Skip to Content

وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

وه‌همێک … ڕیچارد داوکینز … خوێندنەوەی: بێریڤان جه‌‌مال حه‌مه‌ سه‌عید

Closed
by ئازار 17, 2019 General, Opinion, Slider

بەشی پێنجەم….


ڕیشەی ئایین

پێموایە بەشی پێنجەم گرنگترین بەشی ئەم کتێبەیە، بە تێگەیشتین لێی وەڵامی گەلێک پرسیاری ڕیشەییمان لەسەر ئاین دەستدەکەوێت.

له‌ سه‌ره‌تادا نوسه‌ر لە پرسیارێکی سەرەکییەوە دەستپێده‌کات، به‌ پرسیارێک، کە پێشترێتیی (أسبقية) هەیە لەبەر هۆگەلێک، کە دەیبینین: پرسیاری داروینی لەبارەی هەڵبژاردنی سروشتییەوە. نوسه‌ر دەڵێت دەکرێت پرسیار بکەین، چ فشارێک یان فشارگەلێک لە بنەچەوە، لەلایەن هەڵبژاردنی سروشتییەوە کراوە بە سوودی پاڵپێوەنانی ئایین. ئەم پرسیارە بەپێی لێکدانەوەی پێوانەییی داروینیی بەفیڕۆنەدان جێگەیەکی پڕبایەخ پەیدا دەکات. ئایین زۆر بەهەدەردەرە، زۆر دەستبڵاوە و هەڵبژاردنی سروشتی هەمیشە لە دژی بەفیڕۆدانە و لەناوی دەبات.

سروشت ژمێریارێکی پیسکەیە، دەست بە فلسەسوورێکەوە دەگرێت، چاوی بڕیوەتە چرکە و خولەکی کاتژمێر و بچووکترین خەرجیی ناپێویست، بێسزا لە دەستی دەر ناچێت. وەک داروین ڕوونی کردۆتەوە، لاسارانە و بێبڕانەوە “هەڵبژاردنی سروشتی ڕۆژانە و کاژێرانە بەناو جیهاندا، لە هەموو شتە جۆراوجۆرەکان، هەتا لە وردترینیان ورد دەبێتەوە؛ ئەوەی خراپە ڕەتی دەکاتەوە، ئەوەی چاکە دەستی پێوە دەگرێت و فرەی دەکات؛ لە هەر کاتێک و لە هەر شوێنێکدا هەل هاتە پێشەوە، بێدەنگانە و بێبەزەیییانە کاری خۆی دەکات بۆ باشترکردنی هەر بوونەوەرێکی ئۆرگانی.” ئەگەر ئاژەڵێکی دڕندە خووی گرتووە بە ئەنجامدانی هەندێک چالاکیی بێکەڵکەوە، ئەوا هەڵبژاردنی سروشتی یارمەتیی تاکە ڕەقیبەکانی دەدات، کە کات و توانای خۆیان تەرخان کردووە بۆ گیانبەدەر بردن و فرەکردن، لەجیاتی ئەو. سروشت ناتوانێت لەگەڵ بێبایەخی هەڵبکات. بەكەڵکێتیی سەرسەخت سەر دەکەوێت، هەتا ئەگەر ئەمە هەمیشە وەهاش دەرنەکەوێت.

لە یەکەم نیگادا، وا دەر دەکەوێت کلکی تاوس دەستبڵاوییەکی بێهاوتایە. بەدڵنیایییەوە خێری تێدا نییە بۆ گیانبەدەربردنی خاوەنەکەی. بەڵام سوود دەگەیەنێت بەو جینانەی ئەم جیا دەکاتەوە لە ڕەقیبە کەمبەرچاوەکانی. کلک پڕوپاگەندەیە، کە لەناو بازاڕی سروشتدا جێگەکەی دەکڕدرێت لە ڕێگەی سەرنجڕاکێشانی مێیینەکانەوە. نمونه‌یه‌کی تری وه‌ک “مێروولەبازی anting”، خوویەکی سەیری باڵندەی وەک قەلەباچکەیە، کە لەناو شارەمێروولەدا “حەمام دەکات” یان بە جۆرێک مێروولە بەر دەداتە ناو پەڕەکانی. هیچ کەسێک نازانێت کەڵکی مێروولەبازی چییە – لەوانەیە جۆرێک لە پاکوتەمیزی بێت، پاککردنەوەی پەڕەکان بێت لە خۆژێن؛ گریمانی جۆراوجۆری تر هەیە، بەڵام بۆ هیچکامیان بەڵگەی بەهێز بەدەستەوە نییە. بەڵام گومان لەم وردەکارییانەدا، ڕێگر نییە – نابێت ببێتە ڕێگری – گریمانی بەمتمانەی داروینییەکان، کە دەبێت مێروولەبازی “لەپێناوی” شتێکدا بێت.

لەم حاڵەتەدا، دەکرێت هزری تەندروست بەوە ڕازی بێت، بەڵام ژیربێژیی داروینی هۆی تایبەتی خۆی هەیە، کە وا بیری لێ بکاتەوە، ئەگەر باڵندە ئەمە نەکات، لەوانەیە بوارگەلێکی ئاماری سەرکەوتنی جینی زیانی پێ بگات، هەرچەند هێشتا ئێمە بەوردی نازانین ئەم زیانبینینە چ ڕێگەیەک دەگرێت. سەرئەنجامەکەی لە گریمانێکی دووانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هەڵبژاردنی سروشتی سزای بەفیڕۆدانی کات و وزە دەدات و کە باڵندە بەبەردەوامی دەبینرێت، کات و وزەی خۆی تەرخان دەکات بۆ مێروولەبازی. ئەگەر مێروولەبازی کەڵکێکی ئەرێنیی نەبووایە بۆ گیانبەدەربردن و زاووزێ، هەڵبژاردنی سروشتی لەمێژ بوو یارمەتی تاکەکانی دەدا، کە خۆیان بەدوور بگرن لێی.

لەوانەیە داروینییەک کەڵکەڵەی ئەوەی بچێتە سەرەوە، هەمان شت بڵێت لەبارەی ئایینەوە؛ لەبەر ئەوە ئەم گفتوگۆیە پێویست بوو. بۆ گەشەگەرێک، ڕێوڕەسمەکانی ئایین “لە تاوس دەچێت لەنێو ڕووتەنی هەتاوی دارستانێکدا” (بە وتەی دان دێنێت). ڕەفتاری ئایینی هاوئاستی گەورەکراوی مرۆڤی مێروولەبازییه. کاتبەرە، وزەخۆرە، زۆرجاریش وەکوو ڕازاندنەوەی دەستبڵاوانەی پەڕی باڵندەی بەهەشت وایە. ئایین دەتوانێت ژیانی تاکێکی ئایینمەند بخاتە مەترسییەوە و هەروەها ژیانی کەسانی تریش.
بە هەزاران ئەشکەنجە دران لەسەر وەفادارییان بۆ ئایینێک، ڕاو نران لەلایەن دەمارگیرانی تایەفەیەکی ترەوە، کە لە زۆر حاڵەتدا بیروباوەڕێکی ئایینی جێگرەوەی بەئەستەم جیاواز ههبووە. هەندێک جار ئایین بە پێوەرێکی ئێجگار فراوان، سامان هەڵدەلووشێت. کەنیسە سەرەکییەکانی سەدەی ناوەڕاست بۆ چەندین سەدە، هێزی کاری سەدان پیاوی بردووە بۆ دروستکردنیان، لەگەڵ ئەوەشدا، هەرگیز بەکار نەهێنران بۆ نیشتەجێبوون یان بۆ هەر مەبەستێکی تر، کە وەها چاوی لێ بکرێت بەکەڵک بێت. ئایا ئەمە جۆرێک لە خانووسازیی کلکی تاوس نەبووە؟ ئەگەر وا بووبێت، ئەم پڕوپاگەندەیە ڕوو بە کێ بووە؟ مۆسیقای ئایینی و وێنەکێشانی خواپەرستی، بەهرەکانی ڕێنێسانس و سەدەکانی ناوەڕاستیان بە شێوەیەکی فراوان پاوەن کردبوو بۆ خۆیان.

خەڵکی ئایینمەند لەپێناوی خواکانیاندا کوشتاریان بەڕێ خست و خۆیان بە کوشت دا؛ سوێندیان خوارد، کە بۆ هەموو ژیانیان بەسەڵتی و تەنیا ژیان بکەن، هەموو ئەمانە بۆ خزمەتی ئایین بوو. هەموو ئەمانە لەپێناوی چیدا؟ باشە کەڵکی ئایین چییە؟ بە شێوەیەکی گشتی، مەبەستی داروینییەک لە “کەڵک،” هەندێک هێزدانە بە توانای ژیانبەدەربردنی جینی تاکێک. ئەوەی لێرەدا دەر نەکەوتووە ئەو خاڵە گرنگەیە، کە کەڵکی داروینی سنووردار نەکراوەتەوە بە جینەکانی ئۆرگانیزمێکی تاک.

دەکرێت سێ ئامانجی جێگرەوەی کەڵک لە ئارادا بێت. یەکەم، لە بیردۆزی هەڵبژاردنی گروپەوە group selection دێتە کایەوە، دووەم، لە بیردۆزێکەوە دێت، کە نوسه‌ر لە بۆماوهڕوخساری درێژەپێدراودا The Extended Phenotype خستوویه‌ته‌ بەردەست: ئەو تاکەی تۆ چاودێریی دەکەیت، لەوانەیە کار بکات لەژێر کاریگەریی گۆڕاوی جینگەلی تاکێکی تردا، نموونەگەلێکی زۆر هەیە لە ئاژەڵدا، کە کەوتوونەتە ڕەفتار بە شێوازێک وەک ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی گواستنەوەی خۆژێنێک بێت بۆ خانەخوێی داهاتووی. ئەم خاڵەی لە “بیردۆزی سەلمێنراوی ناوەندی central theorem بۆماوهڕوخساری درێژەپێدراودا” فۆرمولە‌ی کردووە: “هەڵسوکەوتی ئاژەڵێک بۆ به ئهوپهڕگەیاندنی گیانبەدەربردنی ئەو جینانەیە، که ‹یارمهتی›ی مانەوەی ئەو هەڵسوکەوتە دهدات، ئیتر بەجیا لەوەی ئەو جینانە دەکەونە لەشی ئەو ئاژەڵە دیارکراوەوە کە ئەو هەڵسوکەتە دەکات یان نا.
” سێیەم، لەوانەیە “بیردۆزی سەلمێنراوی ناوەندی،” جێی “جین” بگرێتەوە بە چەمکێکی زێتر گشتیی “خۆکۆپی.” ئەو ڕاستییەی، کە ئایین لە هەموو شوێنێکدا هەیە، ڕەنگە بە واتای ئەوە بێت، کە کاری کردووە بە قازانجی شتێک، بەڵام لەوانەیە ئەو شتە ئێمە یان جینەکانمان نەبێت. لەوانەیە تەنیا بە سوودی هزرەکانی ئایین خۆیدا بێت، تا ئەو ئاستەی کەم تا زۆر ڕەفتار بکەن وەکوو جین، وەکوو “خۆکۆپی.” دواتر، لەژێر ناونیشانی “بەهێواشی هەنگاو بنێ، چونکە تۆ پێ دەنێیت بە میمەکانمدا،” نووسەر ئەمە باس دەکات. تا ئەو کاتە، قووڵ دەبێته‌وه‌ لەسەر لێکدانەوەی نەریتییانەی داروینیزم، کە تێیدا “کەڵک” وا لە بەرچاو دەگیرێت، کە بە واتای بەکەڵکهاتن دێت بۆ گیانبەدەربردن و بەرهەمهێنانەوەی تاک.

ئایین وەک بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر

نووسه‌ر یه‌کێکه‌ له‌و زیندەوەرزانانایه‌ی، کە ئایین دەبینێته‌وه‌ وەک بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر. ئه‌و بیرۆکەی بەرهەمی لاوەکی ڕۆشن ده‌‌کاته‌وه‌ بە بەراورد لەگەڵ هەڵسوکەوتی ئاژەڵ، کە مەیدانی کاری خۆیه‌تی. فڕینی خورک(جۆرێک لە مێشوولەیە‌، کە له‌ په‌پووله‌ ده‌چیت) ‌‌بۆ ناو ئاگری مۆم، وا دەر ناکەوێت ڕێکەوت بێت. لە ڕێگەی خۆی لادەدات و خۆی بە سووتاندن دەدات. دەکرێت ئەمە بە “ڕەفتاری خۆسووتاندن” ناو بنێین و لەژێر ئەم ناوە تەنگاوکەرەدا بپرسین، ئاخر چۆن دەکرێت هەڵبژاردنی سروشتی ڕێگە بەمە بدات. ئەوەی مەبەستیه‌تی ئەوەیە، کە پێویستە لەسەرمان جارێکی تر پرسیارەکە بنووسینەوە، هەتا لەپێش ئەوەی لە هەوڵی وەڵامێکی زیرەکانەدا بین. خۆکوژی لە ئارادا نییە. خۆکوژی بە ڕواڵەت، وەکوو کاریگەرییەکی لاوەکی یان بەرهەمێکی لاوەکیی شتێکی تر دەر دەکەوێت. بەرهەمی لاوەکی… چی؟ لێرەدا یەک بوار هەیە، کە کۆمەک دەکات بە ڕوونکردنەوەی خاڵەکە.

ڕووناکیی دەستکرد بەم دوایییانە هاتۆتە شانۆی شەوەوە. تا ئەم دوایییانە تەنیا ڕووناکیی شەو، ڕووناکیی ئەستێرەکان ومانگ بووە. ڕووناکیی ئەمانەش لە دوورییەکی بێکۆتایییەوە دێن، بەو هۆیەوە تیشکەکانیان بە شێوەی تەریبی دەگات. ئەمە وایان لێدەکات وەکوو ڕێنما بەکار بهێنرێن. ئەوە زانراوە، کە مێشوولە لە شتی ئاسمانی وەکوو ڕۆژ و مانگ، کەڵک وەر دەگرێت بۆ ئاڕاستەکردنی خۆی بە شێوەی هێڵێکی ڕاست و دەتوانێت هەمان ڕێنما بەکار بهێنێت وەک نیشانەی ئاوەژوو بۆ گەڕانەوە بۆ لانەی خۆی لەپاش گەڕان بەناو سروشتدا. سیستمی هەستەدەماری مێشوولە، ئاڕاستەی خۆی دەکات بە دانانێکی کاتیی ڕێسای پەنجەگەورەی بەم جۆرە: “بە جۆرێک ئاڕاستەی خۆی دەکات، کە تیشکی ڕووناکی بە گۆشەی سی پلە لە چاوی بدات.

” لەبەر ئەوەی مێشوولە چاوی لێکدراوی هەیە (بە بەشەچاوی ڕێک یان ڕووناکیگەیەنەر، کە لە چەقی چاوەوە پرشنگ دەداتە دەرەوە، هەر وەکوو دڕکی سەر پێستی ژیشک)، دەکرێت لە کرداردا ئەمە بە شتێکی زۆر سادە ئەژمار بکرێت، وەک پاراستنی ڕووناکی لە یەک بەشەچاو یان ڕووناکیگەیەنەرێک. بەڵام ڕێنمای ڕووناکی بەتەواوی پشت دەبەستێت بە شتی ئاسمانی لە دوورییەکی بێپایانەوە. ئەگەر وەهانەبێت، تیشکەکانی تەریبی نابن، بەڵکوو لە یەک جیا دەبنەوە، هەر وەکوو تەلی تایە (وەک تەلی تایەی پاسکیل – و.). سیستمی هەستەدەمار گۆشەی سی – پلەی ڕێسای پەنجەگەورە پەیڕەو دەکات (یان هەر گۆشەیەکی نووکدارتر) لە نزیک مۆمێک، وەک ئەوەی مانگ بێت لە دوورییەکی بێپایانەوە ئاڕاستەی خورکەکە بکات بە ڕێڕەوێکی فەنەری (مارپێچی – و.) بەرەو ئاگری مۆمەکە.

هەرچەند لە هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا ڕێسای پەنجەگەورە بۆ خورک کوشندەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەتێکڕا بەکەڵکە، چونکە بۆ خورک بینینی مۆم حاڵەتێکی دەگمەنە بە بەراورد لەگەڵ بینینی مانگدا. ئێمە سەرنجمان بۆ لای ئەو سەدان خورکە ناچێت، کە بەبێدەنگی و چالاکانە بە هۆی مانگ یان ئەستێرەی پرشنگدارەوە یان هەتا ڕووناکی لە شارێکی دوورەوە، ئاڕاستەی خۆیان دەکەن. ئێمە تەنها ئەو خورکانە دەبینین، کە بەدەوری مۆمەکەماندا دەخولێنەوە و پرسیارێکی هەڵەش دەکەین: بۆچی هەموو ئەم خورکانە خۆکوژی دەکەن؟ لەجیاتی ئەوەی بپرسین، بۆچی سیستمێکی هەستەدەماریی وایان هەیە، کە ئاڕاستەی خۆیان دەکەن بە ڕاگرتنی گۆشەیەکی جێگیر بۆ تیشکی ڕووناکی، تاکتیکێک تەنیا کاتێک سەرنجمان ڕادەکێشێت، کە بە هەڵەدا بچێت.
کاتێک پرسیارەکە فۆرمولە دەکرێتەوە، ڕازەکە دەڕەوێتەوە. هەرگیز ڕاست نییە، خۆکوژیی پێ بوترێت. بەرهەمێکی لاوەکی هەڵەی ڕێنمایەکی بەکەڵکە لە حاڵەتی ئاساییدا. سه‌باره‌ت به‌ بەرهەمی لاوەکی، لە پەیوەند بە ڕەفتاری ئایینی لە مرۆڤدا. ئێمە ڕێژەیەکی زۆر دەبینین لە خەڵک – لە هەندێک ناوچەدا، دەگاتە لە سەددا سەد – کە هەڵگری بیروباوەڕگەلێکن بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک، ئاشکرا پێچەوانەی بەڵگەی زانستین، هەر وەکوو ئایینە ڕەقیبەکانی تر، کە لەلایەن خەڵكی ترەوە پەیڕەوی دەکرێن. خەڵک نەک تەنیا هەر بە دڵنیایییەکی قووڵەوە دەستیان بەو بیروباوەڕانەوە گرتووە، بەڵکوو کات و سامان تەرخان دەکەن بۆ ئەو چالاکییە پڕخەرجییانەی، کە خۆیان بوونەتە هۆی پەیدابوونیان. لەو پێناوەدا، کوشتار بەڕێ دەخەن یان خۆیان بە کوشت دەدەن.

ئەمەمان بۆ سەیرە، هەر وەکوو چۆن “ڕەفتاری خۆکوژی”ی خورکمان پێ سەیر بووە. بەسەرسووڕمانەوە دەپرسین، بۆچی؟ قسەکە‌ی نوسه‌ر ئەوەیە، کە لەوانەیە پرسیارێکی هەڵە بکەین. ڕەفتاری ئایینی لەوانەیە کارێکی سەرنەگرتوو بێت، بەرهەمێکی لاوەکیی جێی داخی مەیلێکی زگماکی دەروونیی بنچینەیی بێت، کە لە هەلومەرجێکی تردا بەكەڵکە یان بەکەڵک بووە. لەم گۆشەنیگایەوە، مەیلی زگماکی، کە سروشتییانە لەناو باووباپیرانماندا هەڵبژێردراوە، لە خۆیدا ئایین نەبووە؛ بەکەڵک بووە لە هەندێک بواری تردا و تەنیا بەڕێکەوت بەیانی خۆی دەکات وەکوو ڕەفتارێکی ئایینی. ئێمە لە ڕەفتاری ئایینی تێدەگەین، تەنیا پاش ئەوەی کە ناوێکی ترمان لێناوە.

ئینجا ئەگەر ئایین بەرهەمی لاوەکیی شتێکی ترە، ئەو شتەی تر چییە؟ “هاوشت” ی خووی ئاڕاستەکردنی خورک، بە هۆی ڕێنمای ڕووناکیی شتی ئاسمانییەوە، چییە؟ ئەو تایبەتمەندییە کەڵکدارە سەرەتایییە چییە، کە هەندێک جار هەڵە دەر دەچێت و ئایینی لێ دەکەوێتەوە؟ نوسه‌ر لێره‌دا بۆ ڕوونکردنەوە‌ی بابه‌ته‌که‌ی نموونە له‌ سه‌ر منداڵان ده‌هێنته‌وه، نوسه‌ر ده‌ڵێت ئێمە بە هۆی ئەو ئەزموونە کەڵەکەبووەی باووباپیرانمانەوە، ژیان بەدەر دەبەین و بۆ ئەمەش پێویست دەکات ئەو ئەزموونانە بگوێزرێنەوە بۆ منداڵان، بۆ پارێزگاریکردن و خۆشگوزەرانییان. لە ڕووی بیردۆزییەوە، دەکرێت منداڵان بەپێی ئەزموونی کەسیی خۆیان فێر ببن، زۆر نزیکی قەراغی کەندەڵان نەکەونەوە، تووتڕکی سووری نائاشنا نەخۆن، لەناو ئاوێکدا مەلە نەکەن، کە تیمساحی تێدایە. بەڵام پێویست بە وتن ناکات، مێشکی منداڵ بژاردەیەکی بەكەڵک دەکات، ڕێسای پەنجەگەورە بەهەند وەر بگرێت و بڵێت: بێ هیچ چەندوچوونێک، گەورەساڵان هەرچییەکیان وت، باوەڕیان پێ بکە. گوێڕایەڵی دایکوباوکت بە، ملکەچی بەساڵاچووانی خێڵەکەت بە، بەتایبەتی کاتێک کە بە دەنگێکی غەمناک و ترسێنەرەوە دەدوێن. بێ هیچ ئەملا و ئەولایەک، متمانە بکە بەوانەی لە خۆت گەورەترن. ئەمانە بەگشتی یاسایەکی بەکەڵکن بۆ منداڵ. بەڵام، هەر وەکوو ئەوەی لە خروکەکان دەقەومێت، دەکرێت بۆ منداڵانیش هەڵەی لێ بکەوێتەوە.
هەڵبژاردنی سروشتی مێشکی منداڵانی بەو مەیلەوە پێک هێناوە، کە دایکوباوکان و سەرۆکخێڵەکانیان هەرچی شتێکیان وت، ئەمان باوەڕیان پێ بکەن. گوێڕایەڵییەکی وەها متمانەدارانە بەکەڵکە بۆ گیانبەدەربردن: ئەمە هاوجۆری ئاڕاستەکردنە لەلایەن مانگەوە بۆ خورک. بەڵام ڕووی پشتەوەی گوێڕایەڵییەکی متمانەدارانە، خۆشباوەڕییەکی کۆیلەنەیە. بەرهەمێکی لاوەکی، کە هەر دێتە ئاراوە، لەرزۆکە بەرامبەر تووشبوون بە ڤایرەسی بیروباوەڕ. لەبەر بەڵگەگەلێکی زۆر باشی پەیوەنددار بە گیانبەدەربردنی داروینییەوە، پێویستە لەسەر مێشکی منداڵ، متمانە بە دایکوباوکی بکات و بەو گەورەساڵانەی دایکوباوک ڕای دەگەیەنێت، ببنە جێگەی متمانە.
ئاکامێکی خۆبەخۆیی ئەوەیە، کە متمانەکەر هیچ ڕێگەیەکی نییە بۆ جیاکردنەوەی ئامۆژگاریی باش لە خراپ. منداڵ ناتوانێت بزانێت، کە ئامۆژگاریی “لەناو ڕووباری لیمپۆپۆ مەلە مەکە، پڕیەتی لە تیمساح،” باشە، بەڵام ئامۆژگاریی “کاتێک کە مانگ دەچێتە چواردەوە، دەبێت بزنێک بکەیت بە قوربانی، ئەگینا تووشی وشکەساڵی دەبین،” لە باشترین حاڵەتدا، بەفیڕۆدانی کات و بزنە. هەردوو پێوتنەکە، وا دەر دەکەون وەکوو یەک جێگەی متمانە بن. هەردووکیان لە سەرچاوەیەکی بەڕێزەوە دێن و بە جیددییەتێکی فرە گرنگەوە دەگەیەنرێن، کە ڕێز و داوای جیبەجێکردنیان پێ دەبەخشێت.
هەمان شت دەکرێت بوترێت لەبارەی جیهان، گەردوون، ڕەوشت و سروشتی مرۆڤەوە. هەروەها زۆر ڕێی تێدەچیت، کاتێک منداڵەکە گەورە دەبێت و منداڵی خۆی دەبێت، هەموو ئەو شتانەی لە هەمانەکەیدا، بە چاک و خراپەوە پێی بدات – بە بەکارهێنانی هەمان ڕەفتاری بەشکۆی درمهەڵگرەوە. ڕابەرانی ئایینی زۆر باش ئاگاداری ئەم خاڵە لاوازەی مێشکی منداڵن و ئەو گرنگییەن، کە دەبێت هەر لە زووەوە گۆش بکرێت. هەر لەم پەیوەندەدا، جیژوێت ێک شانازی بە خۆیەوە دەکات، ”حەوت ساڵی یەکەمی ژیانی منداڵێکم پێ بدە، پیاوێکت پێ دەدەم”.

Previous
Next
Kurdish