانن سۆز و هەستی ئینسان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و بیان کەن بە هەواداری خۆیان ، بە هۆی ئەوەی کە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی ئێمە ڕوویەکە لەو ڕووانەی کە تێکەڵ و پێکەڵە بە تیۆری مەزهەبەکان و لەگەڵیدا ئاوێزانە . ئەم ڕاستییە نامان کات بە دوژمن ، بەڵکو دەمان گەیەنێتە ئەوەی کە ئێمە دەبێت توێژینەوەو لێکدانەوەی ڕۆشنمان لەسەر هەمو لایەنەکان هەبێت ، چونکە لەگەڵ کۆلکە مەلایەکدا نابێت بکەوینە گفتووگۆیەکەوە ، بە سەرچاوەی گفتووگۆکانی فەلسەفەیەکی ماددی لە قەڵەم بدەین و بمانەوێت ئەو تارماییە لەسەر سەری چینی کرێکار لابەرین . بێجگە لەوەی ئەزمەکان بە بەردەوامی دەبنە پانتاییەک کە لایەنە کۆنەپارێزەکان ئامانجەکانی خۆیانی تیادا تاو دەدەن و دەیکەنە دەست کەلای گەشە کردنیان .

کەواتە ئامادەنەبوونی تێئوورییەکی مارکسیستی و کۆمۆنیستی زانستی ، ئەو هەوڵانەی ئیسلامی سیاسی بۆ ئامانج و سیاسەتی خۆی ئامانجدار کردووە . هەروەها زیندوو بوونەوەی ئەو ئیحساساتە لە جزائیریشدا ، گەشەی ڕەهەندی مژهبی تیایاندا دروست کردووە ، پێش هەموو شتێک پەیوەندی بە ئەزمەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەبووە . واتە ئەمانە ئەڵێن ئەوەی کە هەبووە فریاد ڕەس نییە ، بەڵکو ئێمە فریاد ڕەسین ئەویش لەو ڕێگەیەوە کە لە کاتی خۆیدا ئێمە لە جزیرەدا شۆڕشمان کردوو کۆتاییمان هێنا بە قۆناغێکی تری کۆمەڵایەتی و هەلومەرجێکی ترمان تیایدا جێگیر کرد . لە بنەڕەتیشدا لەو کاتەدا ، نەی توانیوە گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت ، بێجگە لەوەی کە زۆری پەیوەندییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیدا ، چوەتە ناوو شەریعەتێکەوە و ئیتر بە پیرۆز دانرا . من لێرەدا نامەوێ بچمە سەر خاڵە ووردو درشتەکانی ئەو لایەنە ، بەو مانایە نا کە خۆ پارێزی بکەم بەڵکو ئەو مەسەلەیە جێگەیەکی تایبەتی دەوێت .


بە هەر حاڵ لێکدانەوەکان نەیان توانیوە ، جێگە بەو مەنهەجە کۆنە پارێزییە چۆڵ بکەن ، بەڵکو لە گەڵیاندا لە گەمەیەکی مناڵانەدا بوون . ئەمانە هەر هەموویان بەش بەشی ئەزمەکانی چەپن ، بەش بەشی بێ توانای یەکانی چەپن ، دەرچوونیشیان لێکدانەوەی دەوێت ، دەبێت ئەوە بزانرێت کە لە ڕەهەندی هزری ئێستای چەپدا چ بکرێت بۆ ئەوەی کە ئەو ڕووەی ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی تێ بپەڕێنن ! بتوانرێت هەڵسوڕان و تێڕوانین و لێکدانەوە و کارەکان بە شێوەیەکی جدی ترو هەمە لایەنە تر هێرش بکاتە سەر ئەزمەکەو قۆزا‌غەی ئەو ئەزمەیە نەبێت بە صدفی هەتا هەتای ڕەق و بەهێزی و گەرای ناوی نەپوکێتەوە بەبەردبوون ڕوونەدات . کەواتە دەبێت چەپ گەرای ناو قۆزاغەی خۆیان ببەنە سووڕێکی تری ژیان و تا دواین گەشەی خۆی ببەن . بەم پێیە چەپ ، دەبێت کاریگەری ئەزمەی ئابووری و هزری و سیاسیەکان لەسەرخۆیان لابەرن ، ژیانی خۆیان بە ئاڕاستەیەک تاوبدەن کە ئەزمەی ئابووری ئەم سیستەمە گەمەیان پێ نەکات و قوتیان نەدات .

بەشی چوارەم

میتۆدی لێکدانەوەکانی چەپ


بێ گومان هەموو بزووتنەوەیەک سیستەمی فکریەکەی خۆی ئاڕاستەی بزاوتنی دەست نیشان دەکات . هەروەها هەر سیستەمێکی فکریش بزووتنەوەیەکی دەبێت . بێ گومان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ، چەپی ووردەبۆرژوازی بزووتنەوەی دژیان بە ئاکاری هەمان سیاسەت و بەرژەوەندییە و تیایدا بەرژەوەندی ئەو دەستەیە دەست نیشان دەکات ، دەیەوێت بەشی پەیدا بکات لە سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتیدا . لە لایەکی ترەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی ، بەرامبەر دەسەڵات ، بە ئاڕاستە جیاواز لەگەڵ واقعدا و بە میتۆدیش جیاواز لەگەڵ دیالێکتێکی واقعی ئابووری سیاسی ئەم سیستەمەی ئێستا ، ئەمەشیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی چینێک دەبێت ، لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵێکی پان و بەرین ، یان بە شێوەیەکی تر بڵێین چینی پان و بەرینی چینی کرێکار ، ئاڕاستەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆی تاو دەدات .
بەکورتی هەموو بزووتنەوەیەک دەبێت سیستەمێکی فکری ڕێنوێنی کەری سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بێت . لەگەڵ ئەوەشدا بە سیستەمی هزرییەکەی بزووتنەوە پراکتیکییەکەی ئەدۆزرێتەوەو دەتوانرێت هەر لە هەمان ئاسۆوە دەست نیشانی ئامانجەکانی بکرێت . هەموو ئەمانە لە چەپدا بە شێوەیەکی سستماتیک نابینرێت ، یان ئەوەندەی پابەندی بزووتنەوە فکرییە ووردە بۆرژوازیەکانە ئەوەندە لەگەڵ بزووتنەوە و سیستەمی فکری مێژوویی و میتۆدی چینی کرێکاردا تێکەڵ و جووت نییە .
لەلایەک بزووتنەوەی هزری ووردەبۆرژوازی بە ناو نیشان کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوەندەی دووبارە کەرەوەی مارکسیزمی شۆڕشگێڕی پێشووتریانە ، ئەوانەی تری دەرەوەی ئەوانیش ، هەریەکەیان و بەجۆرێک و بە ئاکارێک و لۆجیکێکی ناسیونالیستی چەکداری و ووردەهیگڵیەت و هەندێکیشیان خۆیان بۆ یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەبێت چی بکات ، لەلایەکی تر گروپێکی بێناونیشانی ئاڕاستە ئانارشیست دەردەکەون و بیردەکەنەوە ،ئەوەندە لەگەڵ سیستەمی بیرکردنەوەی تازەو زیندووی مارکسیزم ئاوێزان نیین . ناکرێت تۆ ناوی ڕۆبۆت بەریت و نەزانیت ڕۆبۆت چۆن لەگەڵ دیالێکتیکی مارکسیزم بەکار بهێنرێت . ئەمانە نەیان کردووەتە تازە بوونەوە بەڵکو جۆرێکی ترە و پەیوەندییەکی تووندو تۆڵییان لەگەڵ ڕیڤیژنیزمدا هەیە . بەو مانایەی کە سیاسەت و میتۆدەکانی برنیشتایین و بەشێکیش هیگلیەت و بەشێکی تر ئیکۆنۆمیزم و تا سنوورێک لەگەڵ ئانارشیزمدا تێکەڵ یەک بوون و میتۆدی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوانەی تریان پێک هێناوە ، بێجگە لەو جۆراوجۆریەی تری ڕیڤیژینیزم کە بەناوی مارکسیزمەوە ئەدوێت .

ئەم تێڕوانینانە ئەوەندەی بوونەتە دواکەوتن و ئەزمەی بزووتنەوەکە ، ئەوەندە نەیان توانیوە ئەزمەی چەپ بڕەوێننەوە . چونکە ئەم تێگەشتنانە لەگەڵ بحپ و پلمیکی ناو مارکسیزم نایەتەوە ، چارەسەری کێشەکانییان بە ڕێگەی بەیان نامەو پلاکارتان وەڵامی پێدەدەنەوە . لێرە ئەوەندەی ئەو ڕەهەندە پاشکۆیەتی بۆ ڕەهەندی چەپی ئەزمە گرتووی ئێران دەکات و کردویەتی ، ئەوەندە بیر ناکاتەوە ئەوەندە ئاوەزی بەکار ناهێنیت . بۆ دەرچوون لەو چوارچێوە داڕێژراوە میتافیزیکیە کە بیرکردنەوەی دۆگمایانەو بێ گۆڕان ، پەیوەندی خۆی گرێ ئەدات بە هەلومەرجەکانەوە ، ئەوەندەی لەگەڵ دیدوتێڕوانینەکانی بۆرژوازیدا مامەڵە دەکات ئەوەندە ئەو درککردنەی تێناپەڕێنێت . بێ گومان هەموو ئەو بەهایانەی کە لە بەرنامەی دنیای باشتر و بەرنامەکانی تری حیزبە چەپەکانی تر و مینی بەرنامەکانیاندا هەیە هەر هەموو دەرخەری لایەنە خراپەکانی ناو بزووتنەوەی فکری و پراکتیکی ئەو بزووتنەوە ووردە بۆرژوازییە بە بەرد بووەیە . واتە ئەمانەیان بەشێک لەو چەپەیە کە تواناکانی خۆی تەنها بەوەوە دەست پێ دەکات کە تەنگوچەڵەمەکانی ئەو بزووتنەوانەو دیاردەکانی بەشێوەیەک دەکۆڵێتەوە لەگەڵ شێوەی سەرمایەداری ئەخاتە ژێر ڕەخنەیەکی شکڵییەوە . کەواتە میتۆدەکان دەبێت بە پێی پێویستی کاریگەری خۆی تا سەرمۆخ لەگەڵ دژەکانی خۆیدا بەکاربهێنێت یان کاریگەریان لەسەر دابنێت ، نەوەکو لە ڕووی دەرەوەی دیاردەیەکی شارەوەوە قسە بکات و بە ترۆپکی ڕەخنەشی بەهەند وەرگرتبێت .

واتە ئەو ڕەهەندەی هەر بە هەمان ناوەوە دەداتە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە دەرەوەی حیزبەکەیەو ئیدعا و بانگەوازی پێکهێنانی حیزبێکی تر دەکات ، نەی توانیوە جیا بوونەوەکەیان جیابوونەوەیەکی دیالێکتێکی جیاوازی خۆی ڕابگەیەنێت . بەڵکو لەڕوی ڕوخساریەوە جیابوونەتەوە ، هەر وەک چۆن میتۆدەکەیان لەگەڵ ڕوکاری دەرەوە مامەڵە دەکات . واتە ئەوەی لە فەلسەفەی سۆسیالیستە خەیاڵییەکاندا هەبووبێت ، ئەو بەکارهێنانەی ئەوەندەی بە خەیاڵەوە بەندن ئەوەندە بە واقعەوە بەند نین . بێ گومان واقع بە پێی دیدو بڕواکان و هەڵسەنگاندنی ئێمە ئێستا واقعێکی حەقیاتی نییە بۆ پەیوەندیەکانی ژیانی ئینسان ، بەڵکو بە پێ ی تێڕوانینەکانی کۆمۆنیزمی زانستی واقعێکە دەبێت لەبنەڕەتەوە هەڵبووەشێتەوە ، نەوەکو ئارایشتی واقعەکەی بدرێتەوە . ئەوانەی کە لە پێشەوە باسم کردن میتۆدی بەشێکی چەپە کە بێ گومان جیاوازی و جیابوونەوەکانی لە ڕێگەی ئەزمەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە ، میتۆدی ئەم بزووتنەوە هزرییە ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت بە میتۆدی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری .


بەم پێیە بۆ هەموو تێپەڕاندنێکی ئەزمە ، پێویستە درکی ڕۆشنت لەسەر ئەزمە هەبێت و کاریگەریەکانی دەست نیشان بکریت و بتوانرێت لەو چوارچیوەیە دەربچن ، یان دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە دنیای ئەزمە گرتووی چەپ بە تێپەڕاندنی وەڵام بدرێتەوە . ئەوەش تەنها تێزەکانی کۆمۆنیزمی زانستی دەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە . چونکە چەپ وەڵامی خۆیان وەرگرتووەتەوە ئەوان بە هەموو مانایەک پرۆژەیەکی بەرنامەیی یان کۆمەڵێکیان وەکو خۆیان دەڵێن مینی بەرنامەیان هەیە و دەردەکەن ، بە پرۆژەیەکی بەیاننامەیی هەمووی لە بنەڕەتەوە هەڵئەوەشێنێتەوە . کاتێک لە ئەزمەیەکدا پرۆژەیەک دەردەکرێت دەبێت ئەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت کە وەڵام بە ئەزمەکە بداتەوە ، نەوەکو بە پێچەوانەوە وەک ئەو مێژووەی کە لە دەوورانی پێشووتری ئەم بزووتنەوەیەوە هەتاوەکو ئێستا ڕوویداوە .

کەواتە ئەم باڵەی ئەزمە گرتووی چەپ نەیتوانیوە وەڵام بە ناوەڕۆکو ڕووی ئەزمە گرتووی خۆی بداتەوە ، لەبەر ئەو هۆیانەی کە لە بەشەکانی تردا باسم کردووە . ئەوەندەی کاریگەری ئەزمەی سەرمایەداری لەسەر ئەو ڕەهەندە هەبووە ئەوەندە ئەم ڕەهەندە نەیتوانیوە شیکردنەوە و لێکدانەوەی خۆی لەسەر ئاستی ڕەوینەوەی ئەو ئەزمەیە و تێپەڕاندنی لەناو ژهنی خۆیاندا بڕەوێنێتەوە و لەناوببات . واتە دەرچوونیش پێویستیان بەوە هەیە کە لە باسی میتۆدی ئەزمە گرتووی ئەم لایەنەی چەپ دەردەچێت و جیهان بینییەکەی جیاوازو مەحکەمتر لەسەر بناغەو بنەڕەتی مارکسیزم پێداگرێت و بوەستێت ، پێشکەوتنێکی میتۆدی بە خۆیەوە ببینێت .
ساختمانی ئەو بیرکردنەوانە دەبێت زانستییانە نەخشە ڕێژبکرێت ، تا بتوانێت تەلاری هزری و میتۆدی خۆی نەکەوێتە ژێر کاریگەری سروشتی ئەو کۆمەڵگایانەوە کە سیستەمە فکرییەکەی دەیەوێت یان هەوڵ دەدات بۆ لەناو بردنی هەموو بەهایەکی شۆڕشگێڕی . واتە ناکرێت تۆ دیالێکتێک بە میتافیزێک ناو زەند بکەیت ، یان میتافیزێکت بەیان کرد بێت و لە دیالێکتێکیدا جێگات بە بەرزو بەڕێز دابنێت و بەهەندی وەرگریت . دیالێکتێک لایەنێک و ڕوویەکی بیرکردنەوەی زۆر زۆر جیاوازە لەو بیرکردنەوە میتافیزیکانەی کە شتەکان بە نەگۆڕو وەستاو دەبینێتەوە ، یان دەیانەوێت نەفی گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی بکەنەوە ، یان نەبینینەوەی گۆڕانی چەندایەتی مێژوویی بۆ چۆنایەتی مێژوویی ، هەروەها بەپێچەوانەشەوە .


پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە ناهەمووارەی چەپی ئەزمە گرتوو ، دیالێکتێکی خۆمان لەناو ماتریالیزمی دیالێکتێکدا تاو بدەین و ماتریالیزمی مێژوویی خۆمان بە شێوە ڕاست و ڕەوانەکەی گۆڕانی قۆناغەکەی پێ بکەین . واتە کاتێک کە دیالێکتێک بوو بە بەهای لێکدانەوە ماددییەکان ، ئەوەی دۆزییەوە کە گۆڕانکاریەکان پێویستیان بە جارێکی تر داڕشتنەوەی ماددی گۆڕاو هەیە ، یان ماددەی گۆڕاو واتاو مانایەکی تری هەیە لەناو ماتریالیزمی دیالێکتیکدا . ئەویش بەو مانایایە نا کە ماددە خاسیەتی خۆی لە دەست دابێت لە ڕووی فیزیاوی و کیمیاوییەکەیەوە .

بەم پێیە ئەمە بۆ تازە بوونەوەو گۆڕانی هەلومەرجەکەی ، زیندوو ڕاگرتنی وەک دیالێکتێک پێویستە بەهای پەیوەندییەکان لە لامان ڕوون و ئاشکرا بێت ، ئەگینا بەسەر سەردا دەمانخاتە چاڵەوە . کەواتە هەموو بەها گۆڕاو و نەگۆڕاوەکان لە ڕێگەی نوێ بوونەوەو گۆڕانە بەردەوامەکانی سیستەمی هزری ماتریالیزمی دیالێکتیکەوە دەدۆزرێتەوە . یان دیالۆگی ناو ماتریالیزمی دیالێکتێک ئەتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات . ئەمانەش دەبنە سەرچاوەی فکرو میتۆد و بەرچاو ڕۆشنی ئەم سەردەمەی ئێمە ، ئیش کردن بۆ ئایندەیەکی تەواو گۆڕاو و پەی پێنەبراو لە لایەن دەورو بەرەوە ، هەر بەم پێیە ناتوانرێت پەی بە خودی میتۆدێکی لەو جۆرە ببڕێت ، ئەگەر وا نەکرێت ، ئەوا قۆناغ و ڕووەکەی هەر وەک ئێستای لێ دێت کە چەپ ئاوێزانی ئەزمەیەکی گەورەو قووڵ کردووە . هەروەها بێ وەڵامیشە لە بەرامبەریدا ، چونکە چوارچێوەی میتۆدەکەیان دەرناچیت لەو چوارچێوە ئەزماوییەی کە خودی چەپ هەڵیگرتووە .


ڕوکارێک لە ڕووەکانی تری چەپ ئەو لایەنانەی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە ، ئەوانیش بە هەمان شێوەی بێ دیسپلین و بێ میتۆد ، کاری خۆیان زۆر هەڕەمەکییانە دەست داوەتێ ، یان لە شیعاریاندا هەروەک کۆمۆنیزمی کرێکاریین و لە لێکدانەوەکانیاندا کە لێکدانەوە نین بە جۆرێکی تر خەڕەکی شکاویان خستووەتە گەڕ . واتە ئەمانەی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نەیان توانییووە بیر کردنەوەیەک کە بە جۆرێکی تەواو و کەماڵ جێگرتوو و جیاواز لەڕووی فکری و سیاسی خۆیان تاو بدەن . بەڵکو هەتا ئێستاش ناتوانرێت دەست نیشانی بەهای میتۆدی ئەمانەش بکرێت ، یان هەر هیچ نەبێت بحپێکی قووڵ و دروست وبەنرخیان هەبێت لەسەر دنیاو جیهان بینی ڕۆشنیان دەرخستبێت . هەندێک دەیانەوێت بە کلک بوونیان بۆ دەرەوەی مارکسیزم ، بنیادی فکری و میتۆدی خۆیان بەیان بکەن و یان بزووتنەوەیەکی جیاواز نیشان بدەن . ئەمەیان بە ڕاستی کارێکە هەروەک بیرکردنەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری وایە و لەبەرگیکی تردا ، کارێکە و هەوڵێکیانە کە ناتوانێت ئەو جیاوازییە دیالێکتێکییە نیشان بدات کە پێویستە پیشان بدرێت ، یان پێک بێت . ئەمانەش ناتوانن ئەزمە لە ئەستۆیان دەربهێنن و بە تاڵ کەنەوە ، یان ئەو ئەرکە جێ بە جێ بکەن . بەڵکوو بە پێی خۆیان بە تەواوی دەرگیرییەتی . تێپەڕاندن بەو شێوەیە نییە کە کلک بیت بۆ دیدو بۆچونەکانی دەرەوەی مارکسیزم ، بەڵکو بەو شێوەیە دەبێت کە بیرکردنەوەیەکی زانستی و دروست بدەیت بە دەستەوە بیخەیتە ڕوو بۆ کۆمەڵگا ، لەسەر ئاستی ئەزمەکە پلانی گونجاوت هەبێت ، ئاڕاستەی بیروبۆچونەکانیان لەسەر تیرەی بیری مارکسیزم داڕێژن و تاوبدەن ، ئەمەیان نەکردووە ، تا سەد دەرسەد دەریان بکات لە ئەزمەکەدا . کەواتە ئەوانیش هیوا پێوە گرێدانیان بێ سوودە ، یان ئەو ئاسۆیە ئاسۆیەکی تاڵ و ناخۆش دێنێتەوە بەردەم بزووتنەوەی چەپ . بەم پێیە یان سیستەمی فکریان نییە یان هەیە و ئاوێزانی ڕڤیژنیزمە ، یان ئەوەی کە جێبەجێ دەکرێت وەک یاریەکی مناڵانە دێتە پێش چاو . بە ڕاستی ناوەڕۆکی سیستەمە فکرییەکان زۆر زۆر گرنگن بۆ خاڵی جیا بوونەوەی بزووتنەوەکان . ئەم چەپە لە بەشێکیدا سیستەمی فکری هەیە ، ئەو سیستەمە خۆی لە خۆیدا گەرای ئەزمەی هەڵگرتووەو بە ئەزمەش ژیان ئەگوزەرێنێت ، بێگومان ژیانیشیان زۆر درێژ نابێت . ئەم چەپە ئەوەندەی لە مەرگەوە نزیکە ئەوەندە لە گەشەو ئاواتەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی زانستیەکانەوە نزیک نییە . بەم پێیە مەرگی ئەمان سیستەمی فکرییان دەست نیشانیان دەکات ، واتە سیستەمی فکری هەر بزووتنەوەیەک گرنگییەکەی بە ئاستی گرنگی بوونی ماتریالی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئابووری بزووتنەوەکە هەیە .

بەشی پێنجەم

ڕۆژنامە و ڕێکخراوەکان


ڕۆژنامەی هەر دەزگاو ناوەندێک بە ساختمانی ئەو ناوەندە دەست نیشان بکرێت هەڵەیەکی کوشندەیە ، ناتوانێت وەک بەشەکانی تری گۆڤار ئەو ڕۆڵە بگێڕن ، واتە ئەوەندەی ڕۆژنامەکان دەبنە ڕۆژنامەیەکی هەواڵنامەیی ئەوەندە ناتوانن بحپ و جدلی تیادا بکرێت . بەم پێیە هەرهەموو ئەو ڕووداو و کارانەی کە دەکرێت بە هەواڵی ڕۆژانەو تۆزێک لێکدانەوە لە گەڵیاندا ، ناتوانێت هۆشیاری بدات بە دەووروو پشت . بەڵام کاتێک گۆڤارێک پێکدێت بۆ ناوەندێکی سیاسی ، هزری ئەو گۆڤارە دەتوانێت هەوڵە فکری و میتۆدییەکانی خۆی بە گوێرەی توێژینەوەکانی دەزگایەک بۆ ڕۆشنبیرکردن دروست بکات . بەم پێیەش بەهێزی و لاوازی ئەو ناوەندەش بە پێی بێهێزی و بەهێزی لێکدانەوەکان دەردەکەون . لە ژیانی کاروچالاکیەکانی ڕێکخراو و حیزبیشدا لە پاڵ پراکتیکدا ، یەکێک لە پێویستییەکانی حیزب لایەنی تیۆرییە کە ئەتوانرێت لەوێوە جێگەوڕێگەی لە ناو چینەکاندا دەست نیشان بکرێت . واتە بە پێی پێویستییەکان دەتوانرێت لێکدانەوەی خۆتییان لەسەر بکەیت و خەروارێک لە تیۆری و لایەنی سیاسی و هزری خۆت بۆ جێگا جیاوازەکان بگوێزێتەوە ، یان فکر ڕۆشنی بدەیت بە چینەکەت و لە گەڵیدا ئاسۆی بە ئیرادەوە بۆ ڕۆشن بکرێتەوە . واتە هەم دەتوانێت قسەی ڕۆشن لەسەر لایەنە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سیستەمی حازر بکەیت و ناوەندی ئەو پەیوەندییە بە ڕۆشنی لە لای ئەندامەکان و دەوورووبەر جێبەجێ بکات . بەم پێیە چەندە ماتریالی پێکهێنەری ڕێکخراو گرنگە ئەوەندەش پێک هاتووی ڕۆشن کەرەوەی ژهنی و ئاوەزی ئەو ماتریالە گرنگە . واتە خودی حیزب و ڕێکخراو بەوە دەبینرێتەوە کە دەتوانێت کارێک بۆ ئایندە بکات ، یان لە خولگەی بۆشی خۆیدا ماڵی خولیایەتی . کەواتە لایەنی توێژینەوە و تیۆری گرنگیەکەی لەو شوێنەدا بێت ، ناکرێت بە هیچ جۆرێک فەرامۆش بکرێت .


بەڵام لە لای چەپ ئەم کارە هەتا ئێستا نەهێنراوەتە بەرنامەی کارکردنیان . واتە چەپ بە هیچ جۆرێک دەستی بۆ ئەم کارە نەبردووە ، کە پێویستی بەوە هەبووە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکدا ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات . هەروەها لە لایەک ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بحپی ڕۆشن و قاڵ بووی تیۆری ، کەم زانی لە تیۆری مارکسیزمدا ، جێگای چۆڵ کردووە بۆ هەموو ئەو لێکدانەوە نامارکسییانەی کە هەتا ئێستا باڵادەستیان بەسەر ڕەووتی جووڵاندنی ئەو بزووتنەوەیە هەبووە . بێگومان کاڵ فامییەکی بەرچاو بەسەرجەمی هەموو ڕێکخراوەکانەوە دیارە . ئەمەش بەشێکە لە گەشە نەکردن و گەڕانەوە بۆ دواوە و دەرنەچوون لە چوار چێوەیەکی تەسکی ڕێکخراوەیەکی بێ میتۆد .


ئەوەی لە لای ( حیزبی ک . ک . ع ) و ئێران و حیزب و گرووپەکانی ترەوە گرنگە ئەوەیە کە ئەوان بەحسابی خۆیان بڕوای زیاتریان بەوە هەیە کە بەیان نامەیەک دەتوانێت وەڵامی دان شکێن بێت بۆ دیاردەو ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵ . بێگومان ئەمە تەنها گەوجی دروستی کردووە یان بە هەوڵی ڕۆشن کردنەوەی بیری هاو ئەندامانیانەوە نین و ئەلفێکیشیان بۆ ناخرێتە سەر واوێکی تر . کەواتە ئەوەندەی ئەم لایەنە زاڵە بەسەر ناوەڕۆکی لێکدانەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و بیرکردنەوەکانی تری حیزب و ڕێکخراو و گروپەکانی تری چەپ ، کە هیچ مانایەکی بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر پرسی نەتەوایەتی و پرسی ئافرەتان و پرسەکانی تری هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان نەهێشتووەتەوە ، تەنها ئەو گێژاوەی بۆ دروست کردوون کە (UN) دەخالەت لە ڕێفراندۆمی جیابوونەوە ، بۆ جیانەبوونەوەی کوردستان دوای حیزبەکانی لەدەسەڵاتدا بکەوێت . بێگومان ئەم وێنا کردنە لە بنەڕەتەوە بێ مانایە ، چونکە ناکرێت کاری کۆمۆنیستەکان لەگەڵ (UN) دا هاوتاو هاویەک بکەیت ، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە هەتاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە سەر ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئابووری سیستەمی سەرمایەداری بوونییان نییە . یان لەسەر مەسەلەی ئافرەتان تەنها لە چوار چێوەی ڕۆژنامەکاندا ، قسەو قسەڵۆکی لێرەو لەوێ دەکرێ و هیچ مانایەکی بۆ مێژوو و گۆڕانی مێژوویی نەهێشتووەتەوە ، کە چۆنیەتی گۆڕانەکان چۆنە ، یان ئەوەی کە لەسەر ئاین دەکرێتە چەکی خۆدەرخستن تەنها هەواڵ نامەی ڕۆژنامەییە ، کە ئەم هەواڵی ئەفغانستان و ئەوی تری جەزائیر و ئەوانی تریان لەسەر میصرو هیچی تر . هەموو ئەمانە کاریگەری خراپیان لە سەر جووڵەو جەوهەری کارکردن و دیدگایان داناوە . بێگومان ئەم کارانە بێدەربەست بوونە بە مەسەلەی کرێکارانەوە ، یان کاتێک دەکرێت لە پێناوی کرێکاراندا نییە ، بەڵکو کاری دەستەگەرایی ووردە بۆرژوازییە . هەموو ئەو واتایانەی کە هەتا ئێستا هەن واتای بێ ناوەڕۆکن . چونکە ناتوانێت ئەندامانی خۆشیان تۆزیک ئاگایی لێ وەربگرێت لە بارەی ئەو پرسانەوە کە بووەتە سەرچاوەی هەواڵ نامەی ڕۆژنامەکانیان .

بێگومان بڕوانەبوون بە دیالێکتێک و دەستەوەستان لە بەرامبەر دووگماتیزمدا بەرهەم دەهێنێت . واتە ناکرێت ڕۆژنامەکانی ئەمانە بەوە لە قەڵەم بدەین کە شیکردنەوەی تیۆری بۆ ڕۆشن کردنەوەی ژهنی کرێکاران بەرهەم دەهێنن ، هەم لە باری میتۆدەکەی خۆیەوەو هەم بەحپ لە چوارچێوەی ئەو میتۆدەیاندا . ئەوەی کە لە ڕۆژنامە و پەیج و ماڵپەڕەئەلەکترۆنیەکانی ئەم حیزب و گروپ و ڕێکخراوانەدا دەبینرێت ، چاو پێکەوتنی فڵان و بە بۆنەی فیسار بۆنەوە ، فڵان کەس قسەی خۆی دەکات ، یان ئەو هەواڵانەیە کە لە هەموو ڕۆژنامەکانی تردا دەیان بینین ، یا نوسین و لێکدانەوەکانیان فڕی بەسەر بۆچونەکانی مارکسیزمەوە نیە . هەتا ئێستاش بیر لەوە ناکرێتەوە کە چی دەتوانێت ئینسان لە دەست ئاین و مەژهەب ڕزگار بکات ، یان بۆ بەتاڵ کردنەوەی فکری ئاینی چی بکرێت و دەست بدرێتە چ کارێک !؟ بێگومان هەر هەموویان ناتوانن ئەوەمان پێ بڵێن کە بۆچی هەتا ئێستا کارێکی لەو جۆرە نەکراوە .

بەڵام لە لای ئێمە ئەم کارانەی ئەوان ڕۆشنەو دەزانرێت لە پێناوی چیدایە . واتە ئەوەندەی بە هەوڵی هەڵخڕاندنی بەشێک لە ئەندامانی خۆیانن بە دوای چونەپێشەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندان و دانەخستنی دوکانەکانیان ، ئەوەندە بۆ هەوڵدان لە پێناوی شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا لە مەیداندا نین . ئەمانە کاریگەری ئەزمەیەکی فکرییە لەسەر ئەم ڕەهەندە ، نەوەکو بە پێچەوانەوە ، کە کاریگەرییان لەسەر ڕەواندنەوەی ئەزمە هەبێت . ئەم ئاوەز و هزرە لە بنەڕەتدا هەڵگری ئەزمەیە ، هەر بۆیە لە چوار چێوەی ئەزمەدا گیانی ئەزماوییان کرمۆڵ دەبێت . هەموو ڕۆژنامەکانیان ناتوانن ئەلفێک زیاد بکەنە سەر هزری بەستەلەک بوویان . یان لە چوار چێوەی میتۆدێک کە بە هەموو ماناکانی ڕڤیژنیزم و ئانارشیزم و ئۆپۆڕتۆنیست و ئیکۆنۆمیزمی هەڵگرتووە کاردەکەن هیچی تریان ئەنجام نەداوە . (بۆ پێشەوە) بێجگە لە ڕۆژنامەیەک (بۆ دواوە) هیچی تر نییە ، یان (الشیوعیه‌ العمالیه‌)ش تەرجەمە کراوی بۆ پێشەوەیە (النچال الشیوعی) هەر بە هەمان شێوە تا دەگات بە (یەکسانی) و (المساواه‌)کە کۆمەڵێک هەواڵ نامەی هەواڵ نامەکانی تری یان تێدایە . تەنها ئەمانە نین ، بەڵکو هەموو ئەو ماڵپەڕ و کەناڵە ئەلەکترۆنیەکانی بەناوی چەپ و مارکسیزمەوە خۆیان بەیان کردوەو ، بەدەرنین لە ئەزمەی هزری و بەپێچەوانەی دیدو بۆچونی مارکسیزمەوە کارکردن . واتە دەبێت لێکۆڵینەوەو شیکاری تێرو تەسەلی هەلومەرجەکان هەبێت و بکرێت ، بۆ ڕۆشن کردنەوەی ژهنی چینی کرێکار لە ئارادا بێت ، یان بەحپەکان لەسەر ئاستی تێپەڕاندنی ئەزمەکان بێت و هەوڵی جدیش لەو پێناوەدا بنرێت .


ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو حیزبە ، کە چەند گروپ و ڕێخراوێک هەبوون و هەن بە ناوی جیاوازەوە کار دەکەن هەر لە (پەیامی کۆمۆنیزم) لەپێشوتردا ، تا (پەیڕەوی نوێ) و (بڵێسە) و (سیمای کۆمۆنیست) و ئەوانەی تریش…… بێجگە لەوەی کە دەیانەوێت جیاوازییەک لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن ، یان هەیانە بە پێی خۆیان لە ڕووی میتۆدییەوە جیاوازن ، نەیان توانیوە لەو ڕاستییە دەربچن کە لە پەیڕەوی نوێ دا لە ژمارە (٢) یاندا لەسەر ڕۆژنامەوانی چەپ ڕاستیەکی درکاندووەو دەڵێت لەم سەری چەپەوە بۆ ئەو سەری بە مانای پڕاو پڕی ڕۆژنامەوانی بێ بەهاو بێ لیاقەیە ، هەروەها پەیڕەوی نوێش بەشێکە لەو بەشانەی کە ڕۆژنامەوانی چەپ پێک دەهێنن . هەروەها ئەمانە بە هەمان جۆری نەخۆشی حیزبی ک.ک.ع . بەچەپی کۆن نوێوە ناتوانن لەو چوارچێوە تەسکەی ڕۆژنامەوانی و هەواڵییانە دەربچن کە حیزب و گروپ و ڕێکخراوەکان تێییدا دەژێت ، یا ئەو هیگڵیەتەی بەمارکسیزم بەخەڵکی دەفرۆشنەوە ، لەگەڵ تووڕەهاتی باسەکانیان ، هیچ نیە بێجگە لە بزووتنەوەیەکی ووردەبۆرژوازیانەی خۆپەرست نەبێت .


کەواتە بەشێک لەو ئەزمانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میتۆدێکی زانستی مارکسیستی ، تا بتوانێت قسەی زانستی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا بکات . بەم پێیە هەر هەموو بەهاکان یەک مەبەست ئەنرخێنن ، ئەویش نرخەکانییان زۆر زۆر کەمەو لە وەرگرتندا بێ بەها و بێتوانایە . واتە دەزگای ناوەندی ڕۆشنبیری ئەو حیزب وگروپ و ڕێکخراوانە نەیان توانیوە لە ڕووانگەی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەزمەداری ژیانی خۆیان تێپەڕ بکەن ، بەڵکو گێرەی بەردەوامی تێدا دەکەن . چ لایەک باسی لە ئەزمەی خۆی کردووە ، بێجگە لەوەی کە بەشان و باڵی خۆیاندا هەڵدەدەن ، هیچیان نەکردووە . ئەو جۆرە لەکار و بیرکردنەویان هەر هەمووی مایەی دەرنەچوون و گنگڵ خواردن و خۆخواردنەوەیانە لە ئەزمەکانیاندا ، هەروەها هۆکاری زیاتر برەودانە بە ئەزمەی خۆیان ، نەوەکو لە ئەزمەی خۆی بکۆڵێتەوە . لێکۆڵینەوە لە ئەزمەکان چ ڕێکخراوەیی کۆمەڵایەتی ، چ کۆمەڵایەتی ئابووری بێت گرنگە و دەبێتە پێویستی بۆ هەموو بزووتنەیەک . لەکاتێکدا ئەمانە بە ئەزمەی تێئوری و ئابووری سەرمایەدارییەوە گیرۆدە بوون و ئەزمەیان لە گیانی خۆیاندا ژیاندووەتەوە ، نەیان توانیوە بنجبڕی بکەن . ڕاستی ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕو پەیجە ئەلەکتترۆنیەکان و ڕۆژنامەکانیانەوە هەوڵ و تەقەلاکانی ڕێکخراوەکان ببینرێتەوە یان لە ڕێگەی ناوەندی ڕاگەیاندنەکانیانەوە ئەوەت لە لا ڕۆشن بێتەوە چ ئەنجامگیریەکیان کردووە و دەبێت . ئەزمە دەبێتە ژیانیان و ژیانیان بە ئەزمەوە بەسەر دەبەن .

بەشی شەشەم
بحپ و پلمێک


هەروەکو لە پێشترەوە باسم کرد ، لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی هەلوومەرجی دەوروبەرت و جێگەی ڕێکخراوەکان لە کۆمەڵگادا ، بەشێکی گرنگە لە گەشەو باڵا بوونی فکری و سیاسی و ڕێکخراوەیی لە ناو حیزبدا . دەبێت ئێمە بەحپەکانیشمان لە ئاستێکی وادا بێت کە توانای گەشەی ڕێکخراوەکان بەرجەستە بکات .
زیاتر مەبەست لەوەیە کە بتوانێت ئاوەز ڕۆشنیەک بدات بە ئەندامەکان و لەسەر دیاردەکان و ڕووداوەکان درکی ڕۆشن و واقعی و دروستیان یان هەبێت و لەبەرامبەریشیدا ڕێگا چارەی چارەسەری بنەڕەتیان هەبێت . واتە بە پێی ئەوەی کە توێژینەوە دەبێتە بەشێکی کاریگەر لەسەر زیاد بوونی ئەندامان و فراوان بوونی دووربینیە فکرییەکان و زیاد بوونە ماتریاڵیەکەی ، دەبێت ئێمە بە ڕۆشنی و بە پێویستەوە لە گەڵیدا مامەڵە بکەین . واتە تاودانی دیالێکتێک لە توێژینەوەکاندا دەبێت بە زیندوویەتی مانەوەی ژیانی ڕێکخراوو هەلومەرجی پەیوەنی ئەندامێتی و زیاد بوونی تواناو دوورییە هزریەکان .
بەم پێیە دەبێت دیالێکتێک بۆ ئەو ئامانجە کار بکات کە دیالێکتێک بپارێزێت . واتە ئەو ئامانجە بێت کە لە دیالێکتێکدا دەبێتە زیندوو ڕاگرتنی چوارچێوەی دوورییە هزرییەکان و گەشەی ناو دیالێکتێک . بەڵام لێرە هەموو ئەو ڕووانگانە بە یەک نامە دەکرێن بە سفر و دەبێتە لایەنێکی وەستاو ، هەروەها دەبێتە دروست کردنی نا ڕۆشنییەکان لەسەر واقع و هەروەها لە ڕووداوەکانیش ناگەن .

دەبێت ئێمەش بڵێین صڵاوات لە دیداری ئەزمەیان بێت ، کۆمۆنیزمی کرێکاری و چەپی دەرەوەی ئەم ڕەووتە ، هیچ توێژینەوەیەک و نووسراوێکی وایان نییە ، لە چوارچێوەیەکدا بێت ، بتوانرێت بە بەحپ ناوی ببرێت . یان هەندێک بحپی کەم کەم هەیە ، ئەم بەحپانە ئەوەندەی بە پێچەوانەوە ئەدوێن و هەروەها لە هزری خۆیانەوە و هیگڵیانە و ئۆپۆرتۆنیستانە دادەتاشرێن و لەگەڵ واقعدا ناتەبان . واتە ئەوەندەی ناڕاست ئەدوێن و دەکرێت ، ئەوەندەش ڕاستی ناووترێت . هەروەها لە لای ئەم ڕەووتانە ئەوە بە خاڵێکی باشی وەردەگرن یان دەیکەنە ئەوەی کە ئەتوانن ئەنتی ئەمریکا بن . هەڵبەت بۆ هەر ڕووداو دیاردەیەک کە دەبینرێت یان ڕوودەدات ، پێش هەموو شتێک دەبێت ، پشتەوەی ئەو ڕووداو دیاردانە بزانرێت و لە ناوەڕۆکەکەی گەیشتبێت ئینجا ئەتوانرێت بە ڕاستی و دروستی هەڵبهێنجرێتە سەر کاغەزو لێکۆڵینەوەی خۆتی تیادا تاو بدەیت . کەواتە دەبێت ئێمە ڕاست گۆیانە بەحپەکان جێبەجێ بکەین . بۆ ئەوەی بە ئامانج بین لە بەحپەکانماندا ، دەبێت دوور بین لە هەر ناڕاستییەک و ئەقڵخوازانە نەبێت ، لەبەرئەوەی لەو جۆرە بەحپانەدا لە ئامانجی ناو بەحپەکان بێ هیواو لەڕاستیەکان دوورمان دەخاتەوە . دەبێت لەگەڵ بەحپەکاندا میتۆدێک بە دەستەوە بگیرێت کە تەواو ڕۆشن کەرەوەی ڕووداو گۆڕان کارییەکانی ناو دیاردەکان بێت . ئەگینا ئێمە لێکدانەوەو توێژینەوەیش بکەین ڕاست گۆ نابین ، ناشتوانین تێپەڕی ئەو دیاردە ناهەمووارانە بکەین .


ئەو ڕەهەندانەی لە گۆنگرەکانیاندا ، هیچ وردبونەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری دنیای سەرمایەداری تێدا بەدی ناکرێت ، بەڵکو تەنها کۆمەڵێک لە قسەو باسی ڕۆژانەی ناو خۆیان دەکردو کردبووە ووتاری سکرتێرو مەکتەبی سیاسی و هیچ پلانێکی گرنگ و حەیاتی بۆ ئەزمەکەیان نەخستبووە بەردەستیان . بەرەڵای لەناو حیزبدا ببوە ئامانجی گەشەکردن و پچراندنی دیسپلینەکانی حیزبایەتیان بە مۆدێلێکی ئەورووپیانە ئەیانووت شیاوی زیاد بوونی ئەندامێتییە لە حیزبدا (بەڕەڵای مەبەستم لە باری ئەخلاقی یەوە نیە) . ئەمانە کاڵ فامییەکی گەورە و قسەیەکی کورت و بێ ناوەڕۆکی وەڵامی پرسیارەکانی ئەوان بوون ، کە بێگومان بێجگە لە ئایندەی هەڵوەشانی ئەو حیزب و ڕێکخراو و گروپانەی چەپ هیچی تر نی یە .


ژیانی قۆزاغەییان هەمان کرمی متبووی تێدایە ، یان هەمان گەرای هەڵگرتووەو هاتووەتە ئەوەی کە لە ژیاندا ژیانێکی کەمیان لەو قۆزاغەیەدا مابێت ، ئەمەیان بەو جۆرە نا کە قۆزاغە تێپەڕێنێت . بەڵکو بەو مانایەی کە لەناو سووڕی قۆزاغەیدا بپوکێتەوە . بێ گومان دەبێت چ شتێک سووڕی قۆناغەیی تێک بشکێنێت !؟ پێش هەموو شتێک ئەگەڕێتەوە بۆ بەهێز بوونی زیندەوری ناو قۆزاغەو گونجاندنی لە هەلوومەرجی سروشتی دەوروبەردا . ئێمە نامانەوێت بە پێی دەووروبەر ژیان بگوزەرێنین خۆی لەگەڵدا بگونجێنین ، بەڵکو دەمانەوێت ژیانی دەووروبەر گۆڕانی بنەڕەتی بەسەردا بهێنین . ئێمە گلەییمان لە بحپ و پلمیکەکانی چەپ نییە ، بەڵکو ئەوە دەبینین کە بحپ و پلمیکەکان ڕەنگدانەوەی میتۆد و هزری نووسەرەکانیانە ، یان ئەو میتۆدەی کە نووسەر دەستی پێوەگرتووە و لە ناوەڕۆکی بەحپەکانییاندا هەیە هەر ئەوەندەی لێوە بەرهەم دەهێنریت ، یان بەحپەکانیان ڕاستی و دروستی ئەوە دەردەخەن کە ناوەڕۆکی میتۆدەکان کارئەنجامی بۆ چ چین و توێژێک بە ئەنجام دەگەیەنێت !؟ کەواتە دەبێت بەحپەکانی ئێمە لە دەرگای هەموو باسەکانی ناو سیاسەت و ئابووری و فەلسەفی بدات و دیالێکتێکی خۆی لەو شوێنانەدا ببینێتەوە و لێكۆڵینەوە لەسەر لایەنی کۆمەڵایەتی ئابووری و سیاسی سیستەمی ئێستا بکات . بێ گومان دەتوانێت ئەنجامی ژیری میتۆدی و سیاسی و ڕێکخراوەیی لێوە ئەنجام بگرێت . ئەم ئەرکانە ئەنجام نەدراوە لەناو چەپدا بۆیە نەتوانراوە ڕێچکەی واقعی و زانستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بگیرێتە بەر . دەبێت هەوڵەکان لە پێناوی ڕۆشن کردنەوەی ئاسۆی شۆڕش بێت ، تا بتوانێت دیدگاو سیاسەتێکی ڕوون و ڕێکخراوەیی دروست ببێت . چەپ بە هیچ جۆرێک ناتوانێت لەو ئەنجامەی ئێستا کە پێیگەشتووە دەربچێت هەتا دەست بە میتۆدی مارکسیزمەوە نەگرێت . هەتا میتۆدی کۆمۆنیزمی زانستی ، نەبێتە میتۆدی ڕزگاری چینی کرێکار وپراکتیک و دیالۆگی ئەو میتۆدە بەرەوڕووی هەموو لایەنەکانی ناو ئەو سیستەمە نەکاتەوە ناتوانێت ژیانی قۆزاغەیی ئێستای تێپەڕێنێت . دەبێت دیالۆگی لەسەر گۆڕانی بنەڕەتی ئەم سیستەمە بێت و تێئورو پراکتیک و هەوڵەکانی لە ئێستاو ئایندەدا ڕوون و ئاشکرا پیشان بدات .

بەشی حەوتەم

ڕووداوەکان و نەبوونی درک


درککردنی هەر ڕووداوێک لە هەلوومەرجێکدا ، دەبێتە هۆی هەڵسانگاندنی واقعی ئەو ڕووداوە ، کارکردن لە سەر کارکرد و بەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی زانستی بۆ زیاتر گەشەدارکردنی ئاستی ڕێکخراوەیی و هەڵووێستی مێژوویانەی ڕێکخراو یان حیزب دەبێت . ئەو کاتەی کە ئەم درکە ناچێتە شوێنێکی باش هەر ئەو کاتە ئاستی لێکدانەوەکان بێ ئامانج و دوور لە واقع دەبن ، یان دەبنە درۆکردن لەگەڵ خۆت و دەوورو بەرەکەت . هەروەها ناتوانێت یەک هەنگاو بچێتە پێش و بە ئاڕاستەی واقعی جووڵانەوەکاندا بڕوات . واتە ئەم کارانە لە لایەکییەوە هۆی درک نەکردنەو کەم تواناییە لە هەڵسەنگاندنەکانداو ڕووێکی تریشیان هەواکردنە پێستی خۆتەوەیە و ئاستی ئەو زانیاریانەش کە لێکدانەوەکانی پێدەکرێت ، تا ئاستێک کەم توانایە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان و هەلومەرجەکانی ناو واقعێکی عەینی و کارکردن تیایدا . ئەمانەش بنەڕەتی ئەزمەکان دەست نیشان دەکەن ، ئەزمە لە هزری خۆیاندا بەرهەم دەهێننەوە . ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر چەپ لە لای ئێمە ئەو بەهایەی چەپ بەپێی ئەزمەکەی نەی توانیوە بەهایەکی شیکەرەوەو هەڵسەنگێنەری واقعی ئەزمەکان بێت . لە کۆمۆنیزمی کرێکارییەوە تا دەگات بە ووردە هیگڵیەکان و بەو پەڕی باڵی ئانارشیزمی ناو بزووتنەوەی چەپ .

هەڵوێستگیریەکانیان لە بەیان نامەو پلاکارتاندا بەرجەستەو دەربڕاوە ، نەیتوانیوە بە تەواوی لە بارو لایەنەکانی ناو ئەزمە و ڕووداوەکان بکۆڵێتەوە ، نەیتوانیوە ڕاستی ڕووداوەکان درک پێ بکات . بەم پێیە ئەو بەیاننامەی کە لەسەر گەمارۆی ئابووری دەردەکران و ئەو بەیاننامانەی لەسەر پرسی ئافرەتان و یەکسانی خوازی پیاوان و کێشەی نەتەوایەتی و هەلوومەرجی ئاینی و مەژهەبی داپۆشراوی بەشێکی کۆمەڵ و دەست درێژیەکانی عێراق و مەترسی ئەو مۆتەکەیە و دەست درێژیەکانی تورکیا بۆ سنوورو ناوەوەی کوردستان و هەروەها قسەو باس لەسەر شەڕی ناوخۆی کوردستان و بێکاران و دەست فرۆشان و لاوان و هەموو ئەو بەیاننامانەی کە لەسەر هەلوومەرجی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەکە دەردەکران . هەروەها ئەو بەیاننامانەی کە لە بارەی چالاکی حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە دەردەکران یان لەسەر یەکی ئایار و (٨ی مارس ) و ڕۆژی یادکردنەوەی مەرگی ڕابەرانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهانی و …………. هتد نەیان توانیوە و ناش توانن بە تەواوی لە گۆشەنیگایەکی مارکسیستیانەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەهایانەدا بدوێن و یان دەربڕینیان بۆی هەبێت . هەروەها بەیان نامەش ناتوانێت زۆر لایەنی ڕۆشن کەرەوەی ئاوەزی ئینسانەکان بێت ، یان ناتوانێت ئاگاییەکی هۆشیارانە بخاتە نێوەندی هەڵووێستەکان و ئیرادەی ئینسانەکان بباتە پێشەوە و بە واقعی لە دنیای ماددی بگات . ئەوان لەگەڵ ئەوەی ئەزانن پرسێک هەیە ناوی کێشەی نەتەوایەتیە ، یان کێشەی ئافرەتان هەروەها کێشەی بێکاری و هەلوو مەرجی ژیانی ئینسانەکانە ، بەڵام ناتوانن بە تەواوی و زانستی یان نایانەوێت ئەو کارە ئەنجام بدەن و لەم بارەیانەوە بدوێن ، یان ئەدوێن هەر هەمووی لەگەڵ بەرژەوەندی فکری و سیاسی خۆیاندا جووت و یەکلایەنە خزمەتیان پێدەکات . واتە هەموو تێکستەکانی ناو دەربڕینەکانیان نەی توانیوە لە گۆشەنیگای چینی کرێکارو بزووتنەوەی کۆمۆنیستیەوە سەرچاوە بگرێت .
ئەمەش بە پێی خۆی پەیوەندی بە جێگە و ڕێگەی ئەم حیزب و لایەنانەوە هەیە کە لە هەلوومەرجی بزووتنەوەی چەپدان و جێگەو ڕێگەی ووردە بۆرژوازیانەیان هەیەو دیدگاکانیشیان ڕەنگ دەرەوەی جێگیر بوونیانە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیەکانیان لە کۆمەڵگا و ناوەندی چەپدا . لەبەرئەوەی میتۆدی بیرکردنەوەیان لە ماجەرای بۆچوونەکانی ووردە بۆرژوازیدا خولگەی خۆی هەیە و دەسوڕێتەوە .


چەکی دەستی ئەمانە فیشەکی ناوەوەی دەنگی هەیەو پێکانی نییە، واتە چرووکە . هەروەک لەوەو پێش باسم کرد پرۆتۆکۆڵی گەورەی بەرنامەیی ئەوان بە بەیاننامەیەکی ناسیوونالیستی و دەسەڵاتداران لە زەوی دەدرێت . هەروەها کارکردن لە چوار چێوەی ڕێکخراوە جەماوەری یەکانییاندا ، زۆر لاوەکی ترە لەو ڕێکخراوە جەماوەرییانەی تری بۆرژوازی ، چونکە پلانی ووردە بۆرژوازی لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکاندا پلانێکی بێ ئاسۆو بێ ئامانجی خۆیانە . بێجگە لەوەی کە ستراتیژێکی زۆر کۆن و بێ ناوەڕۆکی ووردە بۆرژوازییان هەیە ، جیاوازییەکانیان لەگەڵ بۆرژوازیدا لە ئاستێکی زۆر نزم دایە ، ناتوانێت جیاوازی بنەڕەتی لە هەڵوێست گیریەکانیاندا ببینرێت . چەپ ئێستا چەپی ئۆپۆزیسیوون نیە و چەپی بۆرژوازییەو هیچی تر ، ناتوانرێت لەگەڵ ووتەزاکانی ناو ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکسیزم دا حسابیان بۆ بکەیت .


بەم پێیە ئەم هەڵوێستانەی ووردە بۆرژوازی چەپ لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەی خۆشیان هەڵوێستی بێ هەڵوێستن ، چەپ بە هەموو ئەم مانایانە دەرگیری ئەزمەیەکی بنەڕەتی و قوڵی فکری خۆیەتی کە ناتوانێت لەم هەڵوێستە تەریک کەوتووانە دەربچێت ، هەتا ڕووی فکری و چینایەتی خۆی تێنەپەڕێنێت و لە جێگەو ڕێگەیەکی چینایەتی تری چینی کرێکاردا جێگیر نەبێت و لەگەڵ میتۆد و دەربڕینە شۆڕشگێڕییەکانی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا جووت نەبێت و بە میتۆدی مارکسیزم کار نەکات .
کەواتە چەپ بە هەر هەموو باڵەکانییەوە چەپی دوور لە ڕێو ڕۆشتنێکی واقعی و نۆرمەڵی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی و چینی کرێکارە . بەڵام لەڕووی ئەزمە گرتووی چەپ خۆیەوە ئەو سروشتەی ئەندامان و تێڕوانینەکانی چەپ و واقعی و سروشتییە . چونکە ئەم چەپە ئەوەندەی لە هەگبەکەیدا هەیە ، بۆیە بەم شێوە شەق و شڕەی خۆی ناتوانێت بمێنێتەوە ، چونکە مێژوو نایان گرێتە خۆی لەم سەردەمەداو حوکمی مەرگی ژیانی سیاسی و ئابووری وکۆمەڵایەتی ئەدات بەسەریاندا ، لەبەر ئەوە ئەزمەی چەپ مەرگی ئایندەی چەپ ڕادەگەیەنێت .

بەشی هەشتەم

دەرچوون لە ئەزمەی چەپ چۆن دەبێت ؟!


بە بڕوای من دەرچوون لە هەر هەلوومەرجێکی ئەزماوی ، پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو هەلوومەرجە هەیە ، وە تێپەڕاندنیش پێویستی بە ئیش کردن لەناو ئەو هەلوومەرجەدایە ، واتە گۆڕانی چۆنایەتی و چەندایەتی دەوێت تا تێی بپەڕێنێت . بەم پێیە دەبێت لەو چەندایەتییەی کە هەیە ، چۆنایەتییەکی دیالێکتیکی و ماددی زیندوو پێک بێت . گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی تەنها گۆڕان لە شکڵدا نییە ، بەڵکو بە پێی ماتریالیزمی دیالێکتیک ، پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی بەها تیۆرییەکان و جێگەو ڕێگەی چینایەتی هەیە . لێرەوە دەچینە سەر ئەوەی کە میتۆد گۆرانکاری بەسەردا بێت ، دەبێت مادییانە بێت و شێوازێکی گونجاو زانستی وەربگرێت . سەرتاپای گۆڕانکارییەکان دەبێت هەموو ئاستی بزووتنەوەکە بگرێتەوە ، تا بتوانێت لە ژیانی ئەزمە گرتووی خۆی دەربچێت . ئەو بەشانەی کە لە پێش ترەوە باسم کردن و بە سەرچاوەی ئەزمەی چەپم زانیوە ، دەبێت هەموو ئەو بۆشاییانە پڕبکرێتەوە و داهێنان لە خودی دیالێكتێک بە دیالێکتیکی مارکسیزم ئەنجام بدرێت .


چەپ چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی گۆڕانکاریە شێوازییەکانەوە ئەو ئەزمەیە تێپەڕێنێت ! ئەزموون زۆرن ، چەپی ئێرانی یەکێک لەو ئەزموونە نزیکانەن و تەنها لە ناودا گۆڕانییان کرد ، ناوەڕۆکیان هەر وەک خۆی مایەوە . بێگومان گۆڕانیش دەبێت بە ڕووکاری پۆزەتیڤی خۆیدا بڕوات نەوەک نەگەتیڤانە ئەنجام بدرێت . لەبەرئەوە دەبێت هەموو گۆڕانەکان کە بەسەر چەپدا دێت لەڕووی میتۆدییەوە زۆر زۆر وریا بن و مارکسیزم بەهەڵەوگێڕاوی بەیان نەکەن ، ئینجا دەتوانن هەوڵی دروست بۆ جێگەو ڕێگەیەکی دروست بدرێت یان لۆجێکێکی زانستی هەبێت . هەروەها من اتحاد عەمەل بە کاری گونجاو نابینم بۆ دەرچوونی چەپ لە ئەزمەکەی چونکە میپاقەکان گەواهی لەسەر ئەوە ئەدەن کە یەک میتۆدی نەبێت ناتوانێت کاری گونجاو بە ئەنجامی گۆڕانکاری باری ئێستای چەپدا گۆڕانکاری دروست بکات . دەبێت ئەوەمان لە لا ڕۆشن بێت چەندە گرنگی هەیە گۆڕانی ناوەڕۆک و ڕووکاری میتۆدی ، ئەوەندەش جێگەو ڕێگەی ئەو میتۆدە لەناو جەرگەی چینی شۆڕشگێڕدا گرنگی هەیە . کەواتە دەبێت میتۆد پەیوەستییەکی توند و تۆڵی بە بەهای چینایەتی و پەیوەندییە چینایەتییەکانی چینی کرێکارەوە هەبێت . ئەگینا پاراستنی میتۆد لە ڕێکخراوی جیاواز جیاوازی هاوپەیماندا ناتوانێت زامنی دەرچوونی چەپ لە ئەزمە بکات ، هەروەک هەندێک لە چەپ بە هەوڵی ئەوەوەن کە بیکەن بە ئەلتەرناتیڤی ناوەڕۆک و ڕووی ئێستای ئەزمە سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی خۆیان . یەک ڕیزی و یەک دەستی و یەک میتۆدی زانستی مارکسیستی بە پێی دیفاکتۆی ماددی دەتوانێت ئەو لایەنە درەوشاوەیە بێت بۆ دەرچوون لەم هەلومەرج و قۆناغەی ئێستای چەپ .


هەتا ئێستا چەپ لەگەڵ زانستەکانی مارکسیزمدا جووت نییە ، چ جای دروست کردنی اتحاد عەمەل ، دەبێت چ کارێک بە ئەنجام بگەیەنێت !؟ هەروەها دەبێت ئێمە ئەوەش بزانین گۆڕانکاریەکی دیالێکتیکیانە بە پێی ماتریالیزمی دیالێکتیک لەناو دیالێکتیکی مارکسیزم بە پێی هەلوومەرجی کارکردن جێبە جێش بێت ، ئینجا ئەتوانین کاریگەری و هەوڵی میتۆدی مارکسیزم وەک ناوەڕۆکی دیالێکتیک بپارێزرێن و لە چوارچێوەی کارەکانی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا ئاسۆیەکی ڕۆشن بە بزووتنەوەکەی بدەن . چونکە گەڕانەوە بۆ تێزو تێگەشتنەکانی بۆرژوازی ئەورووپا و بە مارکسیزم لەقەڵەمدانی کارێکی زۆر زۆر بێ مانایە ، هەروەها خاڵی دەرچوونیش نیە لەو ناوەڕۆکەی ئێستا . ئەم تێڕوانینە وەک پرۆیسترۆیکا وایە ، لەبەر ئەوەی دەرچوون لە ئەزمەی میتۆدی و بێ وەڵام مانەوەی میتۆدی ، بتوانیت بەوە جێبە جێی بکەی ، کە گوایە ئێستای لۆژیکێکی ئەوروپی ئەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە . بێگومان تەنها لە داماوی چەپەوە سەرچاوەی گرتووەو بەشێکە لە کارە مناڵانەیەکەی چەپ . دەیەوێت ئەو حیزبەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە میتۆد وهەڵسوڕان و ئەندامێتی حیزبەکەشی تووشی تەنگژە بووە ، بە حیزبێکی تر لە دەرەوەی ئەم حیزبە وەڵامی بداتەوە و بڵێت من جیاوازی میتۆدی و فکریم نییە لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاریدا . بە پێی ئەوان جیاوازییەکەیان تەنها لە ڕووی سیاسییەوە دەبینن . درکی ئەم بەشە ئەوەندە دووبارە و ساویلکانەیە تێڕوانینوو کارێکی میتافیزکی بە بناغەی دیالێکتیکی دەبێنێتەوە . پێی وایە ئەتوانێت دەوورووپشتی پێ هەڵ خەڵەتێنێت . واتە حیکمەتی ئەم دەرچوونە چی یە !؟ بێجگە لەوەی چەپێکی ووردە بۆرژوازی هەیەو خواست و وویستی شوێن داخوازییە لە کۆمەڵگا و پلەوپایەکانی ناو حیزبەکانیاندا . ئەمانە هەر هەموویان ناوەڕۆکی ووردە بۆرژوازی دەردەخەن و پێمان ئەڵێت ئەو جۆرە لە کارکردن و بیر کردنەوە هەر پیرۆزی ووردە وردە بۆرژوازی خۆی بێت .
کەواتە چۆن دەرچوونێک لەو ئەزمەیە دەردەچێت ؟ بێگومان تەنها درکیان لە چوار چێوەی فکری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا جەڕیووەو هیچی تر. ئەگینا ئەوەندەی ئەم میتۆدە لەگەڵ ڕڤیژینیزمدا مامەڵە دەکات و سەروسیمای لە هەموو ئاست و پلەکانی ڕڤیژنیزمدا هەیە . ئەوەندە لەگەڵ دەرچوون لەو چوارچێوەیەدا کار ناکات . کارنامەی ئەم میتۆدە تەنها ڕیسوا بوونیانە لە ئایندەدا ، هەر ئێستا ئەوەش دیارە بە جیابوونەوەو لێک ترازانی هەموو ئەو کەسانەی کە وەختی خۆی پێک هێنەری بوون .


لێرەدا چەپ خۆی بیرناکاتەوە بەڵکو بیردەکەنەوە بۆی ، ئەو ناوەڕۆکە لە سیاسەت و کارکردن ، بێ گومان ناتوانێت لەو ئەزمەیە دەربچێت کە ئێستا تیایدان . بەڵکو دەرچوون تەنها بە گۆڕانی ناوەڕۆکیانەی لۆجیکی ئەو میتۆدەیە کە ناتوانێت تەنها هەنگاوێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی بەرێتە پێشەوە . چونکە ئەم خاڵە خاڵێکی گرنگی دەرچوون و وەڵام دانەوەیە بە ئەزمەی چەپ ، هەروەها تێپەڕاندنی بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیستییە لە ناو زەند کردنی بە چەپ . لەبەرئەوەی چەپ ئێستا لە جیهاندا لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی و دیوی ئەدیوی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداریە ، ئیتر لەم سەردەمەی ئێستادا ، چەپ ووتەزایەکی شەرم هێنەرە بۆ بزووتنەوەی چینی کرێکار وکۆمۆنیستە زانستیەکان .


هەروەها لایەنێکی تری دەرچوون لەم ئەزمەیە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕاست گۆبن لەگەڵ واقعی عەینی و درکی ڕۆشنیان لەسەر هەموو ڕووداوەکان هەبێت و لێکدانەوەی زانستییانە بۆ هەموو ڕوویەکی ناجۆر و کەمو کوڕییەکانی بزووتنەوەی چەپ بە زانستییانە ئەنجام بدرێت . هەروەها حساب لەسەر جێگەو ڕێگەی خۆیان لە ناو چینی کرێکاردا بکەن کە تا چەندە و چۆن توانیویانە پەیوەندی خۆیان بەو چینەوە گرێ بدەن . کەواتە دەبێت سەرتاپای میتۆدی چەپ بگۆڕێت بە میتۆدێکی زانستی مارکسیستی و کۆمۆنیزمی زانستی کە میتۆدی ڕزگاری چینی کرێکارە . نەک ئەو میتۆدە بەکارهێنراوانەی کە تا سەر مۆخیان ڕیڤیژنیزم و ئۆپۆرتۆنیزم و ئیکۆنۆمیزم و ئانارشیزم و هیگڵیەت و ……………. دا ڕۆچووە .


هەرچەندە لەوە دەچێت ئەم کارە تۆزێک گران بێت ، یان ئەم یان ئەو بە چوار چێوەی میتۆدەکەی خۆیەوە قەتیس بمێنێتەوە بەڵام دواتر لە بەردەم حکومی مێژوودا ، دەبنە تاوان باری ڕەوتی گۆڕانی مێژوویی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزم و مێژوو. کەواتە دەبێت دەست لە کاری وەحدە عمل و دەرچوون لە چوارچێوەیەکی سیاسی ومیتۆدی بە دروستکردنی حیزبێکی سیاسی و بێ گۆڕان لە میتۆدی دا نەبینینەوە و خۆش باوەڕ نەبین وەک (بزووتنەوەی بنیات نانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – عێراق) لەڕابردوودا و ووردە گرووپەکانی کۆن و نوێی چەپ . بەڵکو دەبێت یەک دەست بە میتۆدێکی زانستی مارکسیستی ئیش بکەین و ئاڵوو گۆڕی چینایەتی پێک بهێنین . دەبێت پێناسەیەکی زانستییانە بۆ هەموو دیاردەکان بکەینەوە ، ئینجا دەتوانن لە ئەزمە تێپەڕببن ، بۆ ئەمەش ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکس و ئنجلس باشترین چەکی ئەو ئاڵووگۆڕەن . هەروەها لە پێشەوەش لە ناو بەشە جیاجیاکانی ئەم نووسراوەیەدا ، ڕێگا چارەکان بە سنوورێک باسم کردوون .

سەرەتایی مانگی ئازار / ٢٠١٩
نەجمەدین فارس

Previous
Next
Kurdish