Skip to Content

گروپی “ڕووناک” پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”ی چینی بەدەستهێنا

گروپی “ڕووناک” پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”ی چینی بەدەستهێنا

Closed
by ئازار 25, 2019 Cinema, General

مەنسوور جیهانی ـ گروپی “ڕووناک” بە سەرپەرەستی گۆرانیبێژی کورد “کەیوان عەلی محەمەدی” پلەی یەکەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” لە وڵاتی چینی بەدەستهێنا.

گروپی مۆسیقای “ڕووناک” بە سەرپەرەستی موزیکزان و گۆرانیبێژی کورد “کەیوان عەلی محەمەدی” لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” Silk Road لە وڵاتی چین بەشداریی کرد و لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن و هەروەها لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری “شیان” Xian بە مێژووی زیاتر لە سێ هەزار سال و یەکێک لە چوار پێتەختی باستانی و ناوەندی پارێزگای “شا.ئان.شی” کۆنسێرتی پێشکەش کرد و لە لایەن هۆگرانی موزیکەوە پێشوازیی لێکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە هونەرییەوە پلەی یەکەم بەم گرووپە موزیکە بەخشرا.

بەشداریی 12 گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جیهان
“کەیوان عەلی محەمەدی” سەرپەرەست و گۆرانیبێژی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێڕت لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” لە وڵاتی چین گوتی: ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی 12 گرووپی مۆسیقا لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: هێندستان، بڕازیل، ئیسپانیا، ئازەربایجان، تورکیا، سێربستان، ڕووسیا، گورجستان، ئێران و چەندین وڵاتی دیکە پێش کۆتایی هاتنی سەری ساڵی نوێی و جەژنی نەورۆزەوە بەڕێوەچوو و گروپی مۆسیقای “ڕووناک” لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی 11 کەسییەوە وەکوو باشترین گرووپی فۆلکلۆری ئەم فێستیڤاڵە دەستیشانکرا.

مانگێک کۆنسێرت لە شاری “شیان”ی چین
گوتیشی: ئەم فێستیڤاڵە بە ماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوەچوو، بەڵام تا ڕادەیەک کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای “ڕووناک”، گۆرانییەکان و جلووبەرگی کوردیی و نەتەوەکانی دیکە و هەروەها زمان و زاراوە جۆراوجۆرەکانی ئێمەیان پێی خۆش بوو کە نزیکەی مانگێک لە “شیان” کۆنسێرتمان پێشکەش کرد. شیان شارێکی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی گرینگی پیشەسازیی، زانستی و تەکنۆلۆژیا، پەروەردە و کەلتووریی، بازرگانی و ئابووریی وڵاتی چینە و لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی زۆر باش لە بەرنامەکانمان کرا بە شێوەیەک کە هەر ڕۆژ نزیکەی 5 هەزار کەس کۆنسێرتەکانی ئێمەیان لە نزیکەوەی دەبینی و بە بڕوای من، ئەم بەرنامانە یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو.

بینینی 5 هەزار کەس لە هەر کۆنسێرتێکی گروپی مۆسیقای “ڕووناک”
گوتیشی: ئێمە یەکەمین کۆنسێتی خۆمان لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” لە هۆڵی ئۆپێڕای گەورەی پیکەن سازکرد کە هەندێک لە بەرپرسانی باڵای چین، باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان و هەروەها هۆگرانی موزیک تیایدا بەشدارییان کرد کە پێشوازییان تا ڕادەیەک بوو کە کۆنسێرتەکانی دواییمان لە شوێنی سەر ئاوەڵای شاری شیان بەڕێوەبرد، کە لە هەر کۆنسێرتێکدا نزیکەی 5 هەزار کەس لە نزیکەوە بەرنامەکەی ئێمەیان بینی.

پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان
ئەم گۆرانیبێژە کوردە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”، ساڵی نوێی چینییەکانیش بوو کە ڕێوڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە هۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئەم ڕووداوە هونەرییە لە لایەن گروپی مۆسیقای “ڕووناک”، ئێمەیان بۆ پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە سەری ساڵی چینییەکان هەڵبژارد و لەم بەرنامەیەشدا کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و بە هۆی پێشوازیی باشی خەڵکییەوە، بۆ ماوەی 20 ڕۆژ کۆنسێرتیان بۆ ئێمە دانا.

ئاهەنگی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران لە چین
گوتیشی: شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”، یەکێک لە باشترین کۆنسێرتەکانی ئێمە لە وڵاتی چین بوو، چونکە توانیمان بە پێشکەش کردنی گۆرانییە کوردییەکان و هەروەها گۆرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئێران و هەروەها بڵاوبوونەوەی دیمەنە ناوچە سەرنجڕاکێش و گەشتیارییەکانی ئێران لە پشت سەرمانەوە بۆ چینییەکان و گەشتیارە بیانییەکان لە وڵاتانی جۆراجۆری جیهانەوە، دابوونەریتی کوردەواریی و زمان و هەروەها جلووبەرگی خۆمان نمایش بکەین کە لە لایەن خەڵکییەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکرا. تەنانەت خەڵکی لە شەوەکانی دوایی کۆنسێرتدا هۆگرییان بە گۆرانییەکانی ئێمە بەتایبەت گۆرانی “ڕەعنا” هەبوو و هاوکات لەگەڵ ئێمە گۆرانییەکانیان دەگووتەوە.

ماڵئاوایی چینییەکان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە
ئەم ژەنیارە بەئەزموونەی ئامێری دەف لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: پێشوازیی هۆگرانی موزیک لە کۆنسێرتەکانی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” لە وڵاتی چین تا ڕادەیەک بوو کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ماندوو دەبووین، بەڵام ناچاربووین کە شەو لە دوای یەک، کۆنسێرت پێشکەش بکەین و ژمارەیەکی زۆر لە چینییەکان بە هۆی ئەو هۆگرییەی کە بە گرووپی ئێمە بوویان، لە ڕۆژیی کۆتاییدا بۆ ماڵئاوایی هاتن بۆ فڕۆکەخانە و خۆشەویستی خۆیان بۆ ئێمە دەربڕیی و چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، ماڵئاواییان لێکردین.

پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە فێستیڤاڵی مۆسیقای نەمسا
عەلی محەمەدی سەبارەت بە پێشکەش کردنی کۆنسێرتی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” لە وڵاتی نەمسا گوتی: دوای بەرنامەی سەرکەوتوانە لە شەشەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم”، بۆ بەشداریی لە فێستیڤاڵی مۆسیقای ئێرانییەکان لە شاری ڤییەنا لە وڵاتی نەمسا دەستنیشان کراین و لەوێش کۆنسێرتمان پێشکەش کرد کە لە لایەن ئێرانییەکانی دانیشتووی وڵاتی نەمساوە پێشوازییەکی باشی لێکرا.

گۆرانی کوردیی “لە کۆڵانی تەنگەوبەر” لە چین
سەرپەرەستی گروپی مۆسیقای “ڕووناک” سەبارەت بە پارچە موزیک و گۆرانییەکانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” گوتی: لەم فێستیڤالًَەدا گۆرانی کوردیی “لە کۆڵانی تەنگەوبەر”، گۆرانی بەلووچی “چەمەنی تارا”، گۆرانی گیلانی “ڕەعنا”، گۆرانە لوڕییەکان “تەرە دۆر” و “باروو، باروو”، گۆرانی خوراسانی “لەیلا دەر واکۆن”، گۆرانی ئازەری “نارگیلە”، گۆرانی بەندەری “ڕۆژی هەینی”، گۆرانی بەختیاری “ئەهای گوڵ”، گۆرانی عەڕەبی “مەیحانە”، گۆرانی ئینگلیزی “بهێڵە ژیان بەسەر بەرم” و هەروەها گۆرانییەکی تێکەڵاوی کوردیی، عەڕەبی و هیندیی بە ناوی “کەرەندی”.

کۆنسێرت لە دوورگەی کیش و بەندەری عەسەلووییە بە بۆنەی نەورۆز
ئەم موزیکزانە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی گرووپی مۆسیقای “ڕووناک” بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە گوتی: بڕیاربوو کە رۆژی 19 تاکوو 24ی مارسی 2019 لە شاری پیکەن لە وڵاتی چین و هەروەها دوای ئەویش لە وڵاتی قیبرس کۆنسێرت پێشکەش بکەین کە بە هۆی هاتنی جەژنی نەورۆزی ساڵی پار، لە شاری مۆسکۆ لە وڵاتی ڕووسیا و لە درێژەشدا لە فێستیڤاڵی ڕانیە لە هەرێمی کوردستان، نەمسا، چین و تورکیا کۆنسێرتمان هەبوو، هەر بەم هۆیەوە زۆرم پێی خۆشبوو کە ئەمساڵ بۆ ڕێزلێنان بە هاووڵاتیانی خۆشەویستم، بە پێشکەش کردنی کۆنسێرت لە خزمەتیاندابم. لە شەو یەکەم و دووهەمی نەورۆزدا واتە 19 و 20ی مارسی 2019 لە دوورگەی کیش بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە کۆنسێرتمان پێشکەش کرد و بە گشتیی 8 شەوی دیکەش لە دوورگەی کیش واتە لە رۆژانی 28ی مارس تا 6ی ئەپرێلی 2019 و 5 شەویش لە بەندەری عەسەلووییە لە رۆژانی 22 تا 26ی مارسی 2019 بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە کۆنسێرتمان پێشکەش دەکەین.

زنجیرە کۆنسێرتی گرووپی “ڕووناک” لە وڵاتانی ئەورووپی لە ساڵی نوێدا
ئەم گۆانیبێژە کوردە سەبارەت بە کۆنسێرتە بیانییەکانی گرووپی موزیکی “ڕووناک” گوتی: لە ئێستادا سەرقاڵی بەرنامەداڕێژی بۆ زنجیرە کۆنسێرتە ئەورووپیەکانی گرووپی “ڕووناک”ین. هەروەها لە لایەن سێ شاری وڵاتی چین، شارەوانی ڤییەن لە وڵاتی نەمسا دوو کۆنسێرت و هەروەها دوو کۆنسێرتیش لە وڵاتی ئەڵمانیا داوەتنامەمان بەدەست گەیشتووە کە بە ئومێدی خودا مانگی خەزەلوەری ئەمساڵ، کۆنسێرتە ئەورووپییەکانی خۆمان دەست پێدەکەین.

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆ کلیپێکی نوێی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز
“کەیوان عەلی محەمەدی” لە کۆتایی ئەم چاوپێکەوتنەدا گوتی: بە بڕوای من 2018 ساڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ گرووپی موزیکی “ڕووناک” بە بەراورد لەگەڵ چەند ساڵی ڕابردوو و هیوادارم ئەم ڕووداوە باشە بۆ ئێمە درێژەی هەبێت و لەمساڵیشدا بە گڕووتینێکی زیاترەوە هەنگاو بەرەوپێشەوە هەڵێنین. لێرەشدا ئەو مزگێنییە بە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەدەم کە بە کار و بەرهەمەکانیان خۆشحاڵیان بکەین. هەر بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەوە نوێترین کلیپی خۆمان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا وێنەمان گرتووە، بە شانازییەوە پێشکەش بە خەڵکی خۆشەویست دەکەین.

ئەندامانی گرووپی موزیکی “ڕووناک” لە کۆنسێرتی چین
گرووپی موزیکی “ڕووناک” لە کۆنسێرتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی مۆسیقای “ڕێگای هەوریشم” بریتی بوون لە: کەیوان عەلی محەمەدی ـ سەرپەرەستی گرووپ، دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری دەف و گۆرانیبێژ، کاویان عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری کەمانچە، حانییە عەلی محەمەدی ـ ژەنیاری تار، نێدا ڕەزاییان ـ ژەنیاری نەی ئەنبان، عوود و ئامێرە کوتراوەکان، مریەم مەرزبانی ـ ژەنیاری دەف و نەقارە، موجتەبا شاداب فەر ـ ژەنیاری گیتار باس و مێهرداد مەحموودی ـ ژەنیاری کیبۆرد.

“یەکێتی نەتەوەیی” و “ئاشتی و دۆستایەتی”
گرووپی موزیکی “ڕووناک” ساڵی 2001 بە بەرپرسیاریی “کەیوان عەلی محەمەدی” بە مەبەستی “یەکێتی نەتەوەیی” و “ئاشتی و دۆستایەتی” دەستی بە چالاکییەکانی خۆی کرد، لە سەرەتادا تەرکیزی خستەسەر مۆسیقای نەتەوەکانی ئێران بە جۆرێک کە هەر کام لە مۆسیقای ناوچەیی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەوانە: گۆرانی، ئامێر، زاراوە و جلووبەرگ، توانییان تیایدا ڕەنگدانەوەی بەرچاوی خۆیان هەبێت. گرووپی “ڕووناک” تا ئێستا سێ ئەلبوومی موزیکی بە ناوەکانی “ڕووناک”، “ئێران وڵاتی من” و “حاجی فیرووز” بڵاوکردۆتەوە و لە تەلاری وەحدەتی تاران و شارەکانی ئێران و هەروەها وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لەوانە: ڕووسیا، تورکەمنیستان، کوەیت، مالیزی، فەڕەنسا، ئیماڕات، بەحرەین، ئەڵمانیا، تورکیا، نەمسا، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە کۆنسێرتی پێشکەش کردووە.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی گشتیی گروپی مۆسیقای “ڕووناک”.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish