Skip to Content

بەتابۆکردنی خوێندەواری و بیرکردنەوە … ڕەوا هەژار

بەتابۆکردنی خوێندەواری و بیرکردنەوە … ڕەوا هەژار

Closed
by ئایار 10, 2019 General

ئەگەر دوو کاندیدی ڕکابەر بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم هاتنە پێشەوە، سیستەمی پەرلەمانی کوردی پێمان دەڵێت پێویست ناکات مرۆڤی کورد ئاستی خوێندەواری هەر یەک لە کاندیدەکان بکاتە پێوەری هەڵسەنگاندن لە نێوانیاندا. ئارگومێنت و بەڵگەکان بۆ سەلماندنی ئەم قسەیە کامانەن؟ وەڵام؛ دەنگی هەشتاونۆ پەرلەمانتاری عاشقە مەرحەبا.
زۆرینەی قوتابخانە ئاکارییەکان پێناسەی مرۆڤ وەکو بوونەوەرێکی ئاکاری دەکەن بە دوو کەرتەوە.

یەکەمینیان خۆیی-بوون و زکماکییەتە، دووهەمیان ئاکامەکانی دەوروبەرە لە داڕشتنی کەسێتیدا، کە پەروەردە لە فاکتەرە هەرە گرنگەکانیەتی. وێڕای ئەوەی کە گفتوگۆی چڕوپڕ هەیە لە بارەی ئەوەی پلەی کامیان پێش ئەوی تریان دەکەوێت بەڵام تا ئێستا هیچ بیرکەرەوەیەک نەیوتووە دەتوانین بە کۆدەنگی هەشتاونۆ پەرلەمانتار نیوەی پێناسەکە بسڕینەوە.
مەیدانی سیاسیی کوردی دنیایەک نییە ئەخلاقیاتی شارستانیەتی گەشە پێ بدات، بۆیە لەناویدا شتێک بوونی نییە بە ناوی بەهای کەسێتی. تۆ دەتوانیت لە کەسێتیی خۆتدا بیرکردنەوەکانت تا مەودا دوورەکانی ژیری بکشێنیت بەڵام لە دواییدا مەسعود بارزانی بە هەیمەنەی هێزێکی بێ ڕوئیاوە دەتوانێت کۆمەڵگەیەکت بۆ قورمیش بکات کە تۆ وەکو مرۆڤێکی بێنرخ ببینێت. ئەمەیە دەردە کوشندەکەی بێبەهایی و بیرنەکردنەوە، دەتوانێت فریودەرانە بە ناوی تۆوە بڕیار بدات و پێناسەکانت دوور لە ماهیەتی شتەکان بۆ دابڕێژێتەوە.


هەموو سیستەمێک، ئیدی ئەو سیستەمە ماددی بێت یان ناماددی لە پێناو مانەوەی خۆیدا هێز لە کۆمەڵەکۆدێک وەردەگرێت کە سیستەمەکە لە گۆڕانکاری دەپارێزن. لە ئەخلاقیاتی کۆمەڵگە سەرەتایییەکاندا ئەم هێزە لە بە تابۆکردنی گۆڕانکارییەکاندا خۆی دەبینێتەوە. تابۆکان دەبن بە هێڵی سوور، دەست لە هێڵە سوورەکان بدە لەناو دەبرێیت.

سیاسەتی بەتابۆکردن پێمان دەڵێت نەخوێندەواری هێڵی سوورە، خوێندەواری دەیەوێت ئەم هاوکێشەیە بگۆڕێت، کەواتە خوێندەواری دەبێت تابۆ بکرێت، دوور بخرێتەوە، یەکەم هەنگاویش با پەراوێزخستنی بێت.
گەورەترین مەترسی بۆ سەر هەموو عەقڵێکی داخراو کرانەوەیە بە ڕووی مۆدێلە پێچەوانەکانیدا. سیاسەتی خیڵەکیی کوردی بێگومان مۆدێلێکی داخراوە و تا ئێستا هیچ تێز و ئارگیومێنتێکی بیرکەرەوانەی بەرهەم نەهێناوە. بۆیە دەبێت هەموو پارتییەک وەکو یەک قسە بکات، هەموو یەکێتییەکیش بە هەمان شێوە، ئەم قسەکردنە یەک ڕیتمییە پێویستی بە بیرکردنەوە نییە، تەنیا بە دەرخکردن ئیشەکە دەڕوات.

بۆیە دەبینیت هەموو پارتە کوردییەکان کاتێک قسە دەکەن دەڵێیت بۆ ئەندامێکی خۆیان قسە دەکەن، بە زمانێک دەدوێن کە هیچ زانیارییەکی نوێ ڕاناگەیەنێت جگە لە دووبارەکردنەوە و ڕاگەیاندنەوەی هێڵە سوورەکانی پارتەکە زیاتر.

هەموو ئەمە لە پێناو بەرهەمهێنانی کۆدەنگیی جەماوەریدا دەکرێت، ئیدی کێ ئەو کۆدەنگییەی دروست کرد دەبێتە پارتی براوە، لە ئەزموونی حکومداریی کوردییشدا ئەم مۆدێلە ڕۆژانە دەستکەوتی هەبووە. هەموو ئەندامانی پارتە کوردییەکان جۆرەها دەمەقاڵێی دەرخکراویان لە بەرامبەر ئەندامانی پارتەکانی تردا ئامادەیە، بەڵام کاتێک ڕووبەڕووی دەنگێکی دەرەوەی ئەو کایەیە دەبنەوە لە یەکەم هەڵوێستیاندا هەست بە نامۆیی دەکەن و خۆیان لە خاکێکی کەشفنەکراودا دەبیننەوە کە خاکی بیرکردنەوەیە. کاتێک بیرنەکردنەوە دەبێتە پێویستییەک بۆ بوونە ئەندام لە پارتێکی کوردیدا، بێگومان پەروەردە دەبێت بە مەترسییەکی گەورە بۆ کۆی مۆدێلەکە و دەبێت تابۆ بکرێت. بۆیە جێگای سەرسووڕمان نییە کە خوێندەواری بە شەق تێی هەڵبدرێت و سەری بشکێندرێت، لە بەرمبەریشدا نەخوێندەواری بەرز بکرێتەوە و (پارت)ی هەبێت و کۆدەنگی درووست بکات.


هەموو مرۆڤێکی بیرکەرەوە تامی مەترسییەکانی بیرکردنەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا کردووە. بیرکردنەوە لەسەر شەقامەکان مەترسیدارە کاتێک وێنەی ناشیرین و ناپێویستی سەرکردەکان دەبینیت و دەتەوێت دایان بگریت و درووشمە یەکدێڕییەکانیان بسڕیتەوە. بیرکردنەوە لە فەرمانگەکاندا مەترسیدارە کاتێک هانت دەدات دژی گەندەڵی بوەستیتەوە. بیرکردنەوە بۆ سیاسییەکی بێلایەن مەترسیدارە کاتێک دەیەوێت کۆدەنگی دروست بکات. بە گشتی بیرکردنەوە لە هەموو جومگە و کەلەبەرەکانی کۆمەڵگای کوردیدا مەترسیدارە چونکە بە هۆیەوە دەبیتە دەنگی کەمینە.
بیرکردنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا چیدی لە دۆخی کەمینەدا نییە بەڵکو پلەیەک ژێرتر کەوتووە و ئێستا لەژێر مەترسیی لەناوچووندایە، ئەگەر ئەم قسەیە نوخبە خوێندەوارە بێلایانەکان نەگرێتەوە، ئەوا بێگومان سەرلەبەری هەموو پارتە سیاسییەکان دەگرێتەوە.

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish