Skip to Content

خوێنم خڵتانی خۆشه‌ویستییه‌ —   یاسر زه‌ییات … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

خوێنم خڵتانی خۆشه‌ویستییه‌ — یاسر زه‌ییات … و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

Closed
by حوزه‌یران 20, 2019 General, Poems

                                                 

ناگری ، ڕه‌نگه‌ لاواز ده‌ربكه‌وێ
دڵداری ناكا
ڕقی له‌ كه‌س نابێته‌وه‌ و ناژی
چوون له‌وانه‌یه‌ ‌‌ لاواز بێته ‌به‌رچاو ..
ناخوا .. ناخواته‌وه‌ .. نانووسێ
نه‌بادا لاواز ببینرێ ..
به‌ نهۆمی نۆیه‌م هه‌ڵواسراو ، خۆی ناكوژێ
بۆنی ئه‌وه‌ی له‌ پێش خۆی دانا
چاوی ، پێستی ، لێوه‌كانی
ده‌ستی پێكرد به‌خۆیدا بڵێ ..
په‌رستاره‌كه‌ گریا
پێخه‌ف ،
پاكه‌وانه‌كه‌ ،
هه‌موویان گریان
ئه‌ویش وڕێنه‌ی ده‌كرد
ڕۆژانه‌ كه‌ ئیشی ده‌كرد ،
وه‌ختێ ڕیشی ده‌تاشی ،
‌ له‌ ڕێگادا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌
گوێی بۆ جنێوی شوفێران ڕاده‌دێرا
له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌په‌یڤی ..

شاعیرێك ژنێكی خۆشویست
كه‌ گۆرانیبێژێكی به‌ناوبانگی خۆش ده‌وێ
گۆرانیبێژی به‌ناوبانگیش ژنێكی خۆشویست
حه‌ز له‌ شیعر ده‌كا .

ژنێك ڕۆژانه‌ گوڵ ده‌كڕێ
بیخاته‌ به‌ر پێی گۆرانیبێژێكی به‌ناو و بانگ
ژنێكیش هه‌موو ڕۆژێ گوڵ ده‌كڕێ
بۆ شاعیری ده‌با له‌ نه‌خۆشخانه ..
گۆرانیبێژ و شاعیر ڕۆژانه‌ ده‌گرین
گوڵیش ڕۆژانه‌ سیس ده‌بن .

له‌ ئه‌سانسێسردا ، ته‌واو له‌ ئه‌سانسێردا
له‌ ته‌نیشت ده‌رگای ئه‌سانسێردا
ده‌ستی له‌سه‌ر سنگی دانا
هه‌ستی به‌ ئازار كرد
له‌ ئه‌سانسێری دوای ئه‌و ، ته‌واو له‌ بان سه‌ریدا
ده‌ستیان له‌سه‌ر سنگی دانا
هه‌ستی به‌ ئازار كرد
پێش ئه‌سانسێر هه‌ستی به‌ ئازار كرد
له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌ به‌ ئازار بوو
كه‌ خۆشیویست ،
كه‌ بیری كه‌وته‌وه‌ ،
كاتێ ویستی ڕقی لێ بێته‌وه‌
هه‌ستی به‌ ئازار كرد .
ژنه‌كه‌ پێی وت: ئارام به‌ !
پێی وت : بۆچی ده‌رمانی ئارامبه‌خشت نه‌خواردووه‌ ؟
پێی وت : جارێكی دی ده‌رزییه‌كه‌ ده‌رنه‌هێنی .
پێی وت : ئه‌ی بۆ ئاوا لاواز و بنێساویت ؟
پێی وت : بۆ ئازار ناچێژیت ؟
به‌ ژنه‌كه‌ی وت : ده‌ست له‌سه‌ر ئه‌و چركه‌ساته‌ ئه‌به‌دییه‌
خۆشگوزه‌ره‌ دابنێ و
نه‌ختێك ئازار بچێژه‌ ..
ده‌ستی دانا .. ئازاری چه‌شت ،
گریا و به‌بیری هاته‌وه‌ و
له‌سه‌ر گۆڕی ته‌نیشتییه‌وه‌ ڕاكشا …
هه‌ستی به‌ ئازار ده‌كرد و
ده‌رمانی ئارامبه‌خشی وه‌رنه‌گرت !

دكتۆر ده‌ڵێن : خوێنم خڵتانی خۆشه‌ویستییه‌ ..
لێزان و فاڵچی ده‌ڵێن :خوێنم خڵتانی خۆشه‌ویستییه‌ .
ڕۆژنامه‌فرۆش ده‌ڵێ : وێنه‌ت له‌ وێنه‌ی دوێنێی
لاپه‌ڕه‌ی مردووان ده‌چێ .
گۆڕهه‌ڵكه‌ن ده‌ڵێن : ئه‌و مردووه‌ شێته‌
بۆچی ئازار ده‌كێشێ ؟
فریشته‌كان ده‌ڵێن : ئه‌دی له‌و جه‌ڵته‌ی سۆزه‌
ئاگادارمان نه‌كردییه‌وه‌ ؟
كرمه‌كان ده‌ڵێن :
ئه‌و جه‌سته‌یه‌ ژنایه‌تییه‌كی غه‌دداری
له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵ كراوه‌
بۆن ده‌ڵێ : من دوو بۆنم
خۆشه‌ویستی ده‌ڵێ له‌و گێله‌م ده‌ربێنن
ئه‌و بڕوا به‌ هه‌موو شتێك ده‌كا ..
خوایش ئه‌مر ئه‌كا ،
له‌ مردووه‌كانی دیكه‌ی جیا بكه‌نه‌وه‌ .

‌‌

  • یاسر زه‌ییات شاعیرێكی گه‌نجی میسرییه‌ .
  • له‌ گۆڤاری ( الهلال )ی میسری ژماره ‌6 – ته‌مووزی2007 .
Previous
Next
Kurdish