Skip to Content

پشكۆی خه‌ون …. ستار ئه‌حمه‌د

پشكۆی خه‌ون …. ستار ئه‌حمه‌د

Closed
by ئازار 26, 2019 General, Poems

ئێستا له‌كۆشی خه‌ونا خه‌ونا دانیشتووم
بای چاوه‌ڕوانی بۆ لای تۆم دێنێ‌
هه‌ناسه‌ی تاسه‌ت ده‌مخاته‌ سه‌ما
خۆزگه‌ی ژوانت باڵم ده‌ڕوێنێ‌
……………………
ئاسمانی جوانیت شه‌ق ده‌كه‌م وه‌ك مه‌ل
له‌نسێی باڵای عه‌شقتا ده‌سره‌وم
كاتێك ئاگایی وشیارم ده‌كا
ده‌بینم كوشته‌ی ئازارو خه‌وم
…………………………..
شه‌ماڵێك له‌لای تۆوه‌ هه‌ڵبكا
یادی ئه‌وینت ده‌مكاته‌ پشكۆ
سه‌ر له‌نوێ‌ گڕێك ناخم داده‌گرێ‌
فرمێسك ده‌ڕژێنم بۆ دووریه‌كه‌ی تۆ
…………………………….
شه‌و ئارام ناگرم رۆژیش ده‌سووتێم
له‌پرسه‌ی خۆما ده‌ست له‌سه‌ر سینه‌م
به‌هیوام رۆژێك ئاوێزان یه‌ك بین
وه‌ره‌ بتخه‌مه‌ سه‌ر پێڵوو دیده‌م
…………………………..
له‌دووری تۆیه‌ عومرم ژاكاوه‌
وێردی سه‌ر زارو به‌سته‌ی هه‌ناومی
رێگه‌ی مه‌ینه‌تم ئه‌شكه‌نجه‌و ژانه‌
وزه‌ی ژیان و مانگ و هه‌تاومی
……………………………..
نه‌كه‌ی كۆسپی ژین به‌چۆكتا بێنێ‌
له‌عه‌شق و جوانیت بمكه‌یته‌ ده‌رێ‌
گوڵ له‌باخچه‌دا بشنێته‌وه‌
كێ‌ وه‌ك باخه‌وان نازی هه‌ڵده‌گرێ‌
……………………………..
كه‌س وه‌ك من نرخی تۆی له‌لا نییه‌
به‌پاكی و وه‌فا عومرت ناپێوێ‌
بۆچی نازانی دڵسۆزی راستیم
ته‌نها دڵخۆشی و به‌رزی تۆم ده‌وێ‌
……………………………

ستار ئه‌حمه‌د

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish