Skip to Content

ئەبو زەبی؛ لەبوخچەی دایکە شاربانووێ مەککەیە …  بۆتان لەتیف عەبدولقادر

ئەبو زەبی؛ لەبوخچەی دایکە شاربانووێ مەککەیە … بۆتان لەتیف عەبدولقادر

Closed
by ئازار 15, 2019 General, Literature


(خوێندنەوەیەک بۆڕۆمانی لەمەککە)


ڕۆمان؛ وەک ژانرێکی ئەدەبی هەموو جارێ بوخچەی نوسەرەکەیەتی، بەواتایەکی دیکە؛ ڕۆماننوس سەرلەنوێ ژیان وەرێ دەخاتەوەو، کەرستەکانیشی دووبارە بۆدەگێڕێتەوە، وەک ئەوەی بەتەما نەبی کەبمرێت. ئیدی ڕۆمان؛ جیهانێکی ئاڵۆزەو تەونی جاڵجاڵۆکەیە.


ئەوەی دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم؛ ڕۆمانی “لەمەککە”ی قادر عەبدوڵڵایە، کە شەفیقی حاجی خدر لەهۆڵەندیەوە کردوویەتی بەکوردی، پێم خۆش بوو منیش لێرەوە؛ تەوافەکێ بەدەوری مەککەیدا بکەم.
ئەم ڕۆمانە؛ گێڕانەوەی بەسەرهات ویادگاریێکی ڕۆماننوس خۆیەتی، هەروەک وەک کەسی سەرەکیش ڕۆڵی وەرگرتووەو، هەر خۆیشی هەموو کەسایەتیەکانی دیکە پێشکەش دەکات، هەموو ئەو شتانەش لەپێناو دایکی دەکات، ناوەرۆکی ڕۆمانەکە، یاداشتکردنی دیدارەگەشتی نێوان دایکە شاربانوو قادر عەبدوڵڵایە، کە وەک گرێی سەرەکی ڕۆمانەکەیە، ڕۆماننوس نازانێت چۆن جارێکی دیکە بەدیداری دایکی شاد بێتەوە!؟.. چونکە گەڕانەوەی بۆ ئێران ڕێگەپێدراو نیەو ناتوانێت بگەڕێتەوە، هەتا دواتر ئەو بیرەی لۆدێت کە بچێتە ئەبوزەبی، هەڵبژاردنی ئەم جێگایەشی بەڕاوێژو گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ خێزانی، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار؛ یەکەم: دایکی پیرو کەنەفت بووەو توانای بڕێنی ڕێگای دووری نیە هەتا بچێتە ئەمستردام، دووەم: دایکی زۆر ئارەزووی ئەوەی کردووە ڕۆژێ بێت بچێتە مەککەو زیارەتی کەعبەی پیرۆزو مزگەوتی پێغەمبەر”د.خ” بکات، ئەمەی چەندین جار لەگەڵ کوڕەکەی باسکردووە، ئیدی ئەمە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کوڕەکەی، کەبێتە ئەبوزەبی ودایکی ببینێت وپاشان گەشتێکی مزگەوتە گەورەو بەناوبانگەکەی شێخ زایدیشی پێ بکات، وا ڕێک دەکەوێت؛ هاوکات لەگەڵ دیداری نێوان خۆی ودایکی لەئەبوزەبی؛ ساڵیادی کۆچی دوایی شێخ زاید یش دەبێت، بەمەش خەڵکێکی زۆری گەشتیارو شوێنکەوتووی شێخ دەچنە مزگەوت، لەهەمان کات ڕۆژی هەینیشە.

قادر عەبدوڵڵاش ئەمە بەدەرفەت ئەزانێت لەگەڵ دایکی وخێزانی وخوشکەکەی(مەحبوبە)؛ دەچنە سەردانی مزگەوتی شێخ زاید، ئاپۆرای خەڵک بەجلی سپی و، ئەو خەیاڵەی پێشتری دایکی کەلەهوتێل لەپەنجەرە دەیڕوانیە بیابان و وێنای هاتنە مەککەی لەلا دروست کردبوو؛ پشتڕاست دەکاتەوە. بۆیە داوا لەخێزانی وخوشکی دەکات کەبەپێی هەستی دایکیان بجوڵێنەوەو بێزاری نەکەن؛ بەوەی پێی بڵێن ئێرە ئەبوزەبیە مەککە نیە.. چونکە دایکیان توشی نەخۆشی لەبیرچوونەوەو خڵەفان هاتبوو، دواجار جلی چوونە ژوورەوەی مزگەوتی شێخ زاید ئەبێتە ئیحڕامی حەج بۆ دایکی و، مەزاری شێخیش وێستگەی تەوافی دایکە شاربانوو، ئیدی لەخەیاڵ وبوخچەی دایکە شاربانوێدا؛ ئەبوزەبی مەککەیە. هەتا ئێرە؛ ژماردنی گوێز بوو لەبوخچەی دایکە شاربانووێ، واتا ئەمە لایەنە دیارەکەی واتای ڕٶمانەکەیە، بەگوزارشتێکی دیکە؛ ئەمە تەوافی یەکەم بوو لەمەککە!..


هەرچی تەوافی دووەمە؛ هی قادر عەبدوڵڵایە؛ ئەویش بەدەوری ئەو مێژووە دوورو درێژەی نێوان فارس وعەرەب، لەوەی کە؛ لەماوەی ١٤٠٠ ساڵی ڕابردووداو بەهۆی مێژوێکی ساختەو هەستی ئایینی ولۆتبەرزی وباڵادەستی فارسەکانی سەردەمی دێڕین؛هەستێکی وایان لەلا دروست بووە کەمەککە بەماڵی خوا بزانن، نەک بەهی سعودیەکان!.. وەک ئەوەی کوچک گەرمتر بی لەئاگردانێ!.. لەلایەکی دیکە؛ ئەم ڕۆمانە وێنای پاشخانی بیرو باوەڕی نوسەریش نیشان ئەدات، کەبڕوای بەم پرسە لەنگە، یاخود نیە، پێی وایە ئەوان فڕوماڵیان بەسەر مەککەو بیرو باوەڕەکەی نیە. بەڵکو بەو هۆیەوە؛ عەرەبەکان توانیویانە هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێت؛ میللەتی فارس بگەوجێنن، هەروەک ئەوەی لەیەک کاتدا؛ ئەم ڕۆمانە بەریەککەوتن وململانێ وهەوڵی سەردەستەبوونی نێوان دوو شارستانیەتیش نمایش ئەکات، ئەویش شارستانیەتی فارس وشارستانیەتی عەرەب بن، ململانێی نێوان فارس وعەرەب؛ زۆر دوورو درێژە، هەتا ئێستاش بەردەوامە!.. ئەمە بێجگە لەوەی؛ کەئەبوزەبیش جۆرە مەککەیەکە!.. واتا کەش وهەوای مزگەوتەکەی شێخ زاید وەکو کەش وهەوای مزگەوتی مەککەیە!.. چ لەڕووی پەیکەری مزگەوتەکە؛ کەزۆر گەورەیەو بەگرانترین کاشی ومەڕمەڕ ڕازاوەتەوەو ئاوزێڕە، چ لەڕووی ئەو سروتە واتایی وئایینیانەی تێیدا ئەنجام دەدرێن، هەروەها ئەمەش پیشاندەدات کەشێخ زاید کەسێکی چەند باش بووە بۆ وڵاتی خۆی و، ئەو بیابانە وشک وگەرم وبرینگەی چۆن کردۆتە شارێکی شاهانەیی وجوان وسەرنجڕاکێش وگەشتیاری، چ جۆرە پێشکەوتنێکی بەخۆوە بینیوە. هەروەک بەریەککەوتنی هەردوو ڕێبازی سوننەو شیعەش پیشان دەدات. دەکرێت بڵێین ڕۆمانەکانی قادر عەبدوڵڵا ڕەشنوسی دەستوری ململانێی نێوان دین ودونیاو هەروەها هی سوننەو شیعە، عەرەب وفارسن.


بەگشتی ڕۆمانی لەمەککە؛ ڕٶمانێکی خۆش وبەتام وچێژە، وەلێ زیاتر لەیاداشتی گەشتیارێک “گەشتنامەیەک” ئەچێت، بەزمانێکی سادەو ڕەوان نوسراوە. گرێی گێڕانەوەی زۆر بەهێز نیە، هەتا وەکو ڕۆمان بیناسێنێت. هەرچی زمانی وەرگێڕانە؛ بەگشتی زمانێکی جوانەو ڕێکە، ئەمن لەگەڵ کوردیەکەمە، چونکە ڕۆمانەکەم بەزمانی دایکی نەخوێندۆتەوە، بۆیە وەکو بەراورد ئەم قسەیە ناکەم، ئەگەر تێبینیش لەسەر هەندێ ڕستەو دەستەواژە هەبن؛ بەڵام بەگشتی بەزمانێکی کوردی جوان نوسراوەتەوە، ئەمەش بۆ لێهاتویی وشارەزایی وەرگێڕ دەگەڕێتەوە، کە وەک وەرگێڕێك خزمەتی باشی بەپەرتووکخانەی کوردی کردووە. بەڕستەی کۆتایی ڕۆمانەکە؛ قسەکانم لەسەر ڕۆمانەکە تەواو دەکەم، (ئیدی هەموو شتێك گەیشتە کۆتاییەکەی خۆی، مەودای دەریاش کەلەنێوان من ونیشتیمان بوو؛ کۆتایی هات). دیارە لەدوورەوە بەنیشتیمان شاد بۆتەوەو لەم بەر دەریاوە لۆ ئەوبەر دەریا”خاکی وڵات” تێر تێر تەماشای وڵاتی کردووە، دواتریش بەمەلەوانی لەنێو دەریاکەدا؛ گەیشتۆتە خاکی نیشتیمان ودزە ماچی نەتەوەیی، وبۆ دواجاریش هەر هەندەرانە نیشتیمانی..


بۆتان لەتیف عەبدولقادر
٦-٢-٢٠١٩ هەولێر

Previous
Next
Kurdish