Skip to Content

چـیـرۆک بـۆ منـداڵان .. شازادە و مامۆستاکەی .. نووسینی : رەزا شوان

چـیـرۆک بـۆ منـداڵان .. شازادە و مامۆستاکەی .. نووسینی : رەزا شوان

Closed
by ئایار 25, 2019 General, Kids Literature

لە سەردەمێکی کۆنـدا، شایەکی بە تەمەن هەبوو. ئەم شایە تەنها کچێکی لاوی هەبـوو، کە زۆری خۆشـدەویسـت.
شـا مامۆسـتایـەکی زیـرەکی تـەرخـان کـرد، کـە وانـە و بـابـەتی جـۆراوجـۆر و زانیـاری گـشتی فـێری کچـەکەی بکـات.
مامۆستاکەی بۆ مـاوەی سێ سـاڵ، رۆژی سـێ وانـەی بە شازادە دەوتـەوە. گـەلی شـتی بە سوودی فـێرکـرد. بەڵام هەموو جارێک لە کۆتایی دوا وانەدا، مامۆستا بە ناڕەوایی و بەبـێ هـۆ، چـەپـۆکـێکی بـە دەسـتـێکی شـازادەدا دەکـێـشا..! شـازادە سـوور دەبـۆوە و زۆری پێ ناخـۆش بـوو. چـونکە هـیچ هەڵـەیـەکی نەدەکـرد. چەنـد جارێک ویسـتی لـەم سـتەم و نـاڕەواییەی کە مامۆسـتاکەی لـێیدەکات باوکی ئاگـادار بکاتەوە. بـەڵام دانی بە خۆیـدا گرت. لە دڵی خۆیدا، وتی: با بمێنت بۆ رۆژی خۆی و تۆڵەی خۆمی لێدەکەمەوە.
شـا کـۆچی دوایی کـرد. دوای چەنـد رۆژێـک شـازادە شـوێـنی بـاوکـی گـرتـەوە. تـاجـی شاهـانـەیـان لەسـەری کـرد و بـە فـەرمی بـوو بـە شـای وڵاتـەکـەیـان.
شـازادە چەنـد رۆژێـک لە دوای وەرگـرتنی دەسـەڵاتی شـاهـانەی وڵاتـەکەی، نـاردی بـە دوای مامۆستاکەیـدا کە هـەر ئـێستا بێت و سـەردانی بکـات. مامۆسـتاکەی ئامـادە بـوو.
مامۆستا (بە روویەکی خۆشەوە تەوقەی لەگەڵیدا کرد): پڕ بەدڵ جوانترین پیرۆزباییتان لێـدەکـەم. هــیوای سەرکـەوتـن و تەمـەنـدرێـژی و بـەخـتـەوەریتـان بـۆ دەخـوازم. ئـەم چەپـکە گوڵـەش کـە وەکـوو خـۆت جـوانـە، پێـشکـەشـتانی دەکـەم.
شا (شازادە): سوپـاس مامـۆســتا. بـەڵام دەزانیـت بـۆ بـانـگـم کـردووی؟
مامۆسـتا (بەزەردەخـەنەیـەکەوە): بـەڵـێ دەزانـم. دەزانـم لـێـم دەپـرسیت بـۆ بـە نـاڕەوا هەمـوو رۆژێـک، ئـەو سـتەمـەم لـێـت دەکـرد و ئـەو چەپـۆکـانـەم بـە دەسـتا دەکـێشـا؟
شـا: بەڵی بۆ ئـەم مەبەستە بانگـم کـردووی. ئێسـتا وەڵامـم بـدەرەوە بـۆ ئەو ستەمەت لێـدەکـردم. هــیچ هـەڵـەیـەکـم هەبـوو.. هـیچ شـتـێکی نـاشـێـرینت لـە مـن دەبـیـنێ؟
مامۆستا: شای لاومان، من دەمـزانی کە باوکت بمرێت، تۆ دەبیت بـە شـای وڵاتـەکەمان. تـۆ ئـێستا شایت و لـە لووتـکەی دەسەڵات دایـت. هـەموو کـاروبارێـکی وڵاتـەکـەمان بە فەرمانی تـۆ بەڕێـوە دەچـن. چیت بـوێ دەیکەیـت و ڕێگـرت نییە. ئەگەر هاتـو خۆت یا وەزیرەکانت یا کاربەدەستە باڵاکانت، بەبێ هـۆ و بە ناڕەوا ستەم لە هـەر هاوڵاتییەکمان بکـەن. تـۆ چـۆن ناڕەواییەکەی منت پێ ناخـۆش بوو، لە دڵت گـرتـووە. کەسانی تـریش وەکوو تۆ ستەم و ناڕەواییـان پێ ناخـۆش دەبێـت. دەتـوانیت بە هـەوەسی خـۆت سـزای خەڵکی بـدەیت. بەڵام رەنگە خەڵکی بترسن و نەوێـرن گـلەیی بکەن و سکـاڵا لەسەرت تۆماربکـەن. جا مەبەستی من لەو ستەم و ناڕەواییەی لێـم دەکـردیت ئەمەیە: کە هەست بەوە بکەیت کە سـتەم و ناڕەوایی زۆر ناخـۆشن. من تـۆم بەقـەی چاوەکـانم خۆشدەوێ. تـۆ زیـرەک و رێـزداریت، هـیچ هـەڵـەیەک و هـیچ شتـێکی ناشـیرینت نەکـردووە. تەنـیا مەبـەستم ئەوەبـوو، کە بـزانیت ستەمکـردن و نـاڕەوایی زۆر نـاخـۆشن. گـەر دەتەوێـت سـزاشم بدەیـت لە بەردەستـدام.. چەنـد چەپـۆکم لێـداویت، دوو هـێندە چەپـۆکم لـێـبدە.
شا کە گوێی لە قسەکانی مامۆستاکەی بوو، کە مەبەستی چەپۆكەکانی بۆ روون کردەوە. هەستایە پێوە و دەستەکـانی مامۆستاکەی ماچ کرد. سێ جاریش لەسەر یەکتری، سەری رێـز و نـوازشی بـۆ مامـۆسـتـاکەی نـەوانـد و زۆر بـە گـەرمیـش سوپـاسی کـرد.
شـا: مامـۆسـتای دانـا و زانـا و دڵسـۆزم، سـوێنـد و بەڵـێـن بێـت. کـە بەبـێ جیـاوازی و بـە چاوێکی یەکسانی و رێـزەوە، سەیری هـاوڵاتییەکـانم بکەم. دەبمە شـایەکی دڵسۆز و دادپـەروەر و رەوانـاس. دەبمـە خـزمەتـکارێکی گەلـەکەم، هەمـوو ژیـانـم بـۆ خـۆشی و بەخـتـەوەرییـان تـەرخـان دەکـەم. بـە رۆژ و بـە شـەو بەسەریـان دەکـەمـەوە. دەرگـای کۆشکەکەشـم، بـۆ هەمـوو هـاوڵاتیـیەکی وڵاتـەکـەم دەخـەمە سەرپـشت.. زیـاتـریش لـە هەموو کەسێ رێـز لە یاساکانی وڵاتەکەم دەگـرم. بـڕیـاربێت ئەم بەڵـێنانەشم نـەک هـەر قـسـەی رووت بن، بەڵکـو بـە کـردار دەیـان سـەلـمێـنـم.
شـا، مامۆسـتاکەشی کـرد بـە وەزیـری رۆشـنـبـیری و بـە راوێـژکـاری خـۆی.

Previous
Next
Kurdish