Skip to Content

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) سەبارەت بە کاری هەرەوەزیی …. سازدانی: دەنگەکان

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) سەبارەت بە کاری هەرەوەزیی …. سازدانی: دەنگەکان

Closed
by نیسان 3, 2019 dengekan, General, Opinion, Slider

کورتەیەك بۆ ناساندنی هەرەوەزی :

هەرەوەزی دیاردە و بوونێکی مێژوویی و جیهانیی هەیە، هەرچەندە زۆر جار ڕەنگ و دەنگی سەردەمی سەرهەڵدانەکەی خۆی گرتووە؛ هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی ئایینی گروپە ئایینی و ڕێڕەوییەکان دەرکەوتووە و هەندێك جار وەك خۆکۆمەکیی خێڵەکی و گوندەکان دەرکەوتووە و هەندێك جاریش وەك خۆبەسێی کۆمەڵە هاوچەرخەکان لە سەردەمی جەنگەکان و قاتوقڕیی وشکە ساڵەکان دەرکەوتووە، بەڵام لەنێو هەموو سەردەمەکان هەرەوەزی و بیرۆکە و ئاوەزی ژییانی هەرەوەزیی بەجۆرێك بوونی هەبووە .

لەنێو ئەم ڕۆژگارەش لە هەرێمی کوردستان خەریکە لەنێو دەروونی قەیرانە ئابووریی و کولتووریی و مۆڕاڵیی و ڕامیاریی و جەنگیی- سەربازییەکان بەجۆرێك هەروەزییەکان و بیرۆکەی هەرەوەزی کۆمەڵایەتیی وەك ئەڵتەرناتیڤێك خۆی دەردەخاتەوە. سایتی دەنگەکان وەك بڵندگۆی دەنگە ڕۆشنبیر و ڕەخنەگر و ناڕازی و بەهەڵوێستەکان بۆ ڕۆشنایی خستنە سەر مێژووی بزووتنەوە و بیرۆکە هەرەوەزییەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ئەم تەوەرەیەی بۆ گفتۆگۆ و لێدوان لەو بارەوە کردووەتەوە، بە هیوای سەرهەڵدان و درووسبوون و دروستکردنی دیالۆگ و لێدوانیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی لەبارەی هەرەوەزی و بزووتنەوەی هەرەوەزی وەك ئەڵتەرناتیڤ.

پرسیار : سەرەتا ئەگەر بکرێت کورتەیەك لەبارەی ڕابووردووی چالاکی خۆت و ئاراستەی بیرکردنەوەت بۆ خوێنەران بگێڕیتەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : لە رابردوودا بەتایبەتی لە دەیەی هەشتاکان لە حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست کارم کردووە و بۆ ماوەی سێ ساڵ یانزە ژمارە لە گۆڤاری (ڕابەر)مان دەرکرد. لەدوای راپەرینیش لە بزووتنەوەی شورایی کوردستان چالاک بووم بەتایبەتیش لە مەڵبەندی شورا کرێکارییەکانی شاری هەولێر. دوای ڕاپەڕینیش یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی یەکێتی بێکارانی لە کوردستان و هەروەها ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان بووم لە هەولێر. کاتێکیش لە تورکیا بووم بەرپرسی کۆمیتەی هاوپشتی کرێکاریی بووم و کە چوومە دەرەوەش لە گۆڤاری هانا هەردوو خولەکەی چالاکانە کارم کردووە و کار دەکەم.

پرسیار : بزووتنەوەی هەرەوەزی” ئەم دەستەواژەیە بۆ تۆ چی دەگەیێنێت ؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بزووتنەوەی هەرەوەزی بزووتنەوەیەکە کە کاری هەرەوەزی خۆبەخشانە ئەنجام دەدات. دەست بۆ کارانە دەبات کە پێویستین و دەسەڵاتی لۆکاڵی یان ناوەند ناتوانێ یان ناپڕژێتە سەریان. بەڵام بەبڕوای من لە کوردستان شتێک نییە ناوی بزووتنەوەی هەرەوەزی بێت. ئەوەی هەیە دەستپێشکەری چەند ئینسانێکی خەمخۆر و ئینسان دۆستن بۆ خزمەتکردنی مرۆڤەکان لە دەڤەرێکی دیاریکراو. کاتێک دەتوانین ناوی بزووتنەوەی لێ بنێین کە هاوشێوەی ئەم دەستپێشکەرییە لە گۆشە و کەنارەکانی کۆمەڵگە بوونیان هەبێت، کە ئێستا بوونیان نییە. بەڵام دەتوانین بە سەرەتایەکی دابنێین بۆ جێکەوتە بوونی شێوازێک لە کارکردن بە قازانجی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش. ئەم شێوازە لە کارکردن گەر بە ئاسۆ و تێروانینێکی ئینسانی بارگاوی بێت ئەوا بە دڵنییاییەوە دەتوانێ سوود بەخش بێت و بەپێچەوانەوە گەر بارگاوی نەبێت بەو ئاسۆ و تێڕوانینە پێشکەوتووخوازەوە ئەوا دەست نەبردن بۆی باشترە.

پرسیار : بە بۆچوونی تۆ هەرەوەزییەکان ئامرازی ڕیفۆرمکردن یان ئەڵتەرناتیڤن؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : پرسیارێکی زۆر گشتیگیر و ناڕوونە. کام هەرەوەزییەکان؟ لە کوێدا؟ لە چ بڕگەیەکی مێژوویی؟ کوردستان لەم چارەکە سەدەیەی ڕابردوو بەهۆی برودۆخی سیاسیی ناهەموارییەوە نەک زەمینەی کاری هەرەوەزی خۆش نەکرددوە، بەڵکو بووە هۆی فەوتان و مردنی هەر هەولێکی دەستەجەمعی بۆ ئامانجێکی دیاریکراو. لەبەر ئەوە پرسیارەکەی بەڕێزتان هیچ پەیوەندییەکی بە کوردستانەوە نییە. ئەگەر وەک پرسیارێکی موجەرەدیش وەریبگرین و هەوڵ بدەین لە سیاقی مێژوودا بیبینین و وەڵامی بدەینەوە دەتوانین بڵێین کە ڕێکخراوە هەرەوەزییەکان کە کاری هەرەوەزییان کردووە نە ڕیفۆرم بوونە و نە ئەلتەرناتیڤ، بەڵکو جۆرێک لە بەرگریی و بەدەستهێنانی خۆڕاگیریی بووە لە بەرامبەر فشاری ئابووری چینە باڵا دەستەکان. چونکە ڕیفۆرم و ئەلتەرناتیڤ دوو دەستەواژەی سیاسیین و لە قاموسی سیاسیدا مانای تایبەت بە خۆیان هەیە کە بە هیچ جۆرێک ناتوانن وەک کاڵایەک بە باڵای کاری هەرەوەزیدا ببڕدرێن.

پرسیار : بە پشتبەستن بە کامە بنەما و ئەزموون هەرەوەزییەکان دەخرێنە خانەی ئامانجی بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی یان خزمەتکردن بە مانەوەی سیستەمە چینایەتییەکە ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : ئەم بزووتنەوە هەرەوەزییانە گەرچی تابعێکی سیاسییان هەیە بەڵام لە جەورهەردا کردەی سیاسیی نین. واتە ئامانج لەم بزووتنەوانە هەڵگیرساندنی شۆڕش و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی نییە لە کۆمەڵگە. ئەم بزووتنەوانە هەوڵ دەدەن لەبەرامبەر فشار و بەربەرییەتی چینایەتی دەسەڵاتی بۆرژوازی کارێک بکەن کە ببێتە هۆی سووککردنی باری قورسی سەر شانی ژیانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. بۆیە ئامانجەکانی ئەم جۆرە بزووتنەوانە ڕیفۆرمیستین. ئەم ڕیفۆرمەش لە بەرژەوەندی خەڵکی بەشمەینەتە نەک مانەوەی سیستمی چینایەتی.

پرسیار : کەسانێک پێیان وایە ئەم کارە هەرەوزێیانەی کە لە ناوچەی خانەقین دەستی بۆ براوە، لە بنچەدا کاری دەسەڵاتە و دەبێت فشار بۆ دەسەڵات ببرێت لە جیاتی کاری هەرەوەزی. ئەی ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : ئەو کەسانە دروست خاڵیان لەسەر پێتەکان داناوە. ئەوە ئەرکی دەسەڵاتە و دەبێت بە فشار و خەبات دەسەڵات بهێنرێتە پای ئەم کارانە، بەڵام لەهەمان کاتتدا کە فشار و خەبات دژ بە دەسەڵات لەئاستی پێویستدا نەبێ، دەستبردن بۆ کاری هەرەوەزیی پێویستی هەنووکەیی خۆی دەسەپێنێ.

پرسیار : چۆن دەتوانین هەرەوەزییەکان بە ئەڵتەرناتیڤ ببینین، ئەو گۆرانە پۆزەتیڤانە چین کە هەرەوەزییەکان وەك ڕەتکەرەوەی کردەوەیی سیستەمە چینایەتییەکە نیشاندەدەن، چ کاراییەکیان لەسەر خێراکردن و بەهێزکردنی ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کولتووریی و ڕۆشنبیریی گشتی دەبێت ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : من لە وەڵامی پرسیارێکی پێشوودا وتم کە ئەم کارە هەرەوەزییانە و بینینیان وەک ئەلتەرناتیڤ و ڕەتکردنەوەی کردەیی سیسیتەمی چینایەتی لە جێی خۆیدا نییە. واتە لەڕووی سیاسییەوە ئەو بەدیلە لەڕێی ئەو کارە هەرەوەزییانەوە مومکین نییە. هاوکات دەبێ ئەوەش بڵێین کە کاریگەری دەبێت بەسەر ئاستی ئاگایی خەڵکی بەشمەینەت و بردنەپێشەوەی هۆشیاری و ناسینی ژیان و کۆمەڵگە.

پرسیار : چ ئاسۆ و ئامانجێك لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : ئەگەر بزووتنەوەی هەرەوەزی لە هەرێمی کوردستان لە درێژەی ئەم کار و چالاکییانەی ناوچەی خانەقینەوە ببینین و خانەقین بکەین بە چەقی ئەو بزووتنەوە سەتاسەرییە ئەوا تا ئاستێک جێگای دڵخۆشییە. بەڵام ئەم پەلوپۆ هاویشتنە لەم دۆخەی ئێستا ئاسان نییە لە هەرێمی کوردستان چ جای بگات بە خۆرهەڵاتی ناوین.

پرسیار : لە ڕووی مێژووییەوە، ئایا بزووتنەوەی هەرەوەزی لە ناوچەی لەدایکبوون و ژیانی خۆت هەبووە یان بەخۆت تاکو ئێستا لەنێو هەرەوەزییەك ژیاوی ؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نەخێر هیچ ئەزموونیكم لەوبارەوە نەبووە و نییە

پرسیار : ئایا هەروەزییەکان تەنیا ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتین، یان واوەتر لەوە دەتوانن ببنە ئەڵتەرناتیڤی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی باوی بۆرجوازییانەی ئێستا؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : نەخێر هەرەوەزییەکان تەنها ئاڵووێرکردنی کۆمەکی کۆمەڵایەتی نین، ئەم هەرەوەزییانە ڕەنگە بە جۆڕێک بتوانن لە هەلومەرجێکی سیاسی – ئابووری تایبەتدا ڕۆڵی گرنگ بگێڕن بەتایبەتی ئەگەر دۆخەکە قەیراناوی بێت و هەیەجانی کۆمەڵایەتی بەرێوە بێت.

پرسیار : ئایا هەر ئێستا هیچ ئەزموونێکی کردەیی و جێکەوتوو یان پەرەسەندوو لە هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوین دەبینیت ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : نەخێر هیچ ئەزموونێک نابینم.

پرسیار : چ پێشنیار و وانەیەك، ئەزموونێكت هەیە کە بیخەیتە سەر ئەزموونی تاکو ئێستای ئەو هەرەوەزییانەی کە لە هەرێمی کوردستان هەن؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : هەوڵ بدرێت هەرەوەزییەکان لەئەنجامی کۆبۆنەوەی گشتی ناوچە و گەڕەک و شارەکانەوە بێنە دەرەوە و عەمەلی بکرێنەوە و لێرەوەش ئەم سوننەتی کۆبوونەوە گشتییانە ببێتە عەقڵیەتی زاڵ بەسەر ژیانی ئینسانەکان. چونکە لەم نەریتە شۆڕشگێڕانەیەدا چاودێری جەماوەری دێتە ئاراوە و لەهەمان کاتیشدا هەرگیز گەندەڵیی دروست نابێت.

پرسیار : دوا پرسیاری ئەم جارە، چ پەیام و ڕێنوێنییەکت بۆ چالاکانی هەرەوەزییەکان هەیە ؟

عەبدوڵا سڵیمان (مەشخەڵ) : دیارە وێڕای دەستخۆشی لەو چالاکوانانە، هیوادارم بە نەفەسێکی درێژەوە بتوانن درێژە بەو چالاکییانە بدەن و پەلوپۆی پێبهاون بۆ ناوچەکانی تر تا لە ئەنجامدا بتوانێ وەکو بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری بەهێز لەسەر پێی خۆی بوەستێ.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish