Skip to Content

ژانی کەتوار … نەورەس محەمەد

ژانی کەتوار … نەورەس محەمەد

Closed
by ئازار 4, 2019 General, Poems


لەنێو ڕانە هاوڕێیاندا نوقورچەم دەدا
هەر خۆمم
وا هەست دەکەم لەنێو زیندانییەکی شوشەییدا
دەستم لەسەر دەنگی سروشتدایە،
دوانەئۆکسیدی کاربۆنی خۆم هەڵدەمژمەوە.

دەستم لەسەر نەستی “با”یە و
بۆنی سەفەرت گەیشتۆتە بیناییم
چنگم لە گەروومدایە، ئەیوب ئەیوب.
ڕۆندک پێ لەسەر قۆرتی ملم دادەگرێ
بینەقاقای وجودم لە عەرزێ وەردەدا.

هەر ئێوەن؛
لافی وجودتتان بەسەرمەوە لێدەدەن
هەر ئێوەن؛
تیژی زمانتان لە ئێسکەکانم دەخشێنن
هەر خۆمم و سروشتی خۆم،
هەر خۆمم و سروشتی خۆم،
ڕاستگۆترین تاوانبار هەر خۆمم،
ڕاستگۆترین درۆزن هەر خۆمم و ئێوەی لێ بێ بەرین.
هەر سروشتەو نیگایم ڕەدوو خۆی دەخا

ئاخۆ بروسکە دەتوانێ چەوری ناهەقی
ژیان بسوتێنێ!
ئاخۆ مەرگ خۆیت لێ لادەدا
تا چیتر بیرنەکەیتەوە کە
ئەو دونیایە تەنیاو تەنیا سەرابێکە؟
دەی باش دەزانم،باش دەزانم
دانیشتووی هەسارەیەکی پەرپوتم
پڕ دڕەندەترین ئادەمیزادەکان
پڕ هاتوو هاواری نەدارەکان
پڕ پێکەنینی ڕەقی دارەکان.
ڕاکە ڕاکمەو
خۆم لە خۆکوشتن دەشارمەوە
خۆم لە خوێنی وشە زبرەکانتان وەردەدەم و
بە جل و پێستی خوێناوییەوە
بە کوچەو شەقامەکانی هەولێردا دەسوڕێمەوە
هاتوو هاوارم لێ هەڵدەستێ
لە سەر بەرزایییەکانی قەراتێ
بانگ دەدەم ،هاوارم لێ هەڵدەستێ
کچێتیم یاریزانێکی بێعارە
لە خوێناوی مرۆڤبونتانم وەردەدا
هۆ خەڵکینە
هۆ خەڵکینە
سەیرم بکەن
لەکەدار کەن پێکەنینم
وەرن تانە لە لەشولارم بدەن
وەرن نهێی پۆشەکەم کفندار کەن
وەرن من مەریەمم
وەرن من هندم
وەرن من ماتاهاریم
وەرن من (ئاژەڵێکی دوو پێی مێینەم)
چنگتانم لێ تیژکەن
پێستم دادڕن و ماچەکانی خۆتان
ڕاموسانەکانتان
درۆ شیرینەکانتان ببەنەوە
زمانم ببڕن
بەنی ئادەمینە
وەرن
زمانم ببڕن
سێوەکانم لێبکەنەوە
نێوقەدم بکەن بەدوو کەرتەوە
ئارامگەکەتان بشێوێنن
وەرن سەیرم بکەن
تا بە نیگای پڕ گوناهتان گوناهەکانم پاک بکەمەوە
با زبری نیگاکانتان مەستورەم تیا بنیات بنێ
سەیرم بکەن و
چاوە بزێوەکانتان لە بوێریم بئاڵێنن
سەیرم بکەن و
سافۆم تێدا بدۆزنەوە
هۆ خەڵکینە
گەر لە خۆشم بکەنەوە
لەگەڵ هەر شارێکی دیکەش جوتم بکەن
هەر بێزوو بە پیاسەی نێو ئەو جادە غەمگینانەوە
هەر بێزوو بە کتێبخانەکان و
لێدان لە داب و نەریتتان دەکەم
هەر بێزوو بە جوێن و فەرهادتان دەکەم
هەر بیرو ئەقڵتان دەهێنمەوە
سکی خۆم دەگرم و دەتانهێنمەوە
لە ئێوە پاک دەبێتەوە مندار
ئەوە هەر منم لە نێو ڕانە هاوڕێیانمدا
نقورچەم دەدا کەتوار.

نەورەس محەمەد

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish