Skip to Content

” تەنها ڕۆژێک  بۆ  فریودانی کچانی حەوا”…شێرزاد حەسەن

” تەنها ڕۆژێک بۆ فریودانی کچانی حەوا”…شێرزاد حەسەن

Closed
by ئازار 8, 2019 General, Opinion, Slider, Women



هەشتی مارت” بۆ هەر خەڵكێک و نەتەوەیەک مانایەکی کەم و زۆری هەبێت، بۆ ئێمەی نیشتەجێ لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” ناتوانێت خەمی تاکە بێوەژنێک و تەنیایی قەیرە کچێک بڕەوێنێتەوە،

هیچ بەروارێک و بۆنەیەک قەرەبووی ئەو ئازار و ژان و ستەمە ناکاتەوە کە کچان و ژنانی ناو مەملەکەتی نێرینەکان بە درێژایی ژیان و مێژووی خۆیان دەیچێژن. هەر بە ڕاست لە کۆنەوە گوتراوە کە هەموو دونیا کراوەیە و ماڵی پیاوانە، بە تەنها یەک ماڵ یان خانوو کە پتر لە زیندان دەچێت هی ژنان و کچانە، گەرچی کۆمپیالە و تاپۆ ڕەشەکەی لە ناو گیرفانی پیاوەکانە، بە واتا خانمان لە ناو ئەو ماڵەشدا کرێگرتە و کرێچی پیاوانن، لەوەش قەباحەتر و ناشیرینتر هەر هەموو ژوورەکان هی پیاوانن، بە ژووری نووستنیشەوە کە گوایە بۆ خانمان ڕازاوەیە، دیارە مووبەق/ ئاشپەزخانەش کە ژنانی کەیبانوو تیایدا دەسووتێن هەر وەک ژوری خەوتن شانشینی پیاوانە بۆ چێژبردن، وەلێ لەسەر تەختی خەوتن ژنان تا هەنووکەش پتر لە بووکەشووشەکانی سێکس دەچن، یان تەنەکە و سەتڵی خۆڵ و خاشاکی شەهوەتی مێردە مۆنەکان. نەک بنیادەم و ژنانی سەرمەست بە سۆز و عیشق. تەرخانکردنی ڕۆژێک و بگرە مانگ و ساڵێکیش ناتوانێت ئەو مێژووە پڕ لە ستەم و چەوساندنەوەیە بسڕێتەوە، یان کاڵی بکاتەوە، کە خودی هەر هەموو بزاف و گوتار و ڕابوون و هەڵگەڕانەوەی فێمنیستەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بۆ ماوەی چەندین سەدەیە بە جۆرەها زمان و شێوە و بە ئامرازی جیاواز تێدەکۆشن تاوەکو بنەبڕی بکەن، بە تایبەتی ئەو خانمانەی کە خۆیان بە ڕادیکال دەزانن، کە گومانی قووڵیان لە کۆی میراتی فیکری و کولتووری مرۆڤایەتی هەیە کە هەر هەمووی دەستکردی پیاوە و هەر بۆ خۆشی و بەرژەوەندی خۆی دروستی کردووە، کە دیارە خودی “زمان” لە لایەن باوکە ئەبەدییەکانەوە قۆرغ کراوە کە بووەتە بۆتە و هەڵگری رۆحی ستەمکار و دەستەڵاتخوازانەی نێرینەکان، هەڵبەتە ئەوەشمان لە یاد نەچووە کە لە هەموو دونیادا بۆ زمانی هەر نەتەوەیەکی جیاواز (زمانی دایک) بووەتە ناسنامەی منداڵەکان کە وەک هەر شتێکی دیکەی زکماک و خۆرسک دەبێت بە مۆرکی هەمیشەیی، بەڵام خودی ئەو زمانە بار دەکرێت بە هەموو ئەو تین و تەوژم و کۆد و رەمز و هێما و مانا و میراتە فیکری و ئێتێک و رۆحی ستەم و نامرۆیانەی پاتریارکەکان کە خودی نەخشەی ژیانێکی نایەکسانی و جیاکاری لەسەر ئاستی رەگەز و توخم لە ناو هەناوی ئەو زمانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئیدی لەوە دەشۆرێت زمانی دایکە زەبوونەکانی ئێمە بێت.. ئاخر کە نێرینەکان یاسا و ڕێسا و شەرعیان دادەڕشت و دەنووسییەوە، یەک ژن لە ناو ئەو ئەنجوومەنی نێرگەل و کەڵەگایانە بە میوانیش بانگهێشت نەکرابوو.

هەڵبەتە لەمڕۆکەدا کۆمەڵێک لە پیاوان کە بە ژمارە کەمن بوونەتە خەمخۆری ڕەسەن و ئەمەکدار بۆ بانگەشەی ئازادی خانمان، لەتەک ئەو پیاوانەی کە دروشمی یەکسانیان بەرز کردۆتەوە کە ڕەنج دەدەن لەسەر بنەمای ڕەگەز جیاوازی لە نێوان مێینە و نێرینە نەکرێت، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ملیۆنەهای دیکە کە بڕوای بە نایەکسانی و جیاوازی هەیە: هەر دوو تای تەرازووەکە زۆر لاسەنگ و سەرە و ژێرە. هەڵبەتە لە نێو هەندێک نەتەوە و وڵاتدا ئەو تێکۆشانە بەرهەمی هەبووە، لەسەر ئاستی ژیانی ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەڵام گەر ڕاستگۆ بین هێشتا دەستەڵاتی ستەمکارانەی باوکسالاری یان پیاوسالاری هێز و هەژموونی خۆی زاڵ کردووە و تا هەنووکەش پیادەی دەکات، چ لە خۆرئاوا و چ لە خۆرهەڵات، بێ سڵکردنەوە دەڵێین کە لە ناو کایەی سیاسەت و ئایین و سەرمایەگوزاری و کولتووریدا هێشتا پیاوان زاڵترن و کەمترین پانتایی و هەل و بوار و زەمینەسازی بۆ خانمان خۆش نەکراوە کە بێنە مەیدانێ و ببن بە کارەکتەری سەرەکی ناو ژیانێکی شکۆمەندانە. هەر بۆ نموونە: نۆهەد نۆ دەر سەدی سەرمایەی دونیا هی پیاوانە، یەک دەر سەدی سەرمایەی دونیا لای خانمانە، دیارە لە ناو کایەی ئایین و ڕامیاری و پەروەرددە و کۆی خانە و کایەکانی دیکەی چالاکی مرۆیی هەر ئەوان سەردەستە و بڕیادەرن بە پێوانە و ڕێژە هەرە زۆرەکەی پیاوانن نەک ژنان.

ئایا ئەوەیان چ ڕۆژێکی ڕەشە کە ساڵانە لە “هەشتی مارت”دا خەڵکانێک گوڵ دەبەخشنەوە و ئاهەنگ ساز دەکەن، کە بە ملیۆنەها لە ژنان لە ماڵەکانی خۆیان زیندانین، جا چ کۆشک-نشین بن یان کەلاوە نشین، یان ئاوارە و ماڵ بە کۆڵەوەن دەرئەنجامی ئەو جەنگانەی کە پیاوەکان بە ناوی کڕینەوەئ ئابڕووی تکاوی خودا یان درۆی خۆشەویستی نیشتمان و یان بە ناوی نەتەوەپەرستی و خەڵک و خاکپەرستی لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست”دا نەک “ڕۆژهەڵاتی ناوەراست” بەرپایان کردووە، هاوکات بە ملیۆنەهاش ئاوارە و دەوارنشینن، تلاوە و کوشتەی کۆچ و ڕەوی ملیۆنین، کە بەرهەمەکەی ئاوەدانکردنەوەی گۆڕستانەکان بووە، کاولکاری و دۆزەخ سازکردن و گۆڕینی مەملەکەتەکان: کە بوون بە قەسابخانە و شێتخانە و بەندیخانە و خەستەخانە کە تیایدا هەرزانترین شت مەرگی مرۆڤ خۆیەتی، کە دوا جار باجەکەشی ژنان و منداڵان دەیدەن و دەبن بە سووتووی جەنگ و پێخوست و قوربانی، هەڵبەتە هەر وا بووە، پياوەکان شەڕ دەنێنەوە و جەنگە خوێناوییەکان بەرپا دەکەن، لە ئاکامدا ژنان ڕەشپۆش دەبن و ناچارن بەوەی کە بێوەژنکۆشی بکەن و کچەکانێش پرچی سپی بهۆننەوە.

هێشتاکە لە دونیای ئێمەدا ژن کانگا و سەرچاوەی فیتنە و ئاشووب و ئاژاوەیە، بە سەدەها مەلا و ئاخوند لەسەر مینبەرەکانیان لە سەدەی بیست و یەکدا ئەم وێنە و تابلۆ ناشیرینە بەسەر خەڵکی و پیاوەکاندا پەخش و بڵاو دەکەنەوە. فێمینستە ڕادیکاڵەکان لەوە تووڕەن کە لە هەر سێ کتێبە ئاسمانییەکاندا ئەوە خودی “ئادەم”ی باوکە کە پێش “حەوا” دەخوڵقێت، گوایە “حەوا” لە پەراسووی چەپی ئادەم دروست کراوە کە خواریشە، بۆیە هەمیشە دایکم دەیگوت: کوڕەکەم ئێمەی كچانی “حەوا’ گوناهبارین کە دایە گەورەمان وای کرد بەهەشت بدۆڕێنین، لە پەراسوویەکی خوار دروست بووین و مەحاڵە ڕاست ببینەوە، بە ملیۆنەها لە ژنان و پیاوانی سەر ڕووی زەمین بە ڕێز و ترسەوە بڕوایان بەم خورافەت و خەیاڵە ناشیرینە هەبووە، بە درێژایی مێژوو، دیارە هەنووکەش لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبی هێشتاکە ئەم وێنە ناشیرینە لە خەیاڵدانی خەڵکانی ئێمەدا ماوە و لە چوارچێوەی زێڕیندا هەڵدەگیرێت و بە دیواری ماڵەکاندا هەڵدەواسرێن، کە بەیانیان کار و ئەرکی کچان و خوشکان و دایکانی ئێمەیە کە بە فرمێسکی چاوان شووشەی سەر ئەو تابلۆیە ناشیرینە پاک بکەنەوە کە هەقایەتی ڕسوایی خۆیان دەگێرێتەوە، لە ڕۆژگاری داستانی “هەزار و یەک شەوەی” (شەهرەزاد)ەوە تاوەکو ئێستا. دیسانەوە ئەوە “ئادەم” بووە کە ناو لە شتەکانی دەوروبەری خۆی دەنێت، ناونانی هەر هەموو ئەو شتانەی کە لەسەر زەمین و ئاسمان دەیانبینێت، داخەکەم کارەسات ئەوەیە کە سەرەتا “حەوا” خۆی نازانێت لە پێناو ڕەواندنەوەی تەنیایی ئادەم خوڵقاوە، هەر خودی “ئادەم” خۆی ئاوڕێک لە ” “حەوا” خان دەداتەوە و پێیدەڵێت: خانمی خرتێ.. لەمڕۆکەوە تۆش ناوت “حەوا”یە.

ئا لێرەوە کارەساتی خانمان دەست پێدەکات کە هەر لە سەرەتاوە خۆیان نازانن لە پێناو چی دروست کراون، لەوەش کوشندەتر ئەو مافەیان نەبێت ناوێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە وەک دایکە حەوا کە هەقی نەبووە نە خۆی ناو لە خۆی بنێت، نە مافی ئەوەشی هەبووە وەک “ئادەم”ی دڵخوازی ناو لە دیاردە و شتەکانی دەوروبەر بنێت. بیرمان نەچێت کە گەورەترین سووکایەتی بۆ من ئەوەیە کە لە هەموو دونیادا تا هەنووکەش کچان و کوڕان بە ناوی باوکیانەوە یان مێردەکانیانەوە بانگ دەکرێن. ئەوەی ئەو مافەش دەدات بە “ئادەم” کە ناو لە شتەکان بنێت و بگرە خۆی فێری دەکات و بەدەم زمان پژانەوە زار هەڵبێنێت: خودی یەزدان خۆیەتی.

چش لەوەی کە “حەوا” دەکرێت بە ڕەمزی فریودانی “ئادەم” بە یارمەتی و تەفرەدانی شەیتان بۆ حەوا کە ئەو وێنەیەش زەق و زاڵ دەچەسپێت کە بووەتە یاوەری شەیتان بۆ دەستخەڕۆکردنی “ئادەم” کە هەڵبەتە دەکرا “حەوا” ببێت بە نموونەیەکی ئازایەتی و یاخیگەری و قەدەغەشكێنی کە یەزدان خۆی دەستی نەگرتووە، چونکە ئیدی ‘حەوا”ی سەرکێش و دڵئازا حەز بە ئەزموونێکی تازە دەکات، کەچی لە خەیاڵدانی مرۆڤایەتی بووە بە ڕەمز و سومبولی فیتنە و فریودان نەک سەربەستی، کە ئەوەش بۆ خۆی کاری نێرەوز و پیاوەکان بووە کە وای بهۆننەوە، لە کاتێکدا یەزدان دەیتوانی دەستی ئادەم و حەوا بگرێت و نەهێڵێت دەست بۆ میوە حەرامەکە ببەن، بەڵام دەکرێت وای شی بکەینەوە کە یەزدان حەزی بە گەمەی ئازادی و سەرکێشی کردووە کە بە ملیۆنەها ئاییندار خۆیان لەم وێنە پاک و جوانە دەدزنەوە و پشت لە حیکمەتی ئیلاهی دەکەن کە ڕەنگە و دەکرا مرۆڤ بیکات بە سەرمەشقی سەربەستی نەک گوناهباری، بەڵام پیاوانی ترسنۆک و تۆقیو لە جوانی و سەرکەشی و سەرکێشی ژنان و کچان هەر دەبوو بەم چەشنە ڕاڤەی بکەن و دایکە حەوا و کچەکانی بکەن بە کەتنکەر و خاوەنی یەکەمین گوناه، لەوساوە و بۆ هەتاهەتایە!

ئایا “هەشتی مارت” کە یاد-رۆژی ژنانە لەسەر زەمین توانیوییەتی ئەم وێنە ناشیرینە لە خەیاڵدانی ملیۆنەها بسڕێتەوە، بە تایبەتی لەم دەڤەرەی کە ناوی “ڕەشهەڵات”ە یان جیهانی عەرەبی و ئیسلامی؟ من گومانێکی گەورەم لە دڵدایە. بیرمان نەچێت کە ئیسلامی سیاسی بە درێژایی سەدەی بیست نەخشە و ئەندازەسازییەکی هێنایە کایەوە کە بێجگە لە فۆبیا و ترس وتۆقین لە ژنان هیچی دیکەی نەبووە، کە مەرجە بزانین کە ئەو وێنە ناشێرینەی بۆ ژنان کرد بە وێنەیەکی زاڵ و ئەزەلی کە چەندەها سەدە و سیا ساڵی گەرەکە و دەوێت کە کەمەكێ کاڵتر ببێتەوە. ڕێک لەوە دەچێت کە خودی ژن یان گیانی کە بە “عەورەت” ناوزەد کراوە و من و تۆ لەو دەروازەیەوە بووین بە میوانی ئەم دونیایە، ئەم دامێن و کانگای ژیان و سەرتۆپی هەر هەموو چێژەکانیش وەها ترسناک وێنائ کراوە کە لە سێگۆشەی ” بێرمیودا / پەرمۆدا” دەچێت کە کەوتۆتە ناو “ئۆقیانووسی ئەتڵەنتیک”. گوایە گێژەنێکی زێدە قووڵ و دەریالووش و ترسناکە کە هەرچی کەشتی و گەمی و پاپۆڕ هەن: کە نزیک دەبنەوە قووتیان دەدات و هەڵیاندەلووشێت، بگرە فرۆکەکانی ئاسمانیش کە بەسەر ئەو سێگۆشەیەی “بێرمیودا/ پەرمۆدا”یە تێدەپەڕن، بە هەر هەموو سەرنشینەکانییەوە لە ناو خۆیدا نوقمیان دەکات و هەرگیز نادۆزرێنەوە. لە مڕۆکەدا ئەم وێنەێەی کە لە لایەن ڕەهبەرانی ئاییندارە توندڕۆکان بۆ خانمان ڕەسم کراوە زۆر ترسناکترە لەوەی خەیاڵی “ئیبلیس”یش بیگاتێ.

“هەشتی مارت” بۆ هەر خەڵكێک و نەتەوەیەک مانایەکی کەم و زۆری هەبێت، بۆ ئێمەی نیشتەجێ لە “ڕەشهەڵاتی ناوەراست” ناتوانێت خەمی تاکە بێوەژنێک و تەنیایی قەیرە کچێک بڕەوێنێتەوە، یان فرمێسکی کچۆڵەیەکی برسی و بنێشتفرۆش بسڕیتەوە لەسەر شەقامێکی سیخناخ بە ماشێنی دوا مۆدێل کە ڕەنگە تاوەکو ئێوارەیەکی تاریک هیچ خواپێداوێک بە ڕێکەوت جامی ماشێنەکەی دانەداتەوە و میهرێک بنوێنێت.

لەمڕۆکەدا (هەشتی مارت) چی پێدەکرێت کە لەسەر ئاستی هەر حەوت کێشوەرەکە قازانجی بازاڕی لەشفرۆشی لە هی چەکی کۆکوژ و و تفاقی جەنگ یەکجار زۆرترە، کە لەمڕۆکەدا کەس لە ڕۆژئاوا بە لەشفرۆش و سۆزانی و قەحپە ناویان نابات، چونکە شوورەییە، بەڵکو پێیان دەگوترێت ” کۆیلەی سپی” کە خۆی هەڵگری مانایەکی ناشیرینترە!

چیرۆک و ئەفسانە ئاسمانی و سەرزەمینییەکان سەبارەت بە “مـێ” هەرچۆنێک بن، مێژوو سەلماندوویەتی کە مرۆڤایەتی بە گشتی کانیاو و سەرچاوەکەی ژن بووە. هەرچی شتە جوان و ئەزموونە گەورەکانی ناو ژیان و بوون هەن پشکی ژنان تیایدا زۆرتر بووە، کەچی پشکی لە ئازار و کارەسات و فرمێسک خوێن و ئارەقە و ڕەنجی بەباچوو پتر بووە. ئەو کاتەی خانمان بە دەستێک لانکە و بێشکەیان ڕاژەندووە، بە دەستەکەی دیکەیان هەر هەموو دونیایان ڕاژەندووە. کانگا و سەرچاوەی خۆشەویستی بووە، کەچی ڕق و کینە و مەرگەمووشی چنیوەتەوە، هیچ شتێک نییە ڕەنگ و بۆن و دەنگ و تامی خۆشی ژنانی تێدا نەبێت، ئیلهامبەخشی داهێنانی ناوازە بوون، کەچی هێشتا ئێمەی پیاو بۆ خۆمان نەمانتوانیوە ژنان وەک خۆیان بناسین، پتر وەک بوونەوەرێکی سێکسواڵ دەیانبینین نەک مرۆڤ، کانگای هەوەس و شەهوەت و بەس. ژن نەزۆک بێت یان سک و زا بکات، پشکی زۆری هەر هەموو خەم و بەرپرسیارییەتی بەخێوکردن تاوەکو ساڵانێکی دوور و درێژ لە ئەستۆی ئەودایە.

“هەشتی مارت” چی لەو ملیۆنەها ژنە دەکات کە شەوانە بە زۆردارەکی لە لایەن مێردەکانیانەوە ئەتک دەکرێن؟ ئەوەیان لە دونیای ئێمەدا تێرۆرێکی دەستەجەمعی و گشتگیرە و بە ناوی شەرع و یاسا و ڕێساوە پیادە دەکرێت، بگرە بە ناوی ئاسمانەوە، ئاخر دوا جار گوتمان “حەوا” لە پێناو “ئادەم” خوڵقاوە نەک پێجەوانەکەی، ئادەم کە هێشتا لە ئاسمان بووە، نە ڕاوچی بووە و نە جەنگاوەر، بەڵام کە لەتەک “حەوا”دا سزا دەدرێن و تووڕ هەڵدەدرێنە سەر زەوی، دوای سکوزای دایکە حەوا بێچوویان دەبێت، کەچی ‘`قابیل” دەستی دەچیتە خوێنی ‘‌هابیل” ی برای و دەیکوژێت، گەرچی هەر هەموو ئەم ئەستێرە نازدارە میراتی خۆیان بووە. هەڵبەتە سک سووتانەکە هەر بۆ حەوا بووە، لەوساوە تاکو ئێستا فەرزەندەکانی ئادەم وازیان لە جەنگ نەهێناوە و بەردەوامیش ڕاوچی بوون، یەكیک لەو خووە خراپانەی ئەو سوارچاک و ڕاوکەرانە “ڕاوەژن” بووە، جا چ لە میانەی جەنگەکان بووبێت کە لەسەر وەختی داگیرکردنی وڵاتان کردوونی بە کۆیلە و کەنیزەک، یان لە کاتی ئاشتییدا کە لە بازاڕەکاندا وەک “کۆیلەی سپی” کڕیونی.

ئایا بە ڕاست شوورەیی نییە کە تاکە یەک ڕۆژ بدەین بە خانمان کە زۆرێک لەوان (٣٦٥) ڕۆژ لە ساڵیکدا دەتلێنەوە؟ چ بە بیانووی ئاهەنگ و شادی بێت، یان بە ناوی ڕۆژی ژنان، کەچی هەر ئەمڕۆ بە ملیۆنەها ژن لە پرسەی نەبڕاوەدا گەرمە شین و واوەیلا دەکەن و شیوەن دەگێڕن، کە بەدەم گریە و زاری و داد و فوغانەوە عەرشی فەلەک دەلەرزێنن، کەچی دڵی پیاوە دڵبەردینەکان نالەرزن کە جەنگەکان بەرپا دەکەن و ناسرەون.. هەرگیزا و هەرگیز!

چ سەیرە کە لەوەتەی ئێمەی مەردمگەل هەین بە “ئادەمیزاد” ناوزەد دەکرێین، نەک حەوازادە، هەر هەموو شتەکان موڵکی پیاوەکانە، بگرە مەرگ و ژیانیش بە دەستی ئەوانە، خواهانە و شاهانە فەرمان و سزا دەردەکەن، جەنگەکانیش بە فەرمانی ئەوان بەرپا دەکرێن.. بەڵام کە ماڵئاوایی لەم دونیایە دەکەین بە ناوی دایکمانەوە “تەلقین” دەدرێین، نەک لەبەر ئەوەی کە من و تۆ کوڕی دایکمانین.. هەرگیز.. بەڵکو گومان و ترسێکە لەوەی نەکا پلکە “زارێ” دایکم و دایکی تۆی چەلەنگ فاڵیان لە پیاوێکی دیکە خواردبێت و نەک باوکانی خۆمان.. من بۆ خۆم زۆر جاران شەرمێ لە خۆم دەکەم و تەریق دەبمەوە کە سەر بە توخمی ئادەمیزادانم.. ئاخر پشکی ئێمەی نێرینە لە پیسکردنی هەوا و ئاو و خاک: پشکی شێرە، ئەم ئەستێرەیە بە دەستی ئێمە بۆگەنی کردووە و وا بڕوات دەکوژێتەوە، گوایە مرۆڤ جێگر و خەلیفەی خودایە لەسەر زەمین، دەی باشە.. ئەگەر دڕندەی خودا بووایە ج وێرانە خاک و کاولکاری و خوێنبارنێکی دیکەی ساز و گەرم دەکرد، بەڵام ناشزانم ئاخۆ چۆن دەبووم گەر سەر بە توخمی حەوازادە بوومایە.. بەڵام دڵنیام کە تووڕە و غەمگین و یاخی دەبووم، بۆ هەمیشە لەو میوە قەدەغەکراو و حەرامانەم دەخوارد کە بۆ یەکەمجار “دایکە حەوا”ی نەبەرد و سەرکەش و دڵئازا و یاخی دەمی بۆ برد..!!!

( شێرۆ-ی پلكه‌زارێ)
هەشتی مارت/٢٠١٩

mm

شێرزاد حەسەن لە ساڵی ١٩٥١ یان ١٩٥٢ لە گەڕەکی «خانەقا»ی شاری ھەولێر لەدایکبووە.[تێبینیی ١] چوار ساڵی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی «پاشای گەورە» لە ڕەواندز تەواوکردووە، و پاشان پۆلی شەشی سەرەتایی لە قوتابخانەی «ئیبن خەلەکان» —کە گەڕاونەتەوە بۆ ھەولێر— تەواوکردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ پلەی زانستیی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی بەغدا بەدەستھێناوە.

Previous
Next
Kurdish