Skip to Content

پەروەردەکـردنی منـداڵان بە متمانە بەخـۆبوون …. رەزا شوان

پەروەردەکـردنی منـداڵان بە متمانە بەخـۆبوون …. رەزا شوان

Closed
by ئایار 16, 2019 General, Kids Literature

متمانە بەخـۆبوون، گرنگـترین کلـیلی سەرکەوتنەکان و گرنگترین سیمای کەسایەتییەکی دەروون دروسـت و رەفـتارە هـاوسەنگ و هـێزە لە ژیـانی مـرۆڤـدا. ئەمـەش بە خـشتی بنەمـای کۆمەڵگـایەکی بەختـەوەر دادنـەرێت، کە تـاک بـەرەو سەرکـەوتـنی ئاکـادیـمی و زانسـتی و کـۆمـەڵایـەتی دەبـات، بـەرەو داهـێـنان و پێشکـەوتـن و گـۆڕانـکاری دەبـات.


متمانە بەخـۆبـوون فـاکتەرێـکی گـرنـگە لـە فـاکـتەرەکـانی کەسـایەتی و ژیـانی مـرۆڤـدا.
متمانە بەخۆبوون، نهێنی هێزی داهێنەر و دروستکەر و بەدیهێنانی هیوا و ئامانجەکانی مرۆڤـن، کە بە گەشاوەبوونێکی زیاتر و بە پێشکەوتن کۆتاییان دێت. متمانە بەخۆبوون هـاوکاری پێشڕەویی بێ وەسـتان و کـۆڵنـەدانی مـرۆڤە لە رێـڕەوی ئامانجەکـانیـدا. گـەر
داهێنەران و زاناکان و شۆڕشگـێڕان و سیاسەتمەداران و نـووسەران و هونەرمەنـدان، بـڕوا و متمان بەخـۆبوونیـان نەبـوایە، نـاویان لـە مـێژوودا بـە نەمـری نەدەمـانـەوە.


متمانە بەخـۆبوون، بریتییە لە توانـای مـرۆڤ لە پشت بەستن بەو توانـا و شـارەزایی و ئەو بەهـرانەی کە هەیـەتی.. ئـەم متمانە بەخـۆبوونەش، لە کەسێکەوە بـۆ کەسـێکی تر جیاوازی هەیە. هەنـدێ کەس زۆر متمانەیان بە خۆیـان هەیە، کەسانـێکی تـر هـەن، کە متمانە بەخۆبوونیـان لاوازە. ئەمەش بۆ کەسایەتی ئەو کەسانە و بۆ ئەو بارودۆخـانە و ئەو هەڵوێستانە دەگەڕێتە کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و پێیانـدا تێپەڕیون.. لە کۆتـاییدا دەگەڕێتـەوە، بـۆ شـێوازی دروسـتی یا نـادروسـتی پـەروەردەکـردنیـان لـە منـداڵـیدا.


متمانە بەخۆنـەبوون بەربەستێکی سەخـتە لە رێی سەرکەوتن و کامەرانی و داهـاتوودا.
کەسسێک کە گەشبـین بێت و متمـانەی بە هـێز و بە توانـای دەروونی هـەبێت، هەرگـیز لە بەرامبەر کێشەکـانـدا، کۆڵنـادات و سەری بـۆیـان نـەوی نـاکـات.. ئەسـتەم و نـابێش لـە فەرهـەنگی کەسـانی بە توانـا و متمانە بەخـۆبـووانـدا بـوونیـان نییە.
متمانە بەخـۆبـوونیش، کارێکی ئاسان نییە، کە لە شـەو و رۆژێکـدا بێـتەدی.. کەسێکی بەزیـو و ورە رووخـاو، پێـویستیی بـە هەوڵـدانـێکی زۆرە تـا متمانەی بـۆ بگـەڕێتەوە.
کەسێکی لاواز و رەشبین و متمانە بەخۆنەبوو و بە تواناکانی خۆی، لە جیهانی ئەمڕۆدا جێی نابێتەوە.. بۆیە پێویستە هەر لە منـداڵییەوە، منـداڵەکـانمان بە متمانە بەخـۆبوون و متمانە بە تواناکـانی خۆیـان پەروەردەیان بکەین، تا لە ئەمڕۆ و داهـاتوودا، دەربـەرن و ببنە کەسایەتیی بەهـێز، پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و سەرکەوتـووبن لە ژانیاندا.


زانایـانی دەروونی و پـەروەردەیی وا دەبیـنن، کـە کلـیلی کەسایـەتیی دروسـت و رێگـای دڵنیایی بەرەو سەررکـەوتن لە ژیـانی ئاکـادیمی و زانستـیدا، لە متمانە بەخـۆبوون و لە تواناکانی خود دایە. لە گەلێ لە توێـژینەوەکان و لە تێبینییەکانی زانایـانی دەروونناسیدا، گرنگترین هۆکاری دابەزینیی ئاستی خوێندنی قوتابیان بەوە دەزانن، کە ئـاستی چەمکی خۆدنەناسی و متمانە بە خۆنـەبوون و بە تواناکانی خۆیان، لە پشتەوەی گەلێ لە کـێشە دەروونی و رەوشـتی و رەفـتارییەکـانی منـداڵان و گـەورەکـانەوەن.

ئەم پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایـە متمانە بەخـۆنـەبوون، سروشتییە و لە دایکـبوونەوە بە رەمەکی لەگەڵ منداڵاندا هـاتووە؟ یا دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەیەکی نـادروست و سەقەتی ئەم منـداڵانە لە لایەن دایکان و باوکانیانەوە، کە بەم ئەنجام و بەم رۆژەیان گەیاندوون؟

زانایـانی دەروونناسی منداڵان، ئەو راستییەیـان بۆ ساغـکـردووینەتـەوە، کە منـداڵان بە رەمەکی هەست بەوە دەکەن کە بەهـا و شکۆدارییان هەیە.. پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکان و پەروەردەییـەکان، لـە ماڵـەوە بێـت یا لە قـوتـابخانـەدا بێـت، گرنگـیی ئـەم هەسـتە بقـۆزنـەوە و گەشـەی پێ بـدەن.. بە بـڕوا و متمانە بەخـۆبـوون و رێـزگـرتن لە خـود پـەروەردەیـان بکەن.. هـەمیشە پاڵـپشت و هـانـدەریان بـن، بـۆ ئـەوەی متمـانە بـە بەخۆیان بکەن و پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن. ئەمەش فاکتەرێکی ئەرێنیی بەهێزە بۆ ئەوەی کە منـداڵان کـاری بـاش ئەنجـام بـدەن و لە کـاری ناپەسەنـد دووربکەونەوە.


تابەتمەندییەکانی منداڵی متمانە بەخـۆ:
منداڵی متمانە بەخۆ، شانازی بە خۆی و بە کارە باشە ئەنجام دراوەکانی دەکات، خـاوەن کەسایەتییەکی بەهـێزە، خۆشی و شادی لەسەربەخۆیی خۆی وەردەگرێت، رەفتار جـوانە و بە باشی هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسانی تردا دەکات، بە متمانەشەوە بڕیار دەدات و بڕوا و متمـانەی بـە تـوانـاکـانی خـۆی هـەیـە، کەسـێکی هـیواخـواز و گـەشـبـینە. دەتـوانێـت بەرپرسیارێتی هەڵبگـرێت. بەرگەی شکستییەکـانی دەگرێت و ورە بـەرزە و کۆڵـنادات و توانای راستکـردنەوەی هەلەکانی هەیە و پەنـد و وانەشـیان لێ وەردەگرێـت. ئـازایـەتی ئەدەبیی هەیە و بە خۆیـدا رادەبینێت و بە ئاسایی گوزارشت لە هەست و لە نـاخی خۆی و لەو بیرۆکانە دەکات کە لە ئەنـدێشەی دان.. توانـای کارتێکردنی لە کەسانی تر هـەیە.


داهـێنەر و نوێخواز و هیواخوازە، شەرم ناکات و کۆمەڵاتییە و تێکەڵ بە خەڵکی دەبێت. رووحی گونجـان و پێکەوە هەڵکـردنی هـەیە. سەرکـێش و چـاونەتـرسە و دوودڵ نیـیە.
لـەم چەنـد خاڵـەدا، بـە کـورتی بـاس لـە چەنـد خەسـڵەتـێک لـە خەسـڵەتـە دیـارییەکـانی مـنداڵی متمـانە بەخـۆ و خۆنـاس دەکـەیـن:
١ـ شانـازی بە کـارە ئەنجـام دراوەکانییەوە دەکات، بۆ نموونە، دەڵێ ( بـڕواننە ئەم وێنە جـوانە.. ئەمـە مةن کـێشاومە و وا جـوان بۆیـەم کـردووە)
٢ـ خاوەنی سەربەخۆیی خۆیەتی، دەڵێ ( بێ یارمەتی بە تەنیا خۆم ئەرکەکانم تەواوکرد)
٣ـ بەرپـرسیارێتی هـەڵـدەگـرێت، دەڵێ ( ئـەم کـارە لـە جیـاتی تـۆ دەکـەم)
٤ـ بەرگەی شکستی دەگرێت، دەڵێ (ئەم پرسیارە بیرکارییە زۆر گرانە، بەڵام هەوڵدەدەم جـێبەجـێی بکەم)
٥ـ بە پەرۆشەوە شـارەزایی تـازە وەردەگـرێت، دەڵێ (مامۆسـتا کوردی پێی وتین بەیانی فـێری بابـەتێ جـۆرەکـانی فـرمـان دەبـین)
٦ـ کارتێکردنی لەکەسانی تـر هـەیە، دەڵێ (رێگـام بـدەرێ با فـێری ئەم یـارییەت بکـەم کە مـن فـێری بـووم)
٧ـ تاوتێکردنی کەسانی تریشی بە سەرەوەیە، دەڵێ (من چـێژێکی زۆر لە خوێندنـەوەی هـۆنراوەکـان و چـیرۆکەکـانی ـ لەتیـف هەڵمـەت ـ بـۆ منـداڵان وەردەگـرم و بە دڵـمن)
٨ـ دەتوانێت گوزارشت لە رەهەندێکی فراونتر و لە هەڵچوونەکانی ناخی دەروونی بکات ، دەڵێ (بە گەڕانـەوەی باوکـم لە گەشتەکـانی هەسـت بە خۆشییەکی زۆر دەکـەم.. کە لە ماڵـيش نەبێت شـوێنەکـەی دیـارە و هەسـت بـە خەمبـاری دەکـەم)
٩ـ کـراوەیە و کۆمـەڵایەتییە و رووحی پیـاوەتی و یارمەتیـدان و چاکەخـوازیی تێـدایە.


تایبەتمەندییەکانی منـداڵی متمانە بەخـۆنـەبوو:
ئەو منـداڵەی متمانەی بەخـۆی نەبێت، واهەست دەکـات کەسـانی تر بە هەنـدی نازانن و رێـزی لێناگـرن، هۆکارەکانی شکستییەکان و هەڵەکـانی دەخـاتە ئەستۆی کەسـانێکی تر، شەرم دەکات و دەترسێت و گۆشەگیرە و کۆمەڵایەتی نییە، رەشبین و بێزارە، وا هەست دەکات کە توانای ئەنجامدانی نییە.. هەمیشە دوودڵە و بە گومانە و خـاوەنی بڕیـار نییە.


ئەمانە هەندێکـن لە خەسـڵەتە نەرێنییەکانی منـداڵی متمانە بەخـۆنـەبوو و خـۆنـەنـاس:
١ـ لەو هەڵوێستانە خۆی بە دوور دەگرێت، کە دەبنە هۆی دڵـەڕاوکێ بۆی، بۆ نموونە دەڵێ (ئەمـڕۆ ناچـم بـۆ قـوتـابخـانە، تاقـیکـردنەوەیـەکی گـرانمان هـەیە)
٢ـ خۆی بە کەم دەزانێت و لە بایەخی تواناکانی خـۆشی کەم دەکـاتەوە، دەڵێ (وێنەکانی مـن جـوانین و کەس سەیـریـان نـاکـات)
٣ـ وا هەست دەکات، کە کەس بە هەنـدی نازانێت و خۆشـیان ناوێت، دەڵێ (هـاوڕێکـانم منـیان خۆشـناوێـت، بـاوکـیشم رقـی لـێمە)
٤ـ شکستییەکانی دەخاتە ئەستۆی کەسانێکی تر، دەڵێ (لە تاقیکردنەوەکەدا دەرنەچووم، چونکـە مامۆستاکەمـان بـە بـاشی تێی نەگـەیـانـدم)
٥ـ کـارە دزێوەکـانی بە کەسـانی تـرەوە دەبەستـێت و پاکـانە بـۆ خـۆی دەکـات و پاسـاو دەهـێنێتەوە، دەڵێ ( هـاوڕێکەم فـێری ئەوەی کردم کە لە تاقیکردنەوەکانـدا گزی بکەم)
٦ـ بـە ئاسانی دەشـەڵـەژێ و گومان دەخاتە سەر خۆی (مـن ئـەم تـۆپـەم نـەدڕانـدووە)
٧ـ بە لاوازی گوزارشت لە کاردانەوەکانی دەکـات، دەڵێ (گـرنگی بـەوە نادەم گەر باوکـم بگـەڕێتەوە یا بـڕوات)
٨ـ هەسـت بەبێ تـوانـایی و بـێ دەسـەڵاتـیی خـۆئ دەكـات، دەڵێ (مـن ناتـوانـم وەڵامـی ئـەم پـرسـیارە بـدەمـەوە)
٩ـ گۆشەگیرە و شەرم دەکات و کۆمەڵایەتی نییە و تێکەڵ بە خەڵکی نابێت و ئازایەتیی ئەدەبیی نییە، رەشبینە و هیواخواز نییە، چونکە متمانەی بە خۆی و بە تواناکانی نییە.


چۆن متمانە بەخـۆبـوون لە منداڵەکـانتانـدا دەچـێنن؟
زانایانی پەروەردە و دەروونناسیی منداڵان بۆ چاندنی متمانە بەخۆبوون لە منداڵاندا، بۆ پەروەردەکردنییان بە شێوازێکی راست و دروسـت، کۆمەڵـێک رێنمـایی و ئامۆژگارییان دیاری کـردوون، تا دایکان و باوکان و مامۆستاکان سوودیان لێوەربگـرن و پەیـڕەوییان بکەن، یارمەتیی منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان دەدەن و دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی کە بـڕوا و متمانە بە خۆیـان بکەن و پشت بە تواناکـانی خۆیـان ببەستن.. تا بشـتوانن بەشـێکی زۆری گرفـت و کێشەکانیان، خۆیـان چارەسەریان بکەن و سەرکـەوتووبن لە ژیانیانـدا.
بە کـورتی تیـشک دەخـەینە سـەر ئـەو رێنمـایی و ئـامـۆژگـارییـە گـرنگـانە:

١ـ لەبەرچـاوگرتنی چەمکی جیـاوازی لە نێـوان منـداڵانـدا: پێویستە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان، لە راستیی جیاوازی تاک لە نێوان منداڵاندا بـزانن و پشتگوێی نەخەن، کە هەر منـداڵێک کەسایەتیی و توانای خۆی هەیە.. بۆیە نابێت منداڵەکانتان لەگەڵ منداڵانی تردا بەراورد بکەن، تاهەست بە خۆبەکەمزانین نەکەن.. هەردەم هـانیان بدەن کە ئاستی کار و رەفـتارەکانی خۆیان لە نێوان ئێستا و پێشتردا بەراورد بکەن.. تا جـیوازیی رادەی پێشکـەوتنی خۆیـان بـزانـن.
(د. سـبوک) دەڵێـت:”منـداڵ رقـی لـەوە دەبێـتەوە، لـە هەمـان ئاسـتـدا لەگـەڵ منـداڵـێکی تـردا دابنـرێت، چونـکە بەراوردکـردن دەیخـاتـە ملمـلانێـیەکی پـڕ لـە دڵـڕاوکی، زۆریـش هەسـتیاری دەکـات”
٢ـ گوێ لە قسەکـانی منـداڵەکـانتان بگـرن: پێویستە دایکان و باوکان و مامۆستاکـان، بە جـوانی تا کۆتایی گوێ لە قسەکانی منداڵەکانیان و قوتابییەکانیان بگرن و قسەکـانیان پێ مەبـڕن.. بواریـان بدەنێ با بە ئەوپەڕی ئـازادییەوە گـوزارشت لە نـاخی خۆیـان بکەن و ئەوەی کە لە ئەندێشەیاندایە دەریـان ببڕن.. دوایی بە هـێمنی پێکەوە تاوتـوێی قسەکـانی بکەن. شێوازی فـرمان و نە و وانییەش لەگەڵیاندا بەکارمەهێنن، قسە جوانەکانیان بەرز بنرخـێنن، هەڵەکـانیشیان بە شێوازێکی جـوان و قەنـاعەت پێکردن راستـیان بکـەنەوە.
٣ـ بەشداریکردنی منداڵەکـانتان لە هەنـدێ لە بڕیارەکـانتان: هەوڵبـدەن لـە منداڵەکـانتان نزیک ببنەوە و هاوڕێتیان بە دەستبهێنن و پەیـوندیتان بەهێزبێت. دەربـارەی هەنـدێ لە کێشەکان و بڕیارەکـانتان پرسیان پێبکەن و رایـان وەربگـرن.. تا هەست بەوە بکەن کە پشتگـوێ و پاراوێز نەخـراون و پێگە و سەنگی خۆیـانیان لە نێو خێزانەکـانیانـدا هـەیە. بەمـەش متمانەیـەکی زیاتـریان بە خـۆیان دەبێـت.


٤ـ هـەمیشە هـانیان بـدەن و ستاییشیان بکەن: هـاندان پاڵنەرێکی بەهـێزە بۆ ئەوەی کە منداڵەکانتان درێژە بە کارەکانیان بـدەن و هەوڵی داهێنان بدەن.. هەردەم پێیان بڵێن ئێوە دەتـوانن ئەم کـارە یا ئەم کـارانە ئەنجـام بـدەن.. سـتایشی کـارە جوانەکانیان بکەن و بە رووخۆشییەوە، ئافـەرین ودەستخـۆشییان لێبکـەن.. پێخـۆشیی خـۆتـان بۆیـان دەربـڕن، تەنانەت گەر بە زەردەخـەنەیەکی ناسکی سەر لـێوەکانیشـتان بێت.. بـەڵام زیـادەڕۆییـش لە سـتاییش و پێ هـەڵـدانیـان مەکـەن.. تـا لـە خـۆییـان بـایی نـەبن.
٥ـ بە رەخـنە و وشەی ناشایستە منداڵەکـانتان سووک مەکەن و مەیـان ڕووخـێنن: زۆر لە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکان بە رەخـنەی نابـەجێ و بە وشـەی زەق و ناشـیرین، هەستی منـداڵەکـانیان یا قوتابییەکـانیان بریندار دەکەن، وەکوو: هەی گەمـژە، ترسنۆک، بێ دەسەڵات، گەلحـۆ، نالەبـار، تەمـەڵ، هیچوپـووچ،…هـتد. ئـەم قسـانە کارتێکـردنێکی دەروونی خـراپیان لەسەر منـداڵان دەبێت و خۆی لەبەرچـاو دەکەوێت، ئـەو هەسـتەی لا دروسـت دەبێت، کە ئـەم ئەو کەسـە نییە کە لە خـۆی تێگەیشـتووە. ئەمـەش هۆکـارێکە بـۆ ئـەوەی کەسـایەتییەکی لاواز و متمانە بەخـۆنـەبـووی لێبـێتە کـایەوە. متمانـەشی بـە کەسانی دەوروبـەریشی نامێنـێت.. ئەو قـسە ناخۆشانەشی لەبیرناچنەوە.. وەکوو دەڵێن: برینی خەنجـەر ساڕێـژ دەبێت و نامێنێت، بەڵام بـرینی قـسەی ناخـۆش ساڕێـژ نـابێت.
٦ـ نموونەیـەکی باشـبن بـۆ منـداڵەکـانتان و قـوتابییەکـانتان: پێویسـتە ئێـوەی دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان، هـەردەم لە رەفـتار و لە هەڵسوکەوتەکـانتانـدا، متـمانـە بەخـۆ و راستگـۆبن لەگەڵ کەسانی دەوروبەرتانـدا، ببن بە نموونە و پێشەنگ بۆ منداڵەکـانتان و بۆ قوتابییەکانتان.. منداڵەکانتان چۆن بڕوا و متمانە بە قسەکانتان بکەن، کە پێیان دەڵێن جگەرەکـێشان زیـانێکی زۆری بـۆ تەنـدروستیی مـرۆڤ هـەیە.. کەچـی لەبـەر چـاویانـدا جگەرە دەکێشـن.. منـداڵەکـانتان بە راستان نـازانن و چـیتر بـڕوا بە قسەکـانتان ناکـەن.


٧ـ هانی گەشەکـردنی بەهـرە و ئارەزووەکـانی منـداڵەکانتان بـدەن: پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن.. گەر بەهـرەیان لە وێنەکێشانـدا هـەیە، بۆیە و پـەڕاوی وێنەکێشان بخـەنە بەردەستیان.. گەر هـۆگـری خوێنـدنەوەن، پەرتووک و گۆڤـاری ئاسانیان بۆیـان بکـڕن.
چونـکە منـداڵان گەر هانبـدرێن، حـەزی دەرخستـنی بەهـرە و توانـاکـانیـان هـەیە.
٨ـ خوێنـدنەوە هۆکارێکی گرنگـە بۆ متمانە بەخۆبوون: خوێندنەوە ئاستی روشنبیری و زانیاری و زانستیی منداڵان بەرز دەکاتەوە، لەوانەیە چیرۆکێکی بەسوود بخوێننەوە، کە پاڵەوانی چیرۆکەکە منداڵـێکی سەرکێشی متمانە بەخـۆ بێت و سەرسامی رۆڵەکەی ببن.
٩ـ بـەری ئـازادی لە منداڵەکـانتـان و لە قـوتابییەکـانتـان مەگـرن: لەو شـت و بابەتـانەی کە پەیوەندیان بە خۆیانەوە هـەن.. سەرپشکیان بکەن با خۆیان بڕیار بدەن.. بۆ نموونە با خۆیـان رەنگەکـانی جلوبەرگـەکـانیان دیـاری بکـەن.
١٠ـ تونـدوتیژ و ڕەق مەبەن لەگەڵ منداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتان: چونکە تونـدوتیـژی چاوسوورکردنەوە هـۆکـارێکی سەرکییە بـۆ لەناوبـردنی متمـانە بەخـۆبـوونی منـداڵان و بـۆ لاوازکـردنی کەسـایەتییان، هـەردەم شـێـوازی نـەرم و نیـانی و هـانـدان و رێـزگـرتن باشتـر و کاریگەرتـرن لە تـووڕەیی و تـونـدوتیـژی.
١١ـ زیادەڕۆیی لە چاودێریکردنی منـداڵەکانتان مەکەن: هەندێ لە دایکان و باوکان زیاد لە پێویست دەتـرسن و لە رادەبـەدەر بە دوای منـداڵەکـانیانەوەن.. لە نـزیک و دوورەوە لەژێـر چـاودێری و ئاگـادارییان دان، ناتـوانن بەبێ پـرسی ئەوانیش هیچ بڕیارێک بدەن.


ئەمەش هۆکارێکی تری نەرێنییە بـۆ لاوازبوونی متمانە بەخـۆبوون و بۆ کەسایەتییان.
١٢ـ منـداڵەکـانتان فـێری وەرزش و مەلـەوانی بکـەن: کـە هـەردووکـیان دوو فـاکـتەری گـەورەن لە چانـدنی متمانە بەخـۆبـوون و رێـزگـرتن.. حەزیشیان لە چ یـارییەکە با ئـەو یارییە بکەن، بە تایبەتیش یاریی بە کۆمەڵ.. هەشیانە توانا و ئارەزووی نواندنیان هەیە رێییان لێ مەگـرن با لە تیپی شـانۆی قوتابخانەکـانیاندا بە شـداری بکـەن.. هەمـوو ئـەم یارییانە متمان بەخۆبوونێکی زیاتر بە منداڵانی بەهـرەمەنـد و ئارەزوومەنـد دەبەخشن.
ناشبـێت خۆتـان لێیان هـەڵـبقـورتێـنن، تا پێویست بەمە نەکـات.
١٣ـ هـانی منداڵەکـانتان بـدەن هـاوڕێی دڵسۆزی تازە بگرن: هاوڕێتی و پەیوەندیکردنی منداڵەکـانتان لەگـەڵ منـداڵانی هـاوتـەمەنی خۆیانـدا، لە گـۆشـەگیری و شـەرم رزگـاریان دەکەن و دەبنةە منـداڵانی کۆمـەڵایەتی.. متمانەشـیان بە خۆیـان زیاتر دەبێـت.


١٤ـ هەنـدێ ئـەرک و بەرپـرسـیارێتی بە منداڵەکـانتـان و بە قـوتابییەکـانتـان بسپـێرن: پێویستە دایکـان و باوکـان لـە ماڵـەوە، هـەنـدێ کـاری ساکـار و پـرس بـە منـداڵەکـانیان بسپـێرن، وەکوو: ئـاودانی رووکەکـانی باخچەکانتان یا رووەکەکـانی ناو گوڵـدانەکـانتـان، دانـانی قـاپ و پـەرداخ و کەوچـک و چەتـاڵ لەسەر خـوانی نانخـواردنتـان، سـڕینـەوەی سەر مێزەکانتان، هەڵگرتنی پیاڵە بە تاڵەکـانتان،…هـتد. لە قوتابخانەکانیشدا گـەلی بـوار هـەن، کە مامۆستاکان دەتوانن چەنـدین بەرپرسیارێتی بە قوتابییەکانیان بسپێرن، وەکوو هەر رۆژی قـوتابییەک بکەن بە چاودێری پۆلەکەیان، بە کۆمەڵ دەرکردنی پەخـشنامەی سەر دیوار، دانانی بەرنامەی گەشتی قوتابخانە. رازاندنەوەی قوتابخانەکـانیان بە بۆنەی رۆژی ئـاڵای کوردسـتانەوە، …هتد. هەمـوو ئـەم کـارانە، ئـەو هەسـتە ئـەرێنـییە لە لای منـداڵان دروست دەکـەن، کە دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـانیان خۆشـیان دەوێـن و بـە پێگەیـان خۆیـان هـەیە و متمانەیـان بە متمـانە بوونیـان و بە توانـاکـانیـان هـەیە.


١٥ـ وا مەکـەن لە هەمـوو کـار و بڕیـارێکـدا منداڵەکـانتان پشـت بە ئێـوە ببەسـتن: ئـەو کارانەی کە لە توانایانـدان کە بیان کەن، سەرپشکیان بکەن با خۆیان بڕیـاربدەن.. بەڵام پـرسێکی ئـەرێنـییە، گـەر پـرس بە ئێوەی دایکـان و باوکـان و مامۆسـتاکـانیان بکـەن و رای ئێـوە بـزانن و سـوود لە تێبـینی و رێنماییەکـانتان وەربگـرن.
١٦ـ وەڵامی هەمـوو پرسیارەکـانی منداڵەکانتان و قوتابییەکانتان بدەنەوە: منـداڵان بـەوە ناسراون کە زۆر دەپرسن دەربارەی ئەو شـتانەی لایان روون نیین و نایانزانن، هەنـدێ جـار پـرسیاری سەیـریش دەکـەن، کە بـە لای هەنـدێکمـانەوە بـە پـرسیاری بێ مانـایان دەزانین.. بەڵام پێویستە بە راستی و دروستی بێ خۆدزینەوە یا پێچ و پەنـادان، وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان بدەینەوە.. گەر نەمانزانین مۆڵـەتیان لێوەربگرن تا دەیانزانن و وەڵامی راستیان دەدەینەوە. پشتگوی خستنی پرسیارەکانیان متمانەیان پێمان نامێنێت.


١٧ـ فـێریان بکەن کە رووبەڕووی شکستییەکانیان ببنەوە: تێیان بگەیـەنـن لە ژیـانـدا سەرکەوتن و شکستی هـەیە.. بەڵام پێویستە بەسەر شکستییەکانـدا زاڵبن و کۆڵنەدەن،
لە رێی متمانە بەخۆبوون و تێکۆشانـدا، شتێک نییە کە ناوی ئەستەم بێت و نەیاتەدی.
دەتـوانن ئەو جۆرە چیرۆکانەیان بۆ بخـوێننەوە کە متمانە بەخـۆبـوونیان پێـدەبەخـشن.
١٨ـ خۆشـەویستیی خۆتـان بۆ منداڵەکـانتان دەرببڕن: زۆر گرنگە کە رووبەڕوو پێیان بڵـێن ئێمە ئێوەمـان زۆر خۆشـدەوێت. باوەشـیان لێبدەن و ماچـیان بکەن و دەسـت بە سەریـانـدا بهـێنن.. بە گوڵەکەم و دڵەکەم ناویان بەرن.. بەمەش متمـانە بەخۆبـوونێکی زیـاتریـان پێـدەبەخـشن.
١٩ـ لە منداڵەکانتان بگەڕێن با ئۆخـەی لە منـداڵیی خۆیـان بکـەن: پێویسـتە ئـەوە لەبیر نەکەن کە منداڵەکان منداڵـن، بە چـاوی گەورەوەکـانەوە لێـیان مـەڕوانـن.. جیهانی پاکی منـداڵییان لێ تێک مەدەن.. با یاری بکەن.. پێکەنن.. هەڵبەزنەوە.. راکان.. زاق زورق بکەن.. هەموو ئەمانە لە خەسڵەتـە سروشتی و ئاساییەکـانی قـۆناغی منداڵـین.. ئـەوان خـاوەنی جیهانی سەیـر و سەمەرەی خۆیـانن.. جیهانێکی وەنەوشەیی پـڕ لە هـیوا و لە خەونی شیرین لە نیازی پاک.. جیهانێکی پـڕاوپـڕ لە پاکی و لە جوانی و لە بێ تـاوانی.


دایکـان و باوکـانی دلـۆڤـان، مامۆسـتا دڵسۆزەکـان: ئێـوە لـە هەمـوو کەسـێک زیـاتر لە منداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتانەوە نزیکن .. لە هەموو کەسێک باشتر دەیـان نـاسن..هەر ئێوە دەتوانن باشترین شێوازی پەروەردەیی و باشترین رێگای سەرکەوتنی منداڵەکانتان دیـاری بکـەن.. ئێـوە دەتـوانن بـڕوا و متمـانە بەخـۆبـوونێکی زیاتـریان پـێ ببەخـشن و زیاتر تواناکـانیان و ورەیـان بەرز بکەنەوە.. پشکی گەورەی شانـازی شایەنی ئێوەیە.
گـەلی کوردمان لە ئەمـڕۆدا، لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیی بەوە هـەیە کە نەوەیەکی پـەروەردە دروستی متمانە بەخـۆ پێ بگـەیـەنین.. چونکـە بە شـان و بـازووی منـداڵانی ئەمڕۆمـان داهـاتـوویـەکی گـەشـتر و شـایستەتـر بـۆ کـورد و کوردسـتان دێنـەدی.. ئـەو داهاتووە خوازراوەش تەنها لە رێی چاندنی متمانە بەخوبوون لە منداڵەکانی ئەمڕۆماندا دێتـەدی.. چـونکـە متمـانە بەخـۆبـوون گـرنگـترین بنەمـای هـێز و سەرکـەوتنـە.


لە (نـاپلـیۆن) یان پـرسی، تـۆ چـۆن متمـانە بەخـۆبـوون دەخـەیتـە دڵی سەربـازەکـانت و ورەیـان بـەرز دەکەیتەوە ؟ ناپلـیۆن بـەم شـێوازە وەڵامـی ئەو پرسیارەی دانـەوە، وتی:


” ئـەوەی وتی نـاتـوانـم.. پێـیم وت هـەوڵ بـدە. ئـەوەی وتی نـازانم.. پێـیم وت فـێربە. ئـەوەی وتی ئەسـتەمـە.. پێـیم وت تـاقـیکەرەوە”
دایکـان و باوکـان و مامۆستاکـان: بـۆ ئـەوەی کـە بـزانـن کە هـانـدان و چانـدنی متمـانە بەخۆبـوون لە منداڵانـدا، لە لایـەن ئێوەوەی دڵسۆزەوە، چەنـد گـرنگ و چارەنـووسازن، حـەزم کـرد بـە کـورتی چـیرۆکی ( تـۆمـاس ئەدیسـۆن و دایکـیتان ) بـۆ بگـێرمـەوە:
ئەدیسـۆن منداڵ بوو، خـرایە قوتابخانەی بنەڕەتی، تەنهـا پێـنج مـانگ بـوو کە لە پـۆلی یەکەمی بنەڕەتیـدا بـوو.. قوتابییەکی هـێمن بوو، بەڵام گـەلێ بیـرۆکەی بـەرز لە ناخـیدا بـوون.. مامۆستاکـانی و بەڕێـوەبەری قوتابخـانەکەی وا لـێی تێگـەیشـتن کە منـداڵـێکی زۆر گەمـژە و تەمـەڵە پووچـە.
رۆژێـک بەڕێوەبەرێیی قوتابخانەکەیان، نامەیەکی دایە دەستی ئەدیسدۆنی منداڵی پـۆلی یەکەم.. بەڕێـوەبەری قوتـابخانەکەی پێی وت: “ئـەم نـامـەیـە بـدە بە دەسـتی دایکـت”
ئەدیسۆن نامەکەی بە دایکی دا، دایکی کە نامـەکەی بینی زۆر دڵتەنگ بـوو چـاوەکـانی پڕبوون لە ئەسرین، بەڵام بەسەر خۆیدا زاڵبوو و نەیهـێشت فـرمێسکەکانی بچۆڕێنەوە.
بە دەنگـێکی بەرزیـش وا نامـەکـەی بـۆ ئەدیسـۆن خـوێنـدەوە:
“کـوڕەکـەت بـلـیـمـەتـە و.. قـوتـابخـانـەکـەمـان بـۆ ئـەو و بـۆ تـوانـاکـانی بچـووکـە، پێـویسـتە لـە مـاڵـەوە فـێری بکـەیـت”
سـالان تێـپەڕی، دایـکی ئـەدیـسـۆن کـۆچـی دوایـی کـرد.. ئـەدیـسـۆن بـوو بـەو کـەڵـە داهـێنەرە لە مێـژووی ئـادەمـیزاد دا.. سەرجەم مـرۆڤ قـەرزاری داهـێنەکـانی ئەوەن.
رۆژێکـیان ئەدیسـۆن دوڵابـی شتەکـانی دایـکی دەگـەڕا.. ئەو نامـەیەی دۆزییـەوە، کە ئـەو نامـەیە بـوو، کە بەڕێوەبـەری قوتابخانەکەی دایە دەستی و دای بە دەستی دایکی. بەڵام لە نامەکەدا، ئەوە نووسینە نەبوو کە دایکی بۆی خوێندەوە، بەڵکو لە نامـەکەدا ئـەم دەقـە نـووسرابـوو: ” کـوڕەکـەت زۆر گـەمـژەیـە.. لـە بەیـانیـیەوە نـاهـێڵـیـن پێی بـە قـوتـابخـانەکەمانـدا بکـات”
ئـەدیسـۆن زۆر گـریـا.. دوایـش لـە تێـنووسی (دەفـتەری) بیـرەوەرییەکـانیـدا نـووسی:
” ئەدیسـۆن منـداڵـێکی زۆر گەمـژەیە.. بەوای دایـکە نایـابەکـەیەوە بـوو بە بلیـمەت”
دایکـان و باوکـانی خۆشـەویست، مامۆســتا بەڕێـزەکـان: پەنـد و وانـە لـەم چـیرۆکەی ئەدیـسـۆن و دایکی وەربگـرن.. جگەرگۆشەکـانتان مەڕووخـێنن و.. بە هـیواخوازی و متمـانە بەخـۆبـوون و گـەشـبیـنی پـەروەردەیـان بکـەن و پێـان بگـەیـەنـن.


رەزا شوان
نـەرویـج : ١٤ی/ مای/ ٢٠١٩
(*) تێبینی: تا رادەیـەک سـوودم لە چەنـد سایتێکی عـەرەبی وەرگـرتـوون.

Previous
Next
Kurdish