Skip to Content

دەقی تەمەن …   ناڵە حەسەن

دەقی تەمەن … ناڵە حەسەن

Closed
by ئازار 25, 2019 General, Poems

_ بەشی هەژدەیەم

١
گەر ( تەنیایی زمانی با )
بۆ شیعرەکانم نا
بۆ من دەچەمایەوە
ئەگەر ( عەشق زمانی با )
بۆ من نا
بۆ شیعرەکانم دەچەمایەوە
گەر غەریبیش زمانی با
دەست لەسەرسینگ
بۆ من و بۆ شیعرەکانم دەچەمایەوە …!

٢
تە تە تە تە تە
تەمتومانێکە
بەنێو ئاگرە ئیرۆسییەکانی
ئارەزوودا ڕەتدەبێ
تە تە تە تە تە
تەورێکە تاوێرە بەستەڵەکییەکانی
تەنیایی دەڕووخێنێ
تە تە تە تە تە
تونێلێکە تنۆک تنۆک
لیکە لینجاوییەکانی لێدەچۆڕێ
تە تە تە تە تە
تابوتێکە تاریکی
نێو ئەشکەوتەکانی تیا دەنێژرێ …!

٣
من وام
لەگەڵ ژیان شیعر
لەگەڵ شیعر بەفر
لەگەڵ بەفر ڕووناکی
لەگەڵ ڕووناکی با
لەگەڵ با ئاگر
لەگەڵ ئاگر خەون
لەگەڵ خەون تۆ
لەگەڵ تۆش / عەشق کۆمان دەکاتەوە …!

٤
چەند بەخشندەن
دڵۆپە فرمێسکەکانی تۆ
کە دەبنە مەرەکەبی نووسینەوەی
یادەوەرییەکانی عەشق
چەندە گەورەن
زەردەخەنە نەرمەکانی تۆ
کە دەبنە پەنجەرەیەک
بۆ کۆشکە ڕازاوەکانی تەنیایی

٥
بەهۆی بارانە ئەفسانەییەکانەوە
ڕوخساری تۆ
لەسەر قەد و گەڵای
درەختەکانەوە دەردەکەوێ
یان بەهۆی /
زەردەخەنەی تیشکە سەرمەدییەکانەوە
ڕەنگی چاوەکانی تۆ
تێکەڵ بە سێبەرەکان دەبێ
بۆیە من لە منداڵییەوە
بە درەخت و سێبەر / ئارام دەبمەوە

٦
لەنێو خەیاڵە کوشندەکان / غوربەت
لەنێو غوربەتدا .. خەیاڵە کوشندەکان هەستپێدەکرێن
لەنێو عەشقە قووڵەکان / مردن
لەنێو مردندا .. عەشقە قووڵەکان دووبارە دەبنەوە
لەنێو چاوە سەوزەکان / پەرتبوون
لەنێو پەرتبووندا .. چاوە سەوزەکان وندەبن

٧
من لە نێو تەنیاییدا / ئاگر
لەنێو ئاگردا / دەریا
لە نێو دەریادا / ڕەشەبا
لە نێو ڕەشەبادا / خاک
لەنێو خاک دا / ڕەگێکی چڕ و تێکئاڵاوم
خوداوەندیش ناوی ناوم / ڕەگی شیعر

٨
چ کارەساتێکی خەفەتبارە
ئەوانەی خۆشیان دەوێی
دەیانەوێت عەشقت لەگە‌ڵدا بکەن و
لەگەڵ تۆدا بژین
وا هەستبکەی / ئەوانە دەمێکە مردوون

٩
تەمەنی منداڵی من
بەهەشتێک بوو
لەنێو دۆزەخێکی تاریکدا
هەرجارێک
لاپەڕەکانی ئەوڕۆژانەم هەڵدەدەمەوە
برینەکانم قووڵترو
خەونەکانیشم بەرین و بەرینتر دەبنەوە ..!

١٠
سۆز / ڕێژنەبارانی عەشقە
عەشقیش بەبێ سۆز
گۆڕینەوەی
هەستە ئیرۆسییەکانە و هیچی تر

١١
لەنێو خەونە سپییەکانم
چاوە ڕەشە قەترانییەکانی تۆ
دەبریسکێنەوە و ڕووناکیم پێ دەبەخشن
لەنێو شیعرە ئیرۆسییەکانیشم
سێبەری تۆ
وەک چارۆگەیەکی گوڵگوڵی
بەدوامەوە دەخشێ
هێز بە جەستەی شەکەت و
ئارامیش بە ڕۆحم دەبەخشێ

١٢

دوای مردنم
گوڵ مەهێنن بۆ سەر مەزارم
تا ئەوکاتەی لە ژیان دام
تەنها زەردەخەنەکانتانم
پێ ببەخشن و هیچیتر …!

١٣
لە تەنیشت منەوە
ژنێکیان بەردباران کرد
کە دڵەکەی لە لێدان کەوت
ئاوێنەیەکی بچکۆڵانەیان
لە جانتاکەی دەرهێنا
بە قەڵەمە سوورەکەی لێوی
بە وردی
لەسەری نووسیبوو
( ژیان جوانترە لە مردن …! )

١٤
تەنیا شیعر
من وەک ئەوەی هەم
دەمخوێنێتەوە
بۆیە لەنێو ماڵی مردن
هەمووجارێک
ژیانم پێدەخشێتەوە

١٥
ئێستا نا
س ا ڵ ێ ک ی ت ر
تەنها و تەنها
یەک ساڵیتر
بە مردنی خۆم بێ
یان خۆکوشتن
من بێباک دەبم لە مردن …!

                                                        فێبروەری ٢٠١٩

mm

کورتەیەک لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی ( ناڵە حەسەن ) - ناڵە حەسەن لە ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەولێر لە گەڕەکی تەیراوە لە دایک بووە . - خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە هەولێر تەواو کردووە . - دەرچووی پەیمانگای پزیشکییە لە شاری موسل ١٩٨٦ - ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ( نینا ) بووە . - یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ( کۆمەڵەی هونەری شەبەنگ ) - ئەندامی لیژنەی باڵای ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد ) بووە . - لە منداڵییەوە حەز بەخوێندنەوەی شیعر دەکات و لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی داڕشتنێک لەبارەی ( نەورۆز ) بە شیعر بۆ مامۆستاکەی دەنووسێت .. لە قۆناغی ( ناوەندی ) و ( ئامادەیی ) شیعر دەنووسێت و لەبەر هەستی نەتەوایەتی ناتوانێ لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەوکات بڵاویان بکاتەوە . - یەکەمین شیعری خۆی بەناوی ( من کاروانی بەشمەینەتان جێناهێڵم ) لە گۆڤاری ( ڕابەر ) لە ساڵی ١٩٩١ بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەمین نامیلکەی شیعری بە ناوی ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) بڵاودەکاتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٨ کوردستان جێدەهێڵیت . - لە ساڵی ١٩٩٩ لە کەنەدا دەگیرسێتەوە ، لەوساوە تا ئێستا لە کەنەدا دەژیت . - بە بەردەوامی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکانی دەرەوە شیعر و لێکۆڵینەوە و بابەتەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە . - لە ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ ( خولیا حسێن ) ی شاعیر ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە ، دوو منداڵیان هەیە بە ناوەکانی ( ڕەها و ڕەهەند ) . - لە سایتی ئەلیکترۆنی ( ئەمڕۆ و دەنگەکان و کوردیپێدیا ) لینکی تایبەت بەخۆی هەیە ، زۆرێک لە کتێب و بەرهەمە ئەدەبی و شیعری و وەرگێڕانەکانی لەوێدا دەست دەکەون . ( ناڵە حەسەن ) تا ئێستا ئەم بەرهەمانەی بە چاپ گەیاندوون ١/ ( مۆمێکی نوێی تەمەنم ) ١٩٩٣ شیعر ٢/ ( ڕەشبەڵەکی ڕۆح ) ١٩٩٦ شیعر ٣/ ( عەشق و بەرائەتی ئاو ) ١٩٩٩ ٤/ ( ڕەنگە ئیرۆسییەکانی ئاگر ) ٢٠٠٣ شیعر ٥/ ( نیگایەک بەسە بۆ مردن ) ٢٠٠٧ شیعر ٦/ ( نەرسیسیزم ) ٢٠٠٦ وەرگێڕان ٧/ ( هونەر و فیگەرە جوانەکانی خەون ) ٢٠١١ لێکۆڵینەوە ٨/ ( چەمکە دەروونییەکان و دەقی ئەدەبی ) ٢٠١٢ لێکۆڵینەوە ٩/ ( لەسەر جەستەی ڕووتت لە خاچمدە ) ٢٠١٤ شیعر ١٠/ ( شیعر و چەمکەکانی ، ئیرۆس و ساناتۆس و ئەبەدییەت ) ... ٢٠١٧ لێکۆڵینەوە چاپی ئەنتەرنێت . ١١/ ( ڕووبەڕوو لەگەڵ شیعر ) ٢٠١٨ لێکۆڵینەوە و دیمانە . ١٢/ ( سارا تیسدەیل ، ژنە شاعیری ئەمریکی ) ... ٢٠١٨ نووسین و وەرگێڕان . ١٣/ ( عەشق جوانترە لە مردن ) ٢٠١٩ شیعر ( سەباح ڕەنجدەر - ناڵە حەسەن ) چاپی ئەنتەرنێت . ١٤/ کتێبی یەکەمی ( دەقی تەمەن ) شیعر ٢٠١٩ ١٥/ ( لە دەرەوەی ژیان دەژیم ) ٢٠٢٠ شیعر ( چاپی ئەنتەرنێت ) . ١٦/ ( گەیشتن بە ڕووبەری شیعر ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٧/ ( ئەدەب و ئایدیۆلۆژیا ) ٢٠٢٠ لێکۆڵینەوە . ١٨/ ( کۆڵانە زەردەکە ) ٢٠٢١ شیعر . ١٩/ ( سوور ڕەشێکی نوێیە ) ٢٠٢١ شیعر . ٢٠/ ( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت ) ٢٠٢١ وردە شیعر . ٢١/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی یەکەم ٢٠٢١ شیعر . ٢٢/ ( دیوانی ناڵە حەسەن ) بەرگی دووەم ٢٠٢١ شیعر ، ئەم کتابانەی ئامادەن بۆ چاپ . ١/ ( داهێنان و پەنجەرەیەک بۆ ڕوانین ) .. لێکۆڵینەوە . ٢/ ( خەونی من ) .. شیعر ٣/ کتێبی دووەمی ( دەقی تەمەن ) .. شیعر .

Previous
Next
Kurdish