Skip to Content

649 Views

پێداچوونەوەێەک بە ڕیشەی سەرهەڵدانی جلی ئێستای کوردی دا

پێداچوونەوەێەک بە ڕیشەی سەرهەڵدانی جلی ئێستای کوردی دا

Be First!
by March 25, 2019 General, Opinion, Slider
image_print

نووسینی: سەعید کەرامەت
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: عوسمان ڕەحمانی

جلی کوردی بەتایبەت پیاوانەکەی، چ ڕێگاێەکی تێپەڕاندوە تا بەم شێوەیەی ئەمڕۆی لێ دەرهاتووە؟ شێواز و جیاوازی جلی ئەمڕۆی کوردی کە هەڵسووڕاوانی سیاسی و تەنانەت بەشێکی زۆر لە هونەرمەندانی کورد لە بۆنە کولتووری و هونەرییەکاندا پێوەی دەردەکەون، لەگەڵ شێوازی جل و بەرگی سەدەیەک لەوەوپێشی دانیشتووانی کوردستاندا چییە؟ دەوری ئەم جلە لە ئەزمەی شۆناس دا چییە؟ ئەم بابەتە کۆششێکە بۆ وەڵام دانەوە بەم پرسیارانە.
ئەگەر چاوێک لە بەرنامەی تەلەڤزیونەکانی حیزبە کوردیەکانی دەسەڵاتدار و ئوپۆزسیونەکان بکەین، یان سەرنجمان بخەینە سەر شێوەی جل و بەرگی زۆربەی گورووپە هونەری و کولتوورییەکان، دەبینین لە ماوەی چەند دەیەی ڕابوردوودا جێگاێەکی تایبەتیان داوە بەوەی کە پێیدەوترێت “جلی کوردی”. بۆ نموونە جلی بەڕێوەبەری بەرنامەکانی “نەورۆز تێڤی” گۆرانی بێژانێکی وەک ناصر ڕەزای، حوسەین سەفایی مەنش، نەجمەدین غوڵامی، شوان پەروەر و… یان سیاسەتمەدارانی جۆراوجۆر، لوتکەی کێوێکی سەهۆڵن کە توێژێكی بەرین نیشان دەدا کە ئەم باوەڕە بەرهەم دێننەوە و پێی لە سەر دادەگرن کە جلێک کە لە بەرچاو گشتی پێوەی دەردەکەون، میراتی ڕەسەنی کولتووری بە جێماوە لە ئەژدادی کورد لە سنووری کوردستاندا.

بەدەستهاتە بەڵگەێیەکان ئەم بۆچوونە دەباتە ژێر پرسیار و دەیسەلـمێنێت کە بە پێچەوانەی تێگەیشتنی تا ئێستا، نموونەکان و بەڵگەکانی بەردەستمان نیشانی ئەدەن، کە بە ئەگەرێکی زۆر، جلی ئەمڕۆی کوردی دیاردەێەکی زادەی دڵی کولتوور یان سەنعەتی خۆماڵیی کوردستان نییە. بەڵکە ئەو ڕاستیەمان پێ دەڵێ کە ئەم جۆرە جل و بەرگە، وەرگیراوە لە شێوازی (یونیفورم) “یەنی چری” یان “سپای سەربازی پیادە”ی ئەمپراتوریی عوسمانی لە سەدەی ١٨ و سەرەتای سەدەی ١٩ی زایینی دا.

سپای یەنی چێری
سەرەتا ئاماژە کردنێکی کورت بە چەمک و دەوری “سپای یەنی چری” لە سیستەمی ئەمپراتوریی عوسمانی دا، یارمەتیمان دەکا بۆ باس کردن و بە دەست هێنانی زانیاری لە سەر چۆنیەیتی گۆڕانکاری لە جلی کوردی دا. سپای پیادە یان ئەوەی کە بە ئینگلیزی (Jnissary Crops) و بە تورکی (YeniCeri) پێ دەڵێن، ناونیشانی ئەرتەشی عوسمانی بوو کە لە چەند سەدەی سەرەتای دامەزراندنی دا، ئەندامەکانی بە زۆری لە کەسانێک بوون کە لە ئاکامی شەڕە داگیرکاریەکانی ئەو دەوڵەتە لە کۆمەڵگا نا ئیسلامیەکاندا بەدیل دەگیران. ئەم کەسانە کە بە زۆری گەنج و کەم تەمەن بوون، لە لایەن عوسمانیەکانەوە ڕاهێنانیان پێ دەکرا و دواتر وەک سەربازی تایبەت، یان فەرمانبەری ئیداری لە ناوچە جۆراجۆرەکاندا بەکار دەهێنران. ئەم سوپایە کە لە ساڵی ١٣٨٣ی زایینی دا دامەزرا، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بوو بە یەکێک لە کارامەترین ئەرتەشەکانی دونیا لە سەردەمی خۆیدا، وە لە ماوەی چەندین سەدەدا بەردەوامی و بەرینبوونەوەی ئەمپراتوریەتی عوسمانیی پاراست. بوونی ئەم دامەزراوەیە ئەم دەرفەتەی بۆ ئەمپراتوریی عوسمانی ڕەخساند کە سنووری دەسەڵاتی سیاسیی خۆی لە ناوچەیەکی بچووکی ئاناتولیەوە بەرەو بەشێکی سەرەکیی ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرتاسەری باکووری ئەفریقا و قەفقار بەرین بکاتەوە. نەزم و ڕێکخستن، یەکێک بووە لە هێما سەرکەوتوو و تایبەتمەندیەکانی ئەم ئەرتەشە لە سەدەکانی ناوەڕاست. جلی یەکدەست و هەراو بۆ جموجوڵ و گواستنەوەش بە یەکێک لە تایبەتمەندیە کارامەکان لە چۆنایەتی نەزم و دیسیپلینی ئەم دامەزراوەێە دەژمێردرا.
جل و بەرگی سپای یەنیچێری شتێک هەر وەک جلی ئێستای کوردی بوو. لە هەمان کاتدا، جلی باو لە نێوان توێژە نا سەربازیەکان و دەوڵەمەندەکانی عوسمانی دا نزیک لە جل و بەرگی مەلاکانی ئێستا بوو، بەڵام ئەندامانی سپای یەنیچری مەجبوور بوون بە لەبەر کردنی یەکپۆشی (یونیفورم)ی سەربازی بوون. چوونکە بە جل و بەرگی باڵاپۆش و دەرەدامانی مەلاییانەوە، جووڵە کردنی کەسەکان گورج و گۆڵ نابێت. جلی مەلا خۆی قورسە و بۆ سوواری و غارغارێنکردنی سەربازەکان سەختتر بوو و نەدەکرا. بەڵام جلی یەنیچێری، جگە لە یەکدەست بوون، مەجالی پەلاماردانی خێرا، ئەسپ سوواریی ئاسانتر، گواستنەوەی جبەخانە، تۆشە و پێداویستیە سووکەکانی بۆ سەربازەکان ئاسانتر کرد بوو. وێنەی ژمارە ٢ جلی سەربازانی یەنیچێری نیشان دەدا.

٢- پۆلێک لە نەفەرەکانی یەنیچری لە سەرەتای سەدەی ١٩ دا

دوو بەش بوونی جل (شەرواڵ و چۆغە) دەبووە هۆی سۆکی و لەبار بوونی جل بۆ جموجوڵی لەش، هەڵهاتن و بازدان. پشتوێنیش قازانجی زۆری هەبوو. بۆ نموونە، جگە لەوەی کە پاڵپشتێک بوو بۆ ناوقەد و پشت، لە کاتی سەرمادا پشتی گەرم ڕادەگرت؛ وە لە هەمان کاتدا دەکرا بۆ ئاسانتر هەڵگرتنی چەک و چۆڵی شەڕ وەک شمشێر، فیشەک، خواردن و یان پێداویستیە سۆکەکانی دیکە کەڵکی لێ وەر بگیرێت. دەستماڵ یان کێش و “جامانە”ش بۆ پاراستنی سەر و مل، بەرانبەر بە گەرما و سەرما، وە هەروەها لە باتی سەرین و بەتانی لە کاتێک دا کە دەستیان بەم پێداویتسیانە ڕانەدەگەیشت کەڵکیان لێ وەردەگرت. پووزەوانە، بەشێک لە پێکهاتەی جلی جێگای باسە کە لە ڕێکردنی دوور دا، لە بەفر و سەرما و هەروەها لە بەرانبەر بەرکەوت بە شتی رەقی وەک بەرد و قیسپی دار لە کاتی ڕێکردن دا قاچ و قولی دەپاراست. ئەم جلە لە ئەساس دا جلی تایبەت بە سپای یەنیچری بوو کە بە هۆی کراوە بوونیەوە، بڕێک لە توێژەکانی ناوچە شارنشینەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەکان کە خەریکی کار بوون، لەبەریان دەکرد. وێنەی ژمارە ٣ نموونەیەکی لێ نیشان ئەدا.

٣- لە ڕاستەوە بۆ چەپ: حەماڵ، کەژاوەچی. ئاو فرۆش

لە سەرچاوە ئەسڵیەکەی وێنەی سەرەوەدا، نەفەری ناوەڕاست بە شؤفیری تاکسی ناسێنراوە. لەوانەێە مەبەست لە تاکسی، کەژاوەیە کە کاری تاکسیی ئەمڕۆیی پێ کرابێت. چوونکە لێخۆڕینی کەژاوەکەمتر کاری جووڵەیی کردووە. هەر بۆێە جلەکانی لەگەڵ دوو کەسەکەی دیکەدا کە پیشەی جیاوازیان هەبووە جیاوازی هەێە. بەرپرسانی باڵا و فەرمانبەرانی فەرمانبەری یەنچێریش جلی باڵا پۆشیان لەبەر دەکرد. ئەم نموونانە و شیوەکانی دیکە نیشانی ئەدەن کە جلی باڵاپۆش یان دەرەدامان تایبەت بە کەسانێک بووە لەو سەردەمەدا کە لە جێوشوێنی کۆمەڵاێەتیی باشتریان هەبووە.
لە سەرەتای سەدەی ١٩ی زایینی دا، سپای یەنیچێری نەک هەر کارایی خۆی لە دەست دا، بەڵکە بوو بە کۆسپێک لە بەردەم سەرانی عوسمانی دا بۆ چاکسازیی ئیداری. هەر بۆیە سوڵتان مەحموودی دووهەم بڕیاری دا ئەم دامەزراوەیە، پاش کوشتارێکی زۆر، هەڵوەشێنێتەوە و ئەرتەشێکی مودێڕن لە جێگای دابنێت. سەرەنجام لە ساڵی ١٨٢٦ دا ئەم دامەزراوە زۆر و بۆرە هەڵوەشایەوە. بەڵام ئێستا و پاش نزیک بە دوو سەدە پاش هەڵوەشانی ئەو ئەرتەشە، شێوازی جل و بەرگەکەی لە لایەن کۆمەڵیک لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و هونەرییی کوردەوەلە کوردستان، وەک جلیڕەسەنی نەتەوەیی کورد نیشان دەدرێت.
بۆ کردنەوەی ئەم لێکچوواندنە پیویستە گوزەرێک بە جلی نەریتیی کوردی و چۆنیەیتی جێگرتنەوەی جلی سپای یەنیچێر بکەین. بەڵام بەر لە بەردەوام کردنی ئەم باسە، بۆ بەراوردێک لە نیوان جلی کوردیی ئەمڕۆ و جلی یەنیچێری دا (وێنەی ژمارە ٤) دەتوانێ یارمەتیمان بکا بۆ تێگەشتنی زیاتری ڕاستیەکان.

                          ٤- بەراوردی جلی کوردیی ئەمڕۆ و جل و شێوازی یەنیچری

جلی خۆماڵیی کوردی
تا کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ی زایینی جۆری دیزانی (فۆرم) جلی پیاوان لە کوردستاندا، وەک قەومەکانی دیکەی دەوروبەریان، یەک یان چەند کراسێکی دەرەدامان بوو کە لەشیانی دادەپۆشی. بە هۆی سەرەتایی بوونی سەنعەتی بەرگ دروونەوە ئاستی شارەزایی لە داڕشتنی دیزان (تەرح) و بەرگ دا، زۆربەی پیاوان تووانای دابین کردنی پۆشاکیان بە شیوەی ئەمڕۆ نەبوو. ئەم وێنانەی خوارەوە چەند نموونەێەک لە پۆشاکی باو لە کوردستانی سەدەی ٢٠ دا نیشان دەدا.

دوو جەنگاوەری کورد لەسەدەی١٨ی زایینی

پەیکەری موبارەک ئەحمەد شەرەفەدین ناسراو بە ابن مستوفی (١١٦٠- ١٢٣٩) مێژوو نووس و نووسەری کورد، حاکمی هەولێر و وەزیر لە سەردەمی عەباسیەکان، لە قەڵای هەولێر.

یەکێک لە  خا نەکانی کورد لە ساڵی ١٨٨٥

گورووپێکی موسیقای کوردی درسالی ١٨٩٠

٥-جلی کوردی تا پێش سەدەی بیستەمی زایینی

ئەم وێنانەی سەرەوە دیمەنگەلێک لە شیوەی جل و بەرگی کوردی لە سەدەی ١٢ی زایینی تا کۆتایی سەدەی ١٩ نیشان دەدا. جۆرێک لە جل و بەرگ کە لە سەدەکانی پێشوتر دا لە کوردستان باو بووە، تەنها بڕێک لێکچوونی لەگەڵ جلی باوی ئەمڕۆدا هەێە. بەراوردی وێنەکانی سەدەی پێشوو ئەوە دەگەێەنێت کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠ دا، جلی باوی کوردی گۆڕانکارییەکی سەرەکیی بەسەر دا هاتووە. ئەم گۆڕانکارییە، بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ئێستا لە مەسەلەکە، وا نابینرێت کە ئاکامی پەرەسەندنی سەنعەت لە کوردستاندا بوو بێت؛ بەڵکە بەرهەمی شێوە سازییە لە جلی یەنیچێری لەم ناوچەێەدا.

هاتنی جلی یەنیچێری بۆ کوردستان
بوونی سپای یەنیچێری لە کوردستان، نموونەێەکی نوێی جل و بەرگی گونجاو لە گەڵ جوگرافیای ناوچەکە دا بە دانیشتووانی ئەم ناوچەێە ناساند. ئەم سپاێە لە ساڵی ١٥١٤ دا بە سەرتاسەری ئاناتولیی دا تەنیەوە. لە ناوچەی دیاربەکر پشتگریی میرنشێنەکانی ناوچە کورد نشینەکانی بەدەست هێنا کە لە دەستە و تاقمەکانی سۆفیەکانی شا ئیسماعیل بە تەنگ هاتبوون، وە شا ئیسماعیلیان لە ناوچەی چاڵدران کە بەرەنگاری ببوونەوە تێکشکاند. شەڕی چاڵدران خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی ناوچەکەدا. ئەم شەڕە بوواری بۆ بوونی بەرچاوی سپای یەنیچری لە کوردستاندا ڕەخساند. لە ساڵەکانی دوای ئەم ڕووداوە دا، سپای یەنیچێری بەرەو باشوور کەوتە ڕێ و کوردستانی عێراقی ئێستای داگیر کرد و سەربازخانە، بنکە و بارەگای گەورەو و بچوکی فراوانی لە شارەکان و ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتە دا دانا. دواتر بەرینایی دەسەڵاتی عوسمانی لە قووڵایی سنوورەکانی ئێران، بەلای ڕوژاوا دا، تا “هەمەدان”یش ڕۆیشتووە.
بوونی بەرچاوی عوسمانیەکان لە ناوچەکە دا، شوێن پێی خۆی نەک هەر لە پەیوەندی لەگەڵ شێوازی جل و بەرگ دا، بەڵکە لە لایەنی جۆراجۆری ژیانی خەڵکی کوردستان دا جێ هێشتووە. لە بیرمە کە باپیرم (کە خەڵکی دەوروبەری شاری داڵاهو، سەر بە شاری کرماشان بوو) هەر کاتێک دوانیوەڕوان دەگەیشت بە کەسانی دیکە، لە باتی (سڵاو) یان “عەسر بەخێر” ئەیگووت “ئاشام خێر”. دواتر کە ڕۆشتم بۆ تورکیە تێگەیشتم کە ئەو وشەێە کە باپیرم بە کاری دەهێنا، هەمان “ئەیی ئەخشاملەر” (iyi aksamlar) بە زمانی تورکییە. نموونەی وشە یان ناوی زۆر کە لە زمانی کوردی دا لە کوردستانی عێراق باوە، دەتوانرێ وەک بەڵگە ئاماژەێان پێ بکرێ. لەوانە “بۆش” یانی “بەتاڵ”؛ “ئیش” یانی “کار”؛ “سنوور” یانی “نێوان” و “بۆێە” یانی “بەیاغ” یان ڕەنگ. لە پاڵ کاریگەریی کولتووری دا، ئەمپراتوریی عوسمانی لە پێکهاتەی “بنچە”ی ناوچەکەش دا کاریگەریی هەبووە. زۆربەی خانەکانی کوردستان، بەتایبەتی لە عێراق، تووک و موویان بۆر و چاویان شینە. بە ئەگەری زۆر ئەجدادی ئەم خانانە هەمان کەسانی یەنیچێڕی بوون کە وەک کاربەدەستی دایرەی باج، کارمەندی خۆجێ یان دەسەڵاتداری ناوچە (دەرەبەگ) کە ناردرابوون و دواتر بە تێپەڕ بوونی زەمان لە کولتووری کوردستاندا تێکەڵ بوون.
بێجگە لەمانە، زۆرینەی پەیکەرەکان لە ناوچەکانی کوردستان دا ناوی تورکییان هەێە. بۆ نموونە “قزلەر” کە بە کوردی دەبێتە “کچان”، “قەرەداغ” یانی “کێوە ڕەش”؛ کە ناوی دێهاتێک و زنجیرە چیاێەکن لە دەورووبەری سلێمانی. بێجگە لەمە، “قەرە خان دەرە” و “ئاخ داخ” (کێوە سپی) کە یەکەمیان ناوی گەڕەکێکە لە شاری قەسریشیرین و دووهەمیان چیاێەکە لە نزیکی هەمان شاردا. قەرە بڵاغ (باخە ڕەش) ناوی باخێکە لە نزیکیی سەرپێڵ زەهاو. ئەم نموونانە سەلمێنەری بوونی کاریگەریی دەسەڵاتی عوسمانییە لە ناوچە کورد نشینەکان دا. جلوبەرگی ئەمڕۆی کوردی تەنها دەتوانرێ بە یەکێکی دیکە لە کاریگەرییە جانبیەکانی عوسمانیەکان لە قەڵەم بدرێت.
لەو سەردەمە دا هێزەکانی یەنیچێری بەرپرسیاری ئاسایش، کۆ کردنەوەی باج و ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکانی ئەمپراتوریی عوسمانی لە ناوچەکە دا بوون. ئەندامانی ئەم دامەزراوەێە جلێکی جیاواز لە جلی خۆجێی دانیشتوانی ناوچەکەێان هەبوو. شێوازی دایزانی(یونیفورم)ی یەنیچێری، بە شێوەێەک بوو کە لە چاو جلی دەرەدامانی باو لە کۆمەڵگادا،مەجالی جووڵەی زیاتر و ڕەحەت تری بە ئینسان دەدا و لە هەمان کاتدا لەگەڵ تایبەتمەندیە شاخاویەکانی کوردستان دا دەهاتەوە. بە هۆی گونجاو بوونیەوە ژمارەێەکی زۆر لە خەڵکی خۆجێ، بەتایبەتی جووتیاران، خەڵکانی کۆچەر و ڕاوچیەکان بەکاریان هێنا و بە مروور ڕوویان لەم جۆرە جلە نا، لە شێوەی جلی یەنیچێری. تەنانەت بڕێک لە ژنان کە لە کاری کشتوکاڵی دا بەشدار بوون، شەڵوارێکی پیاوانەێان لە بەر دەکرد و ئەێانکێشا بە سەر کراسە درێژە ژنانەکەێاندا تا بتووانن خێراتر و گورجتر کار بکەن. وێنەی خوارەوە نموونەێەکمان نیشان دەدا.

٦- لای سەرەوە ژنێکی وەرزێر، لای خوارەوە ژنێکی چەکدار

بە واتاێەکی دیکە، دایزانییەنیچێری، جلی کاری سەربازەکان و ئەو توێژانە بوو کە ڕۆژانە کاری پڕ جووڵەێان دەکرد. دایزانی عوسمانی بەم جۆرە و بە شێنایی دێتە ناو داب و نەریتی کوردستان، وە باو بوونی لە سەرەتای سەدەی ٢٠ دا بەرچاوتر دەبێت. وێنەی ژمارە ٧ شێوەی چاولێکەری لە جلی یەنیچێری نیشان دەدا.

٧- ژمارەێەک لە جەنگاوەرانی چەکدار لە کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٨٩٨ی زایینیدا

لە نێوان ئەم تاقمە دا، تەنها جلی ٣ کەسیان لە جلی کوردیی ئەمڕۆ دەچێ. ئەوانی دیکە جلی دەرەدامانی خۆجێ، یان پێکهاتەێەک لە ٢ جۆر جلوبەرگی خۆماڵی و نوێێان لە بەر داێە. ئەم تێکەڵاوێە سەلمێنەری ئەم ڕاستیەێە کە لە کۆتایی سەدەی ١٩ دا، هێشتا ژمارەێەکی کەم لە مودێلی یەنیچێری کەڵکیان وەر گرت بوو. زۆربەی پیاوان هێشتا مودێلەکانی دەرەدامانی کۆنیان لە بەر دەکرد.
سەیر لەوە داێە کە، مودێلی یەنیچێری یا جلی ئەمڕۆی کوردی، هیچکاتێک نە بوو بە جلێکی یەک دەست و سەرتاسەری لە کوردستان دا. نیگاێەک بە وێنەی ژمارە ٨ دا ئەم جۆراوجۆر بوونەمان نیشان دەدا.


هۆزی هەرکی سنووریئێران-ترکیە

جلی گشتیی هەولێر و سلیمانیە

جلی دەوروبەری دهۆک لە کوردستانی عێراق

٨- لای سەرەوە، هۆزی هەرکی سنووریئێران-ترکیە؛ ناوەڕاست، جلی گشتیی هەولێر و سلیمانیە؛ لای خوارەوە دایزانی جلی دەوروبەری دهۆک لە کوردستانی عێراق.

هەر ناوچەێەکی کوردستان بە پێی زەوق و نیازی خۆێان جلی یەنیچێریان وەر گرتووە. هەر بەم دەلیلە جلی کوردی لە هەمان کات دا کە لە ڕوانگای گشتیەوە لە یەک دەچن، بەڵام لە وورەکاری دا جیاوازن. ئەگەر لە وێنەی ژمارە ٨ وورد بینەوە، دەبینین کە شێواز و دروونی هەر جلێک لەگەڵ جلێکی دیکە دا جیاوازە.
لە هەمووی ئەمانە گرنگتر، جلی جێگای باس، جێوشوێنێکی جێگای سەرنجی لە نێوان ئاغاکان و خوێندکارانی کورد دا تا پاش شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لە کوردستانی ئێران دا بە دەست نەهێنا. کەسانی ناودار و پلەداری کۆمەڵاێەتی هەمان دەرەدامانی کۆنیان تا نیوەی دووهەمی سەدەی ٢٠ لە بەر دەکرد. لە ناوچە شارنشینەکانیش دا بە پانتۆڵ و جاکەتی ئەمڕۆژیەوە (کە خۆی جلێکی پێشکەوتوی کۆمەڵاێەتیە لە ئوروپا) لە ناو خەڵک دا دەر دەکەوتن. وێنەی ژمارە ٩ لەم بارەێەوە دەدوێ.

٩- – قازی محمد لە کاتی ڕاگەێاندنی کۆماری مهاباد دا

وێنەی سەرەوە قازی موحەمەد و پیاوانی کابینەی دەسەڵاتەکەی لە کاتی ڕاگەێاندنی کۆماری مهاباد دا نیشان دەدا. ئەم وێنەێە گەلێک ڕاستیی لە کۆڵ ناوە و دەیدرکێنێت. یەکێک لەم ڕاستیانە ئەوەێە کە، جلی ئەمڕۆی کوردی، لە نیوەی سەدەی بیستەم دا لە نێوان توێژە دەستڕۆشتووەکانی ناوچەی مهاباد دا دیاردەێەکی بێگانە و نامۆ بووە. قازی موحەمەد خۆی بە جلی سەربازیەوە لە ڕێ و ڕەسمەکەدا ئامادە بووە. زۆربەی پیاوانی ناوچەکەش هێشتا جلی باڵاپۆشی کۆنیان لە بەرداێە. لە نێوان ئەم جەماوەرەدا تەنها یەک کەس بە جلێکی لە شێوەی جلی کوردیی ئەمرۆوە دەبینرێت (نەفەری ڕاوەستاو بە جلی ڕوونەوە لە بەردەم سەکۆەکەدا). ئەو کەسە مەلا موستەفای بارزانییە و ئەو مودێلە شەڵوارە فشۆڵەێە تەنها لە نێوان کوردەکانی ناوچەی بادینان و بارزان دا باو بووە. هۆکاری ئەوەی کە جلەکانی بارزانی لە شێوەی جلی یەنی چێرییە، لەوانەێە لە بەر ئەوەبێت کە بەر لە هاتنی بۆ مهاباد، خەریکی خەباتی پارتیزانی بوو لە دژی دەوڵەتی عێراق. جموجوڵی پارتیزانیش پێویستی بە جلی گونجا و لەگەڵ ئەو خەباتە دا هەێە.
جگە لەم نموونانە، قازی موحەمەد کە خۆی یەکێک لە بنەماڵە دەستڕۆشتووەکانی کوردستان بووە و بە دامەزراندنی کۆماری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ زایینی دا، بوو بە یەکێک لە کەساێەتیەکانی ناسیونالیستی کورد لە سەدەی بیستەم دا، چوونکە لەو سەردەمە دا جلی کوردیی نەببو بە جێگای مشتومڕ لە لایەنسیاسیەکانەوە. قازی گرنگیەکی ئەوتۆی بە جلێک کە ئەمڕۆ بووەتە باو نەدەدا. لە بەرانبەردا بە جل و بەرگی سەربازیەوە کۆماری مهابادی ڕاگەێاند. وێنەی خوارەوە (ژمارە ١٠و ١١) نیشانی ئەدەن کە نە قازی و نە کابینەکەی و نە کارمەندانی دەسەڵاتە سیاسیەکەی، گرنگییان بە جلی ئەمڕۆی کوردی نەداوە.

١٠- کاربەدەستانی باڵای کۆماری مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ی زایینی دا، قازی موحەمەد بە جاکەت و پانتۆڵی ڕوون لە ناوەڕاست دا دانیشتووە. لە نێو ئەم کەسانە دا تەنها یەک نەفەر جلی کوردیی ئەمڕۆی لە بەرداێە (لای چەپ نەفەری دووهەم دانیشتووە)

١١- کاربەدەستانی پەروەردە و فێر کردنی مهاباد لە ساڵی ١٩٤٦ی زایینی. لەم دامەزراوەێەدا کە هەمووان خەریکی وانە وتنەوە بوون نیشانەێەک لە جلی کوردی لە نێوان پیاوەکاندا نابینرێت.

خوێندنەوە و بەراورد کردنی ئەم وێنانە لەگەڵ جلی ئەمڕۆی کوردی دا، بانگهێشتی چاوەدێران بۆ تێگەشتن لە ٢ پەێامی گرنگ دەکا. ١ (جلی ئەمڕۆ کوردی لە نێوان توێژە شارنشین و خوێنەوارەکاندا تا دەێەی ٦٠ی زایینی جێوشوێنێکی جێگای سەرنجی نەبووە). ٢ (مەسەلەی ناسیونالیسمی کورد لە نیووەی سەدەی ٢٠ دا تێپەڕ بوون لە دەرەبەگایەتی (فیودالیسم) و پێک هێنانی کۆمەڵگاێەک لە سەر بنەمای شێوەی سەرمایەداریی خۆراوا بوو. بەڵام بە پێجەوانەوە، ناسیونالیسمی ئەمڕۆ کوردی زیاتر بەرەو گەڕانەوە بۆ داب و نەریت و نرخە کولتوورییە کۆنەکان (برێک جار بە شیوەی دەستکردن) پێدا دەگرێ، تا لە پێش گرتنی مودڕینیتە و چوون بەرەو بەهاکانی ڕوو لە پێشی خۆراوا. ئەم بەرەو دووا گەڕانەوەێە، پاڵمان پیوە دەنێ بۆ بیر کردنەوە لە دۆزینەوەی هۆکارەکانی. لەم پرۆسەێە دا، دەوری خەباتی چەکداری لە کوردستان جێگای هەڵوێستە و تێڕامانە.

دەوری خەباتی چەکداری لە برەودان بە جلی کوردی
ڕاستییە مێژووییەکانی ئاماژە پێکراوی سەرەوە، ئێمە بەرەو دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ پرسیارێکی گرنگ دا بەرەوڕوو دەکا: چ شتێک بوو بە هۆی ئەوە کە، لە دەێەی ٦٠ی زایینی بە دواوە، جلی کوردیی ئێستا لە کوردستان تا ئەم ئاستە هەمووی گرتەوە و بوو بە دایزینی هەڵسووڕاوانی سیاسی و کولتووری؟
بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە، پێویستە پەردە لە سەر پرۆسەێەکی مێژوویی لا بدرێت و چاوێک لە بارودۆخی سیاسیی کوردستان لە نیوەی سەدەی ڕابوردوو دا بکرێت. لە پەنجا ساڵی ڕابوردوو دا، خەباتی چەکداری یەکێک بووە لە سەرەکیترین شێوەکانی خەباتی سیاسی لە دژی ستەمی نەتواێەتی و ناعەدالەتیی کۆمەڵاێەتی لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دا.

لە ماوەی خەباتی چەکداری دا، خەباتکاران بە دوو هۆ جلی باوی ئەمڕۆێان لە بەر دەکرد: ١(بە هۆی گونجاو بوونی لەگەڵ جوگرافیای ناوچەکە و کارامە بوونی لە جموجوڵی سەربازی دا) ٢ (پێشمەرگەکان ئەم جۆرە جلەێان لە بەر دەکرد تا وای نیشان بدەن کە ئەوانیش بەشێکی جیایی هەڵنەگر لە خەڵکی ناوچەی ژێر هەڵسووڕانی خۆێانن. ئەم دەستە لە خەباتکاران کە لە عێراق و ئێران دا بە “پێشمەرگە” و لە تورکیە بە “گریلا” ناسراون، ڕەنگدانەوەێەک بوو لە ناڕەزاێەتی بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگای کوردستان دا، لە دژی سیاستەکانی هەڵاواردنی دەوڵەتانی ناوەندی. کار و خەباتی پێشمـەرگەکان لە لاێەن زۆربەی خەڵکی ناڕازییەوە لە کوردستان، نەک هەر کردارێکی پەسەندیدە و جێگای پشتگیری بوو، بەڵکە بۆ زۆرێک لە خەڵک ئومید بەخشیش بوو. ئەم جێوشوێنە هەیمەنەێەکی مەعنەویی بەرچاوی ئەوانی لە زەینی خەڵک دا دروست کرد و کردنی بە نموونە و سومبلی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردستاندا. بە هۆی ئەم هەیمەنەوە (ئوتوریتە) داستانی زۆر دەربارەی دلێری، لە خۆ بوردوویی، ڕاستگۆیی و عەدالەتخوازیی پێشمەرگەکان دەگێڕدراێەوە. لە ئاکام دا، بوونی کۆمەڵێک لەم فاکتورە سیاسی، کولتووری و سەربازییانە، بوواری لەبار کرد تا جلی پێشمەرگە ببێت بە مودێلێکی جێگای پەسەند و لە هەمان کات دا ئاڵاێەکی ناڕەزاێەتی لە لای زۆرێک لە هونەرمەندان و هەڵسووڕاوانی سیاسی.
وێنەکانی خوارەوە پەیوەندیی خەباتی چەکدارانە و دژکردەوەی هەڵسووڕاوانی سیاسی- قانوونی لە کۆمەڵگای کوردستان دا نیشان دەدا.

١٢- دەستەێەک لە (گریلا)کانی حیزبی کرێکارانی كوردستانی ترکیە (PKK)


صلاح الدین دمیرتاش رێبەری حیزبی دموکراتیکیگەلان لە کوردستانی ترکیه

صلاح الدین دمیرتاش رێبەری حیزبی دموکراتیکیگەلان لە کوردستانی ترکیه

دمیر تاش لە جلی کوردی دا

وێنەی سەرەوە پەیوەندی جلی کوردی، خەباتی چەکداری و سیاسەت نیشان دەدا. لە لای ڕاستی وێنەکە دەستەێەک لە گریلاکانی پ کا کا دەبینرێت. وێنەی ناوەڕاست و لای چەپ سەلاحەدین دەمیرتاشە، ڕێبەری حیزبی یاسایی دێموکراتیی گەلانی تورکیەێە*. وەک جلی پێشمەرگە بوەتە ئاڵاێەکی ناڕەزاێەتی. دەمیرتاشیش جاروبار لە کەمپینەکانی هەڵبژاردن دا بەو جلەوە دەر دەکەوت. وێنەی ١٣ نموونەێەکی دیکەیە کە پەیوەندی نێوان جلی پێشمەرگە و هەڵسووڕاوانی کولتووری نیشان دەدا.

١٣- دستەێەک پیشمەرگە

حسین صفامنش، گورانیبێژ و گروپی موسیقاکەی.

دیسانەوە ئاماژەێ پێ دەکەمەوە کە، جلی کوردیی ئەمڕۆ زیاتر ئاڵاێەکی ناڕەزاێەتییە تا جلێکی نەتەوەیی بێت. لەبەر کردنی جلی کوردی لە لاێەن سیاسەتوانێکی وەک دەمیرتاش و یان هونەرمەندێکی وەک حوسەین سەفایی مەنش و ئەندامانی گوروپی موسیقاکەی، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان و یان ئاهەنگەکاندا، بەر لەوەی هۆکارەکە پەیوەندداری ئەوانبێت بەم ستایڵە لە جلەوە، لە بەر ئەوەێە کە دەسەڵاتی سیاسی حەزی لەو جۆرە جلە نییە. بەم کارانە دەمیرتاش و سەفایی مەنشەکان خەریکن خۆێان لەگەڵ بزووتنەوەێەکی ناڕەزاێەتیدا نمایش دەکەن و لە هەمان کات دا، خۆیان وەک ئەندامێک لە ئەندامانی خەڵکی سادەی ناوچەی ژێر هەڵسووڕانیان دەناسێنن. ئەم پەیوەندیە لە نێوان هەڵسووڕانی سەربازی، جووڵەی پێشمەرگە و هەستی ناڕەزاێەتی لە کۆمەڵگادا، ڕێگا بۆ بە باوکردنی جلی کوردیی ئەمڕۆ خۆش دەکەن.

جل لە نێو بەرداشی سەنعەت و نەریت دا


لەوانەێە کەسانێک ئەم ڕەوتەی پەرەسەندن و گوڕانکارییەی جلی کوردی کە لە سەرەوە باس کرا، قەبووڵ نەکەن و ئیدیعا بکەن کە جلی جێگای باس لە خودی کوردستاندا پەرەی سەندوە و گۆڕانکاری بە سەردا هاتووە. بەڵام زۆر سەختە کە بتوانرێ ئاوا ئیدیعاێەک بە شێوەی زانستی بسەلەمێنرێت. چوونکە کوردستان بە هۆی پیکهاتەی ئابووریەکەێەوە و نەبوونی ناوندەکانی سەنعەتیی جێگای سەرنج لە سەدەکانی پێشوو دا، هەمیشە لە کۆمەڵگاکانی دەوروبەری لە دوواتر بووە. بەم هۆێەوە شیوەی ژیان، مۆدی جل، سەنعەت، شار سازی، وە تەنانەت پەیوەندی کۆمەڵاێەتی، لە ناوەندە سەرەکەیەکانی دیکەی وەک ئیستانبول، بەغدا و یان تاران کە ناوەندی سەرکیی تیجاری، سەنعەتی، و شار نشینی بوون، سەری هەڵداوە و گەیشتووەتە ناوچە کورد نشێنەکان. بێگومان، دایزانی و تکنیکی دوورینی جل وبەرگ لە کوردستانیش، لە ژێر کاریگەریی تەکنۆلۆژیای دەوروبەردا بووە. بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی کە کوردستان لە باری سەنعەتی و تکنیکی بەرهەم هێنانی جل و بەرگەوە، لە ناوەندە شاریەکانی دەوروبەری پێشکەوتوتر نەبووە، لە ئاکام دا نەیدەتوانی جل و بەرگی جیاواز لە کۆمەڵگاکانی پێشکەوتوتری دەوروبەری خۆی دابهێنێت. بێجگە لەمە، ئەگەر ئەم جۆرە جلە بەرهەمی سەنعەتی ناوخۆی کوردستان بووایە، کە واتە دەبوو بە مودێلی جل و بەرگی سەرتاسەری و گشتی لە ناو چین و توێژەکانی کوردستاندا. بەڵام بەڵگەکان نیشانی ئەدەن کە ئاوا گۆڕانکاریەک ڕووی نەداوە.


شێوازی جلی یەنیچێری لە چەند ناوچەێەکی باڵەکان، تورکیە و کوردستان، لە ناو بەشێک لە جووتیاران دا باو بوو. چوونکە ئەم ناوچانە هەم لە ژێر کاریگەریی ئەرتەشی عوسمانی دا بوون و هەم جوگرافیای سروشتیی ئەو ناوچانە لەگەڵ ئە جۆرە جلە دا دەهاتەوە. بەڵام سەیر لەوە داێە کە لە ئاکامی کاردانەوەکانی شۆڕشی سەنعەتی لە ئوروپا و نزیکاێەتی و هاتوچووی باڵکان و تورکیە لەگەڵ ووڵاتانی ئوروپایی، جلی جێگای باس لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، لەو ناوچانە دا بەرەو لەناوچوون ڕۆیشت. بەڵام لە کوردستانی ئێران و عێراق تازە ڕێگای گەشە و بەروەی دەگرتە پێش. لە هەمووی گرنگتر، داهێناننی مودێڕن و سەنعەتی دروون لە بواری جل و بەرگ دا، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەی زایینی لە وڵاتانی ئوروپایی، قەڵای نەریتی کۆنی لە ناوندەکانی وەک ئیستانبول، بەغداد و تاران دا ڕووخاند. بەم حاڵەشەوە، ئەم پرسیارە دێتە پێش کە چۆن “سەنعەتی دێرینی کوردی” توانی بەرانبەر بە سەنعەتی دونیای مودیڕن بەرگری بکا و مودێلی جلی سەدە بەسەرچووەکانی خۆی بپارێزێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە ئەگەری زۆر ئەوەێە کە، جلی کوردیی ئەمڕۆژی دەمانێک دوای شۆڕشی سەنعەتی لە کوردستان مۆد بوو و بوو بە جلی گونجا بۆ کار کردن لە مەزرا، ڕاوگە و کاتی کۆچ و کوچبەر. چوونکە کۆمەڵگای کوردستان تا ٤٠ ساڵ لەوەپێش، کۆمەڵگاێەکی بە زۆری کشتوکاڵی بوو. ئەم شێوە لە جل و بەرگ ووڵامدەری سیستەمی ئابووری و سنووریی ئەو ناوچەێە بووە و دەوامی هێناوە. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ کراوە، دوواتر، خەباتی چەکداری لەو ناوچەێە دا خواستی کولتووری و سیاسی بۆ ئەو جلە دەستەبەر کرد.

بێجگە لەمە، لەوانەێە بڕێک لە ڕەخنەگرانی ئەم بابەتە پرسیاربکەن کە ” بە سەرنجدان بەوەی کە جیهانی عەرەب بەشێک بوون لە ئەمپراتوریی عوسمانی، چۆنە ئەم جلە نەبوو بە بەرگی گشتیی ئەوان؟” ئەم پرسیارە لە خۆیدا جێگای تێڕامانە. جلی یەنیچێری بە ئەگەری زۆر بە دوو هۆ نەبوو بە شێوازی جلی ناوچە عەرەب نشینەکان. لەوانەێە هۆکاری یەکەم ئەوە بێت کە جلی جێگای ئاماژە لەگەڵ جوگرافیا و ئاو و هەوای بیابانی و گەرم دا سازگار نییە. بەڵام لە بەرانبەردا، جلی عەرەبیی باو، دەتوانێ فێنکی لە کاتی گەرما و پاراستنی پێویست بەرانبەر بە تەپ و تۆز دابێن بکا. کە واێە دەکرێ بڵیین کە بە هۆی سازگار نەبوونی جلی یەنیچێری لەگەڵ جوگرافیای ناوچەکە دا، ئەم جلە نەیتوانی لە ناچە کشتوکاڵیەکانی عەرەبی دا جێگا پێی خۆی بکاتەوە. لە ناوچەی شاریش دا، جلی یەنی چێری وەک جلی سەربازی چاوی لێ دەکرا. بۆ کەسانی سەر بە چینە دەوڵەمەندە کۆمەڵاێەتیەکان نزمیی شان بوو کە ئەم جۆرە جلە لەبەر بکەن. هۆکاری دووهەم دەکری ئەوە بێت کە بزووتنەوەی ناسیونالیستیی عەرەب لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا، لە شارەکانی بەیروت، دمشق، حەلەب و بەغداد بزووتنەوەێەکی کاریگەر لە نێوان توێژە خوێنەوار و شارنشینەکانی عەرەب دا سەری هەڵ دابوو.

ئەم بزووتنەوەێە لە ململانێ لەگەڵ بزووتنەوەی ناسیونالیستیی تورکە گەنجەکان لە خاکی عوسامنیەکاندا، کە بانگەشەی ناسیونالیزمی قەومییان دەکرد، گەشەی کرد. ڕووناکبیرانی عەرەب دواتر لە دژکردەوەی بانگەشی خۆ بە زلزانیی ناسیونالیسمی تورک دا، لە سیستەمی عوسمانی دوور کەوتنەوە، وە زمان و کولتووری خۆێان برەو پێ دا و دەستی نەێان بە سنگی بەها کولتووریەکانی عوسمانیەوە نا.لە ئاکام دا، لە گەڵ ئەو گۆڕانکارییە دا بێجگە لە پاراستنی جلی نەریتیی خۆێان، جلی خۆراواشیان بەکار هێنا. بەڵام لەو سەردەمە دا لە کوردستان، بە هۆی پێکهاتەی سیاسی- ئابووری و کەم دەرەتان بوونی ناوچە شار نشینەکان و لە سەدا چەند کەسێکی خوێنەوار نەبێت، خەڵک بە گشتی زانیارییان لە جیاوازیی شۆناسی خۆێان نەبوو و شۆناسی نەتەوەیی بۆێان بێ مانا بوو. جلی یەنی چێری لە ئاوا بۆشاییەکی سیاسی- کولتووری دا لە کوردستان گشتگیر بوو. لە ناوچە عەرەبیەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دا ئەو بۆشاییە نەبوو.
لاێان و بەرینایی ئەم باسە دەتوانێ زۆر زیاتر لەمە بێت. تا ئێرەش ئاوا باسێکی جۆراوجۆر لە پەیوەند لەگەڵ رەوتی پەرەسەندنی جلی کورد دا نەکراوە. بە جێێە کە ئەم باسە لێرەدا کۆتایی پێ بهێنرێت.

قسەی کۆتایی
بە هەمان شێوە کە بە درێژە باسی لێوە کرا، جلی پیاوانەی کوردی بە ئەگەری زۆر، شێوە سازییەکە لە جلی سپای یەنی چێریی حکومەتی عوسمانی کە لە ڕەوتێکی مێژوویی دیاریکراو دا و بە هۆی بەرەوڕوو بوون لەگەڵ گۆڕانکاریە سیاسی- کۆمەڵاێەتیەکانی دەوروبەر، بە شیوەی ئەمڕۆی لێ دەر هاتووە. ئەم گۆڕانکاریە نە ئاکامی سیاسەتی لە پێشدا پلان بۆ داڕێژراوی دەوڵەتی عوسمانی بوو و نە هەڵبژاردەی بەدانستەی خەڵکی کوردستان، بەڵکە گۆڕانکارییەکی لە سەرخۆ بووە کە گوڕانکارییە سیاسی- کۆمەڵاێەتیەکانی کۆمەڵگا بواریان بۆ دەرخستنی وەک بەهاێەکی کولتووریی جێگای پەسەند ڕخساندوە.
ڕەوتی گۆڕانکاریی جلی کوردی تەنها یەک نموونەیە کە چۆنیەتی پەرەسەندن یان دروست کردنی هێما نەتەوەییەکانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان نیشان دەدا. زۆربەی بەها ناسیونالیستی و ئایینییەکانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان، بۆ پاراستنیان شەڕ و کوشتارێکییەکجار زۆری لێ کەوتووەتەوە، کە لە جێگاێەکی دیکەوە هاتوون و خۆماڵی نین. ئەم بەهاێانە تەنها دەوری تەسمەێەکی گواستنەوە لە گورووپێکەوە بۆ گورووپێکی دیکە گێڕاوە، وە نەێانتوانیووە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پێناو ژیانی جەماوەری خەڵک و سەر و ساماندان بە دامەزراوە مەدەنییەکانی زەمانەتکاری ئازادییەکان دا هەڵگرن.

بە لەبەر چاوگرتنی بەها سازییە خەێاڵیەکان بە درێژایی مێژوو، ئینسان کاتێک پروپاگاندەی سیاسی و کولتوورییەکانی بڕێک لە حیزبە ناسیونالیستەکان دەبینێت، زۆر نا ئومید دەبێت. نا ئومید لەوەی کە ئەم هەموو هێز و توانا ئینسانیە لە بری هەوڵدانی بەرەوپێش بۆ پێک هێنانی کۆمەڵگاێەکی عادل لە سەر بنەمای دامەزراوە مەدەنیەکانی لێپرسینەوە هەڵگر بێت، هەر هەموو لە حاڵی مانۆڕدان بەرەو کوشتار بووە.


ژێرنووس:
بیر هێنانەوە: ئەم نووسراوەیە هێشتا بە هەنگاوی یەکەم لە ڕێگاێەکی دووردا دادەنرێت. نووسەر سەرەڕای هەوڵدان نەیتوانیووە دەستی بە بەرهەمە لێکۆڵینەوە ئاکادیمیکانی جێگای متمانە دربارەی ئەم بابەتە ڕا بگا، وە بۆ دەوڵەمەند کردنی ئەم باسە کەڵکیان لێ وەر بگرێت. لەوانەیە تا ئێستا نووسراوەێەکی سەرنج ڕاکێش لەم بارەێەوە چاپ نەکرا بێت. بە ئومیدی ئەوەی کە لە داهاتووێەکی نزیک دا، کەسانێک بتوانن دەربارەی ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەێەکی زانستی و بە پێز ئەنجام بدەن.

** دەمیرتاش تا ساڵی ٢٠١٤ ڕێبەری حیزبی “ئاشتی و دێموکراسی” بووکە سنووری هەڵسووڕانی کوردستانی تورکیە بوو. بەڵام بە دوای گۆڕانکارییە فکرییەکانی عبدالله ئوجەلان، ڕێبەری پکاکا، لە زینداندا، وە ڕەخنەی ئەو لە ناسیونالیسم و دەوری سەرکوتگەرانەی سیستەمی سیاسیی دەوڵەت- میلەت، لە پەیوەندی لەگەڵ مافی کەماێەتیەکان لەم سیستەمانە دا، حیزبی ئاشتی و دێموکراسیش گۆڕانی بەسەردا هات و لەگەڵ ژمارەیە لە هەڵسووڕاوانی چەپ و لیبراڵی تورک و هەڵسووڕاوانی کەماێەتییەکانی وەک عەلەویەکان، ئەرمەنیەکان و ئالبانیەکانی تورکیە دا حیزبی “دێموکراتیکی گەلانی تورکیە”ێان پێک هێنا. ئەم حیزبە ئێستا بەرە یان پلاتفورمێکی واوەتری قەومی و کولتوورییان ڕەچاو کردوە و ئەێانەوێت کە سەرنجی ژنان، یەکیەتییە کرێکارییەکان، کەماێەتییە ئایینی و قەومی و هاوڕەگەز بازەکان بەرەو لای خۆێان ڕاکێشن. زۆرەبەی چاوەدێران لەو باوەڕەدان کە ئەگەر ئەم حیزبە بتوانێ بەربەستی لە سەدا ١٠ی دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی تورکیە دا بەدەست بێنێت، دەتوانێ ببێتە کۆسپێک بەرانبەر بە خۆ بە زلزانیەکانی حیزبی ئیسلامیی حاکم یانی حیزبی “عەدالەت و پەرەسەندن”.

سەرچاوەکان:
بۆ ئامادە کردنی ئەم بابەتە لەم سەرچاوانەی خوارەوە کەڵک وەر گیراوە.

Battle of Chaldrian. Encyclopedia Britannica (online).(Retrieved, March 2, 2015).
http://www.britannica.com/EBchecked/topic/104688/Battle-of-Chaldiran

Farooqui, Suraiya.(2005). Subjects of the Sultan: Culture and Daily Life in the Ottoman Empire. New York. I.B Tauris & Co Ltd.
Masters, Bruce.(2015). The Arabs of the Ottoman Empire , 1516-1918. Cambridge,UK. Cambridge University Press.
Quataert. Donald. (2000). The Ottoman empire; 1700-1922. Cambridge, UK. Cambridge University Press.
وبسایت های مورد استفاد برای یافتن عسکها.
http://adnanshiry.loxchat.com
http://www.alternet.org/world/isiss-nightmare-fierce-kurdish-women-fighters
www.haberturk.com/gundem/haber/828397-ak-parti-ile-ittifak-yapmiyoruz
http://www.saradistribution.com/kurds_fromearliercenturies.htm
www.saradistribution.com/kurds_fromearliercenturies.htm

Previous
Next

Leave a Reply