Skip to Content

مێژووی قوربانی   کارەسات، بیرەوەری، گێڕانەوە … کاوان محەمەدپوور

مێژووی قوربانی کارەسات، بیرەوەری، گێڕانەوە … کاوان محەمەدپوور

Closed
by ئایار 20, 2019 General, Opinion


کورتە باسێک لەسەر کتێبی (کارەساتێکی مێژوویی)، نووسین و کۆکردنەوەی عەزیز وەلیانی

کاوان محەمەدپوور

پۆل ڕیکۆر لە وتاری (بیرەوەری و فرامۆشی)دا گێڕانەوەی سەرچەشنەکانی (بیرەوەری) وەکوو کردەوەیەکی ئەخلاقی لەمەڕ مێژووی بەفەرمی کراوی دەسەڵات دەزانێت،«ئەو شتەی فەلسەفەی مێژوو (بەتایبەت فەلسەفەی هێگل) هەمیشە هۆگری بووە، کۆ کردنەوەی ئیمتیاز، گەشە و سەرکەوتنە»(ریکور: خاطره و فراموشی) . واتە مێژوو هەمیشە مێژووی سەرکەوتووان و دەسەڵاتدارانە. بە وتەی ڕیکۆر “گێڕانەوەی بیرەوەی” لە بەرانبەر ئەو زێهنییەتە دەوێستێت کە مێژوو بە فۆرمی دەسەڵاتدارانەی خۆی ئەنووسێتەوە، “گێڕانەوەی بیرەوەی” مێژووی لێقەوماوان و قوربانییانە:« ئێمە پێویستمان بە گێڕانەوەیەکی‌تریش لە مێژوو هەیە…ئەم گێڕانەوەیە، گێڕانەوەی قوربانییەکان، زایەکراوان و بەجێماوانە کە دەستەویەخەی مێژووی سەرکەوتن وموەفەقییەت دەبێتەوە»(سەرچاوەی پێشوو).

بەم بۆچوونە ئاگامەندی بەسەر ڕابردوو و بیرهێنانەوەی لە قاڵبی گێڕانەوەدا، چەشنێک لە وێستان لەمەڕ (مێژووی بەدەسەڵات کراو) شەمەند دەکا و وەکوو گێڕانەوەیەکی نوێ لە سۆنگێکی‌ترەوە بە مێژوو خۆئەنوێنێت.
ڕیکۆر هەر لەم وتارەدا بە ئاماژە بە دوو وتاری فرۆید (بیرهێنانەوە، پاتەکردنەوە و گەڵاڵە) و (شینگێڕی و مالیخولیا) لە هەوڵی ئەوە دایە ڕەهەندی (نەخۆشی-دەرمانی)ی “بیرەوەری کارەسات” لە چواچێوێکی گێڕانەوەناسانە و دەروونشیکارانەدا چارە بکات. فرۆید لە وتاری (شینگێڕی و مالیخولیا) دوو چەمکی شینگێڕی و مالیخولیا- وەکوو کردەوەیەکی دەروونناسانەی مرۆڤ لەمەڕ ئۆبژەی لە دەستچوو-لە یەک جیا دەکاتەوە. لای ئەو دوو کردەوەی بەرچاوی مرۆڤیمان بۆ “ئۆبژەی لە دەستچوو” هەیە. “ئۆبژەی لە دەستچوو” ئەو چەمکەیە کە ئیتر بوونی نییە و بە هۆگەلی جیاواز لە دەستی ئێمە دەرچووە، وەکوو (زێد و نیشتمان،
ئازادی، مەرگ و نەمانی خۆشەویستێک)، یەکێ لەم دوو کردەوانە، “شینگێڕی”یە کە بەمانای قەبووڵکردنی چەمکی (لە دەستدان) و نەمانی ئۆبژەی تایبەتە، واتە بۆ فرۆید کردەوەی شێنگێڕی (بۆ نموونە بۆ مردوو) وەکوو قەبووڵ کردنی مەرگ و نەمانی ئەوەو هەوڵێکی دەروونی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ئاسوودەی و ئارامشی دوا ئەم کارەساتە. بەڵام مالیخولیا نائۆمێدی و مەیلی زێدە بە دووبارە تێکەڵبوونەوە لەگەڵ ئۆبژەی لە دەستچوویە، بەو مانایە لە مالیخولیادا(شیدایی) مرۆڤ ناتوانێت قەبووڵی ئەو ڕاستییە بکات کە فڵانە چەمک یان کەسایەتی ئیتر لە ژیانیدا نەماوە و هیچ بوونێکی نییە. مالیخولیا، خزینە لەناو خەمۆکییەوە، بێ‌تابشتی لەمەڕ “فەرامۆشی” و”بیرەوەرییە”. واتە لە مالیخولیادا ئۆبژەی لەدەستچوو هیچ کات، نەبوون و نەمانی لەلایەن ئێمەوە قەبووڵ ناکرێت تا وەکوو بیرەوەری ناوی لێبێنین و لە ئاکامدا بە فەرامۆشی بگات.


ڕیکۆر لە وتارەی فرۆید دا بەم ئەنجامە دەگا کە (گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی کارەسات)، وەکوو شینگێڕی لەمەڕ کارەسات دەنوێنێت و بە چەشنێک قەبووڵ کردنی ئۆبژەی لە دەستچوویە، کەواتە جیا لەوەی بە گێڕانەوە ئێمە ڕوانگەیەکی‌تر لە مێژوو -کە گێڕانەوەی قوربانییە لە کارەسات پێناسە دەکەین-، لە هەوڵی ئەوەش داین کە ڕەهەندی (نەخۆشی) بیرەوەری بەرەو ڕەهەندی (دەرمان) بگوازینەوە. ڕێکۆر جیا لەم ڕەهەندە دوو ڕەهەند‌ی‌تر بۆ بیرەوەری پێناسە دەکا: (ڕەهەندی کردەوەیی) و (ڕەهەندی ئەخلاقی-سیاسی) کە بەتایبەت لە ڕەهەندی ئەخلاقی-سیاسیدا بیرەوەری وەکوو کردەوەیەکی سیاسی بۆ زێدەکردنی عداڵەت و پاراستنی مافی قوربانییەکان خۆیی وێنا دەکا. بیرەوەری وەکوو کردەوە لە هەوڵی پارستن و بەوێنەکێشانی ئەو ڕەنجەیە کە مێژوو باڵی بەسەردا کێشاوە و لە ژێر مێژووی فەرمی دەسەڵات بزر بووە.


ئەگەر ڕوانگەی ڕیکۆر لەمەڕ بیرەوەری و فەرامۆشیدا پەسەند کەین و لەو سۆنگەوە لە مێژووی کوردەوای بڕوانین، ڕەنگە لە ئاکامدا دەستکەوتێکی جیاواز لە دەستکەوتی هەنووکەییمان هەبێت. ئەم مێژوویە کە لانیکەم سێ دانە کارەساتی گەورەی مرۆڤ گوژی و ئاوارەیی لێبۆتەوە تا ئەمڕۆکە کەمتر لەلایەن خۆمانەوە-واتە لە لایەن قوربانییەکان و پاشماوەکانی کارەسات- گێڕدراوەتەوە . لەم سێ کارەساتە یەکیان دەگەڕێتەوە (٢٠ی ژانویەی ١٩١٦ی.ز) لە ناوچەی موکریان و شاری سابڵاغ کە ڕێزدار عەزیز وەلیانی لە دوو توێی کتێبێکدا سرنجی داوەتێ. ئەم کتێبە کە پێکهاتوو لە یەک پێشەکی و سێزدە وتار لە نووسەرانی جیاواز و دوازدە بیرەوەرییە لە لایەن بڵاوگەی (گوتار) بە ناوی : (کارەساتێکی مێژوویی، کوشتاری خەڵکی کورد بە دەست سپای ڕووسی تزاری ١٩١٦) بڵاوکراوەتەوە.


بەداخەوە ئەم کارەساتە کە یەکێ لە گەورەترین گوشتارەکانی سەدەی بیستەم و شەڕی یەکەمی جیهانییە تا ئەمڕۆکە ئاوڕێکی شایانی لێنەدراوتەوە، واتە جیا لەم بەرهەمی بەڕێز وەلیانی دەقێکی‌تر لە ناو کورددا نادۆزینەوە کە ئەم کارەساتەی تاوتوێ کردبێت و وەکوو کردەوەیەکی دژە مرۆیی باسی لێوەبکات.
بە پێی ئەم بەرهەمە لە (٢٠ی ژانویەی ١٩١٦ی.ز)دا سپای ئیمپراتۆری ڕووس بە بیانووی تۆڵەکردنەوە لە سپای ئیمپراتۆری عوسمانی خۆ دەکا بە شاری مەهابادەوە و لە چەند ڕۆژدا نزیکەی دە هەزار کەس لە شار و گوندی ئەم ناوچەیە دەکووژێت. شەڕی یەکەمی جیهانی کە هیچ فڕی نە تەنیا بەو ناوچەوە نەبوو بەڵکوو حکوومەتی ئەوکاتی ئێران (قاجار) بێ لایەنی خۆی لەم شەڕە ڕاگەیاند بوو و لانیکەم بەشێوەی فەرمی پشتگیری هیچ یەک لەم لایەنانەی نەدەکرد، بەڵام بێ خاوەنی و بێ دەسەڵاتی حکوومەتی قاجار، هیچ ئەوەی کە لە توانستیدا نەبوو پێش بە هاتنی دەوڵەتان بۆ ناو سنووری ئێران بگرێت، هەرگیزش نەیتوانی داوای مافی ئەم خەڵکەش بکاتەوە. کەسانێکی زۆر بە بێ ئەوەی فڕیان بەسەر شەڕی یەکەمی جیهانی هەبێ بێ بەزەیانە تێداچوون و هیچ دامودەزگا و -مافێکی مرۆیش!!- قەرەبووی ئەم کووشتارەی بۆ نەکرایەوە. « ئاکامی چوار ساڵ شەڕی جیهانی بۆ خەلافەتی عوسمانی کوشتاری زیاتر لە یەک میلیۆن ئەرمەنی و (٧٠٠) هەزار کورد بوو». (وەلیانی بە گێڕانەوە لە درک کەنداڵ، ل: ٣١)
بە پێی گێڕانەوەی کتێبی (کارەساتێکی مێژوویی) یەکێ لە پاساوەکانی سپای ڕووس بۆ هێرش بردنی سەر مەهاباد، کوژرانی سەر کۆنسوولی ڕووس، (ئەلکساندر ئەیاس) بوو : «ئەلکساندر ئەیاس، کۆنسوولی ڕووسی تزاری لە شاری سابڵاغ، لە ١٩ی نوامبری ١٩١٤ بە هۆی مەترسییەک کە هەڕەشەی لە شاری سابڵاغ دەکرد، کۆنسوولگەری داخست و بەرەو مەراغە ڕێ کەوت. بەڵام ئەیاس جارێکی‌تر گەڕاوە جێی ژیانی پێشوو (سابڵاغ) تا برێک لەو کەل‌و پەلانەی لێی بەجێمابوون هەڵیانگرێ. لە نزیک میاندواو دەکوژرێ و سەری بڕاوی بەڕێ دەکرێتەوە سابڵاغ. بۆ سەلماندنی ئەوە کە پیلانی کوشتنی ئەیاس، عوسمانییەکان ڕاستەوخۆ دەستیان هەبووە،
پشت دەبەستین بە بەشێکی ئەو شینگێڕییەی کە مینۆرسکی بۆ ئەیاسی دەنووسێ: “لە ٢ی فیورییەی ١٩١٥ ڕووسەکان ئەو شارەیان (تەورێز) گرتەوە و لە شەڕی سۆفیان بڕێک لەو کەل‌و پەلانەی ئەیاسیان لە لای ئەفسەرێکی کوژراوی تورک دۆزییەوە. لە نێو ئەو کەول وپەلانە، مۆر و میداڵ و چەند نیگاتیوی وێنەی ئەیاسی تێدا بوو”.

مەبەست ئەوەیە کە کاربەدەستانی ڕووسی تزاری، سەرەڕای زانیاری و ئاگاداریان لە ڕاستی ڕووداوەکە، بە بیانووی تۆلەی گیانی یەک کەس، لە ٢٠ی ژانویەی ١٩١٦ ڕژانە شار و ئاواییەکانی موکریان…».(ل: ٣٥). « ئەلکساندر ئەیاس، سەرکۆنسوولی دەست‌رۆیشتووی ڕووس بە گوتەی جان چالنکۆ بە پێی پیلانێکی دارێژڕاو لە نزیک میاندواو دەکوژرێ و ماوەیەک سەری بڕاوی لەبەر دەرکی مەحکەمەی سابڵاغ هەڵداوەسن و پاشان فڕێی دەدەن بۆ کایەی منداڵانی شار. ڕووداوی کوژارنی ئەیاس دەبێتە هۆی پەلامار هێنانی لشکری خوێن و لە ٢٠ی ژانویەی ١٩١٦دا ڕژانە نێو شار و بۆ ماوەی ٤٣ ڕۆژ سابڵاغ ئابڵۆقە دەدرێ و بەوپەڕی بێ‌بەزەیی‌یەوە بەردەبنە گیانی خەڵک».(ل:١٥٢-١٥١)
لەو سەردەمانە و بە پاساوی مەزهەبی حاکمی مەهاباد (قازی فەتاح) پشتگیری خۆی لە سپای عوسمانی لە بەرامبەری سپای ڕووس ڕادەگەیەنێت و ڕێگە دەدات سپای عوسمانی لە ناو شاری مەهاباد جەولان بدەن.« قازی فەتاح، پیاوی ژمارە یەک و دەست‌ڕۆشتووی ئەو کاتی دەڤەری سابڵاغ، بێ ئەوەی وەک بنەماڵەی مریدی تەریقەتێکی مەزهەبی یان گێرۆدەی یەکێ لە بنەماڵەکانی شێخەکان بێ، بوو بە مەقاشی دەستی عوسمانییەکان و بە دنەی ئەوان فیتوای “جیهاد”ی قۆستەوە بۆ تێوەگلان لە شەڕێک کە قەڵت و بڕی نیزیک (١٠٠٠٠) کەسی لێکەوتەوە، بێ ئەوەی هیچ فڕی بە چارەنووسی خەڵکی کوردەوە هەبێ!» (ل:١٢). هەر چەند لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانی ئەم کتێبە قازی فەتاح وەکوو پیاوێکی شۆڕشگێر لە بەرامبەری سپای ڕووس شەڕ دەکا و لە ئاکامدا دەکووژرێت (بڕوانە بەشی بیرەوەرییەکان ل:١٥٥)، بەڵام هەڵەی ئیستراتێژیکی ئەو و پشتگیری لە سپای عوسمانی بەڵایەکی ماڵ وێرانکەری بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە لێ بۆوە.


ئەوەی لەم کتێبەدا (کە پشت ئەستوورە بە چەندین بەڵگەی میسۆنێر و قشە مەسیحییەکانی ئەو سەردەمە) زیاتر جێگەی سرنجە، بەشی بیرەوەرییەکانی ئەم کارەساتەیە. بیرەوەرییەکان بە شێوەی زارەکەی لە ئەو پیرەپیاوانە گێڕداونەتەوە کە باوک یان باپیرە گەورەیان ئەو وەخت لە مەهاباد و دەورووبەری ژیانیان کردوە. لەسەرتاری ئەم وتارەدا کورتە ئاماژەیەکم بە تێۆری پۆل ڕیکۆر، فەیلەسووفی فەڕانسی لە بارەی گێڕانەوەی بیرەوەری وەکوو فۆرمی نەرێنی بە مێژووی فەرمی کراوی دەسەڵات کرد. ئەگەر ئەم تێۆرییە بە بنەمای خوێندنەومان بگرین لە ئاکامدا بەو ئەنجامە دەگەین کە بیرەوەرییەکانی کتێب بە زمانێکی ساکار چەند بەشی ئەم کارەساتە شەمەند دەکن و لە هەوڵی بەرسازکردنی شەما و پەیکەرێک لە ڕابردوون:
یەکەم: کوشتاری دڕندانەی خەڵی سابڵاغ و ئاکاری دوور لە مرۆیەتی ڕووسەکان.« دە هەزار کەس لە حەشیمەتی ١٤ هەزار کەسی ئەم شارە لە ژن و پیاو و زارۆک و پەک‌کەوتوو کەوتەنە بەر زەبری شیری و تیری سەربازانی قین لە دڵ و لە خوا بێ‌خەبەری ڕووس».(ل:١٥٨-١٥٧).(وە بڕوانە بیرەوەرییەکانی : حاجی عەبدوڵڵا قازی بە گێڕانەوە لە باوکی، میرزا خەلیل فەتاحی قازی، حاجی مستەفا تەیموررزادە، شێخ ڕئووف زیایی).


دووهەم: بەرگری حاکمی مەهاباد(قازی فەتاح) لە بەرامبەری سپای ڕووس و گوژرانی دلێرانەی ئەو. بۆ نموونە لە بیرەوەرییەکاندا هاتوو قازی فەتاح لە وڵامی ئەفسەرێکی ڕووسدا دەڵێت:«…هەتا ئەمن زیندوو بم نەیەڵم عرووس [ڕووس] بێتە نێو شاری مەهاباد. ئەوان بێن خەڵکی قەتڵی ئام کەن و ئەمنیش لە ماڵە خۆم دانیشم؟»(ل:١٧٢). یان لە وڵامی کوڕەکانیدا دەڵێت: «چۆن دەتوانم زیندوو بمێنم لەشکری ڕووسان شاریان داگیر کردبێ» (ل:١٨٢). بەپێی بیرەوەرییەکان، قازی فەتاح لە شەڕ لەگەڵ سپای ڕووس دەکووژرێت و لە پاش چەند ڕۆژ تەرمەکەی لە مزگەوتی شادەروێش تەسلیم دەکەن.
سێهەم: قات و قڕی دوا ئەم کارەساتە. «هەزاران مرۆڤی چارەڕەش پاش گوشتاری قەزاقەکانی خوانەناس و غەددار کە لە برسان پێڕا دەهاتن، ئەوانیان بە تێکڕایی لە قەبری گشتی دەناشتن، ئەو شوێنە بە گۆڕستانی برسییەکان نێودێر کرابوو!».(ل:١٦٩). «گەنم و دانەوێڵە، بنەی هاتبوو، وەرزێڕەکان چ توانستی کاری کێڵان و زەوی‌وزاریان نەبوو. لە هەل‌و مەرجی ئەوتۆدا نەدار وبرسی و ڕووت و ڕەجاڵ کە بە تەنیا بە ڕواڵەت زیندوو بوون و بەس بە دەنگی نووساو و دڵی پڕ حەسرەت و بە ناڵینی پڕ سۆز دەکڕووزانەوە».(ل: ١٩٠-١٨٩). «… دوای ئەو گوشتارە، گرانی و قات و قڕییەکی بێ ڕادە گشت ناوچەی موکریان لە خۆ دەگرێ. بە وتەی بەساڵاچووان، تەنانەت خەڵک مەجبوور بوون گۆشتی سەگ و پشیلە بخۆن». (ل:٢١٢).


لە مێژووی فەرمی ڕووسەکاندا ئەم کوشتارە وەکوو سەرکەوتنێکی گەورە لەمەڕ سپای عوسمانی دایە (سپای عوسمانی لە ناوی شاری مەهاباد بوو و بەڵام توانستی بەرگری لەخۆ و شاری نەما، بۆیە هەر زوو پاشەکشەی کرد و شار بەجێ دێڵێت). بە ڕوانگەی (ڕیکۆر)ەوە مێژووی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە چەشنی پێویست چەواشە دەکرێت و ئەوەی بزر دەبێت مێژووی لێقەوماوانە. لێرەدایە کە بیرەوەری پاشماوەکانی کارەسات ئەتوانێت ڕێچکەیەی تر لە مێژوو بدۆزێتەوە. لە بیرەوەریەکانی کارەساتی ١٩١٦ی سابڵاغ نە تەنیا هیچ ڕشادەت و سەربڵیندییەکی ڕووسەکان شەمەند ناکرێت، بەڵکوو دڵ‌ڕەقی و بێ‌روحمی ئەوان بەرجەستە دەبێتەوە، لە لایەکی‌تر پاش کارەسات، کە بۆ مێژووی فەرمی دەسەڵات بە کۆتایی هاتن و سەرکەوتن بەسەر دوژمن پێناسە دەکرێت لە لایەن (بیرەوەری)یەوە وەکوو قۆناغێکی‌تر لە کارەسات دەنوێنێت، قات و قڕی و گرانییەک کە بەسەر شاردا دێت ڕوویەکی‌تری ئەم شەڕە نیشان ئەدات. لەم بیرەوەریانە کەسایەتی (قازی فەتاح) وەکوو نوێنەری گشت جەماوەری مەهاباد بە سیمبۆڵ دەکرێت و نەترسی و بەهێزی ئەو هێمایەک لە ڕۆحی پارستنی زێد و نیشتمانە، واتە لە گشت بیرەوەرییەکاندا قازی فەتاح هێمای گشت خەڵکی شارە،
ئەم هێمایە لە هەوڵی شەمەند کردنی چەمکی (خۆشەویستی لە ڕادەبەدەر) بۆ نیشتمانە، کەواتە کەسەکان لەبەر ئەوەی خۆشەویستی و داخی خۆیان بۆ شار نیشان بدەن، لە بیرەوەرییەکانیاندا، سەرچەشنێک (لێرەدا قازی فەتاح) بەرجەستە دەکەنەوە و دەیهێنە ناو قاڵبی (گێڕانەوەی) خۆیانەوە. هیچ یەک لەو هێمایانەی کە لە بیرەوەرییەکان دەوترێتەوە لای مێژووی فەرمی دەسەڵات مانای نییە و بەڵکوو ئینکار و نەرێنی لێدەکرێت.

ئەگەر دیسانەکە بە ڕوانگەیەکی ڕیکۆری سرنجی ئەم بیرەوەریانە بدەیەنەوە بەم دەرئەنجامە دەگەین کە کەسەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەم ڕووداوە تەنانەت بە شێوەی زارەکیش بێت بۆ جیلی داهاتوو هەناردە بکەن و لەلایەکی‌ترەوە –وەکوو فرۆید دەڵێت- قەبووڵی نەمانی (ئۆبژەی لە دەستچوو) بکەن، لە هەوڵی ئەوەدان سەرچەشنی ڕووداوەکە بگێڕنەوە. گێڕانەوەی سەرچەشنی ڕووداوەکان (هەر بەم جۆرەی ڕیکۆر لە (تۆزۆتان تۆدۆرۆف)ەوە دەیڵێتەوە) ڕێگەیەکە بۆ ئەهوەن کردنەوەی دەروونی مرۆڤ و هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئاقارێکی نوێیە کە دەبێتە (داهاتوو). گێڕانەوەی سەرچەرشنی ڕووداوەکان، گێڕانەوەیەکە کە ڕووداوەکان بۆ جیلی نوێ دەستەبەر دەکا. هەر بەو شێوەی ڕیکۆر دەڵێت:«ئەوە گێڕانەوەیە کە شێوەیەکی تایبەت لە دەستەمۆکردنی بیرەوەری ساز دەکا». بیرەوەرییەکانی کارساتی ١٩١٦ی مەهاباد پێکهێنان و دەستەمۆ کردنی بیرەوەرییەکە کە دژ بە گێڕانەوەی مێژووی دەسەڵات دەوێستێت و جاریکی‌تر ئێمە بەروڕوویی پرسیاری چۆنییەتی گێڕانەوە و بەرەڕوو بوونەوە لەگەڵ مێژوو دەکاتەوە.

——————————————————————-

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

. خاطره و فراموشی. پل ریکور. ترجمه: ویکتوریا طهماسبی
. کووشتاری خەڵکی سابڵاغ بە دەست سپای ڕووس (١٩١٦). کارەساتی دەرسیم (٣٨-١٩٣٧). ژینۆسایدی ئەنفال (١٩٨٨)
. ئەوە بەو مانایە نییە ئێمە بۆ ئەم کارەساتانە هیچ دەقێکی مێژوویی یان شیکارانەمان نەنووسیوە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە نەمانتوانیوە چەشنێک لە تیۆریی یان لانیکەم دەلاقەیەکی تر بەرەو مێژوو بەکینەوە.
. گشت سەرچاوەکان لە کتێبی: کارەساتێکی مێژوویی، کوشتاری خەڵکی کورد بە دەست سپای ڕووسی تزاری ١٩١٦، عەزیز وەلیانی. چاپی دووهەم. سەقز، نەشری گوتار (١٣٩٧)، وەرگیراون.

Previous
Next
Kurdish