Skip to Content

لەسەر رووداوە تێرۆریستییەکەی نیوزییلاند … کامیار سابیر

لەسەر رووداوە تێرۆریستییەکەی نیوزییلاند … کامیار سابیر

Closed
by ئازار 18, 2019 General, Opinion, Slider

Terrorism in both forms (religious and nationalism) are the cognizance and identity of fascism.
All kind of Phobias (Xeno, Anglo, Islamo, Christo, Americo, Judeo, Russo, Hindu) are elements of terrorism whether in thought or practice.


دونیای پڕ لە موفارەقە و دوو روویی ئایدیۆلۆژیستەکان، لە جەوهەری رووداوەکاندا دەردەکەوێت. ئایا دەکرێ تێرۆریزم، رەنگێکی باش و رەنگێکی خراپی، هەبێت؟ دەکرێ گرووپێکیان لە گرووپێکی تر، بە کارە باشەکانیان جودا بکرێنەوە؟ تێرۆریزم ئەگەر لە ئیسلامییە رادیکاڵەکانەوە بێت، یان لە مەسیحییە توندڕۆکان و جووە فەندەمێنتالیستەکانەوە، یاخود لە ناسیۆنالیستە سپیی پێستەکانەوە( White supremacism) بێت، جیاوازییەکەیان تەنیا لە قەبارە و وەحشییەتی تاوانەکانیاندا، بەراورد دەکرێن، نەک جوداکارییان تێدا بکرێت.
بەشێک لەو ئیسلامییانەی کە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی( بەتایبەت مۆتیڤە سیاسییەکەی)، کەڕوکوێری کردوون، جگە لە خورافاتە ئایدیۆلۆژییەکانی خۆیان، بڕیاریان داوە، هیچ حەقیقەتێکی تر نەبیینن. راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەنزیین دەکەن بە ئاگری راسیزم و تێرۆریزمێکدا کە خەڵک و دیینداری موسڵمانان، یەکەمیین سوتەمەنیی ئەم فاشیزمە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەن، لە سکەیڵی گەورەدا پێیدەگوترێ جیهادی تێرۆریزم.


بۆ نموونە، سەرۆک وەزیرانی نیوزییلاند، زۆر جەرییئانە و عەقڵانییانە، نەک هەر ئیدانەی کارە تێرۆریستییەکەی( کوشتنی ٥٠ موسڵمانی نوێژکار) کرد، بەڵكو لە رووی سیاسییەوە بە “تێرۆریزم”ی ناساند. وەکو تەقدیریش بۆ قوربانییەکان، پەچەی ئیسلامیی بەسەریادا و چووە پرسەیان، پۆلیسی ئەو وڵاتە لە راوەدوونانی تێرۆریستە سپیی-پێستەکەدا( کە ئوسترالییە) گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، لە کاتێکدا تێرۆریستەکە، چەندیین چەکی مۆدێرنی ئۆتۆماتیکیی پێبوو، پۆلیسەکانیش چەکی قەناصی تایبەت بە تێرۆریان پێبوو، زۆر بە ئاسانیی دەیانتوانی بیکوژن، بەڵام موجازەفەیان بە ژیانی خۆیانەوە کرد و هەر بە ئۆتۆمبیل کەوتنە سەری و تەنگاویان کرد، بە زمانی شەعبیی بە سەیارەکانیان شکاندیانەوە سەری و دەستبەسەریان کرد. کەمتر لە ٢٤ سەعات، دوای کارە تێرۆریستییەکە، بردیانە بەردەم دادگا و دانی بە تاوانەکەدا نا. نایکوژن، بەڵی بە قانون و بەدەستور، حوکمی ئیعدام نییە، بەڵكو زیندانی هەتاهەتایی هەیە.


لە ئوسترالیا، چیی روویدا؟ سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن کە چەند مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردن، نەیانکردە ذەخیرەی کەمپەینی هەڵبژاردن، بەڵکو راشکاوانە ئیدانەی کارە تێرۆریستەکەیان کرد و داکۆکییان لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەکولتووریی کرد. لەوەش واوەتر، سێناتۆرێکی سپیی پێستی راسیست، زینۆفۆبیای خۆی لە ناماقووڵییەکی سیاسیی و حەماقەتێکی ئایدیۆلۆژییدا هەڵڕشت کە ئەمە ناوەڕۆکەکەیەتی” وێڕای ئەوەی سەرزارەکیی ئیدانەی کارە تێرۆریستییەکەی کردبوو، بەڵام لە کۆتاییدا گوتبووی ئەمە فۆبیای خەڵکی ئەم وڵاتانەیە لە هیجرەی موسڵمانان…” لەسەر ئەمە گەنجێکی ١٧ ساڵیی( سپیی پێستی ئینگلیز، بە رەچەڵەک ئەوروپیی) زۆر ئازایانە، هێلکەیەکی دا بە تەپڵی سەریدا و بە مۆبایلیش ریکۆردی کرد، وێڕای ئەوەی کەناڵی رەسمیی 7 ی ئوسترالییش راستەوخۆ، پەخشی دەکرد”. لەبەر ئەوەی تاوانبارەکە سێناتۆرەکە بوو، تاوانی هەڵاواردن و راسیزم بوو، گەنجەکە هیچ سزایەک نایگرێتەوە. کار گەیشت بەوەی تەواوی هێزی قانون “full force of law” بەسەر ئەو سێناتۆرەدا بسەپێنرێت کە بە بۆکس وەڵامی گەنجەکەی دایەوە.


سەرجەم مێدیا، حکومەت و حیزبەکان( بە راستڕەوەکانیشەوە)ی ئوسترالیا، زۆریینەی سیاسیی، رۆشنبییر و نوخبەکان، ئیدانەی ئەم کارەیان کرد، سەرۆک وەزیر و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن، جەختیان لەوە کردەوە، قسە ناماقوڵەکانی ئەو سێناتۆرە لە کۆمەڵگەی فرەکولتووریی و فرەزمانیی ئوسترالیادا، جێگەی نابێتەوە. شەپۆلێکی بەرفراوان لە پەرۆشیی و غەمخۆریی لە ئاستی ئوسترالیا، نیوزییلاند و جیهان، بۆ قوربانییانی موسڵمانان لەو دوو مزگەوتەدا هەیە، ئیدانەی ئەم کارە تێرۆریستییە دەکەن و داوای پێکەوەژیان، ئاشتیی و تەبایی نێوان دیینەکان، مەذهەبەکان و خەڵکانی بێدیین دەکەن. هەموو ئەوانەی سەرەوە، دڵی تیینووی ئیسلامییە ئایدیۆلۆژیستەکان ناشکێنێ و لەبەرامبەر تێرۆریزمی سپیی پێستەکاندا، داوای وەڵامدانەوە یان لای کەم غوبنی ئایدیۆلۆژیی و تێرۆری ئیسلامیی دەکەن و بەناوی خوداوە قسە دەکەن و داوای ئەوە دەکەن کە ئیرهابی خودا بەسەر کافران! و موشریکاندا، بسەپێنرێت!

خەلەلە ئایدیۆلۆژییەکە لێرەدایە، ئەگەر ئیسلامییەکان، بە چاوی تۆڵەوە، سەیری مێژوو بکەن و بڵێن ئینگلیزەکان و ئەوروپاییەکان، لە رابردوودا، صەدان ساڵ، وڵاتانی ئیسلامیی، ئەفریکایی، ئەمێریکای لاتین و ئاسیایان داگییرکردووە، ئەوە ئێمەش مافی خۆمانە لە رۆژئاوا داوای جێکەوتکردنی شەریعەتی ئیسلام، قانونە ئیسلامیی و حوکمە ئیلاهییەکان( لە جوغزی قورئانەوە) بکەین، رێک ئەمە وێڕای ئەوەی حیقدی ئایدیۆلۆژیی و رقی کوێرانەی دیینییە، هاوکات بەریەککەوتنی دیینەکان، خوێنڕشتنی زیاتر و نەفییکردنی ئەوانی ترە. جیاکردنەوەی مرۆڤەکانە لەسەر بناغەی بێ دیین و دییندار( لەناو دییندارەکانیشدا تەنیا ئیسلامییەکان و لەناو ئیسلامییەکانیشدا تەنیا سوننە). بۆ ئەوەی تۆلێرانسی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامییە رادیکاڵەکان هەر ئایدیۆلۆژیستێکی تر، تاقیبکەنەوە، بیانخەنە بەردەم ئەم پرسیارانەوە:-

١- مێژوو، ئەو حەقیقەتانە جەخت لێدەکاتەوە کە جووەکان لە مەککە و مەدینە، لە بەغداد، هەولێر و سلێمانیی، لە ئورشەلیم( قودس) و ئیسرائیل، لە سوریا و ئوردون، ناوچە عەرەبییەکان و وڵاتە ئیسلامییەکاندا، پێش ئیسلام، بوونیان هەبووە. ئایا ئەگەر جوولەکەکان بیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ ئەو وڵاتانە و داوای کردنەوەی پەرستگەی خۆیان بکەن، ئەصڵەن هەر مێنتاڵیتیی ئیسلامییە ئایدیۆلۆژیستەکان، رێگە بە گەڕانەوەیان دەدات تا رێگە بە کردنەوەی مەعبەد بدەن؟ دواتریش داوای ئەوە بکەن نابێ ئەحکامی ئیسلامیی و قورئانیی بەسەرماندا بسەپێنرێت؟ بێگومان، وەڵامەکەی روونە. لەبەرامبەردا، چەند هەزار مزگەوت لە وڵاتانی رۆژئاوا کراونەتەوە، ئێستا هەندێکیان دەڵێن بانگی محەمەد بە ئاشکرا خۆشە و دەبێ مزگەوتەکان بە بڵندگۆی گەورە، روو بە شەقام و گەڕەکەکان، بانگ بدەن! لەوە تێناگەن ئەمە پێشلێکردنی مافی هەموو ئەوانەیە کە باوەڕیان بە ئیسلام، بە خودا و بە هیچ دیینێک نییە و جۆرێکە لە قەڵسکردن و بێزاریی، بگرە سەرکوتکارییش.


٢- ئیسلامییەکان( بە موسڵمانە ناسیاسییەکانیشەوە)، کۆمۆنیست و چەپەکان، نەتەوەیی و هەموو ئەوانەی بۆ ژیانێکی باشتر روویان لە رۆژئاوا کردووە، بە منی ئەنتی هەموو ئایدیۆلۆژیایەکیشەوە، ئایا بۆچی هاتووین، بۆ ژیان و گوزەرانێکی باشتر نەهاتووین، ژیانێک کە لای کەم، مافی مرۆڤ، دێمۆکراسیی و ئازادیی، لای خۆمان زیاتر تێدا بێت؟ دەی هەزاران (ئیسلامیی، کۆمیونیست و ناسیۆنالیست) ی ئەو وڵاتانەی کۆچیان لێوە کردووە بە تایبەتییش کوردەکان، لە رۆژئاوا، داوای تەطبیقکردنی شەریعەتی ئیسلامیی دەکەن؟ داوای شۆڕشی پڕ لە زەخرەفەی چینایەتیی دەکەن؟ یان نەتەوەییەکانمان، لێرەوە، داوای رقبوونەوە لە عەرەب، لە عێراق و فشەی سەربەخۆیی بۆ گەلێکی بێدەرەتانی وەکو کورد دەکەن، ئەگەر بۆیشیان بکرێ، کەسوکاری خۆیان بە هۆز و بە عەشیرەتەوە، لە کوردستان دەردەکەن و بۆ فەسادخانە!ی عەلمانیی، بۆ سەرمایەداریی و وڵاتانی رۆژئاوایی، دەبەن! هەموو ئەمانەی سەرەوە، موفارەقە، چەندڕوویی و ناعەقڵانیی مرۆڤە ئایدیۆلۆژییەکانی کوردمان ( ئیسلامیی، کۆمیونیستیی و ناسیۆنالیستیی) بۆ دەردەخات.

٣- دەی چەند ئیسلامیی، چەند سەلەفیی و ئیخوانییتان بیینی ( جگە لە ئیشی بیزنس) بۆ ژیان و خۆشگوزەرانیی، روو لە سعودییە، ئیمارات، قەطەر، تورکیا، ئێران، ئەفغانستان، مالیزیا، برونای، سودان و ئەندەنوزیا…تاد بکەن؟ وێڕای ئەوەی وەریشیان ناگرن. هەمان شتیش بۆ کۆمیونیستەکان راستە، کەسیان روو لە کوبا، ڤەنزوێلا، سۆڤیەتی جاران، یان تەنانەت چینە شەعبییەکەی ئێستا و جارانیش بکات و بچن شیوعییەتی تەحریفیی لەوێ راست بکەنەوە و شۆڕشی کرێکاریی و خەتی لێنینیزم و ترۆتکسیزم، یان مارکسیزمە ئۆریجناڵەکە، ببووژێننەوە؟ دەی ئەو هەموو نەتەوەپەرست و نەژادپەرستەی کورد کە لە هەندەرانەوە بەیعەتیان بە ناسیۆنالیزمی نەژادیی-کوردیی دەدا و شەڕی طائیفیی و نەتەوەییان، دەمەزەرد دەکردەوە، چەندیان ئامادەبوون بچن مل بە حەشدی شەعبیی و سوپای عێراقەوە بنێن؟ ئەم سێ ئایدیۆلۆژیایەی سەرەوە، بەتایبەتییش ئیسلامییەکان، هەموو عەقڵ و لەشیان، پارادۆکسە و ناتوانن لە پێکەوەژیان، لە یەکترپەژراندن و لەوەی نابێ هیچ دیینێک و هیچ ئەحکامێکی قورئانیی بسپەپێنرێت بەسەر کۆمەڵگەدا( بەتایبەتیی لە رۆژئاوا)، تێناگەن، یان نایانەوێت تێبگەن.

٤- راستە شەپۆلێکی راسیزم و ناسیۆنالیزمی سپیی پێست، لە وڵاتانی رۆژئاوا، شەپۆل دەدات، لەسەروو هەموویشیانەوە، راسیستێکی وەکو ترەمپ، سەرۆکایەتیی ئەمێریکای بەدەستەوەیە و هاندەری ئەم فاشیزم و راسیزمەی سپیی پێستەکانە دەرهەق بە نەتەوە، گەل، زمان، نەژاد و دیینەکانی تر، بەڵام وەڵامدانەوەی راسیزم بە راسیزم، فاشیزم بە فاشیزم، ناسیۆنالیزم بە ناسیۆنالیزم، بەشەرییەت بەرەو فەنابوون و قەتڵوعامی زیاتر دەبات.

٥- راستە پێوەری جۆراوجۆر( کە ناعەدالەتییە) بۆ قوربانییانی دەستی تێرۆر لە فڕانسە، لە شەنگال، لە میانمار، لە فەڵەسطین، لە سوریا، لە یەمەن و لە ئەفغانستان، جێکەوت دەکرێن، بەڵام کاتێ تێرۆر ئیدانە دەکەیت، دەبێت ماکەکەی( دیینیی بێت، نەتەوەیی بێت، کولتووریی بێت یان هەر شتێکی تر) بە توندیی و بە پرەنسیپەوە، ئیدانە بکەیت. لە کاتی شەڕی داعشدا، هەزاران ئیسلامیی ئایدیۆلۆژیست، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، نەک ئەو تێرۆریزم و ئێثنۆسایدەی دەرهەق بە ئێزیدییەکان کرا لەسەر دەستی خەلافەتی داعش، ئیدانەیان نەکرد و داعشیان بە تێرۆریست نەناساند، بەڵکو زۆر تیینیان بگەیشتایە، بە عەقڵییەتی لاهوتیی خۆیان دەیانگوت داعش بە هەڵە لە ئیسلام گەیشتووە، بەڵام کافر نیین و موسڵمانن! تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت ئەو هەموو فاشیزمە ئەردۆغانییەی دەرهەق بە گەلی کورد دەکرێ، چاویان بەرایی نادات، ئیدانەی بکەن! ئەو فاشیزم و راسیزمەی خێڵی حوکمڕانی سعودییە دەرهەق بە یەمەنییە هەژارە پەراسوو دەرکەوتووەکان دەیکەن، لای هیچ ئیسلامییەکی سوننیی -ئایدیۆلۆژیی، ئیدانە ناکرێت، چونکە قوربانییەکان لە حوثییە شیعەکانن، لای ئەم طائیفییە ئایدیۆلۆژیستانە، کوشتنی شیعە لە کوشتنی جوولەکە، فەرضترە و جیهادەکەی مەقبولترە.

٦- هاوزەمان، لە کاتی ئاوارەییەکەی عەرەبە عێراقییەکاندا، دەیان ئەکادیمیست و نووسەری کوردمان بیینیی، بانگەوازی ئەوەیان دەکرد کە عەرەبی ئاوارەی ناوەڕاست و باشوور عێراق، کوردستانیان داگییرکرد، نابێ خانوویان بدرێتێ و دەبێ ببرێنە دەرەوەی شارەکان، پییس و پۆغڵن، منداڵانی کورد دەتوقێنن و چاوی نامەحرەمیان لەسەر کییژانی کورد، دەسوڕێنن و شەهامەتی نێرسالاریی کوردایەتییان، تەخشان دەکرد، کەس لەم ئیسلامییە ئایدیۆلۆژیستانە، نوطقیان لێوە نەهات. وێڕای ئەوەی ئەمە راسیزم بوو لە ناسیۆنالیزمی کوردییەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام ئەم ئیسلامییە ئایدیۆلۆژییانە، بەیەک دێڕیش ئیدانەی ئەم حەماقەتە نەتەوەییەی نەتەوەپەرستەکانی کوردیان نەکرد، چونکە مۆتیڤێکی هاوبەشی داعشییانە، پانتورکییانە، خەلیجییانە و نەتەوەییانەی( ناسیۆنالیزمی کوردیی) هەبوو. هەموویان لە ناسیۆنالیزمی دیینیی-طائیفییدا، ئاوێزان دەبوون.

لە کۆتاییدا، ئەوەمان بییر نەچێت، زۆریینەی هەرە زۆری گرووپە ئایدیۆلۆژییە ئیسلامییەکان، بە هەردوو رەهەندە سەلەفیی و ئیخوانییەکەیەوە( وێڕای ئەوەی سەلەفییەکان، بە ئیخوانییەکان دەڵێن بەشێکن لە ماسۆنییەتی رۆژئاوایی و ئیخوانییەکانیش بە سەلەفەییەکان دەڵێن بیدعەچیی و موبایەعە بە ستەمکاران و دەسەڵاتدارانی وڵاتە ئیسلامییەکان دەدەن)، پەروەردەی ژوورە موخابەراتییەکانی رۆژئاوان و لە چەرخی رابردوودا، وەکو باندی تێرۆریستیی دژی شەپۆلی شیوعییەت و چەپ، بەکارهێنران و ئێستایش بۆ ئەجێندای ئیقلیمیی و باڵانسی هێز لەلایەن رۆژئاواوە هەر بەکاردەهێنرێن. ئێستایشی لەگەڵدا بێت، وێڕای ئەوەی شیوعییەتەکەی ستالینیزم و لێنێنیزم هەرەسی هێنا، بەڵام ئەو فۆبیایەی لە لایەن ئیسلامییەکانەوە، بەرامبەر بە روسەکان، بە کۆمیونیستەکان و چەپەکان هەیە کە زیاتر ناسراوە بە رەسۆفۆبیا(Russophobia)، بەرامبەر بە جوولەکەکان و لۆبیی زایۆنیستەکانیش نییانە. هۆکارەکەی مەعلومە، چونکە عوقدە ئایدیۆلۆژییەکە ئەوەندە گرێ کوێرەکەی توند کراوە، کردنەوەی ئەو عوقدانە، زۆر کاتیان دەوێت.
بەڵێ تێرۆریزم بەهەردوو فۆرمەکەیەوە( دیینیی و نەتەوەپەرستیی)، ئیدراک و ناسنامەی فاشیزمە. بە دڵنیاییشەوە، هەموو جۆرەکانی فۆبیا( زینۆ، ئەنگلۆ، ئیسلامۆ،کریستۆ، ئەمێریکۆ،جوودۆ، رەسۆ، هیندو) توخمەکانی تێرۆریزمن، جا لە فیکردا بێت یان لە کرداردا بێت. ئەم دوو دێڕەی کۆتایی، ناوەڕۆکی ئەو دوو دێڕە ئینگلیزییەی سەرەوەیە.

سەرنج:-

زینۆفۆبیا:- رقبوونەوە، ترس و بێباوەڕیی لە کەسانی بیانیی( زمان، کولتوور، نەتەوە و وڵاتی تر). ئەنگلۆفۆبیا بۆ وڵاتە ئینگلیز باکگراوند و ئەوروپییەکانە، ئیسلامۆفۆبیا بۆ ترس و بێمتمانەیی بە ئیسلامە، کریستۆ بۆ کریستیانە( مەسیحییەت)، جوودۆ، بۆ جوولەکەکانە( یان, ئەنتی سێمیتیزم= دژە سامیی) …تاد

Previous
Next
Kurdish