Skip to Content

سەهیم عومەر خەلیفە بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت

سەهیم عومەر خەلیفە بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت

Closed
by حوزه‌یران 17, 2019 Cinema, General

دەرهێنەری کورد، سەهیم عومەر خەلیفە، بۆ فیلمە نوێیەکەی بەداوی پاڵەوانێکدا دەگەڕێت، پاڵەوانەکەش دەبێت منداڵ بێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت.

بڕیارە ئەو دەرهێنەرە کوردە کورتەفیلمی “میسیی بەغدا” وەک فلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێنێت کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە منداڵێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و تەنها قاچێکی هەیە.

مەرجە ئەو منداڵەی بیەوێت ئەو رۆڵە بگێڕێت، تەمەنی لە نێوان ٩ بۆ ١٢ ساڵ بێت و زمانی عەرەبی –شێوەزاری عێراقی- بە باشی بزانێت و خاوەن پێداویستی تایبەت بێت و تەنها یەک قاچی هەبێت.

“میسیی بەغدا” کورتەفیلمێکی دەرهێنەری کورد سەهیم عومەر خەلیفەیە، لە دوای وەرگرتنی 60 خەڵاتی جیهانی، بڕیارە وەک فیلمێکی درێژی سینەمایی بەرهەمبێت، بودجەی بەرهەمهێنانی لەلایەن بەلجیکاوە دابینکراوە.

ئەم بەرهەمە لە ساڵی 2012 بەرهەمهات و دەنگدانەوەیەکی جیهانیی هەبوو و بووە خاوەنی 60 خەڵات لە فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهاندا و یەکێک لە 10 کورتەفیلمەکانی کورتەلیستی فیلمە کاندیدکراوەکان بوو بۆ وەرگرتنی خەڵاتی
ئۆسکار وەک باشترین کورتەفیلم.

فیلمەکە بووە هۆکار کە کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە چاوی بە لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ئەستێرەی هەڵبژاردی ئەرجەنتن بکەوێت و دەزگایەکی بەریتانی هاوکاریی ماددی بۆ کۆکردەوە و لە ئێرانیش قاچێکی
دەستکردی بۆ دروستکرا.

لە ساڵی 2017 بەڕێوبەڕایەتیی سینەما لە بەلجیکا، بودجەی بۆ نووسینەوەی سیناریۆی “میسیی بەغدا” بۆ فیلمێکی درێژ تەرخانکرد و بەم دواییە بودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکەی تەرخانکرد کە ساڵانە تەنها پاڵپشتی شەش تا هەشت پڕۆژەی سینەمایی لەو وڵاتە دەکات.

دەرهێنەری فیلم لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنانی ئامادەکاری بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکەن و بڕیارە لە دەستپێکی هاوینی ئەمساڵدا، لە بەلجیکاوە سەردانی باشووری کوردستان بکەن، بۆ دیاریکردنی لۆکەیشن و بەشێک لە ستافی فیلم و ئەکتەرەکان.
بڕیارە کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە دەستپێکی 2020 دەستپێبکات و سیناریۆی کورتەفیلمەکە درێژکراوەتەوە و ئەکتەری نوێ رۆڵی تێدا دەگێڕن.

“میسیی بەغدا” باس لە منداڵێک دەکات کە هەرچەند خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام حەز و خولیای بۆ یاریی تۆپی پێ هەیە و هۆگری یاریزان لیۆنێل مێسییە.

ئەم بەرهەمە دەبێتە دووەم بەرهەمی درێژی سینەمایی خەلیفە لە دوای فیلمی درێژی سینەمایی “زاگرۆس” کە نۆ خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەماییەکاندا بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتی گەورەی 44مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گێنت لە بەلجیکا.

ئەو دەرهێنەرە کوردە کە دانیشتووی وڵاتی بەلجیکایە، لەرێگەی کورتە فیلمی “خاکی پاڵەوانان”، “میسیی بەغدا” و “نێچیرڤانی خراپ” زیاتر لە سەد خەڵاتی لە فێستیڤاڵە سینەمایەکاندا بەدەستهێناوە و دوو لە فیلمەکانی کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار بوونە وەک باشترین کورتەفیلم و ئێستا یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی هەڵسەنگاندنی فیلمە لە ئەکادیمیای ئۆسکار و خاوەنی چەندین ریکۆردە لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و بەلجیکا لە رووی وەرگرتنی خەڵاتی
سینەماییەوە.

*راگەیاندنی فیلمی سینەمایی “میسیی بەغدا”

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish