Skip to Content

116 Views

چیرۆکى “حەسار”ى شێرزاد حەسەن … کاوە جەلال

چیرۆکى “حەسار”ى شێرزاد حەسەن … کاوە جەلال

Be First!
by May 22, 2019 General, Literature, Slider
image_print


لە نێوەندى چیرۆکى “حەسار”دا کوڕێکی باوککوژ خۆى دەبینێتەوە، کە بەو کردارەى کوشتن نەک تەنیا لە دۆزەخى حەسارەکەى باوکى بە ئازادی ناگات و ناتوانێت هاوکات لەتەک دایک و خوشک و براکانى ئازاد بکات، بەڵکو دەخزێتە نێو زیندانێکى قووڵترەوە لەو حەسارە کە پێش کوشتنی باوکی بە ملکەچی تێیدا دەژیا.
دانیشتوانى نێو حەسار هەرگیز نەیان زانیوە ئازادی چییە، نەخێر بەردەوام لەژێر ڕکێفى خودایەکدا “ژیاون” کە هاوکات باوک و دایک و مێرد و ڕێنومایان بووە:
“گەر من نەبوومایە ئەم حەسارە هەر زوو (…) بەسەر ئێوەدا وێران دەبوو، ئێوە ماوتانە لە دنیا تێبگەن … با گەورەتر بن ئەوسا حاڵى دەبن من چەندم ئێوە خۆشویستووە، هەموو تف و جنێوەکانم حیکمەتیان تێدایە، تا نەمرم قەدرم نازانن، پاشان من باوکتانم … هەر منم کە دەزانم چى بۆ ئێوە خێرە و چى بۆ ئێوە شەڕە، بەندە بۆى نیە لە خواى خۆى بپرسێ بۆ برسى و تینووى دەکا (…)، کوڕ و کچى من ئەوسا لەبەر دڵى من شیرین دەبن کە گوێرایەڵى فرمایشتەکانى من بن، کتێبە پیرۆزەکانیش هەروا دەفەرموون …” (لا 24).
لێ دانیشتوانی حەسار بە پێچەوانەوە پێکڕا خەون بە نەمانی ئەو جیهانە داخراوەوە دەبینن، تاکو ئیدی ڕزگاریان ببێت لە کۆیلایەتى، بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونەش چاویان لە کوڕەی نۆبەرەیە:
“نۆبەرەى هەمووان … ئەرێ هۆ کاکى بێ غیرەتمان کەى ئەو ئەرژەنگە دەکوژیت؟ ئەو پیاوەى کە لە خەومان دەکا و ناهێڵێ خەون بەو شتە خۆشانەوە ببینین کە نەمان بینیون!” (لا 26).


سەرەنجام کاکى نۆبەرە غیرەتى دەبزوێت، بۆنى پیاوەتیى خۆى دەکات و لە شەوێکدا، کاتێک باوکە خەریکی سێکسکردنە لەگەڵ یەکێک لە ژنەکانیدا، بەسەریدا دەدات و بە خەنجەر دەیکوژێت. بە کوژرانى باوکە دانیشتوانى حەسار ڕزگاریان دەبێت، هەموو بەو ڕووداوە دەکەونە سەما و ئاهەنگ و شایى، حەسارەکەیان دەکەن بە چراخان، کوڕان بە بێڵ و پێمەڕە و خاکەناز دەکەونە ڕماندنى شوورەکان، کوڕەى باوککوژیش بۆ یەکەم جار دوور لە چاوى باوک یەکەم جگەرەى دادەگیرسێنێت و پڕ بە سییەکانى دوکەڵ هەڵدەمژێت: “ئەلڵا … لە نەمانى ترس … لە هاتنى سەربەستى” (لا 44). لێ ئەم هەستەى ئازادى تەنیا بۆ ماوەیەکى کورتخایەن لە ناخیدا دەپشکوێت:
“… حەبێ ى دایکم دە جاران دەستى لە ملم کرد و گریا … دەیوت:
‘تۆ … تەواو … رۆڵە … تۆ … تەواو …’
شێتانە لەتەکما ڕایدەکرد، سەرم خستە نێو جۆگەلەى هەردوو مەمکى چرچەوە بووى …
‘چیتە دایکە … بۆ وا دەکەى؟’
(…)
‘ئەى گوێت لێ نەبوو پڕ بەو دەشتە هاوارى کرد: تەواو بە نەفرەت بیت …’؟” (لا 53)
خوشک و براکان سەربارى ڕزگاربوونیان لە چاوی باوک ناتوانن پشت بکەنە زیندانەکەیان. هەمیشە لە نوێوە سوێند دەخۆن بڕۆن و هەرگیز نەگەڕێنەوە، کەچی ناوێرن یەک هەنگاو بنێن. ئەمانە کەسانێکن کە تەنانەت لە سێبەرى خۆیان دەترسن، بۆیە هەرگیز ناوێرن لە دەرەوەی حەسار ڕێگەی ڕووەو ئازادی بگرنە بەر! بەڵێ ئەوان تەنانەت تامەزرۆى گەڕانەوەى باوکەن، تاکو سەرلەنوێ بەسەریاندا زیتببێتەوە. ئاخر پێویستیان پێیەتی، چونکە کەسی دیکە نییە وەک ئەو ببێت بە مایەى شانازییان، بەڵێ وەک ئەو بەهایەکیان لەنێو هیچێتیی لێرەبوونیاندا بۆ دابین بکات. جگە لەوە نەک تەنیا ئەو داماوانە، بەڵکو هەروەها ئاژەڵ و باڵندەکانیش ماڵین! دواى دەرپەڕاندنیان لە زیندانى حەسار دەگەڕێنەوە جێگەى ڕاهاتوویان! ئەو زاتە تەنانەت بە مردوویی سام لە ژن و منداڵەکانى، لە مەل و ئاژەڵەکانى، دەنیشێنێت.


باوککوژە دەستى بە خوێنى باوکى سوورە، بەڵێ پێوەى مەییوە و لێى نابێتەوە. جگە لەوە هەموویان، مرۆڤ و ئاژەڵ و مەلەکان، ڕاوى دەنێن. بە تایبەتی سەگەکانى باوکى بوارى نادەن. لێ هەڵاتن بێسوودە. هیوایەک کە خودا بکەوێتە نێوانەوە و خوێنى باوکە لە دەستى بشواتەوە، بێهودەیە. کوڕەى باوککوژە لە کۆتاییدا هیچ چارەیەکى دیکەی بۆ نامێنێتەوە جگە لەوەى هاوار بکات: “هۆ باوکە فریام کەوە … سەگەکانت وا دەمخۆن … فریام کەوە …” (لا 72). ئێستا کوڕەی باوکوژە بە پەلەپروزێ و لەسەر لەپ خۆى دەگەیەنێتە سەر گۆڕى باوکى، خۆڵ و لم، بەرد و زیخى گۆڕەکەى لا دەبات، تاکو بگاتە سەر لاشەکەى، ئەوجا دەم بنێت بە برینەکەى سەر مەمکى چەپییەوە و خوێنەکەى هەڵمژێت. لێ ئەوە هیچ سوودی نییە. کوڕەى بێچارە لە لایەن هەمووانەوە حاشاى لێدەکرێت! بەم شێوەیە ئیدی ژیانى ڕۆ دەچێت بۆ ژێر گومەزێک بەسەر سەرى خۆى و باوکییەوە، لێ ئەوە لە ڕاستیدا گومەز نییە، بەڵکو ئەوە باوککوژە خۆیەتى کە بووە بە گومەز، بە گۆڕستان، ئەوەش بۆ هەمیشە!

2

کۆیلەتى لە پەیوەندییەکانی باوکسالاریدا تەنیا ڕەوشێکی سەپێنراو نییە بەسەر مرۆڤاندا، بەڵکو هاوکات هەقیقەتێنراوێکى مرۆڤییە کە لەنێو خۆیەوە سەروەرە بەسەر هەر هەنگاوێکی کەسدا. ئەمە لە بنەڕەتدا “زەبر”ە کە لە مرۆڤان دەکرێت و هاوکات بە گریمانەکردنی یاسای گۆیا خودایەتی ڕەوایەتیی پێ دەدرێت، ئەوجا نەک تەنیا لە پەیوەندیى هاوسەریدا، لە ناکۆکییەکانى سێکسوالێتیدا، بەڵکو هەروەها بەرانبەر منداڵان دەنوێنرێت، کە بێگومان یەکێک لە مۆرکە سەرەکییەکانی مامەڵەى بێسۆزە لەتەکیاندا. ئەم زەبرە لە بنەڕەتدا هیچ ناولێنانێکى دیکەی جگە لە “زەبرى باوکسالارى” پێنابڕێت. ئاخر هەمیشە باوکسالاری کە دەسەڵاتی تاکلایەنەی باوکانەیە، بەسەر تاک و خێزاندا، بەسەر پەیوەندییە نێومرۆڤییەکاندا، زیتکراوەتەوە. هەر بۆیە “خەونبینین” بە نەهێشتنى ئەم سەروەرییەى باوکەوە دیاردەیەکى سەیر نییە.


لێ هەڵە دەبێت گەر وا تێبگەین کە مرۆڤ (نووسەر) بە یاخیبوون لە ڕێکخراوی باوکسالارى پشت دەکاتە فونکسۆنى باوکێتى، یان بەرەنگارى باوکى سروشتى دەبێتەوە و دەیەوێت پەیوەندیی خێزانی بهیچێنێت (نەفی بکات). ئێمە لێرەوە دەتوانین باشتر تێبگەین، کە بۆچى شێرزاد حەسەن لە لایەک چیرۆکی “حەسار”ی ڕێزمەندانە پێشکەشى باوکى خۆى دەکات، لێ لە لایەکى دى وەک ئازادیخوازێک هیوادارە کە منداڵەکانى لە حەسارى هیچ کەسێکدا، جا گەر تەنانەت هینى خۆى بێت، پێنەگەن.

حەسار مێتافۆرى پەیوەندییە چەوسێنەرەکانى باوکسالارییە.
پرسیارى باوککوژى لە میتۆلۆژیى گریکەوە رۆڵی خۆی لە ئەدەبدا گێڕاوە. ئەمە کێشەیەکى هەرە دێرینى مرۆڤایەتییە لە هەرە سەرەتاکانى ژیارییەوە. پرسیارێکى کرۆکى لێرەدا ئەمەیە: ئایا چۆن منداڵ باوکى خۆى دەکوژێت؟ بێگومان ڕەنگە کردارى بەم چەشنە ڕووى دابێت، هەروەها دەشێت تەنانەت لە سەردەمی هەنووکەدا بینرابێت کە چۆن کوڕێکى سەرسەرى لە باوکى خۆى داوە. لێ ئەمانە کێشەکە نین. لە بنەڕەتدا پرسیارى باوککوژى ڕوودەکاتە کێشەی جووتتەوەری “چەوساندنەوە” و “ئازادیى” مرۆڤ، واتا: لە لایەک چەوساندنەوەی “ڕێکخراو”ی باوکانە کە ئایین “ڕەوایەتی ی پێداوە”، لە لایەکی دی شیمانەکانى ڕزگاربوون لەو چەوساندنەوە باوکانەیە و گەیشتن بە ئازادی، ئەمەش تەنیا بە شۆڕش (ڕێڤۆلوسیۆن) شیاوی بەدیهێنانە. ئاشکرایە شۆڕش ڕەوشێکی سامناکە، چونکە لە شۆڕشدا باوک و کوڕ بەرەنگاری یەکدی دەبنەوە! باوکە دەیەوێت ئەوە بپارێزێت کە سوننەتییانە گەیەنراوە، کوڕە بە پێچەوانەوە دەیەوێت دەسەڵاتی باوک بهیچێنێت.

کوڕە ناچارە پەیوەندییەکانی ئەو خێزانە بە کرداری باوککوژى دەهیچێنێت، چونکە وەک چەوساوە “ئەندامێک”ى (ئەڵقەیەکى) خێزانەکەیە، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئاگایی ئازادی لە هۆشیدا ئەنگوتووە، ئەوا هاوکات لەو خێزانە نامۆبووە. ئەو بۆ خاتری ئازادی بەرەنگاری پەیوەندییەکانی خێزانی خۆی دەبێتەوە. لە “حەسار”دا ئەمە ڕوودەدات: کوڕە باوکی خۆی دەکوژێت. بێگومان مەبەستى شێرزاد حەسەن ئەنجامدانى شۆڕشێکی بگۆڕی ژیان نییە، یان پوختتر ببێژین: کردارێکى شۆڕشگێڕانە ئەنجامدەدرێت، لێ بەدووى ئەو کردارەدا ئازادى ناپشکوێت، بەڵکو پەرچەکرداری دیلەکان بە نەمانى “سەر”ى خێزان، واتا سەما و ئاهەنگى سەرشێتانە و ئاڵۆشاوییان، کورتخایەن دەبن و زوو دادەمرکێنەوە. دیلەکان ناتوانن مامەڵە لەتەک دۆخێکى بێ “سەر”، “بێباوک”دا بکەن. جگە لەوە کوڕەى باوککوژ خۆیشى “تێدادەچێت”! شێرزاد حەسەن دەمانخاتە بەردەم پارادۆکسى کۆیلەتى-ئازادى، لێ مەبەستى ئەو کەمتر ترسى گەڕانەوەى باوکەیە لە ڕووى ئۆبژێکتیڤییەوە، بەڵکو مەبەستى ئەو بریتییە لە “هەستى تاوانبارییەکە”ى پسیکۆئانالیز.


لە چیرۆکى “حەسار”دا ریالێتی هیچێنراوە (نەفی کراوە) و کارایی جیهانیانەی کات و فەزا هەڵوەشێنراوەتەوە: نە مرۆڤ بەندە بە فەزاوە و نە کات ڕەوتێکى ئاسایى دەگرێتە بەر. بێگومان دەتوانین ئەم پەیوەندییە بە خەون بەراورد بکەین، لێ ئەنجامدانە هونەرییەکەى “حەسار” گێڕانەوەى خەونێک نییە بۆ خوێنەر. هاوکات ناتوانین بڕیارێکى ئەوتۆ بدەین، کە گۆیا شێرزاد حەسەن مامەڵەکى خۆماڵییانەى لەتەک زانستە ئەوروپییەکاندا کردووە و ئەمەش گۆیا نیشانەى ئاقڵێتییەتى. شێرزاد حەسەن هیچ مامەڵەیەکى بە هیچ شێوەیەک لەتەک هیچ زانستێکدا نەکردووە. ئاخر ئەو زانستانە کە لە ئاگایی ئەودا بونیادی مەئریفییان وەرگرتووە، تازە بوون بە موڵکى خۆی – خۆی وەک نووسەر، بۆیە نەشیاو نییە ئەو پرسە مەئریفییانە ببن بە پاڵهێزی کارە ئەدەبییەکانی.

کەواتە ئەو زانا نییە و زانستە ئەوروپییەکان لە پرسی خۆماڵیدا “بەکاربەرێت”، جگە لەوە ئەو وەک نووسەر هیچ زانستێکی دیاریکراو ناخاتە فۆرمى ئەدەبییەوە، بەڵکو سەرەتا “پەیوەندییەکى هونەریى” بە پێش چاوى خۆیەوە دەبینێت، یان ڕەنگە سەرەتا کەرەسەى بەدیهێنانێکی ئەدەبی لەنێو هۆشی ئەودا چەکەرەی کردبێت، جا گەر ئەوە تەنانەت خەونێک بێت، ئەوجا ئەو بەگوێرەی مەبەستەکەی (ئینتەنسیۆنەکەى) دایدەڕێژێت، لێ نەک داڕشتنێکى یەکجارى، بەڵکو نووسەر هەمیشە لە نوێوە کارى تێدا دەکاتەوە، ئەوەش بۆ ماوەى نزیکەى هەشت ساڵ، کە ئیدی دواى ئەوەى دەزانێت چیرۆکەکەی بە فۆرمى خوازراو گەیشتووە، بڕیار دەدات لە خۆى دووربخاتەوە و بڵاوى بکاتەوە.


ئایا چیرۆکى “حەسار” جوانە؟ پێش ئەوەى وەڵامى ئەم پرسیارە بدەینەوە، ڕوو لە فۆرمى چیرۆکەکە دەکەین: داڕشتنی چیرۆکى “حەسار” لە سەرەتایەکەوە بەرەو کۆتایى ناڕوات، چیرۆکەکە سەرەتا و کۆتایى نییە، یان سەرەتا کۆتاییە و کۆتایى سەرەتایە: سەرەتا کۆتایى چیرۆکەکەیە و کوڕەى باوککوژە لەنێو دۆزەخەکەیەوە بەرەو پاش دەمانگەڕێنێتەوە ڕووەو جیهانە زۆردارەکەى حەسار و پەیوەندییەکانى نێوی، هەروەها ڕووەو ئەکتى باوککوژى و ئاکامەکانى، لێ ئەم ڕەوتە نەک ڕاستەوانە، بەڵکو بە هەڵچوون و داچوونى نایەکایەتى داڕێژراوە، هاوکات “بەشە ڕووداوی” تایبەتی هەن کە لە هەندێک جێى جیاوازى چیرۆکەکەدا تا رادەیەک دووبارە دەبنەوە. ئێمە لێرەدا بە کێشەیەکى کرۆکیى “حەسار” دەگەین: نووسەر هەندێک جار هەمان ڕووداو یان ڕەوش بە وشەى دى دادەڕێژێتەوە، واتا چیرۆکەکە چەندپاتیى تێدایە. ڕەنگە هۆیەکى ئەم چەندپاتییە لەوەدا بێت کە هۆشى هۆزانڤانییانەى شێرزاد حەسەن تێکەڵاوى داڕشتنى چیرۆکە پەخشانییەکە بووە، بەڵێ، “حەسار” نزیکەى فۆرمى هۆزانى پەخشانیى هەیە. لێ سکاڵاکانى باوککوژە لەتاو باوکى زۆردار و بەدپەیوەندییەکانى نێو حەسار بە شێوەیەکى پڕموبالەغە درێژدەبنەوە و لێرەشەوە زیانیان بە فۆرمى چیرۆکەکە گەیاندووە. لە “حەسار”دا هەستى هۆزانڤانى نەک چیرۆکنووسی سەروەرە.


بێگومان گەرچی نووسەر نائاگامەندانە، کەواتە نازانستییانە (ئاخر ئەو زانا نییە) دەئافرێنێت، لێ ئەمە هێشتا هەر واتایەکى ئەوتۆ ناگەیەنێت کە زەین لە کارکردنی ئەدەبیدا بخرێتە ژێر ڕکێفى هەستەوە. بە پێچەوانەوە هەردووکیان لە پرۆسەى نووسیندا یەکدی دەتەنن، لەم ڕەوتەشدا ئەوە زەینە کە ڕێ نادات نووسینێکی ئەدەبی بە زۆربێژیی نووسەرەکەی بئاوسێت، واتا فۆرمەکەی بشێوێت، یان وەک وەستاکانی بینا پەیوەند بە خانووەوە دەبێژن: نایەڵێت “ورگ بدات”. بەڵێ لێرە، لە ئەدەب یان هونەردا، کەس بەهۆی پەیوەندیی نێویەکییانەی هەست و زەینەوە بەڕاستى لەنێو خۆیدایە و ئێمە بە گشتى ئەو یەکەمان هەیە کە ناو دەنرێت “ئافرێنەرى ئەدەبی / هونەری”. ئەوجا بە پێچەوانەوە گەر دەرفەت بە دەروونى پڕ هەست و سۆز بدرێت بەنێو بەرهەمەکەدا ڕاست ببێتەوە، ئەوسا رۆلێ زەین لە ئەنجامدانی کاری خۆیدا لاواز دەبێت، هەروەها لە کۆتاییدا دەرفەتى زەین بۆ پاکسازیى چیرۆکەکە کەمدەبێتەوە، کە ئیدی وەک سەرەنجامی ئەو پاکسازییە وێنە و وشە بە پوختى لەنێو یەکدیدا بن.


لە بنەڕەتدا ئێمە لاى شێرزاد حەسەن، لە ڕووى داڕشتنی ئەدەبییەوە، پێیەکمان لەنێو شێوازی باوی ئەدەبی ئەیلوولدایە و پێیەکمان لە دەرەوەیەتی. شێرزاد حەسەن (هەروەها ژمارەیەکی زۆر کەم نوسەرى دی) لە لایەک لە دابی چیرۆکنووسانى “ئەیلوول” جیادەبێتەوە، ئەمەش لەو ڕووەوە کە ئەو چیرۆکی پاڵەوانی گەلخواز نانووسێت کە سنگی خۆی بە گوللەوە دەنێت، یان چیرۆکی پیاوچاک و کوڕی دڵسۆز بەو ئامانجە نانووسێت کە خوێنەر پەندی لێ وەربگرێت، واتا شێوەیەکی چیرۆک کە بەزۆریی هەستی ڕانەگەیەنراوی ئایینی پاڵهێزە بۆ نووسینی. نەخێر، شێرزاد حەسەن ڕاستەوخۆ دەست دەبات بۆ مرۆڤێتیى کەس و دەیگرێت، ئەوجا لێوەی ڕوو لە ژینگەی کۆمەڵایەتى دەکات.

ئامانجی ئەو لەم هەڵوێستە یاخییە ئەدەبییەدا “شکاندنی تابووەکان”ە، بۆ نموونە شکاندنى تابووى سێکسوالێتى، یان لەکارخستنی رواڵەتەکانی پیاوەتیی مەزن (“گوڵى رەش”). نووسەر ڕوودەکاتە ناخی پیاو و هەقیقەتی هەڵدەماڵێت، واتا داماوییەکەی لەنێو لێرەبوونی خۆیدا بە داڕشتن هەڵدەداتەوە، کەواتە نەک پیاو وەک مەزنێکى خۆبەختکردوو، وەک قوربانی و هتد وەربگرێت. بۆیە کارە ئەدەبییەکانی شێرزاد حەسەن لای زۆر کەس مایەى ترسن، تەنانەت پێدەچێت زۆر کەس بەو هۆیەوە لێی تووڕە بن، چونکە بەدیدی ئەوان “پیاو سووک دەکات”. بە پێچەوانەشەوە نووسەر بۆ بڕێکى فرەى گەنجانى ئەدەبدۆست وەک زمانحاڵ دەردەکەوێت.


لێ لە لایەکی دی ئاشکرایە کە چوونەدەرەوەی نووسەر بە شکاندنى تابووەکان شێوازی نوێی داڕشتنی ئەدەبی پێویست دەکات. ئێمە لێرەدا دەگەین بە کێشەیەکی کرۆکی لای شێرزاد حەسەن: ئەو لە داڕشتنی ئەدەبیدا هێشتا هەر کەم یان زۆر بەندە بە شێوازى داڕشتنى سۆزدارەوە، ئەمەش لە بنەڕەتدا هۆکاری بیۆگرافیانەی هەیە. بۆیە نووسەر داڕشتنی نوێی پێبەدیدەهێنرێت، گەر لە ئەدەبەکەیدا واز لە نووزە و کڕووزانەوە خۆییەکانى بهێنێت، لێ کاتێک ئەو خۆى بەو شێوەیە هەڵدەڕێژێت، ئیدی سۆز لە داڕشتنی چیرۆکەکەیدا سەروەریى بەسەر ئاگایی فۆرمى هونەریدا وەردەگرێت. لاى شێرزاد حەسەن (لەم چیرۆکەدا) سەروەربوونى زەینى تا سەر نایەتە دى کە بەرێیەوە هونەرییانە پەیوەندیی نێوان سەرجەم دیمەنەکانی نێو هۆشی چارەسەر بکات. بێگومان نووسەر بۆ نموونە لە چیرۆکەکانى “تەنیایى”دا ئارامترە و ڕستەکانى پاکژترن، لێ، وەک ئاماژەمان بۆ دا، کڕووزانەوە هەر وەک مۆرکى شێرزاد حەسەن دەمێنێتەوە.
بێگومان شێرزاد حەسەن خۆى فێنۆمێنێکە و یەخەمان دەگرێت، بۆیە هێندە ئاسان لێى نابینەوە. لێ ئایا بۆچى لێى ببینەوە؟ هەڵوێستێکى ستەم دەبێت گەر مرۆڤ لێى بترسێت، چونکە ئەو زیان بە هیچ کەس ناگەیەنێت. پرسیارەکانى نێو ناخى هێندە تیژبوونەتەوە، کە ئیدی گەر دەریان نەبڕێت، ئەوا ڕەنگە لەناوى بەرن. لێ ئێمە نامانەوێت لەناوبچێت. ئەوە شتێکى سەیر و سەمەرەیە یان بەرهەمى ترسنۆکى و قودسییەتخوازییە، کە نێوەندى ئەدەبى بەردەوام لە گلەیى نەبوونى ڕەخنەى ئەدەبیدایە و هاوکات نزیکەى هیچ کەس ناوێرێت لەتەک نووسەرێکى وەک ئەودا دیالۆگ چێبکات. هۆى ئەمە چییە؟ هۆیەکى گرنگى ئەمە لەوەدایە، کە مرۆ وەک “سوننەگەرا” تێگەیشتنێکی سەهووی بۆ قودسییەتی کەسیی هەیە، ئەوەش ڕێگرە لە هەڵوێستی ڕەخنەیی بەرانبەر ئەدەب و هونەر یان بەرانبەر تێڕوانینە هزرییە ڕاگەیەنراوەکان.

مرۆ باوەڕ دەکات لە مەیداندا خۆی پێ ڕابگیرێت، گەر قودسییەتخواز بێت و “بابەتەکان ئیهمال” بکات. هۆیەکی دیکە نەبوونی کولتووری دانوستاندنە کە ئاشکرایە سەرجەم کۆمەڵگە سوننەگەراکان لێی بەدەرن. لێ بەدیدی ئێمە گرنگترین هۆ بۆ دەگمەنیی دانوستاندن لەتەک شێرزاد حەسەندا ترسی خوێنەرانی ئەدەبییە لەو پرسیارانە، کە ئەو وەک نووسەر بە گرتنى مرۆڤێتییەکەى کەس، یان بە پێشاندانی پیاو لە داماویدا، دەیانخاتە بەردەم ئەوان – ئەوان وەک خوێنەر و پیاوانی گوێبیستی حیکایەتە گێڕراوەکان لەم لا و لا.


لێ ئەدەب، سارتر واتەنى، هیچى پێناکرێت و هاوکات کەسیش ئازاد ناکات، بەڵکو ئەدەب ئاوێنەیەکى ڕەخنەییە و دەتوانین لە نێویدا خۆمان ببینینەوە. ئێمە بێگومان تەنیا کاتێک دەتوانین خۆمان لەو ئاوێنە ڕەخنەییەدا بەبێ ترس دەرک بکەین، گەر سوننەگەراییمان وەک دەسەڵاتێکی گەفکەر بەسەرمانەوە زیت نەبووبێتەوە و خێرا ڕوومان پێ وەربچەرخێنێت. ئەمە هەردەم شیاوە، چونکە خۆ-ی ئاشکراکراومان ئێستا تەواو جیاوازە لەو خۆیە کە ڕۆژانە پێشانی هەرکەسی دەدەین – خۆیەکی رواڵەتی، کە ئامادەین داکۆکی لە چاکی و دڵسۆزییەکەی بکەین، بەڵێ ئامادەین خۆمانی لەسەر بەکوشت بدەین.

کەواتە ڕەوشی ناتەبای دیلەکان ڕۆشنە، واتا ترسێنراوانی سوننەگەرا کە بەدوێنای پیاوی مەزن (بەڵێ ژنی هۆشرایەڵی پیاوسالاری) لە خۆیان و جیهان نامۆی کردوون، کە ئیدی لەنێو ژینگەی نەریتیدا بە ویستی خۆیان و سەلارانە پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی باوکسالاری بەرهەمدەهێننەوە. لێ لە بنەڕەتدا ئەم ترسەیە لە خۆ کە نایەڵێت مرۆ بە تاکى تەنیا، بۆ خۆی لە لاى خۆی، لەتەک نووسەردا (هەر نووسەرێکدا) دابنیشێت و هەوڵبدات ئەو پرۆسەیەى بەدیهێنانى ئەدەبى پاشپاتبکاتەوە کە نووسەر نائاگامەندانە بەریخستووە.

3

چیرۆکى “حەسار”، لە ڕووى واتاى هەنووکەییەوە، پرسیاری ئازادی و ترس لە ئازادى ئاوەڵا دەکات. نائازادی تەنیا ڕەوشێکی سەپێنراو نییە بەسەر مرۆڤاندا، بەڵکو هاوکات هەقیقەتێنراوێکى مرۆڤییە کە لە ڕەوتى سۆسیالیزاسیۆندا (بەکەسکردندا) کەسێتیى مرۆڤی پێ بونیاد دەنرێت – سەرەتا لە لایەن باوان و دایکانییەوە، ئەوجا لە لایەن بنەماڵە و نوێنەرانی دیکەی ئەو پەیوەندییانەوە، وەک باخچەی ساوایان، خوێندنگە و زانکۆکان. ئاخر سۆسیالیزاسیۆن لە کۆمەڵگەی باوکسالاریدا خۆشەکردنى منداڵ و گەنجانە بۆ بەرهەمهێنانەوەى بنەما و ڕێنوما سوننەتییەکان، لەم ڕەوتەشدا ئەوان فێردەکرێن کە “مرۆڤێتیى خۆیان” بچەپێنن، تاکو ئاوەڵابوونی مرۆڤێتییان نەبێت بە مایەی تێکدانی جیهانى باوى سوننەتی، بەڵکو لەسەر ڕێسا ئایینییەکانی بەڕێوەبڕوات. لێ ئەمە هەرگیز بە تەواوى بەدینەهاتووە، بەڵکو هەمیشە کەسان هەبوون کە کەم یان زۆر یاخى بوون و ڕوویان کردۆتە مرۆڤێتیی خۆیان، جا گەر ئەوە تەنانەت بە نهێنی بوو بێت.

سەرەڕاى ئەوە بەربەستە ناخەکییەکان هێندە سەخت و چڕچنراون، کە ئیدی هەمیشە لە نوێوە وەک مۆرکى خۆى کەس، وەک کارەکتەر، رۆڵى سەرەکی لە هەموو یاخیبوونەکانی ئەودا دەگێڕن. کەواتە هیچ سەیر نییە، کە هەر ئەوەندەى ناخى پڕسۆزى مرۆڤییانەى کەس لە تەمەنى هەرزەکاریدا بۆ ڕەگەزەکەی دی بزوا، ئیدی یەکسەر ترس ناخى دەتەنێت: ترس لەوەى بەو کیژە بگات، سڵاوێکی خۆشەویستانەی لێ بکات، ئەوجا گەر وەڵامی دایەوە، گفتوگۆیەکی مرۆڤی دڵداری لەتەکدا بەربخات. لێ هاوکات کوڕەی ئەڤیندار لە ناخەوە هەژاوە، ئەڤینى شیرین و ترس ئەویان تەنیوە، چونکە دوور بە دوور ئەڤینەکەى دەژێنێت، لە ڕاستیشدا سۆزدارییەکەى بەزۆریى سەرەنجامى ئەم دووریەی نێوانیانە.

ڕەگەزەکان لە منداڵییەوە فێرى ژیانى جوودایى کراون، “دوور لە یەک” دەژین، بۆیە هەموو نزیککەوتنەوەیەکیان لە یەکدى ڕوخساریان سوورهەڵدەگەڕێنێت و تووشى دڵەترپەیان دەکات. لێ ئیرۆنیى ژیان ئەوەیە، کە کیژانى کۆیلەتر کەمتر لە کوڕانى مڕ و شاناز ترسنۆکن، ئەمەش لە بنەڕەتدا تۆڵەى سروشتە لە کوڕانی پارێزەری ئەو ڕێنوما و ڕێسایانە کە بۆ مەبەستى نەواندنى سروشتێتیی مرۆڤ دەخرێنە گەڕ: کیژان بەهێزتر سروشتێتى مرۆڤییانەى ژنێتى لە خۆیاندا دەهێڵنەوە، ئەمەش، لەپاڵ ئاگایی چەوساوەیى و بێچارەیی خۆیاندا، ئەو پاڵهێزەیە کە وا دەکات ژنان ڕوونتر ژانەکانیان لەسەر ڕوخساریان “دیاربهێنن”، بە پێچەوانەى پیاوان، کە هەمیشە پتر مڕ و مۆن دەردەچن، چونکە وا دەزانن چنینی مڕ و مۆنی بەسەر ڕاستەقینەی ناخیانەوە مایەی ناساندنە لە لایەن ئەوانیدییەوە، بەڵێ مایەی مەزنییە. ئاخر کێشە کرۆکییەکەی پیاوان لە ڕێکخراوی باوکسالاریدا ئەوەیە کە ئەوان دەبێت رۆڵی پاسەوانی ڕێنوماکان وەربگرن، بەم ڕێیەشەوە تووشى سامناکترین گرفت دێن: ئەوان تەنیا کاتێک دەتوانن ببن بە پاسەوانی بنەما و ڕێنوماکانى ڕێکخراوی باوکسالارى، گەر سەرەتا خۆیان وەک مرۆڤ بچەوسێننەوە و ببن بە کوڕی باوکی خۆیان، کە ئاشکرایە ئەوەیان تەنیا رواڵەتییانە پێبەدیدەهێنرێت.

ئاخر چەوساندنەوەی خۆیەتییان کەسێتییەکی جووتمۆرال لە ئەوان دەهێنێتەگۆڕێ، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە ئەو کەسێتییە جووتمۆرالە وەک پاسەوان هەموو هەوڵێکی سڵەمیوە و لەسەرخۆ دەدات تاکو دیوەکەی دیکەی خۆی بە نهێنی بژێنێت، لێ ئەوەی هەردەم پێ بەدینایەت. ژنهێنانەوە بەسەر ژنی یەکەمی خۆدا یەکێکە لەو ڕەوشانە کە سەرەنجامی زاڵبوونی ڕاستەقینەی کەسێتیی جووتمۆرالە بەسەر خۆی رواڵەتیانەیدا، کە ئاشکرایە پیاوانی سوننەتیی ئایین، کە خۆیشیان وەک جووتمۆرال دەستەبرای ئەون، ڕەوایەتی بەو بەدڕەفتارە کەرامەتشکێنەی ژن دەدەن.


لەم ڕوانگەیەوە زەحمەتە ئێمە بتوانین چاوەڕوانیی کردارى ئازادبوون لە دانیشتوانى حەسارێک بکەین، کە هەرگیز نایانەوێت (یان گەر هەندێکیان بییانەوێت، ئەوا نازانن چۆن) کۆتەکانى کۆیلەتى فڕێبدەن، بەڵکو هەمیشە وەک وەچەخەرەوەى نوێ ئەو کۆتانەی کۆیلەتی دەخەنەوە پێى منداڵانیان. بۆیە هەڵوێستە ئازادیخوازەکان لە سەرەتاوە دەکەونە بەردەم کێشەی کردنەوەی ئەو کۆتانە کە پەروەردەى باوکسالارى بەنێو دەروونى منداڵەکانیدا تەنیونى. لێ کردنەوەی کۆتەکان، واتا ناساندنی کەس بە خۆی وەک مرۆڤ، لاى نامۆبووانی سوننەتی کارێکى ستەمە، چونکە، ڕوسۆ واتەنى، دانیشتوانى لەخۆنامۆبووی نێو حەسار بەرگەى ئەو ژانانە ناگرن کە لە پرۆسەى ئازادکردندا لەسەر لەشیان دەچووزێنرێنەوە: پەرچەکرداری دانیشتوان لە هینى نەخۆشە گەلحۆکان دەچێت کە لەکاتى ڕوانیندا لە پزیشک لەرزیان لێدێت.


مارکس لە خەریکبوونیدا بە کێشەى خۆڕزگارکرنى پرۆلیتاریاوە لە چەساندنەوەی بۆرژوازی بەر هەمان ئاستەنگی مرۆڤی دەکەوێت و ناوی دەنێت نامۆبوون. مارکس لە “مانوسکریپتەکانى پاریس”دا لەوە دەدوێت کە پرۆلیتاریا “تووشى نامۆبوونى تۆتال” (هەمەکی) بووە. لێرەدا ئەو پرسیارە زیت دەبێتەوە، داخۆ پرۆلیتاریایەک کە هەمەکییانە لە خۆى و مرۆڤ و جیهان نامۆ بووە، کەواتە ئاگایی ئازادی لەنێو هۆشیدا نەئەنگوتووە، چۆن بتوانێت خۆى لە چەوساندنەوەى بۆرژوازى ڕزگار بکات؟ هەمان کێشە، لێ لە پراکسیسی سیاسییەوە، لە بەردەم لێنیندا سەرهەڵدەدات.

لێنین (لە “لەبارەی ئایین”دا) سەبارەت بە ڕاپەڕینى 1905ى سەربازەکانى روسیا دەنووسێت، کە سەربازەکان بەو ڕاپەڕینە کۆتى چەوساندنەوەیان پچڕاند و بەدوویدا ئەفسەرەکانى خۆیانیان بەدیل گرت، لێ ڕاپەڕینەکەیان لە کۆتاییدا سەرکەوتوو نەبوو، چونکە نەیانتوانی بەبێ ترس بیگەیەنن بە دوا ئامانجی سەرکەوتن. بە پێچەوانەوە، سەربازەکان دواى کوشتنی چەند ئەفسەرێکى بێزراو ئەوانى دیکەیان ئازاد کرد، چونکە دەترسان کردارى جیدى بەرانبەریان بنوێنن! سەربازەکان بەهۆی ئەو ترسەوە خۆیان سەرلەنوێ خزاندەوە بۆ ژێر حەیزەرانى دەسەڵاتدارانی باوکانە، چونکە ئەفسەرەکان دوای بەردانیان سەرلەنوێ بە دەسەڵات گەیشتنەوە. ئێمە دەتوانین لەتەک ڤیلهێلم ڕایشدا سەبارەت بەم نرخاندنە ڕەخنەییەی لێنین ببێژین، کە ڕەفتاری سەربازەکان ترس بوو لە ڕماندنی دەسەڵاتە (ئینستانسە) ئەزەلییەکان، لێ هاوکات لەپاڵ ئەوەدا دەتوانین جەخت لەو ڕاستییە بکەین، کە ڕماندنى ئەو دەسەڵاتانە کارێکى نەشیاو نییە، ئەوەش تەنیا لە شۆڕشدا، واتا لە ڕێڤۆلوسیۆندا، ئەنجام دەدرێت و بە کرداری باوککوژی دەگاتە لوتکە: هەردوو شۆڕشى فەڕەنسى و ڕووسى بەبێ کردارى باوککوژى، واتا کوشتنى پاشا و تسار، سەرنەدەکەوتن.

لێ ئایا سەرکەوتن بە چە ئاکامێکەوە؟ لە بنەڕەتدا شۆڕشەکان، گەرچی دۆخگۆڕیی ڕیشەییان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسییەکاندا کرد، سەرەڕای ئەوە پەیوەند بە ئازادیى تاکەکەسەوە کورتهێن بوون، چونکە دواى هیچاندنی (نێگاسیۆنی) پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە باڵادەستەکان، دواى تێکشکاندنى جیهانەکەى بابە، ئازادى نائەنگوتێت، بەڵکو وەک ئۆتۆ گرۆس دەبێژێت، شۆڕشەکان خۆیان بەپەلە لەنێو ئەو دۆخانەدا ڕێکدەخەنەوە کە بە گشتى لای هەمووان چوواندنیان هەیە. شۆڕشەکان تێکدەشکێن، چونکە شۆڕشگێڕەکەى دوێنێ لەنێو خۆیدا “ئۆتۆرێتى”ى هەڵگرتووە! کەواتە نەک هەنگاوى پێشڤەرو ڕووەو ئازادیی تاکەکەس، بەڵکو “گەڕانەوەى ئۆتۆرێتى” دوای نەمانی سەری هەمووان. بێگومان پێدەچێت کە چیدی باوکە یان باوکێک نەگەڕێتەوە، لێ ئێستا براکان دەکەونە ناکۆکیى دەسەڵات و هتد – ئایا ئەم ڕەوشە لە شۆڕشدا سەرەنجامێکی ناچارەکییە؟ ئایا تەنانەت “جەریمە” سەر بە سروشتی شۆڕشە؟


بە هەر حاڵ، گەرەکە سەرەڕای ئەوە بپرسین: ئایا گەرەکە مرۆڤ لەنێو حەسارى باوکانەدا بە ملکەچى بژی و وەک کەسی سەلار پەیوەندییەکانی نێوی بەرهەم بهێنێتەوە، تاکو جێی خۆی لە نێویاندا مسۆگەر بکات؟ ئایا پرسیارى ئازادى لە جیهانی باوی سوننەتسالاریدا تەنیا لە ئەندێشەوە سەرهەڵدەدات، یان لاسایى گەلانى ئازادیخوازە کە توانیویانە بە کرداری باوککوژى بپەڕێنەوە بۆ نێو پەیوەندیى نوێى کۆمەڵایەتى؟ نەخێر. زەروورەی ژیاندنی مرۆڤێتیی مرۆڤ خۆی پاڵهێزی سەرەکییە بۆ ئاوەڵاکردنی پرسیارەکانى ئازادی بە ئاڕاستەی شکۆفەدان بە ئاگایی ئازادى، لەم پرۆسەیەشدا “ڕۆشنایى” گونجاوترین ئامرازی گەیشتنە بەو مەبەستە. لێ هاوکات گەرەکە جەخت لەو ڕاستییە بکەین، کە ڕۆشنایی لە کۆمەڵگە داخراوە سوننەتییەکاندا لە کرۆکەوە شۆڕشگێڕانەیە، بەوەش ڕەهەندێک ڕووەو گێڕانی شۆڕش لە خۆ دەگرێت، چونکە لە پەیوەندییە سوننەتییە چەسپێنراوەکانەوە، کە مرۆڤێتیی کەس دەهیچێنن، وەردەچەرخێت ڕووەو خودی مرۆڤ، لێرەشدا ئاگامەندانە مرۆڤێتیی تاکەکەس هەڵدەوەشێنێتەوە، کەواتە ڕۆشنایی پێ دەدات، تاکو ئەو خۆی بە خۆی بناسێنێت – ئاخر ڕۆشنایی “واعیزێتی” نییە و گەفی مرۆڤ بکات بۆ ئەنجامدانی ئەم کار، لێ وازهێنان لەو کار.


لەم پەیوەندییەدا گەرەکە سەرەتا جەخت لەوە بکەین، کە ئازادى واتاى بەدڕەفتارى ناگەیەنێت، یان کردارى بۆ-نێو-خۆ-تێکشکاوەکان نییە کە لەنێو جیهانى رواڵەتدا بزر دەبن، هەروەها ڕزگاربوون لە هێزێکى غەریبى دەرەکى واتاى ئازادبوون ناگەیەنێت گەر بنەماى ئازادى بە کردارى ڕزگاریخوازییەوە نەلکێنرابێت. ئەوە هەمیشە کەسى تاکە کە ئازایانە ڕوو لە کۆتەکانى نێو ناخى خۆى دەکات و بەدووى شرۆڤەی پچڕێنەریاندا بە ئازادى دەگات، لێ ئەم خەریکبوونە خۆییە هەروا سووک و ئاسان نایەتە ئاراوە، بەڵکو هەمیشە پاڵهێزى گەرەکە، جا ئەوە ڕووداوێک بێت کە بەسەر کەسدا دێت و لەنێو لێرەبوونی سوننەگەرایانەیدا تەحەدای دەکات، یان ئەکتێکى ڕۆشنایدان بێت لە دەرەوە کە بێدارى دەکاتەوە و خۆى بە خۆى دەناسێنێت.

بە هەر حاڵ، لە هەردوو ڕووەوە، مرۆڤ لە ڕەوتی بێداربوونەوەدا تێدەگات کە ئازادى و بەرەڵایى هاوواتان، ئەوەش هەر کەسى تاکی بەرەڵابووە لە کۆتی سوننەگەرایی کە دەزانێت ئاگامەندانە جڵەوى بەرەڵاییەکەى بگرێت. لێ بەبێ تێگەیەک سەبارەت بە گەوهەرى مرۆڤ، کە ئازادییە، بەبێ ناسینى سەرجەم ڕێنوما ئایینییەکان کە بنەماى هزرینى باوکسالارین، هەروەها بەبێ مێتۆدێکى گونجاو کە هەمیشە ڕێکخەرى هزرین و کردارە، نەشیاوە پرسیارى ئازادى ئاوەڵا بکرێت. هەر ئەم ڕێگەیەى هزرینە کە دەمان بات رووەو کرۆکى “هەستى تاوانباری” و ڕەواندنەوەی ئاگامەندانەی هەستەکە، لێ ئەم رێگەیە سەرەتا بە هەڵوەشاندنەوەى بەربەستە ناخییەکان خۆش دەکرێت: ترسەکان لە ژیان، لە چاو و دەمی ئەوانیدی کە سەرزەنشتی بکەن یان سزادی توندتری بدەن. بە پێچەوانەشەوە کردارى سۆزمەندانە ئاکامى خراپى لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە کردارەکەى کوڕەى باوککوژە لاى شێرزاد حەسەن، کە بەو کردارە تووشى هەستى تاوانباری دەبێت و واى لێدەکات بخزێتە نێو زیندانى ناخى خۆیەوە: ببێت بە دیلى ڕەهاى کردارەکەى.


لەو ساتەدا کە پرسیاری پێگەی خۆ وەک مرۆڤ لە جیهاندا سەرهەڵدەدات، جا ئەوە بەهۆی ڕووداوێکی تەحەداکەری لێرەبوونی کەس خۆیەوە بێت کە لە ساتێکی ژیانیدا تێیکەوتووە، یان بە ئەکتێکی ڕۆشناییدانی کەس بێت لە دەرەوە، کەسێتیی چڕچنراوی سووننەگەرا وەک کڵافەیەک شلبۆتەوە، واتا ئەو کەسێتییە چڕچنراوە کە باوانی لە پرۆسەی سۆسیالیزەکردنی (بەکەسکردنی) ئەودا وەک بەرهەم خستوویانەتەوە – کەسێتییەکى ترساو و سڵەمیوە لە ژیان، یان ترسنۆک بەرانبەر هەر دەروویەکی کراوە ڕووەو ژیان. ئاخر بەرپرسیاران بە ئەرکی سەر شانی خۆیانی دەزانن کە لە پرۆسەى سۆسیالیزەکردندا ڕاستییە بەناو ئەزەلییەکان بە مرۆڤ بگەیەنن و کەسێتیی ئەوى پێ بونیاد بنێن، ئەم کەسێتییەش بریتییە لەو تۆڕەى هزرین و ڕەفتار و پەرچەکردار، کە تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەى بەری چاو دەکرێتەوە و دەرووەکانی ئازادی دەبینرێن.


گومانی تێدا نییە کە بەبێ ڕەخنەی مەئریفە، واتا بەبێ پرسیار سەبارەت بە شیمانەکانی زانین یان نەزانین کە هاوکات پرۆسەی ئاشنابوونە بە هەستەکان و توانستی زەینیی خۆ، ڕێگەى خۆئازادکردن ئاوەڵا ناکرێت. لە بنەڕەتدا ئەوە زەینی ڕۆشن، لێ سنووردارە، کە هەمیشە بە پوختی ڕەوشەکان دەناسێت و دەرفەتی بڕیاردان (حوکمدان) بە سەریاندا دەڕەخسێنێت. تەنیا بەم ڕێیەوە، بە لێکخشانی نێویەکیانەی تاکەکەس و ژینگەی کۆمەڵایەتی-کولتوری، ئەوجا خەریکبوونی ئاگامەندانەی ڕەخنەیی پێوەیان، ئەو کەسێتییە دێتەگۆڕێ کە ئازادانە لەنێو ژینگەی خۆیدا کردار دەنوێنێت و بڕیار بەسەر ڕەوشەکاندا دەدات.


لێرەدا گەرەکە ڕێ لە بەهەڵەتێگەیشتن بگرین، ئەمەش بە جەختکردن لە بنەمایەکی پڕواتای مارکس: “مرۆڤە چاکەکانیش پێویستیان بە مرۆڤی چاکە!”. بەڵێ ئەمڕۆ هزر تەنیا پێی دەکرێت ڕەخنەیی بێت، بەوەش خۆڕەخنەیی بێت. ئاخر کێ خۆی بە بلیمەتێکی نەشیاوی هەڵە و ڕەخنەلێگرتن دابنێت، ئەو یەکە نە دەتوانێت لای خۆی بێت و نە لەسەر زەمین بەرپێی خۆی ببینێت، بەڵێ تەنانەت دەشێت وەک کەسێتییەکی ڕقاویی ببێت بە مەترسی بۆ ژینگەی خۆی، ئەویش چونکە بلیمەتێتییەکەی نەناسێنراوە، ئەوجا زۆر دەشێت تەنانەت بۆ خاتری بەرژەوەندییە ڕقاوییەکانی بکەوێتە چاوبازی لەتەک دەسەڵاتدارانی موجریمدا، ئەوانیش بۆ مەرامی تایبەتیان لە ئامێزی بگرن.

بەڵێ، نەک خۆزگەی هەستەکییانەی ڕزگاربوون لە حەساری باوکسالاری، بەڵکو ناسینی خۆ وەک ئەڵقەیەکی سستکراوی حەسارەکە، دەرچەی ڕێگەی ئازادییە. ئەمەش هەڵچوونە بە یاریدەی زەین ڕووەو فێربوونی هزرین و گەیشتن بە ئاستێکى ئاڵۆزتری کەسێتی، کە بە ڕۆشنی بەرانبەر بێدادی و ناڕاستگۆییەکان یان بەرانبەر ئارەزووەکانی چەوساندنەوە هەڵوێست وەردەگرێت، ئەوە بێگومان سەرەتا لەنێو خانەوادەی خۆدا، لەنێو خزمان و دراوسێیاندا، لە بەردەم هەڤاڵان و کەسانی بە هەڤاڵ دانراودا. ئاخر مرۆ ئیدی لەو ڕاستییە تێگەیشتووە کە ئەو خۆی لەنێو پەیوەندیی بێداد و درۆزنانەدا لە خۆی نامۆ بوو بوو، بەڵێ ئەو خۆی هاوشێوەی ئەوانیدی خەریکی چەوساندنەوە بوو، وەک ئەوانی دی درۆی دەکرد تاکو وەربگیرێت، وەک ئەوان قسانی دەکرد بۆ خاتری ئەوەی قسان بکات، هەروەها بۆ بەرژەوەندیی خۆی سوێندی بە خودا و وڵات و سەری هەڤاڵان دەخوارد، بەڵێ تەنانەت لە ترسی تەنیاکەوتن دەچووە نێو خەڵکەوە و دەنگی هەڵدەبڕی تاکو وەک “پیاوی نێو پیاوان” یان “ژنی نێو ژنان” بناسێنرێت. لە بنەڕەتدا ئەم هەڵچوونە هەنگاونانە ڕووەو گۆڕانکاریی مرۆڤدۆستانە.


گومانی تێدا نییە کە هاوکات لە ڕەوتی ڕەخنەی مەئریفەدا سەرجەم رواڵەت و کوتهێنییەکانی زمانی ترادیسیۆنی ئاشکرا دەبن، بەوەش ئیدی مرۆ سەرەتا زمانی لێدەبڕێت، چونکە چیدی ناتوانێت بە زمانی سوننەتی بئاخڤێت. لێ هەر خودی ئەو زمانە لە سەرێکی دیکەوە، بە ئاراستەی بەرەڤاژ، بۆی دەبێتەوە بە زەخیرەی بنیاتنانەوەی زمانێکی نوێ – کە خۆییە. بەمەش ئیدی ئەو سەردەمە بەسەرچووە کە مرۆ لە ترسی دەم و چاوی باوکان و مامۆستایان، بەڵێ لە ترسی کەڵە هزرمەندانی نێو چایخانە و نادییەکان، لە هەر خۆدەربڕینێکی نوێ بسڵەمێتەوە، یان وەک ئەوان کەللەڕەقانە درێژە بە جوینەوەی واژە و دەستەواژە بێواتاکان بدات. بەڵێ، کەسی خۆئازادکروو لە رەوتی ڕەخنەی مەئریفەدا چیدی ناخوازێت و ناتوانێت واژە و دەستەواژەی وەک: “شاخی گۆیژە”، “دەشتی کۆیە”، “بیرکاری”، “چەمک”، “دەم و چاو” و هتد بەکاربهێنێت، چونکە ئەو خۆی زمانفەلسەفەییانە لەکاریخستوون. ئاخر لە پرۆسەی ڕەخنەی مەئریفەدا کە فێربوونی هزرینە و هزرینیش لە زمان جیانابێتەوە، بە ئاشکرا خوویا بووە کە ئەو بەرزاییە دەرککراوە بێترۆپکە شاخ نییە، بەڵکو “بەرزە گردە”، یان دەشتایی واژەیەکە بۆ ناوچە تەختە بەپیتەکان نەک بۆ ناوچەی گردەڵان، هەروەها هەموو کارێکی بیرەکی ی وەک فەلسەفە و ماتماتماتیک و فیزیک و تەنانەت چیرۆکنووسین بیرکارییە، کەواتە تەنیا ماتماتیک نییە، ئەوجا نە تێگە و نە کۆنسێپت شیاوی ئەوەن لە چمکی کراسی ژنانەوە واژەی “چەمک”یان بۆ بتاشرێت، نە ڕوخساری مرۆڤیش شایانی ئەوەیە بە سووکی ببینرێت، کە ئیدی ناوچەوان و کوڵم و لووت و چەناگەی لێ دابماڵرێت و تەنیا ناو بنرێت “دەم و چاو”.


کەواتە ڕۆشنایی میانە دەهێنێتە گۆڕێ: لەنێوان “قاڵبووانی درێژەپێدەری جۆرە باوەکانی خوێندن و نووسین و سیاسەتکردن و هتد” لە لایەک، هەروەها “خۆڕەخنەییانی بەرەنگاربۆوەی ئەوان” لە لایەکی دی. لێ ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت کە ڕۆشنایی دووبەرەکیگەرایە، چونکە لەنێو خۆیشیدا فرەچەشنە. لێ گەمانی تێدا نییە کە ڕۆشنایی پرۆسەی پشتتێکردن و ڕووتێکردنەوەیە، پرۆسەی چێبوونی “ناکۆکی”یە – کە ناچارەکییە.

سەرچاوە: شێرزاد حەسەن، سەرجەمى بەرهەم، بەندى دووەم، هەولێر 2005.

کاوە جەلال

———————————-

تێبینی

  • ئەم نووسینە یەکێکە لە بابەتەکانی نووسەر لە کتێبی “لەتەک فێنۆمێنە ئەدەبییەکاندا”، بیر و هوشیاری، سلێمانی 2006. نووسینەکە لەم شێوەیەی بەردەستدا کاری تێداکراوەتەوە و تەواو گۆڕراوە.
  • سیتاتەکان (ئیقتیباسەکان) وەک خۆیان دراونەتەوە.
  • سەرچاوەی ناوبراو لە سەرەوە تەنیا بۆ مەبەستی بەدووداگەڕانە، لێ نووسینەکە لە بنەڕەتدا لە خەریکبوونەوە لەتەک چاپێکی چیرۆکەکەدا سەریهەڵدا کە هەڤاڵێکم لە نیوەی دووەمی نەوەدەکاندا بە دیاری بۆ ناردم.
    ک.ج.
Previous
Next

Leave a Reply