Skip to Content

پاشماوەکانی شەڕی براکوژی … شوانە حسن ابوبکر

پاشماوەکانی شەڕی براکوژی … شوانە حسن ابوبکر

Closed
by حوزه‌یران 3, 2019 General

برادەرێکم وتی لای بەرپرسێکی عەسکەری دانیشتبووم، هەر لەخۆوە هات بەخەیاڵمدا کە پرسیارێکی لێبکەم پێموت کاک (سەردار) چ ڕوداوێک هەیە لەژیانتدا ئازارت دەدات.وتی لەشەڕی ناوخۆدا بانگ کرابووین بۆ کۆبوونەوە کە بچین و بەشداری کۆبوونەوەکە بکەین، لەبەرامبەر مقەڕەکە کەپرێکی بەدار دروستکراوی لێبوو، منداڵێک تەپەدۆرێکی دانابوو ساردی دەفرۆشت، ئێمەش تینومان بوو، لاماندا سەرو ساردیەک بخۆین.
وتم: باوکە خوێرییەکەت لەکوێیە تۆى بەم گەرمایە ناردووە بۆ ئیش؟ منداڵەکە بەحەسرەوە وتى: باوکم نەماوە.! پێموت: کوڕی بچوک هەریەکەو ساردیەکمان بۆ هەڵپچڕە، منداڵەکە خەریکی هەڵپچڕینی ساردییەکان بوو، چونکە زۆر منداڵبوو فریای ئەو تینوێتییەی ئێمە نەدەکەوت، منیش دەستم خستەسەر شانی و وتم: باوکە خوێڕیەکەت لەبەر موبەریدە دانیشتووەو تۆی بەم گەرما ناردووە بۆ ساردی فرۆشتن؟ بەڵام منداڵەکە بە حەسرەت و داخێکی قوڵەوە سەری بەرزکردەوەو وتی: خاڵۆ باوکم نەماوە. منیش زۆر ناڕەحەتبووم بۆچی ئەو پرسیارەم کرد، بۆیە خۆم پێنەگیراو وتم: بەساقە نەمزانی باوکت نەماوە، قسەیەکیشم پێوت بمبورە، ئەی باوکت بەچی تیاچوو؟
بەدەم قسەکردنیشەوە 50 دینارم کرد بە گیرفانیدا. منداڵەکە بەدەم ساردی هەڵپچڕینەوە
وتی: “سەردار” کوشتی!.
ئیتر هەزار ئەوەندەیتر ڕووخام چونکە ” سەردار” خۆمم، بیرم دەکردەوە ئەبێ چەند منداڵیترم ئاوا بێباوک کردبێت، ئەژنۆم شکا توانای بەپێوە وەستانم نەما، بەڵام نەمهێشت جەماعەت پێم بزانن.
بەڵێ، باوکى ئەو منداڵەى ساردییەکانى دەفرۆشت، من کوشتبووم.!
دانیشتمە سەر بەردێک کە بۆدانیشتن لەبن کەپرەکەدا دانرابوو، پێشەمەرگەو حیمایەکان مەشغوڵی ساردی خواردن و سوعبەت و پێکەنین بوون، منیش ئاگام لەخۆم نەمابوو لەتاو ئەو منداڵە حەزیشم دەکرد بزانم ڕاست دەکات یان نا،؟
لەدڵي خۆمدا دەموت بەڵکو وانەبێت خۆمن خەڵکم زۆر کوشتووە، بەڵکو باوکی ئەو مناڵە من نەمکوشتبێت، هیچ نەبێ کەمێک خەمەکەم سوک دەبێت، چونکە تائەوکاتە نەمدەزانی کەمن کەسێک دەکوژم ئاوا خەڵک ماڵوێران دەبێت. بۆیە پرسیارێکی ترم لێکرد، وتم کوڕی بچوک لەکوێ کوژرا باوکت وتی لە ئەشکەوتی………. لەگەڵ هاوڕێکانیدا ” سەردار” هەرسێکیانی گرت و کوشتنی لەگەڵ فڵان کەس، وتی ئیتر گومان نەما کەمن کوشتومە.پرسیارێکیتر هاتە پێشەوە ئەویش ئەوەبوو. کاکە بچکۆل گەورەبوویت بەتەمای سەردار بکوژیت، وتی بەخوا گەورەبم نایەڵم بژی وەک سەگ ئەیتۆپێنم، منیش دەستم کرد بە پێکەنینێکی دەسکرد.
لەبەر دڵی ئەو و 100 دیناری تریشم پێداو وتم ئافەرم گەورە بوویت وەک سەگ بیتۆپێنە.
تا ئێستاش هەموو شەوێک کە دەخەوم ئەومنداڵە دێتە بەرچاوم چاوە حەسرەتاوی و پڕ لە ڕقەجوانەکانی نایەڵێ بخەوم، جگە لەوەش ئەبێ چەند کەسیترم ئاوا بێباوک کردبێت، بەڵام داخی گەورە ئەوەیە ئەوشتانە قەرەبوو ناکرێنەوە، ئەگینا هەرچی سەروەت و سامانم هەیە ئەمدا کە هەم دڵی ئەوانم ئاسایی بکردایەتەوەو هەم خۆشم لەو عەزابی ویژدانە نەجاتم بوایە.

شوانە حسن ابوبکر

Previous
Next
Kurdish