Skip to Content

140 Views

مەحوی لە بەرەی عوسمانیدا … ئارام جەلال

مەحوی لە بەرەی عوسمانیدا … ئارام جەلال

Be First!
by June 8, 2019 General, Literature, Slider
image_print


کە سەیری شیعری مەحوی دەکەین، لەناو دیوانەکەیدا روبەڕوی چەند شیعرێکی سەیر دەبینەوە کە تیایدا چۆتە ناو بابەتی سیاسی جیهانیەوە. لە یەکێک لەو شیعرانەدا باس لە ئازایەتی سوپای عوسمانی دەکات لە دژی یۆنانیەکان، له شیعرێکیتریشدا گاڵتە بە سوپای روسیا دەکات کە بەرامبەر یابان تێکشکاون.

پێش ئەوەی بچینە ناو ئەو بابەتەو باسکردن لە جۆری ئەو شەڕانە، دەبێت باس لە میتۆدی ئاینی وەلاء و بەڕاء بکەین. ئەم میتۆدە هێڵی سەرەکی پاڵپشتی ئەم شیعرانەن. مەحوی وەلاء و بەڕاءی بۆ عوسمانیەکان هەبووە. ئەمەش سەرچاوەیەکی ئایینی هەیە، مسوڵمانی راست دەبێت وەلاء و بەڕائی هەبێت بۆ خەلافەتی ئیسلامی. بەدڵنیایی مەحوی خەلافەتی عوسمانی بە خەلافەتێکی راستەقینەی ئیسلامی زانیوە، هەر ئەو بەڕاست زانینەیە مەحوی دەباتە ئەستەمبوڵ بۆ وەرگرتنی خانەقایەک لە سوڵتان، هەر ئەم مزگەوتی خانەقای مەحویەی ئێستەی سلێمانی دیاری سوڵتانە بۆ مەحوی.


دەبێت بزانین وەلاء و بەڕاء چیە؟
واتە تۆ دەبێە دوژمنی خەلافەت و خەلیفەی مسوڵمانان بە دوژمنی خۆت بزانی و دۆستی ئەویش بە دۆستت. هەر ئەم پاڵنەرەیە وا لە مەحوی دەکات لەناو هەموو جەنگێکدا بوونی هەبێ کە گرێ دراوەتەوە بە خەلافەتی عوسمانیەوە.
وەک وتمان مەحوی لە دوو شیعردا دێتە ئەم مەیدانە، بە سەیرکردن لە روداوەکانی ئەو سەردەمە تێدەگەین ئەو شیعرانە بۆ نووسراون.

  • جەنگی روسیا و عوسمانی ۱۷٦۸۱۷۷٤
    جەنگەکە لەناو خاکی مەڵدۆڤا و ئۆکراینیاو بولگاریا رودەدات. یۆنانیەکان بەرەیەکی پشتگیری سوپاسی روسیان و بە یۆنانیە هەڵگەڕاوەکان ناو دەبرێن. جەنگێکی پڕ زیان و خوێناوی دەبێت بۆ سوپای عوسمانی.
  • جەنگی قەرەم ۱۸٥۳ – ۱۸٥٦
    لەناو خاکی قەرەم و قەوقاز و دەریای رەش و دەریای بەڵکان رودەدات. یۆنانیەکان بە هەزار سەرباز بەشدارن لە پشتگیری کردنی سوپای روسیا.
    عوسمانیەکان دەدۆڕێن و ۱۷٥ هەزار سەربازیان لێدەکوژرێت.
  • جەنگی روسیاو عوسمانی ۱۸۷۷۱۸۷۸
    ئەم جەنگەش بەهەمان جەنگەکانی پێشوو سوپای عوسمانی تێکدەشکێت. لەم جەنگەدا سی هەزار شەڕکەری دەکوژرێت و نەوەد هەزار برینداریشی دەبێت.

ئەم سێ جەنگەی سەرەوە ئاسانکاری دەکات بۆ تێگیشتن لە هەستی مەحوی لەم دوو جەنگەی دواتردا کە باسی دەکەین.

  • جەنگی یۆنان و عوسمانی ۱۸۹۷
    لەم جەنگەدا یۆنانیەکان بەجۆرێک دەشکێن تا ئاستی ئیفلاسبوون و لەدەستدانی چەندین ناوچە لە دورگەی کریت. مەحوی بە شیعرێک باس لەم جەنگە دەکات، کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رقەی لەیۆنانیەکان کە لە دوو جەنگدا هاوپەیمانی روسیابوون دژ بە عوسمانی و زیانێکی گەورەیان لێداون. ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی مەحوی بەهیچ جۆرێک بیر لەوە نەکاتەوە کە ئایا جەنگ دژ بە یۆنان چەند مافی عوسمانیەکانە. چاوپۆشی لەو هەموو دەستدرێژیە بکات کە پیاوەکانی سوڵتان عەبدولحەمید لە ژنە یۆنانیەکانیان کرد.
    لەم پارچە شیعرەدا ئەو وەلاء و بەڕائەی مەحوی دەبینرێت بۆ دەوڵەتی عوسمانی.

شەخصێکی صاحێب ئەحواڵ پرسی کە ئەی ئەفڵاتون
یۆنانیانی قەومت بۆچی بەدەردی سەگ چوون
ئەو ذوفنونە جوابی دابو؛ بەجێیە وابێ
خۆی دایە بەڕ شیهابی ثاقیب کە دێوی مەلعون
باتیل کەموقابیلی حەق وەستا، بەتاڵە ئیشی
گەردی بە بادە خاکێ بێ هەڵپۯێ بە گەردون
خورشیدە موعجیزەی شەرع، ظلوماتە سەفسەتەی پوچ
ئیسلامیان هەموو دین، یۆنانیان هەموو دون
لەم کارەدا تکاکار کێ، حەزرەتی ریسالەت
(لاسیما) تکاگر کێ (ذوالجلال)ی بێچون
فەتح و ظەفەر بەناوی کێ بێ؟ خەلیفەی ئیسلام
(عبدالحمید)ی غازی، سوڵتانی روبعی مەسکون*

واتە:
کەسێک لە ئەفڵاتونی پرسی ئەوە میلەتەکەت بۆ بە دەردی سەگ چوون و تێکشکان،
ئەفڵاتونی هونەرمەندیش گوتی یۆنانیەکان هەردەبوو وایان لێبێت، چوکە یۆنانی وەک شەیتان و جنۆکەن و عوسمانیش وەک نەیزەکی گڕدار، بەواتای ئەو ئایەتەی کە دەڵێت نەیزەکەکان لە ئاسمان دەکشێن لەو کاتەدا جنۆکەکان دەکوژن.
پاشا دەڵێت، یۆنانیەکان ناحەقن (ئەمە لەکاتێکدایە تورکەکان چوون یۆنانیەکانیان داگیرکردووە) و عوسمانی لەسەر حەقەناحەقیش لەگەڵ حەقا دەستبدا ئەوە کاری مایە پووچە
وە دەڵێت مسوڵمانان ئاینێکی ڕونیان هەیەو یۆنانیەکانیش ئاینێکی بێ بەڵگە.
وە لەم شەڕەدا پێغەمبەر نزای بۆ مسوڵمانەکان کردووە لە خواوەندێکی بە توانا، کەواتە بۆیە سەرکەوتون،
وە فەتح و سەرکەوتنی ئەو تکایە بەناوی خەلیفەی غەزاکاری ئیسلام، سوڵتان عبدالحمیدەوە تۆماردەکرێت.

‌‌*دیوانی مەحوی ۲٤٥ـــ۲٤٨

  • جەنگی روسیا و یابان ۱۹۰٤ – ۱۹۰٥
    ئەم جەنگە بە سەرکەوتنی یابان کۆتایی دێت، روسیا زیانێکی گەورەی لێدەکەوێت. ٤٥٤٥ سەربازی دەکوژرێت و ٦۱۰٦ سەربازیشی بەدیل دەگیرێت، جگە لەوەی زیانی گەورە بەر کەشتیگەلەکانی دەکەوێت.
    لەم کاتەدا مەحوی دێڕە شیعرێک لەسەر شەڕەکە دەنووسێت، تیایدا دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت بۆ دۆڕان و زیانلێکەوتنی روسیا.
    هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە روسیا لەپێشوتردا چەندین گورزی زیانبەخشی بە سوپای عوسمانی گەیاندووە. مەحویش وەک خۆشەویستیەک بۆ عوسمانی و دڵداکەوتنی لەو ئازارەی بەهۆی ئەو زیانانەوە پێیکەوتووە بە دێڕە شیعرێک هەستی وەلاء و بەڕائی خۆی دووباره دەکاتەوە.
    پڕ (سیبریا) بە بێ مەدەدی ذاتی کیبریا
    ئەسبابت ئەر هەیە، نیە شایانی ئیعتیبار

واتە؛ ئەگەر خوا یارمەتیت نەدات پڕبە سیبریاش چەک و جبەخانەشت هەبێ هیچ سودێکی نابێ.

Previous
Next

Leave a Reply