Skip to Content

77 Views

وا ئه‌بمه‌ وه‌ڕینی پڕ له‌ پرسیاری سه‌گه‌ برسێكانی ناو شار …  چنوور نامیق

وا ئه‌بمه‌ وه‌ڕینی پڕ له‌ پرسیاری سه‌گه‌ برسێكانی ناو شار … چنوور نامیق

Be First!
by March 29, 2019 General, Poems
image_print



من ژنێكم وه‌كو باران زوو ئه‌بارم
چاوم له‌ مه‌یلی هه‌وره‌كان نابێته‌وه‌
خوێندنه‌وه‌م ئه‌سته‌متره‌
له‌قوژبنی ماڵی چۆڵی ته‌نیاییه‌ك
پیته‌كانم ئاڵۆزترن
له‌ كردنه‌وه‌ی لوغزه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی پیاوانی وڵات
دێره‌ په‌رته‌كانی ناخم وڕێنه‌ی كۆساڵانێكن
چاوی قه‌ده‌ر لێیان ناگا
چه‌ند روونترم له‌ فرمێسكت هه‌ر ناتوانی بمخوێنییه‌وه‌
خوێندنه‌وه‌ی نیگای تیژی باڵنده‌یه‌ك ئاسانتره‌ له‌ سه‌رنجێكی رژاوم
وانه‌كانی ژیان كورتن پێڕاناگه‌ی منی تێدا بدۆزییه‌وه‌
ئه‌مڕۆ له‌وانه‌ی گه‌مه‌كان دیسانه‌وه‌ سفرم هێنا
خه‌ونێكی به‌سه‌رچوو هات و چاوی بردم
به‌خێرایی له‌ڕه‌نج به‌ خه‌ساری مێرووله‌یه‌كی یه‌ك پێدا بێوه‌ر بووم
من ژنێكم له‌ باراندا ئاشت ئه‌بمه‌وه‌
له‌زاكیره‌ی پاسارییه‌ك بوومه‌ پووش و ماڵێكی بارانم شێواند
بومه‌ پوش و ماڵی گومانم گسكدا
بوومه‌ پووش و
كه‌نارێكان به‌ده‌م نیگای رژاومه‌وه‌ هه‌ڵئه‌وه‌رین
بوومه‌ باڵ و فڕینم له‌بیری كه‌نارییه‌كان ئه‌برده‌وه‌
بوومه‌ مناڵێكی سپی و
رۆژگار خۆی تیا شاردمه‌وه‌
بوومه‌ مه‌ل و
شینایی ئاسمانه‌كانم ئه‌خوێنده‌وه‌….
له‌گه‌ڵ گومانی باراندا بوومه‌ خۆم و قسه‌كانم بیرچووه‌وه‌
بوومه‌ كتێبێكی كۆن و پیته‌كانت ئه‌خوێندمه‌وه‌
وه‌لێ‌ نه‌خوێنه‌وارێكی ساوای
هێشتا په‌ی به‌ڕسته‌یه‌كی ناته‌واوی چاوم نابه‌ی
ئێستا ژنێكی سه‌فه‌ریی به‌ر بارانم
وا ئه‌بمه‌ وه‌ڕینی پڕ له‌ پرسیاری سه‌گه‌ برسێكانی ناو شار
وا ئه‌بمه‌ مناڵێكی له‌بیركراوی دیارنه‌ماو
هێشتا نوقمی گه‌مه‌ شێواوه‌كانی شه‌وگاری دیار باران بووم
بوومه‌ وه‌ڕینی سه‌گه‌له‌كانی ناو شه‌وگار
پڕ پڕ بووبوومه‌وه‌ له‌ وه‌فا
وه‌فای جێماو
وه‌فای نامۆ به‌ مه‌سجه‌ تیژڕه‌وه‌كانی تۆ
ده‌ستوپه‌نجه‌ت له‌نوسینه‌وه‌م بكه‌وه‌
هێشتا نوقمی گه‌مه‌ شێواوه‌كانی شه‌وگاری دیار بارانم
با له‌ زاكیره‌ی باراندا نازی ژیان نه‌شێوێنم!

29-3-2019

Previous
Next

Leave a Reply