Skip to Content

روداوەکانی سودان، شۆرشە یا ڕاپەرینی جەماوەری؟!! … ڕێبوار عارف

روداوەکانی سودان، شۆرشە یا ڕاپەرینی جەماوەری؟!! … ڕێبوار عارف

Closed
by حوزه‌یران 13, 2019 General


چوار مانگە بزوتنەوەیەکی نارەزایەتی خەلکی سەرکوتکراوی سودان بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر هاتوونەتە مەیدان و جەماورێکی فراوان لەخەلکی کریکارو زەحمەتکیش ولاوان و ژنان تیدا بەشدارە دژ بەودەسەلاتە ستەمگەرە میلیتاریستیە ئیسلامیەی دوێنی عمر بەشیرو ئەمڕۆی هەمان حکومەتی کاتی. لەمبارەوە دەتوانین بڵین کە بزوتنەوەی ژنان و برزوتنەوەی کریکاری دەوریکی کاریگەریان هەبوو لە پاشەکشە پێکردنەکانی تائیستەی ئەم دەسەلاتەدا. لەئیستەدا کار گەشتووە بەوەی کە دوابەدوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکەوانان زیندان کراون وهەروەها زیاتر لە 100 کەس گیانیان لە دەستداوەو 500 کەیش بریندارکراون، ئیتر سەنگەری ڕاوەستانەوەی خەلک فراوانیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوەو تا سەرئەنجام یاخیبوونی مەدەنی دەستی پێکرد کە (تجمع المهنین السودانینن) سەرپەرشتی ناڕەزایەتیەکان دەکات. تا ئەوکاتەی کە ئەنجومەنی سەربازی سودان کەخۆی وەک جێنیشینی عومەر بەشیر ناساندوە، دەسەڵاتەکەی ڕادەستی حکومەتێکی مەدەنی بکات…تائیرە ڕۆشنە بەدەر لەوەی کە ئایندەی ئەم جولانەوەیە بەچی دەگات، خواست ودواکانی ئەو خەلکە بەشمەینەتە بەرهەقەو بەدلنیای جیگەی پشگیری کردن و داکوکی کردنی هەموو ئازادیخوازو سوسیالیستیکە!


بەلام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هەندێک لە لێکدانەوەکانی هاوری یان، ئەم راپەرینە جەماوەریەی سودان، بە شۆرش لە قەلەم دەدەن، کە بەهەموو جیاوازیەکانیشیەوە هیشتا بازنەی ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی تینەپەرانەدووە. هێشتا چینی کرێکار لە ڕووی سیاسیەوە بە ئاسۆی سوسیالیستی خۆی چەکدارنەبووە. هیشتا تەحزوبی سیاسی وچینایەتی لاوازەو لەئاستی پێویستدا نیە. هێشتا کۆی پێشرەویەکانی بزوتنەوەی کریکاری وبزوتنەوەی ژنان نەک نەیتوانیووە وەک ئەلتەرناتیڤیک خۆی بناسینیت، بەلکو ئاماژەکانی تائیستە ئەم ئەگەرەی کەمرەنگترکردوەتەوە. هەربۆیە ئەم جولانەوەیە لەئیستەدا لەئاستیکدایە کە هەرکەسێکی چەپ وسوسالیست پشگیری لە داخوازیەکانی بکات لە چوارچیوەی ڕاپەرنێکی جەماوەریدا، نەک ئەوەی کە هەندێ لە هاوری یان خەریکن بەرگی شۆرشیان بەبەردا دەکەن و بە لیدانی شەیپۆری شۆڕش مزگێنی ئایندەیەکی بەرابەرخوازانە بەخەلکی بدەن. کە بەدلنیایەوە دوکەلی ئەم بانگەشە وەهمیە پیش هەموو کەس ولایەنیک دوکەلەکەی دەچێتە چاوی سوسیالیستەکان و بزوتنەوەی سوسیالیستی باجەکەی دەدات!
بۆیە دەلیم هاوری محسین کریم ئەمە شۆرش نیە!
ئێستە بابینەوە سەر هۆکاری نووسینی ئەم بابەتە لەلایەن منەوە، کە لەڕاستیدا ڕاوەستانیکە لەسەر هەڵوێست و لیکدانەوەی یەکێک لەو هاوری کۆمۆنیستانەی کە چەندین دەهەیە لەریزی پێشەوەی بزوتنەوەی سۆسیالیستی کوردستاندایە کە ئەویش هاوری محسین کریمە. بەلی هاوری ناوبراو، دواین وتاری خۆی تەرخان کردوە بۆ هەلوێست وەرگرتنێک لەپەیوەند بە راپەرینە جەماوەریەکەی سودان و وەک شۆرشێک لەقەلەمی دەدات. لەمبارەشەوە لە نووسیکیدا بە ناوی (سودان و ئایندەی شۆڕشێک کە بەڕێکەوتوە!) کە تەنیا 32 دێرە بەلام 32 جار وشەی شوڕش وشوڕشگێری تیدا بەکارهێناوەو کۆی هەولەکانی خۆی بۆ ئەوە تەرخان کردوە کە بەخوێنەر بڵێ ئەوەی کە ئەمڕۆژانە لە سودان دەیبینین، ئەوە شوڕشە. بۆیە تەواوی فاکت ولیکدانەوەکانی لەسەر ئەو دۆخە تەنیا بەمەبەستی شەرعیەتدانی بەرپا بوونی شۆرشە. نەمویست زۆر بچمە نیو فاکت و پەرەگرافەکانی هاورێوە، چونکە کۆی گشتی وتارەکەی بە نەفەس و میتۆدی پەرپا بوونی شورش لەسودانا نووسیوە. بۆیە ئەوەی لێرەدا مەبەستمە هەلوێستەکردنیکە لەسەر بەکارهێنانی تێرمی شوڕش بۆ ڕووداوەکانی ئەمرۆژانەی سودان.


بەر لەهەرشتێک جێگەی خۆیەتی ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین کە ئایا بەلای سوسیالیسیت و کۆمۆنیستەکانەوە بە چ رووداو هاتنەمەیدانیک دەلین شۆرش؟!َ دیارە ئەم باسە جێگەی تیارامانیکی جدیەو ناکرێت ئاسان بازی بەسەردابدەین، چونکە باسەکە بەهەلە بەکارهێنانی زاروەیەک یان چەمکێکی سیاسی نیە. بەلکو لە راستدا لە میژووی بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا زۆرجار ئەم زاراوەیە بووەتە هەوێنی ئاراستەو رونگەی جیاواز لە نیو حزبەکان کە نەک تەنیا ئەنجامگیری نەخوازراوی لێکەوتوتەوە، بەلکو تەنانەت هەندیک جار لێکترازانی ریزی حزبە کۆمۆنیستەکانیشی بەدوای خۆیدا هێناوە. ئاخەر دواجار چارەنووسی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی بە ئەنجامدانی شۆڕشەوە گرێدرا. بە دەربرینێک ئەوە شۆرشە کە مامانی هەموو خەونەکانی ئەم بزوتنەوەیەو گورینی هاوکیشە چینایەتیەکانی کۆمەلگایە، بۆیە جێگەی خۆیەتی فۆکۆسی باسەکە لەسەر ئەوە ڕاگرین کە ئایا ئەمەی لە سودان ڕوودەدات شۆرشە یانا ؟!


هاوری محسین لەو باسەدا تەواوی فاکت و لیکدانەوەکانی خۆی بۆ ئەو ئەنجامگیریە تەرخان دەکات کە پیمان بڵی ئەوەی لە سودان ڕوودەدات شۆڕشە. ئایا کۆمۆنیستەکان بە هەموو هەیەجان و قەرەبالخی و نارەزایەتیەکی جەماوەری دەلین شۆرش؟ ئایا شۆرش بۆ کۆمۆنیستەکان بە مانای پاراستن ودابینکردنی بەرژەوەندیەکی چینایەتی زیاتر هیچی تر هەیە؟! دیارە کۆمۆنیستەکان ئەرکیانەو دەبیت لە هەموو جولانەوەیەکی ڕادیکالِ و لەهەموو خەباتێکی جەماوەری و راپەرینێکدا بەشداری بکەن و مۆری خۆیان بدەن لە رووداوەکان، بەبی ئەوەی کە ئەو ڕووداوانە ئیلزامەن وەک شۆڕش لەقەلەم بدرین. بەلام ئەمە پێچەوانەکەشی دروستە، کەهەر جولانەوەو راپەرینیک ئامادەی و حزوری سیاسی چینی کریکار تیدا بالادەست نەبوو هاوکات رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە نەبوونە سیمبولی کەسایەتیە ناسراوەکانی ئەو بزوتنەوەیەو جلەوی دۆخەکەیان لەدەستدا نەبوو. جولانەوەیەک کە کۆمۆنیستەکان نەتوانن تیدا مۆری خۆیان بدەن لە ئالوگۆرەکان بە ئاسۆیەکی رۆشنەوە دەخالەتگەری سیاسی ونەخشەو پیلانی هەنگاو بەهەنگاوی بۆ دانەریژن کە بەدلنیای زۆریکیان لە جەرگەی کیشمەکیش و رووداوکاندا دینەپیشەوە، ئەوا ناتوانین بەو جولانەوەیە بلین شۆرش! هەربۆیە کاتیک کە کرێکارانی کۆمۆنیست باس لە شۆڕش دەکەن بەواتای باسکردنە لە نزیک بوونەوەی دەسەلاتی سیاسی خۆیان لەڕێگەی شوراکانەوە. چونکە گەلێک رووداو راپەرینیشمان بینی کە “شۆڕش’’ و “شۆڕشگێڕیە’’تیەکانیان بووتە هەوێنی خولقاندنی تراژیای گەورەترو زیاتر بۆ کریکاران زەحمەکیشان، کە نموونەی بالایان “شۆڕشی جمهوری ئیسلامی ئیرانە” کە بەدلنیای کرێکاری کۆمۆنیست دەبیت بەلیبروانەترین شێواز هەلویست بگرن لەبەرامبەر بەو جۆره‌ شۆڕش و شۆڕشگێڕیەتیە‌‌‌.


بەبڕوای من بەکارهێنانی تەرمنلۆژی شوڕش بۆ کۆمۆنیستەکان دەربینیکی ئارەزومەندانەنیە، بەقەد ئەوەی کە ئایا چەندە لە ئامادەکاریەکانی کۆی بارودۆخ و ئامادەی چینی کریکاری لە رووی عەینی و زهنیەوە دلنیاین و خۆمان لە بنیادنانی ئەو دۆخەدا دەبینینەوە… هەر بۆیە کاتیک کە باسی شۆرش دەکەین دیارە مەبەستمان شورشێکە کە ئاو بە ئاشی بەرژوەندیەکانی چینی کریکارو زۆربەی هەرە زۆری خەلکی زەحمەتکیشی کۆمەلگا دەکات. بۆیە لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوەی ئەمرۆ لە سودان دا روودەدات شایستەی ئەوەیە کە بە شۆرش ناوزەد بکریت، ئایا بەکردەوە ئەمە شوڕشێکە بۆ تێکشکاندنی ئەو قلشتە چینایەیتیەو لەناوبردنی ستەم و چەوسانەوەی چینایەتی؟!
((بۆ کرێکارانی کۆمۆنیست شۆڕش به‌ واتای ڕاپه‌ڕینی چینی کریکار دێت به‌ مه‌به‌ستی به‌کرده‌وه‌ ده‌رهێنانی سه‌راپای ئه‌م گۆڕانکاریه‌ مه‌زنه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌. خه‌بات له‌پێناو ئازادی، یه‌کسانی ‌و حکومه‌تی کرێکاری. ئه‌گه‌ر کرێکار بێته‌‌ مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه، ‌ئه‌بێ له‌ پێناوی ئه‌م ئامانجه‌دا بێت.

ئه‌بێ به‌ وێنه‌ی ڕابه‌ری ڕزگاری ته‌واوی کۆمه‌ڵگا بێته‌ مه‌یدان. سه‌رده‌می په‌لکێشکردنی کرێکاران به‌ شوێن ئه‌م ‌و ئه‌ودا به‌سه‌رچووه‌. ڕه‌وتی کۆمۆنیستی له‌ نێو ده‌روونی چینی کرێکاردا ئامانجی خۆی به‌وه‌ داناوه‌ که‌ کرێکاران بۆ ئه‌م ئاسۆیه‌‌ ئاماده‌ بکات و‌ جووڵانه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی کرێکاران له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ‌و ئه‌نجامدانی شۆڕشی کرێکاریدا ڕێکبخات)).


بەلام ئایا بەراستی ئەوەی کە ئەمرۆ لە شەقامی سودانا بەدی دەکرێت هەولێکە بۆ ئایندەیەکی باشتری چینی کریکارو بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی کرێکاری، یان بەکردەوە ئەم ناوزەدکردنەی راپەین و جواندنی بە شۆرش دەتوانێت لە رۆژگاریکدا نائومیدیەکی گەورەترەو زیانبار بۆ خەلکی کرێکارو زەحمەکیش بینیتە پیشەوە. کە بەبروای من ئیمە لەوەها هەلویستیک بەرپرسیارین و دەبیت بە وریاییەکی زۆرەوە مامەلە لەگەل دۆخەکەدا بکەین و لەهەولی لیکدانەوە ئاراستەکردنیدا بین. نابێت ئەوە فەرامۆش بکەین کە تەنیا کاتیک باسکردن لە بوونی شۆرش دروستە کە‌ چینی کرێکار له‌ژێر ئاڵای سەربەخۆی خۆیدا بە‌ ئامانجیکی شۆڕشگیرانە ڕێکخرابێت و ئاسۆو ئامانجەکانی شۆرشی بەلاوە دیارو ڕۆشن بێت. ئاخەر لەم سالانەی رابردودا کەم نەبوون ئەو کۆمۆنیستانەی کە بەهاتوهاوارەکانی سوریا، لیبیا، میسر، تونس، ئیران و تەنانەت بە رووداوەکانی 17 شوباتیشیان دەگوت شۆرش، بەلام ئەنجامەکانیمان بینیەوەو دەزانین هەندیک لەم رووداو راپەرینانە چەند بزوتنەوەی کریکاری وسوسیالیستی پاشەکشە پیکرد. بۆیە چاوەرانی کردن لەوەی کە کۆمۆنیست و سوسیالیستەکان لەمبارەوە ووردبینیەکی تەواو بەخەرج بدەن، ئەو هەلویستەیە کە دەتوانیت وەهمی کۆمەلگا لەهەر هاتنەمەیدانیک رۆشنتر بکاتەوەو هيوادار تري بكات نەك نائوميدەوارتر!

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish