عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)ی شاعیر لەبەردەم پرسیارەکانی (پەڕەمووچ)دا


                       

عەبدوڵا سلێمان (مەشخەڵ) لە ساڵی ١٩٦٤ لە شاری کەرکووک لە دایک بووە.خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنیکی لە ساڵی ١٩٨٦ هەر لە کەرکووک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە شیعر دەنووسێت و لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری ڕەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە. بەشداری چەندین کۆڕی شیعری کردووە لە شاری هەولێر لە ساڵی (١٩٨٣) و لە شاری کەرکووک لە ساڵی (١٩٨٥). پێنج کۆڕی شیعری تایبەتی کردووە لە شاری ڤانکۆڤه‌ر لە کەنەدا لەساڵی ٢٠٠١ و لە ساڵی ٢٠١٠ . هەروەها کۆڕێکی تایبەتی شیعر لەکەرکووک لەساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ لە کەنەدا و ٢٠١٩ دیسانەوە لە کەرکووک. لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ هاوڕێیان جەماڵ کۆشش و نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(هۆشەنگ) “حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست” دادەمەزرینن و بۆ ماوەی سێ ساڵ یانزە ژمارە لە گۆڤاری “ڕابەر” دەردەکەن. سەرنووسەری چەندین ژمارەی ڕۆژنامەی “دەنگی بێکاران – زمانحاڵی ڕێکخراوی یەکێتیی بێکاران لە کوردستان” بووە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢ – ١٩٩٤ کە لە شاری هەولێر دەردەچوو. ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هانا خوولی یەکەم بووە لەنێوان ساڵانی ١٩٩٧ – ٢٠٠٠ کەلەوڵاتی سوید دەردەچوو و ئێستاش ئەندامی دەستەی گۆڤاری هانا خوولی دووەمە و هەروەها ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کوردە لقی کەرکووک. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بیست کتێبی لەبوارەکانی شیعر و وەرگێران و شانۆنامە بەچاپ گەیاندووە زیاتر لە پانزە کتێبی تریشی ئامادەن بۆ چاپ و ئێستاش لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی زیاتر لە دوو دەیەیە‌ لە وڵاتی کەنەدا دەژێت.

پەڕەمووچ: وەک هەر شاعیرێکى تر بێگومان سەرەتاى جوانت هەیە بە پەیوەندیت بەوشەى جادووئامێزو شیعری داهێنەرانەوە. سەرەتاى شیعریت بەچی دەستى پێکردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : سەرەتای شیعریم لە نیگەرانییەکی سادەوە دەستی پێکرد. ئەتوانم بڵێم سەرەتا لەسەر دووڕیانێکدا دووچاری نیگەرانی ببووم. دووڕیانی شیعرییەتی شیعر و وەڵامدانەوە بە خواستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی ڕۆژ. دیارە بە دڵنیاییەوە ڕووی وشەم ڕووە و خواستە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان وەرچەرخاند بێئەوەی تامی هەنگوینی ئەو شیعرییەتە بکەم کە لە شانەکانی شیعردا دادەچۆڕان. ئەمەش بۆ سەرەتا و بۆ گەنجێکی تەمەن شانزە ساڵان ئەگەر ڕەواش نەبێ، مەئلوفە. بۆیە لەو سەرەتایەدا بەهەموو توانایەکمەوە هەوڵم دەدا لەگەڵ شیعر ئاوێزانی یەکتر بین. ئاوێزانێک کە تا ئێستاش بەردەوامین. نایشارمەوە جادووئامێزی وشە و شیعرییەتم لە هەڵوێستدا بینیوەتەوە. وشە هەڵوێستدار و ئاگر ئاساکانی نێو خەبات و شۆڕش و ڕاپەڕینم لا جوانتر بووە لە ناسکترین دەربڕینی شاعیرانە. ئەمە هەر تایبەت نەبووە بە سەرەتای شیعرییمەوە، بەڵکو هەتا ئەمڕۆش وەک سێبەر بە دوامەوەیە و لێم جیا نابێتەوە.بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بەدوای شیعرییەتەوە نەبم، بەپێچەوانەوە من دەخوازم جوانترین ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی چینایەتی بە بەرزترین فۆرمی شیعریی نمایش بکەم.

پەڕەمووچ: بەدەر لە هەر شاعیرێکى دیکە.. مەشخەڵ وەک رێبازێک شیعری بۆ چینى کرێکاران تەرخان کردووە.. شیعری کوردى تا چ ئاستێک خزمەتى بەو رەوتە کردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ڕەنگە ئەگەر ورد لەم پرسیارە ورد ببینەوە جۆرە ئەشکالیاتێکی تێدا بەدی بکەین. بۆ نموونە لە سیاقی پرسیارەکەدا شیعری چینایەتی کرێکاری کوردیی و بزووتنەوەی شیعری کوردیی لێکجیا کراونەتەوە و وەک دوو جەستەی جیاواز نمایش کراون. لەکاتێکدا ئەتوانم بڵێم ڕەوتی شیعری کرێکاریی کوردیی بەشێکە دانەبڕاوە لە بزووتنەوەی شیعری کوردیی. (دیارە مەبەستم لە ڕەوتی شیعری کڕێکاریی کوردیی ئەو دەقانەیە کە بە زمانی کوردی نووسراون یان دەنووسرێن و شاعیرەکەش کوردە.) کەواتە شیعری کرێکاریی ناکەوێتە دەرەوەی ئەو بزووتنەوەیە. شیعری کوردیی لە ڕەوتی گەشە و بەرەوپێچوونی خۆیدا دوو تێروانین و دوو ڕێبازی سەرەکی تیایدا بوونیان هەبووە و هەیە. ئەوانیش تێڕوانینەکانی نەتەوەیی و چینایەتین کە بەردەوام ململانێی و کێشمەکێشیان لەنێواندا هەبووە و هەیە.. شیعری کرێکاریی بەپێێ بڕگە مێژووییەکانی گەشە و بەرەوپێشچوونی خۆی هەژموونی خۆی لەنێو بزووتنەوەی شیعری کوردیدا باڵا دەست یاخود پاشەکشەی کردووە. بزووتنەوەی شیعری نەتەوەیی کورد بەو پێودانگەی کە پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی جیاوازترە لە کرێکاران، بۆیە نەک هیچ خزمەتێکی بە شیعری کرێکاریی نەکردووە، بەڵکو درێغیشی نەکردووە لە دژایەتی کردنی ئەو ڕەوتە لە شیعری چینایەتی کڕیکاران کە تیدەکۆشێ لەڕێگەی هونەرەوە ئەو ئاسۆ و ئامانجە ئینسانییە دەربخات کە مرۆڤایەتی هەوڵی بۆ دەدات و مارکسیزم بە زانستی ڕزکارگەری سەرجەم بەشەرییەت دەزانێ.

پەڕەمووچ: لە نێوان دوو بۆچوونى جیاجیا.. شیعر لە پێناو هونەرى جوانى و شیعر لە پێناو خزمەت بە مرۆڤایەتى.. لە کامیان زیاتر نزیکیت و هۆکار چییە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من لە تێروانینی دووەمەوە نزیکم. من لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا پێداگری جیددیم کردوە لەسەر ئەوەی کە شوناسی جوانی شیعر بریتییە لە هەڵوێستە چینایەتییەکانی. واتە تا چ ئەندازەیەک شیعر گەڕاوەتەوە بۆ ئینسان و ئینسانی کردوە بە بناغە و خاڵی لێوە هەستانی خۆی. لایەنگرانی شیعر لەپێناو جوانی و هونەر بێئەوەی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقی شیعریی هیچ جێگا و شوێنێکی جیددی لە تێفکرینە هونەریی و ئەدەبییەکانیاندا هەبێت، بوونەتە بەشێکی دانەبڕاوی ئەو بزووتنەوە ئەدەبییە بەرفراوانەی کە جگە لە خۆ بواردن لە توندکردنەوەی زنجیرەکانی دەست و پێی ئینسان، کارێکی تری نییە و من ئەو بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەی ئەدەبی بۆرژوازی ناوزەد دەکەم. هەرچەندە ئەوەشم لا ڕوونە کە نابێت شیعر خاڵی بێت لە جوانی و هونەر. شیعر واتا هونەری زمان و دەربڕێن و خەیاڵ و ڕەگەزەکانی تری هونەری دەربڕین. ئەگەر شیعر لە هونەر دابڕیت ئەوکات ڕەنگە قسەی ئاسایی بخوێنیتەوە نەک شیعر. من ئەم ڕاستییە ئەزانم و نکووڵی لێناکەم. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتکردنی ئینسانییەت و دەرخستنی ئاسۆی ڕزگاری بەشەرییەت لە ستەم و بێمافی و چەوسانەوە خاڵی بەهێزی دەقی شیعرییە و ئایدێندتی شیعریی نیشان دەدات. لەم گۆشە نیگایەوە من ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەق لای من دەستپێکی لەدایکبوونی دەقی ئەدەبییە و جا ئەو دەقە چ فۆرمێک بەباڵای خۆیدا دەبڕێت ئەوەیان باسێکی ترە.

پەڕەمووچ: ئایا شعر موڵکى شاعیرە یان نەتەوە هاوزمانەکەیەتى؟ ئیمڕۆ لە فراوانترین کرانەوەى شارستانیەتدا شیعری کوردى چۆن دەبینى؟ تا چەند دەتوانێت کاریگەرى بەسەر دەروونى خوێنەر یان بیسەورەوە هەبێت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : شیعر دەتوانم بڵێم موڵکی شاعیرە و لەهەمان کاتیشدا موڵکی هاوچینەکانییەتی(ئەگەر موڵکایەتیمان وەک بارە ئابوورییەکەی بە مانای خاوەندارێتی قبوڵ بێت). شیعر موڵکی شاعیرە لەبەر ئەوەی لەدایکبووی دۆخی تایبەتی ئەفراندنە لە زمان و خەیاڵی شاعیر. وە موڵکی هاوچینەکانییەتی یان تۆ وتەنی هاوزمانەکەیەتی، چونکە شاعیر تاکێکە لەو گروپە کۆمەڵایەتییە گەورەیەی کە ناوی چین یان نەتەوەیە.. بەڵام کاتێک دەق بڵاو دەبێتەوە، ئیتر لە موڵکییەتی شاعیر دەکەوێت و چینێک یان نەتەوەیەک لێی بەرپرسیارە و خاوەندارێتی دەکات. واتە تا ئەو ساتە شاعیر خاوەنییەتی کە ‌هێشتا بڵاو نەبۆتەوە. کە بڵاو بۆوە ئیتر لە موڵکایەتی شاعیر دەچێتە دەرەوە. بۆ مەسەلەی بینینی شیعری کوردیی لە فراوانترین کرانەوەی شارستانی کە پێموایە مەبەستت گڵۆبەڵازەیشن بێت، هەست ئەکەم شیعری کوردیی دووچاری داخران و قوپانەوە بووە. شیعری کوردیی لەم سەردەمی کرانەوەیەدا لەبری گەشەی چلۆنایەتی دەرگیریی کێشە و ئاریشەکانی ئیندیڤیجواڵ بووە و بەمەش خۆی لە کێشە مرۆییەکانی سەردەم دابڕیوە. دیارە ئەمەش کاریگەریی هەیە بەسەر هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی. ئەم کاریگەرییەش هۆکارێکی جیددییە کە ناتوانێت بەپێی پێویست وەڵامگۆی پێداویستییە دەروونییەکانی خوێنەر یان بیسەری کرد بێت. شیعری کوردیی شیعرێکی نا کاریگەر و نا فەعالی کۆمەڵایەتییە و تاکو ئەم داخرانەی خۆی بەڕووی جەنگە چینایەتییەکانی سەردەم نەکاتەوە، تاکو نەبێتە بەشێک لە ململانێێ کۆمەڵایەتیی و سیاسیییەکانی کۆمەڵگە، تاکو لەسەر بەرژەوەندی چینایەتی زۆربەی ئینسانەکانی کۆمەڵگە پێداگری نەکات، تاکو ئاڵای خەبات و شۆڕشگێرێتی بەرز نەکاتەوە و ناتوانێت لەسەر گۆڕەپانی تێکۆشان بۆ ڕزگاری ئینسانییەت کاریگەری بەرچاوی دەروونی هەبێت لەسەر خوێنەر یان بیسەر.

پەڕەمووچ: سەردمانێک عەرەب شاعیرانى (مهجر)ى هەبووە کە هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن و کاریگەری زۆر ئەرێنییان بەسەر دەروونى خوێنەرى غەیرە عەرەبەوە هەبووە، ئایا شاعیرانى کورد چ هەنگاوێکیان لەو مەودایە ناوەو تا چەند سەرکەوتنیان دەستەبەرکردووە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : کورد لەمێژ نییە توانییەتی لە سنوورەکانی کوردستانەوە بچێتە دەرەوە و سەرزەمینێکی تر وەک نێشتمانی خەونەکانی بەدەست بهێنێت. مێژووی مەسەلەی کۆچ و پەناهەندەیی کورد نزیک بە نیو سەدەیە. لەکاتێکدا کێشەی (هجرة) ی شاعیرانی نەتەوەی عەرەب مێژوویەکی چەند سەد ساڵەی لەپشتە. هەر بۆشە ئەزموونەکانیان دەوڵەمەند و هەوڵەکانیان بە پیت بووە لەسەر هەردوو ئاستی لۆکاڵی و ناوچەیی. هەرچی شاعیرانی کوردە هەتا ئێستاش نەیان توانیوە هەنگاوی بەرچاو بنێن. هەرچەندە لەسەر ئاستی تاک هەوڵی لێرە و لەوێ هەیە، بەڵام وەک ڕەوتێک یان تەوژمێک بوونیان نییە و بۆیەش هێشتا زۆر زووە باس لە سەرکەوتن یان نوشوستی ئەو هەوڵانە بکەین. سەبارەت بە ئەدەبی کوردی تاراوگەش کە لێرە و لەوێ و جاروبار بەرچاومان دەکەوێت دەتوانم لە ئاستی نەبووندا دایبنێم. چونکە تەواوی نووسەرانی دەرەوەی سەرزەمینی کوردستان بە جەستە لە دەرەوە و بە هەست لە ناوەوەن. ئینتمای ئەدیبان و نووسەرانی کوردی تاراوگە، ئینتمایە بۆ ناوەوە نەک دەرەوە. بۆیە بەدەگمەن شیعرێک دەبینی هەڵگری تایبەتمەندی جۆرێتی ژیانی دەرەوە بێت. لەبەر ئەوە ئەم نووسەرانە نەک نەیانتوانیوە ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی دەرەوە بگوازنەوە ناوەوە، بەڵکو تا ئەم ساتەی ئەم دێرانە دەنووسم، هەر نیازی لەوجۆرەشیان هەر لە خەیاڵدا نییە.

پەڕەمووچ: دەبینین گەنجێکى زۆر روویان کردۆتە نووسینى شیعر، لەکاتێکدا لە کایە مرۆییەکانى وەک فەلسەفەو کۆمەڵناسی و ئیستاتیکا ناخوێننەوە .. چ پەیامێکیان ئاراستە دەکەیت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : من هیچ پەیامێکیان ئاراستە ناکەم. چونکە نە بروام بە مامۆستایی هەیە و نە نوخبەشم بەلاوە پەسندە تا وەکو کەسێکی خۆ بەنوخبەزان بێم خۆم بە ڕیش سپی دونیای شیعر دابنێم و ئامۆژگاری ببەخشمەوە. بەپێچەوانەوە من ئێستاش هەر خەریکی فێربوونم. ئێستاش لە ئەزموونی پیر و گەنج و تازە و نوێ ورد دەبمەوە و بەسۆراخی فێربوونەوەم. ئەوە ڕاستە گەنجێکی زۆر ڕوویان کردۆتە پێدەشتەکانی شیعر و شیعر دەنووسن، لەگەڵ ئەوەشدا توێژێکی بە ساڵاچووش هەر خەریکی شیعرن. ئیتر خەتاکە گەنجەکان نین، بەڵکو ئەتمۆسفیری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی ژیانی کورد وایە. ئەو شاعیرانەی بێئەوەی زەخیرەیەکی مەعریفیی و پاشخانی ڕۆشنبیرییەکی کۆمەڵایەتیی – مێژوویی لە هەناوی دەقەکانیاندا هەناسە بدات. ناتوانن داهێنەر بن جا گەنج بن یان پیر. بێدەربەستی نیشاندان سەبارەت بە کایەکانی فەلسەفە و ئیستاتیکا و کۆمەڵناسی و ئابووری و زانست و تەنانەت ژینگەش و ئینجا دەستبردن بۆ نووسین، نیشانەی کەموکوڕیی و ناشارەزاییە کە نووسەر چ گەنج یان پیر بێت ڕووبەڕووی دەبێتەوە و خوێنەر ڕووبەڕووی ئەزموونێکی کاڵوکرچ دەکات. نووسەر چ گەنج یان پیر بۆ ئەوەی دەقی جوان بنووسێت، دەبێ خاوەن زانیاریی بێت و لەنێو کلتورێکی گەورەی خوێندنەوەدا قاڵ بووبێتەوە. دەبێت ئاگاداری ئەزموونەکانی دەرەوەی بازنەی ژینگە ئەدەبییەکەی خۆی بێت. ڕابردوو و ئێستای بزووتنەوەی شیعریی بناسێت و لە کایە جیاجیاکانی مەعریفەدا تینوێتی خۆی بشکێنێ. لێرەوە خوڵقاوی ئەدەبی جوان دێتە ئاراوە و دەتوانی لەژێر ناوی داهێناندا بەرهەمەکانی پۆلینی بکەین.

پەڕەمووچ: ئەزموونەکان بە پێی سەردەمان و شوێنەکان لە گۆڕانکاری بەردەوامدان، بەلام کاریگەری قوتابخانە شیعرییەکان هەمیشە لە ناوەڕۆکەوە لێک جودان و یەکناگرنەوە، هاوبار هیچ ناکۆکییەکیش لە نێوانیاندا نییە، ئەو هاوسەنگیەى ناو ناکۆکى ئەدەبی لە چ گۆشەنیگایەکەوە دەبینیت؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : ئەمە بەردەوامیی و بەرەوپێشچوونی کرۆکی ئەزموونی ئەدەبییە کە هەمیشە لە گۆڕاندا بێت و لە ئاستیکدا قەتیس نەبێت. ئەمە ناسنامەی زیندووێتی ئەزموون و دەقە. ئەمە ئەو ڕێڕەوەیە کە گۆڕانکاری ناوەڕۆکی دەقەکان و قوتابخانە شیعرییەکان تیایدا مانا پەیدا دەکەن. هەر قوتابخانەیەکی شیعریی تایبەتمەندی خۆی هەبووە و لە قۆناغێکی تایبەتی ژیانی سیاسیی – کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە و کاریگەریی خۆی جێهشتووە. کاتێکیش ئەو قوتابخانەیە ناتوانێت لەگەڵ گەشەی کۆمەڵگە برواتە پێشەوە و وەڵام بە پێداویستییە ئەدەبییەکانی ئەو قۆناغە بداتەوە، بێ کاریگەر دەمێنێتەوە و بەناچار ڕێگا بۆ قوتابخانەی ئەدەبی تر خۆش بکات. قوتابخانە شیعرییەکان پێویستی سەردەم و قۆناغی تایبەتی ژیانی ئینسانەکانن، بۆیە سەرباری هەر ناتەباییەک لە نێوانیاندا ، هەر هەموویان بە هێڵێکی راست لەگەڵ ڕەوتی گەشەی ژیانی مرۆڤ هەنگاویان ناوە و دەنێن. ڕەتکردنەوە و دووبارە ژیانکردنەوە لەسەر وێرانەیی ئەویتر بەپێێ یاسای ڕەتکردنەوەی ڕەتکردنەوە دەڕوات بەڕێوە و کۆن جێگا بۆ نوێ خۆش دەکات و ڕێگای بۆ دەکاتەوە. بەم تێگەیشتنەوە دەتوانین لەمانای گەشە و ململانێی نێوان تازە و کۆن تێبگەین و خوێندنەوەی خۆمان بۆی هەبێت. ئەگەر ئەمە بۆ فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی – ئابووری کۆمەڵگەی کوردستان دروست بێت، ئەوا بۆ خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئەزموون و ناوەڕۆکی قوتابخانە ئەدەبیی یان شیعرییەکانیش مانادارە و دەتوانرێت تەواوی قۆناغەکان و قوتابخانە شیعرییەکانی بزووتنەوەی شیعری کوردی پێ هەڵبسەنگێنرێت.

پەڕەمووچ: مەشخەڵ جگە لە شیعر .. لە هیچ بوارێکى ترى ئەدەبی (چیرۆک، رۆمان، وتارى ئەدەبی، رەخنە، فەلسەفە.. هتد) دەستى نووسینى هەیە؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بەڵێ من جگە لە بواری نووسینی شیعر، گەلێ هەوڵی ترم هەیە لە بوارەکانی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە هەروەها نووسینی شانۆنامە و جاربەجاریش چیرۆک دەنووسم و چەند ئیشێکیشم لە بواری وەرگێڕاندا کردووە و چەند کتێبیشم لەم بوارانەدا چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

پەڕەمووچ: پارچە شیعرێکمان پێشکەش بکە.
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : فەرموون لەگەڵ ئەم شیعرەم کە پێشکەشی ئێوە و خوێنەرانی هەفتەنامەی (هەواڵ)ی دەکەم.

                  چەند دیمەنێک لە پەنجەرەی ژیانەوە

بەچاوی پڕ فرمێسکەوە
ئەم ئافرەتە کرێکارە شۆخ و شەنگەی کارگەکەمان
لە نووسینگەی بەڕێوەبەر زۆر بە پەلە هاتە دەر و
توووند دەرگاکەی دوای خۆی داخست
دواتر وتی : ئەو بێئەخلاقە وا دەزانێ وەکو خۆیم
ئیتر فەرشی بێڕەوشتی بورژوازی
لە سەرەڕێی بیرکردنەوەی سەرجەم کرێکاران ڕاخست.
**
مەراقم بوو کە پێی بڵێم خۆشم ئەوێی
زۆر زیرەک و زۆر چاوکراوە و ئازا بوو
دوای چەند ساڵێک بووین هاوڕێی خەبات و تێکۆشانی یەک
بینیم ئەویش ئەنگێزەی ڕزگاری لایە
لەو ڕۆژەوە وەک دوو دڵ بەڵام یەک جەستەوەستاوین شانبەشانی یەک
**
لە قوتابخانەی دوا ناوەندی
مامۆستایەکمان شیوعی بوو
وانەی زمانی و ئەدەبی کوردی پێ دەوتینەوە
هەر یەکێکمان شتێکی دژ بە ویستی چینایەتی ئەو مامۆستایە بوتایە
خێرا بە چەند وشەیەکی مزر و ترش ناو دەمی دەکوتینەوە
ڕۆژێ قوتابییەکی هەستانە سەر تەختە ڕەشەکە و پرسی ئادەی باوکت چ کارەیە؟
وتی باوکم بەڵیندەرە.
زۆر تووڕە بوو وتی هەتیو دە فڵتەفڵت بەڵیندەرە بەڵیندەرە
بنووسە دەی باوکم کرێکارێکی ڕەنجدەرە.
**
گوێم لێبوو بە هاوڕێکەی وت
کوڕێکی تا بڵێێ بێدەنگ و کەمدووە
بۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئەزانی
کتێبێکی کارڵ مارکسم بۆ سەندووە
دوو ساڵ پاشتر هاوڕێکەی بوو بە هاوکارم
چاوی چرا و
دەمی مژدەی سەرفرازی و
وشەکانی تک تک خەونیان لێ ئەچۆڕا
زۆری نەبرد بۆرژوازی
ئەم ئومێدەی قۆڵبەست کرد و
ئیتر هەتاو ڕۆژی دەیان جار ئەتۆرا
**
لە قوتابخانەی جمهووری
نامەی کەپڵەکەی نیشانی خوشکم دابوو
وتبووشی گەر ئیزعاج بووی
داوا دەکەم لێم ببووری
نا ئازیزم..کەپڵەکەت دیارە زۆر ڕێکە و شۆڕشگێڕە
وای دەبینم بۆ تۆ ڕێک پڕ بە پێستت بێ
خۆزگەم بە خۆت
ئای چەند خۆشە کە هاوژینت
هاوڕێگای مانیفێستت بێ.
**
لێرە ئەندامی سەندیکام
سەندیکایەک نە ڕەنگی سوورە و نە زەردە
لای خۆی وایە ساڕێژکەری چی ناسۆری و خەم و دەردە
بەڵام کاتێ بە زمانی مارکس لینین دەیدوێنی
هەر ئەو ساتە کە گوێبیستی وەڵام دەبی
دەیان نەمامی دوودڵی و شەتڵە گومان
لەسەر ڕێگای بیرکردنەوەی خۆت دەڕوێنی
**
ڕۆژێ خەریکی ئیدیتی کتێبی ئەنتۆلۆجیا بووم
نێرگز قاوەیەکی نیمچە تاڵی هێنا و
لە تەنیشتمەوە دانیشت و وتی مەشخەڵ :
گەلێ دڵم بۆت دەیەشێ
تۆ خۆت بۆ چینی کرێکار سووتاندووە و
وا چاویشت لەسەر دانا
پێمناڵێی کێ ئێستاکە ئاگای لە تۆیە
وتم ئازیز : ئەگەر کەسیش ئاگای لە سووتانم نەبێ
تۆ خۆت زۆر چاک ئاگاداری
تۆ بزانی بەسە گیانە ئاخر تۆ خۆت کرێکاری
**
بۆ ماوەی دوو ساڵی ڕەبەق شەو کار بووم و
بە ڕۆژیش نووستووی ناو جێگا
شەوان لەگەڵ ئەستێراندا کارم دەکرد
خۆریش ببوە خەمی ڕێگا
ئەمێستاکە ڕۆژکارم و بەشەوان دەنووم
ئەستێرەکان لێم هەڵدێن و
منیش بە شوێنیانا مانووم.

١٣ کانوونی دووەمی ٢٠١٩