Skip to Content

پێشمەرگایەتیی، لە نێوان دییلکوشتن و کاری تێرۆریستییدا … کامیار سابیر

پێشمەرگایەتیی، لە نێوان دییلکوشتن و کاری تێرۆریستییدا … کامیار سابیر

Closed
by ئازار 6, 2019 General, Opinion, Slider

بەشی سێیەم، لەسەر کتێبەکەی هەڤاڵ کوێستانیی( ئەو رۆژانەی نیشتمان هیی هەمووان بوو)
ئەم شاعیرە- هک، هەر زوو باوەڕی لەق بووە( پاش کۆنفراسی یەکەمی کۆمەڵە) و لە درۆ، ساختەکاریی و فڕوفێڵەکانی سەرکردە دەستڕۆیشتووەکان گەیشتووە، بەڵام جورئەتی نەبووە بڕیاری دوورکەوتنەوە بدات. تەنانەت بەزەیی بە دایک و باوکیدا هاتووەتەوە نەوەکو ” ئەو درزانە ببیینن کە کەوتبوونە ناو باڵاخانەی بییروباوەڕییە، دەنا بۆ خۆیان و بۆ منیش( هک)، زیاتر دەگریان” لا ١٢٤. وێڕای ئەوەی باوەڕی لەق بووە، بەڵام بەردەوام بووە و بگرە رۆڵی وەزیری راگەیاندنی یەکێتیی لە شاخ بیینییوە و هەفتانە چەندیین وتاری حەماسیی و ئاگریینی بۆ رادیۆی شۆڕش نووسییوە. تۆ وەرە هەستی شاعیرانەت نەجوڵێت، ئەو هەموو جەریمە گەورەیە بەبەرچاوتەوە لە شاخ بکرێ، نەک موویەک لە لەشت رەق نەبێ، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندیی شەخصییدا، سەری کز کردووە و بە بێگار لە رادیۆ بۆ یەکێتیی کاری کردووە و ماوەتەوە و بەهۆی وتارە حەماسییەکانی ئەوەوە، هەزاران گەنج خۆیان بە کوشتدا یان ئاوارە بوون یاخود لە زیندانەکاندا، توندکران و ئەشکەنجە دەدران.

چەندیین جار، دییلیان لەبەرچاوی، یان بە ئاگایی ئەو، گوللەباران کردووە، یان لای کەم رۆژی دواتر، تەواوی تاوانی دییلکوشتن و دەستدرێژییەکانی بیستووە، بەڵام ئەم خۆی لێ نەبان کردووە. کوڕانی شۆڕش، بۆ ئەوەی تێرۆریستبوونی خۆیان باشتر بسەپێنن، پێشمەرگەیەکی تەسلیمبووەوە( عوثمان ناوێک) کە دوو لە هاوڕێكانی خۆی شەهید کردووە، غەضەبی کوردایەتیی بەسەردا دەبارێنن، نەک هەر خۆی دەکوژنەوە، بەڵكو باوک و دایک و خوشکێکیشی دەکوژن! دواتر، سەرکردایەتیی شۆڕش عومەری برای دەگرێ کە پێشمەرگە بووە نەوەکو بەلەسە بێ و دواتر خراپە بکات، هەر لە نزیک سەرکردایەتیی تییربارانی دەکەن! لا ٧٧. دەی بەکام ستاندەردی لۆکاڵیی، عەشیرەتیی و جیهانییش، ژنکوشتن، منداڵکوشتن، پییرکوشتن و کوشتنی برا لە بری برا، تێرۆریزم نییە؟ ئەم هەموو تێرۆریزمەی شۆڕشگێڕەکانی شاخ، کاری لە ویژدانی شاعیر نەکرد؟

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، لە ساڵی ١٩٨٠ بڕیاری فڕاندن و بەبارمتەگرتنی بیانییەکان دەردەکات. نووسەر، خۆی پرسیار دەکات و دەڵێ بەشێکی زۆری مەکتەب سیاسیی لە ئەوروپا ژیابوون و دەیانزانی ئەمە تێرۆریزمە و کورد ناشیریین دەکات( لا ١٣٢-١٣٣)، بەڵام خودی نووسەر، کەم تا زۆر ناڕەزایەتیی دەرنەبڕییوە و درێژەی بە کاری ئەعلامیی خۆی داوە و بگرە دەمەزەردی ئەم تێرۆرەیشی کردووەتەوە. بۆ نموونە عەدنان ناوێکی عەرەب، رەمیی دەکەن، یەکێ لە پێشمەرگەکان، ویژدانی رێگەی پێنادات، تەقەی لێبکات، فەرماندەی رەمییکردنەکە دەڵێ ئەم پێشمەرگە جەبانە چییتر پێشمەرگە نییە و قسەی قۆڕ و فەلسەفەش با لێنەدات. نووسەر، لەوێدا نەک هەڵوێستی نییە، بەڵکو پاش نزیکەی ٤٠ ساڵ، بە زمانی شیعریی موناجات دەکات و دەڵێت” نەخێر ئەو ترسنۆک نییە، لەهەموومان ئازا و ئازادترە، گەر هەموومان توانیبامان بگەینە ئەو حاڵەتە ویژدانییە باڵایەی ئەم، ئیتر چییتر مرۆڤێک بییری لە کوشتنی مرۆڤێکی تر نەدەکردەوە؟”لا١٣٨. کارەساتەکە ئەوەیە ئەم پیاوە نزیکەی ٤٠ ساڵە بە ناڕاستەوخۆ بەشداریی لەو جەریمەیەدا کردووە، ئێستا بە شیعر ئەو زووخاوە دەرداتەوە و هەزاران سەرگەردان و مۆبیش، ئەمەی بە ئێثێتیکی شیعریی لێوەردەگرن؟

لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا گوتم ئەگەر مام جەلال و نەوشیروان لە ژیاندا بمانایە، ئەم کتێبە دوا دەکەوت، چونکە وەکو قاتیل و تێرۆریست دەیانناسێنێت( بە زمانێکی شیعریی). مام و نم و فەرەیدوون عەبدولقادر، پێکەوە پلانی تێرۆرکردنی شێرکۆی شێخ عەلیی( حسیک) دادەڕێژن و مەئمورییەتەکەیش بە یەكێک دەسپێرن کە نەیاری هەرسێکیانە، ئەویش، مەلا بەختیاری عەڕابی ریفراندۆمەکەی پارتییە، ئەمیش جەمالی عەلیی باپیر کە دۆستی نزیکی شێرکۆ بووە، رادەسپێرێت، ئەم تێرۆرە ئەنجام بدات و سەرەنجام هەردووکیان لە تەقەکردندا تێدادەچن و دەبن بە قوربانیی سیاسەتی پاوانخوازیی حیزبی کوردیی لا٢٢٢. هاوکات نەوشیروان موصطەفا-نم، وا وێنە دەکات کە ماستەرمایندی ئەو پلانە بووە کە ویستویەتی فوئادی مەجید میصریی تێرۆر بکات، بەڵام بە ریوایەتی ئەدەبیی و شیعریی ئەمە دەگێڕێتەوە و دەبێت پشتی دێڕەکان و شەبیحەی مێنتاڵیتییە شیعرییەکەی بخوێنیتەوە لا ٢٠٢-٢٠٣.

نێرسالاریی و عەشایەریی کۆمەڵە!


نووسەر دەگێڕێتەوە لە گوندی قەلەڕەشێ (دوایین گوندی کوردستانی ئێرانە بۆ سنووری قەڵادزێ)، کاکە مینەی قاچاغچیی، بڕیاربووە هەندێ بار بۆ چەند پێشمەرگەیەکی یەکێتیی بگوازێتەوە بۆ کوردستانی عێراق، بەڵام شەوەکەی ژنەکەی هەڵگییراوە و رەدوو کەوتووە. کاکە مینە، زۆر بە ئەعصابێکی ساردەوە، دەڵێ ناتوانم کاری ئێوە ئەنجام بدەم، دەبێ بڕۆم ژنەکەم بهێنمەوە کە دوو منداڵی بەسەردا بەجێهێشتووم. بێئەوەی بییر لە تۆڵە و لە کوشتن بکاتەوە، تۆلێرانسی کولتووریی و کۆمەڵایەتیی رێگەی ئەوەی پێدەدات، بە حەماسەوە، ژنەکەی قەناعەت پێ بهێنێتەوە و بۆ لای بگەڕێتەوە.

لە کوردستانی خۆیشماندا، ئامر مەفرەزەیەکی زۆر ئازا و جەسووری گەرمیان بەناوی رێبوار چاوشیین، دڵخوازێک هەڵدەگرێ و دەیەوێ زەواجی لەگەڵدا بکات. بە فەرمانی سەرکردایەتیی یەکێتیی و بەدەستی هاوڕێ فەرماندەکانی هەرێمەکەی خۆی، ئیعدامی شۆڕشگێڕانە( چەمکێکی سەخیفی شاخ بوو) دەکرێت. دەی ئەمە چەتەگەریی، پیاوکوژیی و شەوکوتییە، یان شۆڕشی بییروبازووە( قسە قۆڕەکانی شاخ). دەی هەندێ عەشیرەتی کوردیی و عەرەبیی، زۆر زۆر لەو قیادە عەشایەریی و پیاوکوژانەی شۆڕش، پێشکەوتووتر بوونە. دوای رێبواریش، ژن و کوڕێک ( بە رەدووکەوتن) لە ترسی عەشیرەتەکانیان، خۆیان رادەستی شۆڕش دەکەن، بەڵام بە فەرمانی سەرکردایەتیی کۆمەڵە و شۆڕشگێڕانیشەوە، ئەو هەموو قسە قۆڕانەی چەپ و کرێکاران و جووتیاران، مارکسیزم و لێنینیزم، کۆمەڵە و تەرەقەی سوور، هەموویان دەبنە بڵقی سەرئاو و حەقیقەتی کۆمەڵە و عەشایەریی قائیدەکانی کۆمەڵە و یەکێتیی، بۆ عەوامیش ساغ دەبێتەوە، بەڵام هک، هەر درێژە بە خەباتە نەتەوەییەکەی! دەدات. لەترسی ئەوەی عەشیرەتەکە نەبن بە جاش، شۆڕشگێڕانی کوردایەتیی کە لەبەرگی فشقییاتی چەپدا خۆیان نماییش دەکرد، کچ و کوڕەکە، تەسلیمی عەشیرەتەکەیان دەکەنەوە و لەبەرچاوی قیادەی یەكێتیی و دادگای شۆڕشگێ-ڕەکانی کوردایەتییە ئەفەندییە چەپ و کۆمەڵەییەکە، تییربارانیان( گوللەباران) دەکەن. لا٢٤٨-٢٤٩

تاوانێکی تر کە لەهەموو تاوانەکانی ناو کتێبەکە قێزەونتر و وەحشییانەترە، مرۆڤ کە دەیخوێنێتەوە گومان لە ئینسانبوونی سەرکردەکانی پێشمەرگە دەکات و پاش نزیکەی ٤ دەیە، هێشتا موچڕک بە ویژدان و مۆڕاڵتدا دێت. لە شەڕی قڕناقا و پشتئاشانی بناری قەندیلدا، مام جەلال و نم، جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێ هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی پەرێزیان پاک بێت. بە زمانی شەعبیی، دییل و مییل نابێ هەبن، بەزیندوویی و بریندارییش دەستانکەوتن، نابێ بە دییلیی بهێڵرێنەوە و دەبێ بکوژرێن. لا ٢٥٦

لەشەڕدا، وێڕای ئەوەی حیزبی شیوعیی رۆڵی مورتەزیقەی بۆ پارتیی دەبیینی و ئەبو حیکمەت یەکێک لەو پارتییە زەرعکراوانە بوو لەناو حشع، بۆ ئەوەی ئاژاوە بنێتەوە، رێک وەکو ئەو پارتییانەی لەناو یەکێتیی و گۆڕانی ئێستادا زەرع کراون، بەڵام مەلەفی ئاژاوەنانەوەی حشع، هەرگیز نابێ بەرەو ئەو ئۆپەراسیۆنە پڕ لە تاوان و کوشتارە بڕۆیشتایە کە پێشمەرگەی یەکێتیی دییلکوژ و شڕەخۆر دژی بەرەی جودی دییلکوژ و شڕەخۆر بە گشتیی و بە حشعیش بەتایبەتیی، کردیان.

تاوانەکە ئەمەیە( بە دەستکارییکردنی داڕشتنەوە بەڵام بە هەمان ناوەڕۆکەوە)، پاش ئەوەی گەردەلوولی هێرشبردنەکە کەمێک دەنیشێتەوە و حشع، بەشی هەرە زۆریان دەکوژرێن یان تەسلیم دەبن و هەندێکیشیان هەڵدێن، پێشمەرگەیەکی حشع کە بە رەچەڵەک عەرەبە، فانیلە عەلاگە زەردهەڵگەڕاوەکەی دەکات بەسەری نێزەی تفەنگەکەیەوە و بەرزی دەکاتەوە وەکو نیشانەی ئاشتیی و تەسلیمبوون. قاتلێکی فەرماندە بە دەنگێکی گڕ تێیدەخوڕێ” تفەنگەکەت فڕێدە بەردەم چاڵەکە” لا ٢٦٠ کابرای شیوعیی کە باریکەلەیەکی ئەسمەرە، بە چاوە قەترانییەکانیەوە، پڕ لە پاڕانەوە و سواڵی بەزەییپێداهاتنەوە، چاو بە یەک بەیەکی پێشمەرگەکانی یەکێتییدا دەگێڕێت. پاش ئەوەی بە عەرەبیی و بە کوردییەکی سەروگوێلاک شکاو، تێیاندەگەینێت کە ئاخۆ کوڕی کام پییرەژنی داماوی عەرەبە و هەڵاتووی دەست رژێمەکەی صەدامە، قارەمانی فەرماندە پێیدەڵێت” کەواتە تۆ بە دوو ماددە تاوانباریت… یەکەم عەرەبی داگیرکاریت! و دووەمیش شیوعیی تەحریفییت.” لا ٢٦٠

فەرماندەی تێرۆریست و دییلکوژ، بە پۆزی سەرکەوتنەوە، بەرلەوەی بە دەستوتفەنگی خۆی، مەخزەنێک فیشەک لە جەستەی کابرای عەرەبدا، خاڵیی بکاتەوە، بەسەر ئاماژە بۆ شڕەخۆرەکانی پێشمەرگە دەکات، هەرکەلوپەلێکی بەکەڵک دێت، بۆ خۆتانی بەرن. بە رێسای غابات و بە مێنتاڵیتیی وەحشییبوون، قەمصەڵەکەی، سەعاتەکەی، تەپلەکەی، نیطاقەکەی و پێڵاوەکانی لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن و فەرماندەی جەبانی بەناو سەرکەوتوویش، حیقد و کەراهییەتی فاشیزمی کوردایەتیی، لە لاشەی ئینسانێکی دییلدا خاڵیی دەکاتەوە.

سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی هک، جارێکیتریش، دەستخۆشیی لێدەکەم کە بەشێکی زۆر لە سەرقاپی ئەم مەنهۆڵانەی کوردایەتیی هەڵدایەوە. پێش ئەو، هەزاران کەس دەماودەم ئەم تاوانە گەورانەیان باسکردووە، بەڵام ئەوانەی بە تێکست بۆ مێژوو تۆماریان کردووە چەند کەسێکن و نووسەری ئەم کتێبەیش یەکێکە لەو کەسانەی لەسەر زێرابەکان، زیندانەکان و کوشتارگەکانی شاخ، بەتایبەتییش لەسەر دییلکوشتن و کارە تێرۆریستییە شۆڕشگێڕێیەکان! بە نووسیین، ویژدانی خۆی ئاسوودە کردووە. .

درێژەی هەیە…

Previous
Next
Kurdish