Skip to Content

چۆن بتوانین کۆنتڕۆڵی دڵەڕاوکێمان بکەین ؟ … شوانە حسن ابوبکر

چۆن بتوانین کۆنتڕۆڵی دڵەڕاوکێمان بکەین ؟ … شوانە حسن ابوبکر

Closed
by حوزه‌یران 13, 2019 General

ئەگەر لە بیری تەندروستی خۆتان دان و بەراستی خۆتان خۆش دەوێ دەبێت هەوڵ بدەن هەرچی دڵەراوکێیە لە خۆتانی دوور بخەنەوە چونکە زیانێکی زۆر بە لەش و دەروونتان دەگەیەنێت.

بە گوێرەی سەرچاوە زانستییەکان دڵەراوکێ دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ تووشی کۆمەڵێک نەخۆشی ببێت و تەنانەت بەرگری لەشیشی لاواز بێت لەبەرامبەر نەخۆشییەکان.

ئەو کەسانەی کە لە ژیانیاندا هەست بە دڵەڕاوکێی زیاتر دەکەن و هەڵبەز و دابەزی دەروونییان هەیە، زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن و لەوانەشە ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاتر بێت. بە چەند چالاکییەکی ساکار دەتوانن بەرەنگاریی دڵەراوکێ ببنەوە و تەندروستی خۆتان بپارێزن.

وەرزش کردن: ئەو جۆرە وەرزشانەی کە سووک و درێژخایەنن کاریگەرییەکی زۆریان بۆ کەمکردنەوەی دڵەراوکێ و نارەحەتە دەروونییەکان هەیە. هەڵاتن و بایسکلسواری لە باشترین جۆرەکانی وەرزشن. بەو جۆرە وەرزشانە هۆرمۆنی دڵەراوکێ کەم دەبێتەوە و بەرگریی دڵ و سوڕی خوێن زیاد دەبێت.

مێدێتێیشن:زانست سەلماندوویەتی کە تەکنیکەکانی مێدێتێیشن کاریگەرییەکی زۆریان بۆسەر ئارامکردنەوەی دەمارەکانی مێشک هەیە. ماسوولکەکان دەحەسێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ هەست بە خۆشحاڵی و لەشسووکی بکات.

شووێنێکی ئارام بۆ خۆتان بدۆزنەوە: هێمنی و ئارامی دەرمانێکی کاریگەرە بۆ بنبڕکردنی دڵەراوکێ، چونکە دەمارەکانی مێشک لە دۆخێکی ئارامدا زیاتر هەست بە حەسانەوە دەکەن، هاوکات هەستەکانی مرۆڤیش زیاتر خۆیان زیندوو دەکەنەوە. ئەگەر لە ماڵەکەتان شوێنێکی ئارام هەیە رۆژانە 15 تا  30 خولەک تیایدا پشوو بدەن. تەنانەت لە شارە گەورەکان دەتوانن شوێنێکی ئارام بۆ خۆتان بدۆزنەوە. مۆزەخانەکان، کتێبخانەکان، مزگەوت و کڵێساکان نموونەیەکن لە شوێنی ئارام کە دەتوانن سودیان لیوەربگرن.

گەڕان بەنێو سروشتدا: پسپۆڕانی هۆڵندی بەو ئەنجامە گەیشتوون کە رەنگی سەوز شادی دەبەخشێت و دەروون ئارام دەکاتەوە. توێژینەوەکە سەلماندوویەتی ئەو کەسانەی کە لە ماڵەکانیان حەوشێکی خۆشیان هەیە و بە دار و سەوزایی رازێندراوەتەوە یان ماڵەکانیان لە تەنیشت پارکەوەیە  و هەوایەکی پاکتر هەڵدەمژن سەلامەتترن و دەروونیشیان ئارامترە. ئەوانەی لەوە بێبەشن دەتوانن زووزوو سەردانی پارکەکان بکەن.

حەسانەوەی رۆژانە: رۆژانە کاتێک تەرخان بکەن بۆ ئەوەی بە ئارامی پشوو بدەن و رووح و لەشتان بحەسێننەوە. هەوڵ بدەن کاتی حەسانەوەی خۆتان بە چوونە نێو شوێنی قەرەباڵغ پڕ مەکەنەوە، چونکە حەسانەوە و پشوودانی پێویست لە هەموو شتێک باشترە بۆ ئارامبوونەوەی مرۆڤ.

پشوودانێکی چالاک: رووح و لەش پێویستی بە پشوودانە. ئەو کەسانەی بە درێژایی رۆژ لەپشت مێز دانیشتوون، ماسوولکەکانیان دەگیرێت و ئاستی هۆرمۆنی دڵەراوکێ لە خوێنیاندا دەگاتە ئاستێکی زۆر بەرز. لەوکاتەدا رۆیشتن بە پێ لە کەشێکی ئارامدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەش بۆ چالاکیی نوێ زیاتر خۆی ئامادە بکات.

خەوتن بەڕادەی گونجاو: ئاستی پێوسیتیی مرۆڤ بە خەو بە گوێرەی تەمەن و تایبەتمەندییەکانی تر دەگۆڕدرێت. بەڵام پێویستە مرۆڤ بەگوێرەی گونجاو بخەوێت چونکە مرۆڤ کاتێک نوستووە دڵەراوکێی کەم دەبێتەوە. ژووری نووستن دەبێت تەنها بۆ نوستن بێت نەک بۆ مەبەستی تر.

لەکارکردنی زۆر دوور بکەونەوە: کاری زۆر و درێژخایەن مرۆڤ هیلاک دەکات. زۆرێک لە پیاوان بە تەواوی بە پیشەکانیان گرێ دراون و خۆیان بەو پیشەیەوە پێناسە دەکەن کە ئەنجامی دەدەن و چاوەڕوانییەکی زۆریان لەخۆیان هەیە. ئەو چاوەڕوانییە لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کورت ئەرێنی بێت بەڵام لە درێژخایەندا بە خراپ بەسەریاندا دەشکێتەوە و کاریگەریی خراپ لەسەر دەروون و لەشیان بەجێدێڵێت.

خواردنی تەندروست بخۆن: خواردنی تەندروست لە دڵەڕاوکێ دوورتان دەخاتەوە. قەڵەویی دەبێتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤ زیاتر نیگەران بێت و دواتر دڵەراوکێی لێبکەوێتەوە. لە خواردنە خێراکان دوور بکەونەوە. توێژینەوەیەکی 15 ساڵەی ئەمریکی دەریخستووە کە قەڵەویی و شەکرە پێوەندیی راستەوخۆیان بە خواردنە خێراکانەوە هەیە.

گەڕان و خۆشی: ئەو چالاکییانە بکەن کە دڵتان پێی خۆش دەبێت. سەردانی هاوڕێییان لە دڵەڕاوکێ دوورتان دەخاتەوە و پاڵەپەستۆ دەروونییەکاننتان ناهێڵێت.

بەشداری لە کێبرکێ و پاڵەوانییەتییەکان: یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی دڵەراوکێ بەشداری لە کێبرکێ و پاڵەوانییەتییەکانە کە مرۆڤ لەو کاتەدا زیاتر هەسەت بە هەڵبەز و دابەزی دەروونی دەکات. ئەوانەی دڵەراوکێیان هەیە دەبێت لێی دوور بکەونەوە.

شوانە حسن ابوبکر

Previous
Next
Kurdish