Skip to Content

لە باوکەوە بۆ کوڕ و برازا: گەمەی بەرژەوەندیەکان لە تارمایی هەرەتەکردنی گەلدا  …  شاخەوان شۆڕش

لە باوکەوە بۆ کوڕ و برازا: گەمەی بەرژەوەندیەکان لە تارمایی هەرەتەکردنی گەلدا … شاخەوان شۆڕش

Closed
by حوزه‌یران 8, 2019 General, Opinion




تۆماس هۆبز (١٥٨٨-١٦٧٩): مرۆڤ خۆپەرستە و بەدوای بەرژەوەندیەکانی خۆی دەکەوێت. مرۆڤ عەودالی شانازی و لایەنگیری و تۆڵەیە. دەسەڵاتی سەرکوتکەر و باڵا بۆ کۆمەڵگە پێویستە و دڵنیایی بۆ مرۆڤەکان دابین دەکات بۆیە لەسەر مرۆڤەکانە ملکەچی بن. ئەو رێکەوتنە پێویستە.
مەکیاڤیلی (١٤٦٩-١٥٢٧): ئامانج بەکارهێنانی هەر کەرستە و رێگەیەک رەوا دەکات.
لە دیدی ریالیستی کلاسیکدا لە ئاستی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتدا شتێک نییە بەناوی مۆرال، چاکەخوازی یا مافی مرۆڤ، لەسەر دەسەڵاتدارە ئەوەی لەبەرژەوەندی دەوڵەتدایە ئەوە بکات بێ گوێدانە تێگەیشتنی مرۆڤدۆستانە یا لێکدانەوەی مۆرالئامێز.
سەبارەت بە هەردوو دەسەڵاتی زەرد و کەسک ئەو تێگەیشتنە گونجاوی دیاری هەیە، هەرچەندە ئەوەی ئەوان دەیکەن لەبەرژەوەندی بنەماڵە و حزبدا دەیکەن. دیارە ئەوان بەرژەوەندیەکانی وڵات و گشت لە دیدی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە دەبینن. هەردوو دەسەڵاتی بنەماڵەیی کەسک و زەرد وای پیشاندەدەن ئەوان پێداویستی مێژوویین، بۆ کوردستان باشترینن، ئامانجی ئەوان ئامانجی گەلە، بەکورتی لەدیدی سوپێکتیڤی خۆیاندا ئەوەی ئەوان دەیکەن لەبەرژەوەندی گەلدایە. هەر لەو ڕوانگەیەوە پێیانوایە خەڵکی کوردستان قەرزاری ئەوانن.


دەستبەسەرداگرتن و فەرمانرەوایی دەسەڵاتی میلیشیا لەبەرەی کەسک و زەردا لە دوای ڕاپەرینەوە تاکو ساڵی ٢٠٠٣ و پاشان ڕێکەوتنی ستراتیژی بەهەمان مەنتالی قۆرغ و دەستبەسەرداگرتنی هەردوو زۆن تا ساڵی ٢٠١٣ درێژەی کێشا. دوای درێژکردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ دوو ساڵ و دواتر داواکاری گۆڕینی سیستەم و سەرۆک لە ڕێگەی پەرلەماندا لە ساڵی ٢٠١٥ دا هێلی سوری بنەماڵەی بارزانی راستەوخۆ بەزاند. ئەو هێلە سورەی لە ٩٠ـەکاندا بەهەزاران کەسی کرایە سوتەمەنی. نەمانی مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم و سیستەم گۆڕین و بەهێزکردنی پەرلەمان، واتای لەدەستدانی دەسەڵات و دۆمینانسی ڕامیاری و ئابوری و سەربازیەکانی دەیان ساڵەی بنەماڵەی بارزانی بوو لە ئاستە گرنگ و بەرزەکاندا و لە کۆتایدا دەرئەنجامێکی نادیار بەئەگەری زۆر چارەنوسیان دەبوو. ئێستا ئەوان لەبەردەم ململانێی سەخت و یەکلاکەرەوەی نێوان بەرژەوەندی بنەماڵە و نەیاریانیاندابوون.

ئەوان لەو ڕوانگەیەوە بۆ ڕزگاربوون لەو تەنگژەیە بەبەرنامە پرسی ڕیفەراندۆمیان بۆ بەلاڕێدابردنی پرسە بنچینەیەکە وە وەکو کارتی دەربازبوون هێنایە پێش و سەپاندیان. لە دیموکراسیدا واباوە کێشە و پرسی گوڕانکاری لەسیستەم بەهۆی تەنگژەی رامیاری و ئابوری، لایەنەکان بۆ جۆرێک لە چارەسەری تەنگژەکە دەبەن، نەوەکو نکۆڵی لە تەنگژەکە و خۆ گێلکردن و چون بەرەو ئاقارێكی نامۆ لە شێوەی گرتنەبەری لوتبەرزانەی ڕێچکەی رێفەراندۆم لەسەر چارەنوسی گەل! بنەماڵەی بارزانی پێشتر بۆ زاڵبوون و خۆسەپاندن، بێ یەکودوو پەنایان بردبووە بەر سوپای تورکیا و سوپای ئێراق، ئێستا بۆچی دەبوایە لە لوتکەی دەسەڵاتدا دەستبەرداری دۆمینانسیان بن!؟ لەلایەکیتر چۆن دەکرا مل بۆ هەوڵەکانی گۆڕینی سیستەمی سیاسی کەچکەن کە بە زیانی راستەوخۆی بەرژەوەندیەکانی ئەوان تەواو دەبوو؟ ئەوان لە مێژووی سیاسیاندا هەرگیز پەسندی هەوڵ و پێشنیاری ئەوهایان نەکردووە کە ڕێگە بۆ دەسەڵات و سەرۆکایەتی لایەنیتر خۆش بکات، ئێستا بۆ ئەوە بکەن و لە کۆتایدا دەسەتبەرداری بەرژەوەندی باڵا، دەسەڵاتی باڵا و هێزی باڵا، داهاتی باڵا و بێسنوری بازرگانیان بن! نەدەکرا ئامانجی سەرەکی بنەماڵە بکرێتە قوربانی دیموکراتیزەکردن و پەرلەمانتاریزم کە دژی حوکمی بنەماڵە و میلیشیایی ئەوان بوو. بۆیە بەبەرنامە دژی هەوڵی گۆڕینی سیستەم وەستانەوە و وەک کودەتا ناوزەدیانکرد، بەرەو بەهێزکردنەوەی دیاردەی دووبەڕیوەبەری هەروەها هاوتەریبی هەنگاویتری ڕێکخراوانە هەنگاویاننا. وە لەبەرامبەر بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسیە ناوخۆییەکاندا وردە وردە سوپای تورکیایان زیاتر خزاندە ناو خاکی باشور و خۆیان لەئەگەری مەترسیە ناوخۆیەکاندا دلنیاکردەوە. هەموو ئەو هەنگاو و کردارانە تەبان لەگەڵ هزری ریالیستانەی کلاسیک کە بەرژەوندی باڵا و تایبەتەکان بەرزدەکاتەوە و پرەنسیپە دیموکراسیەکان یا هەلوێستی نیشتیمانی و بیروهزری مۆرالئامێز دەخاتەلاوە.


بەئاگایانە پرسی ریفەراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان بەرزکرانەوە و سەرۆکی ماوەبەسەرچوو کە دەبوایە بێ یەکودوو پۆستەکەی جێبهێلێت ئێستا وەک پاڵەوانی نەتەوەیی خرایەوە روو. “سەرۆک” خۆی سەرپەرشتی یاریەکەی گرتەدەست! حزبە لاواز و بیتواناکان کە موچەیان لەلایەن دەسەڵاتی حزبیەوە پێدەدرێت بێ رەخنەگرتن ملیان بۆ داوای میر کەچکرد.


لە بزریی مەرج و بنەما بنچینەیەکاندا و لە کاتێکدا لە ئاستی نێونەتەوەییدا ناتەبایی ڕاکشاو پیشاندرا، لەگەڵ ئەوەی بەڕوونی دەزاندرا کە چارەنوسی ریفەراندۆم باش نابێ، بەڵام بنەماڵەی بارزانی شێلگیرانە لەسەر هەنگاوەکانیان سوڕبوون. بەئاگایانە گوێیان لە کەس نەگرت و لەهیچ نەبوو. ئەوان ستراتیژیانە بۆ ئامانجی باڵا هەوڵیان دەدا و جگە لەو ئامانجەش ئامادەنەبوون هیچیتر ببیستن و ببینن. ئەوان دەیانزانی چی دەکەن! وەکو مەکیاڤیلی دەڵێ “هەنگاونان بەرەو گەیشتن بە ئامانج بێ لاکردنەوە و سڵەمینەوە”. چونکە ریفەراندۆم رەتکردنەوە و نکۆڵیکردن بوو لە کێشە و تەنگژە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکان، نکۆلیکردن بوو لە گۆڕینی دەسەڵاتی میلیشیا و پارامیلیتاریزم، هەروەها هەوڵی خۆڕزگارکردن بوو و گەرانەوە بوو بۆ دەسەڵاتی بێڕکابەری باڵا بەپێی پلانی داندراو. ئەوان ئاگاداربوون لەوەی پرسی سەربەخۆیی یاری بوو بە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی خەڵک، سەرلێشێواندن و بەلارێدابردن بوو، بەڵام هەروەکو لەتێگەیشتنی ئەواندا چەسپێندراوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجی باڵا، نیشتیمانپەروەری و مۆرالی مرۆڤدۆستانە و راستگۆیی نرخی قرانێکی سوتاویان نییە و گرنگیان نییە، چون وەکو مەکیاڤیلی دەیڵێ “ئامانج هەموو ڕێگە و هەنگاوێک رەوا دەکات”.


وەکو چاوەڕوان دەکرا کە ریفەراندۆم ئەنجامدرا هەر زوو هەرەشەکان لەهەموولایەک بەرزبوونەوە، ئەو مەسعود بارزانیەی “گوایە” منەتی کەسی نەدەزانی، هیچ هەنگاو و چارەسەرێکی لانەبوو! ئەو سەری لەسەر رێفەراندۆم دادەنا، کەچی ئێستا نوقەی نەبوو! ئەو بەئاگایانە خۆی مەلاسدا بوو و چاوەڕوان بوو، لە بێئاگایی گەلدا بەرەو ئامانجی باڵای خۆی دەچوو. دوای تەنها سێ هەفتە نیوەی خاکی باشوری کوردستان لەلایەن بەرەی زەرد و کەسکدا رادەستی ئێراقی لاواز کرا و بەسەدان مرۆڤی کوردیان لە سیناریۆی بێمۆڕاڵ و مەکیاڤیلیانەیاندا کردە قوربانی. بەپێی سەرچاوەکان پێشتر ڕێکەوتن لەسەر ئەو پاشەکشەیە کرابوو، ئەوەش لەگەل ڕێکەوتن و فاکتەکانی بەر لە هاتنی داعش گونجاوی تەواوی هەیە. گریمان پرسی ریفەراندۆم لە ئارادا نەبوو و یەکێتی و پارتیش تەبایانە حوکمیان بکردبا، ئایا حکومەتی هەرێم توانای هەبوو لەو ناوچانە نەکشێتەوە کە دوای هاتنی داعش گرتبوونی؟ نەخێر! لە دیدی ڕێکەوتنی دەستوریانەی ئێراق و هاوکاری نێوان دەسەڵاتی کوردی و بەغدا لەژێر سەرپەرشتی ئەمەریکادا، هەرێم بەشێکە لە ئێراق و ئەو ناوچانەش سەر بە حکومەتی بەغدا بوون لە کاتێکدا کە کێشەی سنور چارەسەر نەکرابوو، بۆیە هەر دەبوایە رادەستی ئێراق بکرێنەوە.

تەنها لەدوو باردا دەیانتوانی بەزۆری هێز ئەو ناوچانە بخەنەوە سەر کوردستان یەکەم ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری کردبان، دووەم ئەگەر هێزێکی کاریگەر و باڵادەستبان کە ئەوەش ئەگەرێکی ناڕیالیستانەیە. ئەمەریکا هەرگیز پشتگیری خۆی بۆ کورد لەمبارەیەوە پیشان نەداوە، بەڵکو لەسەر ئەو سیاسەتە دەڕوا کە دوای ڕووخانی سەدام دایڕشت. بۆیە ئەگەر ریفەراندۆم نەشبوایە هەموو ئەو شوێنانەی دوای هاتنی داعش گیران دەبوایە رادەستی ئێراق بکرێتەوە و هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە سنوری پێشوویان. گومان لەوەدا نییە کە ئەوان دەیانتوانی بوونیان لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا وەکو کارتێکی بەهێز بۆ چارەسەری کێشەی سنور بەکاری بهێنن، بەڵام ئەوە ئامانجی ئەوان نەبوو، هەروەک چارەسەری کێشەی سنور وەکو پێشوو خاڵێکی پەراوێزخراوبوو، چون چەور نەبوو و وەکو بیرە نەوتەکان پارەی بێسنوری بەرهەم نەدەهێنا. سیناریۆکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و هاڕینی بەرژەوەندیەکانی گەل لە نێوان دوو بەرداشی زەرد و سەوزدا فێل و ساختەبوو لە گەل کرا، تۆمارکردنی ناپاکیەکیتر بوو لە مێژوویاندا. دیارە خەڵک تەنها رووی دەرەوەی یاریەکەی هەردوو بنەماڵەیان بینی، بێگومان خەلک لە لایەنی شاراوەی یاریەکە بێئاگان. هەردوولا وەکو لە مێژوویاندا بیندراوە لەپێناوی بەرژەوەندیەکانیاندا ئامادەن زیان بە بەرژەوەندیەکانی گەل بگەیەنن.


چۆن ریفەراندۆم ئامانجی بنەماڵەی بارزانی پێکا؟ ئۆپۆزیسیۆنی نایەکگرتوو و لاواز زیانی کوشندەی پێکەوت، بزوتنەوەی گۆڕان کە داینەمۆی هەنگاوەکان بوو، ئێستا دوایان کەوتووە و لە حکومەتدا لەژێر سەرپەرشتی بنەماڵەی بارزانیدا بەشدارە. یەکێتی کە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە کۆنترۆلکراوە و بەنەخۆشی باڵباڵێنێوە دەناڵێنێ، وەکو هێزی دووەم لە حکومەتدایە و هێزی میلیشیای خۆی بە پارێزروای لە بەرەی سەوزدا هەیە. ئۆپۆزیسیۆن تێکشکێندرا و لاوازکرا، ئومێدی بەدیموکراسیکردنی سیستەمی سیاسی پووکایەوە. ئێستا گووتن لە سیستەم گۆڕین لەبیرکراوە بەجۆرێک وەکو بڵێی پێشتر داوکاریەکی لەو جۆرە بوونی نەبووە.


لەبزری ئازادیدا پارتی لەپای بایکۆتی خەڵک لە هەڵبژاردندا وە لە رێگەی گەوجاندن و بەکۆیلەکردنی سیستەماتیکیانە لەڕێگەی بەرتیل و موچەی موفتەوە لە سامانی دزراوی گەلەوە، وە گەماڕۆ و ساختەکانیەوە لە دوای هەلبژاردنی ٢٠١٨ بەهێزتر وەکو براوە هاتەوە گۆرەپانی رامیاری باشوری کوردستان، ئێستا بنەماڵەی بارزانی لە بزری ئۆپۆزیسیۆندا (ئەوەی هەیە زۆر لاوازە) ئاسانتر دەتوانن درێژە بەبەرژەوەندیەکانیان بدەن و بڕیارەکانی خۆیان بسەپێنن. یەکێتی لەڕێگەی گەمارۆ و ساختەکانیەوە توانی ببێتەوە هێزی دووەم و درێژە بە زاڵی خۆی لە بەرەی سەوزدا بدات. دووبەرەیی بەهێزبۆتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی بەتایبەتی بنەماڵەی دەسەلاتداردایە، چونکە پارتی لە بەرەی زەردا هەموو ئەو داهات و دەستکەوتانەی هەیە کە گرنگن، وە پارتی تەنها کاتێک یەکگرتوویی باشوری کوردستانی دەوێ ئەگەر هەمووی لەژێر ڕکێفی بنەماڵەی بارزانیدا بێت. بنەماڵەی بارزانی چیتر خۆیان وابەستەی رێکەوتنی پێشووی ستراتیژی لەگەل یەکێتیدا نابینن، جگەلەوەی لە کوردستاندا باڵادەستن و دەستیان بەسەر پۆستە گرنگەکاندا گرتووە، لە ئاستی ئێراقیشدا دەیانەوێ هەمان رۆل ببینن بۆنمونە پۆستی سەرۆکی کۆمار بۆ خۆیان ببەن.


ئەگەرچی مەسعود بارزانی لەژێر گوشاردا وازی لە پۆستی سەرۆکایەتی هێنا، بەڵام ئێستا هەر خۆی کەسی یەکەمە و وەکو سەرۆک دەجوڵێتەوە و بڕیار دەدات. ئەندامانی سەر بە بنەماڵە خۆیان بێ ڕکابەر سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتن. تاکو لەدەست خۆیاندا بێت پۆستی سەرۆکی هەرێم پێویستە، هەرکاتێ لەدەستخۆیان نەما بەئەگەری زۆر هەوڵی نەهێشتنی دەدەن. ئێستا لەبەرژەوەندیاندایە پۆستە بەدەسەڵات و چەورەکە بەردەوام بێت و بەدەست خۆیانەوە بێت.
لەکۆتایدا دەکرێ بڵێین بنەماڵەی بارزانی یاریان بە هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی خەڵک کرد، هەستی خەلکیان کرد بە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، ئەوەش کاری یەکەمجاریان نەبووە و کەلتوری سیاسی ئەوان واهاتووە. وەکو جارانی پێشوو بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان تێکۆشان و بەئاگایانە بۆ ئەو ئامانجەش چوون.
بۆ ئەوان بەکارهێنانی هەموو ڕێگە و کەرستەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانج رەوا بوو، بۆیەش لەلای ئەواندا پێکانی ئامانجی تایبەت گرنگی سەرەکی هەبوو، شتێک بەناوی مۆرال و راستگۆیی و پرەنسیپەکانی نیشتیمانپەروەری نرخی عانەیەکی نەبوو. بۆنمونە ئەگەر مەسعود بارزانی لەگەڵ تۆزقاڵێکی بەڵێن و دروشمەکانی بەر لە ڕیفەراندۆم راستگۆ بایە لانی کەم لە سیاسەت دوور دەکەوتەوە. (ژاپۆنیەکان لە ئەنجامی ژێرکەوتندا خۆیان دەکوژن). بەپێچەوانەوە مێشیش لەمبارەیەوە میوانیان نییە. بۆ؟ چونکە لە راستیدا ئەو سەرکەوتووە، چون ئامانجی خۆی و بنەماڵەکەی پێکا کە پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیە باڵاکانیانە.


بەکورتی ریفەراندۆم بووە هۆی: یەکەم بەهێزبوونەوەی دووبەرەیی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیای پارتی و یەکێتی. دووەم مانەوەی دەسەڵاتە رامیاری و ئابوری و سەربازیەکانی بنەماڵەی بارزانی بە پارێزراوی و بگرە بەهێزتربوونی. سێیەم تێکشکانی ئۆپۆزیسۆن و کەمۆکردن و دەمچەورکردنیان بۆ ناو دەسەڵات. چوارەم دوورکەوتنەوەی ئەگەرەکانی دروستکردنی دەسەڵاتی نیشتیمانی لە کوردستانێکی یەکگرتوودا، بەمجۆرە تێکشکاندنی هەنگاوەکانی بەرەو ناسیۆن بوون. پێنجەم تێکشکاندنی هەوڵەکانی دیموکراتیزەکردنی سیستەمی سیاسی باشوری کوردستان بە شێوەیەکی کوشندە. شەشەم لاوازکردنی خەباتی سەربەخۆیی و دوورخستنەوەی تا ماوەیەکی نادیار.

شاخەوان شۆڕش
8-6-2019

Previous
Next
Kurdish