Skip to Content

دوو هۆنراوە … سەلام عومەر

دوو هۆنراوە … سەلام عومەر

Closed
by حوزه‌یران 17, 2019 General, Poems

به‌یه‌كه‌وه‌ ….

بەیەکەوە دەچینە مزگەوت
تۆ نوێژ بکە
منیش لەسەر تاتەکان جگەرەیەک دەکێشم
بەیەکەوە
خۆ بەمەیخانەیەکدا دەکەین
من دەخۆمەوە
تۆش سیواوکەکەت دەربێنە،
هەر بەیەکەوە دەچینە شەڕ
تۆ سێرە لە بێدینەکان و
منیش لە داعش ئاساکان دەگرم،
بەیەکەوە
دەست لە ناو دەست
خۆ بەمنداڵیماندا دەکەین
تۆ ئەیڕەقیب ئەزبەر دەکەی و
منیش قولهووەڵڵاهو ئەحەد
هەردووکمان
دەلەدە دەهێنین .

——————————

بەدیار منەوە …


بەدیار هاتنەوەی من
هەر بەدانیشتنەوە خەو دەتباتەوەو
هەندێ جاریش رادەچڵەکی
دوور نییە هەرگیز نەگەڕێمەوە
تۆش نەمبینیەوەو
شەوێکی تریش
چاوت لە وەریندابێ.


بەدیار هاتنەوەی من
بیر لە تەنیایی خۆت دەکەیەوە
لە ئایندەیەک
لەسەر سفرەکەت یەک پیاڵە چاو
یەک قاپ و کەوچک و
تەپڵەکی جگەرەکەش بۆ هەمیشە هەڵگریەوە.


بەدیار هاتنەوەی من
ملت شل دەبێ و کەزیەکانت شۆڕ دەبنەوە
دەترسی…..
نیوەڕۆیان کەس لە دەرگا نەداو
ئێوارانیش دەرگا لە کەس نەکەیەوە
کارەباکەشت فیز بکاو
تاریکی
تەنیایت پڕبکا لە ترس.


بەدیار هاتنەوەی من
سبەینەیەکی فێنک هەڵتدەستێنێ و
خامۆشی ماڵەکەت
برینی تەنیایت دەکولێنێتەوە
لە ژووری نوستن
کەتەنیا بۆنم جێهێشتووە
دەنووی.


بەدیار هاتنەوەی من
رادەچڵەکی و
بەرامبەر وێنەی بوکێنیت کە هەردووکمانین
رادوەستی،
ماچێکی وشک
لە شووشەیەکی سارد دەکەی و
ترسی ئەوەت هەیە
هەرگیز ئامێزێکی گەرم
یان ماچێکی تەڕ
لە گەریلاکەت نەکەیەوە.


بەدیار هاتنەوەی من
گریان کۆڵت لێنادا
تەنیایی راتدەژێنێ.

سه‌لام عومه‌ر

Previous
Next
Kurdish