Skip to Content

شەپۆلی نوێ شۆڕشێک لە فۆرم و ناوەرۆکدا …. عەتا میرەکی

شەپۆلی نوێ شۆڕشێک لە فۆرم و ناوەرۆکدا …. عەتا میرەکی

Closed
by ئازار 3, 2019 Cinema, General, Slider

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ دەرخستنی ڕەهەندە بەرجەستەکانی گۆڕانکارییە مەزنەکەی سینەمای فەڕانسە لە ساڵانی پەنچا و شەستدا کە بە شەپۆلی نوێ ناسراوە.
یەکەم جار لە فستیڤاڵی فیلمی کەن لە ساڵی 1959 دابوو فیلمی چوارسەد لێدانی(The 400 Blow) فڕانسوا ترۆفۆ سەرنجی ڕەخنگرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و دوایەش لە ئەورووپا و ئەمریکا ئەو فیلمە نمایش کرا و بووە دەستپێکی ڕەوتێکی نوێ لە سینەمای فەڕانسەدا کە بە شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە ناسراوە.
پێشەنگەکانی ئەو ڕەوتە نوێیە بریتین بوون لە فڕانسوا ترۆفۆ، ژان لوک گودار، ئێڕیک ڕۆمر،ژاک ڕیوت، ئالێن رێنە و کڵۆد شابڕۆڵ کە لە پێشدا وەکو ڕەخنەگر لە گۆڤاری کایە دو سینەما(cahiers du cinema) چالاکیان دەکرد کە ئاندرێ بازن بەڕێوەی دەبرد.


دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە هەوڵەکانی سینەمای هالیوودیان لە بواری تەکنیک دا ستایش دەکرد و هۆگری کەسانی ناوداری وەکوو ئاڵفرێد هیچکاک و جان فۆرد و ئۆرسن وێڵز بوون.
پێویستە بوترێ پێشتر سینەمای فەڕانسە ببووە پاشکۆی شانۆ و بە وەرگرتن لە دەقە ئەدەبیەکان درێڕەی بە ژیانی خۆی دەدا.
بە پێچەوانەی ئەو دۆخە شەپۆلی نویی فەڕانسە باوەڕی بەوە بوو کە کامێرا و دەرهێنەر دەبێ خۆ لە ستۆدیۆکان دەرباز کەن و بچنە نێو دڵی دنیای دەرەوە بە شێوازێکی زیندوو و چالاک جموجوڵی شەقام و کووچە و کۆڵان تۆمار بکەن. ئەوان پێیان وابوو سینەما نابێ لە نیشاندانی توندوتیژی خۆ ببوێرێ و جەسارەتی هەڵبژاردنی هەموو بایەتێکی هەبێ بۆ چاککردنی فیلم.


شەپۆلی نوێی سینەمای فەڕانسە لە دوو دەورەدا ڕووی دا. دەورەی یەکەم لە نێوان ساڵەکانی 1958 تا 1962 بوو کە یەک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی گرنگیدان بە خوڵقێنەری بەرهەم واتا دەرهێنەرو هەروەها میز ئان سێن(mise en scene) بوو. فیلمسازەکانی ئەو خولە پشتیان لە یاساکانی فیلمسازیی دەیەی پەنجا کرد هەم لەڕووی گێڕانەوە و هەمیش لەڕوۆی تەکنیک و نواندنەوە. گێڕانەوە و سەرەتا و کۆتاییەک بۆ فیلمەکان لەبەرچاو نەدەگیرا تەنها بڕگەیەک لە ژیان نمایش دەکرا. وەرگرتن لە بەرهەمە ئەدەبییەکان شوێنی خۆی دا بە چیرۆکی ژیانی خەڵکانی ئاسایی ناو کۆمەڵگا و زیاتر گرنگیی بە چەمکی زەمان درا. بێ سڵەمینەوە باسی گەنجان و حەز وئارەزووی سێکسی دەکرا کە دەرخەریی چەمکی خۆشەویستیی ئازادانە بوو و باسی شوناسی کەسایەتیی ناو فیلمەکان دەکرا، ڕێگە بەوە دەدرا ژنان وەکوو یەک لە تەوەرەکانی گێڕانەوە لە فیلمەکاندا بوونیان بێ.

هەڵبەت تەنها هێمایەک کە لە سینەمای شەپۆلی نوێدا وەکوو خۆی مایەوە هەمان شاری پاریس بوو. لەجیاتی نمای ئاسایی کە نیشاندەری کات و شوێن بوو ئەو جار لە تەکنیکی جامپ کات(Jump cut) کەڵک وەردەگیرا.
لە تەکنیکی جامپ کاتدا وەکوو تەکنیکێکی ئیدیتی فیلم کە جۆرێک پەڕاندنی نەما یان شاتە(Shot) لەبری بەردەوامیی دیداریی، دوو شات دادەنرێ کە ئێلێمانەکانی زۆر لەیەکتر دەچن یان لە یەک لە شاتەکاندا جووڵەیەک دەگۆڕدرێ و بەمەش لە پڕۆسەی ئیدیتدا پەڕاندنێکی دیداریی بەرهەم دێ.
شەپۆلی نوێ پێداگر بوو لەسەر شکاندنی نۆرمی ڕەوایەتی خەتی و تەکنیک و شێوازی نوێ لە ڕەوایەت دا هاتە ئاراوە.


دەورەی دووەمی شەپۆلی نوێ دەکەوێتە نێوان ساڵانی 1966 تا 1968 کە لەو خولەدا بۆ نموونە گوتارەکان لە جاران زۆر سیاسیتر بوون، ئوستوورەکانی بورژوازی نەمان، بابەتی وەکوو هاوسەرگیری و خانەوادە باسی لێوە نەدەکرا و ئیدی ناوەندێتی خۆی لەدەست دا. باوی بابەتی نوێ بوو، لەوانە چالاکیی و دیدگای سیاسی خوێندکاران، باڵغبوون، مەسرەف گەریی و شەڕی ڤیەتنام.
کێشەی تاکەکەسیی و کێشە سیاسییەکانی لاوان تێم و ناوەرۆکی فیلمەکانی ئەو دەورەیان پێک دەهێنا.
شەپۆلی نوێ هەوڵی بەکارهێنانی سووژەی نوێ و شێوازی گێڕانەوەی جیاوازی دەدا و بەپێچەوانەی سینەمای کلاسیکی ئەمریکا ئەکتەری بەناوبانگ و ئەستێرەکانی سینەمای بەکار نەدەهێنا. لەو فیلمانەدا تەماشاچی لە خوێندنەوە و بڕیاردان لەسەر فیلمەکان سەربەست بوو.

ئەوەمان لەبیر نەچێ کە تا پێش سەرەڵدانی شەپۆلی نوێ، سینەمای دنیا ماوەیەکی دوورودرێژ لەژیر قورسایی هێژمۆنی هالیوودا بوو. لەڕووی فۆرمەوە نۆرمگەلێکی تایبەت بە فیلمساز، ئیدیت و بەرهەمهێنان لەگۆڕێدا بوو کە دەرهێنەرەکان دەبووایە لە چێوارچێوەی ئەو نۆرمانەدا کار بکەن.
بۆ نموونە وەرگرتنی چیڕۆکی فیلم لە بەرهەمە بەناوبانگە ئەدەبییەکان، هەروەها گێڕانەوە لە گوشەنیگای زانای گشتیەوە و هەبوونی کاراکتێریکی تایبەت کە ڕۆڵی پاڵەوانی لە فیلمەکاندا دەبینێ کە خاوەنی کەمترین خاڵی لاوازی کەسایەتی بوو و لە درامێکدا بە باشترین شێوە کۆتایی بە ڕووداوەکان دێنا. ئەوانە بەرچاوترین کڵێشەکانی سینمای هالیوودی ئەو سەدەمە بوون.


نووسەرانی کایە دو سینەما بە باشی ئەم کڵێشە چەندپاتکراوانەیان لە سینەمای هالیوود و تەنانەت لە سینەمای ئەو دەمی فەڕانسەدا دیاری کرد. هەڵبەت پێویستە بگوترێ کە لەهەمانحاڵدا بایەخ و پێگەی تایبەتیان دادەنا بۆ کەسانیک وەکوو ئاڵفرێد هیچکاک، هاوارد هاکس و جری ڵویس.
ژان لوک گۆدار لە گفتوگۆیەکدا کە ساڵی 1967 لە کایە دو سینما بڵاو بۆوە ئاوا باسی جێری ڵویس دەکا: “تاکە کەسێک کە بە شێوەی جیاواز کار دەکا” “تەنها کەسێک کە پێبەندی هیچ تاقم و دەستە و چوارچێوەی باو نیە” “تەنها کەسێک کە بوێرانە فیلم ساز دەکا”.


سەیر ئەوەیە کە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی فیلمەکانی ئەو کۆمەڵە فیلمسازەی شەپولی نوێ و ناسینەوەی ئەو شێوازە سینەماییە تایبەت و نوێیە، دوایی شەپۆلی نوی کاریگەرێتی لەسەر کەسانێکی بەناوبانگ وەکوو فۆردکاپۆلا، مارتین سکۆرسیزی و ئارتور پێن دانا.
وەکوو نموونە بەرجەستەکانی ئەم ڕەوتە گرنگەی سینەما دەکرێ ئاماژە بە چەن فیلم بکرێ, لەوانە: چوارسەد لێدان(فرانسوا ترۆفۆ), لەپێ کەوتوو( ژان لوک گۆدار،) سێرژی جوان(کڵۆد شابڕۆڵ و) هیرۆشیما عیشقی من(ئالێن رێنە.

وەک باسی لێوە کرا دەکرێ تایبەتمەندییەکانی شەپۆلی نوێ بەسەر سێ پاژ دا دابەش بکەین: یەکەمیان شێوازی دروستکردنی فیلمەکان، دووەم فۆرم و سێهەمیش لە ڕووی ناوەڕۆکی ئەو فیلمانەوە.
ڕەخنەگرانی گەنجی کایە دو سینەما ئیمکان و پارەی وایان بەدەستەوە نەبوو هەر بۆیە بە کەمترین پێداویستییەکان و کەرەستەوە دەستیان دایە فیلمسازی. تەنانەت کەسانێک کە ئەکتەری پرۆفشناڵ نەبوون لە فیلمەکاندا ڕۆڵیان دەبینی.
ئەو دەرهێنەر گەنجانە کۆمەڵێک بیرۆکە و ئایدیای تازەیان لە مێشکا بوو کە دەیانویست بیخەنە بواری کردارەوە.
تەنانەت خۆدی ئەو فیلمسازانە بە هەموو چەشنێک هەوڵیان دەدا گۆشەیەک لە ئەرکەکانی فیلمسازی ئەنجام بدەن.
بۆ نموونەی لە فیلمی “پاریس هی ئێمەیە” کە ژاک ڕیوت دەرهێنەری بوو لە سێکانسێکدا گۆدار وەکوو کافەچییەک یارمەتیی کەسایەتی یەکەمی فیلمەکەدا دەدا بۆ دەربازبوون لە کێشەکانی.


وەکوو لایەنی فۆرمیک دەرهێنەرانی شەپۆلی نوێ کامێرا لەسەردەست لەگەڵ ئەکتەرەکاندا بە شەقام و کۆڵاناندا دەگەڕان و بینەر بە ئاشکرا هەستی بە ئامادەبوونی کامێرا دەکرد وەکوو کەسایەتییەک کە بوون و تەنانەت هەستی هەیە.
کامێڕای فیلمەکانی شەپۆلی نوێ بێدەنگ و بێ جووڵە نیە، زیندووە و لە گێڕانەوە ناوەستێ. هەروەها دەبێ ئاماژە بکرێ کە لە بڕێک لەو فیلمانەدا تەکنیکی freez frame بەکار دەهێنرا، واتە فیلمەکە لەسەر دیمەنێکی تایبەت ڕادەوستا، لە فیلمی “چوارسەد لێدان”ی ترۆفۆ و “پاریس هی ئێمەیە” ی ژاک ڕیوت دا ئەو تەکنیکە بە باشی بەدی دەکرێ.
وەک کوترا لایەنی ناوەرۆک لەو فیلمانەدا دەپەرژێتە سەر کەسایەتی فیلم وەکوو ناوەندی سەرنجدان کە زۆربەی کاتەکان بیر و باوەڕ و ئارەزووەکانی دەرهێنەری دەردەخست.
سەرنج دەخرایە سەر لایەنی سێکسی، خۆشەویستیی ئاسمانی بوونی نیە. ئەگەر حەز لێکردن و هەستێک لەنێوان ژن و پیاوێکدا هەیە جوانی ژن و ویست و حەزی سێکسی هاندەریەتی. فیلمی “لەپێکەوتوو”ی ژان لوک گۆدار دا کەسایەتی یەکەمی فیلمەکە سەرەڕای ئەوەی حازرە لە پێناو خۆشەویستەکەیدا فیداکاری بکا بەڵام نایشارێتەوە کە ئەوی بۆ حەزی سێکسی دەوێ.


شەپۆلی نوێی سەرلەنوێ گیانی وەبەر سینەمای فەڕانسە هێنایەوە و بووژاندییەوە و وەکوو سەرچەشن لە لووتکەی سینەمای دنیای دانا. کاری کردەسەر سەرجەم لاوانی سەرکێشی شەیدای سینەما و دەرفەتی بۆ خوڵقاندن.
شەپۆلی نوێ سنوورەکانی سینەمای فەڕانسەی تێپەڕاند و سینەمای چەندین وڵات لەوانە بڕازیل و ژاپۆن و چێکۆسلۆڤاکیا لەو شەپۆلەیان وەرگرت و گۆڕانکاری بەرسە ڕەوتی سینەمایاندا هات.
نموونەکانی شەپۆلی نوێ زۆرن بەڵام هیرۆشیما عیشقی من (Hiroshima mon amour) کە ساڵی 1959سازکرا و ئالێن ڕێنە دەرهێنەری بوو و ڕۆماننووسی ناودار مارگرێت دۆراس فیلمنامەی فیلمەکەی نووسی، وێڕای فیلمی لەپێکەوتووی(Breathless) ژان لوک گۆدار لە بەرجەستەترین نوێنەرانی ئەو ڕەوتە سینەماییەن.
لە هیرۆشیما عتشقی مندا بەکورتی چیڕۆکی فیلمەکە باسی ئەکتەرێک دەکا) ئێمانوێلا ڕیوا( کە بۆ سازکردنی فیلمێکی دژەشەڕ دەچێتە ژاپۆن و لەوێ لەگەڵ پیاوێکی ژاپۆنی(ئیجی ئوگادا) ئاشنا دەبێ و پێوەندیی سۆزداریی لە نیوانیاندا دروست دەبێ. لە میانەی ئەو چاوپێکەوتنانەدا وێڕای عیشقبازی و دیالۆگی نیوان دوو خۆشەویست باسی بۆمبارانی هیرۆشیما دەکەن و هەر کامەیان لە ڕوانگەی خۆییەوە باسی ئەو ڕووداوە و قوربانیانی دەکا و بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ ئاکامە تاڵەکانی شەڕ دەخەنە ڕوو.


لە بەشێکی فیلمەکەدا وەکوو فلاشبەک ژنەکە باسی خۆشەویستییەکی ڕابوردووی خۆی دەکا کە لە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا و لە کاتی داگیرکردنی فەڕانسەدا لەگەڵ سەربازێکی ئاڵمانیدا عاشقی یەکتر دەبن و پاش کوشتنی سەربازەکە ژنەکە تووشی ناڕەحەتی و کێشە دەبێ و ئەوجا سیمای مەعشووقە مردووکە لەو پیاوە ژاپۆنیەدا دەبینێتەوە.
وەکوو نموونەی ناسراوی شەپۆلی نوێ فیلمەکە ساختارێکی فۆرمیکی هەیە و فیلمێکی تەواو دژەشەڕە و تێیدا لە یەک کاتدا باسی مەرگ وعیشق و فەرامۆشی دەکرێ. سەرەڕای ئەوەی فیلمەکە گرنگی بە پێوەندیە ئینسانییەکان دەدا مەودا و سنوورەکان بە جۆرێک لە جۆرەکان کاڵ دەبێتەوە. قوورسایی کارەساتی بوردومانی ئەتۆمی زەنگێکە تەواو مرۆڤەکان وە ئاگا دێنێتەوە. لە سێبەری ئەم قورساییەدا دوو کەس لە دوو کولتووری جیاواز لێک نزیک دەبنەوە و هەستیان بەریەک دەکەوێ. لە پەنای ئەو لایەنانە کە تا ڕادەیەک رەنگی تاکەکەسی دەگرێ لە سەرانسەری فیلمەکەدا بەکگراوندێک لە کارەساتی ئەتۆمی بوونی هەیە.
پێگەی ڕاوەستان یان باشترە بڵێێن جوولەی بەردەوامی کامێڕا پێ بە پێ ئەکتەرەکان دەڕوا و ڕاناوەستێ. دەڵێێ کامێراش یاک لە ئەکتەرەکانە کە تەنانەت هەست بە بوونی دەکرێ.

لێرەدا وەکوو گرنگیی تێمی فیلم و پڕۆسەی بیچمگرتنی لەلای دەرهێنەر بە بیرەوەرییەکی ئالێن رێنە سەبارەت بە دروستکردنی فیلمەکە کۆتایی بەو باسە دێنم.
ئاڷێن رێنە لە گفتوگۆیەکدا سەبارەت بە چاوپێکەوتنی لەگەڵ مارگرێت دۆراس سەبارەت بەو فیلمە دەڵێ:
سەرانسەری ئەو پاش نیوەڕۆیە باسی ئەوەمان کرد کە بۆ من فیلمێک لەبارەی بۆمبی ئەتۆمی دروست ناکەم و بۆ وەها فیلمێک دروست ناکرێ. لە میانەی قسەکاندا کوتم:
پێکەنینم دێ کە ئێمە سێ چوار سەعاتە قسە دەکەین و لەو ماوەیەدا فرۆکەکان بە سەر زەوییەوە دەسووڕێنەوە و ئامادەی ئەوەن بۆمبە ئەتۆمییەکانیان داخەن کەچی ئیمە هیچ گۆڕانێک لە کردارماندا ناکەین چای دەخۆینەوە و ژیانی ڕۆژانەمان دەکەین.
ڕەنگە ئەو فیلمەی دەبێ دروست بکرێ هەمان فیلم نەبێ کە بیری لێدەکەینەوە و سووژەی سەرەکی فیلمەکە بۆمبی ئەتۆمی بێ. بەپێچەوانەوە لەوانەیە پیویست بێ چیرۆکی عیشقێکی کلاسیک بەرهەم بێنین کە بۆمبی ئەتۆمی بەکگڕاوندی ئەم چیرۆکە بێ و جیا لە کاراکتێرەکان بێ. شتێک وەکوو دیمەنێکی دوور.

Previous
Next
Kurdish