Skip to Content

چاوپێکەوتنی گۆڤاری هانا لەگەڵ شاعیر و نووسەر عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

چاوپێکەوتنی گۆڤاری هانا لەگەڵ شاعیر و نووسەر عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

Closed
by ئایار 13, 2019 General, Literature, Slider

                                                                               سازدانی: سلێمان قاسمیانی(کاکە)

سلێمان قاسمیانی: مـەشخەڵ کێیە و چۆن لە مەیدانی ئەدەبدا خۆی پێناسە دەکا؟

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ): لە پایزی ساڵی ١٩٦٣ لەباشووری کوردستان و لە میانی ئەو کارەساتەی کە بە (حەرەس قەومی) ناسراوە، خانەوادەیەکی کرێکاری کۆمپانیای نەوتی کەرکووک، بۆ ڕزگاربوون لە هێرشی چەکدارانەی بزووتنەوەی ناسیونال – شۆڤینی حەرەس قەومی (بەعسییەکان یەکەمین سەرەککۆماری ئەوسای عێراق عەبدولکەریم قاسم دەکوژن و بەسەرۆکایەتی عەبدولسەلام عارف دەسەڵات دەگرنە دەست، هێزێک لەعەرەبەکانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بەناوی”حەرەس قەومی” پێکدەهێنن و پەلاماری خەڵکی بێدیفاعی کوردستان دەدەن)، لە گەڕەکی حاشیەنشینی ڕەحیماوە ماڵوحاڵ جێدەهێڵن و هەڵدێن بەرەو ناوچەی شوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک. ئافرەتەکە لە ئان و ساتی منداڵبووندا دەبێ کاتێ ماڵ جێدێڵن. ئیتر بەدەر لە ویست و خواستی ئەو خانەوادەیە،منداڵێک لە ئاوارەیی لەو دەشت و دەرەی شاری کەرکووک و بەتایبەتیش لەنزیک گوندی ساتی لەدایکبوو و ناویان نا (شاخەوان) وەک هێمایەک بۆ لەدایکبوونی ئەو کۆرپەڵەیە لەناو ئەو شاخ و داخە.

دواتر هەر لەگوندی ساتی مەلای مزگەوتی ئەو کات، داوا لە باوکی ئەو کۆرپەیە دەکات ناوەکەی بگۆڕێت بۆ (عەبدوڵا) بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کوڕێکی باش و گوێڕایەڵی لێدەربچێت. باوکەش دڵی مەلاکە ڕادەگرێت و قسەی ناشکێنێت و شاخەوان دەگۆڕی بە عەبدوڵا و ئیتر لەو ساتەوە قەدەری ئەو منداڵە بە عەبدوڵاوە دەست پێدەکات. ئەم عەبدوڵایە لەو خێزانە گەورە و هەژارە گەورە دەبێت و بەردەوام کۆمەڵی پرسیار مێشکی جەنجاڵ دەکەن لە چەشنی “بۆچی هەژارین؟ بۆچی باوکم خانووی گەورە و جوانی نییە؟ بۆچی باوکم و دایکم خوێندەوارییان نییە؟ …تاد” ئیتر بیرکردنەوە لەوەی چۆن دەگەین بەبەختەوەری دەبێتە بەشێکی دانەبڕاو لەژیانی ئەم عەبدوڵایە. لێرەوە لەگەڵ هەراشبوون و گەورە بوون، مەسەلەی ئەو بەختەوەرییە تۆختر دەبێتەوە و تا وای لێدێت هەموو ژیانی خۆی لە ڕێگەی جیاجیاوە بۆ تەرخان دەکات. یەکێک لەو ڕێگایانە نووسینە. بەچیرۆک دەست پێدەکات و دەگاتە شیعر و جارجاریش شانۆنامە.من (عەبدوڵا) لەنێو ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیی ناتەندروست و پڕ لە هەیەجان هاتوومەتە دونیاوە. دوا منداڵی خێزانێکی کرێکاریی پانزە نەفەری کە لە خانوویەکی بچووکی قەراغ شاری کەرکووک لەنگەری گرتبوو، گەورە دەبم و گوێ و هەستم بە سیاسەت و ناڕەزایی سەبارەت بە ژیانی بەشمەینەتی و فەلاکەتبار دەکرێتەوە.

بەهۆی هەژاری خانەوادەکەمەوە لە منداڵییەوە حەز و خولیاکانم دەبنە بڵقی سەرئاو و لەبری ژیانێکی ئاسایی منداڵانە دەبم بە منداڵێکی کرێکار. باوکم کرێکاری کۆمپانیای نەوتی کەرکووک بوو. هەموو ژیانی گەنجی خۆی لەو کۆمپانیایە توانەوە لە پێناو بەخوێوکردنی ئێمە. ئەو مانگانەیەی وەریدەگرت بەشی ژیانێکی مەمرە و مەژی نەدەکرد.
بۆیە هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی مانگەوە بە قەرز لە سەوزوفرۆش و کوتاڵفرۆش و گۆشتفرۆش و دوکانەکانی نێو بازاڕی گەڕەکی ڕەحیماوە پێداویستییەکانی دەهێنا و سەری مانگ کە مانگانەکەی وەردەگرت، قەرزەکانی پێ دەدایەوە و ئیتر بەو جۆرە ساڵ دەگوزەرا و تامەزرۆییشمان بۆ ژیانێکی خۆشتر و حەساوەتر دەچووە سەر. لە ماڵی باوکم هەمیشە باسی سیاسەت بوو. سیاسەتی کوردایەتی. باوکم تابڵێی کوردپەروەر بوو.بەپێچەوانەی جێ و شوێنی کە لە گرنگترین شادەماری ئابووری وڵاتی عێراق کاری دەکرد، هەڵگری بیروباوەڕی کوردایەتی بوو. باوکم دژی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بوو بەتایبەتی ڕژێمی سەدام.باوکم گەلێ شێوازی خەباتکردنی تاقی کردبۆوە و لەڕێکخراوی نهێنی ناو شار کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو گیرسابۆوە.

سلێمان قاسمیانی: زۆرێک لە نووسەران و شاعیران، هەر لە منالییەوە بە هۆی دایک و باوک یان کەسێکی نزیکیان لە کتێب و ئەدەب و هونەر نزیک بوون و بەو جۆرە بناغەی هەستی ئەدەبی و هونەرییان داڕژاوە. ئایا ئەمە لە گەڵ ژیانی تۆش یەک دەگرێتەوە؟

i. عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : نەخێر لگەڵ ژیانی مندا یەک ناگرێتەوە چونکە جیهانی منداڵیم، جیهانێکی ئاسایی و نۆرماڵ نەبووە. دونیای منداڵیم ئەتوانم بڵێم دونیای ترس و بەرەنگاری بوو. لەمنداڵییەوە ترس و بەرەنگاری لەگەڵمدا گەورە بوون. هەر ئەم ترس و دۆخە سایکۆلۆژییانەش بوون دواجار فێری موغامەرە و سەرکێشیان کردم کە بەرەنگاری هەوێنی ئەو سەرکێشیانە بوون. ئەتمۆسفیری ماڵی ئێمە ئەتمۆسفیرێکی سیاسیانە بوو. هەر کە چاوم کردەوە باوکم بینی بەدیار شڕە ڕادیۆیەکەوە گوێی دەگرت لە مۆنتیکارلۆ و ئیسرائیل و لەندەن. باوکم گەرچی زمانی عەرەبییەکەی زۆر باش نەبوو بەڵام هەستە کوردایەتییەکەی هێندە پتەو و بەهێز بوو کە ئێمەی پێ گۆش کردبوو.
ii. من بەپێچەوانەی زۆرێک لە نووسەران کە کەشوهەوای ماڵەوەیان ئەدەبیی بووە یان کتێبخانەیەکی بچکۆلەیان هەبووە یان کەسێکی نزیکیان کتێبی بۆ هێناوە و خوێندوەتەوە، کەشوهەوای ماڵی ئێمە زۆر دوور بوو لە ئەدەب و تەژی بوو لەسیاسەت. لێرەشەوە من بۆ ئەوەی بتوانم وەڵامی پرسیارەکانی خۆمم دەست بکەوێت ناچار بووم دەست بە خوێندنەوە بکەم. دەیەی حەفتاکان بۆ من دەیەی ئاشنابوون بوو لەگەڵ کتێب. هەرچەندە هەژاریی خانەوادەکەم ڕێگر بوو لەبەردەم کڕینی کتێب، بەڵام بەو گەنجییە شانم دابووە بەر کرێکاری. کە هەم دەمتوانی یارمەتی خانەوادەکەم بدەم و هەمیش گیرفانی خۆم بەتاڵ نەبوو و دەمتوانی چ کتێبێکم پێخۆش بێت، بیکڕم. پاشان لەڕێگەی کتێب و خوێندنەوەوە بەرەو نووسین هەنگاوم نا. دەستم کرد بە چیرۆک نووسین و پاشان بەرەو شیعر وەرچەرخام. تا ئەم ساتەش کە وەڵامی ئەم پرسیارانەی ئێوە دەدەمەوە من شیعر و ڕەخنە و شانۆنامە دەنووسم.

سلێمان قاسمیانی: یەکەم شیعرت کەی هاتە دونیا؟ چۆن بوو ڕووت کردە شیعر بۆ دەربڕینی شیعر؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): ڕاستی بیرم نایەت کەی یەکەم شیعرم نووسیوە، چونکە ئاسان نییە بزانم و بیرم بێت ئەو شیعرە سەرەتاییانەی کە نووسیومن بتوانم بە یەکەمین شیعری خۆمیان دابنێم. من زۆر گەنج بووم کە دەستم کرد بە خوێندنەوە و نووسین.لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و بەتایبەتیش لەساڵی ١٩٨١ کەدەستم دایە شیعرنووسین ئەتوانم بەم شێوەیە خۆم بخوێنمەوە. یەک: ئەوسا من شاعیر نەبووم و لەشیعریش نەگەیشتبووم. دوو: وەک هەرزەکارێک حەزم لەناو و ناوبانگ بوو. سێ: حەزم ئەکرد بەشیعر بیروباوەڕی کوردایەتی خۆم بخەمە سەر کاغەز(چونکە ئەوکات منی هەرزەکار بیروباوەڕی کوردایەتی بەتەواوەتی سێبەری خستبۆوە سەر بیرکردنەوەم). ئەوڕۆژگارە هەرزەکارێکی حەڤدە ساڵان بوومو ڕۆژ نەبوو شیعرێک یان دووان نەنووسم. دیارە بەدڵنیاییەوە ئەوەی لەو سەردەمەدا ئەمنووسی جگە لە وشەڕیزکردن و وڕێنەی هەرزەکارێک هیچیتر نەبوون. ئیتر ئەوەندەی خەریکی شیعر ئەبووم خەریکی وانەکانی قوتابخانەم نەدەبووم.
شیعرەکانی ساڵی ١٩٨٢ م بەبەراورد بەساڵی ١٩٨١بڕێک باشتر و قووڵتر بوون. لەگەڵ قاڵبوونەوەی زیاتر و ناسینی زیاتری شیعر وردە وردە هاتمە سەر ئەوەی خۆم لە قەرەی بڵاوکردنەوە بدەم. ئەوە بوو کەوتمە ناردنی شیعر بۆ گۆڤار و ڕۆژنامەکان. یەکەمین شیعرم بەناوی (دەنگێ لە مەهابادی خوێناوییەوە)لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاو بۆوە. پاشانیش لە گۆڤارەکانی بەیان و کاروان شیعرم بڵاو کردەوە. ئەمە جگە لە ساڵەکانی ١٩٨٣ و١٩٨٤ و ١٩٨٥ بەشداری چەندین کۆڕی شیعریم کرد و شیعری خۆمم ڕوو بەخەڵک خوێندەوە.

من دڵنیا نیم کە بۆچی لە چیرۆکەوە بەرەو نووسینی شیعر وەرچەرخام، بەڵام پێموابێ یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بوو کە وامدەزانی گوزارشتکردن لە بیروباوەڕی سیاسی لەڕێگەی شیعرەوە ئاسان بێت وەک لە ژانرەکانی تر، بەڵام دوایی زانیم کە ئاسان نییە و قورسە و گرانە.سەرباری ئەمەش ئەوکات نووسینی شیعرم ئاسان دەهاتە بەرچاو و هەروەها پێشم وابوو شیعر کاریگەرترە و زۆرترین کاریگەریی لەسەر هەست و هۆشی خوێنەر یان بیسەر جێدەهێڵێ. بەڵام یەکەمین شیعری کرێکاریم بەشێوەیەکی ئازادانە و دوور لە هەر سانسۆرێک لە گۆڤاری (ڕابەر) ژمارە یەک، حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٧ کە (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) بوو،بڵاوی دەکردەوە، هاتە وەشاندن.

سلێمان قاسمیانی:باسی گۆڤاری (ڕابەر) و (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست)ت کرد. ئەو گۆڤار چۆن هاتە بوون و ئەو حەلقەیە چی بوو؟ چ ئەرکێکی لەسەر شان بوو؟ کەی دامەزرا و چ کارێکی ئەنجام دا؟ کێی دایمەزراند و دوواتر چی بەسەر هات؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): زۆرم پێخۆش بوو ئەم پرسیارەت کرد، چونکە مێژوویەک لە تێکۆشانی ئەدەبی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست چ ئاگایانە یان بێئاگایانە لەلایەن بەناو خەمخۆرانی مێژووی چەپی نوێ لە عێراق خەریکە دەخرێتە نێو بازنەی فەرامۆشییەوە. لەلایەکی تریشەوە دامەزرێنەرانی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست گەرچی هەموو لەژیاندا ماون، بەڵام جگە لە من کەسی تر نە داکۆکی لەو حەلقەیە دەکات و نە ئەو مێژووەشیان بۆ گرنگە. ئەوان ئێستا خەریکی کاسبییەکی ترن و ئەوەی بەلایانەوە گرنگ نەبێت ئەدەبی کرێکارییە.

له‌ ناوه‌ڕاستی ده‌یه‌ی هه‌شته‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی نوێ له‌ کوردستانی عێراق تازه‌ که‌وتبووه‌ جووڵه‌ و ده‌نگ هه‌ڵبڕین. گه‌رچی ده‌نگه‌کان زۆربه‌یان ناشاز و لێڵ بوون، به‌ڵام ئه‌و جووڵه‌یه‌ به‌رده‌وامی به‌ خۆوه‌گرت و نه‌وه‌ستا. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ کوردستانی عێراق گه‌لێک سیفات و تایبه‌تمه‌ندی له‌ خۆ هه‌ڵگرتبوو که‌ باس کردنیان لێرەدا بە شیاو نازانم. ئه‌وه‌ی زیاتر ئه‌مه‌وێت لای لێبکه‌مه‌وه،‌ گۆڤاری “ڕابەر” و “حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست “ه‌ که‌ وه‌ک به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی نوێی باشووری کوردستان،‌ خه‌ریکه‌ وه‌کو ئه‌‌و ده‌یان ڕێکخراوه‌ی لێ بێ که‌ له‌ بزووتنه‌وه‌که‌ بێ سه‌رو شوێن بوون و کران و ته‌نیا له‌ بیرو ویژدانی نه‌وه‌یه‌ک له‌ هه‌ڵسوڕاوانی چه‌پدا ماون.

له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شته‌کان له‌ کاتێکدا بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی نوێ له‌ کوردستانی عێراق(باشووری کوردستان) له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ توندی له‌ ژێر کاریگه‌ری و کارکردنی مارکسیزمی شۆڕشگێڕ و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی ئه‌و حیزبه‌ بوو، به‌تایبه‌ت “کانوونی هونه‌رو ئه‌ده‌بی کرێکاری کوردستان”، له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ بوونی بۆشاییەکی گەورە له‌ مه‌یدانی نه‌بوونی فه‌رهه‌نگێکی ئینسانی و پێشکه‌وتووخواز، ئه‌مه‌ دوو هۆکاری سەرەکی و زه‌مینه‌ی دروست بوون و پێکهاتنی حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست بوو که‌ له‌ حوزه‌یرانی ساڵی١٩٨٧دا له‌ شاری هه‌ولێر پێکهات. دامه‌زرێنه‌رانی حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون: جه‌ماڵ کۆشش که‌ سه‌ره‌تا به‌ “شۆڕش هیومانست ” ده‌ستی پێکرد و به‌رهه‌می بڵاوکرده‌وه‌،عەبدوڵا سڵێمان (مه‌شخه‌ڵ)،نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد(هۆشه‌نگ).له‌ کۆبوونه‌وه‌کانی سه‌ره‌تادا بڕیار درا گۆڤارێک یان ئۆرگانێک ده‌ربکرێت به‌ ناوی “ڕابه‌ر”. حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست به‌یاننامه‌ی مه‌وجودیه‌تی خۆی له‌ حوزه‌یرانی ١٩٨٧ دا بڵاوکرده‌وه‌ و یه‌که‌مین ژماره‌ی گۆڤاری (ڕابه‌ر) هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٨٧ دا بڵاوبۆوه‌. حه‌لقه‌که‌ زۆر بزێو بوو.سه‌رباری بڵاوکردنه‌وه‌ی چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیی و ڕه‌خنه‌یی، هه‌وڵی ده‌دا دیدگای سیاسی خۆی بڵاوبکاته‌وه‌ و سنووربه‌ندیش له‌گه‌ڵ ڕێخراو و حه‌لقه‌و گروپه‌کانی ئه‌و کات بکات. به‌م کاره‌ حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست تا ده‌هات له‌ ئه‌رک و مه‌هامه‌ سروشتییه‌کانی خۆی دوور ده‌که‌‌وته‌وه‌ و مه‌یلی سیاسیشی تا ده‌هات نزیک و نزیکتر ده‌بۆوه‌ له‌ ڕێخراوی ڕه‌وتی کۆمۆنیست.
لێره‌وه‌ کێشه‌ی ده‌روونی له‌ حه‌لقه‌که‌ په‌یدا بوو له‌ نێوان هۆشه‌نگ له‌ لایه‌ک و جه‌ماڵ کۆشش و عەبدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ) له‌ لایه‌کی تر. تا پاش چه‌ند کۆبوونه‌وه‌ و شیکردنەوەی دۆخی سیاسیی، وا بەباش زانرا حه‌لقه‌که‌ش وابه‌سته‌یی سیاسی خۆی بۆ ڕێخراوی ڕه‌وتی کۆمۆنیست ڕابگه‌یێنێ. ئیتر له‌ ژماره‌ی پێنجی گۆڤاری ڕابه‌ر به‌ دواوه‌ تا ژماره‌ یانزه‌ واته‌ له‌ ١٩٨٨ ه‌وه‌ تا ١٩٩١ حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست ڕێكخراوێکی ئەدەبیی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست لە عێراق، بوو ڕێک وەک چۆن کانوونی هونەر و ئەدەبیاتی کرێکاری کوردستان سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو.

سلێمان قاسمیانی: دەکرێ کەمێک زیاتر سەبارەت بە ڕای خۆت لە سەر کاری حەڵقەکە بدویێ؟

عەبدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ): بەڵێ کاتێ حەلقەکە پەیوەست بوو بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە، توانی تەکانێکی باش بدات بە ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیست و لەهەمان کاتیشدا توانی پاڵپشت و پشتیوانییەکی فراوان لەئاستی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی بەدەست بهێنێت. بیریشمان نەچێت گۆڤاری ڕابەر تایپ نەدەکرا، بەڵکو بەدەست دەنووسرایەوە و بڵاو دەکرایەوە.لەو سەردەمە ١٩٨٧ – تا ١٩٩١ جگە لە گۆڤاری رابەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە عێراق لە هیچ گۆڤار و بڵاوکراوەیەکی ئەدەبی و وهونەری بەهرەمەند نەبوو. هەر بۆیەش ژمارەیەکی زۆر ئەدیبانی کۆمۆنیست لەدەوری حەلقەکە کۆبوونەوە.
ئێمە توانیمان یانزە ژمارە لە گۆڤاری رابەر دەربکەین لەگەڵ ژمارەیەک پاشکۆ.مێژووی حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست، مێژوویەکی جوان و پڕشنگدارە و لێوانلێوە لە خەبات. من هەوڵ دەدەم لە چەند خاڵدا ڕاو بۆچوونی خۆم سەبارەت بەکاری حەلقەکە دەردەبڕم.
یه‌ک: حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست هه‌ڵگری هه‌مان سوننه‌ت و شێواز و کارکردی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی کوردستانی عێراق بوو.له‌یه‌ک کاتدا هه‌م کاری سیاسی و هه‌م کاری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری ئه‌نجام ده‌دا.خودی ئه‌م تێکه‌ڵییه‌ش بۆ خۆی ناڕۆشن بوونی دیدگای هاوڕێیانی حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست بوو سه‌باره‌ت به‌ ڕێکخراوی جه‌ماوه‌ری و پیشه‌یی و ڕێکخراوی سیاسیی. ئه‌م تێنه‌گه‌یشتنه‌ کاریگه‌ری سلبی یان نێگەتیڤی هه‌بوو و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌ شاعیر و نووسه‌رانی ئەو کاتی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی کوردستان، هه‌ڵوێستی به‌ره‌نگارییان وه‌رگرت له‌ به‌رامبه‌ر گۆڤاری “ڕابه‌ر” و “ڕێکخراوی حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست”.

دوو: مه‌سه‌له‌ی ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خه‌باتی گۆڤاری “ڕابه‌ر” و “حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست” که‌ خۆی له‌ “شیکردنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی واقعییاتی سۆشیالیستی” و “ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی مارکسیستی” و “ئیستاتیکا” دا چڕ کردبۆوه‌. سه‌رباری هه‌نگاوی جدی و باش بۆی، به‌ڵام تاحه‌ددێک به‌هه‌ده‌ردانی به‌شێک له‌ وزه‌ و تواناییه‌کانی حه‌لقه‌ی ئه‌دیبان بوو به‌م کێشانه‌ که ‌له‌ ڕاستیدا گرفتی سه‌ر ڕێگای ئه‌وسای ئێمه‌ نه‌بوون.
سێ: خودی ململانێی نێوان ئەندامانی حەلقەکەی ئەدیبانی کۆمۆنیست له‌سه‌ر وابه‌سته‌یی سیاسیی حه‌لقه‌که‌ و گۆڤاری ڕابه‌ر و پاشان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌ق و خوڵقاوی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبوو که‌ تێگه‌یشتنی دروستمان نه‌بوو له‌سه‌ر کاره‌کانمان، هه‌ڵسوڕاویمان،مه‌سه‌له‌ی ده‌ق و ئیبداع ،سوود وه‌رگرتن له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن که‌به‌بڕوای من هۆشه‌نگ له‌به‌شێک له‌ تێڕوانینه‌کانیدا دروست بوو.
چوار: گرتنه‌به‌ری شێوازی سیاسیی له‌ نووسینی ڕاپۆرت بۆ کۆبوونه‌وه‌ و پلینیۆم و کۆنگره‌ به‌تایبه‌ت بۆ حه‌لقه‌یه‌کی ٢-٣ که‌سی،خۆی گه‌وره‌کردن و زهنگه‌رایی حه‌لقه‌که‌ بوو له‌ بواری ڕێکخستن و ئارایشتدانی خۆی و ده‌وروبه‌ری.
پێنچ: بڵاوبوونه‌وه‌ی گۆڤاری “ڕابه‌ر” به‌ده‌ستنووس و له‌موحیتێکی زۆر به‌رته‌سکدا(به‌ ‌له‌به‌رچاوگرتنی ده‌سه‌ڵاتی ئیستبدادی به‌عس له‌و سه‌رده‌مه‌)، کاریگه‌ری نێگه‌تیڤی هه‌بوو به‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌دیبان و نووسه‌رانی چه‌پی ئه‌و کات.
شه‌ش: له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م خاڵانه‌ی که‌ باسمان کرد،گۆڤاری “ڕابه‌ر” و “حه‌لقه‌ی ئه‌دیبانی کۆمۆنیست” وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی دره‌وشاوه‌ له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی نوێی کوردستانی عێراق ده‌مێنن و توانیان گه‌لێک هه‌نگاوی جددی هه‌ڵگرن له‌ بردنەپێشەوە و پتەوکردنی بناغه‌ی ئه‌ده‌بێک که‌ ئێستا بە شانازییەوە پێی ده‌ڵێین “ئه‌ده‌بی کرێکاریی”.

سلێمان قاسمیانی: شیعر بە لای تۆوە چییە؟ چۆن دەڕوانییە فۆرم و ناوەرۆک”؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): تا ئێستا گه‌لێ پێناسه‌ی جیاجیای شیعرم به‌رچاو که‌وتووه‌ و گه‌لێ ڕه‌خنه‌گر و شاعیر هه‌ریه‌ک له‌ گۆشه‌نیگای خۆیانه‌وه‌ و بەپێی جێوشوێنی چینایەتیان، که‌م تا زۆر خۆیان له‌قه‌ره‌ی ئه‌م پێناسه‌ سه‌خته‌ داوه‌. به‌ڵام بۆ من کە له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا که‌ ده‌ستم به‌ شیعر نووسین کرد، پێم وابوو ئاسانترین نێچیرم ڕامکردووه‌ و پێده‌شتێکی سه‌وزی پڕ له‌به‌خته‌وه‌ریم له‌ئامێز گرتووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌رچی ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رمکردنی زیاتر و قووڵبوونه‌وه‌ی زۆرترم له‌م ته‌لیسمه‌، زیاتر و زیاتر وه‌کو گۆمێکی بێبنم ده‌هاته‌ به‌رچاو که‌ هه‌رکه‌سێک له‌لایه‌که‌وه‌ به‌ردێکی تێده‌هاوێ و هه‌ریه‌که‌ش به‌جۆرێک گوێی له‌ شڵپه‌ی به‌رد تێهاویشتنه‌که‌ی ده‌بێ و هه‌ریه‌که‌ش به‌ شێوه‌یه‌ک بازنه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی به‌رد تێهاویشتنه‌که‌ی ده‌بینێت. بۆ من ئێستا جێی مه‌به‌ستم نییه‌ لەڕستەیەکی کورتدا بڵێم شیعر چییه‌، به‌ڵام زۆرم مه‌به‌سته‌ بڵێم پێم وابوو ئەوکات له‌هه‌ق شیعر دێم و ده‌توانم قۆرخی بکه‌م. دواجاریش ئاڵوگۆڕه‌ یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی تێگه‌یشتنم بۆ شیعر و ماهیه‌تی شیعر، ئه‌و ڕاستییه‌ی لا به‌رجه‌سته‌ کردمه‌وه‌ که‌ شیعر په‌ناگه‌یه‌که‌ ده‌توانم لێوه‌ی ده‌ست بۆ هەست و نەست بەرم، دەست بۆ ئەو ئامڕازە به‌رم کە پابلۆ نیرۆدا وتەنی چەکی دەستمە لە خەبات دژ بە چەوسانەوەی بۆرژوازی.بە تێگەیشتنی ئەمڕۆم بۆ شیعر دەبێ خەسڵەتە چینایەتییەکەی دیاری بکەین.

بۆیە بەنسبەت منەوە ئەو شیعرەی کە دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکەم شیعری کرێکاریی و سۆشیالیستی و شۆڕشگێڕانەیە.بەم پێیە شیعری شۆڕشگێرانە لەدیدی منەوە شیعری ئەو لەشکرە لە بەرهەمهێنەرانە کە چەرخی کارگەکان دەسوڕێنن. شیعری شۆڕشگێڕانە شیعری کرێکارییە، شیعری جیهەتگیریی کرێکارییە.شیعری شۆڕشگێڕانەی کرێکاریی، شیعری بەرەنگاربوونەوە و ڕەتکردنەوەیە..شیعری نیشاندانی ڕووە دزێو و جوانەکانە، شیعری هێرش و ستایشە. شیعری ڕادیکاڵی کرێکاریی لەگەڵ سەرهەڵدان و پەیدابوونی چینی کرێکار و خەبات و تێکۆشانی ئەو چینە لە دژی چینی سەرمایەدار سەرهەڵدەدا و گەشە دەکا. واتە شیعری کرێکاریی شیعری ژیان و خەباتی چینی کرێکارە، چیرۆکی نەبەردە چینایەتییەکانی کرێکارە لە دژی بورژوازی و دامودەزگاکانی سەرمایەداری. کێرڤی ڕوو لە پێشی شیعری کرێکاریی لەگەڵ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکار بەرز و نزم دەبێتەوە. باری ناهەمواری ژیانی کرێکاران، سەعات کاری زۆر، کرێی کەم، نەبوونی خزمەتگوازی کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکان، نائەمنی شوێنی کار، ناڕیکخرابوونی کرێکاران، نەبوونی ئازادییە سیاسییەکان و هەروەها نەبوونی ئامرازەکانی خەبات لە چەشنی مانگرتن و ناڕەزایی بە تاک تاک و بە کۆمەڵ، خۆپیشاندان، تا دەگاتە خەباتی چەکداریی و شۆڕش، ئەمانە کۆی بەدەنەیەکی گەورەترن لە ئیرادەیەکی تۆکمە بۆ دەرخستنی ئایدێندتی خەبات و ئینجا شیعری چینایەتی کرێکار. بەرهەمی ئەدەبی کرێکاریی لێرەوە پێناسەی خۆی دەکات و سنووربەندی لەگەڵ ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییەکانی بورژوازی دادەنێ.
شیعری کرێکاریی پارێزەری بەرژەوەندی کرێکارە، هەوڵیش دەدات لەژێر سێبەری خەباتی کرێکاری لەسەر ئەو ئایکۆنانە کار بکات کە ڕۆڵیان هەیە لەبردنەپێشەوەی خەباتی چینایەتی.”ئەدەبی شۆڕشگێڕانە چەکێکە لە ململانێی چینایەتی و لەسەریەتی کار لە هۆشیاری خوێنەرانی بکات بەرەو چالاکی ڕاستەوخۆ و لەوێشەوە بەرەو هەڵوێستێکی نوێ دەربارەی ژیان.
بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی لە خەباتی چینایەتیدا بناسێتەوە. نابێ کاتێ باسی ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی شیعر دەکەین، مەسەلە تەکنیکییەکانمان بیر بچێت، نابێ بایەخی زمان فەرامۆش بکەین. نابێ خەیاڵ وەک ڕەگەزێکی بنچینەیی کرداری شیعر بخەینە لاوە. کردەی شیعر بەهیچ شێوەیەک گەمەی زمانەوانی نییە تا سەر لە خوێنەر بشیوێنرێ و نووسەریش باڵادەستی ئەدەبیی و زمانەوانی خۆی لەڕێگەی گەمەیەکی ناشیرینەوە ئەنجام بدات. زمانی دەقی شیعریی دەبێ بێ گرێ و گۆڵ و سفت و سادە و بەهێزبێت لە گەیاندنی مەبەستی نووسەر. بە بۆچوونی من شیعر بە هیچ شێوەیەک ئیلهام نییە، بەڵکو کاریگەری واقیعە لەسەر هەست و نەستی ئینسانەکان. ئینسانەکانیش وەکو دژەکردارێک لە بەرانبەر ئەو کاریگەرییە دێن گوزارشت لەو واقیعە دەکەن و بە ئاستی جیاجیا پەیوەندی خۆیان و واقیع نیشان دەدەن، کە تا چ ئەندازەیەک ئەو واقیعەیان قەبوڵە یان ڕەتی دەکەنەوە. پێویستی بەکاربردنی دەستەواژەی ئیلهامیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە شاعیران هەوڵیان داوە و هەوڵ دەدەن خۆ لە خەڵک داببڕن و جیا بکەنەوە. بە وتەیەکی دی ئیلهامبوونی شیعر برەودانە بە نوخبەوییەت، ئەمەش ڕەگی چینایەتی خۆی هەیە و ئاو لە ئایدیۆلۆژی بورژوازیی دەخواتەوە. بۆیە ئیلهامی شیعریی هیچ پەیوەندییەکی بە شیعری ڕادیکاڵ و کرێکارییەوە نییە و ئەم دەستەواژەیە لە فەرهەنگی ڕادیکاڵی کرێکاریدا هیچ جێگایەکی نییە و خۆ ئەگەر ناهۆشیارانەش بەکاربهێنرێت ئەوا جگە لە تەقلیدێکی بورژوازیانە هیچی تر نییە.

سلێمان قاسمیانی: چۆندەڕوانییەفۆڕم و ناوەڕۆکلەشیعردا؟

پەیوەندی نێوان فۆڕم و ناوەڕۆک لەهەر کارێکی ئەدەبیی یان هونەریی پەیوەندییەکی دیالەکتیکی توند و تۆڵە. هیچ دەقێکی ئەدەبی بەبێ فۆرم و ناوەڕۆک بوونی نییە و ناتوانی هەبێت. دوو بۆچوونی بەربڵاولەسەر فۆرم و ناوەڕۆک ساڵانێک پانتایی ڕەخنە و لێکدانەوە ئەدەبییەکانی ڕێباز و قوتابخانە جیاجیاکانیان گرتبۆوە. ئەو ڕێباز و قوتابخانانەی کە پێیان وابوو و وایە فۆرم ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ لە دەقی ئەدەبی و بە پلەی یەکەم دێت لە چەشنی فۆرمخوازی و بونیادگەرایی و ڕێبازی هەڵوەشاندنەوە و داهاتووگەرایی کە هەندێکیان لەژێر سێبەری پۆستمۆدێنیزمدا پۆلینبەند دەکرێن. لە بۆچوونی بیرمەند و تیوریستی ئەم قوتابخانە و ڕێبازانە ناوەڕۆک دەبێ لە خزمەت فۆرمدا بێت. وەک خانمە نووسەری ئەمریکیی کریس کراوس دەڵێ (کاتێ فۆرم بوونی هەبوو هەموو شتێک لە چوارچێوەیدا جوان هەست پێدەکرێ).

فۆرمالیستەکان پەیوەندی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک وەک پەیوەندی نێوان هۆ و ئەنجام دەبینن. لای ئەوان هۆ ناوەڕۆکە و ئەنجامیش فۆرمەکەیە. لە دوا دەیەی سەدەی نۆزدەهەمیش ئۆسکار وایڵد پێی وابوو کە دەکرێ فۆرم و ناوەڕۆک لێک جودا بکرێنەوە. ڕێبازە ئەدەبییەکانی تر وەکو بونیادگەرایی و هەڵوەشاندنەوە و دەروونناسی و مێژووگەرایی و تەنانەت پۆست بونیادگەراییش سەنگەربەندی خۆیان لەگەڵ سۆسیۆلۆژیای مارکسیزم ڕاگەیاندووە و ئەوان هەر لەسەر ئەو مانیفێستە دەڕۆن کەبەرژەوەندی چینایەتی بۆرژوازی دەپارێزێ لەبەرامبەر بەرژەوەندی زۆربەی بەرهەمهێنەرانی کۆمەڵگە. ڕێبازی شیکردنەوەی دەروونی لەوەش واوەتر دەڕوات و ناوەڕۆک دابەش دەکاتە سەر دوو جۆر، ئەوانیش مانیفێستی ناوەڕۆک و ناوەڕۆکی نادیارن. هەرچی قوتابخانەی مارکسیزمە، دژایەتی سەرجەم جۆرەکانی فۆرمخوازی دەکات.
ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستی یان دروستتر بڵێم بۆچوونی (مارکسیزم) پەیوەندییەکی دیالەکتیکی لەنێوان فۆرم و ناوەڕۆکدا دەبینێ. فۆرم لە بۆچوونی مارکسیزم لە گشتییەتی خۆیدا بریتییە لە پەیوەندی مرۆڤ بە کۆمەڵگە و مێژووی کۆمەڵگەوە. ڕێبازی نووسەرانی مارکسیستی و هەروەها ئەوانەی سەر ڕیالیزمی سۆشییالیستیشن بەپێچەوانەوە ئەو پەیوەندییە دەبینن. ئەمان پێیان وایە دەبێ فۆرم لە خزمەت ناوەڕۆکدا بێت. سامۆئێل جانسن پێی وایە زمان بەرگی بیر و بۆچوونەکانە و ئەرکی فۆرمیش جوانترکردنی ناوەڕۆکە. خودی کارڵ مارکس پێی وابووە کە کاری هونەریی پێویستە کەشفی زیندوێتی فۆرم و ناوەڕۆک بکات. هیگڵ دەنووسێ (هەموو ناوەرۆکێکی دیاریکراو، فۆرمی بەخۆی دیاری دەکات).
ڕەخنەی مارکسیزم هەوڵ دەدات پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک بپارێزێت و لە کۆتاییشدا هەمیشە شکاندنی بەلای ناوەڕۆکدا لەهەناو هەڵگرتووە.لیۆن ترۆتسکی لە کتێبی (ئەدەب و شۆڕش ١٩٢٤) دا وای دەبێنێ کە فۆرم لەژێر فشاری پێداویستییە نوێکانی داواکاری سایکۆلۆژیی،(کە وەک هەر شتێکی تر خاوەن یاسای کۆمەڵایەتییە، شکڵ دەگرێ و گەشە دەکات. کەچی فریدریک جێمسن لە کتێبی ( مارکسیزم و فۆرم ١٩٧١) دەنووسێ فۆرم کارێکە تەنها بۆ ناوەڕۆک ولە بواری سەرخاندائەنجام دەدرێ. جۆرج لۆکاشیش ئاماژە بەوە دەکات کە مارکسیزم پێداگری لەسەر ناوەڕۆک دەکات.

بۆیە ڕەخنە لەو نووسەرانە دەگرێت کە بایەخی سەرەکییان بە فۆرم و ئەزموون دەدەن. بۆیە شاعیرانو ڕەخنەگرانی بۆرژوازی فۆرم بە پلەی یەک دەبینن و نووسەرانی مارکسیستیش بەپێچەوانەوە فۆرم تەنها بۆ خزمەتی ناوەڕۆک بەپێویست دەزانن. من وای دەبینم کە دەقی شیعریی وەک چۆن هەڵگری ناوەڕۆکێکی ئینسانانەیە، بەو دەرەجەیەش دەبێ لە فۆرمێکدا بەیان کرابێ کە کاڵا بێ بەباڵای ئەو ناوەڕۆکە. نابێت دەقی ئەدەبیی ئێمە وەک دەقی شۆڕشگێرانە بێبەش بێت لە فۆرمی باڵا. ئێمە دەبێ بەپێی تواناکانمان ناوەڕۆکی باڵا لە فۆرمی باڵا و بەرزدا نیشان بدەین. ئیتر ئەمە لانی کەمی گەیشتن بەو سەرزەمینەیە کە دەتوانین ناوی داهێنانی لێ بنێین. دەق و بەرهەمی نووسەرە بەتواناکانی کرێکاران وەکو مەکسیم گۆرکی، سابت ڕەحمان، ئەمیل زۆلا، جاک لەندەن، تاکیجی کۆبایاشی، فێدریگۆ گارسیا لۆرکا. پابلۆ نیرۆدا، نازم حیکمەت و زۆرێکی تر لەو سەرزەمینەوە سەرەتاتکێمان لەگەڵ دەکەن و بانگمان دەکەن بیان خوێنینەوە.

سلێمان قاسمیانی: زمان لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شیعرە. ئایا پێت وایە زمانی شیعر پێوێستی بە گۆڕانکاری و بەڕۆژکردن هەبێ؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): بەدڵنیاییەوە زمان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شیعر. زمان ناتوانێ لە دۆخێکی تایبەت و چەقبەستوودا بژێت. زمانی چەقبەستوو زمانێکی مردووە. سروشتی زمان بەگشتی سروشتێکی دینامیکی هەیە و بەردەوام لە جووڵەدایە. زمان ناتوانێ لەبەردەم باهۆزی گۆڕانکارییەکاندا بێهەڵوێست بێت و خەریکی خۆ تازەکردنەوە نەبێت. دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان لەهەر قۆناغێکی گەشەسەندنی مێژووییدا ئاستێک لە زمان و وشەی تایبەت بە خۆی بەرهەم دێنێ.تۆ چاو لێبکە لە قۆناغی فیوداڵیدا وشەگەڵی وەک (جۆخین، سەپان، درەو، گێرە، شەغرە، جووت، جەنجەر، خەرمان، مێگەل، شوان،گەوەڕ،لالە، قووتیلە، گوێسوانە، مەشکە، کونە، مەرکانە، شەربە، گۆزە، دەستاڕ، بێژنگ، سەرەند، کادان، ساج، بەرانپیل، دیوەخان، چارۆکە، شەنە، هاوەن،…تاد) برەویان هەبووە و بەردەوام ڕۆژانە بەکارهاتوون، کەچی لەمڕۆدا ئەو وشانە بەکار نایەن و بوونەتە بەشێک لە دیرۆکی زمان. ئەمڕۆ زمانە زیندووەکان بەردەوام و ڕۆژانە وشەی نوێ دێننە بوون.

دەزگا ئەکادیمییەکان و شارەزایانی زمان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام لە هەوڵدان وشەی نوێ وگونجاو دابهێنن. بۆ نموونە زمانی ئینگلیزیی ڕۆژانە وشەی تازە لەڕێگەی(Word of the day)ەوە ئەو وشە نوێیانە دەخاتە نێو زمانەی ئینگلیزییەوە کە دادەتاشرێن. کۆمەڵگە و زمان لێکهەڵپێکراون و گەشەی کۆمەڵگە، گەشەی زمانی بەدوادا دێت. واقیعیەتی کۆمەڵگەی کوردستان لەگەڵ پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، وەکویەک نین. ئەمڕۆ سەردەمی مۆبایل و ئەنتەرنێت و سەتەڵایتە و بێگومان شیعری موبایل و فەیسبووکەشیعر دێنێتە بوون و هەروەها دەیەها وشەی نوێ دەچێتە نێو کایەی ئەدەب. زمانی شیعریش پێ بەپێی گەشەی زمان دەگۆڕێ و وشەی تازە لەگەڵ خۆیدا نمایش دەکات. ئەم ڕەگەزە گرنگە لە شیعری کوردیدا ناتوانێ بەهەمان کەرەسەی ڕابردوو هەناسە بدات. بە چاوگێرانێکی خێرا بە زمانی نووسینی کتێبە چاپکراوەکانی چوار پێنج دەیە بەر لە ئەمڕۆ لەگەڵ زمانی نووسینی کتێبە تازە چاپکراوەکانی دەزگاکان، دەبینین زمانی کوردی چ لەڕووی داڕشتن و چ لەڕووی ڕێنووس و چ لەڕووی وشە و موفرەداتی بەکارهاتووەوە جیاوازییەکی زۆریان هەیە.

جا ئەگەر زمان نەتوانێ ئەو ئاڵوگۆڕە پێویستە لە خۆیدا نیشان بدات، مانای وایە لە مردن نزیک دەبێتەوە. سەمیۆلۆژی کە جێگە و ڕێگەی زمانە لە کاروباری ڕۆژانەی ئینسانەکان لە کۆمەڵگە، وەک کارەکتەرێکی چالاک لەنێو کایەی زانستی زماندا، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لەنێو ژیانی ڕۆژانەی ئینسانەکاندا دەبینێ لە بەڕۆژکردنی زمان و لەگەڵیشیدا زمانی شیعریی. زمانی شیعریی بەپێی سیستەمی سەمیۆلۆژی دەکەوێتە ژێر کارتێکردنی کایە زانستی و کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کارتێکردنەش لەنێو کۆمەڵگە و ژیان بەبێ هاوسەنگی نایەتە بوون. کارتێکردنەکانیش تەریبن بەیەکتر. چەند کارتێکردنەکە زیاتر بێت، گەشە و ئاڵوگۆڕ لە زمان و زمانی شیعریش داخێراترو زیاتر دەبێت.

سلێمان قاسمیانی: بەڵام لیرەدا باسیهەڵاواردنی زمان لە وشەی کۆنەپەرستانە، دواکەوتوانە و نامرۆڤانە بە گشتی و دژ بە ژن بە تایبەتی بەتاڵە. تۆ لە بارەی وشەی وەکوو “پەککەوتوو”، “شەڵ”، “کوێر” بۆ مرۆڤی هەندیکاپ چی دەڵێی؟ ئەم وشانە نوقسانەکە دەخەنە شەر شانی مرۆڤە بێ قاچەکە و پێێ دەڵێ شەڵ و گێڕ و پەکكەوتوو لە کاتێکدا کە لە وڵاتێکی وەکوو سوید، بە کەسی بێ قاچ ئیتر ناڵین بێ قاچ بەلکوو، “کەسێک کە رێگەی هەڵسوورانی لێگیراوە”، واتە خەتایەکە لە سەر مرۆڤەکە لادەبا و دەیخاتە سەر کۆمەلگا کە “رێگەی هەلسوورانی بۆ دابین بکا”.

  • عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): زمان سەرباری نواندنی ڕووە جوان و گەشەکەی، ڕووە دزێوەکەشی کەهەر خوڵقاوی دەستی مرۆڤە لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان خاوەن چالاکی تایبەت بە خۆیەتی. لێرەدا ڕێم بدە بڕێک بچمە ناو باسەکەوە. گومانیشی تێدا نییە کە ناولێنانی مرۆڤ لە کۆمەڵگەکان پەیوەستە بە کلتووری کۆمەڵایەتی و ئاستی ژیاریی ئەو کۆمەڵگەیە. هەر کۆمەڵگەیەک هەندێ نەریت و ڕێسای تایبەت بە خۆی هەیە لە پەیوەست بە ناونان.

لە وردبوونەوە لەناو و پشگر و پاشگرەکانی ناو دەتوانین جێ و ڕێی کلتووری باڵا دەست لەو کۆمەڵگەیە ببینین. ئەوەی جێی ڕامانی ئەم کورتە ڕوانینەیە ئاوڕدانەوەیە لە کلتووری ناونانی کوردیی بە پاشگرو پێشگرەکانییەوە. دیارە ئاشکرایە ناونان بەخشینی ئایدێندتییە بە مرۆڤ، چوارچێوەیەکە مرۆڤ و ڕەفتارەکانی تێدا قەتیس دەبێ.
بەڵام لەپاڵ ئەم ئایدێندتییە هەندێ پاشگر و پێشگر دەنووسێنرێنە ناوەکانەوە کە کاریگەرییان هەیە لە شێواندنی ئەو ئایدێندتییە و تەنانەت ئەو کاریگەرییە ڕۆدەچێتە ناو ناخی مرۆڤەکان و دەبێتە هۆی دیاریکردنی ڕەفتار و ڕێڕەوی ژیانیان.
بەتایبەتیش پاشگرە نێگەتیڤەکان لەناونانی کوردیی کە لە سەرێکەوە دەبنە هۆی ڕووشاندنی شکۆی ئینسانیی کورد و لەلایەکی تریشەوە دەبنە هۆی پێبەخشینی جێگەیەکی نەشیاو و نا گونجاوی کۆمەڵایەتیی. ئەم دیاردەیەش کە کلتوورێکیی دێهاتی – ناشارستانیی کە ڕەگە مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی فیوداڵیی، لە پشتییەوە وەستاوە، جێگای ڕەخنە و ڕەتکردنەوەیە. پەنجەخستنە سەر ئەم دیاردەیە و نیشاندانی جۆرەکانی و هەژموونی کلتووریی دواکەوتوو لە بەهێزکردنی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە پێویستی بە خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-پۆڵەتیکانە هەیە پێش ڕۆچوونە ناو باسەکەوە گەر سەرنجێکی خێرا بگرینە خودی ناو و ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە پرۆسەی ناونان پرۆسەیەکی وشەڕۆنان نییە، بەڵکو بەکارهێنانی هەر ئەو دراوانەیە کە کۆمەڵگەی ئینسانیی هێناویەتە بەرهەم. هەر کۆمەڵگە و هەر زمانێک تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

بەشی ژنانیش ناو و ناتۆرە و سووکایەتی لەڕێی زمانەوە پشکی شێرە. ژنان نائینسانیترین سیفەتیان دەردرێتە پاڵ و بەهۆی دواکەوتوویی کۆمەڵگەوە تەواوی جنێوە کوردییەکان لەژندا بەرجەستە دەبێتەوە. دوو سمێڵ بابڕ دەمەقاڵێیەکیان دەبێت، دەبێ دایک و خوشکیان باجی ئەو دەمەقاڵێیە بدەن. ناوگەڵی ژنان سەنگی مەحەکی جنێو و سوکایەتییە. هەردوو ئەندامی زاوزێی ژیان و پیاوان ( کێر و قوز) لەڕێی زمانەوە هەڵدەسن بە ئەرکەکانی سوکایەتیکردن.

ناونان بە پاشگری کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت وەک کەچەڵ، شەل، گۆج، شێت، دوبەحەمیسە، فەردەزەهیر..تاد. ئەوەی ئەم پاشگرانە دەداتە پاڵ ئینسان کۆمەڵگەی زاڵمە. کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت مرۆڤن و دەبێ لەهەموو ئیمکانات و دەرفەتەکان بەهرەمەند بێت. نابێ ئەم سیفاتانە ببنە ڕێگر لەبەردەم تواناییەکانی ئینسانی هاندیکاپ. ئینسانی هاندیکاپ دەبێ لەگەڵ هەر ئینسانێکی تر دەرفەتی هاوبەش و چوونیەکی هەبێت لەبوارەکانی کار و خوێندن و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان.هەر هەڵاواردنێک لەو بوارەدا مەحکومە و شایانی ڕەتکردنەوەیە. یاسا و ڕێنماییەکان و مافە سەرەتایی و مەدەنییەکان دەبێ پشتیوانی ئەو ئینسانانە بن و باری سەرشانیان سووک بکەن، نەک مەینەتی هاندیکاپبوون بخەنە ئەستۆی تاکی کۆمەڵگەوە. مرۆڤی هاندیکاپ لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی شانسی بەهرەمەندبوونی نییە لە مافە ئینسانییەکانی خۆی.

با بەم نموونەیە کۆتایی بە وەڵامی ئەم پرسیارە بهێنم. ستێفن هاوکینگ گەورەزانای گەردونناس کە هاندیکاپ و بوو و بە عەرەبانە پێچکەدارەکەیەوە خەریکی داهێنان بوو و کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا هەموو دەرفەتێکی بۆ ڕەخساندبوو تا ئینێرژی و تواناییەکانی خۆی بخاتە گەڕ لەپێناو پەرەدان بە زانست و تەکنەلۆژیا. لەکاتێکدا گەر ئەو زانا بلیمەتە خەڵکی کوردستان بوایە ڕەنگە بێدەرفەتی وای لێبکردایە لەبەردەم مزگەوتێکدا خەریکی سواڵکردن بوایە.

سلێمان قاسمیانی: شیعری کوردی پڕە لە چواندنی خەسڵەتەکانی مرۆڤ بە حەیوان. کوند دەبێتە مەرگ و وێرانی، پشیلە دەبیتە سپڵە، رێوی ترسەنۆک، کەر بێ ئەقڵ، گورگ خوێنخۆر و دڕندە، گا دەبێتە حۆل. ڕای تۆ لەم بارەوە چییە؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): من وای دەبینم دانانی ئەم سیفەتانە بۆ ئەو گیانلەبەرانە دەکرێ لە دوو ڕووەوە تەماشای بکەین. ڕوویەکی بریتییە لە ئەزموون. واتە ئەزموونی مرۆڤ وەک گیانلەبەرێکی باڵای خاوەن بیرکردنەوە و توانا.ڕووی دووەمیشی باڵادەستییە.
واتە باڵادەستی ئینسان بەسەر گیانلەبەران. جارێ ئەگەر لە ڕووی ئەزموونەوە لێی بڕوانین کە هەندێک لەو سیفاتانە ئاماژەی کلتوورین. پێکهاتەی ئەو ئاماژە کلتوورییەش لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگۆڕدرێت. واتە سیحری ئەو ئاماژەیە بەپێی شوێن بەتاڵ دەبێتەوە. ئەگەر پشیلە سیمبۆلی بێوەفایی بێت، دەبووایە لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی بەهیج شێوەیەک پشیلەیان ڕانەگرتایە. لە کاتێکدا بوونی پشیلە لە زۆربەی ماڵەکان نەک ئەو مانایە ڕەت دەکاتەوە ، بەڵکو کار گەیشتۆتە ئەوەی کە وەک ئەندامێکی خانەوادەکە حیسابی بۆ بکەن. گیانلەبەرەکان ئەوانەی هێما و ئاماژەی تاک لایەنەی نێگەتیڤیان هەیە دەتوانین هەندێکیان ئاوا لە کلتووری ڕۆژهەڵات ببینین.

پشیلە: هێما و سیبۆڵی بێوەفایی و سفڵەییە.
سەگ: ‌هێما و سیمبۆڵی بێنرخ و بێبەها و ناپەسندە.
مەیموون: هێما و سیمبۆڵی ناشیرینیە.
بایەقووش: هێما و سیمبۆڵی مەرگ و وێرانییە.
بەراز: هێما و سیمبۆڵی هێزو توانایە.
ڕێوی: هێما و سیمبۆڵی فێـبازیی و تەڵەکەیە.
گورگ: هێما و سیمبۆڵی خوێنخۆریی و دڕندەییە.
جاشک: هێما و سیمبۆڵی نۆکەری و کلکایەتیکردنی ستەمگەر و دەسەڵاتی چەوسێنەرە.
کەڵەشێر: هیما و سیمبۆڵی هێزی پەڕین و جووتبوونە.
مریشک: هێما و سیمبۆڵی بێدەسەڵاتیی و بێغیرەتییە.
کیسەڵ: هێما و سیمبۆڵی لەسەرخۆیی و هێواشییە.
کەروێشک و ئاسک و پڵنگ: هێما و سیمبۆڵی خێرایین.
لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێ گیانلەبەری تر ئاماژەی هێما و سیمبۆڵییان جووت لایەنەی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤن. لەوانە:
کەر هێما و سیمبۆڵی گورجێتی و گێلییە و هەروەها هێما و سیمبۆڵی بەهێزیو بەتواناییە
هەندێ گیانلەبەری تریش تەنها هێما و سیمبۆڵی پۆزەتیڤیان هەیە وەک:
شێر: هێما و سیمبۆڵی ئازایەتی و قارەمانێتییە.
هەڵۆ: هێمای هێڕشبردن و چوست و چالاکییە.
کۆتر: بەتایبەتی ڕەنگی سپی هێما و سیمبۆڵی ئاشتییە.
باز: هێما و سیمبۆڵی قەدەر و چارەنووسە.
مار: هێما و سیمبۆڵی زۆرزانی و لە غەفڵەت دەگەلێدان.

ئەگەر لە پانتایی زمانەوە بۆی شۆڕ بینەوە و بزانین چی ئەم سیفەتانەی هێناوەتە نێو ئەدەبی کوردییەوە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی ئاماژە کلتوورییەکان لەپێوەندی نێوان ئەزموون و باڵادەستیدا. چونکە ئەوە ئینسانە بەهۆی بیرکردنەوەوە توانیویەتی باڵانسە سروشتییەکان تێپەڕینێ و خۆی وەکو سەرداری گیانلەبەرانی تر پێناسە بکات و تەواوی گیانلەبەرانی تریش وەکو لەشکرێکی ژێردەستەی ئینسان دەربکەون.
بۆیە دابەشبوونەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دابەشبوونی کلتووری و تێگەیشتنی جیاوازی بۆ ئەزموون و باڵادەستی ئینسان بەرهەم هێناوە. ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کە شەقێکی کلتووری و ژیاریی گەورەیان لەنێواندایە بەدەوری خۆیان دەلالەتە زمانیشیان وەک گوزارشت لەو شەقە مەزنە خستۆتە بەردەم ئەرکی جیاوازەوە. گەشەی ژیاریی ڕێگرە لەبەردەم توانەوەی زمان یان بێهیزیی زمان لەئاست وشە و دەستەواژە فرە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگە. شیعری کوردیی کە لەسەر زمانی کوردییەوە خۆی بینا دەکات، ناتوانی لەو چوارچێوە گەشەکردنەی زمانی کوردی یاخی ببێت. دێت چ لە هەجوو یان کۆمیدیا یان ساتیرە گوزارشت لەو زمانە دەکات. یان باشتر بڵێـم گوزارشت لەو دۆخەی زمان دەکات.

سلێمان قاسمیانی: پرسیارەکە ئەوەیە بۆ رێگە نەدەین ئاژەل، ئاژەڵ بێت و نەکریتە سیمبۆلی بی ئیختیار و دژ بە خەسلەتی راستەقینەی خۆیان. سەگ هەر سەگە و پەیوەندییەکی بە پیسی و ملکەچی مرۆڤخوازوە نییە. کەر هەر کەرە کاریکی بە بێ ئەقڵی و نەفامی مرۆڤەکانەوە نییە، کوندەبە بوو هەر کوندە و سەری لە مەرگ و نەمان و وییرانی دەرناچێ. دیارە کە ئەم هێما و سیمبۆلانە تاوبەت بە کوردەواری نین و لە هەموو وڵاتانی دونیا هەیە و هەبووە بەڵام لە ولاتانی رۆژادا ئەم هێمایانە ئیتر بەوجۆرە نەماوە چون باسی لە سەرکراوە و بۆ هۆیەوە گۆڕاوە. تۆ لە سەر ئەوە ڕات چییە؟ ئایا کردن نایە؟!

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) : بەڵێ لە کردن دێت و دەتوانرێ تەجاوزی ئەو سنوورانە بکرێت ، بەڵام ئەگەر ئەتمۆسفیری سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە نەگۆڕدرێ، واتە ئەگەر سیستەمی پەروەردە نەخرێتە سەر راستەڕێی خۆی و مرۆڤەکان بە ڕێگای دروست پەروەردە نەکرێن، ئەم سیمبۆڵانە هەر دەمێنن. ئەم بناغەیە لەسەر مێژوویەک وەستاوە.عەقڵیەتی کۆمەڵگە وشیاری کۆمەڵایەتی باڵادەست لە کۆمەڵگەی کوردیی ئەوپەڕی نائینسانییە. ئینسان لە فۆرمی خۆیدا دڕندەیەک تیایدا پاڵ کەوتووە و هەمیشە بە ئاگایە. پلە و ئاستی دڕندەکەی ناخ پەیوەستە بە سیستەمی پەروەردەوە. باڵادەستی ئینسان بەسەر ئاژەڵان و سروشتدا و بەکارهێنانی تەواوی دراوەکانی کۆمەڵگە لە خزمەتی خۆی، رادەی ئیرەیی مرۆڤمان بۆ دەردەخات. تێکشکاندنی کۆی ئەوئیرەییەی مرۆڤ و هەنگاونان بۆ بەشداریکردنی تەواوی زیندەوەرانی سەر ئەم هەسارەیە وەک شەریکە بەش و خاوەن ماف کارێکە لە دوورمەودای خۆیدا دەتوانی لەو تێگەیشتنە نزیکمان بکاتەوە کە لە ئینسانی چاوچنۆک و خۆویستەوە ببین بە ئینسانی یونیڤێرساڵ.

سلێمان قاسمیانی: پۆستمۆدێرنیستەکان لە شیعردا باس لە پەڕاندنی سنوورەکانی زمان هەم لە فورم و هەم لە ئاهەنگدا دەکەن و شێواندنی زمان بە کارێکی پیشڕەوانە و نوێ ناو دەبەن. تۆ لەوبارەوە دەڵێی چی؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): یەکەم پرسیار ئەوەیە پۆستمۆدێرنیستەکان کێن و چ کارەن؟ ئەوان لەکوێی بەرژەوەندییە چینایەتییەکان گیرساونەتەوە؟ زمان لای پۆستمۆدێرنیستەکانچ بایەخێکی هەیە؟ پرسیارەکانی زمان و فەلسەفەی زمان لای پۆستمۆدێرنیستەکاندا جێی بیرکردنەوە و قسەلەسەر کردن بووە. چونکە مۆدێرنەت وەکو فیکری خۆرئاوا ڕیشەکەی زۆر لەسەدەی نۆزدە و سەدەی بیستەم کۆنترە. بەڵام پرسیارکردن لە زمان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە و بە تایبەتیش لەسەر دەستی فردیناند دی سوسێرەوە هاتە نێو جوغزی زانستێکی تازەی وەک (زانستی زمانەوانی). سوسێر کە بەباوکی زانستی زمانەوانی دادەنرێ، هات زمانی لە قسەی ئاسایی جیا کردەوە. چونکە وەک دەزانین زمان بریتییە لە سیستەم و دەزگا و کۆمەڵێ فۆرم و یاسا. قسەی ئاساییش دەربڕینە واقیعی ئەو سیستەمەیە لەقسەکردندا. بەو پێیەی زمان سیستەمێکی کۆمەڵایەتییە و ئەو مەتریاڵانەی ئیشی لەسەر دەکات مەتریاڵی کۆمەڵایەتین.

زمان خەسڵەتی یونیڤێرساڵی هەیە و هەمان ئەو ئەرکانە جێبەجێ دەکات کە لەسەریەتی جا لە هەر گۆشەیەکی سەر ئەم هەسارەیە بێت. بەڵام پاش و پێشی جێبەجێکردنەکە پەیوەندی هەیە بە شوێنکاتی زمانەوە. نوێبوونەوە لەزمان، نوێبوونەوەیە لە سیستەم و فۆرم و یاساکانی زمان. هەر تێکشکاندنێکیش لەو سیستەمە تێکشاندنی نۆرمە. پۆستمۆدێرنیستەکان ئێش لەسەر کایە قەدەغەکراوەکان دەکەن. ئەوان دەست بۆ ئەو شوێنانە دەبەن کە پێشتر کەمترین دەستی بۆ براوە. چوونە دەرەوەی باو و تەقلید لای ئەوان، نوێبوونەوەیە.

هەر بۆیەش دێن لە دەقی ئەدەبیدا سنوورەکانی زمان تێدەپەرێنن. ئەگەر هونەری گۆرانی (ڕاپ) بە نموونە وەربگرین، دەبینین هەم لە ئاواز و هەم لە سیستەمی زماندا هیچ پەیوەستبوونێک تیایدا بە میراتی ڕابردووەوە بوونی نییە و ئەوەی دەبیستین و دەیبینین نوێیە. زمان و حیکایەتی نێو هونەری ڕاپ زیاتر قسەی ئاسایین و پەیامەکەش زۆر بە سادەیی خۆی بەیان دەکات.
زمان لە دەقی ئەدەبیدا تەنانەت لە هونەریش تا ئەو جێگایە دەتوانێ پێشڕەو بێت کە بتوانێ مانایەکی کۆمەڵایەتی لەهەناوی خۆیدا هەڵبگرێ و لەهەمان کاتیشدا خزمەتێک بە ئینسانییەت بکات. لەم گۆشەنیگایەوە دەکرێ شتێک لە جوانی زمان، شتێک لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکەی زمان ببینین بەڵام ناشێ و ناکرێ تا ئاستی پیرۆزبوون، پیرۆزی بکەین. هەتا تەنانەت زمان لای ئەدیبانی کرێکاریی دەبێ وەک ئەو پێویستییە کۆمەڵایەتییە ببینڕێت کە ئینسانییەت دەیەوێت پێداویستییەکانی خۆی لە ڕێیەوە پێ دابین بکات، نەک بیکاتە پێشمەرج بۆ هەڵسەنگاندنی دەق. با هەر ڕاپ بە نموونە بهێنمەوە .

تۆ تەماشا لەم هونەرە حیکایەتی هونەرمەند کە دەقەکەیە ئێجگار ڕوون و سادەیە و تەنانەت هەوڵیش ئەدا زمان لە کوخی ئەتمۆسفیری پیرۆزییەوە دەربکێشێتە دەرەوە و بیهێنێتە سەر شەقام و لا کۆڵانەکان.هونەری زمان لە ڕاپدا لە سادەییەوە هەڵدەقوڵی و خاڵییە لەهەر ئاڵۆزییەک، خاڵییە لەهەر ئاوێتەبوونێک، خاڵییە لەهەر زیکزاک و پێچە بەدەروانێک. ئەم هونەرە ئەگەر پلە یان ڕادەی زمان تیایدا لەو ئاستەش نەبێ کە جێی پەسند بێ، ئەوا لەڕێگەی ماتریاڵەکانی تری شێوازەوە وەک خەیاڵ و دەربڕین و شتی تر، دەتوانێ ئینسان یان گوێگر بۆ خۆی پەیدا بکات. هونەری ڕاپ هونەری سادەویست و سادەگەراییە. زمانی هونەری ڕاپ لێوانلێوە لە وشەگەڵێکی ناپەسەند.( گوو، گەواد، درۆ، و لە زمانی ئینگلیزیدا وشەکانی( ( F Words سیخناخی کردووە. بەڵام لەدەرەوەی ئەو هونەرە بەتایبەتیش لە دەقی ئەدەبیدا یان دەقی شیعریدا زمان بەجۆرێکی تر نمایش دەکرێ و ئەرکێکی قورستری دەکەوێتە سەر شان.

زمان لە و ئەدەبەی کە پێی دەوترێ ئەدەبی سەردەمی نیولیبرالیزم یان پۆست مۆدێرنەت لەگەڵ خوێنەر خەریکی گەمەکانی خۆیەتی. ئاڵۆزبوونی زمان و تەکنیک و شاردنەوەی مانا لەژێر سێبەری فۆرم، بەتایبەتیش بونیادگەراکان ڕۆڵیان لەم بارەوە بینیوە و دەبینن. هەر ئەمەش وای کرد لە هەناوی ئەو مۆدێرنەتەدا ، جۆرەها ستایڵ و دەربڕینی زمانەوانی نوێخوازیتر بێتە ئاراوە. بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت کە شکاندنی تابۆکانی نوێخوازی وەک دەرەنجامی گەشەی مۆدێرنەتە، گەرچی وەک زەنگێکی مەترسیدار لەلایەن کۆنەخوازانەوە ئاماژەی بۆ دەکرا، بەڵام گەشەی خێرای کۆمەڵگە و ژیاریی ئینسانەکان زوو توانی سیحری ئەو ئاماژانە بەتاڵ بکاتەوە. دەبێ لێرە ئەو پرسیارە بکەین کە سادەیی و ئاڵۆزی زمان لە وەک لە عەقڵی ڕەخنەی ئەدەبی سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم و تەنانەت نۆزدەهەمیش جێگای ڕامان و وردبوونەوە بوون، ئایا هەر ئەو ڕامانە لە زمان لە عەقڵی ڕەخنەی بورژوازی و تەنانەت ڕەخنەی مارکسیستیش جێگای لێتوێژینەوەی ڕەخنەیی نییە؟ تا ئەو جێگەیەی کە زمان سێبەری بەسەر دەقی ئەدەبیەوە هەیە(لە کایەکانی هونەر کە زمان ناتوانێت ئەو ڕۆڵە بگێرێت جگە لە هونەری گۆرانی) دەەکرێ بە پێودانگە ڕەخنەییەکانی خۆمان، ئەو سێبەرەی زمان و هەژموونەکەی وەک گەشەی ئیجابی هونەر و ئەدەب ببینین و ئەم بینینەش ببێتە ستەیجی خوێندنەوەی هەمەلایەنەی زمان لە دەقدا. جاک دریدا وای دەبێنێ کە شاعیر یانی نووسەری میتاقۆرییانەیە.

یانی لەدیدی دریداوە شاعیر داهێنەری هونەری ناڕاستەوخۆی زمانە. ئەی باشە چی لەو شیعرانە بکەین کە پڕاوپڕن بە هونەری (لێکچواندن) لەبری میتافۆر؟ تۆ بڵێی ئەم شیعرانە شیعر نەبن؟ هەرچۆن بێت ئامڕازی زمان لەدیدگای چینەکانەوە تێگەیشتن و بینینی جیاواز هەڵدەگرێ. مارکس بۆ نموونە وا دەبێنێ زمان (واقیعی دەستوبردی فیکرە.) یان دەڵێ (پشتکردن لە زمان بوونی نییە). بۆ ئێمەش کۆدە هەرە گرنگەکەی زمان ئاوێتە بوونە بە ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقەکان، ڕێک پێچەوانەی ئەوانەی کە ئیدیعای پۆست مۆدێنیستبوون دەکەن و زمان لە کۆدە هەرە گرنگکەکەی دادەماڵن.

سلێمان قاسمیانی: تۆ خۆت بە شاعیرێکی کرێکاری پێناسە دەکەی. ئایا هونەر و ئەدەبێک کە کرێکاری نەبێ دەتوانێ شیاوی خوێندنەوە و حەز پێکردن بێت؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): ئەدەب و هونەر زادەی بیروبۆچوونی نووسەران و هونەرمەندانن، واتە هونەرمەندان و نووسەران لەڕێگەی ئەدەب و هونەرەکەیانەوە گوزارشت لە جێوشوێنی چینایەتی خۆیان دەکەن لە ململانێی کۆمەڵایەتی نێوان بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و چینە کۆمەڵایەتییەکان. ئەدەب و هونەر چینایەتین. نووسەران و هونەرمەندانیش بێگومان لایەنگر و پارێزەری بەرژەوەندییە چینایەتییەکانن. بە مانایەکی تر واتە ئەدەب و هونەر ناکەوێتە ئەودیو کێشە چینایەتییەکانەوە. خوێنەر یان گوێگر لەڕێگەی دەقە نووسراوەکانەوە یان هێما و ڕەنگ و نۆتە و جووڵە و سەما و نواندن و پەیڤاندنەوە دەتوانێ ئینتمای چینایەتی دەق و نووسەر یان هونەرمەند ببینێت. دیارە کە دەڵێم خوێنەر یان گوێگر مەبەستم خوێنەرێکی سادە نییە یان گوێگرێکی بێ سەلیقە و نەشارەزا نییە، بەڵکو مەبەستم لەو خوێنەرانەیە کە بە قووڵی دەچنە ناو دەق و لایەنە پەنهانەکانی دەق دەخوێننەوە، یان بە پشتیوانی شارەزایی و زانیاریی دەتوانن ئاماژەکانی هونەر و ڕەنگ و کۆدەکانی گەیشتن بە پەیامی کارە هونەرییەکە بدۆزنەوە.

وردتر بڵێم ئەوە ڕەخنەگری ئەدەبیی و هونەریی مارکسیستییەکە دەتوانێ پەی بە دیوە پەنهانەکەی دەق ببات و بیخوێنێتەوە. من ڕاستە خۆم بە شاعیر و نووسەرو ڕەخنەگری مارکسیستی دەزانم، بەڵام هەر بە بەرهەمە کرێکارییەکان دڵم ئاو ناخواتەوە. ڕاستە من هەوڵ دەدەم سەرجەم بەرهەمە کرێکاریی و ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕەکان بخوێنمەوە چ بەرهەمە کۆنەکان یان نوێکان، بەڵام هەر بەوەشەوە نەوەستاوم و دەست دەبەم بۆ گەلێ کتێب و بەرهەمی گەلێ نووسەری بورژوازی و دەیانخوێنمەوە. چونکە خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرانی بورژوازی زەمینەی ڕەخنە لەو ئەدەب و هونەرە باشتر دەرەخسێنێ وجوانتر دەتوانی ئەو ئەدەب و هونەرە بناسی و هەوڵی لەقبوونی بدەی. مارکس و ئەنگلس و تەنانەت لینینیش هەر بەرهەمی ئەدیبان و هونەرمەندانی کرێکارییان نەخوێندۆتەوە. ئەوان بەرهەمی سەردەمی خۆیان خوێندۆتەوە.

ئەمە بۆ من و تۆش ڕاستە. تا ئەو جێگەیەی کات یارمەتیدەرە و دەستمان پێی ڕادەگا لەسەرمانە ئەو بەرهەمانە ببنین و ببیستین و بخوێنینەوە جا چ پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی کرێکارانن یان بورژوازی. من زۆر چێژ لە ڕۆمانەکانی عەبدولڕەحمان مونیف و جۆرج ئۆروێڵ و چەنگیز ئیتماتۆڤ و عەتای نەهایی و حەیدەر حەیدەر و یەشار کەمال و نیکۆس کازانتزاکیس وشیعرەکانی شێرکۆبێکەس و هێمن موکریانی و نەزار قەبانی و مەحمود دەروێش و عەبدولوەهاب بەیاتی و بڵند حەیدەری و ئەدۆنیس و سوهراب و فروغی فروغزاد و ئەحمەدی شاملۆ و سوارە و و سەلام محمەد و مەدهۆش و جەلیل کاکەوەیس و جەلالی مەلەکشا و بوزورگی عەلەوی و سادق هیدایەت و نیکۆلاس کاتەنۆی و ڕۆبەرت فرۆست و جەمیل ڕەنجبەر و نووسینەکانی عەزیز نەسین و شانۆنامەکانی ئێدوارد ئەلبی وهارۆڵد پینتەر وەردەگرم، ئەمە جگە لە خوێندنەوەی کتێبە فیکریی و فەلسەفەییەکان و ڕەخنەی هونەریی و ..تاد.
نادروستترین بیرکردنەوە ئەوەیە کەسێک پێی وابێت دەتوانێ مەعریفەی پێویست لەڕێگەی تەنها ئەدەب یان خوێندنەوەی چەند کتێبێکەوە بەدەست بهێنێت. جیهانی خوێندنەوە گەلێ فراوانە و چەند بخوێنینەوە هێشتا لەچاو ژمارەی چاپ و بڵاوکراوەکاندا وەک دڵۆپێکە لە دەریایەک. بۆ خۆ قەتیسکردن بە خوێندنەوەی تەنها ژانرێک یان کۆمەڵە دەقێک کە ئینتمای چینایەتییان بۆ کرێکاران هەیە ناتگەێنێتە ئەو ئاستەی بتوانیت بەهرەمەند بیت لە مەعریفەی پێویست.

سلێمان قاسمیانی: مۆزارت و بتهۆوێن لە کوێی هونەری چینایەتی دادەنێی؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): زۆرجار باس لەوە دەکرێ کە هەندێ لقی هونەر لەوانە وێنە و مۆسیقا و فۆتۆگراف سنوورە چینایەتییەکان تێدەپەڕێنن و دەکەونە دەرەوەی ئەوەی پێی دەوترێ ململانێی چینایەتی. من وای نابینم.بەبۆچوونی من سەرجەم لقەکانی هونەر ئەگەرچی ڕاستەوخۆ لەجەنگی دەستەویەخەشدا نەبن لە ململانێی چینەکانی کۆمەڵگە، ئەوا ناڕاستەوخۆ جێگەیەک لە جیهانبینی ئینسانی بۆ خۆی داگیر دەکەن. سەمفۆنیستە مەزنەکانی جیهان وەک مۆزارت، بتهۆڤن، چایکۆفسکی، باخ، ئێدوارد جێرمان، بە زمانی مۆسیقا ڕوحی ئینسانەکانیان دواندووە. ئەوان وزۆری تری وەکو ئەوان ویستویانە وەڵامگۆی ماندوێتی ڕوحی ئینسان بن. واتە هونەرەکەیان لەپێناو ئینساندا بووە.

خۆ مەعلوومە هونەری چینایەتی پێداگری جیددی دەکات لەسەر ئینتمای ئینسانیی. بۆیە من دەتوانم ئەو سەمفۆنیستانە لەڕیزی خەباتکارانی دونیای چینایەتیدا ببینم.ئەوە دروستە کە ڕەنگە هیچ کام لەمانە لەگەڵ ستەمی بۆرژوازی ڕووبەڕوو نەبووبێتنەوە، بەڵام هونەرەکەیان واجیهەیەکی خەباتکارانەیە لەژیان. مۆنامۆر یان نەوای نەی کە گوێ بیستیان دەبیت، ئەوان جگە لە دواندنی ڕۆح، پەیامێکی سیاسیشیان لە هەناودا هەڵگرتووە. دەڵێن،مۆسیقا خواردنی مێشکە، بەوپێیەش ئەم خواردنە بۆ هەموو ئینسانەکان وەکو یەکە چ کرێکار بێت یان بورژوازی.

لێرەدا ئەوەی زیاتر جێی سەرنجە مەغزای سیاسییە و ئینسانە ماندووەکانی کۆمەڵگە چێژ لەو مۆسیقایە دەبینن کە ئارامبەخش و ڕوح هێمنکەرەوە بێت و لەهەمان کاتیشدا باسی ئەو بکات.ئەگەرچی شاکارەکانی مۆزارت، بتهۆڤن، چایکۆفسکی، باخ، ئێدوارد جێرمان لە هۆڵە گەورە و جوانەکانی پایتەختەکان نمایش دەکرێن و چانسی ئەوەیان نابێ ببنە خۆراکی مێشکی کرێکاران و خەڵکی هەژار، بەڵام نزیکایەتییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ ئەو ئینسانانە. هەرچەندە ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا ئەو دیوارە ئەستوورەی بێبەشبوونی خەڵکی کرێکار و هەژاری ڕووخاندووە و خەڵک و هەموو تاکێک بێ گرفت بە پەنجە پیانانێک بە مۆبایلە زیرەکەکەی دەتوانێ گوێبیستی ئەو شاکارانە بێ. بۆیەلەو گۆشە نیگایەوە کە باسم کرد من بێ هیچ دوو دڵییەک دەتوانم بڵێم ئەو شاکارانە جێگایەکی گرنگ و پڕ بایەخ لە دونیای چینایەتیدا دەگرن.

سلێمان قاسمیانی: ناسیونالیستەکان هەڵپەركێ بە یەكێک لە شوناسە نەتەوەییەکان دادەنێن. هەڵپەركێ چەندە بە کرێکاریی دەزانی؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): ئێمە دەبێ هەڵپەڕکێ وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی ئینسانەکان چاو لێبکەین. کە بە هۆیەوە هەوڵدەدەن ئەگەر بۆ ساتێکی کورتیش بێت سەرگەرمی جۆرە چالاکییەک بن کە ببێتە هۆی ئاسوودەییان، ببێتە هۆی خەم ڕەوێنیان، ببێتە هۆی سەرمەستییان لەئاست خەم و ئازارو تەنگوچەڵەمەکانی ژیان. لەوانەشە مەسجێکی کۆمەڵایەتی بێت کە خۆی لە هەڵگری کۆمەڵێ ئاماژەدا ببینێتەوە.مرۆڤ بەدرێژایی مێژوو هەڵپەڕیوە.ئەوەی کە دەبێتە هۆی سیما ناسینەوەی هەڵپەڕکێکان، بریتین لە جۆری هەڵپەڕکێکە.

نەیتیڤەکانی باکووری ئەمریکا زیاتر لە دە هەزار ساڵە لەسەر ئەم خاکی ئەمریکای باکوورە دەژێن کە بۆ گوزارشت کردن لە ترس و خەم و نیگەرانی و ئومێدەکانیان هەڵپەڕیون. وەک چۆن گۆرانی وتن هونەری گوزارشتکردن بووە، هەڵپەڕکێ و وێنەی سەر دیواری ئەشکەوتەکانیش بەهەمان شێوە هۆکاری گوزارشتکردن بوونە لە خولیا و خەونی مرۆڤەکان. هەڵپەڕکێ وەک بەو شێوەیەی من دەیبینم تا ئەوکاتەی وەک ڕیتواڵ یان نەریتێک خۆ دەنوێنێ و دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەکرێت، دەتوانرێتایبەتمەندییەکەی بناسرێتەوە و ئامانجەکەیڕوون بکرێتەوە.

واتە دەکرێت بە ڕیتواڵ بڵێین هونەر. چونکە ڕیتواڵ زیاتر ئینتمای گروپی و ئەتنیکی هەیە و توانیویەتی تایبەتمەندی هونەر وەک دیاردە لەخۆیدا ڕەنگ بداتەوە. تەنانەت مەغزا سیاسییەکەشی بەندە بە ئامانجێکی دیاریکراو کە ئینسانەکان هەیانە. بۆیە پێش ئەوەی کۆمەڵگەی چینایەتی بێتە بوون، واتە هەر لە قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتاییدا بوونی هەڵپەڕکێ وەک ڕیتواڵ هەبووە. لەلایەکی تریشەوە پێموایە هەڵپەڕکێ هەر لە دۆخی ڕیتواڵی نامێنێتەوە و پانتاییەک لە کلتووری کۆمەڵایەتی داگیر دەکات، ئەوکات بە دڵنیاییەوە ناکەوێتە دەرەوەی کێشەی چینایەتییەوە. چونکە هونەری ناچینایەتی لە کۆمەڵگەی چینایەتی بوونی نییە. هونەری هەڵپەڕکێ بەپێی قۆناغ و سەردەم ئاڵوگۆڕی بەسەرداهاتووە و دێت.

لەمڕۆی دونیای سەرمایەداری هونەری هەڵپەڕکێ بەشێوازی نمایشی خۆی گوزارشت لە ئینتمای چینایەتی خۆی دەکات. وەک چۆن ناکرێ لەسەردەمی عەولەمەدا بووک بە وڵاخ بگوازرێتەوە، ئاواش ناکرێ گەڕیان و سێ پێیی و فەتاح پاشایی و چەپی و سمکۆڵان و شێخانی و ..تاد، کە دەرهاویشتەی قۆناغی دەرەبەگایەتین و تا ئەمڕۆش درێژەیان بە تەمەنی خۆیان داوە،وەڵامدەرەوەی خواست و ئارەزووی ئینسانی ئەمرۆی کورد بن. بۆیە ناکرێ شوناسی کوردبوون بە شوناسی هەڵپەڕکێوە ببەسترێتەوە. بەواتایەکی تر هەڵپەڕکێ شوناسی کورد نییە و کورد دەبێ بەپێی گەشەی مێژوویی خۆی، خۆی لەگەڵ شێوازە نوێکانی سەرگەرمکردنی بگونجێنێ.من وەک وتم هەڵپەڕکێ وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی دەیبینم و هەڵپەڕکێکەرانی کوردیش دەبێ لەگەڵ گۆڕانگاریی و ئاڵوگۆڕەکاندا خۆیان بگونجێنن.

سلێمان قاسمیانی: لە کوردەواریدا کاتێک کە باس لە هەڵپەڕکێ دەکرێ، تەنیا هەڵپەرکێی بە کۆمەلی ترادیشنال مەبەستە. دانسی دیسکو، و دەیان جۆر دانسی تاک و ئازاد وەکوو دانس و هەڵپەركێی “کوردی” ناژمێردرێن. ڕای تۆ چییە؟ ئایا دانسێک کە گەنجانی کورد بیگێڕن و پێی هەڵپەڕن تەنیا بە هۆی ئەوەی “دەستگرتنی بە کۆمەڵ نەبێ”، ناکرێ کوردیش بێت؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): دانس گەرچی مۆرکی ڕۆژئاوای پێوەیە، بەڵام هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی کە ئەو دانسە دەتوانێ زۆر بە خێراییش خۆی بخزێنێتە ناو کلتوور و کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان. چونکە دانس هەر لە دیسکۆکان قەتیس نامێنێ و ئەمڕۆ لەڕێگەی تەلەفیزیۆن و سینەما و سەتەڵایت و مۆبایلی زیرەکەوە مێوانی یەک بەیەکی ئینسانەکانە جا لەهەر گۆشەیەکی دونیا بێت.
ئەمجۆرە دانسە دەکرێ کوردیش بێت. وەکچۆن کوردبوون بە جلی کوردیەوە نییە. هەڵپەڕکێی ترادیسیۆنیش مەرج نییە هەڵپەڕکێی سوننەتی بێت و شوناسی نەتەوە بێت. هونەری هەڵپەڕکێیش وەک چالاکییەکی کۆمەڵایەتی ئینسان ناکەوێتە دەرەوەی ئاڵوگۆڕەکانی ژیان و کۆمەڵگەوە. ئەمڕۆ لەهەموو کات و سەردەمێک زیاتر کۆمەڵگەی کوردی لێکخشاندن و ئاشنایەتی زیاتری بە کلتووری خۆرئاواوە هەیە. بۆیە سەیر نییە گۆڕانکاری لەچەندین چالاکی کلتووری خۆیدا بکات وەک هەڵپەڕکێ و پرسە و زەماوەند و ئارایشتێکی نوێیان پێ ببەخشێ. ئیتر دانسی نێو ئاهەنگەکان کەلە هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕاندا دایان بینین بەئەندازەی هەڵپەڕکێی بەکۆمەڵ کۆمەڵایەتی بۆتەوە و خەڵک خپیان پێ سەرگەرم دەکەن ئیتر ناوی کوردی لێبنێین یان نا.

سلێمان قاسمیانی: زۆرێک لە شیعرەکانی تۆ وەکوو سروود وتراونەوە. ئایا بە لای تۆوە فەر‌قێک هەیە لە بەینی شیعر بە گشتی و شیعری سروود بە تایبەتی؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): بە دڵنیاییەوە جیاوازییەک هەیە لەنێوان شیعر و سروود. ڕاستە هەردووکیان لەژێر یەک ژانری ئەدەبیی پۆلین دەکرێن کە شیعرە، بەڵام فەرقی نێوانیان دەکرێ لەچەند خاڵدا ببینین.
یەک: سروود کەمتر پشت بە فەنتازیا دەبەستێ تا شیعر. خەیاڵ ڕەگەزێکی بنچینەیی شیعرە و بگرە لەگەڵ زماندا کۆڵەکەی شیعرن.
دوو: زمانی سروود سادە و ڕاستەوخۆیە، لەکاتێکدا زمانی شیعر دوور لەو ڕاستەوخۆییە و بەهۆی ئیشکردنی بە کۆمەڵێ نامەئلوفەوە توانیویەتی جیهانی تایبەت بەخۆی دابمەزرێنێ.
سێ: پەیامێک کە لە سرووددا هەیە بە ڕوونی خراوەتەڕوو و بیسەر بەئاسانی دەتوانێ لەیەکەم بیستنیدا ناوەڕۆکە کۆمەڵایەتییەکەی وەرگرێ. بەپێچەوانەوە لە شیعردا ئەو ناوەرۆکە کۆمەڵایەتییە بە ژمارەیەک ڕەگەز دەورە دراوە و کەمتر پشت بەو ڕوونییە دەبەسترێ.
چوار: کێش و سەروا یان ڕیتم ڕۆڵیکی گرنگ دەگێڕێ لە بونیادی سروود لەکاتێکدا لەشیعردا کێش و سەروا دەکەوێتە دوای ڕەگەزەکانی تر. ئەمەش دیارە یارمەتیدەرە تا لەگەڵ مۆسیقادا ئاوێتەی یەکتر بن و ئاواز بێننە دەر.
لەگەڵ ئەمەشدا گەلێ سروود وتراون کە ئەو مەرجانەی سەرەوەیان تێدا نییە.

سلێمان قاسمیانی: سروودی کرێکاری و پێشرەو لە کوردیدا زۆر هەیە. بەڵام سروود زیاتر لە خانەی شیعار و خرۆشاندنی هەستی حیماسی دایە. لە مەیدانی گۆرانیدا بەڵام، گۆرانی پێشرەو و کرێکاری وەکوو گۆرانییەکانی “جۆو هیل”، “پیت سیگر”، “جان لێنۆن”، “باب دیلان” بە زمانی کوردی زۆرکەم و لاوازە. ڕای تۆ چییە لەم بارەوە؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): ئەوە زۆر ڕاستە کە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستان توانیویانە کاریگەری زۆر بەسەر بزووتنەوە ئەدەبیی و ڕۆشنبیریی کوردییەوە دابنێن. بەیاننامەی ڕوانگە (١٩٧٠)، توانی مۆرکی سیاسیی خۆی بە بزووتنەوەی ئەدەبییلە باشووری کوردستان بەتایبەتی قۆناغی دوای (گۆران)ەوە دابنێت. بەمەش تەواوی ڕێڕەوی ئەدەبیی بزووتنەوەکە بگۆڕێت و هاوتەریب و هاوسۆز لەگەڵ بزووتنەوە سیاسییەکەی کوردستان ڕێ بکات. ئەمەش دۆخێکی هێنایە ئاراوە کە ئەدەب ڕوونتر لەجاران وابەستەیی خۆی بۆ سیاسەتی کوردیی بەتایبەتی لە باشووری کوردستان نیشان بدات.
لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس و عەبدوڵا پەشێو و سامی شۆڕش و جەلالی میرزا کەریم و جەمیل ڕەنجبەر و ئەنوەر قادر و لەتیف هەڵمەتەوە تا دەگات بە ڕۆمان و چیرۆکەکانی حوسێن عارف و کاکە مەم بۆتانی و عەبدوڵا سەڕاج و محەمەد موکری و جلیل کاکەوەیس و مستەفا ساڵح کەریم و تا دەگات بە دەقە شانۆییەکان و نمایشە هونەرییەکانی وەک بەهاری دزراو و مەرەزە و گوڵاڵە و گەردەلوول و تا دەگات بە هونەری شێوەکاری و مۆسیقا بە تەواوەتی لەژێر هەژموونی ئەو بزووتنەوەیەدا بوون. لەم گۆشەنیگایەوە دەتوانین بڵێن کە هۆکارەکانی بوونی سروودی شۆڕشگێرانە و نەبوونی یان کەمی گۆرانی سیاسیی لەنێو بزووتنەوەی ئەدەبی کوردیدا پەیوەستە بەم خاڵانەی خوارەوە.

یەک: دۆخی سیاسیی کورد دۆخێک بوو کە هەمیشە لە هەوڵی بەرزکردنەوەی ورە و هەستی کوردایەتی یان نەتەوایەتی خەڵکدا بووە. شانبەشانی ئەم ئەدەبە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی تر هەبووە و هەیە کە لەسەر بنەمای چینایەتی ڕوانینی خۆی بۆ ئەدەب و ژیانو ئینسان و کۆمەڵگە نیشانداوە. ئەم ئەدەبە چینایەتییە سەر بە بەرەی سۆشیالیزمی ستالینی بووە و ئەویش بەهەمان شێوەی ئەدەبی ناسیونالیستی کورد هەوڵی داوە، ورە و ئاستی هەستی چینایەتی و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ستەمدیدە بەرێتە سەر.
دوو: لە چەند دەیەی ڕابردوو گەلێ سروودی شۆڕشگێرانەی خوڵقاندووە بوونەتە وێردی سەرزاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش. لەوانە سروودەکانی حوسێن بەفرینی شاعیر و سروودەکانی موسڵح شێخولئیسلامی (ڕێبوار)ی شاعیرو جەلال شکۆ (بژار)ی شاعیر و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) و ئەحمەد بازگر و سلێمان قاسمیانی و ..تاد. بەڵام هەلومەرجی سیاسیی کوردستان هێمن و بێ هەیەجان نەبووە بۆیەش نەیتوانیوە گۆرانی بەرهەم بهێنێت. گۆرانی سیاسیی یان چینایەتی بەرهەمی دۆخێکی تایبەتە کە کۆمەڵگە لە ئینفیعاڵاتدا ناژێت.
سێ:دوای ئەوەش عەقڵییەتی تێگەیشتن لە گۆرانی لای کورد زیاتر لێکدانەوەیەکی تر هەڵدەگرێت ئەویش شادی و خۆشی و جۆش و خرۆش و هەڵپەڕکێیە نەک باسکردن لە کێشەیەکی سیاسیی. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە گۆرانی سیاسیمان نییە کە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن.
هەر بۆیە ئەو هونەرە واتە هونەری گۆرانی سیاسیی چینایەتی من ناڵێم نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردی، بەڵکو لەئاستێکی زۆر لە خوارە. من حەز دەکەم لێرە توزێک واوەتر بچم و ئەگەر بە کورتیش بێت ئاماژەیەکی خێرا بە هونەری گۆرانی سیاسیی کوردیی بکەم. سەرەتا لە لاوک و حەیرانەوە دەست پێدەکەم کە بەبروای من دەبنە دوو بەشەوە. بەشێکیان تایبەتن بە عەشق و بەشەکەی تریان تایبەتە بە سیاسەت. بەڵام سیاسەتێک کە خزمەتی چینی فیودالیزمو خان و سەردار و بەگ و ئاغاکان دەکات لەوانە حەسەن حەیران و حەسەن رەسول سیساوە و کاوێس ئاغا.
لەناو شین و سەردولکەکانی پرسەکان هەمیشە جۆرە مۆرکێکی سیاسیی بوونی هەیە و ئینجا گۆرانی سیاسیی کە گەلێ گۆرانیبێژ هەوڵیان داوە لەو مەیدانە خۆیان تاقی بکەنەوە و تاڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوون لەوانەحەسەن دڵسۆز و حەمەجەزا و ڕەشۆل و نەجمەی گولامی و ناسری ڕەزازی و دیار قەرەداغی و خالید ڕەشید و کالێ ئاتەشی و بەگری لەگزی و فوئاد ئەحمەد و ، تا دەگات بە هونەری ڕاپ کە تازەترینیان کاریگەری هونەرمەند(گەواد مەعاشەکەت جوانە) توانی لە کورت ماوەدا لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ببێتە ئاشنای زۆرزۆر کەس.

سلێمان قاسمیانی: تۆ نووسەرێکی بە دەربەستی کرێکاریی بەڵام هاوکات هەڵسووڕاوێکی سیاسیشی. ڕەوەندێکی بەهێزلە کۆمەڵگەی هونەر و ئەدەب دا بەتوندی هێرش دەکەنەسەر سیاسی بوونی نووسەر و باس لە جیاوازی هونەرو سیاسەت دەکەن. ئایا سیاسی بوونی هونەرمەند و شاعیر نابێتە هۆی لاوازکردنی کواڵێتی بەرهەمی هونەریی و ئەدەبیی؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): سەرەتا بە نەخێرێکی گەورە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە. ئینجا دەپرسم ئەو ڕەوەندە بەهێزە کێن و چ کارەن وا بە تووندی هێرش دەکەنە سەر سیاسیبوونی نووسەر و باس لە جیاوازی هونەر و سیاسەت دەکەن؟ نووسەر کێیە و لەکوێی ڕووداوەکان و کارەساتە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگە وەستاوە. ئەوە کێیە دەیهەوێ نووسەر لە کۆمەڵگە دەرکێشێ و جیای بکاتەوە لە مرۆڤەکان؟ بەپێغەمبەرکردنی نووسەر نەریتێکی عەقڵی ڕەخنەی بورژوازییە و دەرئەنجامەکەشی هێنانە دەرەوەی نوخبەیە.

بورژوازی بە حوکمی ئەوەی خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنانە و قازانج پەرستییەکەی بەجۆرێکە پەنا دەباتە بەر هەوڵێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە چینایەتییەکانی. هەربۆیەش ئەم چینە کۆنەپەرستە سوپایەک لە قەڵەمبەدەستانی بەکڕێ گرتووە تا ئایدیۆلۆژی بورژوازی تەبلیغ بکات و پەرە پێبدات. یەکێ لەو هەوڵە ژەهراوییانەی کە بورژوازی بە بەرنامەوە کاری لەسەر دەکات بریتییە لە دوورخستنەوەی سیاسەت و کایەی سیاسەت لە خەڵک. ئەم قەڵەمبەدەستانەی بورژوازی بۆ ئەوەی مەرامەکانی بورژوازی جێبەجێ بکەن دێن ژەهری نووسینەکانیان بە کۆمەڵێ سەفسەتەوە دیارە لەژێر ناوی دیموکراتی و مافی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان و دەستوور و یاسا وە دەرژێنن. ئەم ڕەوتە فیکرییە بورژوازییە دەکرێ لە هەموو سەردەم و کاتێکدا بوونیان هەبێ و لەژێر ناوی جیاجیادا کار بکەن.

لە کوردستانیش نمایندەی ئەم ڕەوتە لیبڕاڵە لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەمان ئەو بەیت و بالۆرەیە دووبارە دەکەنەوە. با لێرەدا هەر بە زمانێکی سادە بیڵێمەوە. بێگومان جیاوازی هەیە لەنێوان هونەر و سیاسەت. ئەم جیاوازییە چەند گەورە بێت یان بچووک هیچ لەو تێكەڵی و لێکهەڵپێکرانەی نێوانیان ناگۆڕێ. ئای وێ وێی هونەرمەندی چینی دەڵێ “ئەگەر هونەرەکەم هیچ پەیوەندییەکی بە ژان و ئازاری خەڵکەوە نەبێت، ئیتر هونەر بەکەڵکی چی دێت؟” یان وەک ڕۆبەرت ڕۆسنبێرگ دەڵێ “ئامانجی هونەر ئازادکردنی خەڵکە. لەبەر ئەوە هونەر بۆ من زانستی ئازادییە.”هونەر دەبێ هونەری خەڵک بێت و بۆ ئامانجی بەرەوپێشچوونی ئینسانییەت بێت. ئەم سیاسیبوونە یان وابەستەبوونەی هونەر و خەڵک نابێت ببێتە هۆی دابەزینی ئاستی کواڵێتی کاری هونەریی یان دەقی ئەدەبیی. چونکە گەر ئەمە ڕوو بدات، ئەوا باڵانسی پەیوەندی و باڵانسی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک دەشێوێت و کارە هونەرییەکە یان دەقە ئەدەبییەکە دووچاری فەشەلی هونەریی دەبێتەوە. بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەم داڕووخانە هونەرییە لە ساختمانی داهێناندا ڕووبدات، دەبێ ئەو تێگەیشتنە دروستەمان لەسەر پەیوەندی نێوان فۆرم و ناوەڕۆک هەبێت. ئەم تێگەیشتنە پەیوەندی بەوە نییە چەند سیاسین یان نا، بەڵکو لەسەر بنەمای مەعریفەی نووسەر وەستاوە دەرهەق بە دەق و داهێنان.

من ئەتوانم چەندین نموونەت لە پانتایی ئەدەبی جیهانیی بهێنمەوە کە نووسەرەکانیان سیاسین و بەرهەمەکانیشیان شایانی خوێندنەوەن لەوانە: جۆرج ئۆروێل و پابلۆ نیرۆدا و لۆرکا و عەبدولڕەحمان مونیف و نازم حیکمەت و مەکسیم گۆڕکی و سابت ڕەحمان و ئەمیل زۆلا و تاکیجی کۆبایاشی و فابتزارۆڤ و عەبدولڕەحمان مونیف و جاک لەندەن و حەیدەر حەیدەر و ..تاد.
بۆیە تۆمەتی لاوازبوونی دەقی ئەدەبی بەهۆی سیاسیبوونییەوە ڕەوا نییە و شایانی ڕەتکردنەوەیە. تا ئەو جێگەیەی ئەدەب لەناو کۆمەڵگەوە هەناسە دەدات و بە ژیانەوە شەتەک دراوە و وەک پێویست بەشداری ململانێی کۆمەڵایەتی دەکات، سیاسییە. ئەم سیاسیبوونەی نووسەریش نەک خەوش نییە، بەڵکو ڕوکنێکی کۆمەڵایەتی بوونی دەقە و ڕۆڵ دەگێڕێت لە چێژبەخشین بە خوێنەر. نووسەر نابێ سیاسیبوونی خۆی بشارێتەوە و سڵ لەوە بکاتەوە پێی بوتری نووسەری سیاسیی. نووسەری ڕادیکاڵ و شۆڕشگێرو سۆشیالیست دەبێ بەڕاشکاوی لە میانی دەقەکانیانەوە ئەو سیاسیبوونە نیشان بدەن و بێئەوەی بهێڵن کاریگەری نێگەتیڤ لەسەر دەقەکە بەجێ بهێڵێ.

سلێمان قاسمیانی: تۆ بێجگە لە شیعر لە زۆر مەیدانی ئەدەبی تریشدا بەرهەمت هەیە و زۆر کتێبت بڵاو کردۆتەوە. دەکرێ کورتەیەک لە سەر کتێبەکانت بۆ خوێنەرانی هانا بدوێی؟

عەبدوڵا سڵێمان (مەشخەڵ): سەرەتا پێمخۆشە کە بەم پرسیارە دەمگێڕیتەوە بۆ ببلۆگرافیای بەرهەمەکانم کە لەشێوەی کتیب و نامیلکە بڵاو بوونەتەوە. مێژووی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانم نزیک بە سێ دەیەیە و بە دوو قۆناغی جیاوازی بڵاوکردنەوەی کتێب تێپەڕیووم.

قۆناغی یەکەم:لە پێش ڕاپەڕینەوە،واتە لە ١٩٨٩ دەست پێدەکاتو تا ٢٠٠٥ درێژ دەبێتەوە. یەکەمین نامیلکەی شیعریم بە ناوی (چرای شۆڕش) کە لە بڵاوکراوەکانی (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) بوو لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاو کردەوە.ئەم نامیلکەیە بە دەستنووس نووسرایەوە و بە تیراژێکی زۆر کەم تەنها لەنێو بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی بڵاو بۆوە. دواتر هەر لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری (رابەر) و (حەلقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست) نامیلکەی (دیوارەکان دەڕوخێنین) م بڵاو کردەوە. ئەم نامیلکەیەش هەر بە دەستنووس بڵاو کرایەوە و بەتیراژی زۆر کەم. شایانی باسە ئەم نامیلکەیە بەشێک لە شیعرەکانی برتۆڵد برێخت بوو و لە زمانی عەرەبییەوە وەرم گێڕابوو و بە ناوی خواستراوی (دلاوەر حوسێن) ەوە بڵاوم کردەوە.

دوای ڕاپەڕین بۆ یەکەمجار نامیلکەیەکی شیعریم بڵاوکردەوە کە تایپ کرابوو بە ناوی (چاوم لێیە) و لە ساڵی ١٩٩٢ هاتە بڵاوکردنەوە. هەر هەمان ساڵ نامیلکەیەکی ترم بڵاوکردەوە بە ناوی (چەند گۆرانییەک لە جەنگەڵستانی ژیانەوە) ئەمیش هەر تایپ کرابوو. پاشان نامیلکەیەکی سیاسیم بڵاو کردەوە بە ناوی (سەبارەت بە قانوونی جەمعیاتی حکومەتی هەرێم) و لە ساڵی ١٩٩٣ بە تایپ بڵاو کرایەوە و ئینجا نامیلکەیەکی ترم بەناوی (با ئاوڕێک بۆ دواوە تەکانێک بێت بۆ پێشەوە)سەبارەت بە مێژووی بزووتنەوەی کڕێکاری عێراق لەژێر ناوی (مارف عوسمان) نووسیم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بۆی بڵاو کردمەوە. هەر لەو سەروبەندەش نامیلکەیەکی بچکۆلانەی ترم کە بریتی بوو لە نامەیەک بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەی کرێکاری ئەمڕۆ(کارگر امروز) لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمۆنیستەوە بڵاو کرایەوە. واتە لەساڵی ١٩٨٨ وە تا ساڵی ٢٠٠٥ حەوت نامیلکەی ئەدەبیی و سیاسیم بڵاو کردۆتەوە.

قۆناغی دووەم:لە ٢٠٠٥ ەوە دەست پێدەکات تا ئەمڕۆ. بەڵێ لەو دوانزە ساڵە دوانزە کتێبم بڵاو کردۆتەوە کە دەتوانم بەم جۆرە پۆلینیان بکەم.
یەکەم: ئەو کتێبانەن کە خۆم نووسیومن بریتین لە:
یەک: شیعر (سێ کتێب)
دوو: شانۆنامە (یەک کتێب)
سێ: ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی (یەک کتێب)
دوو: ئەو کتێبانەن کە وەرم گێڕاون. بەتایبەتی لە زمانی ئینگلیزییەوە.ئەمانەش چوار جۆرن.
یەک: چیرۆکی منداڵان (دوو کتێب)
دوو: شیعری ئینگلیزیی (دوو کتێب)
سێ: شانۆی بیانی (دوو کتێب)
چوار: چاوپێکەوتن و دیدار (یەک کتێب)
ئەم کتێبانەش هەر هەموویان لەلایەن یەکێتیی نووسەران و دەزگا و بەرێوەبەرایەتییە هونەری و ئەدەبییەکانی کوردستان چاپ و بڵاو کراونەتەوە جگە لە کۆشیعری (پشکۆکانی نێو ئاگردانی یاخیبوون) نەبێ کە لەسەر ئەرکی خۆم چاپ کراو بڵاو کرایەوە.

سەرباری ئەمانەش هەر بۆ زانیاری خوێنەرانی گۆڤاری (هانا)ی ئازیز حەز دەکەم ئاماژە بەوەش بکەم کە ژمارەیەک کتێبی ترم ئامادەن بۆ چاپ و سەرو دوو دانەم لێ چاپ کردوون بۆ ئەرشیفی خۆم.بەو هیوایەی ڕۆژێک بێت ڕووناکی ببینن و بکەونە دەست خوێنەران. کتێبەکانیش ئەمانەن:

ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی

  • کتێبی (خوێندنەوە و نیگایەک لە دەق) ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی
  • جەمیل ڕەنجبەر ئەو شاعیرەی ڕۆژێ بێ تێکۆشان نەژیا، ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبیی.(ئەمەیان لە کوردستانیش لەسەر ئەرکی بەڕیز کاک ئەحە شوان چاپ و بڵاوکرایەوە.)
  • پرسیارەکان بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن،دیدار و چاوپێکەوتن
  • ڕوانینێک لە شانۆی کەنەدیی، لێکۆڵینەوەی هونەریی
  • چەند باسێکی هەمەڕەنگ، وتار و نووسین
  • مانیفێستی ئەدەبی کرێکاریی،ڕەخنەو لێکۆڵینەوە
  • ڕازە درکێنراوەکان،وتار

چیرۆک وبیرەوەری

  • لەژێر دووکەڵێکی ڕەشدا، بیرەوەری رۆژی هەولێر
  • دواجار دەبم بە نیرڤانا، چیرۆک
  • هەستە شاراوەکان، نامە

وەرگێڕان

  • پانزە چرکە شانۆنامە،وەرگێڕان
  • دوو شانۆنامەی ماریا ئیرینا فۆرنێس،وەرگێڕان
  • پاسارییەک گشت سبەینان دەجریوێنێ سڵاو، چیرۆک بۆ منداڵان، وەرگێڕان
  • پشوو لەبناری گڕکاندا، چیرۆک، وەرگێڕان
  • خانمەکەی نێو ئەم شیعرە، شیعر،وەرگێڕان
  • لە پەنای خەون و سێبەری وشە، کۆمەڵێ بابەت، وەرگێران

شیعر

  • بارانی وشە سوورەکان،شیعر
  • سروودە کرێکارییەکان، سروود
  • تریشقەی وشە و لێزمەی تووڕەیی، شیعر
  • چەند تێکستێکی سەر تاشەبەردەکانی وەرکا، شیعر
  • ڕۆیشتن لەژێر سێبەری جوانی ژناندا، شیعر
  • دیوانی مەشخەڵ لەبەردەم شەبەنگی وشە نیگا دەبڕم لە جوانی، کۆی بەرهەمە شیعرییەکانم ١٩٨٣ – ٢٠١٧ دوو بەرگ

دیارە وەک وتم ئەم بیست و دوو نامیلکە و کتێبانەی ئەمساڵ ٢٠١٧ ئامادەن بۆ بڵاوکردنەوە بەو ئومێدەی ڕۆژێک دەزگای چاپ و پەخشەکانی کوردستان ئاورێک لەم بەرهەمانەم بدەنەوە. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئیستا زۆر سەرقاڵی کتێبی ئەنسۆلۆژیای شیعری کڕێکاریی کوردستانم و بەو ئومێدەی ئەمساڵ بتوانم تەواوی بکەم و بڵاو ببێتەوە.

mm

ساڵی 1964 لە شاری کەرکوک لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی وپاشان پەیمانگای تەکنەلۆجیای لە ساڵی 1986 هەر لە کەرکوک تەواو کردووە. لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە شیعر دەنووسێ و لە زۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان و سایتە ئەلەکترۆنییەکان شیعر و وتاری رەخنەیی ئەدەبی و سیاسی و جەماوەری بڵاو کردۆتەوە.

Previous
Next
Kurdish