Skip to Content

دەنگدانەوەی کردارەکانمان … و: محەمەد بەرزی

دەنگدانەوەی کردارەکانمان … و: محەمەد بەرزی

Closed
by ئازار 18, 2019 General, Kids Literature

دەنگدانەوەی کردارەکانمان

جارێکیان باوکێک لەگەڵ  منداڵەکەیدا ،   بە ناو  دارستانێکی  چڕی پڕ لە شاخ و   گرد و تەپۆڵکەدا دەڕۆیشتن .  لە ناکاو منداڵەکەی نووچێکی دا و بە سەردەمدا  کەوت و لە تاو ئازار هاواریکرد و وتی : ئای .  ئەوەی سەیر بوو دەنگی (  ئایەکە )  لە شاخەکەوە وەک خۆی گەڕایەوە .  منداڵەکە زۆر لەو دەنگە  سەری سوڕما ، بۆیە هەر زوو هاواریکردەوە :  تۆ کێیت ؟ .  ئەمجارەش دەنگی ( تۆ کێیت )  لــە شاخەکەوە گەڕایەوە .  منداڵەکە بەمە زۆر تووڕە بوو ، بۆیە هەتا توانی  هاواریکرد و وتی :  تۆ دەبەنگی ،  سەرلەنوێ دەنگی(  تۆ دەبەنگی )  وەک خۆی گەڕایەوە .

منداڵەکە زۆر لەوە بێزار بوو ، ئنجا پرسیاری لە باوکی کرد و وتی : بابە گیان : بە ڕاستی من سەرم سـوڕمـاوە ، ئــەوە چییە ڕوودەدات ؟ . ئەی ئەوە کێیە لەوبەرەوە بەو شێوەیە وەڵامم دەداتەوە ؟ .
باوکەکەشی لە وەڵامدا وتی : کوڕی خۆم ئێستا بە چاکی گویێ لە باوکی خۆت بگرە ، ئنجا هاواریکرد : تۆ کەسێکی زۆر چاکی . هەمان دەنگی ( تۆ کەسێکی زۆر چاکی ) وەک خۆی گەڕایەوە . سەرلەنوێ باوکی هاواریکردەوە : سوپاس بۆ تۆ . بەهەمان شێوە دەنگی ( سوپاس بۆ تۆ ) گەڕایەوە .. منداڵەکە زۆر سەری سوڕمابوو و نەیدەزانی چۆن چۆنی ئەو دەنگانە دەگەڕینەوە .
پاشان باوکی زۆر لەسەرخۆ وتی : گیانەکەم ، خەڵکی بەوە دەڵێن دەنگدانەوە . بەڵام ئەوە یەکێکە لە ڕاستییەکانی ژیان ، چونکە ژیان بریتییە لە دەنگدانەوەی کردارەکانمان . چیی پێشکەش بە خەڵکی بکەین ، جا باش بێت ، یان خراپ . خەڵکیش هەمان شتمان پیێ دەبەخشنەوە ، چیش بچێنین ، هەر هەمان شت دەدرووینەوە .
جا منداڵە خۆشەویستەکان : چیی بکەین بۆ خەڵکی ، ژیانیش هەمان شتمان بۆ دەگەڕێنێتەوە . ژیان بەسەرهات و ڕێکەوت نییە ، بەڵکو سێبەری کردارەکانمانە ، بۆیە پێویستە هەمیشە کار و کردەوەکانمان باش بێت .


تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئنگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە .


mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish