Skip to Content

-ئەوروپا و پەنابەران … ناساندنی کتێب   نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

-ئەوروپا و پەنابەران … ناساندنی کتێب نووسینی : حەیدەر هەمەوەند

Closed
by ئایار 16, 2019 General, Literature, Slider


خوێنەری بەڕێز


ئەمرۆ کتێبێکی گرینگتان پێ دەناسێنین و کەمێک باسی ناوەڕۆکەکەی دەکەین و پێویستە پەنابەرانی کورد لە ئەوروپا زانیاریان هەبێت لەسەری چونکە ئەم کتێبە باسی داهاتووی ئەوورپا دەکات .
کتێبەکە بە زمانی فەرەنسی نووسراوە لە ژێر ناوی Le grand remplacement کە بەکوردی واتە : جێگرتنەوەی گەورە . نووسەری ئەم کتێبە پیاوێکی سیاسی فەرەنسیە و ناوی رونۆ کامۆیە Renaud Camus ئێستا تەمەنی حەفتا و سێ ساڵە .
تەوەرەی سەرەکی کتێبی جێگرتنەوەی گەورە سەبارەت بە هاتنی پەنابەرانە بۆ ووڵاتانی ئەوروپا . رونۆ کامۆ لەم کتێبەدا باسی نوخبەیەک یان گروپێک دەسەڵاتداری ئەوروپی دەکات کە لە برۆکسل دادەنیشن و سیاسەتی یەکیەتی ئەوروپا دادەڕێژن و چەندین پیلانیان لەژێر سەردایە دژی هەموو گەلانی ئەوروپا و بە کردەوەش جێ بەجێی دەکەن .


رونۆ کامۆ دەلێت ئەم نوخبە دەسەڵاتدارەی ئەوروپا بە داڕشتنی پلانێکی وورد و درێژخایەن کەتوونەتە هاندانی خەڵكی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و خوارووی بیابانی ئەفریقیا تا کۆچ بکەن بۆ فەرەنسا و هەموو قارەی ئەوروپا و بۆ ئەم مەبەستەش سنووری ووڵاتانی ئەوروپایان بۆ کراوەتەوە .
مەبەستی ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ئەوروپیە ئەمەیە کە پەنابەران و کۆچبەران نیشەجێی ئەوروپا بکەن و لە رێگەی ئاسانکاری و یارمەتی ماددی و خانوبەرەو هەروەها پێدانی ئیقامە و جنسیەی ووڵاتانی ئەوروپا و زۆر ئیمتیازاتی تر ئەم کۆچبەرانە بکەن بە دانیشتووانی سەرەکی ئەوروپا و گەلانی رەسەنی ئەوروپیش بەلاوە بندرێن و بەرەو چارەنووسێكی پڕ لە کارەسات و لەناوچوون بڕۆن هاوشێوەی کۆمەلكوژیەک دژی گەلانی رەسەنی ئەوروپا .

کتێبەکەی رونۆ کامو مژاری کۆچبەری دابەش دەکاتە سەر دوو رەهەند :
رەهەندی یەکەم : رەهەندی نەژادی

رونۆ کامۆ لەم رەهەندە باسی ئەوە دەکات کە رەچەڵەکی خەڵکی ئەوروپی رەسەن سپی پێستن کە مرۆڤی مووزەرد و چاوشین زۆر باوە تیایاندا بەڵام نەژادی کۆچبەرەکان و پەنابەران بەشێوەیەکی سەرەکی ئەسمەرن و سەر رەشن و چاویان رەشە یان قاوەییە . بۆیە هاتنی ئەم کۆچبەر و پەنابەرانە هەرەشەیە بۆ سەر دانیشتوانی رەسەنی ئەووروپا لە داهاتوویەکی نزیکدا مرۆڤی ئەوروپی سپی پێست لەناو دەچن و کۆچبەر و پەنابەری ئەسمەر و سەر رەش هەموو ئەوروپا داگیر دەکەن .

رەهەندی دووەم : رەهەندی ئاینی
رۆنۆ کامۆ لەم کتێبەدا باسی ئاین و کولتوری گەلانی ئەوروپا دەکات و دەڵێت کە کۆچبەران و پەنابەران خاوەنی یان هەڵگری کولتورێکی زۆر جیاوازن لە کولتوری گەلانی ئەوروپا . ئەو دەڵێت کە ئاینی زۆربەی کۆچبەران و پەنابەران ئاینی ئیسلامە لە کاتێکدا گەلانی ئەوروپا خاوەن کولتورێکن کە خەسڵەت و سیماکانی ئەم کولتورەی ئەوروپا لە سەر بنەماکانی ئاینی مەسیحی و جولەکە و دابونەریتی کۆنی خۆیان داڕێژراوە .
بەم جۆرە رونۆ کامۆ روونی دەکاتەوە کە هاتنی کۆچبەران و پەنابەران لە دوو رووەوە سیما و خەسڵەتەکانی ئەوروپا دەسڕێتەوە . لەلایەک ئەوروپیە سپی پێستەکان لەناو دەچن و کۆچبەران و پەنابەران بەرەنگی رەش و ئەسمەری خۆیان جێگەی سپی پێستەکانی ئەوروپا دەگرنەوە و لەلایەکی ترەوە ئاینی مەسیحی و کولتوری ئەوروپیش لەناو دەچێت و ئاینی ئیسلام و کولتوری ئیسلامی لە هەموو ئەوروپا باڵا دەست دەبێت .


ئەم کتێبەی رونۆ کامۆ سەرەتا لەلایەن ژمارەیەکی کەمەوە پێشوازی لێکرا بەتایبەتی نەژادپەرستەکان بەڵام دواتر و ئێستاش رۆژ بەرۆژ خەڵکانێکی زۆری ئەوروپی باوەڕ بەم بیردۆزەی رونۆ کامۆ دەهێنن کە خودی ئەم تێزەی رونۆ کامۆ دەچێتە چوارچێوەی بیردۆزی پیلانگێڕیەوە واتە نەزەریەی موئامەرە .
لێرەدا پرسیارێکی لۆجیکی دێتە پێشەوە : ئاخۆ ئەم نوخبە دەسەڵاتدارە ئەوروپیەی کە لە برۆکسل دادەنیشن و کە رونۆ کامۆ بانگەشە دەکات گوایە پیلان دەگێڕن دژی گەلانی ئەوروپی پاساویان چییە بۆ ئەم پیلانگێڕیە دژی گەلانی خۆیان ! ئایا ئەم جۆرە پیلاندانانە دژی گەلانی ئەوروپا لەلایەن ئەم نوخبەوە لەگەل عەقڵ و هزری ژیرمەندانە یەک دەگرێتەوە یان پێچەوانەیە ؟
رونۆ کامۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەڵێت کە ئەم نوخبەیە و لەگەل ئەمانیشدا حکومەتەکانی ئەوروپا زۆر جار بێدەنگی لێدەکەن یان لە رێگەی چەواشەکاری و درۆوە خۆیان لەم پرسە چارەنوس سازەی گەلانی ئەوروپا دەدزنەوە و نایانەوێت کە هۆکاری راستەقینەی وەرگرتنی پەنابەران بەم قەبارە گەورەیە روون بکەنەوە .


تێبینی دەکرێت کە ئەم کتێبەی رونۆ کامۆ گرینگترین کتێب بێت سەبارەت بە پرسی نەژادی لە ئەوروپا لەدوای کتێبەکەی ئادۆلف هیتلەر کەبەناوی خەباتی من بڵاوی کردەوە دوای جەنگی جیهانی یەکەم . ئەگەر کتێبەکەی هیتلەر ئایدیۆلۆجیایەکی نەتەوەیی و نەژادی لەخۆ گرتبوو کە پاڵنەرەکەی شکستی ئەلمانیا لە جەنگی جیهانی یەکەم و ناڕەزایی هیتلەر لە رۆڵی کاریگەری جولەکەکان بوو لە ئەلمانیا و ئەوروپا بەگشتی لەگەل هەندێک فاکتەری تر ئەوا پاڵنەری رونۆ کامۆ هەستێکی نەژادییە لە ئاست ئەو هەڕەشانەی کە هەستی پێدەکرێت هەروەک نەژادی مرۆڤی سپی ئەوروپی بەرەو فەوتان بچن و سەرەرای پیشکەوتنی تەکنۆلۆجی و دەرمان و ئاستی بەرزی ئابووری و گوزەرانی ئەوروپیەکان بەڵام فەوتانی گەلانی وا دێتە بەرچاو بۆ زۆر کەس کە دەرفەتی خۆ لادان لەم چارەنووسە پڕ لە کارەساتە نییە و سەرەنجام موسوڵمانە ئەسمەرەکان دەست دەگرن بەسەر هەموو ئەوروپادا .

هەندێک لە کەسایەتی دیاری ئەوروپی و رۆژئاوایی بە گشتی کەوتنە ژێر کاریگەری ئەم بۆچونانەی رونۆ کامۆ و چەندین حیزب و رێکخراوی سیاسی نەژاد پەرستیان دروست کرد کە لە زۆرێک لە ووڵاتانی ئەوروپا چالاکن کە گرینگترینیان رێکخراوی پێگیدایە Pegida لە ئەلمانیا , کە کورتکراوەی ئەم ناوە واتە : Patriotische Europäer gegen die Islamisierung des Abendlandes .

لێرەدا زۆر گرینگە کە پەنابەران بزانن کە جووڵانەوە نەژادپەرستەکانی ئەوروپا دژی هەموو پەنابەرانە ، واتە ئەگەر پەنابەرێک تەنانەت ئاتایست و بێدینیش بێت و دژی ئیسلامیش بێت دادی نادات بەڵکو ئەویش هەر کراوتە ئامانج و وەکو دوژمن سەیر دەکرێت بەهۆی رەنگی پێست و پێشخانی کۆمەلایەتی و کولتوری و ئینتیمای ئەو بۆ کۆمەڵگەیەک لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپا .

ئەو کەسەی لەنزیکەوە بەدواداچونی کردبێت بۆ ئەم مژارە و لە نزیکەوە ئاگاداری گوتاری سیاسی گروپ و رێکخراوە نەژادپەرستەکانی ئەوروپا بێت دەزانێت کە ئەوان هەوڵ دەدەن کە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە بکەنە ئامرازێک بۆ ترساندنی زۆرترین خەڵکی ئەوروپی و هەستی نیگەرانی و بێ متمانەیی لایان دروست بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ئەندام و لایەنگر بۆخۆیان کۆبکەنەوە و بەڵکو لەم قۆناغەدا لە رێگەی هەلبژاردنەوە بگەن بە دەسەڵات بۆئەوەی بەرنامەکانیان پیادە بکەن دژی هەموو پەنابەران .


ساڵانی داهاتوو ساڵانێکی یەکلایی کەرەوە دەبێت و لێرەدا پرسیارێک دێتە پیشەوە : ئایا ئەم حیزب و رێکخراوە نەژادپەرستانەی ئەوروپا کاردانەوەیان چی دەبێت ئەگەر بەتەواوی بێ ئومێد بوون لە بردنەوەی هەڵبژاردنەکان و تێگەیشتن کە لەرێگەی یاساوە ناتوانن بۆچونەکانیان پیادە بکەن ؟ ئاخۆ بێ ئومێد بوون دەبێتە هۆکارێک کە نەژادپەرستەکان دەست بەرن بۆ توندوتیژی بۆ دەست وەشاندن لە خەڵکانی پەنابەر و کوشتنی زۆرترین ژمارە لە پەنابەرەکان ؟ یان حکومەتەکانی ئەوروپا لێبڕاوانە و بە توندی دەست بەکار دەبن بۆ دانانی سنوور بۆ ئەم رێکخراوانە و بەرزەفت کردنیان و بەهیچ شێوەیەک نەهێڵن کە بارودۆخ بەرەو تەقینەوە بڕاوت لە نێوان نەژادپەرستەکانی ئەوروپا و پەنابەران ئەگینا هەر رووبوونەوەیەکی فراوان کۆنترۆل کردنی زۆر سەخت دەبێت بەتایبەتی لەو کاتانەی کە رێژەی پەنابەران و خەڵکی ئەوروپی لەیەکتر نزیک دەبێتەوە .

ووڵاتانی ئەوروپا هەمیشە هەوڵ دەدەن کە رێژەی پەنابەران لە ئەوروپادا کەم نیشان بدەن و لە ئامارەکان هەمیشە رێژەیەکی کەم بڵاو دەکەنەوە چونکە ئەگەر رێژە راستەکە بڵاو بکەنەوە دوور نییە کە جەڵەوی ئاشتی و ئاسایش لەدەست دەربجێت و نەژادپەرستەکان کاردانەوەی توند پیشان بدەن .بەڵام سەرەرای ئەمەش زۆر جار ئەوروپیەکان گلەیی دەکەن و دەڵێن کاتێک دەڕۆن بۆ گەرەکەکانی دەوروبەری شارە گەورەکانی ئەوروپا زۆربەی زۆری دانیشتوانی ئەم شوێنانە پەنابەرەکانن و خەڵکی ئەوروپی بەدەگمەن دەبیندرێن . تەنانەت ئێستا لە سەنتەری شارە گەورەکانی ئەوروپاش ئەگەر لە شوێنێک دابنیشین و سەیری ئەو کەسانە بکەین کە بە پێشماندا تێدەپەڕن سەرنج دەدەین بۆ نموونە ئەگەر بیست کەس ببینین ئەوا دە کەسیان ئەوروپین و دە کەسیان پەنابەرن ، واتە لە راستیدا رێژەی پەنابەران و ئەوروپیەکان زۆر لەیەکتر نزیکە ئەگەرچی ئەم مێتۆدە زۆر سادەیە و سەد لەسەد راست نییە بەڵکو زانینی ژمارەی وورد و تەواو لەلایەن دامودەزگای گشتی ئامار پارێزراوە هەر ئەوان بەتەواوی رێژەکان دەزانن .

تێبینی من سەبارەت بەم پرسە :

بۆ تێگەیشتن لەم پرسە گرینگە کە ژیانی هەموومانی پیوە گرێدراوە پێویستە زۆر بە قوڵی و فراوانی هەڵسەنگاندن بکەین و فاکتەرە گرینگەکان دەست نیشان بکەین کە رووداوەکان بە کام ئاراستەدا دەبەن .
یەکێک لە ئاکامە کارەساتبارەکانی مۆدێرنیزم کە هەموو کۆمەڵگە جیهانیەکان ناتوانن خۆیان لێی دەرباز بکەن لێکەوتە نێگەتیڤەکانی مۆدێرنیزمە کە بۆتە هۆی سەرهەڵدانی هەندێک کێشە کە لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیدا بەرچاو نەکەوتووە . لەوانە کێشە دیموگرافی ، واتە کێشەی دانیشتووان .
کێشەکانی دانیشتوان دەشێت بە زۆر شێواز خۆیان دەربخەن بۆ نموونە :
١- نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان رووبەری خاکی ووڵاتێک لەگەل ژمارەی دانیشتوان . بۆ نموونە ووڵات هەیە خاکەکەی زۆر فراوانە بەڵام دانیشتوانی کەمە ( وەکو روسیا ) بە پێچەوانەوە ووڵات هەیە خاکەکەی بچوکە و ژمارەی دانیشتوانی زۆرە ( وەکو بەنگلادیش ) .
٢- زۆر بوونی ژمارەی پیرەکان بەبەراوورد بە ژمارەی گەنجەکان ( کە لە زۆربەی ووڵاتانی ئەوروپا دەبیندرێت )
٣- کەمبوونەوەی رێژەی وەچە خستنەوە بەهۆی کەمبوونەوەی زەواج بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیانکردن یان لایفستایل .
٤- بارودۆخی کۆمەلایەتی نەگونجاو کە دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری کردن کە ئەمەش وا دەکات ژمارەی کوڕی سینگل و کچی قەیرە زیاد بێت ( بۆ نموونە کوردستان ) .
٥- بڵاو بوونەوەی هەندێک نەخۆشی گەورە بە رێژەیەکی فراوان وەکو ئایدز و نەخۆشیە دەروونیەکان یان نەخۆشییە جەستەییەکان وەکو سەرەتان و شەکرەو دڵ و پاڵەپەستۆی خوێن بەتایبەتی ئەگەر لاوەکانی کۆمەلگەش بگرێتەوە یان ئەو کەسانەی کە لە سەرەتای تەمەنی هوسەرگیری کردندان .
٦- دابەزینی ئاستی گوزەرانی خەڵک و نەبوونی سەرچاوە ئابووریەکان کە دەبنە مایەی دابین کردنی بژێوی بۆ دانیشتوانی وولات و لە ئەنجامدا زۆربەی تاکەکانی کۆمەلگە خۆیان لە پرۆسەی هاوسەرگیری لادەدەن و ئەمەش کاردەکاتە سەر ژمارەی دانیشتووان .
دیارە زۆردیاردەی نێگەتیڤی تریش هەن کە دەچنە چوارچێوەی کێشە دیمۆگرافیەکان .

خاڵێکی گرینگی ئەم پرسە ئەوەیە کە هەروەک لە واقیع و لە ئەنجامی ژیانی رۆژانەمان لە ئەوروپا دەیبینین ئەوەیە کە بەداخەوە سیستەمی سەرمایەداری زۆر پەرەی بە دیاردەی تاکگەرایی یان ئیندیڤیدوالیزم داوە . واتە هەر کەس بۆخۆی دەژیت و لە ئەنجامدا پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان زۆر کاڵ بوونەتەوە و پرۆسەی هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە بەدەگمەن روو دەدات .
جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم گورزی زۆر گەورەیان لە ئەوروپا دا کە ئاکامەکانی هەرگیز لەیاد ناکرێن و برینە کۆمەلایەتی و دەروونیەکانی هەرگیز نەتواندرا ساڕێژ بکرێن چونکە ژمارەی قوربانیەکان لە هەموو سنوورە مەعقولەکان دەرچوون . بۆ نموونە کوژرانی نزیکەی نۆ ملیۆن سەربازی ئەلمانی لە جەنگی جیهانی دووەم کە زۆربەیان لە تەمەنی لاویدا بوون زیانێکە هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە چونکە ئەم لاوانە توانا و هێزی بەرهەمهێن و سەرمایەی مرۆیی ئایندەی ئەلمانیا بوون و دەیانتوانی لە هەموو رووێکەوە کاریگەری گەورەیان هەبێت و توانای جەستەییشیان زۆر بوو بۆ هاوسەرگیری کردن و وەچە خستنەوە . هەمان زیان وبگرە زیاتریش بەر ووڵاتانی تری ئەوروپا کەوت وەکو پۆلەندا و روسیا و فەرەنسا و هتد .

لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا پێویستە زۆر فراوانتر بڕوانین و نەخشەی هەموو جیهان بهێنینە پیش چاومان بۆ ئەوەی رۆڵی گەورە و کاریگەری ووڵاتانی یابان و چین و کوریا لەبیر نەکەین کە چۆن خەریکە پێشبڕکی و بەربەرەکانی ووڵاتانی ئەوروپا وئەمەریکا دەکەن لە هەموو بوارەکان و تەنانەت باڵادەستی خۆیان رۆژ بەرۆژ زیاتر دەسەلمێنن و لە بەرامبەریشدا ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا لە پاشەکشێیەکی بەرچاو دان .
ئەم ووڵاتە زلهێزانەی ئاسیا لە رووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و تەکنۆلۆجیەوە جێگەیان بە ئەمەریکا و ئەوروپا لەقکردووە بۆیە دەبینین کە کەلوپەلی یابانی و چینی و کۆری بازارەکانی جیهانیان تەنیوە و بەڵام بەبەراوورد بەمان کەلوپەل و بەرهەمی پیشەسازی ووڵاتانی ئەوروپا رووی لە کزی کردووە .

تەنانەت ووڵاتی چین خەریکی داهێنانی تۆڕیکی ئینتەرنێتی نوێیە بۆ ئەوەی سەروەری ئەمەریکا لەم بوارەشدا سەراوژێر بکات و ئەمانە و چەندین پرۆژەی ستراتیژی تر کە ووڵاتی چین دەستی داوەتی بۆ کۆنترۆل کردنی هەموو جیهان .


ئەم روونکردنەوەی سەرەوە بۆ ئەمەیە کە تێبگەین کە ووڵاتانی ئەوروپا لەزۆر رووەوە توشی قەیرانی کەمەرشکێن هاتوون کە پێویستیان بە هەندێک رێکارە بۆ ئەوەی قەیرانەکان لەمە زیاتر تەشەنە نەکەن . ئێمەی پانابەران بەگشتی خەڵکانێکی کراوە و عاتیفین و لە دڵەوە خەڵکی ئەوروپیمان خۆش دەوێت و رقمان لە هیچ نەژادێک نابێتەوە و کاتێک دەست لەسەر خاڵەکان دادەنێین پاڵنەرەکانمان تەنیا روونکردنەوەی راستیەکانە بە نیازێکی پاکەوە نەک بە مۆتیڤێکی داخ لە دڵانە .


باشترین ئەلتەرناتیڤ بۆ خەڵکی پەنابەر و ئەوروپی ژیانێکی هاوبەشە شان بەشانی یەکتر دوور لە یەکتر شکاندنەوە . ژیانێک کە تیایدا رێز لە تایبەتمەندی یەکتر بگرین تەنانەت ئەگەر لە سەر هەندێک خاڵ هاوڕاش نەبین . با ناکۆکی نەوروژێنین و گالتە بە کولتوری یەکتر نەکەین بەڵکو زیاتر جەخت لەسەر پرینسیپە ئینسانیەکان بکەینەوە . با رەنگی ئەسمەری ئێمە و ئاینی ئیسلام نەبن بە کۆسپ بۆ ژیانی ئێمە لە ئەوروپا کە هەرکەس رێز لە سنووری ئەوی بەرامبەر بگرێت .

راستیەک هەیە کە ناکرێت نکوڵی لێ بکرێت ئەویش ئەمەیە کە پەنابەران و خەڵکی ئەوروپی پێویستیان بە یەکتر هەیە . پەنابەران بەهۆی زۆری کێشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی لە نیشتیمانی خۆیان پەنایان بۆ ئەوروپا هێناوە و ئەوروپاش بەهۆی کێشەی دیموگرافی و رێژەی بەرزی پیرەکان و کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری و وەچە خستنەوە تووشی قەیرانی دانیشتوان هاتوون و پێویستیان بە پەنابەرە . ئەوروپیەکان ژیانێکی شایستەی پێشکەوتوو بۆ پەنابەران دابین دەکەن و پەنابەرانیش بەهۆی زۆری رێژەی وەچە خستنەوە یارمەتی ئەوروپا دەدەن و دەبن بە چارەسەر بۆ قەیرانی دانیشووان لە ئەوروپا کە بەراوورد بە ووڵاتانی چین و یابان و کۆریا تای تەرازوو بە زیانی ووڵاتانی ئەوروپایە چونکە چین بە تەنیا نزیکەی یەک و نیو ملیار مرۆڤی تیا دەژیت لە کاتێکدا سەرجەمی دانیشتوانی هەموو ووڵاتانی ئەوروپا ناگەن بە نیوەی دانیشتوانی ووڵاتی چین . کەواتە پەنابەران رۆڵی پارسەنگ دەبینن بە قازانجی ئەوروپا بۆ هاوسەنگ کردنی تەرازووی لاری دانیشتوان لە نێوان ئەوروپا و ووڵاتانی چین و یابان و کۆریا .

راستە پەنابەران و ئەوروپیەکان زۆر جیاوازن لە رووی پێکهاتەی دەروونی و کۆمەلایەتی و میزاجەوە و ئاوێتە بوون یان ئینتیگرەیشن لە نێوان ئەم دوو گروپە گەورەیەدا کارێکی ئاسان نییە بەڵام دەشێت لە ئایندەدا زیاتر لە یەکتر نزیک ببینەوە . سەرەتا وەکو هەنگاوی یەکەم زۆر گرینگە کە هەموو بیڕیزی و شکاندنەوەیەک دژی یەکتر رابگیرێت و بۆ نموونە پەنابەران چیتر نەڵێن ئەوروپی بێ هەست و سۆزن یان نازانن کێ باوکیانە و لەگەل چەندین پێشداوەری تر . هەروەها ئەوروپیەکانیش چیتر نەڵێن پەنابەران تاونبار و دواکەتوون و تیرۆریستن و ژنکوژن چونکە ئەم پێشداوەریانە کە هەردوو لا دژی یەکتر دەیڵێن هەرگیز خزمەت بە پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە ناکات بەڵکو دەبێتە کەڵەکە بوونی رق و تووڕەیی دژی یەکتر و دوور نییە رۆژێک بێت کە کۆنترۆل و جەڵەو لەدەست دەربچن و ئاژاوەی زۆر گەورە دروست بێت و لە ئاکامدا هەموو لایەکمان تیایدا زیان دەکەین و براوە و دۆراو بوونی نابێت بەڵکو گۆڕەپان بەتەواوی چۆڵ دەبێت بۆ ووڵاتانی چین و یابان و کۆریا و هاونەژادەکانیان تا بەتەوای ببن بە سەروەری بێ رکابەر لە جیهاندا .

https://fr.wikipedia.org/wiki/Grand_remplacement
https://fr.wikipedia.org/wiki/Renaud_Camus

Previous
Next
Kurdish