Skip to Content

چۆن گۆڕان، بۆ”پرۆکسی”ی پارتیی، وەرچەرخا؟ … کامیار سابیر

چۆن گۆڕان، بۆ”پرۆکسی”ی پارتیی، وەرچەرخا؟ … کامیار سابیر

Closed
by ئایار 22, 2019 General, Opinion, Slider

چەمکی پرۆکسی proxy لە سیاسەتدا، بە مانای کاری بە وەکالەت، نوێنەرایەتییکردنی دەوڵەتێک یان لایەنێک، یاخود هەندێ جار بەمانای کاری عەمالەت، دێت. گۆڕان، ئێستا باشتریین پرۆکسیی بۆ سیاسەت و ئەجێنداکانی پارتیی، لەسەرتاسەری کوردستانی عێراقدا بە گشتیی و لە ناوچەکانی سلێمانیی و گەرمیانیش، بەتایبەتیی، دەکات. لەسەردەمی دروستبوونی قیادەی موەقەت( موئەقەت)ی پارتییەوە، دوای ئاشبەتاڵی ١٩٧٥، کوڕانی بارزانیی، هەندێ پێشمەرگەیان ناردەوە بۆ ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کە پێوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ رژێمەکەی صەدامدا هەبوو، بۆ ئەوەی قیادە و کادیرەکانی کۆمەڵە و یەکێتیی، تێرۆر بکەن.

دوو لەو پێشمەرگانە، قالەفەرەج و تەحسین شاوەیس بوون کە سەرکردەی ئەوکاتی یەکێتییان( حەمەغەفور ئاغجەلەریی) لە سەرەتای پەیدابوونی مەفرەزە سەرەتاییەکانەوە، کوشت. یەکسەر، بەهەلیکۆپتەر بردران بۆ ئیستیخباراتی شیمال و دواتر لە چەمچەماڵ، بە رەسمیی، بوون، بە جاشی مەفرەزە خاصە و جاش-پێشمەرگایەتییان دەکرد. لە واقیعدا، هەر پێشمەرگەی دڵسۆزی پارتیی و رێبازی بارزانیی، بوون. لە کۆتایی حەفتاکانیشەوە تا کوژرانی خۆیان، تەنیا و تەنیا لە یەکێتیی، شیوعیی، حسک، حیزبە عێراقییە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بزوتنەوەی ئیسلامییان کوشتووە، یەک پێشمەرگەی پارتییان، بە هەڵەیش، نەکوشتووە.


ئێستا، قیادە و کادیرەکانی گۆڕان، زۆربەی هەرە زۆریان، بەتایبەتیی گەنجە ئیخوانییەکان و کۆنە یەکێتییەکان، لە زەلیلکردنی سلێمانیی و خزمەتکردن بە پارتیی، لە سووککردنی ئۆپۆزیسیۆن و بێئۆمێدکردنی خەڵکدا، رۆڵی تەحسین شاوەیس و قالەفەرەج، بۆ پارتیی دەبیینن. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا لە ناو گۆڕاندا وێڕای قیادییەکان، دەیان تەحسین شاوەیس و قالەفەرجی مۆدێرنتر، گەنجتر و بەتەجروبەتری تێدایە و بە دیجیتاڵ، مورتەزیقەیی بۆ پارتیی دەکەن. ئەگەر تەحسین شاوەیس، کوڕی بارزانیی بووبێت، ئەوە گەنجە ئیخوانیی و ئەکادیمیستە قبول خاصە خوێندەوارەکانی! گۆڕان کە بڕیار بوو برای کوڕەکانی نەوشیروان موصطەفا-نم- بن، هەموویان لە تەحسین شاوەیس زیاتر خزمەتی سەڵطەنە و هەژموونی چەتەگەرییی بنەماڵەی بارزانیی، دەکەن.


هەموو ئەمانە لە کاتێکدا بوو، قەرار بوو گۆڕان، پرۆژەی گۆڕیینی سیستەمی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی کوردستان بێت. قەرار بوو دژی بنەماڵەکان و قۆرغکارییەکانیان، هەروەها دژی گەندەڵیی، دزیی و چەتەگەریی بووەستێتەوە. لەسەر ئەرضی واقیعیش، رێک پێچەوانەی هەموو ئەوانەی سەرەوە، دەکات. ئەصڵەن هەر دەبێ لەوە بکۆڵیینەوە کە ئایا گۆڕان لە بناغەدا، پرۆژەیەک بوو بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتیی، بۆ دادپەوەریی سیاسیی، بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵیی و بۆ دژایەتییکردنی تەوریثی سیاسیی بنەماڵەکان، یان رێک بە پێچەوانەوە، پرۆژەیەک بوو، عوقدەی و تۆڵەی شەخصیی بوو، بۆ فەشەلی سیاسیی چل ساڵ، دیزاین کرابوو. نم، لە دوا ساتەکانی تەمەنیدا، ویستی بەشێک لە دزیی و نیعمەتی چەتەگەرییەکانی کوردایەتیی، لە لەعنەتی بیزنسی نەوت و سەرمایەگوزاریی تاڵانیی لە کوردستاندا، بۆ منداڵەکانی بپچڕێت. سیحری ئەم جادووگەرییەی پیاوێک لە پەنا سیاسەت بۆ هەژاران و عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە، کوڕەکانی کرد بە خاوەنی صەدان میلیۆن دۆلار، زەمەن هەڵیدەداتەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی ئێستا لە ژێر سێبەری کاریزمای نم-ەوە رەخنە لە گۆڕانی ئێستا دەگرن، بەشی هەرە زۆریان، زۆر باش دەزانن، ماستەرمایندی ئەم قۆرغکاریی و بەبنەماڵەییبوونەی گۆڕان، شەخصی نم، خۆی بووە.

راستە رێکخەری پێشوو، یەکێک لە سیاسییە هەرە خوێندەوارەکانی کوردستان بوو، مەیداندار و سیاسییەکی بەزەبروزەنگ بوو، مێژوویەکی پڕ لە تەناقوضی سیاسیی هەیە لە ژیانی سیاسیی و عەسکەریی( پێشمەرگەیایەتیی) دا، کاریزمایەکی لۆکاڵیی( بەتایبەت لە سلێمانییدا) هەبوو، بەلام واقیع ئەوەیە کە پتر لە چل ساڵ، وەکو خەلفە دوای تاڵەبانیی کەوت، هیچ کەسێک ئەوەندەی ئەو، مەئمورییەتەکانی تاڵەبانیی جێکەوت و تەوظیف نەکردووە. ئەصڵەن هەر لە ئەساسەوە کە هێنراوەتەوە لە نەمساوە( وێڕای ئەوەی دەیان میلیۆن جار درایەوە بەچاوی خەڵکدا کە دەستبەرداری تێزی دۆکتراکەی بووە و هاتووەتەوە بۆ خەباتی میلیشیایی شاخ) بۆ کۆتکردن و نینۆککردنی ئەو کادیرە گەنجە سەرکێشانەی کۆمەڵە بوو کە بە ربەکەی تاڵەبانیی، دانەوێڵەیان نەدەپێوا. هاوکات، بۆ ئەوەیش بوو کە بکرێ بە رەقیب و باڵانسی ئەوانەی خۆیان بەرامبەر بە تاڵەبانیی، بە کەسایەتیی سیاسیی، دەزانی.


سیاسییەک، پرۆژەکەی لەسەر بناغەی تۆڵە، رق و حیقدی شەخصیی لە دژی تاڵەبانیی بنیات بنێ، بێئەوەی یەک دێڕ (فیکر، فەلسەفە و مەعریفە)ی سیاسیی لەپشت ئەم بزوتنەوەیەوە بوونی هەبووبێ( جگە لە کۆمەڵێ شیعاری زەخرەفەیی و کۆلکەزێڕیینەی ریتۆریکە سیاسییەکان)، هەر ئەوەی لێ دروست دەبێ کە چەند گەنجێکی ساقیط و فاشیل و عەمیلی وەکو کۆنە ئیخوانییەکانی لێ دروست ببێت کە پرۆژەی بەخوداکردنی سەرۆکی هەرێم و دەوڵەتمەداریی، بۆ ماڵباتی بارزانیی، دووبارە دیزاین دەکەنەوە. هەر ئەوەی لێدەردەچێ کە دەنگی خودی خۆیان، تۆمارکرد و بردیان بۆ دەسگای پاراستنی پارتیی و لە دادگا حیزبییەکانی هەولێردا، داوای لێپێچیینەوەیان لێکرد و بە تێرۆریستیان لە قەڵەم دا. تەنانەت، تا ئێستایش، دادگا و مەلەفەکەی بە کراوەیی ماوەتەوە. هەموو ئەوانەی نم، بە پیاوی پاراستن و ئیخوانیی و کۆنەجەلالیی ئەژماردی دەکردن، ئێستا هەموویان پرۆکسیی دەرەجە یەکی پارتیین و لە کوڕگەلی ماڵی بارزانیی، باشتر خزمەتی ئەجێندا وەهمیی، خورافیی و سوڵطەوییەکانی ئیمارەتی رەیعیی بارزانیی دەکەن. ئەی بۆ دەریانی نەکرد؟ سیحری ئەمانە، هەمووی روون دەبێتەوە.


ئاخر بیهێنە بەرچاوت، کاتێ نم، لەبەرامبەر هەژموونی پارە و وەلائکڕیینەکانی تاڵەبانییدا لە هەڵبژاردنی مەڵبەندەکاندا، شکست دەهێنێت، ئیتر بییر لە تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە و دەیەوێ نەک هەر سلێمانیی، قەڵای فاشیزمی نوخبەکانی کوردایەتیی، بەڵکو فەنتازیای سیاسیی دەکولێتەوە و بییر لەوە دەکاتەوە کە کۆیەی لە جەلالیزم هەڵکێشراویش، لەدەست تاڵەبانیی دەربهێنێت. ئایا بەڕاست، تەواوی کەینونەی گۆڕان، پرۆژەیەکی شەخصیی نەوشیروان موصطەفا بوو یان پرۆژەیەکی سیاسیی و ئابووریی بوو بۆ قەضییەیەکی گشتیی کە خەڵکی کوردستان، لە هەژموونی سیاسیی و چەتەگەریی ئەو دوو بنەماڵەیە، رزگار بکات؟

پاش ئەوەی کوردایەتییە مۆدێرنیزمەکەی، هاوکات ئیشتیاق و ئیفتیتانە سیاسییەکەی(political infatuation) نم، بەر بەردی ئەلحەدی کوردایەتییە ئۆریجناڵە خێڵەکییەکەی بارزانیزم کەوت، ئەوکات بە ئاگا هاتەوە و ویستی لەگەڵ ئەو تاڵەبانییەی شتێکی مابوو بیگەیەننە مریشکە رەشە، تەحالوفێک لە دەباشان ساز بدەن. واقیع ئەوەبوو، تاڵەبانییش گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی کە بۆ ویستی چڵێسانەی خۆی بۆ دەسەڵات و پۆستی سەرۆک کۆماریی، کوردستانی بەتەواویی تەسلیمی پاوانخوازییەکانی بارزانیی کردووە، بەهەردووکیان لە دوا ساتەکانی تەمەنیاندا، وێڕای ئەوەی دڕدۆنگبوون لەگەڵ یەکتر، بەڵام بە روواڵەت، ویستیان سنوورێک بۆ پارتیی و بارزانیی، دابنێن. نەک هەر فریا نەکەوتن، بەڵکو حیزبەکانی هەردووکیان، بوون بەو فیلمانەی کە بارزانیی دەرهێنەریان( المخرج)، بوو. ئێستا، زۆرتریین، مورتەزیقەی پارتیی لەناو قیادییەکانی گۆڕان و یەکێتییدا هەیە کە ئۆرگانیکانە و بە حەماسەوە، کار بۆ ئەجێنداکانی پارتیی دەکەن.


پارتیی، چونکە خاوەنی شەرعیی گوتاری فاشیزمی کوردایەتیی، ئیستیحماری سیاسیی و تەخوینی جێنتڵمانانەیە، چونکە بەهۆی خوێڕییەتیی یەکێتیی، جەبانیی گۆڕان و حیزبەکانی ترەوە، هەروەها بەهۆی دزیی، تاڵانیی و چەتەگەریی لە خەڵکی کوردستان، بەهۆی ویلایەتێکی رەیعیی رانەگەیەندراوی سەر بە نیۆعوثمانییەکان( ئەردۆغانیزم) ەوە، بووە بە خاوەنی صەدان میلیارد دۆلار، هەر زوو لە رێگەی “ناوەندی بڕیاری مورتەزیقە” و ئەوانەی لە حەماقەتی ریفراندۆمە موخابەراتییەکەدا بوون بە عەڕاب، یان ئەوانەی بە کێشی خۆیان بە پارەی رەیع، پێشوەخت کڕرابوون، هەر زوو توانیتی بۆمبەکەی تاڵەبانیی و موصطەفا، پووچەڵ بکاتەوە. مەگەر ئەو هەموو تەحسین شاوەیسەی ناو یەکێتیی و گۆڕان، بۆ رۆژی رەش نەبن، بۆ کەی بەکاریان دەهێنێت؟


ن.م، مرد و ئۆغری یەکجاریی کرد. پێش مردنی، لەوە گەیشت نە حیزبەکەی( گۆڕان) و نە ئەوانەی بەدەورییەوەن، ئەهلی ئەو گۆڕانکارییە خورافییە نیین کە فەنتازیای پێوە دەکرد؟ لە دوا ساڵەکان و دوا مانگەکانی تەمەنیدا، تەواوی هەم و غەمی خۆی لە تەوریثی دارایی و سیاسییدا، لە گواستنەوەی موڵک و ماڵ و سەرمایە مەعنەوییەکەیدا( مەنقولە و غەیر مەنقولە)، بۆ کوڕەکانی تەوظیف کرد. ئەو لێزانانە ئەم کارەی کرد، چونکە لە رووی شەرعیی و قانونییەوە، تەواوی سامانەکەی بۆ کوڕەکانی دەڕۆیشت و گۆڕانیش صفر بە دەستەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم پرۆسێسەیش، زیان لە سەرمایە مەعنەوییەکەی نەدات، لاوازتریین، جەبانتریین، هەلپەرستتریین و بێ شەخصییەتتریین سیاسییە پییر و گەنجەکانی لە دەوری خۆی و کوڕەکانی کۆکردەوە.

بە تایبەتییش ئەوانەی حەزیایەکی بێشووماریان لەناخدایە بۆ پارە و هەروەها ئەوانەی لەذەتی دەوڵەمەندبوون و مڕبوون لە پارەی تاڵانیی رەیعیان، هەبوو. گاڕانێکی لە خوێندەوار و نەخوێندەوار، ئەکادیمیستی قەشمەری لەبرسا مردوو، لەگەڵ نوخبەی موهەڕیجی دەمهەراشدا، لە میلیشیای پیاوکوژی شاخ و گەنجی فاشیلی ئیخوانیی، لەگەڵ لەشکرێ ژۆرناڵیستی زیقن و جاهیل، هەموویانی کرد بە بەیدەق و بەدی گاردی کوڕەکانی خۆی و گۆڕانی بەیەکجاریی بۆ بکەن بە کوتلەیەک لە پۆپۆلیزمی شەخصپەرستیی و عومدەی واریثی شەخصێکی سیاسیی، بۆ ئەوەی لە شەراکەتی تاڵانیی و کێکی چەتەگەرییەکانی کوردایەتییدا، بەشدار بن.


گۆڕان، لە حیزبێکی نەیاری سەرسەختی پارتییەوە( لای کەم بە روواڵەت)، ئێستا بووە بە پرۆکسیی و مورتەزیقەی پارتیی، جیاوازییە سیاسییەکانیان ئەوەندە کەم بووەتەوە کە ئەستەمە لە ناو مەکتەبی سیاسیی پارتییدا وەفادار و بەئەمەک بۆ سیاسەتە چەتەگەرییەکانی پارتیی، وەکو ئەو لۆبییە مورتەزیقەیە بدۆزیتەوە کە بەدەوری کوڕەکانی”نم”وەن. بە کورتییەکەی، نم لە هەموو شتێکیدا سەرکەوتوو بووبێت، لەوەدا فەشەلێکی ذەریعی کرد کە هەوڵی ئەوەی دەدا ” درۆ و دراو” لە پارتیی و یەکێتیی بسەنێتەوە. بە پێچەوانەوە، تەواوی قیادەی ئێستای گۆڕان، بوون بە عەبدی “دراو”ی سەربەخۆیی ئابووریی( رەیع) و درۆی شۆڕشگێڕانەیش بەناوی نم ەوە، دیزاین دەکەن و شەرعییەت بە پرۆکسییبوونەکەی خۆیان، بە تەحسین شاوەیسبوونەکەی خۆیان، دەدەن. بە زمانی شەعبیی، ئەوەندەی کوڕی بە وەفای بارزانیی( تەحسین شاوەیس) لەناو گۆڕاندا هەیە، پارتیی بەهەموو تەمەنی خۆی تا چەند ساڵێ لەمەوبەر، تەنیا توانیویەتی یەک تەحسین شاوەیس،دروست بکات، بەڵام ئێستا، دەیانی لەناو گۆڕاندا، هەیە.

ئەمە زنجییرە وتارێکە لەسەر گۆڕان، یەکێتیی و حیزبەکانی سلێمانیی کە بەهەموویان، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەجێنداکانی پارتیی، جێکەوت دەکەن. درێژەی دەبێت…

کامیار سابیر

Previous
Next
Kurdish