Skip to Content

باڵ باڵێن و جیابونەوەی حیزبەکان … شوانە حسن ابوبکر

باڵ باڵێن و جیابونەوەی حیزبەکان … شوانە حسن ابوبکر

Closed
by ئایار 20, 2019 General

باڵ باڵێن یاخود جیابونەوە حیزبەكان بەسەر چەند باڵێكدا، كولتوورێكە كە بە درێژایی مێژوو خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمانی نەكردووە، بەڵكوو لە چەندین وێستگەی سیاسیدا زیانی بەركەوتووە، لەلایەكی ترەوە بەردەوامیی جیابوونەوە لەناو حزبەكان، پێمان دەڵێت بنەمایەكی دروست و واقعی نەبووە بۆ دروستكردنی حیزبی نوێ، بەڵكە ئامانجە كەسییەكان لە دواوەی ئەم ھەنگاوانەوە بوون.


دەسپێكی ئەم كولتوورە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیابوونەوەیەی لە ساڵی ١٩٦٤ لە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕووی دا، پاساوی ئەم جیابوونەوەیەش، گوایە ئەوە بوو كە ئەم حیزبە لەلایەن بنەماڵەیەكی دیاركراوەوە سەركردایەتی دەكرێت، كەچی لە كۆتاییدا جگە لە خزمەتكردن بە ئامانجی چەند كەسایەتییەكی سیاسی، گەورەترین زیانی بە بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد گەیاند، لەوكاتیشەوە تا ئێستا، چەندان جیابوونەوە لە حیزبەكاندا ڕوویان داوە، هەر بۆ نموونە ئێستا یەكێتیی نیشتمانی جگە لە سەركردایەتیكردنی لەلایەن چەند بنەماڵەیەكەوە، ھاوكات بۆ پڕكردنەوەی پۆستە حكومییەكانی كابینەی نۆیەم، بەرگێكی بنەماڵەیی تەواوی پۆشیوە و ھەر سەركردە و خەریكی پێشنیازكردنی كوڕەكانیەتی بۆ پۆستە حكومییەكان.


جیابوونەوە لە بزووتنەوەی ئیسلامی و دروستكردنی كۆمەڵی ئیسلامی بە ھەمان بیانوو، گوایە سەركردایەتیی بزووتنەوەكە لەلایەن بنەماڵەیەكی دیاریكراوەوە بەڕێوە دەبرێ و تاكڕەوی لە سەركردایەتیدا ھەیە، بەڵام لە ئێستادا پۆل پۆل لە كادیرانی ئەم حیزبە جیا دەبنەوە، كە دواھەمینیان سەرۆكی لیستی كۆمەڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بوو، بە بیانووی نەبوونی دادپەروەری لە حیزب و كۆنتڕۆڵكردنی لەلایەن چەند كەسێكی نزیك لە ئەمیری كۆمەڵ، كە تا ئێستاش كادرانی ئەو حزبە، رێكخستەكانیان جێدەهێڵن.


دواتر ساڵی ٢٠٠٥ باشووری كوردستان گەورەترین جیابوونەوەی بە خۆیەوە بینی، ئەمیش جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە یەكێتی، دروشمە دیارەكانی ئەم بزووتنەوەیە، دژایەتیكردنی بەبنەماڵەییكردنی حیزب و ھێنانەپێشەوەی گەنج بوو، بەڵام ھەمان پەتا ئەم بزووتنەوەیەشی گرتووەتەوە و لە رێگەی چەند كادیرێكی دیاری ئەم بزووتنەوەیەوە، گلەیی بەبنەماڵەییكردنی ئەم حیزبە و نەبەستنی كۆنگرە و بریاری تاكڕەوانە و پەراوێزخستنی گەنجان گەیشتووەتە ئاستێك، چەندین سەركردە و كادیری جیابوونەوە و چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ بەستنی كۆنگرەدا، جیابوونەوە ی گەورەتر رووبدات.


پاشان ھاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كە لەلایەن بەرھەم ساڵحی جێگری سكرتێری یەكێتی لە سەرەتاوە موژدەی ھێنانی دادپەروەری و كۆتاییھێنانی حیزبی بنەماڵەیی بە ھاودیدان و لایەنگرانی دەدا، بەڵام زۆر كاتی پێویست نەبوو بۆ ئەوەی بزانین مەبەستی سەرەكی لە پێكھێنانی ئەم حیزبە چی بووە، لە كوتاییدا دەركەوت تەنها بۆ خزمەتكردنی حەزە كەسییەكانی كەسی یەكەمی دامەزراوە، ئەوەندە بەس بوو كە یەكێتی رازی بێت بە پاڵاوتنی بۆ سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، ئیدی ھەموو ھاوڕێ و ھاودیدانی بەجێھێشت و لە ھەمووی گرینگتر بێئومێدكردنی سەدان گەنجی ئەم وڵاتە بوو.


ئێستاش نەوەی نوێ، ھەر كە سەرەتای دروستبوونی ئەم جووڵانەوەیە كەسی یەكەمی وای نیشانی جەماوەر دا كە گوایە دژی بنەماڵە و تێكەڵكردنی بازرگانییە بە سیاسەت، بەڵام دەركەوت مەبەستی سەرەكی لە پێكھێنانی ئەم جووڵانەوەیە، برەودانی زیاترە بە بازرگانییەكەی و بڕیاری تاكڕەوانە و بەبنەماڵەییكردنی جووڵانەوەكە، كە كار گەیشتە ئاستێك ھەردوو فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە عێراق و كوردستان ھەڵوێست وەربگرن و بەشێكی دیار لە سەركردەكانی جیا ببنەوە، بە ھەمان ئەو بیانووەی كە جووڵانەوەكە بەڵێنی دابوو كۆتاییان پێبێنێت.

Previous
Next
Kurdish