Skip to Content

منداڵە ئەڵەمانیە نەشییاوەکان کێ بوون؟!… جیهاد موحەمەد

منداڵە ئەڵەمانیە نەشییاوەکان کێ بوون؟!… جیهاد موحەمەد

Closed
by ئایار 10, 2019 General, Opinion


منداڵە دەرکراوەکان، یان (Tyskebarn) تیسکەبارن(منداڵە ئەڵەمانییەکان)، ئەو منداڵانە بوون، کە لە کاتی داگیرکردنی وڵاتی نەرویج لە ساڵی ١٩٤١ تا ساڵی ١٩٤٥ لەو دایکانە لە دایکبوون، کە بە زۆر یان بە خوایشت سکیان پڕبوو لە سەربازە ئەڵەمانیە داگیرکەر و شەڕکەرەکان.
لەم ماویەدا بابەتێکم لەسەر ئەو ستەم و زوڵەمە نووسی کە بەرامبەر بە منداڵە لە دایکبووەکانی ئێزیدیی دەکرێت، کە لە لایانە پیاوە دڕەندەکانی داعشەوە حەڵاڵ کران و بە زۆر سکیان پڕکردن و منداڵیان بوو. دوای ئەم کارەسات و تاوانە گەورەیە جارێکی تر ئێزیدیەکان هەمان تاوان و کارەسات بەرامبەر بە کچ و خوشکەکانی خۆیان دەکەن، وەریان ناگرنەوە، منداڵەکان بە منداڵی داعش و ئیسلام و زۆڵ دادەنێن، بۆیە ئەگەر ژنەکانیش وەربگرنەوە، بە زۆر منداڵەکانیان پێ فڕێ دەدەن و قبووڵیان ناکەن.
ئێستاش دەمەوێت لەسەر هەمان بابەت ڕای خۆم دەربڕم و هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم لەسەر ئەوەی، کە ئەم عەقڵیەتە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
لە ساڵی ١٩٤١دا نازیەکان پەلاماری وڵاتی نەرویجیان دا، دوای بەرخۆدانێکی بێ وێنەی خەڵکی قارەمانی نەرویجیی، نازیەکان توانیان نەرویج داگیر بکەن. هەروەک چۆن داعشەکان لەسەر بنەما ئیسلامییە دواکەوتوو و داگیرکاریەکە هەموو سەروەت و سامانی وڵاتانی داگیرکراویان حەڵاڵ دەکرد، ژن و کچەکانی وڵاتی داگیرکراویشیان حەڵاڵ دەکرد، دەیان کردن بە کەنیزەک و، سکیان پڕ دەکردن، کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکردن. بە هەمان شێوە سەربازە ئەڵەمانە داگیرکەرەکانیش هەرچ وڵاتێکیان داگیر دەکرد، ژن و کچەکانیان دەکرد بە ژنی خۆیان و سکیان پڕ دەکردن. بەڵام یەک جیاوازی لە نێوان ڕەفتارە گڵاوەکەی داعش و نازیەکاندا ئەوە بوو، کە نازیەکان کڕین و فرۆشتنیان بە ژن و کچەکانەوە نەدەکرد.


ئەم عەقڵیەتە، ئەم بیرکردنەوەیە، عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکە، لە تۆڵەسەندنەوەوە هاتووە، عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکی زۆر دواکەوتووی نامرۆڤییە، یاسای دارستانیش ئەمە قبووڵ ناکات، بەڵام نازیەکان و ئیسلامییەکان بۆ هاندانی سەربازەکانیان، بۆ ئەوەی باش شەڕیان بۆ بکەن، بۆ ئەوەی بشبێت بە هەڕەشەیەکی گەورە و ترسان و تۆقاندن، هاتن ئەم بیکردنەوە پوچ و نامرۆڤییەیان لە ناو شەڕکەرەکانیاندا پەرە پێ دا، بەوەی کە وڵاتانی داگیرکراو هەموو سەروەت و سامان و ژن و کچەکانیان حەڵاڵی شەڕکەرە داگیرکارەکانە. لە لایەکی تر، ئەم عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە، عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەکی سیکتاریزمییانەیە. ئایدۆلۆجییستیە دینییەکان و ڕەگەزپەرستیی و نەتەوەپەرستیی نازیەکان، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، کە خۆیان بە پاقژ دەزانن و هەرچی دین و ئاین و ڕەگەزێکی دیکە هەیە بە پیسی دەزانن، کەچی بۆ تێرکردنی ناوگەڵی خۆیان، ژن و کچەکان حاڵاڵ دەکەن، ئەوی ئیسلام نییە، ئەوی لە دینێکی دیکەیە، ئەوی لە ڕەگەز و نتەوەیەکەی دیکەیە، پیسە، وەلێ لەگەڵ پیسیەکەیدا، ژن و کچەکانیان حەڵاڵە، بۆ چێژ وەرگرتنی ناوگەڵ پاقژن، وەلێ بۆ پێکەوە ژیان حەڵاڵن!. مرۆڤی هۆشیار باش لەوە تێدەگات، کە ئەمە سڕینەوە و پاکتاوکردنە، پێکەوە ژیان لای داعشە ئیسلامییەکان حەرامە، بەڵام پێکەوەژیان لەگەڵ ژن و کچەکان و کڕین و فرۆشتن پێیانەوە حەڵاڵە. نازیەکانیش بە هەمان شێوە، ژن و کچە نەرویجیەکانیان حەڵاڵ دەکرد، بەڵام قبووڵیان نەبوو گەلی نەرویجیی بە سەربەرزیی لە وڵاتی خۆیدا بژی.


ئەم کارەسات و تاوانەی بەرامبەر بە کۆمەڵاگا و خەڵکی وڵاتی نەرویچ لە ماوەی ساڵی ١٩٤١ تا ساڵی ١٩٤٥، ساڵی رازگاری وڵاتی نەرویج درێژەی کێشا، لەم ماوەیەدا بە گوێرەی زانیاریەکان ٥٠ پەنجا هەزار منداڵ لە دایک بوون لەو ژنانەی لە لایەن سەربازە جۆراو جۆەکانی ئەڵەمانیاوە سکیان پڕ دەکرا، لە سەربازێکی ئاساییەوە تا دەگات بە بەرزترین پلەی سەربازیی سڵی نەدەکردەوە لەم دڕندەییە. بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەی دیاری منداڵەکان نزیکەی ١٢دوانزە هەزار منداڵێکە، ئەوانی دیکە کەس نازانێت چۆن بێ سەروشوێن کراون.


ئەم کارەسات و تاوانە تەنها بەوەوە نەوەستا، بەڵکو لەوەش خراپتر ئەوە بوو، کە کۆمەڵگای نەرویج بەو عەقڵیەتە دواکەوتووەی ئەو سەردەمەوە، بە یەکجار و بە زۆرینە، بڕیاری ئەوەیان دا، کە ئەم منداڵانە وەرنەگرن و، فڕێیان دەنە دەرەوەی نەرویج و بە تایبەیی دەریانکردن بۆ ئەڵەمانیا. ئەڵەمانیاش بە هەمان شێوە وەری نەدەگرتنەوە و لەم ناوەدا منداڵی بێ دایک و باوکی قوربەسەر وەک تۆپی ناو گۆڕپانی یاریکردنی لێ هاتبوو، هەرکەس ڕاستدەبووەوە شەقی تێ هەڵدەدا.
هەندێک لەو منداڵانە نێردران بۆ ئەڵەمانیای شەرقی، ئەڵەمانیای شەرقی، زۆرێک لەم منداڵانەی گەورە کرد، بەڵام ئەو داخ و کینەیەی لە دڵی ئەم منداڵانەدا هەبوون، بەکاریان هێنان بۆ کاری سیاسیی زۆر قێزەون، زۆریان لێ کردن بە سیخور و خولی سیخوڕیان پێ دەبینین و فێری کاری سیوخوڕیان دەکردن و دەیانناردن بۆ وڵاتانی دیکە، بەم جۆرە جارێکی تر کارەسات و تاوانەکە بەردەوام بوو لەسەریان.
لە ناو ئەو منداڵە زوڵم لێکراوانەدا کەسایەتیەکی زۆر گرنگ و بە بایەخی مرۆڤیی دەرکەوت، ئەویش خانمی ئازا و بوێر و مرۆڤدۆست و پڕ لە بەرخۆدان (گەرد فلێشێر) بوو.


“گەرد فڵێشێر”:
یەکێکە لەو ژنە ئازا و بوێر و پشوودرێژانەی، کە زوڵم و ستەمەکەی خۆی و هاوڕێکانی تری کرد بە گەورەترین بەرخۆدان دژی ئەم کارەسات و تاوانانەی بەرمبەریان کراوە.
“گەرد فلێشێر” ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوێکی دەوڵەتییە لە نەرویج، ڕێکخراوەکەی ناوی،”پشتبەستن بە خۆت”ە. ئەم ژنە ئازا و نەبەردە، لە ١٧ ساڵیدا نەرویجی بە جێهێشتووە لە ژێر ئەو هەموو فشارە دەروونییەی کە لەسەری بووە. ئاخر هەندێک لەو منداڵانەی کە بە نیمچە قاچاخ ماونەتەوە لە نەرویجدا، بەڵام بەردەوام لە ژێر فشاری تیرۆرکردنی کەسایەتیاندا ماونەتەوە، پێیان دەوترا”تیسکە بارن” (Tyskebaran)، ئەم ناولێنانەش بۆ ئەو منداڵانە بریندارکەر بوو، چونکە ئەڵەمنیای نازیی خۆشەویست نەبوون لە نەرویجدا. هەوەک چۆن ئێستاش ئێزیدیەکان بە منداڵی کچ و خوشکەکانی خۆیان دەڵێن، منداڵی داعش، یان منداڵی زۆڵ و حەرام. ئەم عەقڵێتە حەق وایە لە دنیادا ڕسواکرێت، نەفەرتکردن لە داعش و نازیەکان حەقە و کارێکی باشە، وەلێ منداڵ هیچ تاوانێکی نییە. منداڵ، لە خولقاندنی و لە دایکبوونی و ناولێنانیدا دەسەڵاتی نییە، دەسەڵاتی نییە لەوەی باوکی کێیە و کێ نییە، دەسەڵاتی نییە لەوەی دایک و باوکی لەسەر کام پرنسیپ و کام ڕێوشوێن جووت بوون.


“گەرد فلێشێر” ١٨هەژدە ساڵ لە تاراوگەدا ژیانی بردوەتە سەر، بە زۆری لە مەکسیک ژیاوە لەگەڵ زۆرێک لە هاوڕێ دەرکراوەکانی خۆیدا، دوای ئەوە گەڕاوەتەوە نەرویج، دەستی کردووە بە دژایەتیکردنی ئەو تاوان و ستەمەی لەو منداڵانە کراوە. لە دوا جاردا بوو بە کەسایەتیەکی دیار و گەورە لە وڵاتی نەرویجدا، بە فشاری ئەم ژنە بەڕێزە و زۆرێک لەوانەی گۆشکراون بە عەقڵیەت و پەروەدەی مرۆڤیی سەردەمیانە، توانیان نەک هەر وڵات و کۆمەڵاگای نەوریجیی پەشیمان بکەنەوە لەو تاوان و کارەساتەی بەسەر ئەو منداڵانەدا هێناویانە و درێژەیان داوە بە تاوانی نازیەکان، بەڵکو لە ساڵی ٢٠٣دا پەرلەمان ناچار کرا کە داوای لێ بووردن بکات لە سەرجەم ئەو منداڵانە و، بڕیاریش درا کە قەرەبوویەکی تەواوی هەموو ئەو منداڵانە بکرێتەوە. ئێستا هەموو ئەو ژن و پیاوانەی گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی نەرویج بەر ئەو لێبوردنە کەوتوون و بەو پەڕی بەختەوەریەوە دەژین و سوودمەندن لە هەموو قەرەبووەکانی ئەو بڕیارەی پەرلەمان.


کەچی بە داخێکی زۆرەوە، لە کوردستان و عێراقدا بە دەگمەن نەبێت باسی درێژدان بە تاوانەکانی داعش ناکرێت لە لایان ئیزێدیەکانەوە. ئێزیدیەکان زوڵم و ستەمی زۆریان لێکراوە لە لایەن ئیسلامەوە، بە تایبەتی لە لایەن داعشە دڕندەکانەوە، وەلێ زوڵمکردن لەو منداڵانەی لە پیاوە داعشەکانن، هیچ جیاوازیی نییە و هەمووی دەچێتە خانەی تاوانی مرۆییەوە.


جیهاد موحەمەد/ نەرویج
٢٤/٤/٢٠١٩

Previous
Next
Kurdish