Skip to Content

سێ ڕۆمانی عومەر سەید، ئەنفال لە نەستی تاکی کورددا … محەمەد سەرابی

سێ ڕۆمانی عومەر سەید، ئەنفال لە نەستی تاکی کورددا … محەمەد سەرابی

Closed
by نیسان 24, 2019 General, Literature

ئەگەر لە مێژووی هەر نەتەوەیەک، یان هەر کۆمەڵگایەکی دونیا بڕوانیین، ئەوا دەکرێت لە فۆڕمی جیاوازدا مێژووییان پڕبێت لە کارەساتی گەورە، پڕبێت لە جەنگە کاولکارییەکان، لە داگیرکاری و کارەساتی سروشتی و جینۆسایدو سڕینەوەی نەتەوەییان. بەهەمانشێوە ئەگەر بەدیوێکی دیکەدا لە مێژووی ئەدەبیاتی ئەو نەتەوانە بڕوانیین، دەبینین ئەم دوو تەوەرەیە، واتە مێژووی کارەسات و ڕووداوە گەورەکان، لەگەڵ مێژووی ئەدەبیاتدا پەیوەندییەکی تووندیی کارو کارتێکردنیان بەیەکترەوە هەیە، کە تێیدا مێژوو وەک کارتێکەرێک کاریگەری و ڕەنگدانەوەی گەورە لە ئەدەبیاتدا دێنێتەئاراوە. بەچەشنێک دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە ڕەوت و قوتابخانەو ڕێبازە ئەدەبییەکاندا دروستبکات و تەنانەت ڕەوت و قوتابخانەو ڕێبازی نوێی تاقینەکراوە بێنێتەکایەوە. بە مانایەکی تر، ڕەوت و ئاراستەی ڕووداوە مێژووییەکان، دەکرێت ڕۆڵێکی گەورەی هەبێت لە گۆڕینی ئاراستەی ڕەوتە ئەدەبی و هونەرییەکان.


لە دونیادا ڕەنگە بەڵگەنەویست بێت، کارەساتێکی وەکو هۆڵۆکۆست، جینۆسایدکردنی ڕەگەزی جوولەکەکان لەلایەن پارتی سۆسیالیستی کرێکارانی ئەڵمان، ناسراو بە نازییەکان و بە سەرکردایەتی ”ئادۆلف هیتلەر” لە ماوەی جەنگی جیهانی دووهەمدا، پاش ئەو ڕوداوە چی کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ئەدەبیات و هونەرو سینەمای نە تەنیا هەر جوولەکەکان دادەنێت، بەڵکو کاریگەری گەورە دەکاتە سەر بەرهەمە ئەدەبییەکانی بەشێکی زۆری ئەورپا بە گشتی. هۆڵۆکۆست، ئەو کارەساتەی ژمارەی قوربانییەکانی بە یانزە ملیۆن کەس مەزەندەدەکرێت. هەرچەندێک بێت، دواجار ئەم کارەساتە دەبێتەهۆی ئەوەی سەدان تێکستی ئەدەبی لەبوارەکانی شانۆ، یاداشتنامە، چیرۆک و ڕۆمان و فیلمی سینەمایی و…هتد، لێبکەوێتەوە. بێگومان ئەگەر باس لەوەش بکرێت، کە دواجار ئەم کارکردنە لەم بوارانەدا بەتایبەت لەلایەن جوولەکەکان خۆیانەوە، چی دەرئەنجامێکی هەبووە، ئەوا ڕەنگە بە دیکۆمێنتکردن و پاراستنی بەڵگە مێژووییەکان، ناساندن و نیشاندانی ئەو کارەساتە بە نەوەکانی خۆیان و هەموو دونیاو بەکارهێنانەوەی بۆ وەرگرتنەوەی ماف و پاراستنی حەقی مرۆیی و سیایی گەورەی خۆیان، بەزیندووهێشتنەوەو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە، بۆ جوولەکان کەمترین بایەخی ئەو بەرهەمانە بێت، لەپاڵ دەرئەنجامە گرنگەکانی دیکەدا، ئەگەر لێکۆڵینەوەی تایبەت لەوبارەوە بکرێت، کە لێرەدا مەبەستی سەرەکی من نییە.


ئەوەی لێرەدا بۆ من گرنگەو دەمەوێت بە کورتی وەڵامی بدەمەوە، ئەو پرسەیە کە ئەگەر پەیەوەندی کارەساتە گەورەکانی دونیا، نەتەوەو کۆمەڵگا جیاوازەکان لەگەڵ ئەدەبدا پەیوەندییەکی تووند هەبێت و بەو چەشنەی هۆڵۆکۆست کاریگەری لەسەر ئەدەب دابنێت، ئەی کاریگەری ئەنفال و جنیۆسایدی بەشێکی گەورەی میللەتی کورد لەلایەن دەسەڵاتی بەعسەوە، کە پەیوەندییەکی تەواو لاوازە، بە چەشنێک لە بێدەنگییەکی تەواو ترسناکی ئەدەبی و هونەری دونیای کوردیدا فەرامۆشدەکرێت و کەمترین دەقی ئەدەبی لە بوارەکانی شیعرو ژانرە جیاوازەکانی دیکەی پەخشانی لێدەکەوێتەوە، بۆچی دەگەڕێتەوە؟ هەر لەم لایەنەشەوە، یەکێک لە هەرە خاڵە گرنگەکانی بایەخی سێ ڕۆمانی ”عومەر سەید”، کە سێ ڕۆمانن لەناو ئەو بێدەنگییە ترسناکەدا لەبارەی کارەساتی ئەنفالەوە نوسراون، ئاماژەپێبدەم.


زۆرن ئەو سەرچاوەنەی دەکرێت هۆکاری ئەم بێدەنگییە بۆ هەست و سۆزو هەڵچوونە دەروونییەکانی شاعیران و نووسەران بگەڕێننەوە، بەڵام ئەگەر ئەمە وەڵامە بنەڕەتییەکە بێت، هۆکار چییە شاعیرو ئەدیبانی سەر بەم نەتەوە کارەساتبارە دەکەونە بۆشاییەکی وەهاوە؟ لەکاتێکدا لە قۆناغەکانی (شۆڕش)و بەرەنگاری نەتەوەی ئێمەدا، بەتەواوی خواستەکانی بەرەی (شۆڕش) بەسەر ئەدەبیاتی دوانیای ئێمەدا باڵدەکێشێت و تەنانەت ئەو تێمایانە درێژدەبێتەوە بۆ قۆناغەکانی دوای ڕاپەڕین و تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە. ئیتر چی ئەوەبێت لە قۆناغەکانی پێش ڕاپەڕیندا ئەدەبیاتی ئێمە بچێتە سەنگەری بەرگری و خواستەکانی بەرەی (شۆڕش)ەوە، یاخود لە قۆناغەکانی دوای ڕاپەڕینەوە ئیتر ئەو مێژووە ببێتە ڕوداوێک هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و شیکاربکرێت، وەک ئەوەی ”هیوا قادر” لە لە ڕۆمانی (منداڵانی گەڕەک)و ”جان دۆست” لە ڕۆمانەکانیدا کاریان لەسەرکردووە، یان بە دیدێکی ڕەخنەئامێزەوە لێیبڕواندرێت، وەک ئەوەی ”بەختیار عەلی” زۆرترین ڕۆمانەکانی خۆی بۆ تەرخاندەکات، بەتایبەت درێژترین ڕۆمانی لە سێ بەرگدا (کەشتی فریشتەکان).


لێرەوە ئەگەر ئەم دوو لایەنە جیاوازە بەراود بکەین، واتە ڕەنگدانەوەو باڵکێشانی (شۆڕشی کورد) لە ئەدەبیاتی کوردیداو ئەو بێدەنگییە فراوانەی جینۆسایدو ڕەوی بەکۆمەڵ و ئەنفال و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە، ڕەنگە کەمێک لە وەڵامی هۆکاری ئەو بێدەنگییە نزیکمان بکاتەوە.
ئەنفالی سەدو حەفتاو دوو هەزار کوردی ناوچەکانی کوردستان و کۆمەڵکوژی پێنج هەزار مرۆڤی بێ گوناهی هەڵەبجەو هەوڵی پاکتاوی تەواوی کوردو سڕینەوەو کاولکاری چوارهەزارو پێنجسەد گوندو بەتەعریبکردنی شارو وێرانکردی خاکی کوردستان، بێ بەهاکردن و قەدەغەکردنی زمانی کوردی و تەواوی هەوڵ و دەرئەنجامەکانی دیکەی شاڵاوی ئەنفال و پاکتاوی مرۆڤی کورد، نەبوونەتە ڕوداوێکی وەها کە ببێتە بەشێک لە نەستی مرۆڤەکانی دوای ئەو کارەساتگەلە بە گشتی و نووسەران و ئەدیبانی کورد بەتایبەتی. لەحاڵێکیشدا ئەگەر بووبێتە بەشێک لە نەستی پاشماوەکانی ئەنفال، ئەوا ئەو بەشە لە مرۆڤی کومەڵگای ئێمە؛ نوخبەی ئەدیبان و نووسەران نیین، تاوەکو ئەو ڕووداوە بگێڕنەوەو بیگواسنەوە ناو ئەدەبیات. ”تەیمور”و پیرێژنێکی قوربانی دەستی ئەو غەدرە، نە تەنیا خاوەن زمانێکی گێڕانەوەی هونەری نیین، بەڵکو خۆیان ئەنفالن و پێویستیان بە ئەوە هەیە ئەدیبێک ئازارو چاوەڕوانییەکانیان بۆ دونیا بەیانبکات و بگێڕێتەوە.


نەست ئەوەندەی لێرەدا بەمانا سایکۆلۆژییەکەی گرنگە، کە بریتییە لە عەقڵی پەنهان(باطن)ی مرۆڤ و پێکهاتە خودی و زاتییەکانی مرۆڤ دەگرێتەوە، ئەوەندەش بەمانا لێکۆسیکۆلۆژییەکەی گرنگە، کە بریتییە لێکسیکۆنی مرۆڤ و کۆی زانیارییەکانی مرۆڤ بە گشتی و تایبەتییەکانییەوە لەخۆدەگرێت. بەم مانایەش بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین؛ نەست بریتییە لە بوونی مرۆڤ. بایەخی ئەم دوو پێکهاتەیە بۆ ئەدەب لێرەوەیە، چونکە ئامرازی سەرەکی و بنەڕەتیین بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرهەمێکی هونەری لەهەر بۆارێکدا بێت. ئەوەش لەو سۆنگەیەوە، کە لەلایەنە سایکۆلۆژییەکەیەوە ”سیمگوند فرۆید” لە تیۆرییەکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە چەندە چەپاندە سایکۆلۆژییەکانی مرۆڤ، کە لە زاتی مرۆڤەوە سەرچاوەیانگرتووەو لە نەستیاندا کەپتدەکرێن، دەشێت لە ئاستێکی دیکەدا سەرهەڵبدەنەوە، وەک ئەوەی لە ئاستی هونەرییدا دەشێت بەرهەمێکی هونەری لێبکەوێتەوە. هەرچی بەمانا لێکسیکۆنییەکەشییەتی، بێگومان ناکرێت نووسەر بەبێ گەڕانەوە بۆ زانییارییە فەرەهەنگی و ئاوەزمەندییەکانی هیچ تێکستێک بەرهەمبهێنێت. ئەوەشی لەم ئاستەدا بۆ گێڕانەوەی دەقێکی هونەری گرنگە، زانیارییە تایبەتییەکانی نووسەرن لە هەمبەر بابەتی دەقەکەیدا، بەتایبەت لە بەرهەمێنانی دەقێکی هونەری ئەدەبیدا. زانیاری تایبەت بەمانای ئەزموونی تایبەتی مرۆڤ لەگەڵ چەمک، یان هەر دیاردەو ڕووداوێکی دیارکراودا کە مرۆڤ ڕووبەڕووی دەبێتەوە.


ئیشکال و بۆشاییە گەورەکەی ئەنفال بۆ تاکی کورد لێرەوە دەستپێدەکات، ئەنفال وەک کارەساتێکی گەورە نەبووەتە بەشێک لەو پێکهاتە سایکۆلۆژییەی نەستی مرۆڤی کورد پێکدەهێنێت. بەمانایەکی تر وەک وتمان، نەبووەتە بەشێک لە بوونی مرۆڤی کورد. ئازارو نەهامەتییەکانی کورد تاوەکو ڕاپەڕینی نەوەدو یەکی سەدەی ڕابردو درێژدەبێتەوەو لەوێدا دەوەستێت. لەوێدا ئیتر دیوارێک لەنێوان قوربانییەکانی ئەنفال و نەوەی دوای ڕاپەڕیندا دورستدەبێت، یاخود دروستدەکرێت. بەپێچەوانەی سەردەمی (شۆڕش)ەوە، لە دەیان کەناڵی جیاوازەوە (شۆڕش) دەخرێتەوە ناو نەستی مرۆڤی کورد. (شۆڕش) قەدەغەدەکرێت و ئەو قەدەغەکردنەش دووبارە دەبێتەوە پاڵنەرو پاوەری ئەو کەناڵانە، بەڵام ئەنفال تەواوی ماناو هالە بنەڕەتییەکانی خۆی لەدەستدەدات و ماناو هالەی دەستکردی دیکەی دەدرێتەپاڵ کە لە ئەنفالبوونی دادەماڵێت. مینۆی ئەنفال دەشێوێندرێت و دەمامکی ساختەی بەبەردادەکرێت. ئەنفال لە تراژیدیاو کاراساتێکی نەتەوەیی گەورەوە دەکرێتە ئامێرو کەرەستەیەکی کەسابەتی حوکمی. لێرەشەوە ئەنفاڵ وەک پێکهاتەیەکی گەورە لە پێکهاتەی گشتی کوردبوون جیادەکرێتەوە.

بەدیوەکەی تردا، ئەنفال وەک چەمکێک کە خاوەنی دەلالەتی مێژوویی و وجودی خۆیەتی، لە پرسی (ئەنفال چییە؟)وە، بچوک دەکرێتەوە بۆ پرسی ”کێ ئەنفالی کردو کێ ئەنفالکراو کەی ئەنفال ڕوویدا؟” وەڵامی کێ ئەنفالکرا؟ بەتەواوی جیاکردنەوەی ئەنفالە لە جەستەی (من). وەڵامی کەی ئەنفال ڕوویدا؟ دابڕانی ئەنفالە لە ئێستاو ئایندەو جێهێشتنێتی لە ڕابردوودا. بەم مانایە، ئەنفال نابێتە ڕووداوێکی تایبەتی کە تاکی کورد ئەزموونی بکات، ڕووبەڕوویبێتەوەو بێتە زانیارییەکی تایبەت و لە لیکسیۆنیدا تۆماریبکات. بەڵکو تەنها زانییارییەکی گشتی ئەزموننەکراوەو دەکرێت کەمترین کات لەیادیبەرێتەوە. لەوێشەوە ئەنفال لە نەستی تاکی کوردیدا هیچ ئامادەییەکی نییەو نابێتە جووڵینەری مرۆڤی ئێمە لە هیچ ڕووییەکەوە.
تەواو پێچەوانەی ئەو دۆخەی ئەدەبی ئێمە دەرگیرە لەگەڵ ئەنفالدا، لەپاڵ دەقی شیعری (گۆڕستانی چراکان)ی ”شێرکۆ بێکەس”دا، ئەنفال دەبێتە ماتریاڵی بنیاتنانی سێ ڕۆمانی ”عومەر سەید”، (بازنە ڕاخراوەکانی بابل، سەرزەمینی زیکزیکە، ئەسپەرە).


من لێرەدا باس لە ڕەگەزو پێکهاتە هونەرییەکانی ئەم سێ ڕۆمانە، ئەندێشەکاری، ڕووداو و کەسێتی، کات و شوێن و تەکنیکی گێڕانەوەیی، وێنەو ئاوەزمەندی باسناکەم و دەکرێت هەر یەکێک لەو لایەنانە لەژێر تیشکی میتۆدو تیۆرە ڕەخنەییەکاندا لێیبکۆڵدرێتەوە، کە بەشێوەیەکی گشتی ”عومەر سەید” هونەریانە کاری لەسەرکردوون و سێ دەقی سەرکەوتووی ئەدەبی لێبەرهەمهێناون. خاڵێک کە لێرەدا بۆمن جێگەی بایەخ و لەسەروەستانە، گێڕانەوەو هاتنی ئەنفالە لەو بێدەنگییە ترسناکەی ئەنفالی تێدا جێماوە. پێش ئەوەی ئەم سێ دەقە بڵندگۆیەک بن و بەیانکردنی ئەنفال بێت بە گوێی دونیادا، نیشاندانی ئەو کارەساتە بێت بە ڕووی درەوەی کورددا، بەگوێدادان و نیشاندانی ئەنفالە بە گوێ و ڕووی ناوەی کورد خۆیدا. چیتر لەم سێ دەقەدا، ئەنفال لەودیو دیوارەکانی پێش ڕاپەڕینەوە نامێنێتەوەو لە چرکەساتێکی دیاریکراوی مێژوویی، دێتەدەرێ و لەدەرەوەی زەمەن خۆی مانیفێستدەکاتەوە. ئەنفال لە نەستی ”عومەر سەید”ەوە دێت و بەر نەستی وەرگرەکانی دەکەوێت. واوەتر ئەوەی گرنگە چی دیکە زانیارییەکی گشتی نییەو بەڵکو وەرگر دەکەوێتە ئەنفالەوەو ئەزموونی دەکات. من وەک نەوەیەکی دوای ڕاپەڕین، لەناو ئەو سێ دەقەدا، سێ هەناسە وەردەگرم و دەیاندەمەوە، هەناسەیەک وەک هەناسەی ساردی چاوەڕوانییە بێکۆتاییەکانی میمکێکی گەرمیانی، لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا، هەناسەیەک وەک دوا هەناسەی تاساوی منداڵێک کاتێک لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا، لە (بازنە داخراوەکانی بابل)دا زیندەبەچاڵدەکرێت، هەناسەیەک وەک دوا هەناسەی سەڕبڕاوێکی ئێزیدی دەستی جەللادێکی داعش، لە (ئەسپەرە)دا.


کاتێک ئەنفال وەک زانیارییەکی مێژوویی نەوەکانی دوای ڕاپەڕین لە دەرەوەی خۆیاندا وەریدەگرن و وەک بەشێک لەخۆیان درکیناکەن، وەک ئاماژەمان پێدا، دەکرێت لە هەر چرکەساتێکدا بێت فڕێبدرێتەوە دەرەوەی لێکسیکۆن و لەیادبچێتەوە. ڕۆمانەکانی ”عومەر سەید”، بەرگرییه لەو فڕێدانەوەیە، درکردنی ئەنفالە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پێکهاتەی بوونی ئێمە، وەک کورد. کاتێک ڕووداوێکی مێژوویی وەک زانیارییەک لەدەرەوەی خود-ەوە مامەڵکراو فەرامۆشکرا، دەکرێت لە هەر چرکەساتێکی دیکەدا بێت خۆی دووبارەبکاتەوە. خۆدووبارەکردنەوەی کارەساتێکی وەک ئەنفال بەرگری مانەوەی خۆیەتی، کاتێک کورد لە ئێستادا جێیدەهێڵێت و وەک بەشێک لە مێژووی ڕابردووی مامەڵەی لەتەکدا دەکات و لێدەڕوانێت.

بەڵام ئەنفال وەک چۆن لە واقیعدا ئەو دەمامکە ساختەیە فڕێدەدات، بەهەمانشێوەش لە ڕۆمانەکانی ”عومەر سەید”دا ڕەوتی واقیعی خۆی وەردەگرێتەوە. کاتێک عومەر سەید لە ڕۆمانەکانیدا بوونی ئێمە، کە بەشێکی گەرەی بریتییە لە ئەنفال، لە سێ ڕۆماندا دەگێڕێتەوە، خۆنەویستانە ئەنفال وەک خۆی، وەک ئەو ڕەوتەی وەریگرتووە خۆی بەیاندەکاتەوە. ئەگەرچی لە فۆڕمی ڕۆمانەکاندا هەرسێ بەرهەمەکە سێ تێکستی سەربەخۆن، بەڵام ئەنفال هێڵی گشتی بەیەکتربەستنەوەی هەرسێکییانەو دواجار دەبنەوە بەسێ بەرگی کتێبێک، کە ئەنفالمان بۆ دەگێڕنەوە. لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا ئەگەر دەستپێکی ئەو پڕۆسەیە بگێڕدرێتەوە، ئەوا هەمان ئەو بێسەروشێوێنانەی دەخرێنە زیلێکەوەو بەرەو بیابانەکانی بابل دەبرێن، لە (بازنە داخراوەکانی بابل)دا لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەدۆزرێنەوە. تەواو لەو چرکەساتەی نەوەکانی دوای ئەو کارەساتە پێیوایە ئەنفالی جێهێشتووە، لەئێستاو ئایندەیدا دەردەکەوێتەوەو لە (ئەسپەرە)دا عومەر سەید بۆماندەگێڕێتەوە، گێڕانەوەی ئەنفال لە ئایندەی ئێمەدا.


بەکورتی ڕۆمانەکانی عومەر سەید، ئەو دەنگە بڵندەی ئەنفالە، لەو بێدەنگە ترسناکەوە دێت، کە باڵیکشاوە بەسەر نەستی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا بە گشتی و دونیای ئەدەبی بەتایبەتی. لێدان و نەشتەرکارییەکی تووندە بەڕووی ئەو وەهمە ترسناکەی لە نەستی مرۆڤی کورددا ئامادەیی هەیە؛ کە ئەنفال وەک ڕووداوێکی مێژوویی لە ڕابردوودا سەیردەکات و پێیوایە جێهڵدراوە. هەوڵێکە بۆ هێناوەی ئەنفال بۆ ناو ئێستا، بۆ ناو نەست و بوونی ئێمە وەک کورد کە ئەنفال بەشێکی پێکهاتەیی وجودی ئێمەیە. بایەخی ئەم بەرهەمانە چەندە بەیانکردنی بەڕووی دونیای دەرەوەی ئێمەدا گرنگە، زیاتر لەوە بەڕووی ناوەوەی خۆماندا گرنگی و بایەخی هەیە. سێ گورزن نە تەنیا بۆ ئەو بێ دەنگیە فراوانەی ئێستای دونیای ئێمە، بەڵکو سەداو کاریگەری خۆی دەگەیەنێت بە ئایندەش.

Previous
Next
Kurdish