Skip to Content

کوردماکس و ماڵە هەژارەکان! … جیهاد موحەمەد

کوردماکس و ماڵە هەژارەکان! … جیهاد موحەمەد

Closed
by ئایار 20, 2019 General

لەم مانگی ڕەمەزانەدا، ئێواران تەلەفزوێنی کوردماکس بەردەوام سەردانی ماڵە هەژارەکان دەکات و سفرە و نان و خوانی هەژارانەیان پیشان دەدات.
ئەم پیشاندانی نان و خوانی هەژارانەی ئەم ماڵ و خێزانە بەڕێزانە گوایە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بەزەیی و دڵتەنگیی دەوڵەمەندەکانە، بۆ ئەوەی ماڵە هەژارەکان ببن بە جێگەی بەزەیی دەوڵەمەندەکان و خێر و سەدەقەیان پێ بکەن و هاوکارییان بکەن.
جارێ پێش هەموو شت، ئەم کاری ڕاگەیاندنە، کارێکی هەتا بڵێی دواکەوتووانەیە، کار و ڕاگەیاندنێکە، کە تێکشکانی کەسایەتیی ئەو ماڵ و خێزانانەی بە دوادا دێت، بە تایبەتی تێکشانی شکۆی منداڵ و گەنجەکانیان.
هەڵەبەت لەو باوەڕەدام، هەرچ خێزان و ماڵە هەژارێک ئەگەر هۆشیاربن ڕێگە بەوە نادەن ئەم ڕاگەیاندنانە خۆیان بکەن بە ماڵەکانیاندا و سفرە و خوانی هەژارانەیان پیشان خەڵک بدەن و ببن بە جێگەی بەزیی و خێر و سەدەقەی ئەم خێزان و ئەو خێزانی دەوڵەمەند.
بەڵام بە داخەوە، زۆرێک لەو خێزانە هەژارانە بێ ئەوەی گوێ بدەن بەوەی کە ئەمە سوکایەتیکردنە بە خۆیان و بە منداڵەکانیان و بە گەنجەکانیان، ڕێگە بەم ڕاگەیاندنە دەدەن و بە وردی سفرەی خاڵی ئێوارانیان پیشان جەماوەری تیڤیەکەیان دەدەن.
هیچ شتێک لە دنیادا هێندەی بەزەییپیاهاتانەوە منداڵ و گەنجەکان تێکناشکێنێت و کەسایەتیان بریندار ناکات. ئەو منداڵانە هاوڕێی منداڵیان هەیە لە گەڕەک و لە قوتابخانەکاندا، دەبن بە جێگەی بەزەیی منداڵانی دیکە لەبەرئەوەی کەمدەرامەتن وناتوانن وەک خەڵکی ئاسایی بخۆن و لەبەرکەن و بدڕن. منداڵ بەم پەروەردەکردنە فێری ئەوە دەبن، کە ئاسایی بێت ببن بە جێگەی بەزەیی، فێری ئەوە دەبن دەست لە خەڵکی پانبکەنەوە، لە جیاتی ئەوەی فێر بکرێن لەسەر مافی ڕەوای خۆیان پەنجە بکەن بە چاوی بەرپرسە حکوومیەکاندا، لەسەر نادادپەرەری هەڵبدەنێ و قبووڵی هەژاریی خۆیان نەکەن.
ئەم جۆرە پەروەردەیە، پەروەردەیەکی زۆر قێزەون و ناشیرین و دواکەوتووانەیە. ئەوەی ئەم تیڤیە دەیکات، لە مایەپوچیی ڕاگەیاندنەکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت، لە عەقڵێتێکەوە سەرچاوە دەگرێت، کە چارەسەری دادپەروەریی بەوە دەزانن، کە دەوڵەمەندەکان خێر و سەدقە بکەن بە هەژاران.
ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن، ئەو پەڕی بێ حورمەتیە بەو ماڵ و خێزانانە دەیکەن، ئەو پەڕی کاری نامرۆییە، ئەو پەڕی دەستێوەردانە، لە کاسە و کەوچک و جۆری خواردن و هەستان و دانیشتنی ئەو ماڵانە، کە چۆن لەسەر سفرەکانیان کۆ دەبنەوە و چۆن دایکە بەڕێزەکەیان کەوچێک شۆربا دەکاتە قاپی بەردەم هەریەکە لە ئەندامانی خێزانەکەیەوە.
ئەم جۆرە لە ڕاگەیاندن، کە وەک دەوترێت سەر بە حیزبێکە لە حیزبەکانی کوردستان، خۆیان بە موچەی بەرز کار دەکەن لەم کەناڵەدا، مانگانە بە دەیان دەفتەر دۆلار خەرجی خۆیان و کەناڵەکەیانە. لە جیاتی ئەوەی داوای دادپەروەریی بکەن، لە جیاتی ئەوەی ڕەخنە لە حکوومەتی کوردستان بگرن، کە چۆن سەروەت و سامانی خەڵکی داگیرکردووە و خۆیان و حیزبەکانیان بەوپەڕی خۆشگوزەرانیەوە لەسەر حسابی میللەتی داماو و ماڵە هەژارە بەڕێزەکان دەلەوەڕێن، لە جیاتی ئەوەی پێ لەسەر دادەپەروەریی کۆمەڵایەتی و دابەشکردنێکی دادپەروەریانە دابگرن، دەیانەوێت لەم ڕێگە چەوتەوە تەماشاکەرانی تیڤیەکەیا زیاد بکەن و خەڵکی فێری هەناسە هەڵکێشانی سارد و ئاخ و ئۆف بکەن.
لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەم کارە قێزەونەی ڕاگەیاندنی ئەم کەناڵە، چەند کارێکی دواکەوتووانە و ناشیرینە، لە ڕووی سیاسیشەوە بێدەنگ کردنی خەڵکیە، بەو واتایەی کە هەڵەی دەوڵەمەندەکانە کە هاوکاری ماڵە هەژارەکان ناکەن، بۆیە هەژاریی و داماویی و ڕەشورووتیی لە کوردستاندا هەیە.


ئەم بیرکردنەوەیە، لە بیرکردنەوەیەکی ئاینیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئاینی ئیسلام وا بانگهێشت دەکات بۆ ڕۆژووگرتن و مانگی ڕەمەزان، کە حیکمەتەکەی ئەوەیە خەڵکی هەست بە ئازاری برسێتیی بکەن، بۆ ئەوەی بەزەییان بە هەژاراندا بێتەوە و خێر و سەدەقە بکەن و یارمەتی هەژاران بدەن، ئەم دیدگایە، دیدگایەکی دواکەوتووانەیە، چونکە ئەوە لە بێ دەسەڵاتیەوە، لە نەزانینەوەیە، خەڵکی فێری بێ دەسەڵاتیی و نەزانین دەکات، خەڵکی فێری بێدەنگیی دەکات.

ئەم جۆرە پەروەردە و ڕاهێنانە پەروەردەیەکە، خەڵکی فێری ئەوە دەکات کە ئاساییە دەوڵەمەند و هەژار هەبن، کە لە ڕاستیدا کێشەکە ئەوەیە کە نادادپەروەریی هەیە لە دابەشکردندا، ئەو نادادپەروەرییە کارێکی سروشتیی نییە و بەشی خوا نییە، کە هەژارەکان خوا ئەوەندەی پێداون و دەوڵەمەندەکانیش هەر پێدانی خوایە و هەر لایەکیان شانیان ئەو دەوڵەمەندیی و هەژارییە هەڵدەگرێت! هەژاریی و دەوڵەمەندیی لە نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت. چارەسەر پێداگرتنە لەسەر دادپەروەریی و حوکمی دادپەروەریانە، نەک بەزەیی پیاهاتنەوە و دڵتەنی دەوڵەمەندەکان بە هەژاراندا.
بە بڕوای من ئەمە کارێکی سیاسیی گەندەڵ و چەپەڵی لە پشتەوەیە.
هیوادارم بە زووترین کات ئەم تیڤیە و هەموو تیڤیەکان و ڕاگەیاندنەکانی دیکە واز لەم کارە ناشیرین و بریندارکردنەی هەژاران بهێنن.


جیهاد موحەمەد
٢٠/٥/٢٠١٩

Previous
Next
Kurdish